ژنێکی بۆ شیعر زاو، بۆچی سەری خۆی هەڵگرت؟

ژنێکی بۆ شیعر زاو، بۆچی سەری خۆی هەڵگرت؟

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

فیرناندۆ بیسوا دەبێژێت: (چونکە ژیان خۆی بە تەنیا بەشمان ناکات، بۆیە هانا بۆ شیعر دەبەین.) شیعری هەرە جوانی شاعیر، ئەوەیە کە بە خوێن دەینووسێت. لۆرکا بە خوێن شیعری دەنووسی، ئەبووبەکر عەلییش هەروەها. بە خوێن نووسین، نە بەو مانایەیە کە ئەو دوو شاعیرە ژیانیان لێ زەوت کرا، نە بەو مانایەشە، شیعر وەک شیعاری لێ بکرێت، بەڵکوو بەو مانایەیە، وەک چۆن ئینسان مەحکوومە بە قەدەرێک، ناتوانێت لێی هەڵێت، ئەو کاتەیش شیعر بنووسێت، کە خۆ دزینەوە لە نووسینی، شتێک بێت وەک مەحاڵ. لە کاتی وادا، کەژاڵ ئەحمەد گوتەنی: (ئەو خوێنەی لە دڵی قەڵەم دەڕژێ/ ڕاستگۆترە/ لەو فرمێسکەی/ لە چاو دەتکێ.) لۆرکا دەیگوت: (شیعر هەیە، وەک شێوە و ناوەڕۆک، وەک گۆشت و ئێسک، بێ خەوش دیارە، بەڵام خەوشەکەی ئەوەیە، ئێسکەکەی مۆخی تێدا نییە.) هەمیشە لە ئێسکی شیعری بە خۆین نووسراودا، مۆخیش هەیە، هەمیشە لە جەستەی شیعری بە خوین نووسراودا، ڕۆحیش هەیە.
من و برا گچکەکەم
کە لەوسەر دەگەڕاینەوە،
هەر وەکوو موروویەک دەستی
زەنگیانەیەکی گرتبێ،
خل دەبووینەوە.

جیمس دیکی دەڵێت: (شیعر ئەوە نییە کە لە ڕێی گوێ لێ بوونەوە، یان خوێندنەوەوە دەگاتە لات، ئەوەیە کە ناچارت دەکات، بچیت بۆ لای.) وەختی خۆی هیراکلتیس گوتوویەتی: (خۆر هەموو ڕۆژێ نوێیە.) شیعری ڕاستەقینەیش وایە، هەر ڕۆژێ بیخوێنیتەوە، تازەیە و شتی نوێی تێدا دەبینیتەوە. ئایا نووسینی شیعر زادەی بێ ئیشیییە و خوێندنەوەشی کات بە فیڕۆدانە؟ یان هایدگەر گوتەنی: (شیعر هەستکردنە بە بوون) و (وجوود بێ شیعر، هەم ڕووتوقووتە و هەم بێ نشینگە و بێ نوا؟) هایدگەر کاتێک وەها پێناسەی شیعر دەکات کە شیعری (ڕیلکە) دەخوێنێتەوە و ڕیلکەیش یەکێکە لە شاعیرە هەرە گەورەکانی دونیا، بە درێژایی مێژوو. کەواتە وەک چۆن بە هۆی شیعری گەورەشاعیرانەوە دەرک بە هەبوون دەکەین، هەروایش بە هۆی خوێندنەوەی بەرهەمی کۆلکەشاعیرانەوە، وەختمان بە فیڕۆ دەچێت. ئەوەی باشە، کەژاڵ ئەحمەد گوتەنی: (شیعری ناخۆش/ هەر وەکوو چای ناخۆش وایە/ ناتوانی تەواوی بکەی.)

