رۆژاوا و ئیسلام (من) و (ئه‌وی دی).. یان پرسی غه‌یره‌ز (1-2)
May 22, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :محه‌مه‌د عابد ئه‌لجابری
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، به تایبه‌تی له شۆرِشی ئێران به دواوه، بابه‌خێكی زۆرتر به بابه‌تی "رۆژاوا و ئیسلام" ده‌درێت. وه‌ك سه‌رنج ده‌ده‌ین ئه‌م بابه‌ته جاران و ئێستاش، زیاتر له ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا بایه‌خی پێ ده‌درێت نه‌ك له وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلامی‌دا. سه‌رباری ئه‌وه‌ی به هه‌مه‌جۆر زمانی ئه‌وروپی له رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا (بابه‌تی له‌باره‌وه) بڵاو ده‌كرێته‌وه، به‌رده‌وام و بێ پسانه‌وه‌ش، ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌كی رۆژانه، له هه‌مه‌جۆر شوێنی ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا له‌باره‌ی هه‌مان بابه‌ته‌وه كۆرِ و كۆبوونه‌وه گرێ ده‌درا و گرێش ده‌درێت، جا یان به هه‌مان ناونیشان (ئیسلام و رۆژاوا) یان به ناونیشانی كه‌مێك جیاوازه‌وه. كاره‌كه په‌ره‌ی سه‌ند و قسه‌ش له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه په‌ل و پۆی هاویشت، تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی (سامۆیل هنتنگتۆن) به "ململانێی شارستانییه‌كان" ناوی برد، كه ئه‌و له بنه‌رِه‌تدا مه‌به‌ستی ململانێی نێوان شارستانیه‌تی (ئه‌وروپا- ئه‌مریكا) و شارستانیه‌تی ئیسلام و (كۆنفۆشیۆسی)یه، ئه‌و ململانێیه‌یه كه له لای ئه‌و له ته‌وه‌ری رۆژاوا و ئیسلامدا چرِ ده‌بێته‌وه، هنتنگتۆن ئه‌وه به ململانێی سه‌ره‌كی داده‌نێت كه له ئایینده‌دا بره‌و ده‌ستێنێت.ئێمه لێره‌دا نامانه‌وێ له پێگه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژی یان نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، هه‌روه‌ها نه له پێگه‌ی مێژوونووسیشه‌وه، جا چ بێ لایه‌ن بێت یان لایه‌ندار، بكه‌وینه نێو ئه‌و باس و خواسه‌وه! هه‌موو مه‌به‌ستی ئه‌م هه‌وڵه‌مان بریتییه له‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (رۆژاوا و ئیسلام) بخه‌ینه به‌ر جۆرێك له شرۆڤه و شیته‌ڵكارییه‌وه، كه ئه‌مرِۆ به چه‌ندین واتای نادیار بارگاوی بووه، واتاكانیش نیگه‌رانی له ئێستا و ترس له ئایینده‌ی له خۆدا كۆ كردووه‌ته‌وه. زۆر جاریش ده‌رهاویشته‌كانی یادگه‌یه‌ك وه‌بیر دێنێته‌وه، كه ته‌ژییه به وێناگه‌لێك له‌باره‌ی چه‌ندین رووداوی دیاری كراوی دیرۆكییه‌وه (بۆ نموونه شه‌رِی خاچییان: خاچ په‌رستان)، بۆچوونه‌یلێك كه راستی و نارِاستی، واقیع و خه‌یاڵ، ترس و ئاره‌زوو... هه‌تا دوایی، تێدا تێكه‌ڵ به یه‌ك بوون. ئامانج له‌م پرۆسه‌ی شرۆڤه و شیته‌ڵه كه مه‌به‌ستمانه لێره‌دا بیكه‌ین، ئه‌وه‌یه به‌شدار بین له "رزگار كردنی" ئه‌م جووته په‌یڤه (رۆژاوا و ئیسلام) له بۆچوونی پێشینه و میراته بۆچوون، هه‌روه‌ها رزگار كردنیان له ناواخنی ویژدانانه كه په‌یوه‌ندیی نێوانیان له هۆشی هاوچه‌رخدا، له وڵاتانی رۆژاوا و به هه‌مان شێوه له وڵاتانی ئیسلام، داده‌مه‌زرێنێت.
كه‌واته، كاره‌كه په‌یوه‌سته به شیته‌ڵ كردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی ئایدیۆلۆژیانه‌ی ئاشكرا و شاراوه‌وه، كه ئه‌مرِۆ وا له ده‌سته‌واژه‌ی "رۆژاوا و ئیسلام" ده‌كات ببێته ئامرازێكی چرِ كردنه‌وه بۆ (شتی) فره، هه‌روه‌ها داخستنی ئه‌وه‌ی كراوه‌یه، دیسان رێكخستن و ریزبه‌ندییه بۆ (شتێك) كه به ته‌بیعه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی رێكخستن و ریزبه‌ندیدایه. له پێناو به‌دی هێنانی ئه‌م خواسته به‌و په‌رِی روونی و سه‌راپاگیرییه‌وه، ئه‌وا له هه‌ر سێ ئاستی: ئاستی چاوگی واتاییانه‌ی هه‌ردوو گوته‌ی "ئیسلام" و "رۆژاوا"، ئاستی په‌یوه‌ندیی هه‌مبه‌ری یان ئه‌وی دییانه‌وه، كه "و"ی خستنه سه‌ر له نێوانی هه‌ردوو گوزاره‌كه‌دا دروستی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا له‌سه‌ر ئاستی فره‌یی ته‌رزه‌كانی هه‌ست كردنی به "ئه‌وی دی"، ده‌ست به جووله بكه‌ین. به‌وه‌ی ته‌رزێكی دیاری كرا‌و هه‌ڵده‌بژێرین، كه له رێی ئه‌وه‌وه جۆره "ئه‌وی دی"یه‌كی دیكه ده‌دۆزینه‌وه، بێ له ئه‌وی دیی ره‌ت كردنه‌وه و دوور خستنه‌وه و رووبه‌رِوو بوونه‌وه و ململانێ... هتد.
