پارێزگاری دهۆك بۆ (گوڵان ): دەبوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوشێوەی ئیدارەی گەرمیان ئیدارەیەكیشی بۆ ناوچە دابڕاوەكانی پارێزگای نەینەوا دروست بكردایە

پارێزگاری دهۆك بۆ (گوڵان ): دەبوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوشێوەی ئیدارەی گەرمیان ئیدارەیەكیشی بۆ ناوچە دابڕاوەكانی پارێزگای نەینەوا دروست بكردایە
بەرێز تەمەر رەمەزان پارێزگاری دهۆك لە دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵاندا تیشكی خستە سەر دوا پڕۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو پارێزگایە و، ئاماژەی بە پلان و بەرنامەكانی پارێزگا كرد، كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نیشتەجێبوون و ئاوو ئاوەڕۆو رێگاوبان و تەندروستی و پەروەردە دارێژراون. هەروەها پارێزگاری دهۆك تەئكیدی لەوەش كردەوە كە لە رێگای پێشكەشكردنی پاڵپشتی و ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت توانراوە ئەم كەرتە رۆڵێكی باش بگێڕێت لە پەرەپێدانی پارێزگاكە، لەبەشێكی دیكەی دیمانەكەدا ئاماژەی بەو ئاستەنگ و گرفتانە كردووە كە هۆكارن بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتی یەكە ئیدارییەكان و دابەزینی بڕیار بۆ خوارەوە، لەمەشدا جەختی لەسەر ئەوەكردوەوە چەند دەسەڵاتەكان دابەزێنرێنە خوارەوە هێندە كاری هاوڵاتیان ئاسانتر دەبێت و رۆتین كەمدەبێتەوە و پرۆژەكان خێراتر بەرێوە دەچن، ئەمەش پوختەی دیمانەكەی گۆڤاری گوڵانە لەگەڵ بەرێز تەمەر رەمەزان پارێزگاری دهۆك.
بە تەواوبوونی پرۆژەی ستراتیژی ئاوی دهۆك ئەو پارێزگایە بۆ ماوەی 25 ساڵ گرفتی كەمئاوی نامێنێت
گوڵان: دەكرێت باسێكی پرۆژەو كاری خزمەتگوزارییەكانمان بەشێوەیەكی گشتی لەپارێزگای دهۆك بكەیت؟
تەمەر رەمەزان: بارودۆخی دهۆك بەراورد بە پێشتر گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە، ژێرخانی ئاو و كارەبا و كشتوكاڵ و تەندروستی و پەروەردە گۆڕانكاری پراكتیكی تێیدا روویداوە، بۆ نموونە كەرتی پەروەردە بە رێژەی 80% بۆ 85% رووی لە باشی كردووە و تەندروستیش بە رێژەی 3 تا 4 جار پێشڤەچوونی بەخۆیەوە بینیوە.
سەبارەت بە پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوەش بەڕێز پارێزگاری دهۆك گوتی: لە بواری ئاوی خواردنەوە هەنگاوی باشمان بڕیوە دەتوانم بڵێم لە ئاستی پارێزگایەكانی دیكەی هەرێم باشتر بین، پرۆژەی ئاوی قەزای زاخۆ پێش دوو ساڵ تەواو بووە، دوو پرۆژەی دیكەش بۆ قەزای ئاكرێ و ئامێدی لە تەندەردایە، تەنیا قەزای شێخان دەمێنێت ئەویش لەگەڵ بەردەرەش لە هەوڵداین لە ئاوی قەندیل لە ساڵی داهاتوو یاخود دواتر پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەین. لە رووباری دیجلەشەوە بە بودجەی 290 ملیۆن دۆلار پرۆژەیەكی ستراتیژی و پێشكەوتوو بۆ هەردوو قەزای ناوەندی دهۆك و سێمێل دروستكراوە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژە ستراتیژییەی دهۆك بۆ ماوەی 25 ساڵی داهاتوو گرفتی كەمئاوی نامێنێت.
شاری دهۆك دەبێتە سەنتەرێكی بازرگانی و ئابووری پێشكەوتوو
گوڵان: ئایا لەگەڵ گەورەبوونی شاری دهۆك و پارێزگاكە تا چ رادەیەك توانیوتانە ماستەر پلانێكی پێشكەوتوو دابنێن، تا چ رادەیەكیش دانیشتووانی جێناكۆكەكان لەلایەن پارێزگای دهۆكەوە گرنگی پێ دراوە؟
تەمەر رەمەزان: ماستەر پلانی دهۆك دەستی پێكردووە و ماستەرپلانی نوێی شارەوانی دهۆك تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی كۆتاییدایە، بەمەش سنووری شارەوانی دهۆك بەپێی ئەو ماستەر پلانە ئاستی فراوانبوونی بۆ ماوەیەكی دوور درێژ دیاری دەكرێت و مەزندە دەكرێت هاوكات لەگەڵ ئەم فراوبوونە دهۆك ببێتە سەنتەرێكی بازرگانی و ئابووری پێشكەوتوو، بەڵام ئەوەی ئەركی سەرشانی ئێمەی وەكو پارێزگای دهۆك قورس كردووە، یەكلایەنەبوونەوەی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكانە كە وایكردووە (شەنگال و زەمار و ناحیەی فائیدە بەشێك لە ناحیەی كەلەك) لەسەر سنووری ئیدارەی پارێزگای دهۆك بێت، چونكە ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە قەد دانیشتوانی پارێزگای دهۆكن واتە نزیكەی (یەك ملیۆن كەس دەبێت) كە لە ناوچە جێناكۆكەكانی سنووری پارێزگای دهۆك دەژین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كارە خزمەتگوزارییەكانی ئێمە لەو دەڤەرانە بەردەوامی هەیە، بەڵكو بۆ ناوچە جێناكۆكەكانی تریش ئاستی خزمەتگوزاری و پرۆژەكان زیادی كردووە، بە رێژەی 10-15%.
