ئه‌وی دی
May 7, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ئه‌لفرفار ئه‌لعه‌ییاشی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
گه‌وره‌ترین سزا ئه‌وه‌یه به ته‌نیا له به‌هه‌شتدا بژیم. (مالبرانش) وێرِای د‌رك كردن به خود، ئه‌وه‌تا ئێمه له‌و خاكه‌داین كه هه‌قیقه‌تی تێدا له‌دایك ده‌بێت. (هیگل)مرۆڤ گیاندارێكه به ته‌واوی له ئاژه‌ڵ جودایه، ئاژه‌ڵ ته‌نانه‌ت له هه‌ست كردن به خۆ تێناپه‌رِێنێت. مرۆڤ، به بۆچوونی هیگل، له‌و كاته‌ی ده‌ڵێ "من" ئه‌وه هه‌ست به خۆی ده‌كات، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه (مرۆڤ) هه‌ست به تاقانه‌یی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی له چاو شتانی دیكه‌ی نێو بوونه‌وه‌ر ده‌كات، له نێویشیاندا (ئه‌وی دی)، جا ئه‌و (ئه‌وی دی)یه چ چون ئه‌و بێت یان جیا له خۆی بێت. واقیعی مرۆیی واقیعێكی جڤاكییه، ئیدی كه مرۆڤ گیاندارێكی جڤاكییه، كه‌واته له ئه‌زموونی ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا ده‌ژی. مرۆڤ به مرۆڤی له‌دایك نابێت، به‌ڵكوو دواتر ده‌بێته مرۆڤ، ته‌نانه‌ت شێت و ده‌به‌نگیش له مرۆیی بوونماندا هاوبه‌شمانن. له‌م جیهانه‌دا ئێمه به ته‌نیا نین، (ئه‌وی دی)، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لێشمانه‌وه دوور بوو، هه‌ر له‌گه‌ڵماندایه، مادام كه به‌شێكی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ی داگیر كردووه. كه‌واته په‌یوه‌ندیی نێوان خود و ئه‌وی دی، چۆن دیاری ده‌كرێت؟ ئایا بۆ هه‌بوونی خود، ئه‌وی دی پێویسته؟ ئاخۆ گریمانه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ (ئه‌وی دی)دا چۆنه؟ ئایا په‌یوه‌ندیی پێكه‌وه ژیانه یان په‌یوه‌ندیی ململانێ؟ ئه‌م پرسیارانه‌ن كه له‌م نووسینه‌دا شه‌ن و كه‌ویان ده‌كه‌ین.
واتاكانی چه‌مكه‌كه:
واتای (ئه‌وی دی) له‌و تێگه‌یشتنه‌ی له لای (ئه‌وانی دی)دا باوه، دیاری ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی به پێی پێوه‌رێكی دیاری كرا‌و له من جودان. ئه‌وی دی، ئه‌و كه‌سه‌یه كه به گوێره‌ی پێوه‌ری توخم یان ره‌گه‌ز، ئایین، كولتوور، زمان له من جودایه. ئه‌وی دی ئه‌و كه‌سه‌یه كه هه‌مان كولتوور و هه‌مان شارستانیه‌ت و هه‌مان ره‌گه‌زی نییه. به‌م جۆره واتای ئه‌وی دی وه‌ك تێگه‌یشتنی باوی هاوبه‌ش، به واتای نه‌رێنی خۆی ده‌نوێنێ، ئه‌وی دی خود نییه.
فه‌رهه‌نگی (لیسان ئه‌لعه‌ره‌ب)ی ئیبن مه‌نزوور (ئه‌وی دی) له رووی زمانه‌وه دیاری ده‌كات، ئه‌وی دی (ئه‌لغه‌یر) له (ئه‌لته‌غییر)ه‌وه داتاشراوه، (ئه‌لته‌غییر، له زمانی عه‌ره‌بیدا واته جیاواز- ت. ك)، جیاوازیی شتان واته وه‌ك یه‌ك نین. ئه‌م دیاری كردنه‌ی واتای (ئه‌وی دی) هه‌مان تێگه‌یشتنی باو ده‌چه‌سپێنێت، به‌وه‌ی كه ئه‌وی دی یان (غه‌یره: ئه‌لغه‌یر) ئه‌وه‌یه كه جیاواز و چون من نییه. فه‌رهه‌نگی (روبێر)یش وا (ئه‌وی دی) دیاری ده‌كات كه "هه‌مان كه‌س نییه". هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دیاری كردنه نه‌رێنییه بۆ ئه‌وی دی، به‌وه‌ی جیاواز و چون من نییه، وه‌ك رووته دیاری كردنێكی هه‌ست پێ نه‌كراو ده‌مێنێته‌وه، ئاماژه به كه‌سێك یان گرووپێكی دیاری كرا‌و ناكات، به‌ڵكوو ئه‌وی دی له كه‌سێكی نامۆ، جیاواز، دوور، بیانی‌دا قه‌تیس ده‌كرێت، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێكیش (ده‌گرێته‌وه) كه هه‌مان ناسنامه‌ی منی نه‌بێت. په‌یوه‌ندیی نێوان خود و ئه‌وی دی به گوێره‌ی پێوه‌ری نێوانیان و روانینی هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ئه‌وی دی، دیاری ده‌كرێت. ره‌نگه ئه‌م په‌یوه‌ندییه مۆركی ململانێ بگرێته خۆ (توند و تیژی، گاڵته پێ كردن، ره‌گه‌زپه‌رستی، توندرِه‌ویی ئایینی، جیاكاریی ره‌گه‌ز، ململانێی جڤاكی). خۆ ره‌نگه په‌یوه‌ندییه‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوكاری و پێكه‌وه ژیانیش بێت، مادام ئه‌وی دی براده‌ر و چون منه. (ستراوس) دووپاتی ده‌كاته‌وه، كه ئه‌وی دی برای مرۆڤایه‌تیمانه.
