سەرەڕای شوناسی جیاوازیان...لاوانی كوردستان لە دژایەتی تیرۆریستاندا ئینتیمای بەرزی نەتەوەیی خۆیان سەلماندەوە

سەرەڕای شوناسی جیاوازیان...لاوانی كوردستان لە دژایەتی تیرۆریستاندا ئینتیمای بەرزی نەتەوەیی خۆیان سەلماندەوە
شەڕی تیرۆریستانی داعش بەو وەرچەرخانە مێژووییە لە ژیانی لاواندا دادەنرێت كە تێیدا ئەو توێژە جارێكی دی سەلماندیانەوە، كە سەرەڕای پەراوێزكردنی داواكاری و داخوازیەكانیان و قەیرانی ئابووری، هەر پارێزەرانی كوردستانن و هەڵگری فیكر و ئینتیمای بەرزی نەتەوەیین. رۆڵی گەنجان لە ناو ریزەكانی پێشمەرگە و ئەو گیانفیدایی و قوربانیدانەی لە سەنگەرەكانی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بە كوردستانیان بەخشی، رۆڵێكی بەرچاوە كە لەسەر ئاستی جیهان باسی دەكرێت. لاوانی كوردستان سەرەڕای هەڵگری شوناسی جیاوازی حزبی و زمان و ئایین و بیروبۆچوونیان، لە بەرەكانی شەڕ رووبەڕووی هێزێكی چەكداری تیرۆریستی جیهانی بوونەوە، ئەوەش نەك تەنیا لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە رۆژهەڵات و باكوور و رۆژئاواشەوە بەشدارییان لە شەڕی پاراستنی كوردستان كرد، ئەمڕۆ لاوی كورد بە ڕێژەی زیاتر لە 80%ی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ پێكدەهێنن، هەر بۆیە دەكرێت بگوترێت: گەنجی كورد ئەو كەسایەتییەیە كە سیمای پێشمەرگەی لێدەخوێندرێتەوە و پارێزەری یەكڕیزی و یەكگوتاری نەتەوەییە. رێكخراوەكانی لاوان و گەنجان لەم راپۆرتەی (گوڵان)دا باس لە رۆڵی خۆیان لە ناو ریزەكانی پێشمەرگە دەكەن.
ئەمڕۆ گەنج لە خەمی پاراستنی وڵات و
بەرگریكردن لە كەرامەتی نەتەوەیەكدایە
سەرەتا تەیمور تەیمور عەبداڵ سكرتێری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان گوتی: «كاتێك میللەتی كورد رووبەڕووی شەڕی داسەپاوی داعش و شۆڤێنییەكان بووەوە، لاوان خۆبەخشانە و گیانفیدایانە لە ناو ریزەكانی پێشمەرگە روویان لە بەرەكانی شەڕ كرد، بە ڕادەیەك زیاتر لە 80%ی ئەوانەی لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕن ئەو گەنج و لاوانەن كە نەوەی شەهیدان و پێشمەرگەی شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و دوای ڕاپەرینن، ئەوان جگە لەوەی ئامادەیی خەبات و گیانفیداییان تێدایە، خاوەنی ئینتیمایەكی بەرزی نەتەوەیین و خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن. لێرەدا نموونەیەك لە سەر بەرزیی ئاستی سیاسیی گەنجی كورد باس دەكەم. ئێمە وەكو یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لەناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا 24سیمینارمان لەسەر پرسی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكی كوردستان سازدا، كە تێیدا گەنجان بەشدارییان لەگەڵ ئەكادیمی و شارەزاكان كرد و ئەو هەستە نەتەوەیی و نیشتمانیەمان بۆ دەركەوت كە زۆر جیاواز بوو لەو بیروبۆچوونە حزبییانە كە ئێستا لەلایەن هەندێك كەس و لایەنەوە باسی دەكەن. ئەمڕۆ گەنج لە خەمی پاراستنی وڵات و باشكردنی بژێوی ژیان و ئارامی و سەقامگیرییە و زۆر بە