بازیان..خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی و شارەوانی كەموكورتییان هەیە

بازیان..خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی و شارەوانی كەموكورتییان هەیە
بازیان ژمارەی دانیشتووانی 40 هەزار كەسە و بەیەكێك لەناحیە كۆنەكانی كوردستان دادەنرێت، سەرۆكایەتی شارەوانی(سەنتەری ناحیەو گۆپاڵە و بەردەقارەمان و تەیناڵ و ئەڵاهی و زیاتر لە 47 گوند) لە خۆدەگرێت. ئەم ناحیەیە لە سەردەمی حكومڕانی بەعس گرنگی پێنەدراوەو وەكو كۆمەڵگا زۆرەملێیەكان مامەڵەی لەگەڵ كراوە. هەربۆیە لەهەموو كارو پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بێبەشكراوە، ئەو كارو پڕۆژانەی لەماوەی چەند ساڵی رابردووش بۆ ئەم سنوورە ئەنجامدراون لەئاست خواستی دانیشتووانەكەیدا نین.
هاووڵاتیانی بازیان:
ناكرێت ناحیەكەمان تەنیا وەكو ناوچەیەكی پیشەسازی سەیر بكرێت

هاووڵاتیانی بازیان سەڕەرای ئەوەی باس لەو پرۆژەو كارە خزمەتگوزارییانەیان كرد كە لەناوچەكەیان ئەنجامدراون، بەڵام گلەیی و گازندەشیان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و بواری پەروەردەو تەندروستی هەبوو. بۆ زیاتر ئاگاداربوون لەرەوشی خزمەتگوزارییەكانی ئەو ناحیەیە وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی شارۆچكەكەمان كرد و لەنزیكەوە لەناو گەڕەك و كۆڵانەكان چەندین هاووڵاتیمان دواند، سەرەتا قیرتاونەكردنی شەقام و كۆڵانەكانی سەرنجی ڕاكێشاین، یەكێك لەهاووڵاتییەكان لەگەڕەكی ئازادی بەناوی بەختیار عوسمان ئاماژەی بەوەدا كە هەرچەندە گەڕەكەكەیان ئاوەڕۆ و هەندێ لە خزمەتگوزارییەكانی بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام كێشەو كەموكوڕیشیان هەر هەیە لەوانە تا ئێستا شەقام و كۆڵانەكانیان بێ سەروبەرەو قیڕتاو و كۆنكرێت نەكراون. یوسف رەمەزان كە قوتابییەكی قۆناغی 10 بوو ئاماژەی بەكۆنی بینایەی قوتابخانەكەیان و قەرەباڵغی ناو پۆلەكان كرد، لەلایەكی دیكە ئەو قوتابییە داواكاری خۆی و قوتابیانی گەڕەكەكەیان كە گەڕەكی ئازادییە بە راشكاوانە دەربڕی و بەپێویستی زانی كە لەبەرنامەی ئەمساڵدا قوتابخانەیەكی هاوچەرخیان بۆ دروست بكرێت. هەر لەگەڕەكی ئازادی عومەر محەمەد باسی لەوەكرد كە لەم وەرزەی ئیستادا ئاوی خواردنەوەیان زۆر خراپە و دوو رۆژ جارێك ئاویان بۆ دێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە گوندەكانی سنوورەكەشیان لەبەر خراپی و كەمی خزمەتگوزاری بەتایبەتی كەمیی ئاوی خواردنەوەو نەبوونی پڕۆژەی ئاودێری و خراپی رێگاكانیان رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو چۆڵبوون دەچن. لەگەڕەكی پێشەوا بەدریە مەحمود وتی: ئاوی خواردنەوەمان بەش ناكات، سەبارەت بەبواری تەندروستیش ئەم هاووڵاتییە وتی: بۆ زۆربەی حاڵەتەكانی نەخۆشیی ئافرەتان بە تایبەتی دووگیان و منداڵان دەبێت سەردانی نەخۆشخانەكانی سلێمانی بكەین. لەگەڕەكی پێشەوە گوڵالە حەسەن وتی: یەك بنكەی تەندروستی لە ناحیەكە هەیە و ئەمە بەشی ئەو هەموو خەڵكە ناكات، جگە لەوەی كەموكوڕی لە زۆر لایەنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی هەیە بەتایبەتی لە پشكنینی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و دایكانی دوو گیان.