واتای زمانه‌وانیی (په‌یڤه‌كه) به عه‌ره‌بی یان لاتینی، وا له (ئه‌وی دی) ده‌كات كه بریتی بێت له جیاواز یان ناچون یه‌ك، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك جیاوازییش له نێوانی واتای هه‌ردوو لادا هه‌یه، سه‌باره‌ت به چه‌شنی ئه‌و جیاوازییه كه ئاخۆ هه‌مه‌كی و ره‌هایه، یان جیاوازییه‌كی جۆره‌كی و به‌شه‌كییه؟
له باس و خواسی فه‌لسه‌فه‌دا، ئه‌وی دی (ئه‌وی جودا) ئه‌وا به وردی دیاری ده‌كرێت، به‌وه‌ی كه (ئه‌وی دی) بریتییه له (من)ی (نامن)، وه‌ك ئه‌وه‌ی (سارته‌ر) دیاری كرد. خۆ ره‌نگه به گوێره‌ی بۆچوونی (ئه‌رستۆ) پێناسه كردنی ئه‌وی دی شتێكی ناكرده‌نی بێت، به‌وه‌ی شت یان له‌گه‌ڵ (خود)دا جووته یان جیاواز.
به دڵنیاییه‌وه، واتای فه‌لسه‌فیانه‌ی چه‌مكه‌كه ده‌مانخاته نێو ته‌ڵه‌زگه‌یه‌كی راسته‌قینه و گرفێتكه‌وه، به‌وه‌ی (غه‌یره) ده‌بێته (ئه‌وی دی) له هه‌مان كاتدا (ئه‌وی دی) نییه، جووت و جوداشه. ره‌نگه (ئه‌وی دی) (من)ی (نامن) بێت، واته هه‌بوون له كرۆكی گرفته‌كه‌دا، به‌وه‌ی كه (من) به واتای فه‌لسه‌فیانه‌ی (خودی بیركه‌ره‌وه)یه، ئه‌و خوده‌ی راسته‌وخۆ له رێی میكانیزمی هۆش و بیره‌وه د‌رك به خۆی ده‌كات، ئه‌و د‌رك كردنه‌ی هه‌بوونی خود داده‌مه‌زێنێت. به‌رامبه‌ر به خود وه‌ك (من)ێكی عاقڵ و كارا، به ده‌وری خوده‌وه ده‌وروبه‌رێك، واته بابه‌ته‌یل (ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خوددایه) هه‌ن.
من هه‌رگیز نابێته من، ته‌نیا مه‌گه‌ر راسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر به خۆی ئاماده بوو، هه‌روه‌ها د‌رك كردنه‌كه‌شی كه‌سی و ویستانه بوو، بۆیه سیمای شێوه‌كان (فۆرمه‌كان) دیاری ده‌كرێت به‌وه‌ی، چۆن د‌رك به شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆم بكه‌م؟ به‌وه‌ی ئه‌وی دی بریتییه له منی نامن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناسیشم، ئه‌وا ئه‌وی دی ده‌بێته بابه‌ت، ئه‌نجا سیفه‌تی مرۆیی له‌ده‌ست ده‌دات. چۆن بتوانم وه‌ك خود بیناسم پاش ئه‌وه‌ی بووه بابه‌تێك، كه به هه‌موو هه‌بوویه‌كی بێ‌گیان ده‌چێت و یاساكانی سرِ بوون هه‌ڵی ده‌سوورِێنن نه‌ك یاساكانی ویست و هۆش و ئازادی. هاوشانی ئه‌و گرفته‌ی تایبه‌ته به چۆنیه‌تی ناسینی ئه‌وی دی، گرفتێكی دی هه‌یه و خاوه‌ن مۆركێكی پێكه‌وه‌رِۆییانه‌یه. چۆن ده‌كرێ له پێكه‌وه‌رِۆییدا بم له‌گه‌ڵ شتێك كه بووه‌ته بابه‌ت، كه ویست و ئازادیی له‌ده‌ست داوه و بووه‌ته قه‌باره‌یه‌كی بێ سه‌روبه‌ر؟ مرۆڤ چۆن ده‌توانێ هه‌موو له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ستێك تێك بشكێنێت بۆ به‌دی هێنانی پێكه‌وه‌رِۆییه‌كی باشتر.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: گرفتی سه‌لماندنی هه‌بوونی ئه‌وی دی، ئایا هه‌بوونی ئه‌و بۆ هه‌بوونی (من) پێویسته؟
گرفتی ئه‌وی دی گرفتێكی نوێی فه‌لسه‌فییه، بوو به بابه‌تێكی ناوه‌ندیی كاری فه‌لسه‌فی له سه‌رده‌می هیگلدا، به‌وه‌ی د‌رك كردنی تایبه‌ت به خود به گوێره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی ململانێیانه به هه‌بوونی (ئه‌وی دی)یه‌وه گرێ دراوه، به‌ڵام ناوه‌ندایه‌تیی (ئه‌وی دی) وه‌ك بابه‌ت له فه‌لسه‌فه‌ی نوێ‌دا، ناكاته پێشتر ون بوونی له به‌رهه‌می فه‌لسه‌فیدا، ده‌شكرێ چركه‌ساتی سوكرات و ئه‌فلاتوون له مشتومرِیاندا له‌گه‌ڵ سۆفستییه‌كاندا بهێنینه‌وه یاد، به‌وه‌ی له گۆشه‌ی (ئه‌وی دیكه)ی نه‌رێنی(lautre négatif)یه‌وه لێیان ده‌رِواندرێت. به‌وه‌ی ئه‌فلاتوون مه‌ودایه‌كی جیاوازیی له‌گه‌ڵ سۆفستییه‌كان دیاری كرد، به‌وه‌ی خودێكی جیا و پێچه‌وانه‌ی خودی فه‌یله‌سووفه، فه‌یله‌سووفی راسته‌قینه هه‌بوونی راسته‌قینه به جه‌وهه‌ر (être) داده‌نێت و به دوای هه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌رِێت، دوور له به‌رژه‌وه‌ندییش به دوای چاكه‌دا ده‌گه‌رِێت. كه‌چی (ئه‌وی دیكه‌ی جیا) سۆفیستی له روانگه‌ی ئه‌فلاتوونه‌وه كه‌سێكه رواڵه‌ت په‌رست (Lapparaître)، زانینی ئه‌ویش وابه‌سته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه، بایه‌خ به (را)ش ده‌دات، كه‌واته ئه‌و فه‌یله‌سووف نییه به‌ڵكوو (فه‌یله‌زه‌وق)ـه.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه مۆله‌قه‌ی نێوان خود و ئه‌وی دی، له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی هیگلدا ره‌هه‌ندێكی ناوه‌ندی (سه‌نترال) ده‌گرێته خۆ. كه‌واته ده‌كرێ له ناوخۆی ئه‌و دید و روانینه‌وه پرسیاره سه‌نتراله‌كه له‌باره‌ی چه‌شنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له نێوانی (خود/ئه‌وی دی)دا هه‌یه، وه‌بیر بهێنینه‌وه، كه ئایا ده‌كرێ ئه‌وی دی به پێویست دابندرێت بۆ هه‌بوونی خود؟ یان ئه‌وه‌ی هه‌بوونی ئه‌وی دی ته‌نیا گریمانه هه‌بوونه؟
بۆچوونی دیكارت:
گومان كردن، واته هێشتنه‌وه‌ی مه‌ودایه‌ك له نێوانی خود و ئه‌وی دی، له نێوانی خود و بابه‌تانی دی. خود به‌وه‌ی خودێكه بیر ده‌كاته‌وه، متمانه‌یه‌كی كوێرانه‌ی به توانای عه‌قڵی و رامانانه‌ی خۆی بۆ تێگه‌یشتن له زاڵ بوون به سه‌ر هه‌موو شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا هه‌یه، هه‌روه‌ها به‌رجه‌سته كردنی به شێوه‌یه‌كی روون و یه‌قینی، به‌وه‌ی خودی عاقڵ ده‌بێته رووناكییه‌كی خۆرِسك و د‌رك پێ كردنێك، ئه‌و بناغه‌یه‌یه كه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌توانین شتانی ده‌ره‌كی بناسین، له‌وانه‌ش ئه‌وی دی- دیكارت (R. Descartes).
