پەیامی بەڕێز فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: گۆڤاری گوڵان دوای چارەكە سەدەیەك لە كاروانی پڕبەخشش و زانیاری بەردەوامە

پەیامی بەڕێز فازڵ میرانی  سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: 	 گۆڤاری گوڵان دوای چارەكە سەدەیەك لە كاروانی پڕبەخشش و زانیاری بەردەوامە
بە بۆنەی تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ژمارە و یۆبێلی زیوینی گۆڤاری گوڵان، بەڕێز فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی گۆڤارەكە كردووە، ئەمە دەقەكەیەتی:

یۆبێلی زیوینی (گوڵان) پیرۆز بێت
یەكێك لەو ئۆرگانە چالاكانەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە راپەڕینی 1991ی گەڵەكەمان بە دواوە دامەزرا، دەزگای گوڵانە. ئەم دەزگایە سەرەتا كۆمەڵێك كادیری گەنج لە نێو ریزەكانی پارتی پڕۆژەكەیان گرتە دەست. هەنگاوی یەكەم دەركردنی هەفتەنامەیەك بوو بە ناوی (گوڵان)، هێندەی نەبرد، ئەو دەزگایە چەند ئۆرگانێكی دیكەی زیندووی لێ بووەوە، وەك رادیۆ و تەلەفزیۆنی گوڵان لە هەولێری پایتەخت. پاشان ئەم پڕۆژەیە پەلی بۆ پارێزگاكانی دیكەی هەرێمیش هاویشت.
گۆڤاری (گوڵان) دوای یەك چارەكە سەدە لە كاروانێكی پڕ لە بەخشش و زانیاری، ئەمڕۆ كە لە سەرووی 1200 ژمارەی گۆڤارەكە چاپكراوە، بووەتە سەرچاوەیەكی زۆر بەهادار بۆ توێژەرانی بواری رامیاری و مێژووی گۆڕانكارییەكان و هزری سیاسی، هەروەها گەلێك بواری دیكەی هەستەوەر.
ئێمە بە هیواین گۆڤاری (گوڵان) لە رەوتی پێشەنگانەی خۆی بەردەوام بێت، ئەو گۆڤارەی بووەتە سەرچاوەیەكی زۆر گرنگ لە بواری هۆشیاریی سیاسی و پێشكەشكردنی خوێندنەوەی ورد و روون بۆ كاروانی خەبات و تێكۆشانی گەڵێك لە رێی بەدەستهێنانی سەروەری و گەشە و پێشكەوتن.
بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەك چارەكە سەدە بە سەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی گوڵان كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی، پیرۆزباییەكی گەرم لە بەڕێوەبەر و سەرنووسەر و تێكڕای كارمەندانی ئەو ئۆرگانە چالاك و هەستیارەی پارتی دیموكراتی كوردستان و میدیای كوردستان دەكەین. سڵاو و دروود بۆ هەموو كارمەندانی پێشووی گۆڤاەركەش دەنێرین، كە تێكڕا رۆڵی كاریگەریان هەبوو لە گەشەكردنی گۆڤارەكە. بەهیواین ئەو گۆڤارە لە گەشە و پێشكەوتنی خۆی بەردەوام بێت.
فازڵ میرانی
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
Top