دارا ئارام لە پێشانگایەکدا رەنگدانەوە سرووشتییەکان دەخاتەڕوو

دارا ئارام لە پێشانگایەکدا رەنگدانەوە سرووشتییەکان دەخاتەڕوو
شێوەکاری ناسراوی کورد دارا ئارام، لە نوێترین پێشانگایدا ١٥ بەرهەمی شێوەکاری خۆی لە شاری هاملتۆن لە وڵاتی کەنەدا دەخاتەڕوو.
دارا ئارام، بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند، گەلەری ئێرلس کۆرت لە شاری هامیلتۆن لە پێشانگایەکدا بەرهەمە شێوەکارییەکانی ئەو و شێوەکارێکی کەنەدی، دەخاتەڕوو.
گوتیشی، پێشانگاکە بەناونیشانی "رەنگدانەوە سرووشتییەکان"ـە، تیایدا ١٥ کاری هونەری نوێی خۆی کە هەڵبژاردەی کارەکانیەتی لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ـدا، لەم پێشانگایەدا دەیانخاتەڕوو کە قەبارەی جیاوازیان هەیە.
ئارام، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تابلۆکانی رەنگدانەوەی سرووشتە لە هەرچوار وەرزەکاندا و هەوڵی داوە بە سادەیی روانینی خۆی بخاتەڕوو.
پێشانگاکە لە ١٠ ئەیلوول/ سەپتێمبەر دەکرێتەوە و تا ١٧ تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر ٢٠١٥ بەردەوام دەبێت.
بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی پێشانگاکە و مەراسیمی کردنەوەی، سەردانی ماڵپەڕی گەلەرییەکە بکە،
دارا ئارام، لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سڵیمانیی و کۆلێژی هونەری ئۆنتاریۆیە لە وڵاتی کەنەدا.
لە ساڵی 1988ـدا یەکەمین پێشانگەی تایبەتیی لە مەڵبەندی رۆشنبیری رووسی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کردۆتەوە، لە ساڵی1990ـدا دووەمین پیشانگەی تایبەتی لە تۆرنتۆ لە کەنەدا کردۆتەوە.
ئەو شێوەکارە کوردە چەندنی پێشانگای لە شاری تۆرێنتۆ کردۆتەوە، لەوانە لە هۆڵی شارەوانی تۆرنتۆ، گەلەری 306، گەلەری تۆرنتۆ، هۆڵی کیچنەر، گەلەری پراکس و کەنەدیان ستەریچ.
ئارام، جگە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی کەنەدا، لە وڵاتانی ئەڵمانیا، سوید، دەنیمارک و هۆڵەندا و ژاپۆن بەرهەمەکانی خستۆتەڕوو و بەشداریە لە زیاترە لە ٤٠ پیشانگای هاوبەشدا کردووە و چەندنی خەڵاتی لەو بوارە لە کەنەدا وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی پیشبڕکێی ساڵانەی هونەرمەندانی کەنەدا کە پێنج جار بەدەستیهێناوە.
Top