ئازادكردنی شنگال و به ڵێنه كه ی سه رۆك بارزانی بۆ كوردی ئێزیدی
December 10, 2015
راپۆرتەکان
لەخوای گەورە داواكارین ئەم سەركەوتنە بكاتە خێر و ئاسوودەیی بۆ سەرجەم ئێزیدی و موسڵمان و كریستیان و ئایینزاكانی ديكە
لە سەردانێكماندا بۆ قەزای شێخان وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان چاومان كەوت بە بابەشێخ خەرتۆ مەرجەعی گشتیی ئایینی ئێزیدی و باسی ئەوەی كرد كە سەرۆك بارزانی بەڵێنەكانی خۆی بۆ تەواوی كورد و بەتایبەتی كوردیی ئێزیدی بردۆتە سەر و لە خوای گەورەش دەپاڕایەوە ئەم سەركەوتنە وەك خێر بەسەر گەلی كوردستاندا بشكێتەوە و لێرەشدا دەقی وەڵامەكانی مەرجەعی گشتیی ئایینی ئێزیدی بڵاودەكەینەوە:
«ئازادكردنی شنگال بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە گرنگ بوو، ئەم سەركەوتنە جگە لەوەی بەجێهێنانی بەڵێنی سەرۆك بارزانی بوو كە لە چەندین بۆنەداو لەسەر چیای شنگالیشەوە بەڵێنی پێدابووین، دوای ئەوەی كوردیی ئێزیدی بەتایبەت خەڵكی شنگال رووبەڕووی ئەو زوڵم و كۆمەڵكوژیی و دەربەدەرییە هاتن، سەرۆك بەڵێنی پێداین كە تۆڵەمان بۆ بكاتەوەو شنگال لە دەستی تیرۆریستان ئازاد بكات، جارێكی تریش گەلی كوردستان سەلماندییانەوە كە هەموویان بران و پێكەوە بەرگریی لە كەرامەت و خاك و نیشتمانەكەیان دەكەن، كوردستانیش هەر بە خاكی پێكەوەژیان و لێبووردەیی دەمێنێتەوە. لە كاتی سەركەوتنە گەورەكەدا ئێمە وەكو شاندێكی ئێزیدی سەردانی مۆسكۆمان كردبوو، سەرۆك مسعود بارزانی بەڵێنەكەی جێبەجێ كردوو دڵی من و تەواویی ئێزیدیەكانی خۆش كردەوە،لەم سەركەوتنەشدا سەرۆك بارزانی و فەرماندەو تەواوی هێزەكانی پێشمەرگە هیچ كەمتەرخەمییەكیان نەبوو، بە هەموو توانایانەوەو بە پێی پلانێكی سەركەوتووانەی سەربازییەوە توانییان لەو رۆژەدا ئەو سەركەوتنە گەورەیە بكەنە دیاری بۆ گەلی كوردستان، ئێمەش لەو رۆژەدا وەكو سوپاسێك و رێزگرتنێك لە سەرۆكی نەتەوەیی كورد مەلا مستەفا بارزانی سەردانی ماڵی ژەنەراڵ بارزانیمان لە مۆسكۆ كردوو چەپكە گوڵی وەفاداریمان لەبەردەم ئەو ماڵە دانا كە لە ئاوارەییدا تێیدا ژیابوو، ئەو ماڵە بۆ ماوەی 5 ساڵ جێی نیشتەجێبوونی بارزانی بوو، لەكاتی ئاوارەبوون و دەربەدەریدا لەوێ ژیانی دەبردە سەر.
پاش ئازادكردنی شنگال ئومێدمان زۆرە كە دووبارە هێمنی و ئاسوودەیی و ئاوەدانیی رووبكاتەوە ئەم ناوچەیەو لەخوای گەورەش دەپاڕێینەوە ئەم سەركەوتنە ببێتە خێرێك بۆ گەلی كوردستان، داواكارین لەسەرۆك بارزانی ناحیەی بەعشیقەو كۆمەڵگەكان و تەواویی گوندەكانیش لەژێر دەستی تیرۆریستان دەربهێنێت و هەوڵی ئازادكردنی دیلەكانیشمان بۆ بدات. ئێمەیش پاڵپشتی سەرۆك بارزانی دەكەین لەوەی هیچ جیاوازییەك لەنێوان پێكهاتەو ئایین و ئایینزاكاندا نەكرێت و مافی سەرجەم نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان پارێزراو بێت و گەلی كوردستانیش بە یەكڕیزی بمێنێتەوە. هەر بەو بۆنەیەوە لەخوای گەورەی میهرەبان داواكارین ئەم سەركەوتنە بكاتە خێر و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بۆ سەرجەم ئێزیدی و موسڵمان و كریستیان و ئایینزاكانی دیكە، شەهیدەكانی پێشمەرگە و شەڕەڤانانیش جێگایان بەهەشت بێت و خوا سەبووری كەسوكاریان بداتەوە.»