وریاییەوە لەگەڵ بۆچوونە دوور لە نیشتمانی و نەتەوەییەكان مامەڵە دەكات، گەنجی كورد سەربەرزە لە ناو ریزەكانی پێشمەرگە خۆی دەبینێتەوە كە سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی دەكات، هەر ئەو بەرگری و گیانفیداییەیە گڕوتینێكی زیاتر بە جەماوەری كوردستان دەبەخشێت كە بە رۆحێكی تازەوە بڕوانێتە گۆڕانكاری و چاكسازییەكان و خۆی بە خاوەن ماف و پارێزەر ببینێت». سەبارەت بە ورەی گەنجانیش لەناو ریزەكانی پێشمەرگەدا گوتی: «قوتابخانەی فیكری بارزانی تەنیا هەڵگری رۆحیەتی شۆڕشگێڕی و گیانفیدایی نەبووە، بەڵكو هەڵگری نوێبوونەوە و بونیاتنانی كۆمەڵگەی پێشكەوتوو، خواست و ویستەكانی چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەشە، دامەزراندنی یەكێتی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و دەیان رێكخراوی تری مەدەنی بۆ ئەو قۆناغە دەگەڕێتەوە كە لە گەرمەی شەڕ و شەهیدبوونی دەیان قارەمان ئەم رێكخراوانەی دامەزراند، ئێستاش كاتێك كوردستان بووەتە سیمبول لە ناوچەكەدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی جیهان، ئێمەی گەنجان پشتگیری و پاڵپشتی هەوڵەكانی سەرۆكی كوردستان دەكەین بۆ بە دامەزراویكردنی سوپای كوردستان و بەهێزكردنی، تاوەكو نەك تەنیا هێزی پێشمەرگە پارێزەری خەڵكی باشووری كوردستان بێت، بەڵكو پارێزەری هەموو تاكێكی كورد بێت لە هەر شوێنێك بێت، هەروەك چۆن لە نەبەردییەكانی كۆبانێ بینیمان، ئا لێرەدا گەنج مافی خۆیەتی لەبەرامبەر شەونخوونی و قارەمانێتی ئاوڕێكی جددی لێبدرێتەوە و گرنگی زیاتر بە حەز و داخوازییەكانی بدرێت، بەتایبەتی لە بواری بژێوی ژیان و كار و پێكهێنانی ژیانی هاوسەری بۆ ئەوەی ئاستی نیشتمانپەروەری لەمەش زیاتر بێت».
گەنجمان هەیە شەهید بووە
تەنیا 10 هەزار دیناری لەگیرفاندا بووە
هێرش مامەند لێپرسراوی سەنتەری هەولێری رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان، لە وەڵامی پرسیارێكی گوڵان ئاماژەی بەوە كرد كە سەرەڕای تەحەددییەكانی بەردەم گەنج، بەڵام رۆڵی گەنج لە پاراستنی خاك و نەتەوە دیارە، گوتیشی: «حزووری گەنج بە رێژەیەكی بەرز لە ناو ریزەكانی پێشەوەی بەرەی شەڕی دژ بە داعش بە بێ جیاوازیی ناوچە و زمان و ئایین وەڵامی هەموو ئەو بۆچوونانە بوو كە باسیان لە نەمانی ئینتیمای گەنج دەكرد، شەهید و بریندار و پێشمەرگە گەنجەكانمان دیار و لەبەرچاون كە ئەو توێژە چ خەبات و گیانفیداییەكیان لە بەرەكانی شەڕ و یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوەكان هەیە. بەشداریكردنی ئەو ژمارە زۆرەی گەنجیش تەنیا بە ژمارە هەڵسەنگاندنی بۆ ناكرێت، لە كاتێكدا بەتوانا و چەك و مووچەیەكی كەم رووبەڕووی دەوڵەتێكی تیرۆریستی بوونەتەوە و لەم پێناوەدا دەیان شەهید و برینداریان بەخشییە كوردستان، تەنانەت كۆدەنگییەكیشی لەناو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لێكەوتەوە لەبەرامبەر پرسی پاراستنی كوردستان، رێگریشە لە بەرامبەر هەر مەرام و بۆچوونێكی هاودژ لەگەڵ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان».
