دیمانەی تایبەتی گوڵان لەگەڵ فەیلەسوفی گەورەی فەڕەنسی مارسێل گۆشێ

دیمانەی تایبەتی گوڵان لەگەڵ فەیلەسوفی گەورەی فەڕەنسی مارسێل گۆشێ
مارسيل گۆشێ لە ساڵی 1946 لە فەرەنسا لە دایك بووەو یەكێكە لە فەیلەسوف و مێژوونووس و سۆسیۆلۆژیستەكانی فەرەنساو جیهان، لە ئێستادا مارسیل گۆشێ بە یەكێك لە ناودارترین فەیلەسوفەكانی فەرەنسا دادەنرێت و بە شێوەیەكی بەرفراوان لەسەر پرسەكانی ئاكامی سیاسی تاك مۆدێرنەو پەیوەندیی نێوان ئایین و دیموكراتییەت و ئاستەنگەكانی جیهانگیریی دەنووسێت ،چەندین كتێبی داناوەو بەشێكی بۆ زمانە جیاوازەكان وەرگێردراون وەكو عەرەبی و ئینگلیزی،مارسێل گۆشێ شوێن پەنجەی بەسەر ژیانی رۆشنبیریی فەرەنسییەوە دیار بووە لە چارەكی كۆتایی سەدەی بیستەم ،هاتنی ئەو فەیلەسوفە بۆ نێو گۆڕەپانەكە لە میانی كتێبەكەیەوە بووە(پیادەكردنی عەقڵی مرۆیی) ئەمە وێڕای چەندین كتێبی دیكە وەكو (شۆڕشی مافەكانی مرۆڤ) و (ڕۆڵی ئایین لە دیموكراتیدا) و(دیموكراتییەتی سەردەممان)، دوابەدوای ساڵی 2002 ناوی مارسێل گۆشێ بە هۆی كتێبەكەیەوە(نەمانی ئەفسونگەرای جیهان) زیاتر لە نێو فەیلەسوف و رۆشنبیرانی جیهان دەنگی دایەوە.
ئێستا مارسێل گۆشێ بەڕێوەبەری توێژینەوەیە لە ئامۆژگای خوێندنی باڵای زانستە كۆمەڵایەتییەكان و لە مەڵبەندیی توێژینەوە سیاسییەكان و سەرنووسەری گۆڤاری (Le Débat)، تا ئێستا 21 كتێبی بەچاپ گەیاندووە و زیاتر لە 59 وتاری جۆراوجۆری لە گۆڤارو مەڵبەندەكانی توێژینەوەدا بڵاوكردۆتەوە.

----------------------

رۆژی 18ی مانگی ئەڤریلی 2013، لەنێو دڵی پاریسدا، هەفتەنامەی گوڵان فەیلەسوفێکی فەرەنسی و سۆسیۆلۆگێکی کوردی پێکەوە کۆکردەوە.
پرۆفیسۆر مارسێل گۆشێ، کە ئێستا لە لوتکەی فەلسەفەی فەرەنسیدایەو وەك «بەرامبەرە» مەزنەکەی میشێل فۆکۆ لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە، لەگەڵ دکتۆر عادل باخەواندا زیاتر لە تەوەرەیەكی فیکری و سیاسی شیدەکەنەوە. لەم بەیەکگەیشتنەدا، دکتۆر عادل باخەوان دەگەڕێتەوە سەرهۆکارەکانی ئەو ململانێ توندەی کە لەنێوان مارسێل گۆشێ و میشێل فۆکۆدا ئامادەبووەو ئەفڵاتونەکەی پاریس ناچاردەکات بەوەی کە بەشێك لەو رووداوانە باس بکات کە لەپشت پەردەوە بینادەکران، بەڕادەیەك کە میشێل فۆکۆ بە جاك دێریدا بڵێت: «پۆلیس».
گوشێ دەڵێت:«گرفتی سەرەکی فۆکۆ تەنیا ئەوە نەبوو کە هەڵە بوو لە خوێندنەوەی مێژووی بەشەریەتدا، بەڵکو ئەوەش بوو کە هەمیشە خۆی لە دیالۆگ دەشاردەوە. ئەو دیالۆگی نەدەکرد، بەڵکو شەڕە قسەی دەکرد».
