لە 37ـەمین ساڵیادی كۆچكردنیدا... بونیادنانی دەوڵەت لە فیكری بارزانی مستەفادا

لە 37ـەمین ساڵیادی كۆچكردنیدا... بونیادنانی دەوڵەت لە فیكری بارزانی مستەفادا
باوكانی دامەزرێنەری بیری نەتەوەیی لەنێو تەواوی نەتەوەكانی جیهاندا، ئەگەر لەیەك سەردەمیشدا پێكەوە نەژیابن یان یەكتریشیان هەر نەناسیبێت، بەڵام كاتێك لەفیكر و گوتەكانیان بەراوردیان دەكەین ، هەست دەكەین لێكچوونێكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە. هەر بۆ نموونە كۆلۆنێڵ رالف پیتەرز كە لەم ژمارەیەی گوڵاندا دیمانەیەكی تایبەتمان لەگەڵدا كردووە، لەمیانەی گوتەیەكی بنجامین فراكلین كە یەكێكە لە باوكانی دامەزرێنەری كۆماری ئازادی ئەمریكا پەیامێكی دۆستانەمان ئاراستە دەكات و پێمان دەڵێت : وەك بنجامین فرانكلین باوكی دامەزرێنەری كۆماری ئازادی ئەمریكا دەڵێت: بەڕێزینە، پێویستە پێكەوە یەكگرتوو بین، ئەگەر نا بەدڵنیاییەوە بە پەرتەوازەیی لەناو دەبرێین) رالف پیتەرز پێمان دەڵێت، ئەمە پەیامی منە بۆ كوردانی دۆستم بۆ ئەوەی پارێزگاری لە كوردستانی ئازاد بكەن كە ئێستا بەواقیعی بوونی هەیە و هێشتا دانی پێدا نەنراوە.
هەروەها ئەگەر گوتەی كاریزمایەكی دیكەی وەك نیلسۆن ماندێلا بە نموونە بهێنینەوە كە ئەویش هەر ئامانجی دامەزراندنی كۆمارێكی ئازاد بووە بۆ رەش پێستەكانی باشووری ئەفریقیا ، دەبینین دروشمی سەرەكیی ماندێلا بۆ گەلەكەی، بریتی بووە لەوەی: (پێكەوە بەیەكگرتوویی دەبینە خاوەنی هێز).
لێرەوە ئەگەر سەیری بنەمای فیكری بیركردنەوەی بارزانی مستەفا بكەین ، دەبینین هەموو كات ئەم دێڕە شیعرەی ئەحمەدی خانی مامۆستای بیری نەتەوەیی وێردی سەرزاری بووە كە دەڵێت:
گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەك
ڤێكرا بكرا مە ئینقیادەك
تەكمیل دكر مە دینو دەوڵەت
تەحلیل دكر مە عیلمو حیكمەت
ئەگەر سەرنج لەم سێ گوتەیە بدەین، كە گوتەی سێ كاریزمای سێ نەتەوەی جیاوازن، ئەوا هەست دەكەین، ئامانجی هەموو سەرۆكێكی كاریزمایی بیركردنەوەیە لە یەكڕیزیی گەلەكەی بۆ بونیادنانی كۆمارێكی ئازاد بۆ نەتەوە ، هەموو ئەم كاریزمایانەش بە درێژایی مێژووی نەتەوەكانی جیهان ئەگەر خاوەنی حزبی سیاسیی خۆشیان بوون، لە زۆر حاڵەتدا سەركردەی كاریزمی لەگەڵ حزبەكەی خۆشیدا كێشەی هەبووە، ئەگەر حزبەكەی بەرژەوەندیی حزبی خستبێتە سەرووی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەكەی، ئەوا سەرۆكی كاریزمای نەتەوە پشتگیریی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەكەی كردووە و بڕیاری حزبەكەی جێ بە جێ نەكردووە یان زۆر جار بە پێچەوانەی حزبەكەی بڕیاریداوە.
لەم روانگەیەوە ئەگەر سەیری چەمكی حزب بكەین لە فیكری بارزانی مستەفادا وەك ئامرازێك بۆ بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت، ئەوا دەبینین بە پێچەوانەی هەموو ئەو پێناسە ئایدلۆژیانەی بۆ حزبی سیاسی دەكرێت، حزب لە فیكری مستەفا بارزانیدا ، مانای نوێنەرایەتیكردنی تەواوی گەلی كوردستانی هەبووە، نەك تەنیا بەشێك یان چینێك یان ئاینێك ، هەر لەسەر ئەم بنەمای چەمكی یەكگرتن و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی تەواوی چین و توێژەكانی گەلی كوردستان، بارزانیی مستەفا پارتی دیموكراتی كوردستانی لە یەكگرتنی كۆمەڵێك حزب و بەشداری پێكردنی كەسایەتییە ناودارو نیشتمانییەكانی كوردستان دامەزراند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دوای ئەوەی كۆماری كوردستان لە 1946 لە مهاباد رووخا و چووە یەكێتیی سۆڤیەتی پێشان، یەكەم بەرنامەی بارزانیی مستەفا لە كۆنگرەی باكۆ ، دووبارە هەوڵدان بوو بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و بەرنامە دانان بووە بۆ دامەزراندنەوەی جمهوریەتی كوردستان، هەموو ئەمانەش پێكەوە ئەو راستییەمان لە فیكری مستەفا بارزانی بۆ ئاشكرا دەكەن، كە بارزانی مستەفا هەموو ئەو توخمانەی لەبەردەستیدا بوون بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە وەك ئامرازێك رێكیخستوون و بەكاریهێناون بۆ بونیادی ژێرخانی دەوڵەتی كوردستان و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان، هەر ئەم ئامانجە كە بونیادی دەوڵەتی كوردستانە، وایكردبوو بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدات یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان درز و كەلێنی تێبكەوێت، ئەگەر لەیەكێك لە قۆناخەكانی خەباتدا درزێكیش كەوتبێتە نێو یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، ئەوا بارزانیی مستەفا چاوی لەهەموو شتێك دەپۆشی دووبارە نێوماڵی كوردستانی رێكدەخستەوە.