به‌ڵام، با به خستنه رووی دوو تێبینی ده‌ست پێ بكه‌ین:
تێبینیی یه‌كه‌م، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و به‌رامبه‌ركارییه‌ی كه ده‌خوازرێت بخرێته نێو ئه‌و رسته‌یه‌وه، هه‌ر له بنه‌چه‌وه پاساوێكی نییه و ره‌واش نییه. چونكه كاره‌كه لێره‌دا په‌یوه‌سته به دوو جۆر گوته‌ی جودا له‌باره‌ی "سروشت"ـه‌وه، كه له بنه‌چه‌وه هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رامبه‌ركارنه‌یان له نێواندا نییه: "رۆژاوا" گوته (زاراوه)یه‌كی جوگرافییه، "ئیسلام"یش ئایینه. هه‌ڵبه‌ت به‌رامبه‌ركاری له نێوانی ئه‌و شته جیاوازانه‌دا ده‌بێت كه ده‌چنه خانه‌ی یه‌ك توخمه‌وه، وه‌ك به‌رامبه‌ركاریی نێوان رۆژاوا و رۆژهه‌ڵات به‌وه‌ی هه‌ردووكیان شوێنی جوگرافین، هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ركاریی نێوان ئیسلام و كریستیان كه هه‌ردووكیان سه‌ر به یه‌ك توخمن ئه‌ویش "ئایین"ـه... هتد. ئه‌مه راستییه‌كه ره‌نگه هه‌ر به‌دیهی بێت. به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر گوێمان له ده‌سته‌واژه‌یه‌كی له چه‌شنی "باكوور و ئیسلام" یان "باشوور و كریستیان" بوو، ئه‌وا پێمان سه‌یر ده‌بێت و سه‌رمان سورِ ده‌مێنێت، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین پێكه‌وه كۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو گوته‌یه (زاراوه‌یه) پاساوێكی نییه، دژه باوه، به گوته‌ی پێشینانیش "خۆبه‌خۆ نه‌ناسراوه"، به واتای ئه‌وه‌ی پێویستی به روون كردنه‌وه و پاساو هه‌یه.
باشه بۆچی ئه‌مرِۆ خه‌ڵك، له وڵاتانی رۆژاوا، به هه‌مان شێوه له وڵاتانی ئیسلامی‌یش، كاتێك له قسه و گوفتاردا "رۆژاوا و ئیسلام" پێكه‌وه كۆ ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ست به ناته‌باییه‌ك ناكه‌ن؟ كه‌چی له كاتی پێكڤه كۆ كردنه‌وه‌ی، بۆ نموونه "باشوور و ئیسلام" یان "باكوور و بوودیزم"دا هه‌ست به ناته‌بایی و سه‌رسورِمان ده‌كه‌ن؟
گومانی تێدا نییه كه دووباره بوونه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه رۆڵی هه‌یه له‌وه‌ی خه‌ڵك پێی رابێت و خۆ راده‌ستی (واتاكه‌ی) بكه‌ن. به‌ڵام دووباره بوونه‌وه لێره‌دا هه‌موو شتێك راڤه ناكات: بارگه‌ی واتایی و هێماییانه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی "رۆژاوا و ئیسلام"، هه‌روه‌ها ئه‌و ناواخنه ویژدانییه‌ی به‌وه‌وه گرێ دراوه، هه‌ر ته‌نیا زاده‌ی دووباره بوونه‌وه‌ی وشه‌كان نییه. ئه‌م جۆره دووباره بوونه‌وه‌یه وا باوه كه توندیی شتان، چ ماددی بن یان واتایی، كه‌م ده‌كاته‌وه، مه‌به‌ستمه بڵێم ده‌یانكاته شتێكی باوی رۆژانه كه هیچ پرسیار و گفتوگۆیه‌ك ناورووژێنێت، به خه‌یاڵی كه‌سیشدا نایه‌ت كه له پێناویدا كۆرِ و دیدار ببه‌سترێت و چه‌ند به‌رگه كتێبی له‌باره‌وه بنووسرێت. كه‌واته كاره‌كه په‌یوه‌ندیی به دووباره كردنه‌وه به جۆرێكی دی، هه‌یه: دووباره كردنه‌وه‌ی ترس و ئاره‌زووه‌كان، ئه‌ویش به كاریگه‌ریی فاكته‌ر و پاڵنه‌ری وا كه چاوگی خۆی له خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیاری كرا‌و بۆ رووداوی دیاری كراودا ده‌بینێته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌كی چون یه‌ك بۆ رووداوه‌كان، به هۆی بیرۆكه‌ی واوه كه خه‌ڵك نه‌وه له نه‌وه‌ی وه‌رده‌گرێت، به رێنمایی پێشه برِیار، وه‌ك كه دواتر روونی ده‌كه‌ینه‌وه.