لە تەوەرێكی گفتوگۆكانمان لەگەڵ لێپرسراوی سەنتەری هەولێری رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان باسمان لە رۆڵی گەنجان لە بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «حزبە كوردستانییەكان پێویستە لەمەودوا هەنگاو بۆ هاتنەپێشەوەی زیاتری گەنجان بهاوێژن، بەتایبەتی لەناو ریزەكانی پێشمەرگە، بە حوكمی ئەوەی گەنج نوێیە لە ناو ریزەكانی سوپادا، هەربۆیە خاوەنی پۆست و پلەی سەربازی نییە، ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر مووچە و ئیمتیازاتەكانی، تەنانەت لە كاتی یادكردنەوەی شەهیدەكانیش جیاوازی هەیە، لە بواری بە دامەزراویكردنی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكگرتنەوە و رێكخستنەوەی ریزەكانی پێشمەرگە كە هەنگاوی گەورە نراوە و ئەركێكی قورسیش لەسەر شانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كاتێك گەنجێك لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ شەهید دەبێت و تەنیا 10 هەزار دیناری پێیە، ئەمە مانایەكی گەورەیە بۆ سەرجەم سەركردەی حزب و لایەنە سیاسییەكان، بەوەی جگە لە گرنگیدان بە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ، شەڕێكی تریش دژی ناعەدالەتی و گەندەڵی هەیە و دەبێت رووبەڕووی ببینەوە، ناكرێت گەنجێك گیانی بۆ نیشتمان و نەتەوەكەی بەخت بكات، كەسانێكیش سەرقاڵی ڤێلای ناو كێڵگەكان و بازرگانیكردن و كەڵەكەكردنی سامان بن و وەكو خێر ئەو پارەیەی بە نایاسایی كەڵەكەیان كردووە، كۆمەك بۆ شەهیدەكانمان كۆبكەنەوە».
گەنجانی كوردستان
بە توندی رووبەڕووی بیری توندڕەوی بوونەتەوە
سەبارەت بە زیاتر بەرزكردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ خاك، ئەحمەد ئەسكەندەر سكرتێری گشتی رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان، پێیوایە: «بە نیشتمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە رۆڵی گەورەی بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی نیشتمانپەروەری لە نێو گەنجان و لاوان دەبێت، هەروەكو چۆن باشكردن و ئاوڕلێدانەوە لە بنەماڵەی شەهیدان كاریگەری لەسەر گەنجان دەبێت و هەستی نیشتمانپەروەری و ئینتیما بۆ خاك و وڵاتیان زیاتر دەبێت و رۆحی بەشداری و پاڵپشتی مەعنەوی و مەیدانی بۆ پارێزەرانی كوردستان فەراهەم دەبێت، ئەمڕۆ لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خاكی كوردستان، هەست بە بەرزبوونەوەی هەستی نیشتمانی و خۆشەویستیی وڵات و پاراستنی خاكەكەی دەكەین». سەبارەت بە بوونی بیری میانڕەوی و دووركەوتنەوە لە فیكری توندڕەوی و كاریگەری لەسەر پەروەردەی گەنجان، سكرتێری گشتی رێكخراوی گەشەپێدانی كوردستان گوتی: «ئەگەر ئەمڕۆ دیوێكی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە بریتی بێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە بەرەكانی شەڕدا، جێگەی شانازی و سەربەرزییە بۆ هێزی پێشمەرگە كە زۆرینەی لە توێژی گەنجانن، دیوێكی تری رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوییە و گرنگیدانە بە بیری میانڕەوی كە كاریگەری لەسەر چەسپاندنی كەلتووری پێكەوەژیان و رێزگرتنی بەرامبەر و قبووڵكردنی جیاوازییەكان و وەلانانی شەڕانگێزی و پاوانخوازی هەیە، ئێمە وەكو رێكخراوی گەشەپێدان بەشێكی سەرەكیی كارەكانمان تایبەت كردووە بە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و گرنگیدان بە فیكری میانڕەوی لەنێو گەنجان و لاوان.»
