فیلمێک سەبارەت بە ھەڵەبجە لە فیستیڤاڵی بەشداری مۆنتڕاڵ دەکات

فیلمێک سەبارەت بە ھەڵەبجە لە فیستیڤاڵی بەشداری مۆنتڕاڵ دەکات
فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی "شوان عەتووف" بەشداری لە فیستیڤاڵی مۆنتڕاڵ لە کەنەدا دەکات.
فیلمی سینەمایی "حکایت عاشقی" واتە "چیرۆکی ئەوینداریی" A Tale of Love لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەحمەد ڕەمەزانزادە" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری کورد "شوان عەتووف" و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "بەھرام ڕادان" لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" Focus on World Cinema لە میانەی سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" Montreal لە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت.
لە یەکەمین فیلمی بڵندیی سینەماکاری بیجاڕیی "ئەحمەد ڕەمەزانزادە"دا چەندین ئەکتەری ناوداری کورد و ئێرانی ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: "شوان عەتووف" لە ھەرێمی کوردستان، ئەکتەری ناوداری ئێرانی "بەھرام ڕادان"، ئەکتەر، شانۆنامەنووس و دەرھێنەری بەئەزموونی شانۆی کوردستان و ئێران دکتۆر "قەتبەدین سادقی"، ئەکتەری بەئەزموونی کرماشانی "بەھمەن زەڕین پوور"، ئەکتەری لاوی سنەیی خاتوو "شیلان ڕەحمانی"، ئەکتەری کورد "پەیام عەلەوی"، خانمە ئەکتەری منداڵی کوردستان "کیمیا مورادیان" و چەندین ئەکتەری دیکە.
بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" گرینگترین بەشی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆنتڕاڵ" دوای بەشی سەرەکیی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" دێتە ئەژمار کە تیایدا فیلمە گرینگەکانی سینەمای جیھان نمایش دەکرێن.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" بە نمایشی زیاتر لە ٤٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٨٠
وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمە یەکەمەکان"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"، بەشی "بەھرەمەندە نوێیەکان"، بەشی "دیکۆمێنتەکانی جیھان"، بەشی "سینەمای چین"، بەشی "سینەمای کلاسیک"، بەشی "فیلمە خوێندکارییەکان"، بەشی "سینەما لە سێبەریی ئەستێرەکاندا"، بەشی "سینەمای ئێمە" و چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٢٧ ئاب / ئۆگۆست تا ٧ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە شاری مۆنتڕاڵ لە وڵاتی کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
فیلمی "چیرۆکی ئەوینداریی" کە لە لایەن ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئێران لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "سەودای سیمورغ" لە سی و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە لەوحەی فەخری باشترین ئەکتەری تەواوکەری پیاو بە "بەھمەن زەڕین پوور" ئەکتەری پێشەنگی کرماشانی ئەم فیلمە بەخشرا.
ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" بریتین لە:
ئەحمەد ڕەمەزانزادە ـ دەرھێنەر، مەسعوود جەعفەری جەوزانی ـ بەرھەمھێنەر بە ھاوبەشی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی، ئەحمەد ڕەمەزانزادە و مەسعوود جەعفەری جەوزانی ـ بە ھاوبەشی نووسەری سیناریۆ، محەمەد ئالادپووش ـ بەڕێوەبەری وێنەگرتن، ئازیتا مۆوگویی ـ بەرپرسی بەرھەم، نیما جەعفەری جەوزانی ـ مونتاژ، موشکین مێھرگان ـ بەڕێوەبەری ھونەریی سەحنە، ئیرەج شەھرزادی ـ دەنگھەڵگر، مەجید ئەسکەندەری ـ دیزاینی میکیاژ، ئاڕش سەجادی حوسەینی ـ یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر و بەرپرسی بەرنامەداڕێژی، موحسین رووزبەھانی ـ دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان، ئەمیرڕەزا موعتەمیدی ـ دیمەنە تایبەتە کۆمپیووتەرییەکان، ئەڕەشک ڕەفیعی ـ موزیک، عەلی نیک ڕەفتار ـ فۆتۆگرافەر، پێژمان ھادەوی ـ سەرپەرەستیی بەرھەم، مەنسوور جیھانی ـ بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی
گشتیی، ئەحمەد ناتیقی ـ ڕاوێژکاریی دیمەنەکانی ھەڵەبجە و چەندین کەسی دیکە.
ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە کوردییەش بریتین لە: شوان عەتووف، بەھرام ڕادان، قەتبەدین سادقی، بەھمەن زەڕین پوور، شیلان ڕەحمانی، پەیام عەلەوی، کیمیا مورادیان، محەمە بەکتاش، نەرگس ئەمینی، حوسێن ئیعتماد و چەندین ئەکتەری دیکە.
Top