شوكروڵای بابان بێژه‌ری به‌ناوبانگی كورد له‌ته‌مه‌نی 89 ساڵیدا له‌تاران كۆچی دوایی كرد
بڕیاریشه ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه 18-11-2012 له گۆڕستانی به‌هه‌شت زارای تاران و له به‌شی هونه‌رمه‌نداندا به‌خاك بسپێردرێت‌و ئێواره‌ی سێشه‌ممه 20-11، له مزگه‌وتی نووری تاران له گۆڕه‌پانی فاتیمی مه‌راسیمی ماته‌مینی بۆ به‌ڕێوه‌بچێت و له رۆژانی دواتردا له شاری سنه‌ش مه‌راسیمێك بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌ڕێوه‌بچێت.
شوكروڵای بابان له ساڵی 1923 له شاری سنه له‌دایكبووه، چه‌ندین ساڵ له رادیۆكانی كرماشان، سنه‌و تاران وه‌كو بێژه‌ر، توێژه‌ری ئه‌ده‌بی، شاعیر، وه‌رگێڕ و نوسه‌ر چالاكی نواند و له ئێران و له‌نێو ئه‌دیبانی كورددا ناوێكی دیاروبه‌رچاوه.
فوئاد بابان كوڕی خوالێخۆشبوو له وتووێژێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ PUKmedia رایگه‌یاند: باوكم سه‌عات 12:50 خوله‌كی شه‌وی رابردوو له ماڵه‌كه‌ی خۆی له تاران كۆچی دوایی كرد.
شوكروڵڵای بابان له زانكۆی تاران له به‌شی ئیلاهیات، ده‌رونناسی و یاسادا بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی وه‌رگرتووه.
یه‌كه‌م جار له ساڵی 1958 له رادیۆی تاران ده‌ستی به‌كاری بێژه‌ری كرد، دواتر له رادیۆی كوردی كرماشان كه به‌رنامه‌كانی خۆی به دوو زاراوه‌ی سۆرانی و كه‌ڵهوڕی پێشكه‌ش ده‌كرد، به كردنه‌وه‌ی رادیۆ كوردی كرماشان، رادیۆ كوردی تاران داخراو هه‌موو كارمه‌ندانی گوازرانه‌وه بۆ كرماشان، بابان له رادیۆی كوردی كرماشان تاوه‌كو ساڵی 1969 وه‌كو به‌رپرس، بێژه‌ر و وه‌رگێڕ كاری كردوه.
خوێندنه‌وه‌ی شیعری كوردی له رادیۆ كرماشان له لایه‌ن شوكروڵڵای بابانه‌و، ناوبانگێكی زۆری بۆ دهركردو له هه‌موو ماڵ و شوێنه‌كانی كوردستاندا به تامه‌زرۆیی گوێی لێده‌گیرا.
جگه له كاری بێژه‌ری له ساڵی 1959 تاوه‌كو 1963 له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری تردا رۆژنامه‌ی كوردستانیان به زمانی كوردی له تاران بڵاوكرده‌وه.
بابان له ته‌مه‌نی كاری‌دا وه‌كو به‌رپرسی رادیۆ له سنه‌و كرماشان و ورمێ ئیشی كرد‌و هه‌روه‌ها سێ كتێبی به ناوه‌كانی \"سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبی؛ پاڵه‌وانی كورد\""، \""گوڵزاری كوردستان\"" و \""فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی فارسی به كوردی\"" نوسیوه."