هه‌رچی تێبینیی دووه‌مه: كه لێره‌دا ده‌مانه‌وێ تۆماری بكه‌ین، له‌و كاته‌ی ئێمه سه‌رقاڵی چوونه پێشین بۆ گه‌یشتن به پرۆسه‌ی شرۆڤه و شیته‌ڵ كردنی ده‌سته‌واژه‌ی "رۆژاوا و ئیسلام" له نێو گوتاری هاوچه‌رخدا، به ئه‌وروپی و عه‌ره‌بییه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتێك هه‌ردوو گوته (زاراوه)ی (رۆژاوا، ئیسلام) به‌رامبه‌ر به یه‌كدی داده‌ندرێن، ده‌چنه بن باری یه‌كێتییه‌كی ئایدیۆلۆژییه‌وه، كه رێژه‌یی و فره‌یی له سه‌ر ئاستی ماهیه‌ت له هه‌ر یه‌كه‌یاندا ده‌شارێته‌وه.
له سه‌ر ئاستی جوگرافیادا، رۆژاوا زاراوه‌یه‌كی رێژه‌یی و بزواوه: هه‌ر شتێك سه‌باره‌ت به شتێكی دیاری كرا‌و رۆژاوایه و سه‌باره‌ت به شتێكی دیكه‌ش رۆژهه‌ڵاته. وه‌ك زاراوه‌یه‌كی ئێستای سیاسی ئه‌وا "رۆژاوا" فره‌یه‌كه كه چه‌ندین ده‌وڵه‌ت و چه‌ندین نه‌ته‌وه له خۆ ده‌گرێت. ئه‌مریكای باكوور و ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا هه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌مریكای لاتین و رووسیا و ژاپۆنیش هه‌ن.. ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ی دوایی ده‌چنه بن باری چه‌مكی رۆژاواوه؟ ئه‌دی به چ واتایه‌ك؟
هه‌مان شت سه‌باره‌ت به ئیسلامیش ده‌گوترێت: جا ئێمه ئه‌گه‌ر له په‌یڤی "ئیسلام"دا، چ مه‌به‌ستمان كرداری ئایینی بێت به ته‌نیا یان مه‌به‌ستمان "موسڵمانان" بێت، ئه‌وا فره‌یی خۆی ده‌سه‌پێنێت: شیعه و سوننه و مه‌زهه‌بی دیكه‌ش هه‌ن، هه‌روه‌ها عه‌ره‌ب و تورك و ئێرانی و كورد و پاكستانی و ئه‌نده‌نووسی و نایجیری و.. هتد، هه‌ن. ئه‌م فره‌ییه‌ش واقیعێكی راسته‌قینه، سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و شارستانیشه، ئه‌ویشه كه تا راده‌یه‌ك به ته‌واوی پاساوی ئه‌وه ده‌دات بپرسین: ئاخۆ چ شتێك ئه‌و وڵات و گه‌لانه پێكڤه كۆ ده‌كاته‌وه تا بخرێنه به‌رامبه‌ر به وڵات و گه‌لانی دیكه‌وه، ئه‌و وڵات و گه‌لانه‌ی ده‌چنه بن ناونیشانی "رۆژاوا"وه، كه ئه‌ویش، وه‌ك كه دیتمان، له لای خۆیه‌وه ئاراسته به فره‌یی ده‌كات؟
كه‌واته یه‌كێتییه‌كی ئایدیۆلۆژی (یان دروستتر گشتاندنێكی ئایدیۆلۆژی) هه‌یه ئه‌و فره‌ییه ده‌شارێته‌وه به ئامانجی زه‌ق كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌رامبه‌ركارانه‌ی نێوان "رۆژاوا و ئیسلام" وه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كی په‌سند له به‌راییدا. یه‌كه‌مین هه‌نگاویش كه ده‌بێ لێره‌دا بینێین، له‌به‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (شیته‌ڵ كردنه‌وه‌ی) ئه‌و یه‌كێتی/گشتاندنه‌یه، هه‌روه‌ها تا باگراونده‌كه‌شی ئاشكرا بكه‌ین، هه‌ڵبه‌ت رێی ئه‌م كاره‌شمان ئه‌وه‌یه له نێو باخی كولتووریانه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یاندا، له چۆنیه‌تی دیاری كردنی هه‌ردوو گوته‌ی (رۆژاوا، ئیسلام) ورد ببینه‌وه.
