گەنجان داینەمۆی كۆمەڵگە و خوڵقێنەری داهێنەرەكانن

گەنجان داینەمۆی كۆمەڵگە و خوڵقێنەری داهێنەرەكانن
گەنچ ئەو توێژە گرنگەی ناو كۆمەڵگەيە و داینەمۆی هەموو شۆڕش و خەباتەكانی گەلی كوردستان بووە و وەكو سەڕی رم لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان و بەدەستهێنانی ئازادی ئامادەی گیانفیدایی و قوربانیدان بووە. ئەمڕۆش لە رووی سەربازی و خۆبەخشییەوە گەنجان رۆڵێكی بەرچاویان لەشەڕی بەرگری لە كوردستاندا هەیە، بەمەش جارێكی دی سەلماندیان كە ئەو توێژ و كاراكتەرە بەهێز و بەتوانایە دەتوانێت لەسەرجەم كایەكاندا رۆڵی هەبێت.
گەڕانەوەی رۆڵی گەنج لەبوارە هەستیارەكانی سیاسی و سەربازیدا پێویستی بەدووبارە رێكخستنەوەو ئاراستەكردن هەیە، بەتایبەتی دوای ئەو یەكڕیزی و یەكدەنگیەی گەنج كە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی داعش دەرهەق بە گەلی كوردستان دروستبووە. لەم روانگەیەوە پێویستە ئەو پرسیارە بكەین كە: ئایا رێكخراو و ناوەندە پێوەندیدارەكان تا چ ئاستێك ئامادەییان هەبووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گەنجان بۆ ئەوەی ئەو ئامادەییەی تێدابێت بۆ خۆبەخشین و چوون بۆ سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ و بەهاناچوونی لێقەوماوان و ئاوارەكان، بۆ لەباوەشكردنی ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەش گرنگە پرۆسەیەكی گشتگیر هەبێت. گوڵان ئەم پرسەی رووبەڕووی ریكخراوەكانی لاوان و گەنجان كردەوە و ئەوانیش بەمجۆرە رای خۆیان خستەڕوو.

لاوان و هەڵوێستی جوامێرانەیان لەبەرەكانی شەڕدا
ئومێد خۆشناو سكرتێری یەكێتی لاوانی كوردستان، سەبارەت بە هەڵوێستی جوامێرانەی لاوانی كوردستان رایوایە زۆربەی لاوان بە رۆڵی راستەقینەی خۆیان هەڵسان و هەڵوێستی جوامێرانەیان بەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش هەبووە، گوتیشی: گەنجانی كوردستان ئومێدیان زۆرە لە ژێر چەتری ئەو ئازادی و دیموكراتییەی لەم هەرێمە هەیە ئومێد و خواستەكانیان بهێننەدی.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی لەلای توێژی گەنج لەم قۆناغەدا لە چ ئاستێكدایە، وتی: پەلامارەكانی چەكدارانەی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كۆمەڵكوژكردنی پێكهاتەیەكی گرنكی كوردستانییەكان هێرشێكی دڕندانەیە دژ بە ئەزموونی كوردستان و مرۆڤایەتی و دیموكراسیەت، كاتێكیش پێشمەرگە رووبەڕووی ئەو شەڕەی دەوڵەتی تیرۆرستی پڕ لەچەكی پێشكەوتوو بووەوە، لاوان وەكو توێژێكی گرنگی ناو كۆمەڵگە بەشداری كارایان لە داستانی بەرگریكردن و پاراستنی خاكی كوردستان هەبووە، بە شێوەیەك ئەو قسەو بۆچوونە بێ بنەما زانستییانەی كە ئەوكات دەكرا و باسی لە لاوازی ئینتمای گەنجان دەكرد، هەمووی رەتكردەوە. ئەوەتا گەنجێك بە كۆمپیوتەر و لە رێگەی فەیسبووك و تویتەرەوە كارە دڕندەییەكانی داعش و تیرۆرستان مەحكوم دەكات و كۆمەڵكوژی ئێزیدی و كریستیانەكان بەدنیا دەناسێنێت، گەنجێكی تر وەكو خۆبەخش بەرەو سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە چووەو لە رووی فریاكەوتنی ئاوارەو لێقەوماوەكانیشەوە رۆڵی گەنج دیار و لەبەرچاوە. هەربۆیە لەم روانگەیەوە پێموایە دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر خەڵكی سیڤیلی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی گەنجان دەبێت دیراسەو توێژینەوەی نوێ بۆ ئینتمای گەنج بكرێت و لەلایەن ناوەندەكانیشەوە ئاوڕێكی جددی لەخواست و ویستەكانی گەنج بدرێتەوە.