لە باڵەخانە بەرزەکەی گەلیماردا، کە گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی فیكری فەرەنساییەو، لە نووسینگە تایبەتەکەی پرۆفیسۆر مارسێل گۆشێدا، چەندین تەوەرەی دیکە ورد کرانەوە. دنیای ئیسلامی و گریمانەی دیموكراتیزەکردنی، پێوەندییەکانی نێوان ئایین و دیموكراسی، هۆکارەکانی رەدکردنەوەی چەمکی عەلمانیەت لای مارسێل گۆشێ، چۆنیەتی ئامادەیی رۆژهەڵات لە یادەوەری کۆلێکتیڤی رۆژئاواییەکانداو چۆنیەتی ئامادەبوونی رۆژئاوا لە یادەوەری کۆلێکتیڤی رۆژهەڵاتیەکاندا، دیموكراسی مەسیحی، دیموكراسی موسڵمان، دیموكراسی بودیست و .. ئەو تەوەرانەبوون کە لەم بەیەکگەیشتنە زانستیەدا بوون بە بابەتی دیالۆگ.
له ‌پێناوی دامەزراندنی دیالۆگێکی قووڵ و زانستیانەی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، لەم ژمارەیەو لە ژمارەکانی داهاتووشدا و بەچەند بەشێك، هەفتەنامەی گوڵان دەقی ئەم گفتوگۆیە بڵاودەکاتەوە. هەروەها خوێنەران ئاگادار دەکەینەوە کە ئەم دیالۆگە سەرەتای زنجیرەیەکی درێژە لەگەڵ هەموو ئەو ئەکتەرانەدا کە لە ئێستاو ئێرەدا فیکری رۆژئاوایی بەرهەم دەهێنن. بەزمانێکی تر، دیالۆگی ئێمەیە لەگەڵ دنیای فیکری دەرەوەدا. دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ سەرچاوەکانی فیکردا بەبێ پەڕینەوە بە«وەسیتەکان»دا.
خوێندنەوەی رابردوو بە تێزەكانی ئێستا نەك هەر هەڵەیە بەڵكو تراژیدیاشەبەشی یەكەم


گوڵان: کاتێك کە خوێندکاری لیسانس بووم لە زانکۆی لیۆن، لە کتێبخانەی گشتی زانکۆ، یەکەم کتێبی بەڕێزتانم لەسەر ئایین لە دیموكراسیدا خوێندەوە. ئەوە یەکەم بەیەکگەیشتنم بوو لەگەڵ بەڕێزتانداو پاشان بە درێژایی سێ ساڵی قۆناغی لیسانس و دوو ساڵی قۆناغی ماستەر لە قوتابخانەی خوێندنی باڵاو دواتر سێ ساڵی قۆناغی دکتۆرا لە هەمان قوتابخانەدا بیست و پێنج کتێبی بەڕێزتانم خوێندوەتەوە. پاشان وەك ئاگادارن لە قۆناغی ماستەر و دکتۆرادا، هەموو رۆژانێکی چوارشەممە، بەشداری سیمینارەکانی پاش نیوەڕۆی ئێوەم کردووە. پاش هەموو ئەم ئەزموونەم لەگەڵ ئەو قوتابخانە فیکریە جیهانیەی کە ئێوە پێشنیاری دەکەن، رێگام پێبدە کە تێبینیەکی سەرەکیم لەسەر چوارچێوەی گشتی تیۆریەکەتان بخەمەڕوو. ئێوە لەم بیست و پێنج کتێبەدا دەڵێن: مێژووی دیموكراسی یەکسانە بە مێژووی چوونە دەرەوە لە ئایین، چەندە کۆمەڵگەیەك لە ئایین بچێتە دەرەوە، هێندەش لە دیموكراسی نزیکدەبێتەوە. لەکاتێکدا خودی کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێك زیاتر ئاییندارن، لەهەمانکاتدا ئەمڕۆ لەهەموو کاتێك زیاتر دیموكراتن. لە وڵاتێکی وەك فەرەنسادا 60%ی هاووڵاتیان خۆیان بە هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی دەزانن. لە سویسرادا رێژەیان دەگاتە 80%، لە سوێد 65%، لە ئەمریکادا هەشتا ملیۆن ئینجیلیستمان هەیە. دنیای ئێستامان، وەك پیتەر بێرگەر دەڵێت، لە هەموو کاتێك زیاتر ئاییندارترە. ئێوە کە خاوەنی تیۆری چوونە دەرەوە لە ئایینن، چۆن لەم پارادۆکسە دەڕۆنە دەرەوە؟
مارسێل گۆشێ: بۆ سەلماندنی تێزی «چوونه ‌دەرەوە لە ئایین یەکسانە بە پەڕینەوە بەرەو دیموكراسی»، پێویستە پێش هەموو شتێك باس لەو ناوەڕۆکە بکەین کە بە ئایینی دەبەخشین. بەشێکی زۆری گرفتەکان لێرەوە دەستپێدەکەن، چونکە هەموومان یەك ناوەڕۆك بەئایین نادەین و وەك یەك پێناسەی ناکەین. هەر ناوچەیەکی جیهان، بەجۆرێك لە جۆرەکان، تەنانەت ئەو ناوچانەش کە بە ناوچەکانی «ترادیسیۆن» (دنیای عەرەبۆ-ئیسلامی) باسیان دەکەین، فیکرەیەکیان لەسەر ئایین هەیەو ناوەڕۆکێکی پێدەبەخشن.