تەنانەت هەندێك ساڵ لە (20%) ئیمكانیاتی ئێمە بۆ ئەوان دەچێت و خەرج دەكرێت، چونكە خزمەتگوزارییەكان لەلای ئەوان زۆر خراپ بوو، لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئاسایش لە موسڵ و لەم ناوچانە لەبار نەبوو، تەنانەت لەو كاتەش كە لیستی برایەتی نەینەوا لە ئیدارەی موسڵ بەشداربوو، كاتێكیش ئیدارەی موسڵ كەوتە دەستی لیستی حەدبا، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی دابڕانێكی گەورە بۆ ئەم ناوچانە بێتە ئاراوە، بۆیە هەر لەسەر بودجەی ئێمە ماون، لە كاتێكدا كە ئیدارەی گەرمیان دروستبوو كە كارێكی زۆر ئیجابییە، دەبوایە بۆ ئەم ناوچانەش ئیدارەیەكی هاوشێوە هەبوایە.
كارگەی جوداكردنەوەی زبڵ (ریسایكلین) لە مانگی داهاتوو دەكەوێتە كار
گوڵان: گەورەترین كێشەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كۆكردنەوەی پاشماوەی زبل و خاشك و چارەسەركردنی ئەو پاشماوانەیە ئایا لەم بوراە چی كراوە؟
تەمەر رەمەزان: خزمەتگوزاری شارەوانیەكان لە هەموو شاروشارۆچكە و ناحیەكانی پارێزگای دهۆك تا رادەیەكی باش چۆتە پێشەوە، بەڵام زۆر پێداویستیش ماوە، بەتایبەتی لە بواری پاككردنەوەی ئاوی قورس ئەمە لە هەموو كوردستان و عێراقیش چارەسەر نەكراوە، هەروەها بۆ چارەسەركردن و لەناوبردنی زبڵ و پاشماوە ئێمە وەكو پارێزگای دهۆك یەكەمین پارێزگاین لە 90% تا 95% كارەكان بە كۆتایی هاتووە، چ لە رووی بینایە چ لە دانانی كارگەی (ریسایكلین) لە مانگی داهاتوو ئەم كارگەیە دەكەوێتە كاركردن، هەروەها لە سەنتەری زاخۆ و دهۆك و سێمێل لە سێ قەزای گرنگ دەتوانین زبڵەكە لەوێ كۆبكەینەوە ئەم كارگەیە بە بڕی (25) ملیۆن دۆلار ئەنجامدراوە، كۆمپانیایەكی ئەڵمانی دروستیكردووە ئەم كارگەیە هەموو زبڵ و پاشماوەكان لێك جیا دەكاتەوە، بەتایبەتی ئەو پەیینە دروست دەكات بۆ باخچەكان بەكاردێت و لە هەوڵی ئەوەداین كە پێشی بخەین بۆ ئەوەی زبڵەكە بە كەڵكی كشتوكاڵی سەوزەوات بێت و جوداكردنەوەی زبڵەكە بەشێوەیەكی تەندروست و گونجاو ئەنجام دەدرێت كە زیانی بۆ دەوروبەر و ژینگە نەبێت، بەگشتی لە شێوە كۆنەكەی كە زۆر سەرەتایی بوو رزگارمان دەبێت، لەو كارو پرۆژانەی ئەنجامدراوە گەشبینین و لە ساڵی داهاتوو هەوڵ د ەدەین پتر خزمەت بە شار و شارۆچكە و هاووڵاتییان بكەین لە راستیشدا ئەم كارو پرۆژانەی ئاماژەم پێی كرد ئەو بڕە پارە و بودجەی كە خەرجكراوە هەمووی لە سەردەمی كابینەی پێنجەم بۆیان تەرخان كرابوو.
فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتیی لە پارێزگای دهۆك دروست دەكرێت
گوڵان: كێك لە كەموكوڕی و پێداویستییەكانی هاووڵاتیانی شاری دهۆك بریتییە لە درووستكردنی فڕۆكەخانە، لەم بارەیەوە چ هەنگاوێكتان هاوێشتووە؟
تەمەر رەمەزان: راستە مەسەلەی نەبوونی فڕۆكەخانە لە دهۆك جێگای نیگەرانی هەموو خەڵك بوو، بۆیە زۆر هەوڵماندا لەگەڵ جەنابی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم مەسەلەیە، بەڕێزیان بەڵێنی دابوو، پاش ئەوەی حكومەتیش ئاڵوگۆڕی پێكرا دیسان لەسەر بەڵێنەكەی خۆی مایەوە، لە ماوەیەكی نزیكدا كۆمپانیایەكی توركی ئەو كۆمپانیایەی كە فڕۆكەخانەی هەولێری دروستكرد كەمپی خۆی دادەنێ و دەست بەكار دەبێت، هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم پرۆژەی فڕۆكەخانەی دهۆك دەكەوێتە رۆژئاوای سێمێل (نێوان دهۆك و زاخۆیە) لەمەشدا حیسابی رێژەی دانیشتوانمان كردووە كە رێژەی دانیشتوانی دهۆك و زاخۆ نزیكە لە یەكتر، هەروەها ئەم شوێنە نزیكە بۆ زمار و شەنگال ئەو خەڵكەی رۆژئاوای دیجلە یاخود رۆژئاوای موسڵ خەڵكی ئێمەی لێیە زۆر لێی سوودمەند دەبن، كۆمپانیایەكی لوبنانی ماستەرپلانی بۆ دادەنێ و كۆمپانیای ( ADPI) ی فەرەنسی سەرپەرشتی دەكات، و راوێژكاری وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی عێراقە، زۆریش پسپۆر و شارەزایە لە سەرپەرشتیكردن و ئیدارەی فڕۆكەخانە، واتە بەشێوەیەكی فەرمی هەموو رەزامەندییەكی لە حكومەتی عێراقی وەرگرتووە و ئەم فڕۆكەخانەیە بۆی هەیە زۆر گەورە نەبێت وەكو فڕۆكەخانەی هەولێر، بەڵام فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتییە بۆ بیست ساڵی تر دهۆك پێویستی بە فڕۆكەخانەیەكی دیكە نابێت.