رێكخستن و پەرەپێدانی توانای لاوان
لایەنێكی دیكەی گرنگ چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ توانا و لێهاتوویی لاوان و چۆنیەتی پەرەپێدانی ئەم توانایانە بۆ خزمەتی كوردستان، سەبارەت بەسوود وەرگرتن لەتواناو هێزی گەنجان، ئەحمەد ئەسكەندەر سكرتێری گشتی رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ گوڵان وتی: رێكخستن و پەرەپێدانی تواناكانی گەنج پێویستی بەوە هەیە زیاتر بخرێنە مەیدانی كاركردن، لەم پێناوەشدا بواریان بۆ بڕەخسێت، تاوەكو لەچوارچێوەی ئەرك و مافدا گەنج بكرێتە ئەو كاراكتەرەی كە كۆمەڵگەی كوردستان پێویستێتی، چونكە ئەگەر خوانەخواستە لەم كۆمەڵگەیەدا بڕبڕە پشتی كارەكان گەنج نەبێت و تواناكانی لە شتێكی دامەزراوەیی و رێكوپێكدا خەرج نەكرێت، ئەوا ئەو كۆمەڵگەیە بەرەو دابڕان و داخراوەیی و پاشەكشەكردن دەچێت. من هەرگیز لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نەبووم كە پارتە سیاسییەكان هۆكارێك بن بۆ پەرتەوازەبوونی گەنج، بەپێچەوانەوە هەروەكو چۆن لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان دەیبینین حزب بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگەی پێ بەرز بكرێتەوە، هەربۆیە كاتی ئەوە هاتووە حزبایەتی نەبێتە هۆكارێك بۆ لاوازیی ئینتمای گەنجان، بەتایبەتی لەكاتی ئێستادا كە هێرشی داعش بۆ سەركوردستان لە دژی هەموو تاكێكی كوردستانییە و خاڵە هاوبەشەكانی گەنجیش زۆر لە جیاوازییەكان زیاترە. ئەمڕۆ ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوەو هەڕەشە بووە لەسەر كوردستان و بەرژەوەندی گشتی وایكردووە سەڕەرای جیاوازییە حزبییەكان یەكڕیزی لەناو كۆمەڵگە دروست بێت و هاوبەشیەكی زۆر لەلای گەنجان لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لێكەوتۆتەوە، كە هۆكارێكە بۆ بەهێزبوون و رێكخستنی تواناكانیان و گەنجێكی زۆر لە شار و شارۆچكەو گوندەكان روویان لە بەرەكانی جەنگ كردووە، بگرە ژمارەیەكی زۆریان قوتابین كە ئەمەش وایكرد تاقیكردنەوەكانی دەوری دووەم دوابخرێت.
چەندین گەنجی خۆبەخش روویان لەبەرەكانی شەڕكردووە
هەر سەبارەت بەم پرسە كارزان عەزیز گەردی ئەندامی ژووری هەڵبژاردن و چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان لە بزووتنەوەی گۆڕان وتی: هەستی نیشتمانپەروەری و ئینتما بۆ خاك و نەتەوە لەلای گەنجانی كوردستان بەرزەو قوربانی و شەهیدەكانی رابردووش شاهیدی ئەم حاڵەتەن، بەڵام لە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، گەنجانی ئێمە بە پرۆسەیەكی قورسی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و نادادپەوەریی و ململانێی حزبایەتی تێپەڕیون. لەگەڵ بوونی ئەم حاڵەتە و دڵگرانی و ناڕەزایەتییەی گەنجیشدا، بەڵام گەنجان بە رۆڵی نەتەوایەتی و نیشتمانی خۆیان هەڵسان و ئەمڕۆ لە پێشەوەی سەنگەرەكانی شەڕ بەرگری لە هاووڵاتیان دەكەن و چەندین گەنجی خۆبەخش روویان لەبەرەكانی شەڕكردووە و لەم پێناوەشدا شەهید و قوربانییان هەیە.