جیابوونەوەی من لەگەڵ هەموو ئەم فیکرانەدا، هەر لە رۆژئاواوە تا دەگاتە رۆژهەڵات، لەو شێوازانەوە دەستپێدەکات کە پێموایە دابڕانێکی گەورە هەیە لەنێوان ئایین وەك ئەوەی کە پێناسەی دەکەین و ئایین وەك ئەوەی کە لە مێژوودا هەبووە. ئەم دوو شتە تەواو لەیەك جیاوازن، بەڵام مرۆڤەکان، بەڕۆژئاوایی و رۆژهەڵاتیەکانیشەوە، وا باس لە ئایینەکان دەکەن وەك ئەوەی کە هەمیشە لەو چوارچێوەیەدا بووبن کە ئێستا تیایدان. ئەمە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە.
لە ئێستا و ئێرەدا کۆمەڵگەکان چۆن پێناسەی ئایین دەکەن و چۆن دەیبینن؟ من پێموایە ئایین لای کۆمەڵگەکانی ئێستا بریتییە لە سیستەمێك لە «ئیعتیقادات» و سیستەمێك لە «عیبادات» کە لەلایەن دەقە پیرۆزەکانەوە دەستنیشانکراون. چۆنیەتی ئیمان هێنان، نوێژکردن، روانین بینی ژیان، مامەڵەکردن، وێناکردنی دنیای پاش مردن، کۆبوونەوەی دەستەجەمعی لە مزگەوتێك یان کەنیسەیەکدا و چەندین فاکتی دیکە ئەم سیستەمە پێکدەهێنن. مرۆڤەکان لە ئێستادا پێیانوایە کە ئایین بریتییە لەمەو تەنیا ئەمەیەو لەنێو مێژووشدا هەر ئەمە بووە.
بەڵام من پێموایە بە درێژایی مێژوو، ئایین زۆر لەمە زیاتر بووە، ئایین شتێکی تربووە لەوەی کە تەنیا سیستەمێك لە ئیعتیقادات و عیبادات بێت. ئەو شتە بریتییە لە رێکخستنی کۆمەڵگە لەسەر هەموو ئاستەکان. لەدەرەوەی هەموو جیاوازییەکان، سنوورەکان، لێکدابڕانەکان، ئایینەکان توانیویانە مێکانیزمی رێکخستنی کۆمەڵگە بەشەرییەکان بن و کۆمەڵگە لەسەر پرانسیپی «یەکڕەنگی» بینابکەن. رێکخستنی سیاسی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، تاد. ئەم رێکخستنە کۆمەڵگەییەش بەچەمکێك دەخوێنمەوە کە لە گرێکی کۆنەوە وەرمگرتووەو پێیدەوترێت «ئیتیرۆنۆمی» کە پێچەوانەی ((ئۆتۆنۆمیە)).