ئێزیدییەكانی پەرستگای لالش ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە دەكەن
هەر سەبارەت بەسەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەو رزگاركردنی شنگال وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای شێخان و پەرستگای لالشمان كرد، سەرەتا حەما خۆشمان سەیدۆ ئاماژەی بە گەورەیی ئەو سەركەوتنە كرد كە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە بەدەستی هێناوە و لەمبارەیەوە وتی: «سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بەفەرماندەیی سەرۆك بارزانی دڵخۆشی و شادی بۆ ئێمە هێنا، بەڕاستی سەرۆك بەڵێنەكەی بۆ جێبەجێ كردین، ئومێدەواریشم لەم سەركەوتنانە بەردەوام بن و بە یەكجارەكی داعش تیرۆریستان لەو دەڤەرە دووربخرێنەوەو بە هاریكاری هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان و هێزی پیادەی كوردستان، شنگال لە ڕووی سەربازییەوە مەحكەم بكرێت، تا وەكو جارێكی تر رێگە بە هیچ تیرۆریست و هێزێكی تری دژ بەكورد نەدرێتەوە هێرش بكەنە سەر كوردی ئێزیدی و لە ناو مەنزڵگەو ناوماڵی خۆماندا غەدرمان لێنەكرێت». هەر سەبارەت بە رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی لە رزگاركردنی شنگالدا هاووڵاتی مەحما قاسم وتی: «سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە هیچ كەموكورتییان لە رزگاركردنی شنگال و دەركردنی تیرۆرستانی داعش نەبوو، ئەوان توانییان بە ماوەیەكی كەم، سەركەوتووانە بەو نەبەردییەوە كۆتایی بە رزگاركردنی چیای شنگال و ناو شاری شنگال بهێنن، لە كاتێكدا شەخسی سەرۆك خۆی لەنزیك بەرەكانی شەڕەوە راستەوخۆ چاودێری و سەرپەرشتی جووڵەو هێرشەكان بكات، دەرئەنجام هەر سەركەوتنی ناوازەی بەو شێوەیە بەدەست دێت.» هەر لەم رووەوە هاووڵاتی حاتەم باپیر وتی: «بەئازادكردنی شنگال دڵی ئێمە گەلێك خۆش بوو، سوپاس بۆ خوا كە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەو سەرۆكەكەمانی كردوو بەسەر داعش دا سەركەوتن و شەرەفەدین و تاووس مەلەك لەگەڵ ئەواندا بوون، ئینشائەڵڵا پێشمەرگە هەر بە قارەمانێتی دەمێنێتەوەو خوا هێزی زیاتری دەداتێ.» سەبارەت بە رۆڵی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش ئەو هاووڵاتییە ئێزیدییە بەمشێوەیە هاتەئاخافتن: «من و ئێزیدیەكان گەلێك سوپاسی سەرۆك بارزانی و هەموو پێشمەرگەیەك دەكەین كە ئێستا لەسەنگەری پێشمەرگایەتیدان، سەری خۆم دادەچەمێنم بۆ ئەو ئازایەتی و بووێرییانەیان، جوامێریی سەرۆك بارزانی نەبووایە وابەئاسانی نە دەتوانرا شنگال لەدەستی ئەو دڕندانەی داعش رزگار بكرێت». لەم رووەوە هاووڵاتی ئەمین مادۆ وتی: «هەر پارچەیەكی كوردستان و شارێك بێتە رزگاركردن، ئێمە گەلێك دڵخۆش دەبین پێی، هەزار رەحمەت لە مەزاری هەر شەهیدێك كە لەپێناوی گەلەكەیدا خوێنی رژاو شەهید بوو، لەدژی زاڵمان و كافران خەباتی كرد، سوپاسی سەرۆك بارزانیش دەكەین، بەڕاستی جوامێرانە تەقصیری نەكردوو وەكو پێشمەرگەیەك لەسەنگەردا بوو تا سەركەوتنە گەورەكە بەسەر تیرۆرستاندا بەدەست هات». هاووڵاتی ئازاد میرزاش پێی وابوو رزگاركردنی شنگال لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە جەژنێك بوو بۆ ئێزیدی و تەواوی گەلی كوردستان، ئینشائەڵڵا شنگال هەروەكو چۆن ئازاد كرا، هەر بەو شێوەیەش ئاوەدان دەكرێتەوەو دەبێتە سیمبولێكی بەرز بۆ كوردستان.