نەبوون یا كەمی باخچەو پارك و یاریگای منداڵان لەگرنگترین ئەو پێداویستیانەیە كە لەناحیەكە هاوولاتیان داوای دەكەن لەمبارەیەوە هاووڵاتی مەحمود شەریف لە گەڕەكی برایەتی بەڕاشكاونە باسی لەو كەموكورییە كردوو ئاماژەی بەوەشدا كە ناكرێت ناحیەكەیان تەنیا وەكو ناوچەیەكی پیشەسازی سەیربكرێت و لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكانەوە دانیشتوانەكەی پەراوێز بخرێت. هەروەها پێویستە ئەو كارگەو پاڵاوتگە نەوتانەی لەناوچەكەماندا هەیە ئەركی ئاوەدانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لەئەستۆ بگرن. لەدرێژەی قسەكانیدا ئەم هاووڵاتییە و چەندی تر داوایان كرد كە حكومەت و لایەنی بەرپرس لە كوردستان تۆنێل دروست بكەن بۆ بەستنەوەی بازیان بە تاسلوجەو لەپاشان بە سلێمانی. هەر سەبارەت بەگرفتی ئاوی خواردنەوە هاووڵاتی حەسەن ئەحمەد وتی ئاومان لەم وەرزەدا زۆر كەم بۆتەوە و پێویستە بیری ئیرتوازی دیكە و كۆگای گلدانەوەی بەرفرەوان و گەورە لەناو گەڕەكەكانی سەنتەری شارۆچكەكە دروست بكەن .



ساڵح ئەكرەم بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان لە وەڵامی چەند پرسیارێكی (گوڵان) دا باسی لە هۆكارەكانی گرفتی خزمەتگوزاری و نەبوونی پڕۆژەی گرنگ و پێویست كرد، هەروەها ریزبەندی گرنگترین ئەو پرۆژانەی خستەڕوو كە بۆ ئەمساڵ بۆ ناحیەكەیان و دۆڵی بالیسان جێبەجێ دەكرێت، لەم رووەوە پێی راگەیاندین:( ناحیەی بالیسان ساڵانە پرۆژەی بۆ جێبەجێ دەكرێت، بەڵام پێداویستی و خواستی خەڵكەكەی لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەو گەشەی كۆمەڵایەتی رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت، بۆ نموونە توانرا لە 99%ی گرفتی دابینكردنی كارەبای سنوورەكە چارەسەر بكرێت بەڵام گرفتی ڤۆڵتیە ماوەو بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناحیەكەیان دۆڵی بالیسان پێویستی بەوێستگەیەكی مۆبایلە، هاوكات گەرچی توانرا پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش بڕی 450 ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ لێدانی 2 بیری ئاوی خواردنەوە تاوەكو ئەو ئەمبارەی بۆ گلدانەوەی ئاوی خواردنەوە دروستكراوە زووتر پڕ بێت . هەروەها بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاوی خواردنەوە لە گوندەكانی دەراش و خوران و كەندە سورو میراوەی نوێ بیری ئاوی خواردنەوەیان بۆ لێدەدرێت. سەبارەت بەبودجەی تەرخانكراوی ئەمساڵ بۆ بالیسان بەڕێوەبەری ناحیەیەكە وتی: ئەمساڵ لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر 1 ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ ناحیەی بالیسان و سنوورەكە تەرخانكراوەو لە بودجەی پێترۆ دۆلاریش بەرنامەو پرۆژەكان ریزبەندی بۆ دانراوە كە چارەسەركردنی گرفتی ئاوی خواردنەوە و پرۆژەكانی ئاودێری لە گوندەكان و پرۆژەكانی خزمەتگوزاری شارەوانی لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانی ئەمساڵ دێت، هاوكات بڕە پارەیەك بۆ دروستكردنی نهۆمی دووەمی بینایەی ناحیەكە تەرخانكراوە. گلەیی و رەخنەی زۆریشیان لەسەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە كە كەمترین كارو پرۆژەیان بۆ ناوچەكە ئەنجام داوە. بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان تیشكی خستەسەر پرۆژەكانی شارەوانی و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی گوندەكان و لەمبارەیەوە وتی: لەساڵی 2012 پرۆژەكانی شەقام و شۆستەی گەڕەكەكانی بالیسانی خواروو دەستی پێكردووە، شەقامی جووت سایدەكەی دەروازەوە تا سەنتەری ناحیەكە قۆناغی باشی بڕیوە، راگرتنی كارەكانی ئەم پرۆژەیەش بۆ بەفربارین و بارانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، لە بودجەی 2013 بەبڕی 250 ملیۆن دینار ستوونی رووناككردنەوەی شەقامەكە دادەنرێت و پرۆژەی جوانكاری و پانتایی سەوزایشی بۆ جێبەجێ دەكرێت، بۆ ڕێگای توتمەش بەدرێژیی 2 كیلۆمەتر پارە تەرخانكراوە. بەجووت سایدكردنی ڕێگای سەرەكی بالیسان كارێكی زۆر پێویستە چونكە رۆژانە 600 قەلاب و لۆریی بارهەڵگر بەم ڕێگایە هاتوچۆ دەكەن و ڕێگاكە بەپێگەی گەیاندنی بادینان و هەریرو سۆران و بارزان و ناوچەی بێتوین و پشدەر دادەنرێت. لەرووی پاكوخاوێنكردنی ناحیەكەو چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك كێشەو گرفتمان هەیەو وەكو پێویست بەو بەرنامەو سیستەمە كۆنە ناتوانرێت