لەمەودوا بۆ بواری نیشتەجێبوون گرنگی زیاتر بە قەزا و ناحیەكان دەدەین
گوڵان: وەكو دیارە رۆژ لە دوای رۆژ دهۆك لە گەورەبووندایە، ئێوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون چ هەنگاو و پلانێكتان هەیە؟
تەمەر رەمەزان: كێشەی نیشتەجێبوون لەسەرتاسەری كوردستان بوونی هەبوو، هۆكاری ئەمەش چ بەهۆی ئەوەی خەڵك لە دێهات دێتە ناو شار بە حوكمی ئەوەی لە شار زانكۆ هەیە و هەلی كار پترە و رێگاوبان باشە، بەمەش گوزەران باشترە، هەندێ جار چارەسەركردنەكە لە توانای حكومەت زیاتر بوو، چونكە گرفتێكی گەورە بوو، بەڵام ئێمە بەشیوەیەكی موتەمەیز یەكەمجار مامەڵەمان لەگەڵدا كرد، كە دەشڵێم بۆ یەكەمجار موتەمەیزتر بووین مەبەستم ئەوە نییە خۆ بەسەر شوێنێكی دیكەدا بە گەورەتر دابنێین، بەڵام چوار ساڵ پێشتر لەگەڵ كۆمپانیای (ڤۆسینگ)ی ئەڵمانی گرێبەستمان لە گەڵیان كرد بۆ دارشتنی ماستەرپلانی شاری دهۆك بێگومان وەزارەتی شارەوانی لێی بێ ئاگابوو، چونكە ئەوان پێیانوابوو ئەمە جارێ ناكرێت یاخود كاری زیاتری دەوێت، گرنگ ئەوەیە ئەو ماستەر پلانە دروستكرا و هەوڵدەدەین بۆ قەزاكانی تریش دروستی بكەین، پاش ئەوەی لە دهۆك ئەنجامدرا ئینجا هەولێر گرێبەستی لەگەڵ ئەنجامدا و لە پاشان دەچێتە سلێمانیش، بەگشتی ئێستا بۆ هەموو ئەندازیار و ئەوانەی لە شارەوانیەكان كار دەكەن بەرچاوو ڕوونییەك هەیە كە باڵەخانەی ستوونی بۆ ئێمە گرنگتر و شیاوترە و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەش ئێستا كەوتوونەتە ئیش، ئێستا ئێمە وەكو ئیدارەی پارێزگا لەگەڵ شارەوانی دهۆك گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ئەوەی تا ئێستا ئەنجامدراوە گرفتەكە چارەسەر دەكات بۆیە لەمەودوا بۆ بواری نیشتەجێبوون گرنگی زیاتر بە قەزا و ناحیەكان دەدەین و لە ئاكرێ دەست پێدەكەین ئەم پرۆژانە لە زاخۆ و سیمێل هەیە، بەڵام بە تەئكید ئەو قەزایانە تەواو بێت بۆ ئامێدی و شێخانیش پرۆژەی نیشتەجێبوون دەست پێدەكات، لەلایەكی دیكە ئێمە بۆ ئەوانەی موستەحەقن و مافیان هەیە لە دابەشكردنی زەوی بەسەریاندا بەردەوامین . لەو بوارەوە بۆ فەرمانبەران ئەوانەی لە دامودەزگای حكومی كار دەكەن و سوودمەند نەبوون بەپێی خاڵ بەسەریان دابەش دەكەین، پێشتر (30) خاڵ رەچاو دەكرا، ئێمە دامانبەزاند بۆ (25) خاڵ و دواتر بۆ(20) خاڵ و بڕگەیەكی دیكەشمان وەكو دهۆك پەیڕەو كردووە كە بۆ فەرمانبەرە هاوسەرگیرەكانە ئەگەر ژنەكە و پیاوەكە هەریەكەی (10) خاڵی هەبێت كۆیان دەكەینەوە زەویان پێدەدەین، چونكە لەم حاڵەتەش ژن و مێرد یەكیان زەوی پێدەدرێت و ماوەی سێ ساڵە بەم شێوەیە زەویمان دابەشكردووە، بۆ دەرچوانی ماستەر و دكتۆرا بەئیستیسنا زەوی نادەین و بڕیاریش هەبوو، بەڵام هەر نادەین، چونكە دابەشكردنی زەوی بۆ چارەسەركردنی نیشتەجێبوونە نەك بۆ سوود وەرگرتن و ئەمە گلەیی و گازاندەی لەلایەن دەرچووانی ماستەر و دكتۆرا زۆر لێی كەوتۆتەوە، بەڵام پاش گفتوگۆیەكی زۆر ئەوانیش گەیشتنە ئەو باوەڕە كە ئەمە راستە، چونكە لە بەكالۆریۆس و تا دكتۆرا تەواو دەكات ناكرێت سێ پارچە زەوی وەربگرێت، چونكە مەفهومەكە لە نیشتەجێبوون دەگۆڕێت بۆ قازانج و لەگەڵ رێزدار جەنابی نێچیرڤان بارزانی كاتی خۆی كە لە حكومەت بوو قسەمان كرد و رێگامان لەو حاڵەتە گرت و تێیدا سەركەوتوو بووین.
