ئیبۆلا لە قەڵاچۆكردن و نەماندایە.. كوتانێكی تازە بەڕێوەیە

 ئیبۆلا لە قەڵاچۆكردن و نەماندایە.. كوتانێكی تازە بەڕێوەیە
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی كە، بی‌بی‌سی بڵاوی كردووەتەوە، ئەو سێ وڵاتەی كەوتوونەتە ڕۆژئاوای ئەفەریقا كە بە دەست ئیبۆلاوە دەیانناڵاند، ئێستا لەوێ حاڵەتی تووشبوون و مردن لە كورتی داوە.

لایبیریا، غینیا و سیرالیۆن بە توندی ڤایرۆسی ئیبۆلایان تێكەوتبوو، ئێستا دابەزینی ڕێژەی توشبووان بەو شێوەیەیە: جاران لە لایبیریا هەفتانە (509) حاڵەت تۆمار دەكرا، كەچی ئێستا بۆ تەنیا هەشت حاڵەت هاتووەتەخوارێ. جاران لە غینیا هەفتانە (292) حاڵەت هەبوو، ئێستا بووەتەوە بیست حاڵەت.
جاران لە سیرالیۆن هەفتانە (748) حاڵەت تۆمار دەكرا، ئێستا تەنیا (117) حاڵەت تۆمار دەكرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ستراتیژی (د.كریستۆفەر) بۆ بی‌بی‌سی گوتی: "هەواڵەكان دڵخۆشكەرن، بەڵام ئێمە نابێت لێگەڕێین، چونكە مانەوەی تەنیا یەك حاڵەت مەترسییە بۆ سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا، هەڵبەت تاكو ئێستا لە ڕۆژئاوای سیرالیۆن ڕێژەی توشبوون و مردن بە ئیبۆلا بەرزە".

كوتانێكی (ڤاكسین) تاقیكاری بۆ بەڵا گەورەكە (ئیبۆلا) پەیدا بوو:
یەكەم باری كوتانی خۆپارێزی لە ئیبۆلا، نێردرا بۆ لایبیریا، بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی بی‌بی‌سی شارەزایانی كۆمپانیای بەریتانیایی (گلاكسۆ سمس كلاین) بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای تەندروستیی نیشتمانیی ئەمەریكایی ئەو كوتانەیان بەرهەم هێناوە و، دەیانەوێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفەریقا تاقی‌ بكەنەوە.
لە ئێستادا ئەو جۆرە كوتانە لەسەر (200) كەسی تووشنەبوو بە ئیبۆلا لە بەریتانیا، ئەمەریكا، سویسرا و مالی تاقی كراوەتەوە، كۆمپانیای بەرهەمهێن بە سەلامەتی زانیوە و دەڵێن بۆ بەكارهێنان دەست دەدات.
هەڵبەت شارەزایان پێیان وایە لە ئێستادا كە ئیبۆلا لە نەمان و قەڵاچۆكردندایە، تاقیكردنەوەی ئەو كوتانە ئەنجامی دڵنیاكەر نادات بەدەستەوە.
جێی باسە ئەو جۆرە كوتانە هێشتا هەر لە بەرهەمهێناندایە و پێویستە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییش قبووڵی بكات. ئەگەرچی ئیبۆلا كەم بووەتەوە، بەڵام دەكرێت مرۆڤایەتی بۆ بەڵایەكی دیكە سوودی لێ وەربگرێت.
ئیبۆلا ئەو بەڵا گەورەیەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە مەترسیدارترین ڤایرۆس زانراوە كە (21،724) كەس تووشی بوون و، (8641) كەسیان لێ مردوون، لە سەرەتادا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقای داپۆشیبوو و ئێستاكە خەریكە لەناو دەچێت.
Top