فیلمە کوردییەکان لە فیستیڤاڵی "کلۆزئاپ" نمایش دەکرێن

فیلمە کوردییەکان لە فیستیڤاڵی
کورتە فیلمی سینەماکارانی کورد لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کلۆزئاپ" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش دەکرێن.

کورتە فیلمی "ھەنار میوەی بەھەشت" لە دەرھێنانی تەیموور قادری و کورتە فیلمی "یەک ھیچ" لە بەرھەمھێنانی حەوزەی ھونەری پارێزگای کوردستان، لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیاندا رۆژی ٢٥ تەمموز/ یۆلیۆی ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کلۆزئاپ" نمايش دەكرێن.

"ھەنار میوەی بەھەشت" لە درێژەی بەشداریی لە فیستیڤاڵە جیھانییەکاندا لە رۆژانی ٧ تا ١٤ی حوزەیران/ یۆنیۆی ٢٠١٥ لە میانەی 17ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی منداڵانی "ھامبوورگ" لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایشکرا.

ھەروەھا "یەک ھیچ" لە درێژەی بەشداریی لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا لە رۆژانی ٢٦ تا ٢٨ی حوزەیران/ یۆنیۆ ٢٠١٥ لە میانەی 18ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ھونەری "دیس مۆینیس" لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایشکرا.

کورتە فیلمی "ھەنار میوەی بەھەشت" تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵ لە ئاستی جیھان نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیھان" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆنتڕاڵ" لە کەنەدا، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی فیلمی "پیسک" لە چیک، لە بەشی پێشبڕکێی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تۆڵفا" لە ئیتاڵیا، لە بەرنامەی "ڕۆژانی سینەمای ئێران" لە "سینەما تێک" لە شاری لایپزیک لە ئەڵمانیا، لە 10مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لاوانی بەھرەمەندی سیاتێل" لە ئەمەریکا، لە 12مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی "فیلمە ڕۆژئاواییەکان" لە ئیسپانیا، لە ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "منداڵان" لە بەنگلادیش، لە 14مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "یاری" لە سوید، لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە تەلەڤیزیۆنییەکانی "منداڵانی دێتایتکۆ" Dytiatko لە ئۆکراینا، لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فارکۆم" لە پورتوگاڵ، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سی.پی.ئێم" CPM لە بێلارووس و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی دیکە.

ئەم کورتە فیلمە کوردییە ھەروەھا چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: تابلۆی فەخری 43مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "تامپرە" لە وڵاتی فینلەندا، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئارتمیس" لە وڵاتی تورکیا، خەڵاتی "فیلمە ھونەرییەکان بە گێڕانەوەی ھونەریی" لە بەشی سەرووی ١٩ ساڵ لە شازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لاوانی سێئۆل" لە کۆریای باشوور و ھەروەھا چەندین خەڵاتی دیکە.

کورتە فیلمی "ھەنار میوەی بەھەشت" لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە رۆژانی ٢٧ حوزەیران/ یۆنیۆ تا ٤ تەمموز/ یۆلیۆی ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی 13مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئایسچیا" لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا.
Top