فایدە ناهەقی بەرامبەر كراوە
گوڵان: شاری دهۆك بەهۆی ئەو ئاوەدانكردنەوە و گەورەبوونەوەی تێدا روویداوە و زەوی زۆر كەم تێدا ماوە، جەنابتان بۆ زیاتركردنی رووبەڕووی شار چ پلانێكتان لەبەردەستدایە، ئایا هەوڵدراوە رووبەری زەوی دیكە بەلای سیمێل یاخود فایدە بخەنە سەر دهۆك؟
تەمەر رەمەزان: ناحیەی فایدە ئێستا لە سەر شارەوانی دهۆكە كە ناوچەیەكی دابڕاوە و كێشە لەسەرەكانە و من خۆم خەڵكی فایدەم و ئەمەشم بۆ ئەمەریكی و بیانیان و بە پارێزگای موسڵ گوتووە فایدە ناهەقی بەرامبەر كراوە كەخراوەتە سەر موسڵ، فایدە لە باشووری دهۆكەوە (14 تا 15) كیلۆمەتر دوورە و بۆ رۆژئاواش پتر لە (30) كیلۆمەترە و كۆمپانیا ئەڵمانیاكە ئەوەی زۆر بە جوانی نەخشە كێشاوە و قەزای سیمێل و دهۆك ئێستا لە ماستەرپلانەكە یەك نەخشەیە و ئەمەش رووبەرێكی زۆر فراوانە و خاڵ خاڵی دابەشكراوە بەپێی نەخشەكە دیارە بۆچییە.
سەنتەری شاری دهۆك پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی فێركاری و فریاكەوتن هەیە
گوڵان: یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی هاووڵاتییان كێشەی تەندروستییە و گلەییەكی زۆریش هەیە لەسەر گرانی نرخەكان و ئەمەش سەرجەم پارێزگاكان دەكرێتەوە و دهۆكیش بەهەمان شێوەیە و نەخۆشخانەی پسپۆرایەتیمان نییە، لە بواری تەندروستییە چ هەنگاوێكتان ناوە؟
تەمەر رەمەزان: وەڵامی پرسیارەكە بەگشتی پێویست بەوە دەكات یەكێكی تایبەتمەند یاخود پزیشك یاخود بەڕێوەبەرێكی گشتی تەندروستی وەڵامی بداتە، بەڵام من لەلایەنی ئیدارییەوە باس دەكەم، تا ئێستا ئەم قەیرانە لە دهۆك هەیە لە ئاكرێ نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتوو و هاوچەرخ دروستكراوە كە ساڵی رابردوو كرایەوە، بەڵام تا ئێستا ستاف و شارەزا و پسپۆر و پزیشكەكانیان بەپێی پێویست نییە تاكو ئەم نەخۆشخانەیە بە تەواوی بەڕێوە بچێت، بەڵام كەوتۆتە كار و وردە وردە ستافەكەی بۆ دابین دەكرێت و وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە هەوڵی ئەوە دان پسپۆر و شارەزایانی بواری پزیشكی و تەندروستی بۆ دابین بكەن و سەنتەری شاری دهۆك پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی فێركاری و فریاكەوتن هەیە، ئەمەش بودجەی پتر لە (70) ملیۆن دۆلاری پێویستە كە لەلایەك قوتابیانی كۆلیژی پزیشكی سوودمەند بن و لەلایەكی ترەوە توانای وەرگرتنی زۆرترین نەخۆشی هەبێت، چونكە لە ماستەر پلانی نوێ رێژەی دانیشتوان پتر لە خۆدەگرێت، نەخۆشخانەی ئازادی رێكوپێكە و پاكوخاوێنە و كەرتی تایبەتیش نەخۆشخانە دەكەنەوە، بەڵام ئەوەش نرخی تایبەتی و گرانی خۆی هەیە، بۆیە بۆ ئەو كەسانەی داهاتیان دیاریكراوە پێویستە نەخۆشخانەیەكی دیكەیان بۆ بكرێتەوە بەتایبەتی نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن،لە زاخۆ ئێستاكە دەستپێكراوە و 200 قەرەوێڵەیە و لە نەخۆشخانەكەی ئاكرێ پێشكەوتووترە و ئامێدی تارادەیەك باشە، شێخان لەمبارەوە باش نییە، بەڵام گەشبینم لە ساڵانی داهاتوو باشتر دەبێت.
