دوای گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كلتوری پێكەوەژیان مەترسیی تیرۆر و كێشەی مەزهەبی نەهێشتووە

دوای گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كلتوری پێكەوەژیان مەترسیی تیرۆر و كێشەی مەزهەبی نەهێشتووە
كەركوك ئەگەر هەتا ئێستا لەرووی سیاسییەوە بە دڵی كوردستان ناو زەد كرابێت، ئەوە لەمڕۆ بەدواوە دەبێتە دڵی كوردستان بۆ پیشاندانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیان و پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسیی لە كوردستاندا، بەڕێز سەرۆكی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ كەركوك تەواوی پێكهاتەكانی كەركوكی دڵنیاكردەوە و پێی راگەیاندن لە ئێستاوە چاوەڕێی سەخاوەتی سیاسەتی حكومڕانی كوردستان بن، ئەمەش مانای ئەوەیە گەڕانەوەی كەركوك بۆسەر هەرێمی كوردستان واتە گەڕانەوەی كەركوكە بۆ ناو كەلتوری پێكەوە ژیان و یەكتری قبوڵ كردن و پاراستنی سیمای فرەیی و ئایینیی و نەتەوەیی، لەمەش زیاتر گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكە بۆ ناو حكومڕانی كوردستان، واتە زیادبوونی نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكان لە پەرلەمانی كوردستان و شادبوونی پێكهاتە جیاوازەكان بەو مافانەی كە لەدەستووری كوردستاندا دیاری كراوە، لەمەش زیاتر دەنگدانیان دەبێت بەو دەستوورەی كە كۆتایی بە جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی كوردستان دەهێنێت.



لەمیانەی بەسەركردنەوەی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ شاری كەركوك، بەڕێز محەمەد كەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد هێزی پێشمەرگە توانیوویەتی ئارامی و ئاسایشی كەركوك بپارێزێت و نەیهێشت دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دروست بێت، سەبارەت بە ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوكیش بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، كەركوك بەپێی هەموو دیكۆمێنتەكانی عوسمانی و بەریتانی و ئەوروپایی و روسی بەخاكی كوردستان دادەنرێت، خەڵكی رەسەنی كەركوك پێكدێت لەكورد و توركمان و سریانی و عەرەب، بەدرێژایی مێژوو هەتا سیاسەتی بەعەرەبكردن و راگواستن و تێكدانی سنوری ئیداری پارێزگای كەركوك دەستی پێنەكردبوو، ئەم شارە شاری پێكەوە ژیان و لێبوردەیی و یەكتری قبوڵكردن بووە، لە كەركوكدا چەندین زمانی جیاواز بوونی هەیە، هەموو پێكهاتەكان لەیەكتری تێدەگەن و بەزمانی تایبەتی خۆیان وەڵامی یەكتری دەدەنەوە، بۆیە هەموو كات كەركوك بەشێك بووە لە كوردستان و لەماوەی دوو دەیەی رابردوو ئەمە سێهەمین جارە كە كەركوك دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دیارە بێجگە لەم جارە لە بەهاری 1991 هاوشانی شارەكانی كوردستان، راپەڕین و ئازادكردنی كەركوك تاجی خستە سەر سەری راپەڕین و لە ساڵی 2003یش لەپرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا، هێزی پێشمەرگە 72 كاتژمێر پێش هێزەكانی ئەمریكا ئەم شارەی رزگار كرد، ئەوجا سەبارەت بە ناسنامەی كەركوك، فرەیی كۆمەڵگەی كەركوك لایەنی كوردی هیچ گرفتێكی نییە و هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك وەك هاووڵاتی كوردستان سەیر دەكات، هەربۆیە كاتێك پرسی كەركوك لە یاسای كاتی قۆناخی ئینتیقالی بەسترایەوە بە ماددەی 58 و لە دەستووری عێراقدا بەسترایەوە بە ماددەی 140 سەركردایەتی كورد رازی بوو، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دەستووری و دیموكراتیانە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكە بگەڕێنەوە سەر كوردستان، هەروەها لەوەش پشت ئەستور و دڵنیابوو ئەگەر لە هەر بارودۆخێكدا راپرسی ئەنجام بدرێت، ئەوا زۆرینەی زۆری كەركوكیەكان بە كورد و توركمان و كریستیان و عەرەبە رەسەنەكانی ئەو شارە دەنگ بۆ ئەوە دەدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.