پێشتر ئاماژه‌مان كرد كه فه‌لسه‌فه‌ی دیكارت بووه وه‌رچه‌رخانێك له كاروانی فه‌لسه‌فه‌ی مرۆیی‌دا، هیدگه‌ر به‌و خاكه پته‌وه‌ی (le sol fermé) داده‌نێت كه فه‌لسه‌فه‌ی نوێ ته‌لای خۆی له سه‌ر رۆ ده‌نێت، ئه‌و زه‌وییه پته‌وه‌ش هه‌ر ده‌بێ خودێك بێت كه بیر ده‌كاته‌وه (le sujet pensant)، دوا جار كۆجیتۆ "من بیر ده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م" (je pense , je suis) ده‌بێته ئه‌و بناغه پته‌وه و یه‌كه‌مین هه‌قیقه‌تی یه‌قینی بۆ بنیاتنانی فه‌لسه‌فه‌ی نوێ له سه‌ر بنه‌مای خودی تاكانه، له رێی ده‌سپێك به د‌رك كردن به خود به خۆی (له رێی خۆیه‌وه) وه‌ك چركه‌ساتێكی یه‌قینی و به بێ میانگێرِیی هیچ كه‌س. خود توانای خۆی ناسینی هه‌یه، وه‌ك به‌رجه‌سته كردنێك بۆ بنه‌مای كۆجیتۆ، به‌وه‌ی گوزارشتێكه له كرداری خود هۆشیاری، وه‌ك حه‌ده‌سه چالاكییه‌ك. سه‌لماندنی هه‌قیقه‌تی خودێك كه بیر ده‌كاته‌وه به ئه‌زموونی گومان كردن‌دا تێپه‌رِ ده‌بێت، ئه‌و گومانه‌ی به‌ره‌و یه‌قینمان ده‌بات، گومان كردن ته‌نانه‌ت له شتانی یه‌قینییش، تا خود ده‌گاته یه‌كه‌مین هه‌قیقه‌تی یه‌قینی كه گومان قبووڵ ناكات، هه‌روه‌ها گومان كردن له هه‌قیقه‌تی هه‌بوونێك كه بیر ده‌كاته‌وه (منێك كه بیر ده‌كه‌مه‌وه)، به‌وه‌ی كه ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌یه كه روون و به‌دیهیانه خۆی به سه‌ر هزر و عه‌قڵدا ده‌سه‌پێنێت. پاشان هه‌بوونی منێك كه بیر ده‌كه‌مه‌وه به جیا و سه‌ربه‌خۆ له هه‌بوونی ئه‌وی دیكه‌یه، بۆیه هه‌بوونی ئه‌وی دی په‌یوه‌ست ده‌بێت به برِیاری عه‌قڵ و په‌نا بردنه به‌ر چرای عه‌قڵ، به‌وه‌ی (ئه‌و) ته‌نیا زامنی گه‌یشتنه به هه‌قیقه‌ت به بێ پشت به‌ستن به هه‌سته‌كان یان تێبینی كردن بۆ سه‌لماندنی هه‌بوونی ئه‌وانی دی، چونكه زۆر جار یه‌قینی عه‌قڵ به (خه‌ڵك) هه‌ڵه‌دا ده‌بات و ته‌فره‌یان ده‌دات، هه‌روه‌ها ته‌فره‌دانی هه‌سته‌كان، بۆیه دیكارت برِیار ده‌دات كه ناسینی ئه‌وی دی زانینێكی عه‌قڵییه و به‌نده به گه‌واهیی عه‌قڵ و گه‌واهیی هه‌سته‌كان.
