دكتۆر سامان حوسێن بەرزنجیبەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ (گوڵان):هەرێمی كوردستان پێویستی بە دامەزراوەیەكی مۆدێرنی پزیشكیی پێشمەرگە هەیە

دكتۆر سامان حوسێن بەرزنجیبەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ (گوڵان):هەرێمی كوردستان پێویستی بە دامەزراوەیەكی مۆدێرنی پزیشكیی پێشمەرگە هەیە
سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی و ئامادەباشی بۆ هەر پێشهات و رووداوێكی نەخوازراو، هەروەها لە پێناو پێشوازی كردنی ئەو نەخۆش و بریندارانەی پێشمەرگە و ئاوارەكان، دكتۆر سامان حوسێن بەرزنجی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (گوڵان) گوتی: دوو مانگ بەر لە ئێستا لە شارۆچكەی بەرتللە تەقینەوەیەكی گەورە رووی دا، دەستبەجێ تیمێكی هێزی كار لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر دامەزرا و توانیمان تیمەكانی فریاگوزاری و ئەمبوڵانس بنێرینە شوێنی رووداوەكە و چارەسەری فریاگوزاری پێشكەش بە بریندارەكان بكەین، پاشان لەگەڵ دەست پێ كردنی رووداوەكانی ئەم دواییەی شاری مووسڵ و هێرشی تیرۆرستیانی داعش بۆ سەر كوردستان، توانرا بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر و رێنماییەكانی وەزیری تەندروستی، كار و چالاكی بەجێ بگەیەنین و پلانی (A وB) دابنێین. بەمەش بووینە خاوەن پلانێكی پێشكەوتووی فریاگوزاری بۆ پێشوازی كردنی بریندار و قوربانیانی شەڕ و رووداوەكان و ئامادە كردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگە بە ئەندازەی پێویست، تەنانەت لیژنەیەكی باڵا بۆ دەست نیشان كردنی ئەو پێشمەرگە نەبەردانەش دامەزرا، كە لە سەنگەری بەرگریدا بریندار دەبن و پێویستیان بە گواستنەوە هەیە بۆ چارەسەری زیاتر لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی پێشكەوتووی دەرەوەی وڵات.
بە شێوەیەكی گشتی، وەك دكتۆر سامان گوتی: ئێمە و لایەنانی پێوەندیداری دی لە هەردوو بواری ئامادەباشی و فریاكەوتنی بریندارانی پێشمەرگە نەبەردەكانی كوردستان، لە جێبەجێ كردنی پلانەكەماندا سەركەوتوو بووین. بۆ ئەم مەبەستە پارێزگای هەولێرمان بۆ 3 میحوەر دابەش كردووە: (میحوەری رۆژهەڵاتی مووسڵ لە خازر و قەرەقوش و ناوچەكانی دەوروبەریان، میحوەری گوێڕ قەراج (مەخموور)، میحوەری دووبز و رەشاد (رێی كەركووك)، تەنانەت لەو میحوەر و شوێنانەش بنكەی فریاگوزاریی جێگیرمان لە نزیك هێڵی دواوەی سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە دامەزراندووە. لە میحوەری مووسڵ بنكەی تەندروستیی ساڕێژیشمان لە خەبات دامەزراند، هەروەها لە میحوەری گوێڕ و مەخمووریش بنكەی فریاگوزاریی تەندروستیی مەخمور و شێراوەمان لە سەر رێی كەركووك دانا بۆ ئەم مەبەستە. بە بەردەوامیش لە هێڵەكانی پێشەوەی سەنگەری پێشمەرگە تیمەكانی پزیشكی و ئەمبۆڵانس لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بوون .
