ژیانی ژێر چادری ئاوارەكان لەبەر سەرما و لێزمەی باراندا خەمساردیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كەمتەرخەمیی عێراق باری هەرێمی كوردستانی قورستر كردووە

ژیانی ژێر چادری ئاوارەكان لەبەر سەرما و لێزمەی باراندا خەمساردیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كەمتەرخەمیی عێراق  باری هەرێمی كوردستانی قورستر كردووە
كاتێك وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان كەمپەكانی (دارەشەكران، بەحركە و كەورگۆسك)مان بەسەر كردەوە، لە سەر زاری ئاوارەكان چیرۆكی زۆر دڵتەزێنمان بیست، كە لە ئاكامی هاتنی وەرزی زستان و بارانبارین و ئاگركەوتنە لە ناو خێوەتەكان رووبەڕووی ببوونەوە، كە چەندین منداڵ و ئافرەتی كردبووە قوربانی و كەوتنە ژێر ئاوی ژمارەیەكی زۆریش لە چادرەكان، جگە لە زیانەكانی بۆ كەرەستە و كەلوپەلەكانیان، حەوانەوەشیانی دژوار كردبوو.
لەسەرەتای سەردانەكەماندا بۆ كەمپی بەحركە كە 3500 كەسی تێدا نیشتەجێ كراون، ویسام یونس كە خەڵكی موسڵە بۆ گۆڤاری گوڵان هاتە ئاخافتن و سەبارەت بە كێشەكانی خۆیان لە ناو كەمپەكە وتی: «سەرەڕای ژیانی پڕ لە مەینەتی لە ناو چادر و ئاوارەیی و دوورەشاری، ئەوە سەرمای زستان و باران بارینیشی هاتە سەر». ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی لە ئاریشەكانی خۆیان دەكرد، ئەو داواكارییەشی بۆ لایەنی پەیوەندیدار خستەڕوو كە ئاوڕی جددییان لێبدنەوە، بۆ ئەوەی لانیكەم ئافرەت و منداڵەكانیان لە زستان و سارد و سەرما بپارێزن.
دالیا عەلی، ئافرەتێكی دانیشتووی هەمان كەمپە و ئەویش سەبارەت بە دۆخی ژیانی خۆی و خێزانەكەی وتی: «زستان و سەرما هاتووە و لە دۆخێكی زۆر خراپداین، ئاوی باران هاتووەتە ناو خەیمەكانمان و دۆشەك و جلوبەرگی منداڵ و پێداویستییەكانی رۆژانەمان ژێر ئاو كەوتووە، ئەم خەیمانە لە بارانبارین نامانپارێزن، تەنانەت بەرپرسانی كەمپەكە لە توانایاندا نییە نایلۆن و چادری دژ بە باران و ئاگركەوتنەوەمان بۆ دابین بكەن». داوای لە خێرخوازانیش كرد بە «جلوبەرگی منداڵ و قەمسەڵە و بێخەف و بەتانی و چادر و نایلۆن» هاوكاری ئاوارەكان بكەن.
لەهەمان كەمپ ئاوارەیەكی دی بە ناوی عائیشە داوای لە حكومەتی هەرێم كرد، كە بڕە پارەیەكیان بۆ «كڕینی بلۆك و چیمەنتۆ» پێبدەن، تاوەكو خۆیان ژوورێك بۆ ئەم زستانە دروست بكەن، بەوتەی ئەو كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان هەمووان ئەو راستییە دەزانن كە مانەوەیان لە باشووری وڵاتەكەیان درێژە دەكێشێت و، ئێستا شەڕی (داعش)یشی هاتۆتەسەر. ئەو لەبەردەم منداڵەكانی بە حەسرەتەوە باسی ئەوەی كرد، كە بە درێژایی چەند مانگی رابردووی ئەمساڵ لە ناو تەپوتۆز و گەرمای هاوین بە ناچاری ژیانیان بەڕێكردووە، بەڵام بەهاتنی وەرزی بارانبارین و سەرما و سۆڵەی زستان ئەوەندەی دی تووشی مەینەتی بوون.