سه‌باره‌ت به چاوگی عه‌ره‌بیی ئیسلامییه‌وه، ئه‌وا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌كرێ سه‌رنج بده‌ین كه ده‌سته‌واژه‌ی "رۆژاوا و ئیسلام" ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نامۆیه، ده‌قاوده‌ق به وه‌رگێرِان له زمانانی ئه‌وروپییه‌وه وه‌رگیراوه. له ده‌قه كۆنه‌كاندا ئه‌م جۆره ده‌سته‌واژه‌یه نه‌بووه، هه‌رچی ده‌قه‌یلی نوێشه كه به زۆری بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوو (سه‌ده‌ی 20) ده‌گه‌رِێنه‌وه، ئه‌وا زۆر ده‌گمه‌ن ئه‌و به‌رامبه‌ركارییه‌ی نێوان "رۆژاوا" و "ئیسلام" ده‌بینین. ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی له كۆتایی سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ده‌ركه‌وت، ده‌سته‌واژه‌ی "ئیسلام و كریستیان" بوو، ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی به‌راوردكاریی نێوان هه‌ڵوێستی هه‌ر یه‌ك له ئیسلام و كریستیان له ئاست زانست و عه‌قڵ و ...هتد، بوو. (بۆ نموونه: كتێبی محه‌مه‌د عه‌بده "ئیسلام و كریستیان"ی له‌گه‌ڵ زانست و ژیاردا به‌راورد كردووه).
هه‌رچی زاراوه‌ی "رۆژهه‌ڵات و رۆژاوا"یه كه له‌م سه‌ده‌یه و له سه‌ده‌ی رابردووش‌دا له نێو گوتاری سیاسیی ئه‌وروپادا بره‌وی هه‌بوو، ئه‌وا له چاوگی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا، تا راده‌یه‌كی زۆر مه‌حكوومه به رێژه‌یی و فره‌ییه‌وه. له قورئاندا هاتووه: "چاكه ئه‌وه نییه روو بكه‌نه رۆژهه‌ڵات و رۆژاواوه" (سووره‌تی به‌قه‌ره- 177). رۆژهه‌ڵاتیش لێره‌دا به گشتی رۆژهه‌ڵاته: رووگه‌ی جوو، رۆژاواش قودسه: رووگه‌ی كریستیان. هه‌روه‌ها: "خودای هه‌ردوو رۆژهه‌ڵات و هه‌ردوو رۆژاوا" (سووره‌تی ره‌حمان 17)، هه‌روه‌ها: "سوێند نه‌بێ به خودای رۆژهه‌ڵاتان و رۆژاوایان" (مه‌عاریج 40). له سه‌رده‌می ئیبن سینادا "رۆژهه‌ڵات" و "رۆژهه‌ڵاتیان" بریتی بوون له فارس و خه‌ڵكه‌كه‌ی به لای رۆژهه‌ڵاته‌وه، كه‌چی "رۆژاوا" و "رۆژاواییان" بریتی بوون له به‌غدا و خه‌ڵكه‌كه‌ی و ئه‌وه‌ی به لای رۆژاوای ئه‌وانه‌وه بوو. پاشان زاراوه‌ی "رۆژاوا" تایبه‌ت بوو به ئاماژه‌دان به ئه‌و لای میسره‌وه به‌ره‌و رۆژاوا، هه‌روه‌ها رۆژاوای نزیك (ته‌رابلوس و توونس) و رۆژاوای ناوه‌ند (جه‌زایر) و ئه‌وپه‌رِی رۆژاوا (مه‌غریبی ئێستا)ی له نێودا له یه‌كدی جیا كرانه‌وه، پاشان ده‌سته‌واژه‌ی "رۆژاوای ئیسلامی" په‌یدا بوو تا ئاماژه بكات به وڵاتانی باكووری ئه‌فریقا و ئه‌نده‌لوس.
به تێكرِا، هه‌بوونی په‌یڤی "رۆژاوا" له چاوگی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا هیچ كاتێك واتای هه‌بوونی "ئه‌و دییه‌ك" كه به دروستی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی موسڵمانان بێت، نه‌گه‌یاندووه، سه‌باره‌ت به ئیسلامیش ئایین یان شارستانیه‌تێك نییه كه بریتی بێت له "ئه‌وی دی"، به‌ڵكوو ئه‌و وشه‌یه ئیدی هه‌موو ئه‌و واتایانه‌ی گرته خۆ له رێی وه‌رگێرِان له زمانانی ئه‌وروپییه‌وه. به‌م جۆره په‌یڤی "رۆژاوا" (Occident, West) واته ده‌وڵه‌تانی رۆژاوا، هه‌روه‌ها "رۆژهه‌ڵات" (Orient, East) به واتای ده‌وڵه‌تانی رۆژهه‌ڵات، هه‌ردووكیان پێكڤه له زمانانی رۆژاواوه وه‌رگێرِدراون، زمانانی ئه‌وروپاش رۆژهه‌ڵاتی نزیك و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست و رۆژهه‌ڵاتی دووریان له یه‌كدی جیا كرده‌وه، ئه‌ویش به پێی دوور و نزیكی له ئه‌وروپاوه.