«ئیتیرۆنۆمی» واتە یاسای ئەویتر کە لە دەرەوەی منە. لەنێو ئەم چەمکەدا ئایین لەسەر بنەمایەك تەواوی کۆمەڵگەکان رێکدەخات کە بریتییە لە: دەسەڵات هەمیشە لە دەرەوە دێت. دەرەوە (خواوەند، رابردوو، ترادیسیۆن) سەرچاوەی دەسەڵاتە. ئەم بنەمایە لەسەر ئاستی جیهان کاریکردووە و تا زەمەنێکی نزیك لە ئێمەش هەر لێرەبووە. واتە هەزار ساڵ نییە کە بەجێی هێشتووین. کاریستیانیسم، جودایسم، ئیسلام، هەموو ئایینەکان لەسەر ئەم بنەمایە کاریانکردووە و کۆمەڵگەکانیان رێکخستووە. ئایینە مێژووییە تەوحیدیەکان هەموو دەسەڵاتەکان بۆ خوداوەند (کە لەدەرەوەی ئێمەی مرۆڤە و وەك ئێمە نییە) دەگێڕنەوە. لە جیهانبینی ئایینەکاندا ئێمەی مرۆڤ سەرچاوەی دەسەڵات نین و توانای رێکخستنی کۆمەڵگەمان نییە و بەتەنیا خواوەند دەتوانێت کارێکی لەم جۆرە بکات. ئێمەی مرۆڤ تەنیا ئەو شتانە جێبەجێدەکەین کە خواوەند بڕیاری لەسەر داون. واتە جیهانی ئێمە وەك ئەوەی کە خواوەند رێکیخستووە قبوڵدەکەین، خواوەندێك کە توانای وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانی هەیە، ئیتر چۆن ئێمە لە رێکخستنە کۆمەڵگەییەکانی دەرچین.
بەم پێیە ئایین دەبێت بە فۆرمێك لە کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەك کە یاساکانی لە پرانسیپێکی باڵاوە وەردەگرێت. بێگومان ئەم پرانسیپە لە چەندین شێوەدا خۆی دەردەخات. وەك چۆن لای هەندێك دەکرێت خوداوەند بێت، لای هەندێکی دیکە دەکرێت ترادیسیۆن یان رابردووبێت. کەم نین ئەو کۆمەڵگانەی کە تا ئێستاش رابردوو وەك پرانسیپێکی باڵاو دەرەکی دەبینن و هەموو رێکخستنە کۆمەڵگەییەکانیان لەوەوە پێدەگات. ئەم جۆرە لە کۆمەڵگا بەتەنیا گوێڕایەڵی رابردوو نین، بەڵکو رێزیشی لێدەگرن. لێرەوە رابردوو رەهەندێکی میتافیزیکی وەردەگرێت و دەکرێت بە خواوەند.
بێگومان ئەمە مانای ئەوەنییە کە ئەندامانی کۆمەڵگەکانی رابردووی پێش مۆدێرنیتێ لە ئێمە ئیماندارتربوون و کۆمەڵگەکانی مۆدێرنیتێ کەمتر ئیماندارترن. نەخێر، بەهیچ شێوەیەك ئەمە راست نییە. بەڵام ئەوەی کە راستە، ملکەچی کۆمەڵگەکانی رابردووە بۆ ئایین و وەرگرتنی وەك پرانسیپی رێکخستنی کۆمەڵگەکانیان.
تراژیدیای ئێمە لە رۆژئاوا ئەوەیە کە ناتوانین لەم رابردووە بەم شێوەیە تێبگەین و ناتوانین ئایین بەم هەموو دەسەڵاتەوە ببینین و ناتوانین مێژووی بەشەریەت لەم دیدگایەوە بخوێنینەوە. ئەم نەتوانینە وامانلێدەکات کە کۆمەڵگەکانی رابردوو بە تێزەکانی ئێستا بخوێنینەوە، بۆنموونە کارل مارکس کە دەیویست مێژووی بەشەریەت بە ئابووری بخوێنێتەوە، هەڵەیەکی گەورە دەکات، هەموو تێزەکانی میشێل فۆکۆ لەسەر مێژوو هەڵەی گەورەن. خوێندنەوەی رابردوو بە تێزەکانی ئێستا‌ نەك هەر هەڵەیە، بەڵکو تراژیدیاشە. راستە کۆمەڵگەی بەشەریەتی ئێستا لەسەر پرانسیپی ئابووری رێکخراوە، بەڵام خوێندنەوەی کۆمەڵگەی رابردوو بەم پرانسیپە هەڵەیەکی گەورەیە.