لەكارەكان سەركەوتوو بین، لەناو هەموو سنووری پارێزگای هەولێر و شەقڵاوە لەلایەن كەرتی تایبەت كاری پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك بەڕێوە دەچێت و تەنیا لەناحیەی بالیسان نەبێت، هاوكات پێویستیمان بەئامێری پاككەرەوەو ئۆتۆمبێلی كەپس هەیە. لەلایەكی ترەوە بۆ بالیسانی كۆن نووسراوم بۆ نۆژەنكردنەوەی كردووە لەگەڵ ئەمەش دا سەرجەم كۆڵانەكانی بالیسانی كۆن كۆنكرێت كراون داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم مشورێكی نۆژەنكردنەوەی خانووە كۆنەكان لەسەر شێوازی كۆن بخوات، چونكە سیمایەكی مێژوویی كۆنی لەخەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەكەمان هەیە. لەوەڵامی رەخنەو داواكاریی هاوڵاتیانیش بۆ تاپۆكردنی خانووەكانیان بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان ئەوەی پشتڕاست كردەوە كەوا نەبوونی تاپۆی خانووەكان گرفتی بۆ ئەوانیش دروستكردووە، بڕیاڕی تاپۆكردنی خانووەكانیش بە پرۆسەیەكی ئاسان تێپەڕ دەبێت و كاری كوژانەوەی زەوی لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەوێت و دواتر بخرێنە سەر وەزارەتی دادو شارەوانی و بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و پرۆژەی خزمەتگوزاری بەكار بهێنرێت، لەگەڵ تەواوبوونی ماستەرپلانی بالیسان زۆر پێویستمان بە جێبەجێكردنی پرۆسەی كوژانەوەی زەویی و قەرەبووكردنەوەی جوتیاران و تاپۆكردنی خانووەكان هەیە.
لەگوندەكانیش پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوەو راكێشانی كارەباو دروستكردنی بینایەی قوتابخانەكان و ڕێگاوبان دروستكراوە، بەڵام هەندێك پرۆژە لەگوندەكان پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە. لەرووی پرۆژەكانی ئاودێریشەوە لەساڵانی رابردوو لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا چەندین پرۆژە ئەنجامدراوە جێی داخە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو یەك پرۆژەی ئاودێری بۆ ئەنجام نەداوین.
سەبارەت بەوەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان چی بۆ شەهیدان و بریندارانی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان كراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان گوتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی بۆ شەهیدانی كیمیابارانەكە بڕیوەتەوە، وەكو شەهیدی سەنگەر هەژماركراون، بریندارەكانیش بە وەجبە بەپێی كاریگەریی كیمیایەكە بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران و دەرەوەی وڵات كراون. بەڵام پرۆژەی دروستكردنی 150 خانوو بۆ شەهیدانی جینۆسایدی بالیسان كە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، كەموكوڕی لەخانووەكان و خزمەتگوزارییەكان زۆرە هەربۆیە بڕیاردراوە ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت ئەو كات خانووەكان دابەش بكرێت. بڕیاریشە لەیادی كیمیابارنكردن و جینۆسایدكردنی بالیسان و شێخ وەسان كە سبەینێ بەڕێوەدەچێت ژمارەیەك لەنەمامی زەیتون بچێنرێت و پێشانگایەكی شێوەكاریش بكرێتەوەو چەند داواكارییەكیش پێشكەشی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت لەوانە ئەو 63 بریندارەی بالیسان وەكو شوێنەكانی دیكەی كوردستان مونحەو مووچەیان بدرێتێ لەكاتێكدا چەند مانگێكە لەسنووری سلێمانی مووچەكە وەردەگیرێت .
لەرووی كەرتی پەروەردەشەوە كە ژمارەی قوتابیانمان 800 قوتابییە بۆ چارەسەركردنی دووری بینایەی قوتابخانەكان چەند كۆستەرێك قوتابیەكان هاتوچۆ پێ دەكات، لە ڕێگای پەروەردەی شەقڵاوەشەوە قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لەنزیك خانووەكان دروست دەكرێت كە هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاكو قۆناغی 12 لەخۆدەگرێت و منداڵانی هەموو ناحیەكەو سنوورەكە سوودی لێوەردەگرن و زۆر لە گرفتەكانی دووری بینایەی قوتابخانەكان چارەسەر دەبێت.
سەبارەت بەكەرتی تەندروستیش بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان وتی: نەخۆشخانەی بالیسان لەرووی پزیشك و میلاكات و دەرمان و چارەسەرییەكانەوە بەراورد بەساڵانی پێشوو باشترە، هەروەها هۆڵی لەدایكبوون لەنەخۆشخانەكەمان ئامادەیە تاوەكو چیتر دایكانی دووگیان روو لەناوچەكانی تر نەكەن و لە نەخۆشخانەی بالیسان چارەسەریان بۆ بكەین، بەڵام كەموكوڕی هەر دەمێنێت چونكە بەگشتی كەرتی تەندروستی بەسیستەمێكی كۆن بەڕێوەدەچێت .
Top