نیتچە و فەلسەفەی شادی

نیتچە و فەلسەفەی شادی

نووسه‌ر :تفرووت لحسەن

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

وا باوە كە فەلسەفە وابەستە بە بابەتی نەریتیی وەك، زانین و بوون و بەهاكان (مەعریفە و وجوود و رەوشت) بكەین. فەلسەفە بەو جۆرەی لە قوتابخانەی تیۆریی خۆمانەوە فێری بووین، لە نێو زەینماندا (بیر) ئاراستە بە هەقیقەت و بوونی هەقی دەكات، بە هاتنی عەقڵ (لۆگۆس) لە مێژوودا و دوور خستنەوەی ئەفسانە (میتۆس)، ئەوا گوتاری فەلسەفە دەست بە دامەزراندنی پرۆگرامی خۆی بە گوێرەی توندی (زبری)ی لۆژیك دەكات، وەك پاساو هێنانەوەی فەلسەفی و تەنانەت سەلماندنی زانستیانەش. ئا لێرەدا سیمای رێڕەوایەتی لە نووسینی فەلسەفیدا دەردەكەوێت، ئیدی هەمەڕەنگی لە بانگەشە، لە پاڵ جیاوازی لە شێوازەكانی قەناعەت پێ هێنان دەبینین.
لە گەڕانی بە دوای دنیای هەقدا، ئەو رێڕەوایەتییە رووی كردە پەیژەی هەڵزنان بەرەو بەرزی و رەها، ئەمەش وای كرد، هەموو جۆرە چێژ و پێكەنین و شادی و خۆشییەكی پلیشاندەوە. بە بیانووی ئەوەی كە ئەم جۆرە پەیڤانە رێ لە رامانی فەلسەفی دەگرن، پەشێویش دەخەنە نێو ماقووڵایەتیی فەلسەفییەوە، ئەگەر دژی توندیی لۆژیك و دژی تۆكمەیی رێڕەوی فەلسەفە نەبێت. تەنانەت لە وێنا كردنی شادی و چێژ و ئارەزووشدا، فەلسەفە هەر وابەستە بە میراتی میتافیزیك بوو. ئەو هەر وێڵی بەدەست هێنانی شادی بوو لە سایەی عەقڵ یان دڵەوە، یان بە سایەی سیاسەت و ئەركەوە. ئەمەش وای پێویست كرد، كە فەلسەفە شەهوە و رەمەك و هەر شتێكی پەیوەندیی بە هەستی ئاژەڵانە و حەز و خواستەوە هەبێت، لە نێو باس و خواسی خۆی دووری بخاتەوە. فەلسەفە تەنانەت لە باس كردنی چەمكی وەك شادی و خۆشی و كەیف و سەفاش، لە كاریگەریی میتافیزیكانە رزگاری نەبوو. بۆ نموونە توێژینەوەی پێكەنین و پەیوەندیی بە هەڵچوونەوە (دیكارت) دەبینین، یان بە گرێدانی پێكەنین بە رەوشتەوە (سپینۆزا)، پێكەنین لە چوارچێوەی سیاسەتدا (هۆپز).
ئەگەر لە فەلسەفەی هاوچەرخدا بە سەر توێژینەوەی تایبەت بە بابەتی پێكەنیندا دەكەوین، وەك ئەوەی لە لای (برگسۆن)دا دەی بینین، ئەوا فەلسەفەی نیتچە تایبەتمەندیی هەیە، كە لە سەر خوانی باس و خواسدا جێی خۆی هەیە. نیتچە یەكێ لە كتێبەكانی ناو ناوە "شادە زانین"، ئەو تەنانەت شادی و ژیان پێكەوە دەبەستێتەوە، پێكەنین و تەندروستی. ئیدی دەبێ تایبەتمەندیی شادی و خۆشی لە لای نیتچە چی بێت؟
هێنانە سەر خوانی چەمكەكانی شادی و خۆشی لە فەلسەفەی نیتچەدا، ئەوا رووخاندنێكی راستەقینەی رەوشتی كریستیان و سەراوبن كردنێكی بەرجەستەی ئەفلاتوونیزمە. ئەو لە ئاستی كردارەكیدا بەرجەستە كردنی لێدانی چەكوشە. هەڵبەت وەگەڕ خستنی تێگەی شادی، مەبەست ئەوەیە كە بەرهەڵستی لە هەموو رەشبینییەكی فەلسەفە بكرێت، بەوەی كە رەشبینی لە ژیاندا جۆرێكە لە شێرپەنجەی پیری. هەر شادییە كە بەهایەك بە ژیان دەدات. هەر ئەوە كە گوێڕایەڵی ژیانمان دەكات، ژیان بەوەی كە مووزیكە، مووزیكی شادی نەك فیتەی ئاگادار كردنەوە.
