هه‌ولێر هۆشیاری چه‌كی ناوه‌كی نمایش ده‌كات

هه‌ولێر هۆشیاری چه‌كی ناوه‌كی نمایش ده‌كات
لە رێگه‌ی نمایشكردنی چه‌ند تابلۆیه‌ك له‌ ھەولێر، ھاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان لە زەرەر و زیانەکانی چەکی ناوەکی ھوشیار ده‌كرێنه‌وه‌.


كه‌مپینی ھەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ رێگرتن لە بڵاو کردنەوەی چەکی ناوەکی ناسراو بە (ئایکان) بە ھاوکاری رێکخراوی کوردستان بێ جینوساید، به‌ چاودێری وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی كوردستان، ئارام ئەحمه‌د له‌ پێشانگایەکی تایبەتدا ئەو زەر و زیانانە خرانه‌روو كه‌ له‌ ئه‌نجامی بەکار ھێنانی چەکی ناوەکی لە جیھاندا كه‌وتووه‌، تاکو ئیستا.

پێشانگاكه‌ دوێنێ له‌ هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ گه‌له‌ری میدیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

لێپرسراوی ئایکان لە رۆژھەڵاتی ناوەراست، ناسر برجستانی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گووتی: دەمانەوێ لە رێگای ھەڵبژاردنی ھەولێر بۆ کردنەوەی ئەو پێشانگایە ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە لە زەرەر و زیانەکانی چەکی ناوەکی ھوشیار بکەینەوە.


زیاتر ئاماژه‌یدا، ھەروەک لە وێنەکان دیارە زیانی جەستەیی و مادیی بەکار ھێنانی چەکی ناوکی لە ھەندێ ناوچەکانی دونیای لەخۆگرتووە، بەتایبەتی ھیروشیما و ناکازاکی و باشوری ئەفریقیا.

برجستانی ده‌ڵێت: ھەوڵ دەدەین بۆ داھاتوو چەند وێنەیەکی مەرگەساتی بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی له‌ هه‌رێمی كوردستان بخەینە بەرنامەی کارەکانمان.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کردنەوەی ئەو پێشانگایەی بە گرنگ وەسفکرد و پێی وابوو، دەبێت ھەموو دنیا لە زیانەکانی بەکارھێنانە سەرجەم چەکە کۆکوژەکان ئاکادار بکرێنەوە تاکو جارێکی تر ئەو مەرگەساتانەی رویانداوە دوبارە نه‌بنه‌وه‌.


ئارام ئه‌حمه‌د گوتیشی: کردنەوەی ئەم پێشانگایه‌ لە ھەرێمی کوردستان ماناو و واتای خۆی ھەیە، بەو پێیەی کە ئیمەش وەکو کورد زەرەمەندی بەکارھێنانی چەکی کیمیاویین و دەبێ ئیمەش ببینە بەشێک لەو ھەڵمەتە و لەپاڵ کارکردن بۆ چونە پاڵی عیراق بۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان له‌گه‌ڵ ئیمزا کردنی رێکەوتننامەی رۆما بۆ ئه‌وه‌ی رێگر بین لە دوبارە نەبوونەوەی مەرگەساتی سەر گەڵەکەمان.
Top