زۆربەی هەرە زۆری ئەو بەناو لێکۆڵینەوانەی دەربارەی شیعری ئەم یان ئەو (شاعیر)ی کورد دەنووسرێن، لە سۆنگەی ئەوەوە نییە، فڵان و فیسار، شیعری باڵا دەنووسن، بۆیە (ڕەخنەی ئەدەبی) بایەخیان پێ دەدات، لەبەر پێوەندیی باشی نێوان شاعیرە مارانەکە و فەریکە ڕەخنەگرەکەیە. (شاعیر)ی وامان هەیە، ئەوەی دەینووسێت، ئەوەندە ئاڵۆز و تەمومژاوییە، لە نووسینی ناو نوشتە دەچێت، کەچی زوو زوو لێکدانەوە بۆ (شیعر)ی دەکرێت، جۆرە لێکدانەوەیەک، ڕەنگە لە سەرانسەری دونیادا، کەسێک پەیدا نەبێت، لێی حاڵیی ببێت. دیارە کە لێی حاڵیی نەبووین، نە هیچی لێوە فێر دەبین، نە چێژیشی لێ وەردەگرین. زۆر لەوانەی وەک شاعیر ناویان ڕۆییشتووە، من گومانم لە شاعیربوونیان هەیە و هەر چییەکیش دەربارەی شیعریان نووسرابێت، نە بە ڕەخنەی ئەدەبی هەژمار دەکرێن و نە هێندەی سەلکەتوورێکی قوڕاوی، بایەخیان هەیە.

شۆڕش و گەل
لە سەرەتادا
وەک کوڕ و کچێ وەهان،
لە سپێدەی ڕۆژانی دەزگیرانیدا،
کوڕە درۆی گەورە گەورە ڕیز دەکات و
کچەش خەونی ڕەنگاڵەیی
بەو قسانەوە دەبینێ،
لە دواییدا
شۆڕش و گەل
هەمان کوڕ و کچن بەڵام
دەبن بە ژن و مێردی یەک
ئیدی لێرەوە دیرۆکی
خییانەت و
هەرا و تەڵاق
دەست پێ دەکات.

لە ژیانی کۆمەڵایەتیماندا، گەلێک چوارچێوە هەن، کەسانی نەریتخواز بە پیرۆزیان دەزانن و خۆیان لە ناویاندا قەتیس دەکەن، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شاعیر ئەوەیە، گوێ بەو چوارچێوانە نادات. شاعیر کەسێکی جیاوازە، لەو بازنەیە دەرباز دەبێت کە کەسانی ئاسایی تا دەمرن، هەر تێیدا دەمێننەوە. شاعیر چاونەترسانە بە گژ دابونەریتی سەردەم بەسەرچوودا دەچێتەوە و هەبوونی خۆی وەک تاکێکی جیاواز دەسەلمێنێت. ئەوەیش پارادۆکسە، شاعیر لە بواری نووسیندا، خۆی پێ نوێکەرەوە بێت، کەچی لە ژیانی ڕۆژانەیدا، کەسێکی نەریتخواز بێت.

لەمێژە مۆدێرنیزم و سیکولاریزم، لە ئەورووپا کۆتایییان بە هەژموونی هاوپەیمانیی فیودالەکان و پیاوانی ئایین هێناوە، ئێمە هێشتا ئەو قۆناغەمان تێنەپەڕاندووە، بۆیە زمانی شیعرییش لە کن مە، هێشتا خۆی بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی دەربڕینی دێرین ڕزگار نەکردووە. شیعری نوێ لە قامووسی کۆن یاخی دەبێت، پشت بە سڕینەوە دەبەستێت و درێژداڕی ڕەچاو ناکات. شاعیری نوێخواز، خۆی بە فیکرێکەوە گرێ نادات، خاوەنی دیدێکە تایبەت بە خۆی و لەبری پڕوپاگەندەی ڕووکەش و ڕاستەوخۆ، پەنجەرەیەک بەسەر ناخدا دەکاتەوە و سەرنجمان بەرەو قووڵایی ڕادەکێشێت.

شیعرم بە شەونم خۆی دەشوا،
ئینجا بە تەنوورەیەکی
کورتی سوورەوە دەگەڕێ،
با ویقاری جلی سەردەم
کەمێ تەریق ببێتەوە.

