رێوڕەسمی بیرئانینی موزیکزانی کورد حوسێن یووسف زەمانی لە تاران بەڕێوەدەچێت

رێوڕەسمی بیرئانینی موزیکزانی کورد حوسێن یووسف زەمانی لە تاران بەڕێوەدەچێت
رێوڕەسمی بیرئانینی چلەی موزیکزان و ئاوازدانەری ناوداری کورد حوسێن یووسف زەمانی، لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ کاتژمێر 5:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەمە ٨ شوبات/ فەبرایەری ٢٠١٤، بە ئامادەبوونی شانۆکار و ئەکتەری بەئەزموونی کورد دکتۆر قوتبەدین سادقی، توێژەر و پسپۆڕی زمان و ئەدەبیات دکتۆر میرجەلالەدین کەزازی، توێژەری موزیک و شانۆکاری ناسراوی کورد دکتۆر حەمیدڕەزا ئەردەڵان،لە فەرهەنگسەرای ئەرەسباران یادی موزیکزان، ئاوازدانەر، رێبەری ئورکستڕا و ژەنیاری کلارنێت و ڤیۆلۆن ئاڵتۆ و وانەبێژی ڤیۆلۆنی بەئەزموونی کورد حوسێن یووسف زەمانی دەکرێتەوە.

لەو رێوڕەسمەدا بەشداربووانی رێورەسمەکە باس لە چالاکی و بەرهەمەکانی زەمانی دەکەن.

هەروەها چەندین پارچە موزیک لە لایەن گروپی موزیکی "ژیوار" پێشکەش دەکرێن کە ئەو گرووپە پێکهاتووە لە هونەرمەندان ئازاد میرزاپوور ـ تار، مستەفا مەحموودی ـ گۆرانیبێژ، سینا جیهان ئابادی ـ کەمانچە، پێدرام بلوورچی ـ تومبەک.

حوسێن یووسف زەمانی دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ٣١ کانوونی یەکەم/ دیسەمبەر 2013 بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی مێشکی ئێسکان لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی تێهران پارس ماڵئاوایی لە ژیان و هاوڕێیان و دنیای هونەری موزیک کرد.

رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی حوسێن یووسف زەمانی بەسەر شانی لایەنگرانی و بە بەشداریی چەندین کەسایەتیی هونەری، کلتووری، سیاسیی ئێران و کوردستان لە بەردم تەلاری وەحدەت لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو.

تەرمی حوسێن یووسف زەمانی لە پارچە زەویی هونەرمەندانی ئێران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران بە خاک سپێردرا و هەندێک لە خاکی شاری سنەی زێدی ئەو هونەرمەندە لەژێر سەری داندرا بۆ ئەوەی لە ئامێزیدا بۆ هەتا هەتایە ئارام بگرێت.

حوسێن یووسف زەمانی برای موزیکزان، ئاوازدانەر، رێبەری ئورکستڕا و ژەنیاری بەناوبانگی کلارینێت حەسەن یووسف زەمانییە، لە ساڵی ٢٠٠٩ لە وڵاتی کەنەدا کۆچی دوایی کرد.


حوسێن یووسف زەمانی لە کارنامەی هونەریی خۆیدا لەگەڵ هونەرمەندان حەسەن زیرەک، محەمەدڕەزا شەجەریان، سەدیق تەعریف و چەندین گۆرانیبێژی ناسراوی دیکە هاوکاریی کردووە.




Top