ئیدریس بارزانی لە تاریكیی شەوەزەنگدا بەدوای پرشنگی خۆردا دەگەڕا

ئیدریس بارزانی  لە تاریكیی شەوەزەنگدا بەدوای پرشنگی خۆردا دەگەڕا
یادكردنەوەی ئیدریس بارزانی، گەڕانەوەیە بۆ ناو فیكرێك كە كۆمەڵێك خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەوتۆی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، لەكام دەرگای ئەو فیكرە بدەیت، دەرگایەكی دیكەی فراوانت بە روودا دەكاتەوە و، لە ناو شەوەزەنگی نائومێدیدا دەبێتە چرایەك و گرێكوێرەی قەیران و كێشەكانت بۆ دەكاتەوە و، كۆتایی بە شەڕ و ناكۆكییەكان دەهێنێت و، ئاشتی و تەبایی لە ناوماڵی كوردستاندا دەخاتەوە سەر رێچكەی خۆی و، لەناو ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەشدا ئاسۆی ئومێدی زۆر گەورە بۆ نەتەوەكەی فەراهەم دەكاتەوە.
ئەوانەی لە نزیكەوە هەڤاڵ و هاوسەنگەری ئیدریس بارزانی بوون، باس لەوە دەكەن، قسەكردن لەسەر ئەو سەركردەیە كارێكی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی كەسایەتییەكە كۆمەڵێك سیفەت و خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەوتۆی لەخۆی گرتووە كە زەحمەتە بتوانرێت هەموویان پێكەوە باس بكرێن، یان بتوانرێت لە باسێكدا هەموو ئەو خەسڵەتانە مافی تەواویان پێ بدرێت، هەر بۆیە كاتێك باسی ئیدریس بارزانی دەكەین، دەبێت باسی پێشمەرگەیەك و سەركردەیەكی لێهاتووی پێشمەرگە بكەین، دەبێت باسی دیپلۆماتێكی گەورە بكەین، لە شێوازی بەڕێوەبردنی دانوستاندن و پێداگری لەسەر بەدەستهێنانی مافی گەلەكەمان. دەبێت باسی خەمخۆریی بۆ ئاشتی و یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان بكەین، دەبێت باسی ئەو ورە پۆڵایینە بكەین كە لە رۆژانی سەخت و نەهامەتیدا دەبووە ئەو چیایەی كە چۆكی بە نائومێدی دادەدا و لە ناو جەرگەی نائومێدیدا، ئومێدی دروست دەكردەوە، دەبێت باسی ئەوە بكەین، چۆن كاری دەستەجمعی دەكرێت و، چۆن ئەم كارە پێویستی بە سادەیی و لە خۆبووردەیی و خۆشەویستیی یەكتر هەیە، هەر بۆیە راستە گوتوویانە ئیدریس بارزانی ئەو دەریا قووڵەیە مەلەوانی زۆر باش نەبیت، ناتوانێ مەلەی تێدا بكەیت.
ئیدریس بارزانی وەك پێشمەرگە، ئەو پێشمەرگەیە بوو كە لەناو تەریقەتی بارزان لەسەر دەستی مستەفا بارزانی بە بیری نەتەوەیی پەروەردە كرابوو، هەر لە سەرەتای لاوییەوە و لەناو سەنگەری پێشمەرگە لێهاتوویەكی ئەوتۆی لێ دەركەوت كە بە تۆماركردنی داستانی شەڕی هەندرێن، ئەو كاریزما خۆڕسكەی لێ دەركەوت كە پێشتر هێزی پێشمەرگە تەنیا لە مستەفا بارزانی بینیبوویان، ئەم سەرەتایە وای كرد، ئیدریس بارزانی ببێتە جێگەی متمانە و خوشەویستی و پشت و پەنای هێزی پێشمەرگە.