سەرەڕای گرفتی نەبوونی و كەمیی بودجە و نەهاتنە پێشەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و حكومەتی عێراق، سەدان هەزار ئاوارەی شەڕ روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوەش بارگرانییەكی زۆری بۆ ئیدارە و حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی بەلێشاوی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران كە هەندێك سەرچاوە بە یەك ملیۆن و 400 هەزار پەنابەر و ئاوارەیان خەمڵاندووە، پێشتریش بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان باسی لەوە كرد كە توانا كەمەكانی بەردەست رێگرە لە بەردەم دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی پەنابەران. تاكو ئێستاش وڵاتە كۆمەكبەخشەكان بەپێی پێویست و لەئاست ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەراندا كە روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە، هاوكاریی داراییان پێشكەش نەكردووە، هەر بۆیە پرسی پەنابەران و بوونی زیاتر لە 25 كەمپ لە هەرێمی كوردستان كە 9 كەمپی دیكەش لە دروستكردندان، وادەخوازێت وڵاتە كۆمەكبەخشەكان و حكومەتەكەی عەبادی زیاتر لەم پرسە بێنەدەنگ، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك كە هۆڵ و پۆلەكانی ناو قوتابخانە و باڵەخانە تەواونەكراوەكانیش پڕ بوون لە پەنابەر و ئاوارە.
یونس محەمەد گەنجێكی خەڵكی موسڵە كە لە ناو كەمپی بەحركە نیشتەجێیە و بەمجۆرە باسی كێشەكانی خۆیانی كرد: «بەم زستانە بارودۆخمان زۆر خراپە، بەتایبەتی دوای نەمانی ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی عێراق بە ئاوارەكانی موسڵی دەدا، ئێمە عەرەبی شیعەی پارێزگای موسڵین، كەچی بە هیچ شێوەیەك یەك كاربەدەستی حكومەتی عێراق ئاوڕمان لێناداتەوە».
وتەكانی ئەو ئاوارەیەی شاری موسڵ لەلایەن ژمارەیەكی دیكەی ئەو ئاوارانەی عەرەبی موسڵ پشتڕاست كرایەوەو ئەوانیش حكومەتەكەی (عەبادی)یان لە بەرامبەر پرسی ئەو ئاوارانەی كە لەهەرێمی كوردستان لەناو كەمپەكان نیشتەجێكراون، بە «خەمسارد و كەمتەرخەم» هەژمار كرد.
دواتر لەكەمپی كەورگۆسك چەند ئاوارەیەكی ناو كەمپەكەمان دواند، سەرەتا جویل ئەحمەد وتی: «لەم زستانە ئەگەری زۆرە منداڵ و كۆرپەكانمان تووشی نەخۆشی خراپ بن و لەدەستیان بدەین، چونكە لەگەڵ هاتنی یەكەم باران زۆر لە چادرەكان كەوتنە ژێر لافاو و دۆشەك و بالیف و كەلوپەكانمان بەخەسار چوون، زۆر لەو خێزانانەی ئاو رژایە ناو چادرەكانیان بەناچاری منداڵەكانیان بردە ناو ئۆتۆمبێل و هۆڵەكان و چادرەكانی دیكە، بۆیە داواكارین ژوورێكمان بە بلۆك بۆ دروست بكەن، تاوەكو لە سەرما و بارانی ئەمساڵ بمانپارێزێت».
هەر سەبارەت بە خراپی چادرەكان رێبەر عەبدوڵا وتی: «زۆر دەترسین بەهۆی سەرما و هەڵگیرسانی سۆباوە خەیمەكان بسووتێت و ئاگرەكە تەشەنە بكاتە ناو زۆربەی ماڵەكانی دیكەش، چونكە چادرەكان لێكتر نزیكن و خێزانەكان بۆ خۆپاراستن لە سەرما پەنا بۆ گەرمكەرەوە دەبەن، تەنیاش بە سۆپا دەتوانین خۆمان گەرم بكەینەوە، ژیان بەمجۆرە ناچێتە سەر، باری دەروونیمان تێكچووە و منداڵەكانمان نەخۆش كەوتوون، بێسەروبەری زۆر لەناو كەمپەكان هەیە».