ئه‌وه له‌باره‌ی "رۆژاوا"وه، هه‌رچی له‌باره‌ی "ئیسلام"ـه‌وه‌یه، ئه‌وا له چاوگی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا ئاراسته به‌و ئایینه ده‌كات كه پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌ب محه‌مه‌د كورِی عه‌بدوڵڵا هێنای. ئه‌وه‌شه كه له فه‌رهه‌نگه‌كانی عه‌ره‌بیدا ده‌یبینین، له "لیسان ئه‌لعه‌ره‌ب"دا بۆ نموونه ده‌خوێنینه‌وه: ئیسلام: ئاشكرا كردنی ملكه‌چی و ئاشكرا كردنی شه‌ریعه‌ت و په‌یوه‌ست بوون به‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د س) هێنای. به گشتی، له چاوگی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا واتایه‌كی دی بێ له‌و ناوه‌رۆكه ئایینییه‌ی ئیسلام له ئارادا نییه. ئه‌وه‌ش ناوه‌رۆكێكه له قورئاندا فراوان ده‌بێت تا راده‌ی ئه‌وه‌ی ئایینگه‌لی ئاسمانیی سه‌ر به ئایینی ئیبراهیمیش ده‌گرێته‌وه: "ئایین به لای خوداوه ئایینی ئیسلامه" (ئال عیمران 19)، "هه‌ر كه‌سێك بێ له ئیسلام په‌یرِه‌وی ئایینێكی دی بكات، ئه‌وا لێی وه‌رناگیرێت" (ئال عیمران 85)، ئیسلامیش لێره‌دا ئایینی ئیبراهیمه، مه‌به‌ستیش ئایینی یه‌كتاپه‌رستییه، كه به‌رامبه‌ر به كفر و بتپه‌رستییه.
هه‌رچی ده‌سته‌واژه‌ی: "دنیای ئیسلام"ـه، كه به‌رامبه‌ره‌كه‌ی "دنیای شه‌رِ"ـه، دوو زاراوه‌ی فقهیی تایبه‌تمه‌ندن و سه‌ر به زاراوه‌ی "یاسای نێوده‌وڵه‌تین" و بۆ سه‌ده‌كانی به‌رایی ئیسلام، سه‌ده‌ی فتووحات ده‌گه‌رِێنه‌وه. "دنیای شه‌رِ" ده‌سته‌واژه‌یه‌كه و به "وڵاتی ناموسڵمانان ده‌گوترا كه هیچ بواری ئاشته‌وایی له نێوانی ئه‌وان و موسڵماناندا نییه"، جا چ له بیابانی عه‌ره‌بدا بن یان له رۆژهه‌ڵات یان رۆژاوا یان له باكوور یان باشوور بن. هه‌روه‌ها "دنیای ئیسلامیش" به وڵاتانی موسڵمانان ده‌گوترێت جا له هه‌ر جێ و شوێنێكدا بن، ئه‌و دنیای ئاشتییه و نابێ شه‌رِی تێدا بكرێت، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه شه‌رِ له دژی "شه‌رِوانان" ده‌كرێت، ئه‌وانیش بریتین له چه‌ته و رێگرانی یاخی كه ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌ر، سه‌ر و ماڵی خه‌ڵك. ئه‌و پۆلێنه‌ش هیچ واتایه‌كی دیاری كراوی ئایدیۆلۆژی یان "سیاسی"ی نییه كه وا بكات واتای "دنیای شه‌رِ" ته‌نیا تایبه‌ت بێت به ئه‌وروپا یان كریستیان به‌ده‌ر له خه‌ڵكی دی، وه‌ك زۆر له رۆژهه‌ڵاتناسان وای لێ حاڵی بوون، كه ئه‌مرِۆ ئه‌وان ئه‌م پۆلێنه زیندوو ده‌كه‌نه‌وه تا وه‌همی "ململانێی هه‌میشه‌یی" نێوان "ئیسلام" و "رۆژاوا" بچه‌سپێنن. "دنیای شه‌رِ" زاراوه‌یه‌كه له كاتێكی دیاری كراودا ده‌رهه‌ق به لایه‌نێك ده‌گوترێت، له كاتێكی دیاری كراویشدا، كه ئه‌و لایه‌نه له حاڵه‌تی شه‌رِدایه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا، جا ئه‌و لایه‌نه چ له رۆژهه‌ڵاتدا بێت یان له رۆژاوا، كریستیان بێت یان غه‌یره كریستیان، جا ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌ش چ له رۆژهه‌ڵاتدا بێت یان له رۆژاوا... هتد.
هه‌رچی چاوگی ئه‌وروپییه، ئه‌وا كاره‌كه جیاوازه. له فه‌رهه‌نگه‌كانی هاوچه‌رخی ئه‌وروپیدا "رۆژاوا" (occident) وه‌ك شوێنێكی جوگرافی و "رۆژاوا" (Occident) (به كاپیته‌ڵ O وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ زانست) له یه‌كدی جیا ده‌كرێنه‌وه، ئه‌میان وه‌ك زاراوه‌یه‌كی جیۆسیاسی به‌كار دێت بۆ:
1- ئه‌و به‌شه‌ی جیهانی دێرین كه كه‌وتبووه رۆژاوای ئیمپراتۆریه‌تی رۆمه‌وه.
2- ئه‌وروپای رۆژاوا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به جۆرێكی گشتی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له په‌یمانی ئه‌تڵه‌سی.
3- به دروستی وڵاتانی رۆژاوای ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. ره‌نگه زاراوه‌ی (Ouest)ی فه‌ره‌نسی واته (West)ی ئینگلیزی تایبه‌تمه‌ند بێت به‌وه.