بە دڵنیاییەوە رەوانین لە ژیان وا پێویست دەكات، كە بە شادی و رووی گەشەوە قبووڵی بكەین، هەر ئەوەشە كە زەردەشت گوزارشتی لێ كرد و گوتی: "ژیان چاوگی شادییە، هەر شوێنێ گەمژە (سیاسەتوان) پێی بگات، ئەو چاوگە ژەهراوی دەكات". ئیدی پێویست ناكات نكووڵی لە ژیان بكەین، پاساوێكیش نییە بۆ رەت كردنەوەی، بەوەی كە نەخۆشییەكی كوشندەیە، یان پێمان وا بێت كە هیچ بەهایەكی نییە، وەك كە سوكرات لە سەرەمەرگدا وای گوت.
كارەكە پێویستی بەوەیە كە بەهاكان سەراوبن بكەین، پشت بەو بەها چەسپاوانەی ژیان ببەستین، وەك ئەوەی تێیدا دەژین، "ژیان. دنیایەكە لە سەركێشی و سەركەوتن، جیهانێكە كە هەستی قارەمانێتی دەتوانێ سەما و شادیی خۆی تێدا بنوێنێ. ژیان وەك پرەنسیپ وا پێویست دەكات دلێرانە بژین، تەنانەت هەروەها دەبێ بە شادی بژین و بە شادی پێبكەنین."
ئا لێرەدا روانینی ستاتیكاییانە بۆ ژیان ئامادەیە. داوا لە فەیلەسووفی شادی دەكرێت كە بە خۆشییەوە بەرەو رووی ژیان ببێتەوە، چونكە "ماوە ناماوە پێویستە خەم و كۆڤان بە با دەین، سەرباری ئەوە پێشبكەنین. پاڵەوان و قارەمانیش بدۆزینەوە كە لە نێو شەیداییمان بە زانیندا، كۆ دەبنەوە، ماوە ناماوە چێژ لە شێتیی خۆمان وەربگرین، تا درێژە بە چێژ وەرگرتنی خۆمان لە ئاقڵەمەندییەكەمان وەربگرین. چونكە ئێمە لە ناخدا عەقڵی ترسناكین. هیچ شتێك هێندەی كڵاوی شێتی بۆ ئێمە باش نییە، ئێمە پێویستمان بەو كڵاوە هەیە، بە ئەندازەی پێویستیمان بە دەرمان دژ بە خۆمان."
بە پێچەوانەی رەوشت، لە مۆركی كریستیانانەی یان فەلسەفیانەی، كە لە هەموو جۆرە شادییەك بێ بەشمان دەكات، دەبینین فەلسەفەی شادی ئازادیمان پێ دەبەخشێت بۆ تێپەڕاندنی هەموو توندییەكی رەوشت. زاڵ كردنی پێكەنین، واتە بە كردەنی سەراوبن كردنی میتافیزیك. بە شادی رەوشت تێدەپەڕێنین، چونكە "ئەگەر بە تەواوی بكەوینە نێو رەوشتەوە، ئەوا بۆ ئێمە دەبێتە شكست، ئەویش لە پای دەستپاكییە چڵێسییەكەیەوە."