دیكارت قۆناغی تاكایه‌تیی خود (Le solipsisme) راده‌گه‌یه‌نێت: (ته‌نیا خۆم هه‌م) هه‌موو خودێك خۆی به هه‌قیقه‌تێك داده‌نێت كه پێویستی به چ كه‌س نییه، به ته‌نیا و به میكانیزمی بیر كردنه‌وه، یه‌قینی هه‌بوونی خۆی له ده‌ستدایه، مرۆڤ خۆبه‌خۆ د‌رك به خۆی ده‌كات، به بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به میانگێرِیی كه‌سانی دی هه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و (ئه‌وی دی)یه به خۆشم بچێت. خود به بۆچوونی دیكارت به ره‌هایی گۆشه‌گیره و كه‌س ناسه‌لمێنێت، پێویستی به‌وه‌ش نییه كه‌س ئه‌و بسه‌لمێنێت، به‌ڵام خود هه‌تا كه‌ی وه‌ها پاڵه‌وانانه و سه‌ربه‌خۆ له ئه‌وانی دی ده‌ژیت؟ ئایا خود پێویستی به ئه‌وی دی نییه تا خۆی بسه‌لمێنێت؟ ئایا ناكرێ له بری تاكه خود قسه له‌باره‌ی كۆ خوده‌وه بكه‌ین؟ قسه له‌باره‌ی (ئێمه)وه بكه‌ین له بری (من)؟
دیكارت بناغه‌ی ئه‌زموونێكی نوێ داده‌رِێژێت، ئه‌زموونی خودی زانا كه هه‌بوونی (خۆی) به شتان ده‌به‌خشێت و لێشیان ده‌ستێنێته‌وه، هه‌بوونی شتانی وابه‌سته‌ی ئه‌زموونی بیر كردنه‌وه و د‌رك پێ كردن و پیاده كردنی گومانه وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی عه‌قڵی. گومان خوده كرداره و له بری ناكرێت، واته ئه‌وه‌ی دووپات ده‌كرێته‌وه هه‌بوونی خودێكه، كه به گوێره‌ی بنه‌مای (كۆجیتۆ) بیر ده‌كاته‌وه، "من بیر ده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م"، ئه‌وی دی ره‌نگه و ئه‌گه‌ر، مادام كه كرده‌ی بیر كردنه‌وه له بری ئه‌وی دی ناكرێت، بۆیه هه‌بوونی به گوێره‌ی لۆژیكی به‌رنیشانه (ئیستیدلال) به چونه‌یه‌كی دیاری ده‌كرێت. مادام به من ده‌چێت كه‌واته ئه‌ویش هه‌یه. دیكارت دووپاتی ده‌كاته‌وه: كاتێك له په‌نجه‌ره‌وه ده‌رِوانینه خه‌ڵك كه له شه‌قامدا له جمیندان، ئیدی بێ له قاپووت و كڵاو (شه‌فقه)، كه خه‌ڵكانێك (ده‌بینین) وه‌ك تارمایی و خێو دێن و ده‌چن، چه‌شنی چه‌رخ و فه‌له‌كیش ده‌خولێنه‌وه. جه‌وهه‌ری خود بیره، كه به بێ رامانی تایبه‌ت نایه‌ته دی. كه‌واته هه‌بوونی ئه‌وی دی ئه‌گه‌ره گریمانه‌یه‌كه.
بۆچوونی هیگل:
به بۆچوونی هیگل، ئه‌وی دی بۆ هه‌بوونی خود پێویسته، مادام كه مرۆڤ له په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌ژی پتر له‌وه‌ی به ته‌نیا بژی. به گوته‌ی هیگل هۆشیاری هۆشیارییه‌كی تاك ره‌هه‌نده و له پێناو گه‌یشتن به قۆناغی ته‌واوكاری به شێوه‌یه‌كی دیالیكتیكانه گه‌شه ده‌كات و ده‌بووژێته‌وه. سه‌ره‌تا د‌رك كردنی به خۆ به‌نده به هه‌ستی راسته‌وخۆوه، مادام كه نقومی نێو ژیانی ئۆرگانییه، كه وه‌ك ئاژه‌ڵێك به ره‌مه‌كه‌كانی ده‌ژی، ئه‌ركه‌كه‌ی بریتی ده‌بێت له پاراستنی ژیانی جه‌سته‌ییانه‌ی خۆی. له‌م قۆناغه‌دا په‌یوه‌ندیی ئه‌و به هه‌بوون و سروشته‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆ و هه‌سته‌كی ده‌بێت، هه‌ر شتێكی جیاواز بێت ره‌تی ده‌كاته‌وه، هیچ هه‌قیقه‌تێك بێ له خۆی ناسه‌لمێنێت (قۆناغی تێز)، له كاتێكدا ئه‌وی دیكه‌ش وه‌ك خودێك خاوه‌ن هه‌قیقه‌تی خۆیه‌تی. دوای قۆناغی هه‌ست كردنی راسته‌خۆ، مرۆڤ كار ده‌كات بۆ تێپه‌رِاندنی ئه‌و هه‌بوونه هه‌سته‌كییه، كاتێك ئاره‌زووی مرۆییانه‌ی به سه‌ر ئاره‌زووی ئاژه‌ڵیانه‌یدا زاڵ ده‌بێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئاره‌زووه‌كانی خود ده‌چنه نێو ئاره‌زووه‌كانی خودێكی دی نه‌ك شتێكی سروشتییه‌وه. ئه‌م ره‌وشه ململانێیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیكه‌دا ده‌هێنێته ئاراوه له پێناو تێر كردنی ئاره‌زوو. ئه‌وه ململانێیه‌كه له پێناو ددان پێدا نان، به‌وه‌ی كه به‌دی هێنانی د‌رك كردن به خود، واته ره‌ت كردنه‌وه‌ی ئاره‌زووی ئه‌وی دی، مادام كه ئاره‌زووی مرۆیی تێر نابێت ته‌نیا له رێی پرۆسه‌ی ره‌ت كردنه‌وه و له‌ناو بردنی ئه‌وه‌ی كه "من نییه"وه نه‌بێت. مرۆڤ ئاره‌زووه‌كانی خۆی ده‌خوات، واته ئاره‌زووی ئه‌وانی دی، به پێچه‌وانه‌ی ئاژه‌ڵ كه شتان ده‌خوات. مرۆڤیش وای لێ نایه‌ت ته‌نیا له حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی ئاره‌زووی مرۆییانه‌یه‌وه نه‌بێت. ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی كه به سه‌ر ئاره‌زووی ئاژه‌ڵیانه‌ی/ ئاره‌زووی ژیاندا زاڵ نه‌بێت. له كاتێكدا هه‌موو ئاره‌زوویه‌ك بریتییه له ئاره‌زووی به‌هایه‌ك، ئاره‌زووی ئاژه‌ڵ خۆی له به‌های پاراستنی به‌های ئاژه‌ڵانه‌ی/ (تێر كردنی ره‌مه‌كی)دا ده‌بینێته‌وه. هه‌رچی مرۆڤه ئه‌وا مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ی به‌نده به ره‌گه‌زی سه‌رچڵی كردن به ئاره‌زووی ئاژه‌ڵیانه‌ی/ قوربانی دان به جه‌سته‌ی خۆی له پێناو ئاره‌زووی مرۆییانه‌ی/ ئاره‌زووی به‌ده‌ست هێنانی سه‌روه‌ریدا. بۆیه كه‌سانی ده‌كه‌ونه نێو ململانێی ئاره‌زووه‌كانه‌وه، ململانێی مه‌رگ و ژینه‌وه، ململانێیه‌ك له پێناو ددان پێدا نان، ئه‌و ململانێیه‌یه كه هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه: په‌یوه‌ندیی نێوان ئاغا و به‌نده، ئه‌وه‌ی ژیانی ئاژه‌ڵیانه‌ی خۆی ده‌خاته به‌ر مه‌ترسیی و له‌و سه‌رچڵییه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، ئه‌وا ده‌بێته ئاغا. هه‌رچی كۆیله‌یه ئه‌وا حه‌ز ده‌كات له ناوه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه پرِ له كێشمه‌كێشه‌دا ژیانی خۆی بپارێزێت، هه‌ست كردن به سه‌روه‌ری و هه‌ست كردن به كۆیلایه‌تی دروست ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت مه‌رگی كردنی سه‌لماندن به‌ده‌ست ناهێنێت، به‌ڵكوو خۆ به‌ده‌سته‌وه دانی یه‌كێك له لایه‌نه‌كان كاتێك ژیانی له مه‌رگ به لاوه گرنگتره. به‌زیو/ كۆیله ژیانی له بری مه‌رگ هه‌ڵبژاردووه، هه‌رچی ئاغای سه‌ركه‌وتووه ئه‌وا ژیانی له رووبه‌رِوو بوونه‌وه و داوا كردنی مه‌رگ و قوربانی دان به ژیانی خۆی، هه‌ڵبژاردووه: داوای مه‌رگ بكه ژیانت پێ ده‌به‌خشرێت. كه‌واته ناكرێ د‌رك پێ كردنی مرۆیی به‌دی بێت، د‌رك كردن به خود و به ئه‌وی دی، به‌دی بێت ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت، كه به لای كه‌مه‌وه، دوو ئاره‌زوو رووبه‌رِووی یه‌ك ده‌بنه‌وه، هه‌موو گیاندا‌رێك ئاماده‌یه تا ئه‌و په‌رِه‌كه‌ی بۆ تێر كردنی ئاره‌زووه‌كانی خۆی و له‌ناو بردنی ئاره‌زووی ئه‌وانی دی و ره‌ت كردنه‌وه‌یان برِوات. به گوێره‌ی ئه‌م ململانێی په‌یوه‌ندییه دوو هۆشیاری دێنه ئاراوه: هۆشیارییه‌ك بۆ سه‌روه‌ری و هۆشیارییه‌ك بۆ كۆیلایه‌تی.
به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی دیكارت كه هه‌بوونی خود له سه‌ر بنه‌مای زانین رۆ ده‌نێت، كه‌سی زانا (عاریف) خۆی له ئارامییه‌كی نه‌رێنیدا قه‌تیس ده‌كات، مادام كه هه‌ست به خۆی ده‌كات و به گوێره‌ی پرۆسه به‌رنیشانه‌یه‌كی رامانانه به شێوه‌یه‌كی بێ پێچ و په‌نا هه‌ست به خۆی ده‌كات، هه‌بوونانی دیكه‌ش هه‌رس ده‌كات. هه‌رچی هیگله وا ته‌ماشای مرۆڤ ده‌كات كه گیاندارێكه به ئاره‌زووه‌كان ده‌ژی، به‌دی هێنانی ئاره‌زووش پاڵی پێوه ده‌نێت كه له حاڵه‌تی نه‌رێنییه ئارامی ده‌ربچێت به‌ره‌و كار كردن بۆ تێر كردنی ئاره‌زووه‌كه‌ی، تێر كردنی ئاره‌زووه‌كانیش به‌دی نایه‌ت ته‌نیا له رێی ره‌ت كردنه‌وه‌وه نه‌بێت، واته ره‌ت كردنه‌وه‌ی بابه‌تی ئاره‌زووه‌كه، بۆ نموونه تێر كردنی ئاره‌زووی برسێتی واته نه‌هێشتن و ره‌ت كردنه‌وه‌ی سفره (خوان)، هه‌روه‌ها به‌دی هێنانی هه‌ست كردن به سه‌روه‌ری و هه‌ست كردنی به خود وه‌ك ئاغایه‌ك، ئه‌مه‌ش واته دوور خستنه‌وه‌ی هه‌ست كردن به ئه‌وی دی.
ته‌وه‌ری دووه‌م: ناسینی ئه‌وی دی
ناسینی ئه‌وی دی ده‌كرێ یان ئه‌سته‌مه؟
خستنه رووی ئه‌و پرسیاره به‌م شێوازه واته گریمانه كردنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وی دی قابیلی ناسینه، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ی كه ئه‌وی دی به بابه‌ت یان شتێك دابندرێت، چونكه كرده‌ی زانین زه‌ینه چالاكییه‌كه، خودی عاریف به سه‌ر بابه‌تی زانین (مه‌عریفه)وه ده‌یكات، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه ئه‌وی دی وه‌ك شتێك یان بابه‌تێكی سارد و سرِ دابندرێت، كه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی مرۆیی (ئازادی، ویست، هۆشیاری)ی نییه. ده‌كرێ ئه‌وه بسه‌لمێنین كه ناسینی ئه‌وی دی گرفتێكی مه‌عریفی و پێكه‌وه‌رِۆیی له نێوانی خود و ئه‌وی دی ده‌خاته روو. به گشتی ده‌كرێ باس له دوو دیدی فه‌لسه‌فیانه بۆ گرفتی ناسینی ئه‌وی دی و چۆنیه‌تی ره‌فتار كردن له‌گه‌ڵی، بخه‌ینه روو.