گوڵان: چەند پرۆژە لە چوارساڵی رابردوو دەستی پێكردووە ئێستاكە هەنگاو بە هەنگاو تەواو دەبن زۆربەی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بووە، ئایا تاچەند پرۆژەی وەزارەتەكان هاوكارن بۆ كاروبارەكانتان؟
تەمەر رەمەزان: بێگومان وەزارەتەكان بودجەیان زیاتر بوو تەنیا پار ساڵ نەبێت بودجەكەیان كەمبوو، هەندێك وەزارەت هەر هیچی نەبوو، وەزارەتی شارەوانی ساڵێك لە ساڵان هیچ پرۆژەیەكی پێشكەش نەكرد، ئەوانیش دەیانگوت بودجەمان بۆ نەهاتووە و وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاوەدانكردنەوە پرۆژەیان كەمبوو، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پرۆژەی هەبووە و باشترە و شارەوانیش ئەمساڵ زۆر باشتر بوو و ئێمە نازانین نێوان وەزارەتەكان و وەزارەتی دارایی چۆنە و چۆن بودجە دابەش دەكرێت، بەڵام ئەوە دەزانین بەشی ئێمە كەمبووە، بەڵام ئەو بودجەیەی لە رێگای وەزارەتەكانەوە دەهات زۆر جار لە بودجەی پەرەپێدانی پتر بووە، گەرچی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای بەراشكاوانە دەڵێین و پێشتر لەگەڵ رێزدار جەنابی نێچیرڤان بارزانی و لەگەڵ دكتۆر بەرهەم و كاك ئازاد بەرواریش ئێستا دەڵێن بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان باشتر و زۆرتر بووە لەوەی وەزارەتەكان لەهەموو پارێزگاكانیش نەك تەنیا لە دهۆك و هەر لیژنەیەك دروست بێت هەر ئەوە دەڵێن، چونكە راوەستانی لەسەر زیاتر و باشتر بووە، لەلایەكی دیكە بۆیە باشترە، چونكە كارێك بە دوو فیلتەر تێپەڕێت باشترە لەوەی سێ فیلتەر و پتر بێت نەك لەبەر ئەوەی ئێستا لە وەزیفەدام، بەڵكو لە وەزیفەش نەمێنم و لە هەر كات و ساتێك دابێت هەر ئەوە دەڵێم كە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان باشتر و كاریگەرتر بووە، ئەمەش یەك خاڵ دەگرێتەوە كە مەركەزییەت و لامەركەزییەتە، بێگومان وەزارەتەكان ئێمە و وەزیرە بەڕێزەكان و بەتایبەتی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە وەزارەتەكان حەز ناكەن دابەشكردنی دەسەڵات بچێتە پارێزگاكان و من ناڵێم هەموو بەڕێوەبەرەكان، بەڵام رێژەی هەرە زۆریان رێگانادەن دەسەڵات بێتە خوارەوە و تائەم دەسەڵاتەش دانەبەزێتە خوارەوە بۆ پارێزگاكان ئەوە هەر دەگوترێت رۆتین و گەندەڵی هەیە.
گوڵان: دهۆك یەكەمین پارێزگایە كە كەرتی تایبەت تێدا دەستی بە وەبەرهێنان كرد، ئایا ئێوە چۆن هەنگاوەكانی وەبەرهێنان دەبینن و بەرەو پێشەوە چووە؟
تەمەر رەمەزان: لەسەرەتادا وەبەرهێنان باش نەبوو لەساڵانی 2005 و 2006 بڕی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت لە (80) ملیۆن دۆلار تێپەڕ نەبووە، بەڵام ئێستاكە لەیەك ملیار دۆلار پترە، بەراورد بكە لەگەڵ 2005 و 2006 جیاوازییەكە زۆرە (11 تا 12) جار زیادی كردووە، ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ هەولێر لە بەربوونی فڕۆكەخانە و بوونی كونسوڵیەی وڵاتان و مەركەزی بڕیاردانی ئیدارە و سیاسی، هەولێر لە پێشترە، بەڵام پێشتر وەكو یەكتر بوون، چونكە دەرگایەك لە گەڵ توركیا هەبوو و ئیمكانیاتی حكومەتی كوردستان لە (80% تا 90%) لەم دەروازەیە و رێكخراوی بیانی و مەدەنی زۆر لەم ناوچەیە كاریان دەكرد و ئێستاش دەروازەیەكی باشە و وایكردووە كە كەرتی تایبەت ئەكتیف بێت، ئاڵووێری بارزگانی لە(3) ملیار دۆلار بۆ (6) ملیار بەرز بۆوە و ئێستا گەیشتۆتە (8) ملیار دۆلار و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت ئەمە لە ساڵانی داهاتوو بگاتە (12 تا 15) ملیار دۆلار وەبەرهێنان تا ئێستا پتر بواری نیشتەجێبوونی گرتۆتەوە، بەڵام ئێستا ئەم بوارە بەرەو فراوان بوون دەچێت، كەرتی تایبەت ئێستا پتر بۆ بواری گەشتوگوزار هەوڵدەدەن هەر بۆ نموونە بەنداوی دهۆك ماستەرپلانی لەلایەن كۆمپانیایەك بۆ كراوە دەكرێت بە ناوچەیەكی گەشتیاری جوان و هاوچەرخ و لە ساڵی داهاتوو لە بەنداوی دهۆك و دەوروبەری ناوچەیەكی گەشتیاری دەبینین، سیمای شاری دهۆك گەلێك ناوچەی كشتوكاڵی تێدایە، بەڵام تا ئێستا لەو كەرتەوە هیچ بەرەو پێشچوونێك نەبووە، هەرچەندە ساڵی پار ناونرا ساڵی چاندن، بەڵام ئەو بودجەیە تەرخانەكرا كە پێویست بوو هەبێت ئەمانەش پلان و نەخشە هەیە و حەتمەن بودجە زیاد دەبێ و ئەم كەرتەش باشتر دەبێت، بەرهەمی دەغڵودان بەشی ناوخۆ و پتریش هەیە و سێ سایلۆمان هەیە نەك پڕە بەڵكو دەوروبەری سایلۆكانیش پڕە لە گەنم و جۆ و ساڵی پار (10) هەزار تەن بۆ هەولێر و سلێمانی و (5) هەزار تەنیش بۆ دیالە رەوانە كراوە، بۆ بەرهەمەكانی میوەو قوتوبەندی و بازاڕ زۆر ئاستی لە لای ئێمە نزمە، بەرهەمەكانی میوەجات ئێستا لە بازاڕەكانی هەولێر سەرف دەكرێت، لە پارێزگای دهۆك بەرهەمی ترێ و سێو یەكجار زۆرە بەشی وڵاتێك دەكات ئەگەر بازاڕ هەبوو، بەڵام لەكاتێك بازاڕ نەبێت جوتیاریش زۆر سوود وەرناگرێت و بێ هیوا دەبێت و لە ساڵی دواتر بۆی هەیە واز لەكارەكەی بێنێت.