كەمپی دارەشەكران، كەورگۆسك و بەحركە لە كەمپە گەورەكانن و ژمارەیەكی زۆری كوردانی رۆژئاوا و عەرەب و كریستیان و كوردی كاكەیی و شەبەك و ئێزدی و توركمان و خەڵكی ئەنبار و تەنانەت عەرەبی فەڵەستینیشی تێدایە، دانیشتووان و جەماورەی ئەم كەمپانە رێژەیان زۆرە لە ئاستی ناحیە و شارۆچكدان، لەگەڵ ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخەكەش ژمارەكان زۆر زیاتر دەكات، بۆیە پێویست بەوە دەكات چارەسەری كەمپەكان بە گۆڕینی چادرەكان بۆ كابینە دەست پێ بكات، یان هەوڵبدرێت بە بلۆك ژووریان بۆ دروست بكرێت .
لەناو كەمپەكان دیمەنی منداڵە ئاوارەكان كە لەناو شەقامە قوڕاوەییەكان گەمەیان دەكرد، سەرنجی راكێشاین، ئەوان زۆر دركیان بەو مەترسی و خەمە گەورەیە نەدەكرد، كە گەورەكانیان بەدەستیەوە دەیانناڵاند و ترسی هاتنی شەپۆلێكی سەرماو بارانبارینی زیاتریان هەبوو، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زۆرینەی ئاوارەكان سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان دەكرد كە هاوخەمی ژیانی ئەوان بووە و هاوكات داوایان لە سەرۆكی كوردستان دەكرد، زیاتر ئاوڕیان لێبداتەوە.
فەرحان ئەحمەد ئاوارەیەكی نیشتەجێی كەمپی دارەشەكرانە و لە دەستپێكی قسەكانیدا سوپاسی سەرۆكی كوردستانی كرد و وتی: «زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەین كە هاوخەمی ژیانی ئێمەیە و خێزانەكانمانی لە كوشتن و دەستدرێژیكردن لەسەریان پاراستووە، ئومێدیشمان زۆرە بە هەوڵەكانی دەرگای وڵاتانی كۆمەكبەخشمان بۆ بكاتەوەو داوا لەبەرپرسانی كەمپەكەش بكات رێگامان پێ بدرێت ژوورێك بە بلۆك دروست بكەین، یان كابینەیەكی یەك ژووریمان بۆ دابین بكرێت». فەرحان كە سەرقاڵی چاككردنەوەی چادرەكەی بوو، جەختی لەوەش كردەوە كە «ئەو چادرانە بەرگەی با و بۆران و لافاو ناگرن و تێكدەچن»، بۆیە بۆ چارەسەری كێشەیان پێشنیاری دروستكردنی ژووری بە بلۆك، یان دانانی كابینەی دووپات دەكردەوە.
لەسەرجەم ئەو كەمپانەی كە سەردانمان كردن، دەرگەی ئۆفیسەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرابوونەوە كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان روویان تێكردبوو، لەبەردەم ئۆفیسی ئەو دەزگایە لە كەمپی بەحركە هاووڵاتی كامیلە محەمەد وتی: «ئێمە سوپاسی خێرخوازانی هەرێم و حكومەت و دەزگا خێرخوازەكان دەكەین، بەتایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڵام ژیانمان لەناو چادرەكان بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو سۆڵە زۆر زەحمەتە و پێویستیمان بە رێگەچارەی دیكە هەیە، چونكە رەنگە ئەم دۆخە درێژە بكێشێت و ناچار بین كاتێكی زیاتر لێرە بمێنینەوە».
Top