ئاخۆ چۆن شادی بەدەست دێت؟چۆنیش بە بێ ئەوەی ژەهراوی بین، بە كانیی شادی دەگەین؟
بە بازدان بە سەر هەموو رژدییەكی لۆژیك و هەموو شێوەیەكی رەها، هەروەها رووخاندنی هەر رەوشتێكی داتەپین، وا دێتە پێش چاو كە پێویستیمان بە هونەر، سێ و دوو هەڵناگرێت. هەموو هونەرێك دەكرێ بە "ئامرازێك بۆ چارسەر كردن و یارمەتیدان دابندرێ بۆ خزمەت كردنی ژیانی گەشە و ژیانی ململانێ". بۆ تێپەڕاندنی باڵاخوازی و میتافیزیك و رەوشتایەتی، پێویستمان بە هونەر هەیە. هەڵبەت نەك هەموو هونەرێك، ئێمە پێویستمان بە "هەموو هونەرێكە كە شادی و سەما و كەیف و هەست و سۆزی منداڵانە و گەرم و گوڕییتێدایە."
خۆ ئەگەر هەموو هونەرێك گریمانەی گیاندارانێك بكات كە ئەشك دەكێشن، خۆ ئەگەر ئەو گیاندارانەی كە ئەشك دەكێشن دوو جۆرن: جۆرێك گیرۆدەی هەژاری و نەداریی ژیانن، جۆرێكیش گیرۆدەی دەوڵەمەندین، لەبەر داهاتی زۆری ژیان و شەپۆلەكەی. ئیدی ئێمە بەرانبەر بە دوو جۆرە هونەر رووبەڕوو دەبینەوە: هونەرێك بۆ جۆری یەكەم دەگونجێت، كە "لە نێو هونەردا بە دوای زانین، پشوو، بێ دەنگی، دەریای هێمن و رزگار بوونی خوددا دەگەڕێت". هەرچی گرووپی دووەمە، ئەوا لە نێو هونەردا بە دوای چێژ و خۆشی و سەرسوڕمان و شێتدا دەگەڕێت. ئەوانە حەز بە هونەری (دیۆنۆزیسی) دەكەن.
هونەر وەك شادی و خۆشی زادەی زۆر بوونی هێزە، ئەو گوزارشتە لە ویستی سەركەوتن، لە هەماهەنگی و سازانی ئارەزووگەلی بەهێز. هونەر لێرەدا رۆڵی ورووژێنەر دەبینێ كە هێز چڕ دەكاتەوە، وا دەكات هێز فرە بێت، ئەو فرەیەی كە مافی سەروەری بە ویست (ئیرادە) دەدات. جا ئەگەر هونەر گوزارشت بێت لە فرەیی لە هێز یان لە هەژاری تێیدا، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە رووی فزیۆلۆژییەوە جەستە و رەمەك دەبزوێنێت، چ بە شادی یان بە خەمنامی و رەشبینی.
ئەم رەنگدانەوە فزیۆلۆژییەی هونەر بە سەر داتەپینی جەستە یان بە گوڕ و تین بوونی ئەودا، لە مووزیكدا خۆی دەنوێنێ. هەرچەندە نیتچە ژیان بەوە دادەنێت كە "بە مووزیك دەبێتە هەڵەیەك"، ئەوا دوو جۆر مووزیكیش لە یەكدی جیا دەكاتەوە، مووزیكێك كە شادیهێنە، كە زێدە گوڕ و تینێك بە جەستە دەبەخشێت، مووزیكێكیش كە پەستیهێنە، لە رووی دەروونی و فزیۆلۆژییەوە دەبێتە مایەی داتەپین و نەخۆشی. بۆ نموونە مووزیكی ڤاكنەر لە ریزی جۆری دووەم دادەندرێت، ئەم مووزیكە بە نەرێنی كار لە ژیان دەكات، ئەو هەر نەخۆشییەكە بۆ خۆی. بە گوتەی نیتچە، مووزیكی ڤاگنەر هەر كە گوێت لێی دەبێت، وا دەكات هەناسە سوار بیت، هەر بەم كاریگەرییە پیاو تووڕە دەكات و دژ بەم مووزیكە دەكەوێتە سەر پێ و سەنگەری لێ دەگرێ. ئەو مووزیكە وا دەكات گەدە ناڕەزایی دەببڕێ و لێدانی دڵ ریتمی خۆی لە دەست دەدات و سووڕی خوێنیش دەشێوێ. تێكڕای هێزی جەستە ریتمی خۆی لەدەست دەدات، نەخۆشی هێرشی دێنێت و جەستە تووش دەبێت و لە رێی ئەویشەوە ژیان دادەتەپێ. كەواتە، جەستە پێویستی بە ریتم، بە سەما و رۆیشتنی هاوسەنگ هەیە. بۆیە دەبێ مووزیك هاندەرمان بێت بۆ نەرمە رێ كردن، هەروەها وامان لێ بكات سەما و هەڵبەز و دابەز بكەین.