لە ماوەیەی چەند مانگی داهاتوودا پرۆژەی (500) میگاواتی دهۆك دەكەوێتە كار
گوڵان: كارەبا بە یەكێك لە پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان دادەنرێت، پرۆژی 500 میگاواتی دهۆك بەچی گەیشتووە؟
تەمەر رەمەزان: وەكو هەولێر و سلێمانی لە رێگای كەرتی تایبەتەوە ئەنجام دراوە لەو بارە لە مانگی داهاتوو یەكەیەك وەربگرین (125) میگاوات، ئەو وێستگەی لای سیمێل (500) میگاواتە و (250) میگاواتیش لەلای شێخانە، بەڵام ئەوە دوادەكەوێت، لەبەر ئەوەی ماوەی دوو تا سێ مانگە دەستپێكراوە، لە ماوەیەی چەند مانگی داهاتوودا پرۆژەی (500) میگاواتی دهۆك دەكەوێتە كار، بەمەش لە قەیرانی كارەبا رزگامان دەبێت، گەرچی كەموكورتی هەیە، چونكە بۆری غاز نەگەیشتۆتە ئەم پرۆژەیە، بۆیە ئێستاكە بڕیارە بە گازوایل بەگەڕ بخرێت، بەڵام هەوڵدان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوامە، بۆ ئەوەی بۆڕی غازەكە رابكێشین تا وەكو بە یەكجارەكی لەم قەیرانە رزگارمان دەبێت،
گوڵان: لە وەرزی گەشتیاری ئەمساڵدا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەكان كرد دیتمان كە خەڵك لە شەقام و ناو باخچە و شوێنە گشتییەكان دەنووستن و اتە تووشی ئەزمە هاتن بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم گرفتە لە ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای دهۆك چ پلان و ئامادەكارییەكتان هەیە؟
تەمەر رەمەزان: شاری دهۆك ژمارەیەكی زۆر هوتێل و موتێلی هەیە و كەرتی تایبەت روویان لەوەبەرهێنان كردووە لەم كەرتەدا بۆیە وەبەرهێن هەیە لەماوەی شەش مانگدا هوتێل یاخود موتێلێك دروست دەكات مەبەست ئەوەیە دهۆك پڕیەتی لە هوتێل و موتێل، دەبێ ئاماژە بەوە بكەین كە گەشتیارێك بە ئۆتۆتۆمبێلی خۆی لە موسڵ رادێت دەزانێ شار ئارامە و ئاسایش دەستەبەر كراوە، پاش گەڕان و دیتنی شارو بازاڕەكان لە نزیك باخچەیەك یاخود شوێنێكی گشتی و لابەلا دەخەوت و نایانەوێت بچنە هوتێل، بەڵام لە یادێك یاخود لە جەژنێك بۆی هەیە گەشتیارێكی زۆر هاتووە و شوێنی دەست نەكەوتووە، بەڵام رەنگە زۆر جار بۆ دڵخۆشی زیادەڕۆیی لە ژمارەی ئەو گەشتیارانە بكرێت كە هاتوونەتە كوردستان.