ئیدریس بارزانی لە كاری دیپلۆماتی و هونەری دانوستاندا و، لەسەر مێزی دانوستاندن كاریگەری لەسەر بەرامبەرەكەی بەجێدەهێشت و پێداگری لەسەر مافە رەواكانی گەلی كوردستان دەكرد، ئەو سەركردەیە هەرچەندە بەتەمەن لاو بوو، بەڵام لە دانوستاندنەكانی ئاداری 1970 سەلماندی دیپلۆماتكارێكی گەورەیە و، ئەوەی لە بەرەكانی شەڕ دەتوانێت بەدەستی بهێنێت، دەتوانێت لەسەر مێزی دانوستاندنیش بە دەستی بهێنێت.
ئیدریس بارزانی، رەنگدانەوەی خەڵەسەت و تایبەتمەندییەكی دیكەی مستەفا بارزانی بوو، كە ئەویش راشكاویی و راستگۆیی بوو لەگەڵ گەلەكەی خۆی، بۆیە كاتێك بۆی دەركەوت كە حكومەتی بەعس و سەدام بەنیازن لە رێككەتنامەی ئادار پاشگەز ببنەوە، راشكاوانە راستییەكانی بۆ گەلەكەی خۆی ئاشكرا كرد و، لەمەش زیاتر خۆی پێش هەمووان لە هەموو بەرەكانی شەڕی ساڵی 1974 -1975 هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بوو.
ئیدریس بارزانی لە رۆژە سەختەكانی دوای نسكۆ دوای ئەوەی چیایەكی پشت و پەنا بوو بۆ سەرۆك بارزانی و دامەزراندنەوەی سەركردایەتیی كاتی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان، لە هەمانكاتدا ئەو كەسە خەمخۆرە بوو بۆ ئاوارەكانمان لە ئێران و لەناو گوشاری ئێرانی سەردەمی شادا، ئەو ئیرادەیە بوو كە ئازار و نەهامەتییەكانی ئاوارەكانی كەم دەكردەوە و زامە قووڵەكانی دڵیانی ساڕێژ دەكرد.
ئیدریس بارزانی بۆ خەباتی دەستەجمعی كۆی لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان، ئەو ئیرادەیە بوو كە لەناو بۆچوونە ئایدۆلۆژییە سیاسیە جیاوازەكان و بیروبۆچووەنە نەتەوەیی و مەزهەبییە جیاوازەكاندان خاڵی هاوبەشی دەدۆزییەوە و دەیكرد بە پڕۆژە بۆ خەبات لە دژی رژێمی عێراق و دەرخستنی پێگە و شكۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا.
ئیدریس بارزانی بڕوایەكی تەواوی بە فرەحزبی لە كوردستاندا هەبوو و، بە تێڕوانین و چارەسەری جیاواز بۆ دۆزی رەوای گەلی كوردستان سەیر دەكرد، بۆیە هەموو كات هەوڵی بۆ ئەوە بوو تەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە چوارچێوەی بەرەیەكی هاوبەشدا كۆببنەوە و هەموو پێكەوە هەوڵ بدەن چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی ناوخۆی كوردستان بدۆزنەوە و، لەسەر بنەمایەكی پتەوی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نەخشە بۆ بەرگری لە كوردستان دابڕێژن، هەر ئەم نییەت و ئیرادەیە بوو لە ساڵی 1986 پرۆسەی ئاشتبوونەوەی پارتی و یەكێتی گەیاندە مەنزڵ و، لەگەڵ ئەوەی یەك دوو مانگ دوای ئەم پرۆسە گەورە و سەركەوتووە، ماڵئاوایی یەكجارەكی لێ كردین، بەڵام ئەم پرۆسەیە بووە ئەو ژێرخانە پتەوەی كە پاشان بەرەی كوردستانی لەسەر راگەیەندرا.
راستە ئێستا ئیدریس بارزانی بە جەستە لە ناوماندا نییە، بەڵام فیكر و رێیازی كە هەڵێنجراوی فیكر و رێبازی مستەفا بارزانی-یە، ئێستاش لە هزر و بیركردنەوەماندا دێت و دەچێت و داوامان لێ دەكات، بۆ گەیشتن بە رۆژی سەرفرازیی یەكجارەكی هەموومان پشتیوانی سەرۆك مسعود بارزانی بین.
Top