سەبارەت بەو گۆڕانكاریانەشی لەدوای 9ی حوزەیرانەوە هەموو عێراق بەخۆیەوە دەبینێت و ئێستا هێزی پێشمەرگە ئاسایش و سەقامگیری كەركوك دەپارێزێت، محەمەد كەمال ئاماژەی بەوەكرد ئەمڕۆ بارودۆخەكە لەگۆڕانكاری گەورەو خێرادایە، رۆژی 9ی حوزەیران قۆناغێكی نوێیە لەمێژووی كوردستان و عێراق و ناوچەكەشدا، قۆناغێكە دەرئەنجامی سیاسەتە چەوتەكانی حكومەتی ناوەندی و زاڵبوونی كلتووری تاكڕەویی عێراقی بەرۆژێك گەیاند كە تیرۆریستان فرسەتیان قۆزتەوەو پەلاماری تەواوی ناوچە سوننە نشینەكانیان داو لەمەشدا زۆر لەچەكدارانی دیكە لەم ناوچانە پاڵپشتیان لێكردن و سوپای عێراقیش لەبەردەمیان شكستیان هێنا یا ئامادەنەبوون شەڕ بۆ سوپایەكی تائیفی بكەن، چونكە ئەم دۆخەی لەناوچە سوننە نشینەكان روودەدات چەند دیوێكی هەیە، تەنیا تیرۆر نییە مەسەلەی تیرۆریستان تەنیا قۆزتنەوەی ئەو هەلە بوو كە لەدەرئەنجامی هەڵەكانی مالیكی و تائیفەگەریی عێراقی بەم دەرئەنجامە گەیاند، ئەوە ناڕەزایەتی عەرەبی سوننە بوو كە وایكرد دژ بە تیرۆرستان بەرگریی لەشارەكان نەكەن، بەڵام بارودۆخەكە لەكەركوك و زۆر لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم جیاواز بوو، چونكە بەپێی رێكەوتنێكی نێوان ئەمریكاو عێراق و كورد لەم ناوچانەدا هێزی هاوبەش لە پێشمەرگەو سوپای عێراق و هێزە ئەمریكیەكان جێگیر ببوون، لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش هێزی هاوبەش لەم ناوچانە مانەوە، كاتێكیش تیرۆریستانی داعش و گرووپە چەكدارەكان بەرەو تەواویی ناوچەكان كشان و سوپای عێراق رووخابوو، پێشمەرگە دووبارە سەروماڵی هاووڵاتیانی پاراست و پارێزگاری لەسەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینزاكانی ئەم ناوچانە كردوو رێگای نەدا بارودۆخەكە بەهاوشێوەی موسڵ و تكریت و دیالەو رومادییە وێران بێت و بەهەزارەها خێزانی كوردو عەرەب و توركمان كلدو ئاشور دەربەدەر نەبن. پێشمەرگە بەبێ جیاوازیی بەرگریكار و پارێزگاری لەپێكهاتەكانی كوردو عەرەب و توركمان و كلدو ئاشور كرد، تەنانەت دەستی یارمەتی پێشكەش بە سەدان خێزانی عەرەب و تورك و كریستیان كردووە كە لە دەست شەڕو پێكدادانەكانی نێوان گرووپە تیرۆریستەكان و سوپای عێراق روویان لەم ناوچە ئارامانە كردووە.