(های وای) رێگایەكی سەرەكییە لە زاخۆ دەچێتە هەولێر و سلێمانی پێویستە لەلایەن كۆمپانیایەكی گەورە وە جێبەجێ بكرێت
گوڵان: بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان لەدهۆك وەكو دەبیستین و دەبینین كاروپرۆژەی باش لە بواری رێگاوپرد ئەنجام دەدەن چ هەوڵێكتان هەیە بۆ زیادكردن و پەرەپێدانی ئەم كارو پرۆژانە؟
تەمەر رەمەزان: بودجەی ئەمساڵی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە یەكجار باشبوو بودجەی رێگاوبانی دهۆكیش باشبوو بە جۆرێك ناتوانرێ ئەم بودجەیە بەتەواوی خەرج بكرێت و دەمێنێتەوە بۆ كاروپرۆژەكانی ساڵی داهاتووش و بۆی هەیە لە ساڵی داهاتوو پارە نەدەنە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی دهۆك، چونكە پارەیەكی باشیان لە بەردەستە و یەكێك لەم پرۆژە سەرەكیانە بریتییە لە دوو سایدی نێوان دهۆك و بەردەرەش بە دوو تا سێ ساڵ تەواو دەبێ، بۆلای ئامێدیش بەهەمان شێوە، چونكە دەڤەرێكی گەشتیاری سەرەكییە و تا زاویتە تەواو بووە و لەوێشەوە بۆ سوارەتوكە و تا دەچێتە لای سەرسەنگ و ئێستا دەستی پێكردووە، رێگای زاخۆش ئێستاكە كاری تێدا دەكەن، ئەمە هەمووی رێگای ناوخۆیە، بەڵام ئێمە هەموو چاومان لەوەیە ئەو رێگایەی لە زاخۆ دەچێتە هەولێر و سلێمانی كە رێگایەكی سەرەكی (های وای)ە پێویست بەوە دەكات كۆمپانیایەكی گەورە ئەم پرۆژە گرنگە جێبەجێ بكات، ئەگەر ئەم رێگایە نەكرێت ئەوە كێشەو گرفتمان لەبواری رێگاوبان هەر بۆ دەمێنێت، بەڵام ئەم پرۆژەیە پارەیەكی زۆری تێدەچێت بۆیە وای بۆدەچم حكومەتی خۆمان جارێ خۆی لەم پرۆژەیە نەدات، لەبەر ئەوەی بواری دیكەی پێویستتر هەیە.
گوڵان: سەبارەت بە دۆزینەوەی هەلی كار كە یەكێكە لە ئەركە ئیدارییەكانی پارێزگا كە هەوڵبدات زۆرترین هەلی كار بدۆزیتەوە، ئایا وەكو پارێزگار لە چ بوارێك زیاتر هەوڵدەدەیت بۆ ئەو گەنجانەی بێكارن كاریان بۆ بدۆزیتەوە؟
تەمەر رەمەزان: لە هەموو بابەت و بوارێكی پەیوەندی بە ئابووری كوردستان هەبێت ئەم بابەتە باس دەكرێت ئەمساڵیش نەبێت لە ساڵانی داهاتوو رێژەی بێكاری زیاد دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی خوێندەوارن، كە دەرچووی زانكۆكان و پەیمانگاكانن، كێشەكە زیاتر لەلای ئەمانەیە نەك لەلای ئەوانەی كە بەدەست و بازووی خۆیان كاردەكەن لە كوردستان بەگشتی كار بۆ ئەوانەی بەدەستی خۆیان كار دەكەن كار زۆرە، ئەگەر تەماشا بكەین دەبینین (7 تا 10) هەزار كەس لە هاووڵاتییانی ناوچە دابڕاوەكان و كێشە لەسەرەكانی وەكو شنگال و زمار و . تاد لە دهۆك كار دەكەن جگە لەو بیانیانەی كە لە كەرتی خزمەتگوزاری شارەوانی و ناو ماڵان كاردەكەن ئەمە لەلایەك باشە كە هێزی كار هەیە و لەلایەكی دیكە كێرڤێكی بێكاریش هەیە، بەڵام بێكارییەكەش ئەمە نییە كە بڵێین یەكێك هیچی نییە، ئەگەر فەرمانبەرێكیش داهاتی زۆر كەمبێت، بۆی هەیە ئەویش نیوەی بێكار بێت، وەكو باسمانكرد كۆمپانیای بیانی زۆر لێرە كاردەكەن بۆی هەیە بواری پیشەسازی بێتە دی و زیادبێت بەمەش هەلی كار زیاد دەبێت، پێشی سێ ساڵ لە گوندی (كاشێ) كە دەكەوێتە نێوان سیمێل و زاخۆ كە دەستمان پێكرد زۆر كەمبوو، بەڵام ئێستا ببینی (70 تا 80) كۆمپانیا تێدا كار دەكەن و روو لە زیادبووندایە، كۆمپانیا هەیە (300) كرێكار و كارمەند تێیدا كار دەكەن هەیە (50 تا 60) كەس تێیدا كاردەكەن، بڵێم ئەمە بە پێی پێویستی بێكارانە، من ناتوانم ئەو بڕیارە بدەم، بەڵكو ئەوە ئابووریناسان یاخود پسپۆران دەتوانن بڕیاری لەسەربدەن، بەڵام راستە بێكاری هەیە.
گوڵان: دوو شوێنی ستراتیژی لە رووی ئیدارییەوە سەربەدهۆكن ئەوانیش زاخۆ و بەردەرەشە، مامەڵەی ئێوە بەتایبەتی لەگەڵ بەردەرەش چۆنەو لە چ ئاستێكدایە؟
تەمەر رەمەزان: بەردەرەش پێش دوو، سێ ساڵ ناحیەك بوو سەر بە قەزای ئاكرێ كە بڕیار دەرچوو بۆ ئەوەی ببێتە قەزا لەو كاتەدا ئەو كارانەی بۆ بەردەرەش كرا لە هەموو قەزاكانی دیكە زۆرتر بوو، جگە لە زاخۆ كە بودجەیەكی زۆری بۆ دانرا چونكە چەند پرۆژەیەكی پێویست و ستراتیژی وەكو دروستكردنی پردێك لە سەر خابوور دروستكرا . بەڵام كاروگرنگییەكی زۆر دراوە بە بەردەرەش، هەر بۆیە لەكاتی دابەشكردنی زەوی هەندێك لە خەڵكی ئاكرێ دەڵێن لە بەردەرەش دەمانەوێت، چونكە نرخی زەوی لەوێ زۆر بەرز بۆتەوە و وەكو ئاكرێی لێهاتووە، هەر سەنتەری قەزای بەردەرەش نا، بەڵكو ناحیەكانی سەر بەم قەزایەش ژێرخانیان خراپ بوو، بەڵام توانیومانە باشی بكەین وەكو (رۆڤیا و دارەتوو) كە گوند بوون و بوونە ناحیە، ئەگەر ئەم دوو ساڵەی بەرەدەرەش و ناحیەكانی بەراورد بكەین بە كانی ماسی كە 40 ساڵە ناحیە دەبینین وەكو یەكن، بەڵام هێشتا پێویستیان بە خزمەتگوزاری و پرۆژەی دیكە هەیە ئەوەی هەرە گرنگە بۆ بەردەرەش دەبێ ئاوی خواردنەوەی لە قەندیلەوە بۆ رابكێشین، لەبەر ئەوەی هاوینی رابردوو چەند حاڵەتێكی كەمی كۆلێرە هەبوو لە ئەنجامی خراپی ئاوەكەیان.
