چیرۆكەكانی شنگال تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی دەردەخات

چیرۆكەكانی شنگال تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی دەردەخات
قڕكردنی كوردی شنگال بە (ئێزدی و موسڵمان و شەبەك و كریستیان)ـەوە ژینۆسایدێكی دیكەی خەڵكی سڤیلی نەتەوەی كورد بوو، كە نەك هەر كەرامەتی كوردستان، بەڵكو هەموو جیهانی بریندار كرد. ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییانەی چەكدارانی تەكفیری و تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، دەریخست بە هیچ شێوەیەك چاویان بە ئارامیی ئەم هەرێمە و پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانی كوردستاندا هەڵنایەت. بۆیە بەو پەڕی وەحشیگەرییەوە هەوڵی پاكتاوكردنێكی دیكەی كوردیان دا و جگە لە رەشەكوژی و ئاسمیلەكردن و كۆمەڵكوژی و رفاندنی كچان و فرۆشتنیان، سەدان هەزار هاووڵاتی كوردیان لە شنگال ئاوارە كرد، كە ژمارەیەكی زۆریان لە پارێزگای دهۆك داڵدە دراون، كە بەمجۆرە باسی مەینەتی و ئاریشەكانی خۆیان بۆ گۆڤاری گوڵان دەكەن.
لەناو قوتابخانەیەكی شاری دهۆك زیاتر لە 40 خێزانی ئاوارەی كوردی ئێزدی نیشتەجێ كراون. هەركام لەو خێزانانە چیرۆكی ژیانیان تراژیدیایەكی دڵتەزێنە و لە نێویاندا چەندین منداڵی بێ باوك كراو دەبیندرێن، كە تا هەنوكەش رۆژانە مرواریی فرمێسك بە سەر گۆنای ئاڵیاندا گلۆر دەبێتەوە.
دوعا كچێكی تەمەن نۆ ساڵە و باسی ئەوە دەكات كە لە بەردەم خۆی و دوو خوشك و دوو برایدا چەكدارانی داعش باوك و دوو مامیان كوشتووە. ئەو منداڵە چاوگەشە كە خەم پەژارە هەموو روخساری داپۆشیبوو، بە ناو هەنیسكی گریاندا گوتی: «باوكمیان لە ئۆتۆمبێلەكە دەرهێنا و كوشتیان، كاتێك هەردوو مامەكەم دابەزین، تا فریای باوكم بكەون، ئەوانیشیان دایە بەر گوللە و هەموو گیانیان خوێناوی بوو، هەڕەشەیان لە براكانیشم كردو پێیان وتن: ئەگەر لێرە نەڕۆن، ئێوەش دەكوژین».
دوعا كە دەستی دوو خوشكەكەی گرتبوو، بە گریان و شیوەنێكی دایكانەوە گوتی:
«زۆر بیری باوكمان دەكەین، خوشكەكانم بە بەردەوامی دەگرین، هەر داوای باوكم دەكەن، ئاخر ئەو نەبێت، ئەی كێ خواردنمان بۆ دەهێنێت؟». وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە قورسەی (دوعا) زۆر دژوار بوو. ناچار لەگەڵ هەنبانەی خەمەكانیدا بەجێمان هێشت.
لەدرێژەی سەردانەكەماندا چەند ئاوارەیەكی دیكەی دەڤەری شنگالمان بەسەركردەوە كە لەو باڵەخانانەی ناو شاری دهۆك نیشتەجێ ببوون. بیناكان تەنیا هەیكەلەكەی تەواو ببوو، بە هیچ شێوەیەك بۆ نیشتەجێبوون گونجاو نەبوون. ئەوان بەوەش رازی بوون، بەڵام هاتنی وەرزی پاییز و زستان، مەترسی زۆری بۆ درووست كردبوون.
