ھەفتەی ئایندە.. بە بەشداری منداڵانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، چوارەمین فێستیڤاڵی ھاوینیی نێرگز بەڕێوە دەچێت

ھەفتەی ئایندە.. بە بەشداری منداڵانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، چوارەمین فێستیڤاڵی ھاوینیی نێرگز بەڕێوە دەچێت
4ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- لەژێر دروشمی ھەموو منداڵی یەک نیشتمانین، بە بەشداری منداڵانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، چوارەمین فێستیڤاڵی ھاوینی نێرگز لە لایەن ناوەندی نێرگز بۆ پەروەردەی فیکری و ھونەریی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستانی ئێران و گرووپی دۆق شارتەر بۆ ھونەری منداڵان، رۆژی یەکشەمەی داھاتوو ٨/٩/٢٠١٣، وەکو پێشوازی لە کردنەوەی قوتابخانەو خوێندنگەکانی کوردستان، لە شاری کۆیە و ئامفی تیاتری ئازادی بەڕێوە دەچێت... ئەم فێستیڤاڵە ھەموو ساڵێک لە کۆتایی وەرزی ھاویندا و بەبۆنەی پێشوازی کردن لە کرانەوەی قوتابخانەکان بە ئامادەبوونی گرووپە ھونەرییەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە شاری کۆیە بەڕێوەدەچێت.

فاتیح ساڵحی سەرۆکی چوارەمین فستیڤاڵی ھاوینی نێرگز رایگەیاند: لە فستیڤاڵی ئەمساڵدا، وەزارتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ ھەولێر، ھەروەھا کۆمپانیای کۆڕەک تیلکۆم وەک یاریدەدەر و ئێسپۆنسێر، یارمەتی چوارەمین فێستیڤاڵی نێرگزیان داوە.

شایانی باسە گرووپە بەشدارەکان لە چوار پارچەی کوردستان وەک، گرووپی سترانی منداڵانی باکووری کوردستان، گرووپی مووسیقای منداڵانی رۆژئاوای کوردستان، گرووپە ھونەرییەکانی پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و ھەروەھا گرووپە ھونەرییەکانی منداڵانی رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی یەک رۆژ لە شاری کۆیە میوانی ناوەندی نێرگز و گرووپی دۆق شارتەر دەبن، منداڵانی بەشداربووی ئەم فێستیڤاڵە لە میانی خولەکانی ھاوینەدا لەسەر چالاکییە ھونەرییەکان راھێنراون.. لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا بەسەرگرووپە بەشداربووەکان دیاری تایبەتی پێشکەش دەکرێ.
Top