رەنگە یارییەكانی وڵاتانی ئاسیا ئەمجارە لەدهۆك بەڕێوە بچێت
گوڵان: دهۆك تەنیا پارێزگایە كە دوو تیپی بەهێزی هەیە، لەبواری پێداویستی وەرزشی پیاوان و ئافرەتان چی بۆ كراوە؟
تەمەر رەمەزان: زۆر كارو پرۆژە بۆ بواری وەرزشی بەگشتی ئەنجامدراوە و هەموو ساڵێك لە بودجەی پەرەپێدان نەك وەكو شارەوانییەكان بەڵكو بودجەیەكی باشی بۆ تەرخانكراوە.
هەموو قەزاكان تەنیا شێخان نەبێت واتە هەر شەش قەزاكەی دیكە یاریگای تۆپی پێی مۆدێرنی بە مودەرەجاتەوە بۆ كراوە، یاریگای دهۆك زۆر مۆدێرنە، هەندێ مودەرەجاتی مابوو بڕی سێ ملیار و پێنج سەد و پەنجاو حەوت ملیۆن دینارمان ئیحالەی كۆمپانیایەك كردووە تا بە زووترین كات بۆ ماوەی (5تا 6) مانگی دیكە یاریگاكە بە باشترین شێوەی هاوچەرخ و بە..... و بە كەرەستەی سەردەمیانە ئامادەبكەن، چونكە بۆی هەیە یارییەكانی وڵاتانی ئاسیا ئەمجارە لێرە بەڕێوە بچێت، هەروەها یاریگای چالاكییە وەرزشییەكانیشمان دروستكردووە دوو گۆڕەپانی تێنسی سەر زەویمان بە هاوچەرخترین شێوە دروستكردووە، خولی یارییەكانی عێراقیشی تێدا بەڕێوە دەچێت، هەروەها سێ یاریگای داخراوی باسكت بۆل هەیە.
گوڵان: بۆ یەكەمین جارە كە بۆ هەموو كورد دڵخۆشكەر بوو دهۆك لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی بەدەستهێنا و نوێنەرایەتی عێراقیش دەكات لە ئاسیا، ئەم بەهێز و روحە وەرزشییە بەرزە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
تەمەر رەمەزان: ژێرخانێكی وەرزشی باش لە دهۆك پەیدابوو و لەگشت بوارێكدا كار بۆ بەهێزكردنی یانەی دهۆك كراوە، زۆرجار كە قسە بۆ كەناڵە جیاجیاكانی عەرەبی دەكەین و دەڵێن بە شانازییەوە ئەگەر هەندێ جار لە هەرێم لەنێوان خۆماندا بێ بەرنامەی دەبێ، بەڵام ئەو بێ بەرنامەیە سەدان جار لە بەرنامەی ئەوان باشترە، درێخی و كەمتەرخەمی لە بواری وەرزش نەكراوە لە هەموو سنووری هەرێمی كوردستان و من باوەڕم وایە ساڵانی داهاتووش هەر زاڵ دەبین بەسەر گۆڕەپانی وەرزشی عێراقی، نوێنەرایەتی عێراق لە پاڵەوانیەتی دەكەین لە شەترەنج و لە تێنسی زەویش لەسەر ئاستی پاڵەوانیەكانی دەوڵەتانی عەرەبی، هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگیدانەی كە كراوە و پارە خەرج دەكرێت بۆ چوونە پێشەوە و بەهێز بوون و بەرنامەمان هەیە تا بۆ كۆمەڵگا و گوندەكانیش یاریگا و شوێنی شیاوی وەرزشی دروست بكەین بۆ پتر خزمەتكردنی وەرزشوانمان، بە دروستكردنی یاریگا و شوێن ئەوە گەنجەكان و وەرزشوانان پتر گرنگی دەدەن بە وەرزش و لەو كاتەدا یاریزانە باش و نموونەییەكانیش دەردەكەون.
گوڵان: دەڵێن تەمەر رەمەزان یاریزان بووە ئایا لە چ بوارێكی وەرزشدا یاریت كردووە؟
تەمەر رەمەزان: من خەڵكی ناحیەی فایدەم، بەڵام لە شاری دهۆك بووم بە یاریكەری هەڵبژاردەی شاری دهۆك لە ماوەی ساڵانی 1976 تا 1980 لە هێڵی ناوەڕاست یاری تۆپی پێم كردووەو لەسەردەمی خۆیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی هەولێر و سلێمانی و كەركوك و زۆربەی شارەكانی عێراق یاریمانكردووە و بەشداربوومە.
Top