بۆچوونی ژان پول سارته‌ر:
ناسینی ئه‌وی دی وه‌ك خود ناكرێ، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ی بگۆرِدرێت به بابه‌تێك، په‌یوه‌ندییش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا په‌یوه‌ندییه‌كی نائارام و ژه‌هراوییه. به پێی گریمانه‌ی سارته‌ر، ناسینی ئه‌وی دی واته كردنی به بابه‌تێك و وه‌ك شتێكی سارد و سرِ ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا بكرێت، كه به‌هایه‌كی نییه و ئازادی و ویست و هۆشیاریی له‌ده‌ست داوه. كه‌واته له روانگه‌ی سارته‌ره‌وه ناسینی خود به هه‌بوونی ئه‌و (ئه‌وی دیكه)وه گرێ دراوه، كه ئه‌ویش مه‌رجه بۆ ناسینی خۆم. حاڵه‌تی شه‌رم بۆ نموونه، كاتێك مرۆڤ به ته‌نیا له باخچه‌یه‌كدا ده‌بێت و به شێوه‌یه‌كی ئاسایی و وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ناوه‌ندی جیهان بێت، ده‌جوولێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر كه ده‌بینێ كه‌سێكی دی چاودێریی ده‌كات هه‌ست به شه‌رم ده‌كات. كه‌واته خود به سایه‌ی هه‌بوونی ئه‌وی دییه‌وه شه‌رمنیی خۆی بۆ ئاشكرا بوو، نه‌ك له‌به‌ر فاكته‌رێكی خود و دره‌وونه‌وه، خود پێویستی به ئه‌وی دی هه‌یه تا خۆی بناسێت (Jai besoin de la médiation de lautrui pour être ce que je suis).
له رێی بینینه‌وه ئه‌وی دی (غه‌یره) ئاشكرا ده‌بێت، چونكه له پشتی روانینی ئه‌وه‌وه خودێك هه‌یه كه برِیاری به ده‌سته و بیر ده‌كاته‌وه، كاتێكیش خود برِیار له‌باره‌ی ئه‌وی دیكه‌وه ده‌دات، ئه‌و ده‌كاته بابه‌ت، هه‌موو كه‌سێك به هۆی بینینه‌وه ئه‌وی دی ده‌گۆرِێت و ده‌یكاته شت. هه‌ر بۆیه د‌رك كردن به خۆ له لای سارته‌ر به گوێره‌ی پێوه‌ری جیاواز بوون له ئه‌وی دی دیاری ده‌كرێت. تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر هۆشیارییه‌ك به دیاری كردنی توانای ئه‌و له دانانی مه‌ودایه‌ك و كشانه‌وه له به‌رده‌می و پێوه نه‌نووسانی، دیاری ده‌كرێت. ده‌ركه‌وتنی ئه‌وی دی له به‌رده‌می خوددا واته گۆرِانی به بابه‌ت. ئه‌مه‌یه یه‌كه‌مین چركه‌ی ره‌ت كردنه‌وه‌ی دووسه‌ره، خود ئه‌وی دی ره‌ت ده‌كاته‌وه، ئه‌وی دیكه‌ش خود ره‌ت ده‌كاته‌وه. ره‌ت كردنه‌وه واته گۆرِینی ئه‌وی دییه‌ك بۆ بابه‌ت. هه‌موو لایه‌ك ده‌یانه‌وێ له ناوه‌ندی جیهاندا بن و جێی بایه‌خ پێ دان بن، چونكه ته‌ماشا كردن خود به‌ره‌و شه‌رم كردن و هه‌ڵاتن له جیهان ده‌بات، ئنجا قه‌تیس بوون له نێو خوددا.
ئه‌وی دی بۆ خۆ ناسین پێویسته (بۆ نموونه ئه‌زموونی شه‌رم)، ئه‌گه‌ر ئه‌وی دی نه‌بووایه خود به شه‌رمی خۆی ئاشنا نه‌ده‌بوو. كه‌واته په‌یوه‌ندیی نێوان خود و ئه‌وی دی په‌یوه‌ندییه‌كی شتاندن ململانێیه، هه‌ر كه‌سه و ئه‌وی دی ده‌شتێنێت. ئه‌م په‌یوه‌ندییه مۆله‌قه‌ی نێوانی هه‌ردوو لا، گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌یرانێكی پێكه‌وه‌رِۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیكه‌ی نامرۆیی ده‌خاته روو، مادام ئه‌و (ئه‌وی دی)یه بابه‌تێكه ئه‌وه‌ی مرۆییه له ده‌ستی داوه. به بۆچوونی سارته‌ر، ئه‌وی دی ده‌بێته چاوگی مه‌ترسی مادام هه‌بوونی ئه‌و واته چركه‌ساتی یه‌كه‌مین ره‌ت كردنه‌وه‌ی خود، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی مۆله‌قی له‌گه‌ڵدا ده‌نێته‌وه، جاری واش هه‌یه ململانێ په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌نێته‌وه، مادام كه ئه‌وانی دی بریتین له دۆزه‌خ. ره‌فتار كردن له‌گه‌ڵیدا و روو كردنه ئه‌و، بریتییه له كردارێكی سارد كه مرۆڤایه‌تی و هه‌ست و سۆزی تێدا نییه. ئامانجی ئه‌م په‌یوه‌ندییه بریتییه له ناسینی ئه‌وی دی، نه‌ك ئاشنا بوون به‌و خۆ ئاشنا كردن به‌وه، مادام ئه‌وی دی ناشییه بۆ گرێدانی كردارێكی راسته‌قینه‌ی پێكه‌وه‌رِۆییانه له‌گه‌ڵ خوددا، مادام كه ئه‌و بابه‌تێكه ویست و ئازادیی له‌ده‌ست داوه، هه‌روه‌ها چاوگی مه‌ترسی و ته‌فره‌دانه، په‌یوه‌ندییش له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌میشه نائارام و ژه‌هرواییه.
بۆچوونی میرلۆ بۆنتی
په‌یوه‌ندیی قه‌یراناوی و ململانێی نێوان (خود) و (ئه‌وی دی)، ته‌نیا ئه‌گه‌ره په‌یوه‌ندی نییه، هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌ش روانینیه‌تی بۆ ئه‌و دی له گۆشه‌ی عه‌قڵ و هزر و لێكدانه‌وه‌یه‌ك، كه له سه‌ر رووتكاری (ئه‌بستراكت) و دابه‌ش كردن دروست بووه. بۆیه بۆنتی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ناسینی ئه‌وی دی، وا پێویست ده‌كات له سه‌رم كه له‌گه‌ڵیدا هاوسۆز بم. چونكه ئه‌وی دی هه‌ست و هۆشه ناتوانم بیناسم، ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت كه به خودێكی مرۆیی داده‌نێم، به‌وه‌ی هه‌ست ده‌كات و بیر ده‌كاته‌وه و دركیش ده‌كات، ئه‌مه‌ش واته كه‌ناڵی ئاشنا بوونمان پێی له رێی هاوسۆز بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و، ئنجا به‌شداری كردن له هه‌ستی ئه‌و و كارلێك كردن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا له بازنه‌ی ئه‌وه‌ی مرۆییه. بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌وی دی ئاشنا بم و خۆمی پێ ئاشنا بكه‌م، یه‌كه‌م ده‌بێ خۆم بناسم تا هه‌ست به ئه‌وانی دی بكه‌م. ناسینی ئه‌وانی دی له رێی عه‌قڵه‌وه، واته رووتاندنه‌وه‌ی بوونی ئه‌وان و شتاندنیان. بۆنتی، روانینێكی نوێ بۆ ناسینی ئه‌وی دی دیاری ده‌كات، دروستتر بڵێین ئاشنا بوون به‌و، ئه‌ویش نه‌ك له رێی كه‌ناڵی زانین (مه‌عریف)ـه‌وه، به‌ڵكوو له رێی پێكه‌وه‌رِۆیی و كارلێك و به‌شداری كردنی زیندووه‌وه، له رێی كرانه‌وه به‌ره‌و رووی ئه‌وی دی، چونكه جیهان ئه‌وه نییه كه بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه كه تێیدا ده‌ژیم.