ئەوە سەیر نییە، شاعیر باسی فەلسەفە یان سیاسەت بکات، ئەوە سەیرە باسیان بکات و نەتوانێت لە زمانی شیعری و وێنەی شیعریدا چڕیان بکاتەوە. چڕی لە دەربڕیندا بە هۆی مێتافۆر و وێنەی شیعرییەوە بەرهەم دێت و ئەم بۆچوونە بۆ نووسینی شیعری ڕۆمانتیکیش هەر دروستە و پێویستە هەمیشە شاعیر خۆی لە زمانێکی ڕاستەوخۆی ڕاشکاو بپارێزێت. وا باوە، کەسی ڕۆمانتیک چونکە تامەزرۆییی بۆ رابردوو هەیە، لە ڕووی فیکری و کۆمەڵایەتییەوە، بە کۆنخواز ناوزەد دەکرێت، کەچی دوای (ڕابوون)ی ئیسلامی و سەرهەڵدانی دیاردەی باڵاپۆشیی ژنان، گەڕانەوە بۆ ڕابردووی پرشنگدار، بۆ ئەو وەختەی ژنان خۆیان بڕیاریان دەدا کام جل دەپۆشن، نەک هەر کۆنەخوازی نییە، بەڵکوو پێشکەوتنخوازیشە.

زمانی شیعری نوێ، چونکە پشت بە ڕەمز دەبەستێت، بۆیە سەرنجی خوێنەر بۆ شتێک ڕادەکێشێت، بێ ئەوەی باسی کردبێت. شاعیری نوێخواز ئیشی ئەوە نییە، بە کێشی بڕگە، یان بە پەخشان بنووسێت و بەس، بەڵکوو وشە لە جێی خۆی دەخزێنێت و لەو زیندانە ڕزگاری دەکات کە تەنیا یەک مانای دیاریکراوی هەبێت. دەشێت شاعیری نوێخواز هانا بۆ سەروایش ببات، بەڵام سەروای سواوی وا نا کە خوێنەر پێشبینی دەکات، بەڵکوو لەو سەروایەی هەمیشە بۆ خوێنەر وەک کوتوپڕی وایە. ئەمە وێڕای ئەوەی وەک چۆن پەنجەرەی شیعر بەسەر چەندان مانادا کراوەیە، هەر وایش پشت بە تاقە سەروایەک نابەستێت وبەردەوام بە ناو کێش و ڕیتم و سەروای جیاوازدا دێت و دەچێت.

هۆ ئەسپەکە!
تەرمی سوارەکەت
بەرەو کوێ دەبەیت؟ (لۆرکا)

وەک چۆن ڕووبار جێدەستی خۆی لەسەر نیشتمان جێ دەهێڵێت، ئەوە نەبوو بە عێراقیان دەگوت: وڵاتی نێوان دوو زێ. شاعیریش پەنجەمۆری خۆی لەسەر گەل جێ دەهێڵێت و ئەوە تەنیا شاعیرە دەتوانێت، گەل یەک بخات، ئەوە نییە کورد هەر چۆنێک بپەیڤێت یان بیر بکاتەوە، هەر خانی بە چراوگ دەزانێت. شاعیر هەر نەتەوەیەک لە دەوری خۆی کۆ ناکاتەوە، دەتوانێت کۆکەرەوەی گەلانی دونیایش بێت، ئەوە نییە هەموو میللەتانی جیهان، پەپوولەی دەوری ڕۆحی هەمیشە داگیرساوی لۆرکان.(*)

دڵم قاقڕ، چاوم تەڕە،
زەرد و بیمار
بە چەشنی گوڵەبەڕۆژە
لە تابلۆکانی ڤان گۆخدا،
مات و مەلوول
بە وێنەی مانگەشەوەکەی
فایەق بێکەس.
هەست بە ساکارییەک بە شیعری (کەژاڵ ئەحمەد)ەوە دەکەین کە فریودەرە، واتا سەرەتا شیعرەکە ڕوون دێتە بەر چاومان، لێ هێدی هێدی هەست دەکەین، ڕۆشن نییە، تەمومژاوییە، تەنک نییە، قووڵە و لەودیو وشە سادە و ڕستە ساکارەکانەوە، کە وەک ڕووکەش پێ دەچێت هەڵگری یەک مانا بن، گەلێک مانای دیکە خۆیان حەشار داوە. ئەم شێوازە ئاسان بەڵام فریودەرە، ستایلێکە شیعری (جاک بریڤەر)ی پێ ناسراوە.