وەعد خەلەف، وەك خۆی باسیكرد خەڵكی گوندی (تەلبەنات)ـە. ئەو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە گوتی: «هێرشی داعش و جاشە عەرەبەكانی گوندەكانی دەوروبەرمان بەشێوەیەك وا دڕندانە بوو كە لەمێژوودا وێنەی نەبووە، ئێمە لەخەودا بووین، لەدەنگی بۆردومانی هاوەن و تۆپ بەخەبەر هاتین، داعشەكان بە دۆشكە و بەبێ بەزەییانە تەقەیان لە گوندەكەمان كرد، هەموو خەڵك بە منداڵ و ئافرەت و گەنج بەساڵاچوو ترسابوون و هەڵدهاتن، ژمارەیەكی زۆریش لە ئافرەت و منداڵ و پیاوی بەساڵاچوومان لێ بزر بوو، هەندێك دەڵێن: ئەوان دەست داعش كەوتوون و گوللەباران كراون».
هەر سەبارەت بە بێسەروشوێنكردنی كوردەكانی شنگال، خەلەف فەرید گوتی : «خزم و كەسوكارم لەناو ئەو كەسانەدان كە لێمان دابڕاون و ژمارەیەكیان سۆراخیان هەیە، بەڵام ژمارەیەكی تریان لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن كراون و باس لەكوشتنیان دەكرێت».
ئەو كوردە شنگالییە باس لە سووتان و بە تاڵانبردنی ماڵەكانیان دەكات و دەڵێت: «عەرەبەكانی نزیك گوندەكانمان هەڵساون بە تاڵانبردنی كەلوپەلی زۆر لە ماڵەكانمان و تەنانەت زۆر لە خانووەكانیان سوتاندووە، تاوەكو جارێكی تر كورد نەچێتەوە ئەو شوێنانە، لەمەشدا زۆر لە هۆزە عەرەبەكان دەستیان هەبووە».
عەباس عیدۆ هاووڵاتییەكی دیكەی ئاوارەیە و ئەویش بەمجۆرە باسی لە بێسەروشوێنكردنی براكەی كردو گوتی: «براكەم باوكی چوار كوڕ و سێ كچە لەلایەن داعشەوە براوە و بێسەروشوێنە و چارەنووسی نازانین، منداڵەكانی لە بارێكی دەروونی زۆر خراپدان و بە بێ باوك لە ژیانێكی سەختی ئاوارەییدان».
زۆربەی ئاوارەكان كە لە دهۆك نیشتەجێ ببوون، وێڕای ئەوەی سوپاسی خەڵكی دهۆك و پارێزگاریان دەكرد كە لەو دۆخە ناهەموار و گەمارۆیەدا بەهانایانەوە چوون، هاوكات داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكرد، مشورێكی هاتنی وەرزی زستانیان بخۆن، چونكە ئەوان خاوەنی منداڵ و ئافرەت و كەسانی بەساڵاچوو بوون، جەختیشیان لەوە دەكردەوە كە ئەگەر لەم زستانەدا لەو بارودۆخەدا بمێننەوە، نەخۆش دەكەون و بەهیلاك دەچن. هەر بۆیە داوای دروستكردنی كەمپی هاوچەرخیان دەكرد، لەوەش دڵنیابوون كە رزگاركردنی شنگال و دەشتی موسڵ و كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە بە تەواوی كاتێكی زۆری دەوێت.
كاریگەرییەكانی رۆژانی نەهامەتی و نەهات و مەینەتەكانی سەر چیای شنگال، بەئاسانی لە زەینی كوردی شنگال ناسڕێتەوە.ئەوان بیروەرییەكی زۆر تاڵیان لەو رۆژانە هەیە. ئەوەتا ئەلیاس باپیر كە لاوێكی ئێزدییە دەڵێت: «بە درێژایی شەش رۆژ لە سەر چیای شنگال خەڵكی بە بێ نان و ئاو و لە ژێر پلەیەكی گەرمای بەرز لەگەڵ مەرگ رووبەڕوو دەبوونەوە، ژمارەیەك لە منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچوو مردن، كۆمەك و یارمەتیەكانیش بەشی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانی نەدەكرد، ئێمە بە گەنمی كوڵاو (دانوو) منداڵەكانمان لە مردن رزگار كرد».
ئەلیاس رەشۆ یەكێكە لەو هەزاران ئاوارەیە و ئەویش بە نیگەرانییەكی زۆرەوە بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «دایك و باوكم لە چیای شنگال بە جێماون و چارەنووسیان نازانم، من زیاتر لە عەرەبە سوننەكان دەترسم كە بوونە داعش و ئازاریان بە ئێمە گەیاند، ئەوان پێشتریش لەئەنفالی كورد بەشداربوون و شارەزاییان لە قڕكردنی كورددا هەیە».
