ئه‌نجلینا جولی فیلمێكی منداڵانی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت

ئه‌نجلینا جولی فیلمێكی منداڵانی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت
ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئه‌نجلینا جولی، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی هه‌شت منداڵی کۆبانێ و شنگال بە دنیا دەناسێنێت.

جولی ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان دەناسێنێت و پشتیوانی لێدەکات کە لە دەرھێنانی هه‌شت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.

جولی کە بە بۆنەی ٢٠ حوزەیران/ یۆنیۆ، رۆژی جیھانی پەنابەران و بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ پەنابەرانی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و پەنابەرانی دیکە سەردانی تورکیای کرد، لە سنووری رۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان لەگەڵ چەند دەرھێنەری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" دیداری کرد و بڕیاریدا کە فیلمی "ژیان لە سنوور" لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانی جیھان بناسێنێت.
ئەم کۆمەڵە فیلمە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە و بە رێنوێنی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی و لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بەرھەمھاتووە و ھەر بەم بۆنەیەوە قوبادی لە باکووری کوردستان چاوی بە جولی کەوت، سەبارەت بەم کۆمەڵە فیلمە و چەندین فیلمی کوردیی دیکە لەگەڵ خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیھان ئاخاوتنی کرد.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران/ یۆنیۆ ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" ژاپۆن لە بەرنامەیەکی ناسێندرا و پاشان بۆ بینەرانی ئەم کەناڵە لە سەرتاسەری جیھان نمایشکرا

لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە روانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

Top