وەجبەی یەكەمی ناوی ئەندامە نوێكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان رادەگەیەندرێت

وەجبەی یەكەمی ناوی ئەندامە نوێكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان رادەگەیەندرێت
6ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، دوا ئاماری داواكاری رۆژنامەنوسان بۆ بوون بە ئەندامی سەندیكا سلێمانیی راگەیاند و و ئاماژەش بەوە دەكات لە ئایندەیەكی نزیكدا وەجبەی یەكەمی ناوی ئەندامە تازەكان رادەگەیەندرێت.


كاروان ئەنوەر، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: تا ئێستا 650 رۆژنامەنوس داوای بوون بە ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنوسانیان پێشكەشكردوین و لە هەنگاوی یەكەمی چاوپێكەوتنیاندا كارمان لەسەر 80 فایل كردووە.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، گوتی: دوای ئەوەی چاوپێكەوتن لەگەڵ رۆژنامەنوسەكان دەكرێت، ئەو 80 فایلە لەلایەن لیژنەی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانەوە كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و پاشان بەمەبەستی واژۆكردنی كۆتایی دەنێردرێتە لای نەقیب و لەوێشەوە دەهێندرێتەوە بۆ لای ئێمە و ناوەكان رادەگەیەنین.

كاروان ئەنوەر، گوتی: بۆ رەزامەندبوون لەسەر بە ئەندامبوونی ئەو رۆژنامەنوسانە لە سەندیكا، چەند مەرج و رێنمایی و پێوەرێك دانراوە و هەوڵیش دەدەین بە چەند قۆناغێكی‌دیکە كاری ئەو 650 فایلە تەواو بكەین.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە بارەی هێلەگە تایبەتەكەی رۆژنامەنوسان گوتی،لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە هەوڵداین هیلەگی تایبەتی بۆ رۆژنامەنوسان دابین بكەین بۆ ئەوەی لەكاتی خۆپیشاندان و روداوەكاندا بناسرێنەوەو مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ بكرێت بەڵام تا گفتوگۆكە تەواو نەبێـ نازانرێت كە شێوەیان چۆن دەبێت و ئایە دەكڕدرێن یان دەزگاكە بۆ رۆژنامەنوسانی دەكرێت یان شێوازێكی‌دیکە دەبێت.
Top