واتای زاراوه‌سازیانه‌ی په‌یڤی "رۆژاوا" به هێنایه پێش چاوی واتای به‌رامبه‌ر و تایبه‌تمه‌ند به‌وه‌وه له زمانی سیاسیی ئه‌وروپادا، روون ده‌بێته‌وه. (Occident) یه‌كه‌م به‌رامبه‌ر به "لۆڤان" (Levant) "رۆژهه‌ڵات: شوێنی هه‌ڵاتنی خۆر" به‌كار هات، ئه‌ویش له به‌راییه‌كانی سه‌ده‌ی شازده‌مه‌وه، مه‌به‌ستیش ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بوون كه كه كه‌تبوونه رۆژهه‌ڵاتی فه‌ره‌نساوه، به تایبه‌تی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپیی ناوه‌رِاست. پاشان به‌رامبه‌ر به (Orient) "دیوی هه‌ڵاتنی خۆر" بۆ ئاسیا ئاماژه‌ی پێ ده‌كرا، جاری واش هه‌بوو مه‌به‌ست ده‌وڵه‌تانی ده‌ریای سپیی ناوه‌رِاست و ئه‌وروپای ناوه‌رِاست بوو. رۆژهه‌ڵاتیش به گوێره‌ی دوور و نزیكیی له ئه‌وروپاوه، پۆلێن ده‌كرێت بۆ رۆژهه‌ڵاتی دوور و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاست و رۆژهه‌ڵاتی نزیك. هه‌رچی په‌یڤی (Est, East)ـه، كه له بنه‌چه‌دا واته رۆژهه‌ڵاتی جوگرافییه، له سه‌رده‌می شه‌رِی سارددا تایبه‌تمه‌ند بوو به واتای بلۆكی كۆمۆمنیزم، ئه‌ویش به‌رامبه‌ر به "رۆژاوا" (Ouest West)، كه له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، مه‌به‌ست لێی ده‌وڵه‌تانی بلۆكی سه‌رمایه‌داری بوو.
ئیدی روونه كه به‌رامبه‌ركاریی نێوان ئه‌وروپا/رۆژهه‌ڵات (Europe/Levant) له لایه‌ك، رۆژهه‌ڵات/رۆژاوا (Orient/ Occident) له لایه‌كی دیكه‌وه، به‌رامبه‌ركارییه‌كه ئه‌و پۆلێنه ده‌خاته روو، كه له قۆناغی ته‌شه‌نه كردنی كۆلۆنیالیزم و به تایبه‌تی له ماوه‌ی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، باو بوو. كه‌چی به‌رامبه‌ركاریی نێوان رۆژهه‌ڵات/رۆژاوا (Est/Ouest) ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان سه‌رمایه‌داری و كۆمۆنیزم به تایبه‌تی له پاش دووه‌مین جیهانه جه‌نگه‌وه، ده‌خاته روو.
به‌م جۆره په‌یڤی "رۆژاوا"، له چاوگی ئه‌وروپیدا پرِ واتایه، ئه‌و ئاماژه ده‌كات بۆ "من"ێك كه ناسنامه‌كه‌ی هه‌مه‌رِه‌نگ ده‌بێت به ئه‌ندازه‌ی هه‌مه‌رِه‌نگ بوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ی وه‌ك به‌رامبه‌ری خۆی، دایان ده‌نێت: رۆژهه‌ڵات (نزیك یان ناوه‌رِاست یان دوور)، یان بلۆكی كۆمۆنیزم (پێشتر)، ئه‌وه له كاتێكدا ئه‌م په‌یڤه له چاوگی عه‌ره‌بیدا بێ له واتای جوگرافیانه‌ی خۆی چ واتایه‌كی دیكه‌ی نییه، كه ئاماژه به لای رۆژاوا بوونی خۆر ده‌كات. له زمانی عه‌ره‌بیدا به هه‌مان ئه‌و ناوه‌رۆكانه‌ی له چاوگی ئه‌وروپیدا هه‌ن، به‌كار نه‌هاتووه، ته‌نیا له كاتێكی دره‌نگدا نه‌بێت، ئه‌ویش به گواستنه‌وه له هه‌مان چاوگه‌وه.
ئه‌وه سه‌باره‌ت به په‌یڤی "رۆژاوا". هه‌رچی سه‌باره‌ت به په‌یڤی "ئیسلام"ـه، كه له چاوگی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا ته‌نیا به ئایینی ئیسلام ده‌گوترێت نه‌ك شتی دی، وه‌ك پێشتریش روونمان كرده‌وه، ئه‌وا له چاوگی ئه‌وروپیدا ئاماژه به فره‌یی ده‌كات. له ئینسیكلۆپیدیای لارووسی فه‌ره‌نسی بۆ ساڵی 1962دا، په‌یڤی "ئیسلام" (Islam) به‌مانه ده‌گوترێت:
1- ئایینی موسڵمانان.
2- ئه‌و كۆمه‌ڵه وڵاته‌ی ئایینیان ئیسلامه.
هه‌رچی فه‌رهه‌نگی بچووكی لارووسه‌وه بۆ ساڵی 1994، له‌باره‌ی هه‌مان په‌یڤه‌وه ئاماژه ده‌كات به:
1- ئایینی موسڵمانان.
2- جیهانی ئیسلام.
3- شارستانیه‌تی تایبه‌ت به‌و..
به‌م جۆره واتای "ئیسلام" له فه‌رهه‌نگه‌كانی رۆژاوادا بۆ سێ جۆر شت ده‌چێت: ئایینی ئیسلام، وڵات و گه‌لانی ئیسلامی، شارستانیه‌تی ئیسلام.