ئافرەتانی ئێزیدی: ئینشائەڵڵا بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە تەواوی خاكی كوردستان رزگار دەكرێت و دیلەكانیشمان ئازاد دەكرێن
ئافرەتانی شنگالیش سەرەڕای دڵگرانییان بە ڕفاندنی ئافرەت و كچە كوردە ئێزیدیەكان، بەڵام بە ورەو باوەڕێكی بەرزەوە، باسیان لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش كرد، لەم رووەوە خاتوو سێوفێ كە 32 كەسی خانەوادەكەی لە ژێر دەستی داعشدایە وتی: « ئازادكردنی شنگال بۆ ئێمە كارێكی گەلێك مەزن بوو، ئینشائەڵڵا بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە تەواویی خاكی كوردستان رزگار دەكرێت و دیلەكانیشمان ئازاد دەكرێن.» هەروەها هاووڵاتی خاتوو مەخموور مادە وتی: «گەلێك مەمنوونی هێزی پێشمەرگەو سەرۆك بارزانین، كە لەم مەینەتیەدا پشت و پەنای ئێمە بوو. « خاتوو سەبری خەلەف كە خەڵكی ناو شاری شنگالەو لەپەرستگای لالش وەك ئاوارەیەك نیشتەجێیە وتی: «ئێمەی ئێزیدی لەبەر نەتەوەو ئایینمان زوڵمێكی گەورەمان دەرهەق كراو سەدان كەسمان كوژراو بێ سەروشوێنبوون، بە ئازادكردنەوەی ناوچەكانمان كەمێك ئەو ئازارەمان لەكۆڵ دەبێتەوە، بەتایبەتی ئازادكردنی شنگال كە بۆ ئێمە چەندین شوێنی پیرۆزی تێدایە». سعود حوسێن باسی لە رۆڵی سەرۆك بارزانی كردو وتی: «گەلێك كەیفمان هات كە شنگال ئازاد كرا، پێویستە ئەو رۆژە مێژووییە بكرێتە یادێكی نەتەوەیی، چونكە پیلانی دوژمنانی كورد دەرهەق بە ئێزیدییەكان شكستی پێ هات».
ئومێدمان بە سەرۆك بارزانی زۆرە بڕیار بدات بە شێوەیەكی ئەندازیارییانەی هاوچەرخ شنگال ئاوەدان بكرێتەوە
پاش ئازادكردنی شنگال پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەو تەواوی دەڤەرەكە بە لای ئێزیدییەكانەوە گرنگە. لەمبارەیەوە خەلات بەعدرێ وتی: «سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی و لەژێر چاودێری راستەوخۆی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە جێگای شانازییەكی گەورەیە، ئەمە یەكەمین جارە لەمێژووی هاوچەرخدا سەرۆك خۆی و كوڕەكانی لەسەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدا بن، رۆڵی ئەوان لەبیر ناكەین كە چۆن رایگەیاند كە تۆڵەی كوردی رەسەنی ئێزیدی دەكاتەوەو بەڵێنی پێداوین كە ناوچەكانیشمان رزگار بكاتەوە، بەدڵ و گیانەوە سوپاسی دەكەین و ئینشائەڵڵا سەركەوتوو دەبێت، ئومێدیشمان بەسەرۆك بارزانی زۆرە كە فرمان بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندازیاری ئاوەدانی بدات تاوەكو شنگالمان بۆ ئاوەدان بكاتەوە، چونكە بێ هاوكاری دەرەكی و بێ دەستگیرۆیی هاوپەیمانەكان لەم بارودۆخی قەیرانی داراییەدا ئەمە ئەركێكی قورسە، بەڵام ئەو پێوەندییە دیبلۆماسی و هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەی كە سەرۆك بارزانی هەیەتی دەتوانرێت ئاوەدانكردنەوەی شنگال ئەنجام بدرێت، مادام ماڵی بارزانی هەیە شنگالیش دێتە ئاوەدانكردن». هەروەها فەقێ حوسێن مجەوری پەرستگای لالش وتی: « سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە شنگال لە تەواوی خەڵكی كوردستان و بەتایبەتیش لە ئێزیدیان پیرۆز دەكەم، ئومێدەوارم كەمێك ئازارو مەینەتیەكانی سەرشانی كوردانی رەسەنی ئێزیدی سووك كردبێت، سوپاسی رۆڵی پێشمەرگەو سەرۆك بارزانی دەكەم بۆ ئەم سەركەوتنەو لەخودای دلۆڤانیش دەپاڕێینەوە هەر سەر بڵندتر بێت و لە خزمەتی نەتەوەكەیدا بێت و هەر چۆن لە بەرەكانی شەڕدا سەركەوتن لەدوای سەركەوتن تۆمار دەكات، هاوشێوە لە ئاوەدانكردنەوەی شنگالیش دا پێویستە هەموو لایەنەكان بە تەواویی پێكهاتەو ئایین و ئایینزاكانەوە پاڵپشتی لێ بكەن».