ئەوەی کە من لە تیۆریەکەمدا باسیدەکەم، چوونە دەرەوەی کۆمەڵگەی مۆدێرنیتێیە لەم رێکخستنە ئایینیانەی کۆمەڵگە، نەك چوونە دەرەوە لە ئیمانە ئایینیەکان. واتە ئەوەی لە چرکەساتی مۆدێرنیتێدا کۆتایی پێدێت، دەسەڵاتی رێکخستنی کۆمەڵگەیە لەسەر پرانسیپی ئایینی و پەڕینەوەی بەشەریەت لە ((ئیتیرۆنۆمی))ـەوە بۆ «ئۆتۆنۆمی»، واتە سەندنەوەی دەسەڵاتی رێکخستنی کۆمەڵگە لە خواوەند و بەخشینی بە مرۆڤەکان. من ئەمە ناودەنێم شۆڕشی مۆدێرن. ئەم شۆڕشە زیاتر پرۆسێسێکی تەمەن درێژەو چەند سەدەیەکی خایاندووە. واتە لە ساتەوەختێکدا دروست نابێت، بەڵکو لەنێو مێژوویەکی راشکاودا و قۆناغ بە قۆناغ خۆی بینادەکات.
لەنێو ئەم شۆڕشە مۆدێرنەیەدا، ئیتر دەرەوە مافی ((دەستوەردانە)) دنیای مرۆڤەکانی نابێت و ئەم مافە بەخودی ناوەوەی مرۆڤەکان دەبەخشرێت. ئەمەش یەکسان دەبێت بە دروستکردنی کۆمەڵگەی سیاسی کە تیایدا دەسەڵات دەبێت بە هەڵگری سروشتی نوێنەرایەتی کردن. واتە ئەوانەی کە فەرمانڕەوان شەرعیەت لە خواوەند و ئاسمان و دەرەوە وەرناگرن، بەڵکو لەو کەسانەی وەردەگرن کە حوکمیان دەکەن. لێرەوە موقەدەسی یەکەم کە پێوەندی نێوان حاکمەکان و مەحکومەکان رێکدەخات دەبێت بە مافەکانی مرۆڤ. واتە کاتێك هاووڵاتیان مافی نوێنەرایەتیکردن بە نوخبەیەك دەبەخشن، ئەو گرێبەستەی کە لەنێوان ئەم دووانەدا هەیە بریتییە لە چەسپاندن و پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ. بەڵێ هەموو ئەم پرۆسێسەش ناودەنێم دیموكراسی، چونکە رێگادەدات بەوەی کە کۆمەڵگەکان ئۆتۆنۆم بن، واتە توانایی ئەوەیان هەبێت کە ژیانی دەستەجەمعی خۆیان بە دەستی خۆیان رێکبخەن، توانایی ئەوەیان هەبێت کە خۆیان بەدەستی خۆیان ژیانی خۆیان بەرهەمبێنن.


گوڵان: من تێدەگەم لەوەی کە بەڕێزتان باسیدەکەن. بە تەواوی بەپێچەوانەی کارل مارکسەوە کە باسی لە ئایین وەك تلیاکی گەلان دەکرد، یان نیتچە کە مەرگی خوداوەندی راگەیاند، بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە رۆشنبیرانی سەردەمی رۆشنگەریەوە کە پێیانوابوو مۆدێرنیتێ یەکسانە بە لەناوچوونی ئایین، ئێوە پێتانوایە شۆڕشی مۆدێرن، کە بریتییە لە چوونەدەرەوە لە ئایین، کە یەکسانە بە ئۆتۆنۆمی، کە ئەویش یەکسانە بە دیموكراسی، بەهیچ شێوەیەك مانای کۆتاییهاتن بە ئیمانە ئایینیەکان و پراکتیکە ئایینیەکان نییە، بەڵکو مانای کۆتایی دەسەڵاتی رێکخستنی ئایینیانەی کۆمەڵگەیە. ئەمە تا ئێرە لە تێزەکانتدا روونن. بەڵام خاڵێکی دیکە هەیە کە لە دوور و نزیکەوە ئێوە ئاماژەتان پێنەداوەو نازانین ئێوە چۆن وێنای دەکەن. کاتێك ئێوە مێژووی مۆدێرنیتێ بە شۆڕشی دیموكراسی ناودەبەن، ئایا دیموكراسی وەك چوارچێوەیەکی یونیڤێرسالی نەگۆڕ دەبینن، یاخود پێتانوایە دیموكراسی لەچەندین چوارچێوەدا خۆی مانیفێست دەکات؟ بە زمانێکی دیکە، لە کۆی کتێبەکانتاندا ئەوە روون نییە کە ئایا ئێوە باوەڕتان بەوە هەیە کە دیموكراسی بتوانێت مەسیحی بێت، موسڵمان بێت، بودیست بێت، یەهودی بێت؟ ئایا لەگەڵ بەکارهێنانی دەستەواژەی دیموكراسی موسڵمان، دیموكراسی مەسیحیدان؟
