فێستیڤاڵی هونه‌ری ئه‌مەریكی كوردی بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵی هونه‌ری ئه‌مەریكی كوردی بەڕێوەچوو
به‌هاوكاری كۆلیژی هونه‌ری زانكۆی سلێمانی، ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفان، فێستیڤاڵی هونه‌ری ئه‌مریكی كوردی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

بەرپرسی ده‌زگای رۆشنبیریی جه‌مال عیرفان، بەختیار سەعید، بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، دەزگاکەیان به‌هاوكاری كۆلیژی هونه‌ری زانكۆی سلێمانی، فێستیڤاڵی هونه‌ری ئه‌مەریكی كوردی لە ته‌لاری هونەر لە شاری سلێمانی سازکرد.
سەعید، ئەوەشی خستەڕوو، بەشی موزیک لە سکوڵی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی میوانداری کۆمەڵێک مامۆستا بواری موزیک لە وڵاتی ئەمەریکاوە کرد بۆ زنجیرە راهێنانێکی فێرکاریی و پێشکەشکردنی کۆنسێرتێک لە کۆتایی چالاکییەکەدا.
گوتیشی، زیاتر لە ٨٠ قوتابی و ژەنیاری شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک، هەڵەبجە، کۆیە، رانیە و رەواندز بەشداربوون.

بەختیار سەعید کە یەکێک لە رێکخەر و سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکەیە، رایگەیاند، فێستیڤاڵەکە بەرهەمی ئەو وۆرکشۆپە بوو کە لە کەمپی نوێی زانکۆ سلێمانی بەڕێوەچوو و پیانۆژەنی ئەمەریکی جۆن ڤێرگسۆن سەرپەرشتی دەکرد.

لە وۆرکشۆپەکەدا ئاڤری وایت، ماستەر لە ژەنینی ئامێری چەلۆ و موزیک دانان لە زانکۆی جولیارد، مای نیوگوین، ماستەر لە ژەنینی ئامێری ڤیۆلا لە زانکۆی جولیار، مارک تایەر، ماستەر لە ژەنینی ئامێری ڤایۆلین لە زانکۆی ئیستان و جۆن ڤێرگسۆن ماستەر لە ژەنینی ئامێری پیانۆ لە زانکۆی تەکساس وانەبێژی وۆرکشۆپەکە بوون.

دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان کە ماوەی دوو ساڵە لە شاری سلێمانی دامەزراوە، چالاکییەکەنی لە بواری رۆشنبیری و هونەری لە شار و شارۆچکەکەنی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێم ئەنجامدەدات.
ئەو دەزگا رۆشنبیرییە تا ئێستا چەندین کتێبی لە بوارە جیاجیاکاندا بە چاپ گەیاندووە و لە پیشانگایەکی بەردەوامدا لە شاری سلێمانی خراونەتەڕوو و چەندین پێشانگای تایبەتی بە چاپکراوەکانی کردۆتەوە.

لە بواری هونەری شێوکاری و فۆتۆگرافیدا چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشی بۆ شێوەکارانی کورد و بیانی کردۆتەوە، دوو گەلەری تایبەتی کردۆتەوە و تایبەتە بە بەرهەمی دوو شێوەکاری کورد، کە گەلەری ئازاد شەوقی یەکێک لە گەلەرییەکانە.
Top