بۆ دڵنیایی تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك، بەڕێز مسعود بارزانی سەردانی كەركوكی كرد و وێڕای ئەوەی لەگەڵ سەركردە سەربازییەكان كۆبۆوە بۆ دڵنیابوون لەسەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە، بەڵام سەرۆكی كوردستان لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوك كۆبۆوەو دڵنیای كردنەوە كە كوردستان پارێزەری هەموو پێكهاتەكان دەبێت و هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان مافەكانیان پارێزراو دەبێت، سەبارەت بەم سەردانەی سەرۆكی كوردستان، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمجۆرە راو سەرنجی خۆی خستەڕوو:((بەهاتنی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و هێزی زیاتری پێشمەرگە بۆ كەركوك و ئەو بەڵێنانەی سەرۆكی كوردستان بەخەڵكی كەركوكی دا، ئارامی و متمانەی بەخشییە خەڵكەكەو دڵەڕاوكێی خەڵكی بە هەموو پێكهاتەو خێزانە كوردو عەرەب و توركمان و كریستیانەكان لە ئەگەری تێكچوونی دۆخەكە رەوییەوەو، بەپێچەوانەشەوە گەر پێشمەرگە نەبووایە بارودۆخەكە بەتەواوەتی تێك دەچوو زۆرینەی خەڵكی كەركوك بەهەموو پێكهاتەكانیەوە بەهاوشێوەی موسڵ و ناوچەكانی تر شارەكەیان چۆڵ دەكردو وەكو كۆڕەوەكە ئاوارە دەبوون، هەروەها سەرۆكی كوردستان پێی راگەیاندن «كەركوك دەبێت ببێتە گۆڕستانی دوژمنانی كەركوكیەكان و تەماعكاران» ئەمە ئەو پەیام و بەڵێنە بوو كە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بەخەڵكی كەركوكی بەبێ جیاوازی نێوان پێكهاتەكانی كوردو عەرەب و توركمان و كریستیانەكانی دا. تەنانەت دوای ئەم سەردانە وایلێهات بەرپرس و كەسایەتیەكانی عەرەبی و توركمانی و كریستیان پێوەندییان پێوە دەكردم دەیانوت داوا لەوەزیری پێشمەرگەو فەرماندەكانی پێشمەرگە بكە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەیەنرێتە فڵان ناوچە چونكە هێزی پێشمەرگەی لێ نییە، هەر بۆیە ئەم بارودۆخە بەبۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێویستی بەچارەسەرێكی یەكجاریی و جددی هەیە، پەرلەمانی كوردستان پێویستە بڕیاری چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەی هەبێت و پاڵپشتی لەهەموو راوبۆچوون و بڕیارێكیش بدات كە چارەنووسی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی كوردستان دیاری دەكات، پێویستە پەرلەمانی كوردستان بەزووترین كات یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و راپرسی لە كوردستان پەسەند بكات.
بەڵام ئایا نوێنەرانی عەرەب لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك چۆن پێشوازی لەم بارودۆخە دەكەن و تاچەند هەست بە ئارامی و دڵنیایی دەكەن، بۆ ئەمەش بەڕێز محەمەد خەلیل نوێنەری عەرەب لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وێڕای ئەوەی سوپاس گوزرای خۆی بۆ سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە پیشاندا، لە هەمانكاتدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوه كە هێزی پێشمەرگە هێزێكی نیشتمانیە و بەشێكە لە مەنزومەی بەرگری عێراق، بۆیە هاتنەكەی هەم دەستوورییە و هەمیش یاساییە بۆیە ئێمە پێشوازی لێدەكەین و لەمباروە گوتی: (لەدوای رووداوەكانی 10/6ـەوە بارودۆخی ئارامی و ئاسایشی پارێزگاكانی نەینەواو دیالەو سەڵاحەدین و ئەنبار بەرەو خراپی چووەو زۆربەی ناوچەكانی ئەم پارێزگایانەش لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە لەناویشیاندا گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام (داعش) داگیركران، لەگەڵ كەوتنەوەی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزو پڕ لەمەترسییە، بەڵام دۆخی پارێزگای كەركوك سەقامگیر بوو، ئەمەش بەپاڵپشتی سیاسییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەو توانا ناوخۆییەكانی ئەمنی پارێزگاكە، بۆیه سوپاسی پێشمەرگەو هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین لەو رۆڵەیەی كە ئەنجامیاندا لە پارێزگاریكردنی كەركوك، هەربۆیە بوونی پێشمەرگە لەپارێزگای كەركوك و ئەو ناوچانەی دیكەی ناسراو بەناوچە كێشە لەسەرەكان بەبوونێكی یاسایی و دەستووریی و ئاسایی دادەنرێت چونكە هێزەكانی پێشمەرگە لەناو مەنزومەی سوپای عێراقدان و لەگەڵ بوونی كەلێن و پاشەكشەكردنی یەكەكانی سوپای عێراقی حاڵەتێكی زۆر سروشتی و ئاساییە ئەو هێزانە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی و سەربازیی روو لەم ناوچانە بكەن و پارێزگاری لەسەرو ماڵی هاووڵاتیان بكەن. وابزانم ئەمە یەكەمجاریش نییە هێزی پێشمەرگە بێنە ناو شاری كەركوكەوە، بەڵكو لیوایەكی پێشمەرگەش پێشتر بەشێوەیەكی بەردەوام لەكەركوكدا بوون و ئێمە ئاگاداریی ئەو مەسەلەیە بووین. كەواتە بوونی پێشمەرگە لەپارێزگای كەركوك بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان بووە بەتایبەتی دوای كشانەوەی فیرقەی 12ی كەركوك، هەر ئەمەش بوو وایكرد خەڵكی بەهاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق كۆچیان نەكرد. هەربۆیە ئەركی پێشمەرگەیە كە پارێزگاری لەكەركوك بكات و بەرگریی لێبكات. چونكە ئەگەر پێشمەرگە داخڵ بە كەركوك نەبوونایەو بەرگرییان لەم شارە نەكردایە، شاری كەركوك و تەواویی پارێزگاكەش وەكو ئەو پارێزگایانەی لێدەهات كە لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئێمە وەكو كوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆڵی پێشمەرگە وەكو بەشێك لەمەنزومەی سوپای عێراق بەرز هەڵدەسەنگێنین و سوپاسیان دەكەین.))