حەمۆ خەلیل خەڵكی گوندی سیپا شێخ خدرە، ئەویش خۆی و خانەوادەكەی قوربانی تاوانەكانی داعشن، بەڵام وەك خۆی باسیكرد، زیاتر لە چەكدارانی داعش، رقی لە عەرەبەكانی ناوچەكەیان هەڵگرتووە، بۆیە دەڵێت: «عەرەبە خۆفرۆشەكان دەستیان بەخوێنی گەنج و منداڵ و ئافرەت و بەساڵاچووی ئێمە سوور بووە، بە درێژایی ئەو رێگەیەی لێی هەڵهاتین، دەیان لاشەی خەڵكی خۆمان دەبینی، خەڵكی بەلێشاو رایان دەكردو زۆربەیان دەگریان، ئەمڕۆ باری تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوونمان ئارامی نەكردووین، ونبوونی ئازیزانیشمان خەمێكی زۆر گەورەیە، ئەوەتا باوكم تەمەنی 100 ساڵە تا ئێستا هەواڵی نازانم، من وادەمزانی لەگەڵ براكانم هەڵهاتووە، كەچی لەوێ ماوەتەوە».
یەكێك لەگرفتەكانی خێزانە شنگالییەكان بوونی منداڵێكی زۆری پەككەوتووی خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەخیل خدر كە باوكی منداڵێكی ئیفلیجە و لەناو بەردوداری باڵەخانەیەكدا نیشتەجێیە، بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە گوتی: «لە بۆردومانەكەی شنگالدا، غالیەی كچە خنجیلانەكەم كە تەنیا پێنج ساڵی تەمەن بوو، بەهۆی هاوەنەكانی داعشەوە لە حەوشەی ماڵەكەم كوژرا، تەنیا كچە كەمئەندامەكەم بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بۆ دەرباز كرا، ئێستاش ژیان لەم شوێنە سەختە بۆ منداڵێكی پەككەوتە، هیچ رێكخراو و لایەنێكیش بەهانای كچە نەخۆشەكەم نەچووە».
هەر لەو ئاوارانە خێزانێكمان دواند كە باوكیان پێشمەرگەیە و لەگەڵ (قاسم شەشۆ) لەچیا ماوەتەوە، كوڕێكی تەمەن 12 ساڵی ئەو پێشمەرگەیە پێی وتین: «زیاتر لە مانگێكە باوكم نەبینیوە و چووەتەوە چیا، زۆر بیری دەكەم، دایكم دەڵێت: باوكتان پارێزگاری لە كوردستان دەكات، بۆیە داوا لەخوا دەكەم ئەویش و هەموو پێشمەرگەكان بپارێزێت».
گەورەیی كارەساتەكە و ژمارەی زۆری ئاوارەكانی شنگال و بەعشیقە و ناوچەكانی دەشتی موسڵ، ئەوە داخوازێت هەنگاوەكان زیاتر چڕ بكرێنەوە و پێش هاتنی وەرزی زستان ئاوڕێكی جددییان لێبدرێتەوە.
فیراس سەڵاح كە ئاوارەیەكی خەڵكی بەعشیقەیە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «پەرتەوازەبوونی ئاوارەكان بەسەر شارو قەزاو ناحیە و ئەو هەموو قوتابخانەكان كاری دابەشكردنی كۆمەك و یارمەتییەكانی ئێجگار قورس كردووە، تەنانەت لە دابەشكردنی هاوكاری و كۆمەكەكان جیاوازی هەیە، قوتابخانە هەیە 78 خێزانی ئاوارەی تێدایە و كۆمەك و هاوكاری كەمی پێدەگات، زۆربەی ئاوارەكان سەرەڕای ئەو قوربانییە گەورەیە و سەختی ژیانیان، چاویان لەگەڕانەوەیە بۆ سەر زێدی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ماوەیەكی زۆری دەوێت و پێویستە پێش هاتنی زستان چارەسەری كێشەی نیشتەجێبوونیان بكرێ».
Top