سەبارەت بە ئامادەباشیی نەخۆشخانەكانی ناو شاری هەولێریش، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتی: نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا و ئیمێرجنسی لە ئامادەباشیدا بوون بۆ پێشوازی كردنی بریندارانی پێشمەرگە كە رۆڵی سەرەكییان بینیوە و ئامادەییان هەبووە بۆ دەستبەجێ فریاكەوتن و بەجێ گەیاندنی نەشتەرگەری بە رادەیەك بە بەردەوامی و بە درێژایی شەو و رۆژ دەمودەست نەشتەرگەری بۆ پێشمەرگە كراوە، بۆ بەدەنگەوە هاتنی ئەو پاڵەپەستۆ و خزمەتەش، دەرمان و پێداویستی پزیشكییان بۆ دابین كراوە تەنانەت سەنتەری گواستنەوەی خوێن 24 كاتژمێر بۆ خوێن وەرگرتن كاریان كردووە. لە هەموو بنكەكانی تەندروستیی ئەو قەزا و ناحیە و گوندانەی نزیك بەرەكانی شەڕ بوون، سوودمان وەرگرتووە. دوای ئەوەی قەزای مەخموور و ناحیەی گوێڕ رزگار كرانەوە، ستافی تەواوی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی گەڕانەوە سەر ئیش و كارەكانیان، ئێستاش پاڵپشتی و هاوكاریی زۆری برینداران و هێزی پێشمەرگە دەكەن و بە بەردەوامیش لەگەڵ پزیشك سەردانی مەیدانییان دەكەین، تا لە نزیكەوە ئاگاداری گرفت و كێشەكان و دابین كردنی پێداویستەكان بین.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەشڵێ: تیمەكانی پزیشكی و بنكەكانی تەندروستیمان بە بەردەوامی پاڵپشتی و هاوكاریی رێكخراوەكانی خێرخواز و هێزەكانی خۆبەخشانیان كردووە، لەم رووەوە رۆڵمان هەبووە لە پێشخستنی كار و چالاكییەكانیان . ئێستا نەخۆشخانەكانی وەك بارزان و چۆمان و سۆران و قەزا و ناحیەكانی دیكەی پارێزگای هەولێر، ئامادەكاریی باش هەبووە بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و گەیاندنی كۆمەكی تەندروستی، بۆ نموونە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و نەخۆشخانەی بارزان بۆ هێزی پێشمەرگە و ئاوارەكانی شنگال لە ناحیەی سحێلا دەرمان و پێداویستی پزیشكییان ناردووە. تیمەكانی پزیشكی و ئەمبۆڵانسی ئێمە بەردەوام هاوكاریی ئاوارەكانی ناوچەی سحێلا و شەنگالیان كردووە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سۆران و چۆمانیش بۆ میحوەرەكانی گوێڕ و مەخموور بە تیمی پزیشكی و ئەمبۆڵانسەوە هاتن.
دكتۆر سامان بەرزنجی دەشڵێ: لە كاتی پێویستیشدا رێنماییمان بە هەموو بنكە و نەخۆشخانەكانی ناو شاری هەولێر داوە، كە لە كاتی پێویستدا بە هەموو توانا و پزیشك و كارمەندی خۆیانەوە لە ئامادەباشیدا بن، تەنانەت مۆڵەتی ئاسایی و سەفەرمان بە رادەیەكی زۆر راگرتووە، رۆژانی پشووشمان لە كاتی پێویستدا راگرتووە، گشتاندنمان بۆ هەموو كۆگاكانی دەرمانیش ناردووە كە لە كاتی پێویستدا لە ئامادەباشیدا بن، هەر دەرمان و پێداویستێكی پزیشكی نەبێت، لە دەرەوەی وڵاتەوە بهێندرێت و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین لیستی پێداویستی پزیشكی و دەرمانمان ئامادە كردووە و دراوەتە وڵاتانی كۆمەكبەخش و ئاژانسەكانی پەیوەندیداری نەتەوە یەكگرتووەكان، تاكوو لە كاتی لە ناكاو و كتوپڕ و رووداوی نەخوازراودا، تەنیا پشت بەو دەرمانە نەبەستین كە زۆر بە كەمی لە عێراقەوە بۆمان دێت. ئەم تیمە فریاگوزاریانەش لەگەڵ پزیشكی هێزەكانی پێشمەرگە هەماهەنگیی تەواومان هەیە، كە بە داخەوە لە ئاستێكی پێویستی فراوانی بەرەكانی جەنگ و كارە تیرۆریستییەكان نییە.
سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەكان و ئەو لێشاوە زۆرەی پەنابەران كە رووی لە كوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی كردووە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر گوتی: بۆ بەهاناوە چوون و چارەسەر كردنی نەخۆشی ئاوارەكان، دەستبەجێ سەردانمان كردوون و كارمان بۆ كروون، بۆ ئەم مەبەستەش نەخۆشخانەی گەڕۆك و ئەمبۆڵانس بۆ كوردانی باكوور لە پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان و بۆ هاووڵاتیانی مەسیحی لە شارۆچكەی عەنكاوە و بۆ كوردانی كاكەیی لە شوێنی جیاجیای ناو بینایە و دووكانەكانی كەڵەك و بۆ كوردانی شەبەك لە كەمپی بەحركە، دابین كردووە. هەروەها چەندین بنكەی تەندروستی لە ناو كەمپی بەحركە و بنكەی تەندروستیی حەبیب مالح لە شارۆچكەی عەنكاوە 24 كاتژمێر كراوەیە.
دكتۆر سامان زیاتر گوتی: ئەمە جگە لە هەڵمەتەكانی خۆپاراستن دژی نەخۆشیی درم و چاودێری كردنی ئاو و خۆراك و هەڵمەتی هۆشیاریی تەندروستی لە كەمپی خازر و شارۆچكەی عەنكاوە. لەم رووەوە هەڵمەتی كوتانی سەرتاسەریمان بۆ ئاوارەكان دەست پێ كردووە بە تایبەتی هەڵمەتی كوتان دژی سوورێژە، هەروەها رەوانە كردنی ئەو نەخۆشانەی كە پێویستیان بە نەشتەرگەری و لەدایك بوون و پێداویستی تایبەت هەیە بۆ نەخۆشخانەكان. بە شێوەیەكی گشتی نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی بە هۆی ئەو لێشاوەی پەنابەران و ئاوارەوە، لۆد و پاڵەپەستۆیەكی لە رادەبەدەریان لە سەرە، تا ئاستێك ژمارەی نەخۆش چەندین هێندەی لێهاتووە. لێرەوە لە رێی گۆڤاری (گوڵان)ـەوە رایدەگەیەنم كە 50 هەزار جورعەی كوتان بۆ پارێزگای دهۆك دەنێرین، تاكوو بۆ بنبڕ كردنی ئیفلیجی منداڵان، بە منداڵانی ئاوارەی شنگال بدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر سەبارەت بە پێشخستن و بەرەو پێش چوونی لایەنی پزیشكیی سەربازی و دامەزراندنی نەخۆشخانە و بنكەی فریاگوزاریی سەربازی گوتی: پێشنیار دەكەین لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە و لە ناو شارەكاندا تیم و هێزی بەردەوامی پزیشكی بە باشترین شێوە دابمەزرێت، ئەوەی ئێستا هەیە پێش بخرێت و ژمارەی پزیشك و كارمەندانی زیاتر بكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش دامەزراوەیەكی تایبەت بە پزیشكیی وەزارەتی پێشمەرگە دابمەزرێت و نەخۆشخانەیەك تایبەت بكرێت بە پێشمەرگە، كە سەرجەم كەلوپەل و ئەمبۆڵانس و هەیلیكۆپتەری تایبەت بە گواستنەوەی برینداریش دابین بكرێت، لەم رووەوە خۆشبەختانە لە رێی هەلیكۆپتەرەوە توانرا زۆر لە بریندارەكان بە تایبەتی ئەوانەی لە چپای شەنگال بوون، گەیەندرانە نەخۆشخانەكان.
Top