بۆچوونی جیل دولوز
له روانگه‌ی دولوزه‌وه، ئه‌وی دی بنیاده (Structure) یان سیسته‌می په‌یوه‌ندی و كارلێكی نێوان تاكه‌كانه وه‌ك ره‌قیب، به گوته‌ی دولوز، مرۆڤ له په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ واقیعدا هه‌وڵ ده‌دات واقیعی خۆی رێك بخات و له هه‌موو روویه‌كیشه‌وه، د‌رك به پێكهاته‌كانی بكات، ئه‌مه‌ش گریمانه‌ی هه‌بوونی ئه‌وانی دی ده‌كات، تا د‌رك به‌و شتانه بكات كه خود دركی پێ نه‌كردوون، ئه‌وه‌ی من ناتوانم دركی پێ بكه‌م ئه‌وا له لایه‌ن ئه‌وی دییه‌وه بیندراوه، دواجار ئه‌وی دی ده‌بێته د‌رك پێ كراوه بنیادێك، چونكه له د‌رك پێ كردنی شتاندا هاوبه‌شی منه و د‌رك پێ كردنم بۆ ئه‌و ته‌واو ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌راوێزێك بێت له سه‌ر كایه‌یه‌كی د‌رك پێ كردن وه‌ك ئه‌گه‌ره كایه‌یه‌ك. هه‌رچی پرسی دیار نه‌بوونی ئه‌وی دییه، ئه‌وه واتای جووت بوونی هۆشیارییه له‌گه‌ڵ بابه‌تدا، به‌م جۆره ئه‌گه‌ری هه‌ڵه ون ده‌بێت، ئه‌ویش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وی دی دادگایی كردنی واقیع پێك ده‌هێنێت، به‌ڵكوو ون بوونی ئه‌وی دی وا ده‌كات هۆشیاری به بابه‌ته‌وه بنووسێت و له‌گه‌ڵیدا جووت بێت.
ته‌وه‌ری سێیه‌م: په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی
پێشتر گوتمان كه په‌یوه‌ندی له نێوانی خود و ئه‌وی دی په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆز و تێك هه‌ڵكێشه، چونكه ناوه‌رۆكی ئه‌م په‌یوه‌ندییه له نێوانی دۆستایه‌تی و قین، ده‌مارگیری و لێبورده‌یی، وه‌فا و خیانه‌تدا، ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ر ده‌كات. به گشتی ده‌كرێ قسه له‌باره‌ی دوو نموونه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه بكرێت: په‌یوه‌ندیی ئه‌رێنی، په‌یوه‌ندیی نه‌رێنی، دواجار ده‌پرسین بۆچی من به رایه‌ڵی دۆستایه‌تی به ئه‌وی دییه‌وه گرێ ده‌درێم، ئایا به گوێره‌ی مه‌به‌ستێك بووه یان ئه‌وه‌ی خۆبه‌خۆ به مه‌به‌ست داندراوه، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ئێمه ده‌چێت یان ئه‌وه‌ی كه دژی ئێمه‌یه؟ یان ئه‌و بۆ ئێمه سوودبه‌خشه؟ له هه‌مان كاتیش‌دا بۆچی ئه‌وی دی ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین دووری بخه‌ینه‌وه، په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا په‌یوه‌ندیی به‌ریه‌ك كه‌وتن و قین بێت؟
چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م گرفته له رێی ئه‌م بۆچوونه فه‌لسه‌فیانه‌ی دادێوه:
مالبرانش دووپاتی ده‌كاته‌وه: گه‌وره‌ترین سزا بۆ من ئه‌وه‌یه به ته‌نیا له به‌هه‌شتدا بژیم، مرۆڤ گیاندارێكی جڤاكییه به گوێره‌ی ژیانی هاوبه‌ش ده‌ژی وه‌ك ئه‌زموونێكی بنه‌رِه‌تی كه خه‌سڵه‌تی ژیانی مرۆییه. مرۆڤ له روانگه‌ی ئه‌رستۆوه گیاندارێكی سیاسییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیكه‌دا ئه‌زموونی ژیارانه ده‌ژی، ئه‌زموونی ته‌نیایی ئه‌زموونێكی دژواره و وه‌ك سزایه‌ك به سه‌ر خوددا ده‌سه‌پێندرێت، بۆ نموونه حه‌پسی ئینفرادی یان دوور خستنه‌وه. ئه‌زموونی پێكه‌وه ژیان یان شارستانی واتای ئه‌وه‌ی تاك شارستان بێت و ژیانی جڤاكیانه‌ی هه‌بێت و رێز له یاساكانی شار بگرێت و داكۆكییان لێ بكات و بناغه‌ی په‌یوه‌ندیی دۆستانه دابرِێژێت، وه‌ك كردار و وه‌ك بژارده‌یه‌كی هۆشیارانه‌ی خودێك له په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی‌دا. هه‌ڵبه‌ت واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆژانه ده‌ری ده‌خاته كه په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیانه په‌یوه‌ندیی رێز و هاوكاری نییه، زۆر جار توند و تیژی و دوور خستنه‌وه و قین ده‌بنه بنه‌مای په‌یوه‌ندی و هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆیی، به گشتی ده‌كرێ دوو نموونه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه ده‌ست نیشان بكه‌ین: په‌یوه‌ندیی ئه‌رێنی (دۆستایه‌تی)، په‌یوه‌ندیی نه‌رێنی (نامۆیی).