مارسێل گۆشێ: من بەڕاستی سوپاستدەکەم بە ورووژاندنی ئەم بابەتە. ئێوە راستدەکەن، من لە کتێبەکانمدا بە وردی لەسەر ئەم ئیشکالیەتە رانەوەستاوم و بەڕوونی هەڵوێستی خۆم لەم بارەیەوە دەرنەبڕیوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵە هەمیشەییەکەی «مونەزیڕ» کە دێت و زۆرجار بەشێوەیەکی گشتی «تەنزیڕ»دەکات، بەبێ ئەوەی دابەزێتە سەر وردەکارییەکان. بەڵێ بێگومان دیموكراسی دەتوانێت موسڵمان بێت، مەسیحی بێت، بودیست بێت.
پێوێستە هەموو کەسێك تێبگات لەوەی کە فیکرەی «چوونەدەرەوە لە ئایین» بەهیچ شێوەیەك یەکسان نییە بە فیکرەی «کۆتایی ئایین». من ئەو هەڵەیەی نیچە دووباره ‌ناکەمەوە کە دەیوت: خواوەند مرد. نا شتەکان زۆر لەم تێزە ئاڵۆزترن. ناوەڕۆکی تیۆرییەکەی ئێمە بریتییە لە کۆتایی رێکخستنی ئایینیانەی کۆمەڵگە. گەر ئەمە تا دوێنێ تەنیا لە رۆژئاوادا بەدیهاتبێت، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان و لە هەموو جێگایەکدا دەیبینین و وەك پرۆژە خۆی بەدیدەهێنێت. لەهەمانکاتدا هیچ هۆکارێك لە ئارادانییە بۆئەوەی کە ئیمانە ئایینیەکان لەناوبچن و پاشەکشە بکەن! بەڵام هەزاران هۆکار لە ئارادان بۆئەوەی ئەم ئیمانە ئایینیانە گۆڕانیان بەسەردا بێت. گۆڕان لە ناوەڕۆکیاندا، گۆڕان لە فۆرمەکانی خۆدەرخستنیاندا. لە ئێستاو ئێرەی مرۆڤایەتیدا، ئەم ئیمانانە راستەوخۆ لکاون بەو شتانەوە کە تاسەر ئێسقانیان شەخسین و هیچ کەسێك مافی ئەوەی نییە کە لەدەرەوە بێت و دەستیان تێوەربدات. لە دنیای مۆدێرنیتێدا ئیتر ئەوەی کاری کەسێکی دیکە نییە بۆ ئەوەی بێت و بزانێت من ئیمانم بە خواوەند هەیە یان نا، ئەوە بەتەنیا کاری خۆمە و پێوەندی بە خۆمەوە هەیە. بەمانایەکی دیکە: گەر پێش شۆڕشی مۆدێرنیتێ ئایین بریتی بووبێت لەو شتانەی کە تا سەر ئێسقانیان کۆمەڵایەتی بوون، لە شۆڕشی مۆدێرنیتێدا ئایین دەبێت بە هەموو ئەو شتانەی کە تا سەر ئێسقانیان شەخسین. لێرەوە دەگەینە دەرەنجامی یەکەم کە بریتییە لەوەی: ئایین لەناو ناچێت، بەڵکو گۆڕانکاری بەسەردا دێت. پاشان دەرەنجامی دووەم بریتییە لەوەی کە: دیموكراسی بەهیچ شێوەیەك دوژمنی ئایین نییە. لە ئەمڕۆدا زۆر بەدەگمەن رووبەرێك لە جیهاندا شک دەبەین کە پێی نەنابێتە نێو پرۆسێسی دیموكراتیزاسیۆنەوە. بەڵام ئەم پرۆسێسە یەك رەنگی نییە، یەك جۆر نییە، یەك رێگای نییە، بەپێچەوانەوە، هەمیشە لەسەر ئاستی جەمع دەردەکەوێت و خۆیمان پێدەناسێنێت.