گەنج خاوەنی هۆشیارییەكی سیاسیی بەرزە
محەمەد فاتیح بابان رێكخەری رایەڵەی گەنجان و خوێندكاران لە بزووتنەوەی، گۆڕان سەبارەت بە رۆڵی گەنجان لەم قۆناغە هەستیارە و گرنگیدان بە داخوازی و ویستەكانیان، تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «لەسەرجەم شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و شۆڕشی نوێ و نەبەردییەكانی گەلەكەمان زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی شەهید بوون، تەمەنیان لە18 تا 25 ساڵیدا بووە، واتا لە توێژی گەنجان بوون، ئەم رۆحیەتەش بۆ ئەو زوڵم و چەوساندنەوەیە دەگەڕێتەوە كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق بە گەلی كورد كراوە و تا ئێستاش خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە، كە دەكرێت لە ڕێگەی سیستەمێكی پەروەردەیی بەرز و پەیڕەوكردنی دادپەروەری و بەدیهێنانی داخوازییەكانی گەنجان دەوڵەمەندتر بكرێت. بۆ نموونە دابینكردنی هەلی باش و گونجاو بۆ گەنجان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و یارمەتیدانیان بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسەری و چاودێریكردنی كەرتی گشتی و تایبەت بۆ كەمكردنەوەو بنبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی و نەخوازراو». گوتیشی: «ئەم نەبەردییەی گەنجان لەناو زۆربەی گەلانی تری دنیادا هەبووە، بۆ نموونە گەلی كۆسۆڤۆ كە سەربەخۆیی بەدەستهێنا، خاوەنی چەندین شەهیدی گەنج بووە هەروەكو چۆن تا ئێستاش گەنجانی فەلەستین تەسلیمی ئیرادەی داگیركردن نەبوون و رۆژانە شەهید و قوربانی دەدەن، تەنانەت لەناو میللەتە چەوساوەكانیش ئەم نەبەردییە هەیە، ئەوەتا لە بلۆچستانی ئێرانیش ئەم نەبەردییە دەبیندرێت، ئەمڕۆش كاتێك گەنج لە ریزەكانی پێشمەرگە داستانی نەبەردی تۆمار دەكات، بۆ بەرزی ئاستی هۆشیاری و سیاسییەكەی دەگەڕێتەوە، هەر ئەو هۆشیارییەش وایكردووە ساڵ لە دوای ساڵ وەلائی حزبایەتی بەراورد بە كەلتووری نەتەوایەتی كاڵكردۆتەوە. ئێستاش سەرەتاكانی درووستبوونی كۆمەڵگەیەكی ئازاد و دیموكرات سەریهەڵداوە ئەمەش بۆ ئەو یاخیبوونە دەگەڕێتەوە كە گەنج هەڵگری بووە لە شۆڕشەكانی سمكۆخانی شكاك و شێخ سەعیدی پیران و كۆماری كوردستان لە مەهابادو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و شۆڕشی نوێ، ئەمڕۆ پێویستە لەناو دامەزراوەیەكی سەربازی رێكوپێك و مەشق پێكراو ئەو گەنجانە كۆبكرێنەوە و ئاڕاستە بكرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەكان، بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش كارێكی ئاسان نییە و ئیرادەو قوربانیدانی لە لایەن سەركردە و هێزە سیاسییەكانەوە دەوێت، بوونی سوپایەكی دامەزراوی رێكوپێك بە ناوی پێشمەرگە بەدەر لە حزبایەتی زامنی سەركەوتنمانە بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكە كە دەوڵەتی كوردییە، ئەو تواناو یەكڕیزییەی بۆ بەرگریكردن لەخاك و نەتەوە لەلای گەنجەكانی كوردستان دەبیندرێت، جێگای سەرسوڕمانی گەلانی دنیایە، گەنجێك كاتێك لە سەنگەری دژ بەداعش شەڕدەكات و سەر بە پێشمەرگەی باشووری كوردستان بێت، یا رۆژهەڵات، یا گریلایەكی باكوور و شەڕەڤانێكی رۆژئاوا بێت، رۆحیەتی پێشمەرگایەتی تێدایە و خەبات دەكات لە پێناو ئازادی كوردستان، هەربۆیە جیاكردنەوەی گەنج لە كۆمەڵگە و دۆزە نەتەوەییەكان كارێكی ئاستەمە لە كاتێكدا بەشداری گەنج لە پرسە سیاسی و نەتەوەییەكان بەشدارییەكی فراوان و كاریگەرە.»