نیتچە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە خۆمان لە تێكەڵ كردنی دوو جۆرە مووزیك بپارێزین. ئەمەش لەم گوتەیەی ئەودا روون دەبێتەوە: "ئەگەر لە توانامدا با كە مووزیك و هونەر بەدەست بهێنم. ئەوا جۆری ئەو هونەر و جۆری ئەو مووزیكە دەناسم كە ئارەزوویان ناكەم. من بە تایبەتی حەز بەو مووزیكە ناكەم كە پێی وایە گوێگرانی مەست دەكات، كە پێی وایە چركەساتێكی زۆر سەرگەرمانە و بەرز بە كەسانی خاوەن رۆحی سووك و چرووك دەبەخشێت، ئەوانەی لە لای ژناندا نەك بە سەركەوتوو دەچن، كاتێك لە سەر تانك و زریپۆشی سەركەوتندان، بەڵكوو بەو باگیرینانە دەچن كە بە قامچی مڕ كراون."
مووزیك بە شێوەیەكی فزیۆلۆژی كار لە ژیان دەكات، بەڵام بە مەرج، شادی بە سەر مووزیكی دەسەپێنێ كە دەبێ بەشدار بێت لە سەلماندنی ژیان و گوڕ و تینی زۆری پێ ببەخشێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی هەموو جۆرە داڕووخانێك، كە كریستانی و فەلسەفەی ئایدیالیست ژیانیان پێ ژەهراوی كردووە.
فاكتەری پەروەردەش دێتە سەر مووزیك، ئەم فاكتەرە یان بەشدار دەبێت لە بەخشینی شادی بە ژیان یان بە پێچەوانەوە. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، پەروەردە بە فاكتەرێكی بەرپرس لە دوور خستنەوەی شادی لە ژیان دادەندرێت. پێكەنین وەك مەزنترین ئامرازی پەروەردە، مرۆڤی سەركەوتووی ئەڵمان لێی بێبەشە، بۆ نموونە ئەوان پێناكەنن."
ئەگەر روانینی جوانناسانە بۆ هونەر، بۆ مووزیك و بۆ پەروەردە، گوڕ و تین بە ژیان دەبەخشێت، بەوەی كە هێزی كاریگەر ئازاد دەكات و هێزی شكست رادەگرێت، ئەوا ژیان وا پێویست دەكات كە هەموو شێوەكانی رق و پەستی و هەموو چەشنە هەست كردن بە كڵۆڵی لەناو بدرێن، هەموو رەشبینییەكیش تێپەڕێندرێ. هەر "دەبێ چارەسەرێك دژ بە فەلسەفەی رەشبینی دەستەبەر بكەین، دژ بە زێدە هەستەوەری، كە بە كڵۆڵیی ئەم سەردەمە دادەندرێت."
دەبێ ژیان ببێتە شادییەكی منداڵانە دژ بە پیریی موغانی بەساڵا چوو، دەبێ ژیان بەرگی جوانی بپۆشێ دژ بە ناشیرینیی سوكراتانە، دەبێ ژیان ببێتە شادییەكی دیۆزونیسی بە پێچەوانەی رەشبینییەكەی شۆبنهاوەر.
بەدەر لەم پێكهاتە جەوهەرییانە، ژیان دەبێتە نەخۆشییەك بۆ خۆی. ئەم نەخۆشییەش لەوە زیاتر نییە، كە "نزیك بوونەوەی پیرییەكی زوو، ناشیرینی و بڕیاری رەشبینیانە، سێ شتەكەش هاوشانی یەكن."
(*)ئەم بابەتە لە 3/1/2015 بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی (ئەلئەوان)دا بڵاو بووەتەوە.
Top