هەروەها هەر لەمیانەی ئەم سەردانەدا بەڕێز نەجات حوسێن نوێنەری گرووپی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێیی راگەیاندین؛ چارەنووسی نەتەوەی كوردو توركمان لەسەر ئەم خاكە هاوبەشەو پاراستنی تەواویی ناوچە توركمان نشینەكان هەر لەسەعدییەو جەلەولاوە تا كەركوك و مەخمور و تەلعەفەر، ئەركی سەرشانی هەموومانە. لەمبارەوە بەمجۆرە باری سەرنجی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو: (لەدوای رووداوەكانی 9/6/2014و ئەو رۆژە سەختانەی بەدوایدا هات، پێكەوەژیانی نەتەوەو ئایینزاكان لەشاری كەركوك لەوپەڕی بەهێزیدا دەركەوت، ئەمەش دوای ئەوەی هەموو بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەوەو رێگایان نەدا شارەكەیان ببێتە مۆڵگەی تیرۆرستان، ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر پێویستیمان بەوە هەیە پێكەوەژیان بەهێزترو پتەوتری بكەین، چونكە پێكهاتەكانی كەركوك پێویستیان بەو یەكڕیزییە هەیە تاوەكو رووبەڕووی تیرۆرستان ببنەوە. تیرۆرستانی داعش تەنیا ئامانجیان پێكهاتەو دەسەڵاتێك نییە، بەڵكو ئامانجیان هەموو پێكهاتەكانی عێراقە بەكورد و عەرەبی سوننەو شیعەو توركمان و كریستیانیشەوە، راستە ئەوان بەرواڵەت لەمیدیاكانەوە دژایەتی خۆیان بۆ مەزهەبی شیعە دەردەبڕن، بەڵام بۆیان بگونجێت هەر ئەمڕۆ پەلاماری كوردیش دەدەن، بۆ نموونە لەناوچە كوردییەكان لەقەرەقۆش چییان بەرامبەر هاووڵاتیانی كریستیان كرد، لەسەعدییەو جەلەولا چۆن هەڕەشەیان لەكورد كردوو ماڵە كوردەكان دەربەدەر بوون. داواكارم لەسەركردایەتی كورد كار بۆ یەكڕیزی و پتەوكردنی ئەو پێوەندیی و پێكەوەژیانە بكات لەناوچەی كەركوك تاوەكو رووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە، راستە هێزی پێشمەرگە توانی كەركوك و تەواویی ئەم ناوچانە لەهاتنی داعش و گرووپە چەكدارەكانی تر بپارێزێت، بەڵام خۆ ناكرێت رووبەرێكی وا فراوان هەر لەجەلەولاوە تا دێتە كەركوك و لێرەوەش تا دەگاتە شنگار و تەلعەفەر بیپارێزین بێ بوونی ئەو پێكەوەژیانەو لێكتێگەیشتنە، لەكاتێكدا لەبەرامبەردا چەندین دەوڵەت یارمەتی پێشكەش دەكەن، ئەمڕۆ دەوڵەمەندترین و پڕچەك ترین گرووپی تیرۆرستی لەعێراقە، تەنانەت چەكی پێشكەوتووی ئەمریكاشیان دەست كەوت دوای ئەوەی فیرقەو لیواكانی عێراق بەبێ شەڕ چەكەكانیان فڕێداو بەجێیان هێشت، هەربۆیە شەڕی تیرۆر هەموو عێراقی خستۆتە مەترسییەوه، گرووپە تیرۆریستەكان 9 ساڵە لەهەوڵی تێكچوونی پێوەندیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقن، هەر بۆیە لەم قۆناخە هەستیارەدا چارەنووسی نەتەوەی كوردو توركمان لەكەركوك و تەواویی ناوچە توركمان نشینەكان هاوبەشە، هەروەكو چۆن رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئەركی سەرشانی هەموومانه)).
Top