ئه‌م سێ واتایه له كوێوه هاتوون؟
به دڵنیاییه‌وه فه‌رهه‌نگه‌كانی رۆژاوا ئه‌م واتایانه‌یان له فه‌رهه‌نگه‌كانی عه‌ره‌بیی ئیسلامییه‌وه وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌وان ئه‌و فره‌ییه‌یان تێدا نییه، پێناسه‌كیان بۆ ئیسلام نییه بێ له‌وه‌ی، ئه‌و ئایینه‌یه كه به‌و ناوه ناسراوه. كه‌واته ئه‌و سێ واتایه‌ی فه‌رهه‌نگه‌كانی رۆژاوا به په‌یڤی "ئیسلام"ی ده‌ده‌ن ئاماژه به "پێچكه" ده‌كه‌ن كه وا داندراون تا هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌ك به‌رامبه‌رێك بێت بۆ یه‌كێك له‌و واتایانه‌ی په‌یڤی "رۆژاوا" له چاوگی ئه‌وروپیدا هه‌یه‌تی. به‌م جۆره "رۆژاوا" كریستیانه و "ئیسلام"یش ئایینێكی (ئیسلامییه). رۆژاوا چه‌ندین وڵات و گه‌له، "ئیسلامیش" چه‌ندین وڵات و گه‌له. رۆژاوا شارستانیه‌ته، "ئیسلامیش" شارستانیه‌ته.
لێره‌دا "ئیسلام" ئه‌وی دی/ئاوێنه‌یه‌كه، كه رۆژاوا خۆی تێدا ده‌بینێت. رۆژاوا دابه‌شكاری و فره‌ییه‌كه‌ی خۆی به سه‌ر "ئیسلام"دا داده‌بارێنێت و ده‌یكاته (ئه‌و دی)ی هه‌موو رووكارێك له رووكاره‌كانی خۆی: ئیسلام ئه‌وی دییه له ئاستی ئاییندا، ئه‌وی دییه له ئاستی وڵاتان و گه‌لاندا، ئه‌و دیشه له ئاستی شارستانیه‌تدا. ئیسلام له چاوگی رۆژاوادا به‌م جۆره دیاری ده‌كرێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه خۆی هه‌یه، به‌ڵكوو به‌و جۆره‌ی كه بۆ رۆژاوا ئه‌وی دییه. به زمانێكی دی، ئه‌و به‌رامبه‌ركارییه‌ی رۆژاوا له نێوانی خۆی و ئیسلامدا ده‌یكات له‌و جۆره به‌رامبه‌ركارییه‌یه، كه په‌یوه‌ندیی نێوان "من" و "ئه‌وی دی" دیاری ده‌كات، به‌رامبه‌ركارییه‌كه گوزارشت له غه‌یره‌زێكی دژ ده‌كات.
ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ ده‌مان گوازێته‌وه بۆ دووه‌مین ئاستی قسه‌كانمان.
* * * *
له به‌رایی ئه‌م وتاره‌ماندا گوتمان ده‌سته‌واژه‌ی "ئیسلام و رۆژاوا" له كایه‌ی كولتووری عه‌ره‌بدا ده‌سته‌واژه‌یه‌كی نارِه‌سه‌نه و له زمانانی ئه‌وروپییه‌وه وه‌رگیراوه، به‌وه‌ش گه‌یشتین كه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه ئه‌و زمانانه ده‌سته‌واژه‌ی "من و ئه‌وی دی" به‌كار ده‌هێنن، ده‌سته‌واژه‌ی "ئیسلام و رۆژاوا"ش به‌كار ده‌هێنن، به شێوه واتای غه‌یره‌زی دژ، پێویسته ئێستا ئه‌وه‌شی بخه‌ینه سه‌ر و بڵێین: هه‌مان شت سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی "من و ئه‌وی دی"یش هه‌ر راسته، به زمانێكی دی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ش له هه‌بوونی له نێو گوتاری هاوچه‌رخی عه‌ره‌بدا قه‌رزداری وه‌رگێرِانه، چونكه له گوتاری كۆن و نوێی عه‌ره‌بدا باو نه‌بووه، به‌ڵكوو هه‌ر نه‌بووه. سه‌رباری ئه‌وه، ئه‌م ده‌سته‌واژه وه‌رگێرِدراوه هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی و رێزمانیشی تێدایه. چونكه "من" جێناوی سه‌ربه‌خۆیه، ناسراویشه، ناسراویش (له زمانی عه‌ره‌بیدا "ال"، له زمانی كوردیشدا "كه")ی ناچێته سه‌ر، به‌ڵكوو ئه‌وان ده‌چنه سه‌ر نه‌ناسراوه‌وه و ده‌یكه‌ن به ناسراو (باب-الباب: ده‌رگا-ده‌رگاكه). ئایا شتێك هه‌یه له خۆی زیاتر به لای مرۆڤه‌وه ناسراو بێت، كه به وشه‌ی "من" گوزارشتی لێ ده‌كرێت؟
هه‌رچی په‌یڤی "آخر: ئه‌وی دی"یه، هه‌رچه‌نده (له زمانی عه‌ره‌بیدا) "ال"ی ناسینی ده‌چێته سه‌ر، ئه‌وا واتاكه‌ی له بنه‌چه‌دا شێوه‌ی "ڕفعل" (ڕڕخر) له (التڕخر: دواكه‌تن)ـه‌وه هاتووه، واته دواتر هاتن... ئه‌و به واتای دژ نایه‌ت به‌ڵكوو به "یه‌كێك له دوو شته‌كه" ده‌گوترێت (ئه‌مه ده‌رگایه، ئه‌مه‌ش ده‌رگایه‌كی دییه)، ئه‌مه‌ش واتای په‌سن و سیفه‌ته، هاوواتاكه‌ی "غه‌یره"یه. خۆ په‌یڤی "غه‌یره"ش وشه‌یه‌كی فره نارِۆشنه، چونكه واتاكه‌ی روون نابێته‌وه ته‌نیا به‌وه نه‌بێت كه ده‌خرێته پاڵییه‌وه. له زمانی عه‌ره‌بیدا "غه‌یره‌ز" زۆر واتای جیاجیای هه‌یه، هه‌ڵبه‌ت به زه‌رووره‌ت واتای جیاوازی نادات، بۆ نموونه ده‌ڵێین (القمح غیر الشعیر: گه‌نم غه‌یره جۆیه) له‌به‌ر جیاوازیی نێوانیان، هه‌روه‌ها ده‌شڵێین: (البیاچ غیر السواد: سپی غه‌یره ره‌شه) ئه‌مه‌ش بۆ دژ بوونه.
