له‌ خورماتوو منداڵانى كورد ده‌خرێنه‌ به‌ر خوێندنى عه‌ره‌بی

له‌ خورماتوو منداڵانى كورد ده‌خرێنه‌ به‌ر خوێندنى عه‌ره‌بی
2ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- بۆ ئه‌مساڵی خوێندن به‌شێكى زۆری سه‌رۆك خێزانه‌ كوردیه‌كان منداڵه‌كانیان خستووه‌ته‌ به‌ر خوێندنى عه‌ره‌بی و هۆكاره‌كه‌شى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ له‌دواى ته‌واوكردنى قۆناخی ئاماده‌یی له‌ زانكۆكانى هه‌رێم وه‌رناگیرێن، له‌ كاتێكدا ئه‌وان بۆ ماوه‌ى 12 ساڵ ده‌خوێنن پاشان به‌ناچاری له‌ زانكۆكانى عێراق به‌عه‌ره‌بی درێژه‌ به‌خوێندن ده‌ده‌ن.
باوكى قوتابیه‌كى پۆلی یه‌كى سه‌ره‌تایی به‌ناوى ئیدریس عادل به‌(باسنیوز)ى راگه‌یاند \'من دوو له‌ منداڵه‌كانم له‌ قۆناخى ئاماده‌یی ده‌خوێنن و دڵنیاشم دواى ته‌واوكردنى ئاماده‌یی له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانى هه‌رێم وه‌رناگیرێن، ئه‌مه‌ش به‌ڕاستى ئه‌سته‌مه‌ بۆ ئه‌وان، له‌ كاتێكدا چه‌ندین ساڵ به‌زمانى كوردی بخوێنن پاشان له‌ زانكۆكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق به‌عه‌ره‌بی درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، بۆیه‌ ئه‌و منداڵه‌م كه‌وا ئه‌مساڵ خستمه‌ به‌ر خوێنى عه‌ره‌بی بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌نووسی وه‌كو منداڵه‌كانى ترم نه‌بێت\'.
گوتیشی \'ئێمه‌ خۆمان كوردین، هه‌رچۆنێك بێت فێری زمانى خۆمان ده‌بین به‌نوسین و خوێندن و ئێسته‌ش ئه‌گه‌ر به‌عه‌ره‌بی بخوێندرێت، ئه‌وا به‌بڕواى من حاڵه‌تێكى ئاساییه‌ وه‌ك چۆن بووه‌ته‌ باو له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌شێكى به‌رچاو له‌ قوتابیان له‌ خوێندنه‌گه‌ تایبه‌ته‌كان به‌زمانى ئینگلیزى ده‌خوێنن\'.
كه‌سێكى تر به‌ناوى ئالان خورشید به‌(باسنیوز)ى راگه‌یاند \'ئه‌وه‌ى تێبینیم كردبێت خوێندنى به‌شی كوردى له‌ خورماتوو رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و پاشه‌وه‌ ده‌ڕوات و هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نانرێ و مامۆستاكانیش به‌شێكى زۆریان له‌ ئاستی پێویستدا نین له‌ وانه‌ گوتنه‌وه‌دا، چونكه‌ به‌شێكى زۆریان ته‌نیا ئاماده‌ییان ته‌واو كردووه‌ به‌خولى خێرا كراون به‌مامۆستا، بۆیه‌ منیش ئه‌مساڵ منداڵه‌كه‌م خسته‌ به‌ر خوێندنى عه‌ره‌بی\'.
گوتیشی \'ئێمه‌ ناچار كراوین منداڵه‌كانمان بخه‌ینه‌ به‌ر خوێندنى عه‌ره‌بی، چونكه‌ به‌شێكى زۆری قوتابخانه‌ كوردیه‌كان سێ ده‌وامى تێدا ده‌كرێت و له‌ هه‌ر پۆلێكیشدا زیاتر له‌ چل قوتابی تێدایه‌، ئیتر ئه‌و منداڵه‌ى كه‌وا تازه‌ ده‌خرێته‌ به‌ر خوێندن ده‌بێت فێری چی بێت!\'.
له‌مباره‌وه‌ نه‌جم هاشم به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى خورماتوو ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌(باسنیوز)ى راگه‌یاند ئێمه‌ وه‌كو په‌روه‌رده‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك فشار ناخه‌ینه‌ سه‌ر كه‌س له‌وه‌ى كه‌وا منداڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ به‌ر خوێندنى كوردى یاخود عه‌ره‌بی ئه‌وان خۆیان ئازادن و ساڵانی رابردووش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌مان كردووه‌.
گوتیشی به‌شێكى زۆری خوێندنگه‌ كوردییه‌كان به‌ده‌ست كه‌مى مامۆستای پسپۆڕه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، هیواخوازین كه‌وا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت ساڵانه‌ به‌شێكى باشی مامۆستامان بۆ دابمه‌زرێنێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى میلاك و بۆ ئه‌وه‌ى خوێندنى كوردى سه‌ركه‌وتووتر بێت و قوتابی باجه‌كه‌ى نه‌دات.
Top