لودڤیگ فیتگنشتاین گوتەنی: (وەک چۆن نەخۆشی چواردەوری لە ساغڵەمی گرتووە، (شێتی)یش وەها ئابڵووقەی عاقڵیی داوە،) ئەگەرنا، ڤان گۆخ و ڤیرگینیا ۆڵف تێک نەدەچوون. ئایا ئەوەیش جۆرێک نییە لە شێتی کە بەلزاک هەموو تەمەنی خۆی بۆ نووسینی ڕۆمان تەرخان کرد؟ ڕەنگە وای نەکردبا، بە ڕاستی خۆی لە هەواری شێتاندا دیتباوە، ئاخر فرۆید گوتەنی، داهێنان، گونجاوترین چارەسەرە بۆ ڕزگاربوون لە گرێی دەروونی. ئێمە وا ڕاهاتووین ددان بەوەدا نەنێین کە کێشەی دەروونیمان هەیە، بە مەرجێک نائاسایی ئەوەیە، بانگەشە بۆ ئەوە بکەین، هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوسەنگیمان تێک نەچووە. ئەدی ئیفلاتوون نەیگوت: ئەوانەی (بلیمەت) بن، زووتر هەڵدەچن و زووتر باڵانسیان تێک دەچێت!

لەوانەیە
ئێوارەیەکی زۆر درەنگ
بڕیاری شووکردن بدەم
بە ناوێ،
بەبێ ئەوەی پرسیار بکەم،
ژنی تری لە ماڵەوە بەستۆتەوە،
یان بە تەنیا هەر منی هەم!
بەڵام هەرگیز باوەڕ ناکەم،
وازبێنم لە عەرشی عەزیمی شاعیریم.
ئەوە کۆمەڵگەی دڵڕەق بوو، وای کرد هەم ژیانی هاوسەرگیری، لەگەڵ پیاوێکدا پێک بهێنێت، ژنی تری لە ماڵەوە بەستبێتەوە و هەم دەست لە عەرشی شکۆداری شاعیرییشی بەر بدات. کەژاڵ ئەحمەد قوربانی بوو، قوربانیی دەستی کۆمەڵگەیەکی جەللاد، ئەوە بۆیە دەڵێت: (من دەبێت ساڵێک ئاوی ڕوون لەسەر قاچوقولم بڕوات، بۆ ئەوەی پاک ببێتەوە، لە چڵکاوی خاکێکی بێ مروەت.)

من دەبێ خۆم بسمیل بکەم،
بە گڵەسوورەی
لادێیەکی دوور لە شار
بە ئاوی کانییەکی سازگار،
بە شیعری ئەی ڕەقیبی دڵدار.
خۆزگە بتوانم
بە قوڵفی گۆزەیەکدا تێبپەڕم،
بەڵکوو پیسیی ڕیاکاران لە پێستم دابماڵرێت.
خۆزگە بتوانم چواردە ساڵ لە گومڕایی
بە ڕیشە سپییەکەی باوکم
یان بە فەقیانەکەی دایکم
بسڕمەوە.

ئەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵێک گورگەپیاو بوون، کارێکیان کرد، ژنێکی بۆ شیعر زاو، لە غەیری ئەوەی سەری خۆی هەڵبگرێت، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نەمێنێتەوە. گورگەکان زۆر بوون، هەیانبوو گورگ بوو، لە پێستی شاعیردا ، هەیانبوو براکوژ بوو، لە بەرگی پێشمەرگەدا، هەیانبوو ژنکوژ بوو، بە ماسکی داکۆکیکارەوە لە مافی ئافرەتان.

٢١/٩/٢٠١٣
هەولێر

(١) خیري منصور، الفیلسوف شاعرا نیتشة نموذجا ٢٦/٧/٢٠١٣ القدس العربي.
(٢) فواز الشروقي، سقوط الشعر، الشرق الأوسط ٧/٩/٢٠١٣ لندن.
(٣) هاشم صالح، بین العبقریة والجنون.
(*) سوودم لە گوتەیەکی خاتوونەنووسەری مەکسیک، ئیرما فۆینتس وەرگرتووە.
Top