هه‌ڵبه‌ت به لای زمانناسانی عه‌ره‌به‌وه جیاوازیی نێوان په‌یڤی "آخر: ئه‌وی دی" و په‌یڤی "غیر: غه‌یره‌ز" ئه‌وه‌یه، یه‌كه‌میان واتای هه‌ڵوارینی شت له توخمی ئه‌وه‌ی پێش خۆی ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك كه ده‌ڵێین "پیاوێكم دیت یه‌كی دیی له‌گه‌ڵدا بوو"، ئه‌و "یه‌كی دی: ئه‌وی دی"یه له هه‌مان توخمی ئه‌وی پێش خۆیه‌تی (= پیاو) ناكرێ ژن یان منداڵ یان ئاژه‌ڵ.. هتد، بێت، ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی په‌یڤی "غیر: بێ له‌و" كه به ره‌هایی جودا ده‌گه‌یه‌نێت، ده‌شڵێی "پیاوێك و بێ له‌ویشم دیت"، ئه‌م "بێ له‌وی"یه ره‌نگه بۆ نموونه پیاوێك بێت، خۆ ره‌نگه منداڵێك یان ژنێك یان گیاندارێكی دی بێت.
ئه‌وه له رووی زمانه‌وانییه‌وه، هه‌رچی له رووی زاراوه‌وه‌یه، ئه‌وا كه‌لامزان و فه‌قیه و ره‌وانبێژان و خه‌ڵكانی دیكه‌ی روونخواز، چه‌ندین پله و ئاستی جیاجیای وێكچوون و جیاوازییان له یه‌كدی جیا كرده‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا چاكتر وایه بگه‌رِێینه‌وه سه‌ر ده‌قه‌كانی ئه‌وان.
ئه‌بوو هیلالی عه‌سكه‌ری جۆره‌كانی "جیاوازی" و جیاوازیی نێوانیان له‌مانه‌ی دادێ قه‌تیس ده‌كات و ده‌ڵێ: "جیاوازیی نێوان جیابوون و جیایی، ئه‌وه‌یه كه جیایی (....) ئه‌و جیاوازییه‌یه كه به پێی سیسته‌م و رێسا نه‌هاتووه، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی نه‌زانیی بكه‌ره‌كه‌یه‌تی"، كه‌چی جیابوون به گوێره‌ی "یه‌ك رێسا ده‌بێت". چاوگیشی له‌مه‌دا فه‌رمووده‌ی خوداوه‌نده: "ئه‌و جیاییه‌ی له ئه‌فراندنی خودای میهره‌باندا ده‌یبینی" (ئه‌لمولك 3) له لایه‌ك، هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ی خوداوه‌ند: "جیابوونی شه‌و و رۆژ كاری ئه‌وه" (ئه‌لموئمینون 80) له لایه‌كی دیكه‌وه.
هه‌روه‌ها خوار و خێچیش له جیاوازی هه‌ڵده‌وارێ: "خوار و خێچی له جیاوازیدا ئه‌وه‌یه كه به لایه‌كدا ده‌شكێته‌وه پاشان به لایه‌كه‌ی دیكه‌دا ده‌شكێته‌وه، به خوار و خێچیی زه‌ویش ده‌گوترێت، عه‌رده‌كه خوار و خێچه، هه‌روه‌ها له‌و ئایینه‌دا خوار و خێچی هه‌یه. ره‌نگه جیاوازی له رێباز و ره‌نگه له توخمدا بێت: "جیابوون له رێبازدا ئه‌وه‌یه بۆچوونی یه‌كێك له نه‌یاران به پێچه‌وانه‌ی نه‌یاره‌كه‌ی دی بێت، جیابوون له توخمدا ئه‌وه‌یه یه‌كێك له شته‌كان جێی ئه‌وی دی ناگرێته‌وه. ده‌كرێ جیاوازی بكه‌وێته نێوانی دوو گرووپه‌وه و هه‌ردووكیان ناهه‌ق بن، وه‌ك جیاوازیی نێوان كریستیان و جوو له‌باره‌ی مه‌سیحه‌وه"، هه‌ردوو لایان به گوێره‌ی قورئان، هه‌ڵه‌ن.