سیستەمی پەروەردە و حوكمڕانیی باش
رۆڵیان لە بەرزكردنەوەی ئینتیمای گەنجان هەیە
هەر لە میانەی ئەم بەدواداچوونەماندا، فاروق محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی گشتیی سەنتەری پەرەپێدانی لاوان، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان گوتی: «كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی گەنجە بۆیە دواجار گرنگیدان بە گەنجان و لاوان مانای گرنگیدان بە تەواوی كۆمەڵگە و ئایندەی نەتەوەیی كورد دەگەیەنێت. لەگەڵ ئەوەی ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە كوردستان خاوەنی ئەزموون و حوكمڕانیی خۆیەتی، بەڵام لەو ماوەیەدا رۆژ بە رۆژ ئینتیمای گەنجان و لاوانی ئەم وڵاتە بۆ نەتەوە و نیشتمان بەرەو لاوازی و تا ئاستێكی ترسناك لە پاشەكشەدا بوو، ئەوەش لەبەر ئەنجامی ناڵاندنی لاوانی كوردستان بە دەست چەندین كێشە و گرفتەوە بووە، لە سەرووی هەموویانەوە گەندەڵی و ناعەدالەتی و بێكاری بووە. ئەمڕۆش لە هەموو كات زیاتر لاوانی كوردستان بە دەست بێكارییەوە دەناڵێنن، ساڵانەش لەگەڵ زیادبوونی گەنجە خاوەن بڕوانامەكان، ژمارەی بێكارەكان زیاد دەبن، حكومەتیش لەگەڵ ئەوەی ناتوانێت هەموویان لە كەرتی گشتیدا لەخۆ بگرێت، هاوكات هەلی بۆ نەڕەخساندوون تا بتوانن لە كەرتی تایبەتدا تواناكانی خۆیان بەگەڕ بخەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لەكاتی پێویست و ساتە سەختەكاندا لاوان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستاون لە بەرگریكردن لەخاكی نیشتمان و پاراستنی دەستكەوتەكان و گەلی كوردستاندا، وەك دەبینین پێشمەرگەی كوردستان كە بەگشتی گەنجن لەو پێناوەدا و لە شەڕی دژ بە داعشدا قوربانی دەدەن بۆ گەڕانەوە و بەهێزكردنی ئینتیمای لاوان بۆ نیشتمان و دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و هاوكات رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی و بە گەڕخستنی توانایان بۆ پاراستنی خاك و نیشتمان و زیاتر خزمەتكردنی نەتەوە، پێویستیشە حكومەت و لایەنە پێوەندیدارەكان، بە هاوكاری هەموو لایەك چەندین كار ئەنجام بدەن، وكو گرنگیدان بە بواری پەروەردە و خوێندنی ئایینی و بەنیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگە و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانی سەربەخۆ لە گەنجان و لاوانی كوردستان، بەوەش دەتواندرێت گەنجانێكی زۆر بخرێنە سەركار و ئینتیما بۆ نیشتمان درووست بكرێتەوە و هاوكات ببینە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی بەهێز بۆ پاراستنی نیشتمان و خەڵكی كوردستان بە بێ جیاوازی.
Top