ئەو چرکەساتەی کە کۆمەڵگەیەك فێری ئەوەدەبێت کە ئیمانە ئایینیەکان رابهێنێت لەسەر ئەوەی کە پێوەندییان بە جیهانی شەخسیەوە هەیەو دەبێت دەست لە جیهانی کۆمەڵایەتی هەڵبگرن، ئیدی کردەی چوونە نێو دیموكراسی دەستپێدەکات. دیموكراسی چییە؟ لە سادەترین پێناسەدا دیموكراسی بریتییە لە کردەیەکی دەستەجەمعی جڤاتێك لەسەر ماڵیکردنی رابردووی خۆی، بۆئەوەی بزانێت لە ئێستاو داهاتوودا چیدەکات و چۆن خۆی رێکدەخات. لە هەلومەرجێکی ئاوادا راستەوخۆ دەگەڕێینەوە سەر ئایین : مێژووی بەشەریەت بریتییە لە چی؟ بێگومان بریتییە لە ئایین. بەبێ ئایین مێژووی بەشەریەت هیچ مانایەکی نییە. لەم سەرشارەوە، دیموكراسی ناتوانێت بێ کارکردن لەسەر ئایین یەك هەنگاو بنێت. دیموكراسی دەبێت لەسەر ئەم رابردووە کاربکات، لێی تێبگات، دەستەمۆی بکات، تەنانەت دەبێت نەوەکانی ئێستاو داهاتووی پێ ئاشنا بکات.
لێرەوە من دەگەمە ئەو‌ باوەڕەی کە ئێمە ناتوانین یەك مۆدێل لە دیموكراسیمان هەبێت. مادەم یەك مۆدێل لە رابردوومان نییە، ناشتوانین یەك مۆدێل لە دیموكراسیمان هەبێت. ئایینە تەوحیدییە مێژووییەکان، هەر یەکەیان کۆمەڵێك بۆچوونی لەسەر ژیان و مرۆڤ و گەردوون هەیە، لەسەر کۆمەڵگە و ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە. هێزی دیموكراسی لەوێدایە کە بتوانێت لەگەڵ ئەم بۆچوونە ئایینیانەدا مامەڵەبکات و پاشان ئیندیماجیان بکات بە چوارچێوە گشتیەکانی ئێستا و داهاتوویەوە. ئەمە باشترین گەرەنتیە بۆئەوەی کە دابڕانی کوشندە و دڕانی گەورە لە نێو کۆمەڵگەکاندا دروست نەبێت.
یەکێك لەو شتانەی کە بەهیچ شێوەیەك باوەڕم پێی نییە بریتییه لەوەی کە جیهان ببێت بە لادێیەکی بچووك، یان بە پەراوێزەکانی لۆس ئەنجلێس. هەر کۆمەڵگەیەك لەگەڵ میراتە مێژووییە کۆمەڵایەتیەکەی خۆیدا مامەڵه ‌دەکات، کە مەرج نییە لە میراتە مێژووییە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوانی دیکە بکات. داهاتووی بەشەریەت بریتییە لە دیموكراسی، بەڵام دیموكراسی لە ئاستی فرەییدا نەك تاقانەیی. دیموكراسی تاقانە بوونی نییە. ئەوروپیەکان دیموكراسی خۆیان هەیە، ئەمریکیەکان دیموكراسی خۆیان هەیە کە زۆر جیاوازە لە دیموكراسی ئەوروپیەکان. هەر لەم دیدگایەوە، چینیەکان، کوردەکان، تورکەکان دەتوانن دیموكراسی خۆیان هەبێت. واتە دیموكراسی هەمیشە لە ئاستی ناسیۆنال/نیشتمانیدا دەردەکەوێت. لێرەوە، لەدایکبوونی دیموكراسیەکی موسڵمان، دیموكراسیەکی مەسیحی، بودیست، یەهودی تەواو ئاساییە و لەنێو ئەم پرۆسێسەدا بە ئاسانی جێگای دەبێتەوە.
Top