كەمپێك نییە سەدان گەنج كاری تێیدا نەكەن
كامەران سەلیم رەشید لە رێكخراوی ئازادی لاوانی كوردستان، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان سەبارەت بە بەشداریكردنی گەنج لە بەرگریكردن لەخاكی كوردستان و ئامادەیی گەنج بۆ گیانفیدایی و قوربانیدان، وتی: گەنجەكانی كوردستان جیا لە هەموو گەنجەكانی وڵاتانی جیهان زیاتر قوربانی و گیانفیداییان تێدابووە و لە قۆناغە مێژووییەكانی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستان دەیان پاڵەوانێتی و نەبەردییان تۆمار كردووە، ئەمڕۆش لەگەڵ ئەو هێڕشە دڕندەیی و كۆمەڵكوژییەی دەرهەق بەگەلی كوردستان كرا، بەجیاوازی ئایدیۆلۆژیا و بۆچوون و ئەندامێتی پارتە سیاسییەكانەوە گەنج راپەڕین و روویان لە بەرەكانی جەنگ كرد، لە رووی یارمەتیدان و فریاكەوتنی ئاوارەكانیشەوە ئەمڕۆ كەمپێك نییە تێیدا سەدان گەنج كار نەكەن كە زۆربەیان خۆبەخشانە روویان لە شوێنەكانی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری كردووە، خۆبەخشەكانی پێشمەرگەو كەمپەكانی ئاوارە شاهیدی ئەو راستییەن كە گەنجی كورد خاوەنی چ ئینتما و هەڵوێستێكی نیشتمانییە كە دەبێت سوودی لێوەربگیرێت و پاڵپشتییان بكرێت و چی دیكە حەز و ئاوات و داواكارییەكانیان پشتگوێ نەخرێت. هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەنج لەناو فەیسبووك و تویتەر و كەناڵەكانی دیكەی راگەیاندنەوە هەڵوێستێكە لەناخی دڵیەوە هەڵقوڵاوەو دیوارێكی پۆڵایینە لە بەردەم هێرشی رەشەكوژی داعشەكان، زۆربەی ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی ئەوروپاو جیهان بەشداربوون، گەنجەكانی كوردستان بوون لە هەندەران، تەنانەت ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگەكانمان كە لەپێناو خاك و نەتەوەكەیاندا شەهید بوون، لەتوێژی گەنج و لاوانن، بێگومان لە بەرامبەریشدا گەنجانێك هەبوون كە ئەو رۆڵەیان نەگێڕاوە، یان بەپێچەوانەوە هەڵوێستەكانیان سلبی بووە، یا لەهەندێك وڵات كوردستانییەكان بەو شێوە كاریگەر و فراوانە بەشداری ئەو خۆپیشاندانەیان نەكرد كە بۆ ریسواكردنی رەشەكوژی كوردە ئێزیدیەكان رێكخرا، بەڵام ئەمەش بۆ لایەنە پێوەندیدارەكانی هەندەران و نوێنەرایەتی كورد لەو وڵاتانە دەگێڕمەوە، هەرچۆنێك بێت پێویستە رێكخراوەكانی پێوەندیدار بە توێژی گەنجان و لاوان كۆ ببنەوە و چالاكی و هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت.
داعشەكان دەیانەوێت گەنج ئومێدی بە دواڕۆژی نەمێنێ
كۆچەر بەختیار سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان راوبۆچوونێكی جیاوازی هەبوو، ئەو دەڵێت: دەكرا رۆڵی گەنج لەم بارودۆخەدا زۆر زیاتر بووایە، بەڵام كاڵبوونەوەی یەكڕیزی گەنج و لاوازی حزبە سیاسییەكان لە وەبەرهێنانی توانای گەنج و تا رادەیەك گرنگینەدانی حكومەت بە خواست و ویستەكانی گەنجان زیانی بە یەكهەڵوێستی و بەهێزكردنی كاروچالاكییەكانی توێژەی گەنجان و لاوان گەیاندووە، گەرچی ئەمە رێگر نەبوو لەبەردەم هەڵوێستی جوامێرانەی گەنج و لاو چ لە بەرەكانی جەنگدا، چ لە یارمەتیدانی لێقەوماوەكان و كاركردن لە كایە جیاجیاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی تەنیا بیر لە بەرگریكردن لە كوردستان و بەدیهێنانی دەوڵەتی كوردی دەكەنەوە، راگەیاندنیش دەبێت بە ئەركی نیشتمانی خۆی هەڵسێت و چیتر ئەوەندە جیاوازییەكان و رووداوەكانی رابردوو یان ئەو كەموكوڕی و كەمتەرخەمییانەی بەرامبەر ویست و خواستەكانی گەنج كراوە، نەورووژێنن، خۆشبەختانە گەنج و لاوی كوردستان دەركەوت كە بەرژەوەندی باڵاو خاك و نەتەوەكەی لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە داناوە و بەهەموو توانایەوە لە دژی ئەنفالێكی تر وەستاون. ئەمڕۆ گەنج ئەو راستییە دەزانێت، كە گەر خاكی نەبێت، ئازادی و دیموكراسی و بەدیهێنانی خواست و ویستەكانی هیچ واتایەك ناگەیەنێت، واتا داعشەكان دەیانەوێت خەونی گەنج بكوژن و ئومێدی بە دواڕۆژ نەهێڵن، هەر بۆیە بەیەك دەنگ و یەك هەڵوێست لە زۆربەی بەرەكانی جەنگەوە گەنجانی خۆبەخش و پێشمەرگەكان كە زۆربەیان لەتوێژی لاوانن، رووبەڕووی تیرۆرستان بوونەوە.
Top