ئەم بۆنەیە و ئەم پاشخانەی فیكری بارزانیی مستەفا گرنگ بوو، كە هەڵوەستەیەك بكەین بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین چەمكی دەوڵەت و بونیادنی دەوڵەت لە فیكری مسعود بارزانی دا چۆن رەنگی داوەتەوە و ئەو نهێنییە چییە كە سەرۆك مسعود بارزانی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی ئەم ئامانجە كردۆتە قوربانی و لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان هەموو قوربانییەك بدات.
سەرۆك مسعود بارزانی كە لە ئێستادا درێژەپێدەری هەمان فیكر و ئامانجی نەتەوەیە كە پێش ئەو بارزانیی مستەفا رێبەرایەتیی كردووە، دەبینین سەرۆك مسعود بارزانی بەهەمان شێوەی بارزانیی نەمر و تەواوی باوكانی دامەزرێنەری فیكری نەتەوەیی نەتەوەكانی جیهان ، چەمكی دەوڵەت و بونیادنانی دەوڵەتی تەنیا لەیەك وشەدا چڕكردۆتەوە كە ئەویش، یەكگرتن و یەكڕیزیی گەلی كوردستانە و دروشمی سەرەكیی خەبات و تێكوشانی سەرۆك مسعود بارزانیش لەیەك رستەدا خۆی بەرجەستە دەكات كە بریتییە لەوەی ( ئەگەر یەكگرتوو بین هیچ هێزێك نییە بتوانێت كورد تێكبشكێنێت)، كەواتە ترسی گەورەی سەرۆك مسعود بارزانیش لە لێكترازان و پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردستانە، بۆیە سەرۆك مسعود بارزانیش بەهەمان شێوەی بارزانیی نەمر و سەرۆكە كاریزماكانی نەتەوەكانی دیكە، لەپێناوی پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان، زۆر جاران غەدری لە پارتی كردووە و سازشی لەسەر ماف و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی پارتی كردووە، بۆ ئەوەی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بپارێزرێت.
بۆ ئەم قۆناخە هەستیار و ناسكەی ئێستا ، كە وێڕای قەیرانی دارایی و شەڕی بەرفراوانی تیرۆریستانی داعش، میللەتەكەمان بە ئومێد و گەشبینییەوە بۆ ئایندەیەكی موژدەبەخش دەڕوانێت، ئەركی سەر شانی هەر تاكێكمانە كە وەك خۆی لەمانای دەوڵەت و بونیادنانی دەوڵەت لە فیكر و بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی تێبگەین و هاوكاری راستەقینەی بین بۆ ئەوەی دووبارە یەكریزی و یەكهەڵوێستی بگێرینەوە بۆ نێوماڵی كوردستان و كۆتایی بە پەرتەوازەیی و تێڕوانینی تەسكی حزبایەتی بهێنین، لەبەر ئەوەی پەرتەوازەیی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بەرەو هەڵدێر و فرسەت لەدەستدانمان دەبات. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر كەسانێك یان حزبێكی سیاسی، ئەم خەمخۆریەی سەرۆك بارزانی بۆ یەكڕیزیی ماڵی كوردستان و چاوپۆشی كردن لەو هەموو زێدەڕۆییەی بەرامبەر شەخسی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، بەلاوازی لێكبدرێتەوە، ئەوا دەبێت ئەو كەس و لایەنانە ئەو راستییە مێژوویانەیان لەبەر چاو بێت، كە كار گەیشتە ئەوەی پشوودرێژسی و لێبووردەیی خەڵكانێك بەهۆش خۆیان ناهێنێتەوە، دەبێت بزانن كە سەركردە كاریزمییەكان كە كار گەیشتە سەر لەتبوونی كردەیی نەتەوە ، بڕیاری زۆر قورس و بوێرانە دەدەن، وەك بڕیارەكانی ئەبراهام لنكۆڵن و دیگۆل و ماندێلاو بارزانیی نەمر بۆ یەكگرتنەوەی یەكڕیزیی نەتەوە.
لەم بۆنەیەدا كە 37 ەمین ساڵیادی كۆچی رابەری نەتەوەییمان بارزانیی مستەفایە، هیواخوازین هەموو لایەك سوود لە رووە لێبووردەیی و پشوودرێژییەكەی سەرۆك مسعود بارزانی وەربگرین، نەك ناچاری بكەین بۆ رێگرتن لە لێكترازانی تەواوی ماڵی كوردستان ، بڕیاری هاوشێوەی لنكۆڵن و دیگۆل و ماندێلا و بارزانیی نەمر بدات.
Top