بۆچوونی یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندیی دۆستانه له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی:
دۆستایه‌تی وه‌ك نموونه:
بۆچوونی ئه‌فلاتوون:
ئه‌فلاتوون گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی‌دا ده‌كات، ئه‌ویش له رێی هێنانه پێش چاوی هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌ره وێنانه‌ی نێوان من و ئه‌وی دی. له دیالۆگی (لیزیس)دا كه بۆ باس كردنی دۆستایه‌تی ته‌رخان كراوه، به چه‌ند گریمانه‌یه‌ك ده‌ست پێ ده‌كات. ئیدی بنه‌مای دۆستایه‌تی یان وێكچوونه یان دژایه‌تی یان ئه‌وه‌ی دۆستایه‌تی حاڵه‌تێكی بوونی ناوه‌رِاستانه‌یه. دوای دوور خستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه‌ی دی، ئه‌و برِیار ده‌دات كه بنه‌مای دۆستایه‌تی حاڵه‌تێكی بوونه له نێوان كه‌ماڵی ره‌ها و كه‌ماسیی ره‌هادا، چونكه ئه‌وه‌ی له دۆخی كه‌ماڵی ره‌هادا بێت پێویستی به ئه‌وی دی نییه، ئه‌وه‌ی كه له (به‌دی)ی ره‌هادا بێت ئیدی چاوه‌رِوانی چاكه‌ی لێ ناكرێت. بۆیه دۆست و براده‌ر ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵ ده‌دات به دوای چاكه و كه‌ماڵدا بگه‌رِێت، چونكه براده‌رایه‌تی خۆشه‌ویستییه‌كی دووسه‌ره‌یه له نێوانی من و ئه‌وی دی، من له نێو ئه‌وی دی‌دا به دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌رِێت كه خۆی پێ ته‌واو بكات.
ره‌ها له حاڵه‌تی (به‌س)دایه و پێویستی ئه‌و ئه‌وی دی نییه، هه‌رچی دۆستایه‌تییه ئه‌وه كرده‌یه‌كی گه‌رِانه به دوای هاورِازی زیاتر و كه‌ماڵی باڵاتر، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی دووسه‌ره‌ی خۆشه‌ویستییه له نێوانی ئه‌وی دی و مندا، كه به‌ره‌و به‌ده‌ست هێنانی چاكه و ئه‌ڤینی زیاتر ده‌چێت. خۆشه‌ویستی ئامرازێكه بۆ په‌روه‌رده كردنی رۆح له سه‌ر رامان و حه‌ز كردن به بیر كردنه‌وه و گواستنه‌وه له رامانی جه‌سته‌وه بۆ رامانی بیری جوان، له نێویشیاندا كرداری جوان.
بۆچوونی ئه‌رستۆ:
ئه‌رستۆ وا ده‌رِوانێته براده‌رایه‌تی كه به‌هایه‌كی كرده‌نی و ئه‌زموونێكی هاوبه‌شی نێوان خه‌ڵكانی باشن كه له نێو شاردا ده‌ژین، ئه‌و كردارێكی واقیعییه و به‌ند نییه به ئه‌فلاتوونیزمه‌وه، واته په‌روه‌رده كردنی ده‌روون له سه‌ر خۆشویستنی بیرۆكه، ئه‌رستۆ سێ جۆر دۆستایه‌تیی دیاری كردووه:
دۆستایه‌تی له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی و دۆستایه‌تی له سه‌ر بنه‌مای خۆشی، ئه‌م جۆره دۆستایه‌تییه كاتین و خێراش به‌سه‌ر ده‌چن، به نه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی یان خۆشییه‌كه، دۆستایه‌تییه‌كه‌ش نامێنێت. دۆستایه‌تیی راسته‌قینه‌ش ئه‌و دۆستایه‌تییه‌یه كه دۆستایه‌تیی چاكه‌خوازییه، چونكه یه‌كه‌م له سه‌ر بنه‌مای خۆشویستنی چاكه و جوانی بۆ خۆیان دروست بوون، دووه‌م خۆشویستنی چاكه بۆ براده‌رانی. ئه‌م جۆره دۆستایه‌تییه ده‌گمه‌نه، پێك هێنانیشی پێویستی به ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌یه. ره‌نگه پزیشكمان خۆش بوێت نه‌ك له‌به‌ر كه‌سایه‌تیی ئه‌و، به‌ڵكوو له‌به‌ر پزیشكایه‌تییه‌كه‌ی و بۆ سوودی خۆمان. دۆستایه‌تی له روانگه‌ی ئه‌رستۆوه به كردار كردنی خۆشه‌ویستییه، به‌وه‌ی كه برٍِیاری ئازادانه و هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌یه بۆ ژیان به‌سه‌ر بردن له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی. دۆستایه‌تی واته كرداری هاوبه‌شی كردن و به‌شداری كردن له ژیانێكی هاوبه‌ش به چركه‌ساتی خۆش و ناخۆشییه‌وه. به‌م جۆره دۆستایه‌تی ده‌بێته بناغه‌ی دروست كردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كگرتووی پێكه‌وه گونجاو، به‌دی هێنانیشی مه‌رجه كه ئه‌وی دییه‌ك، كه حه‌زی به چاكه‌یه، هه‌بێت، نه‌ك ئه‌وی دییه‌ك كه حه‌زی به خراپه‌یه، ئه‌و بریتییه له یارمه‌تیدانی ئه‌وی دی كه هه‌بێت. هه‌رچی قینه ئه‌وه دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌وی دییه و ته‌نانه‌ت كار كردنه بۆ ته‌فر و توونا كردنیشی. خۆشویستنی كه‌سایه‌تیی ئه‌وی دی بریتییه له یارمه‌تیدانی بۆ هه‌بوون و خۆشویستنی ژیان و هاوبه‌شی كردن له ته‌رزه ژیانی چاك و په‌سندی ئه‌ودا، چێژ وه‌رگرتن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا و چوونه بن باری ئه‌شك و زه‌حمه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا.
هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئاماژه بكه‌ین كه دۆستایه‌تی به‌ستن له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی‌دا، نایه‌ته دی ته‌نیا به هه‌بوونی خودێكی چاكه‌كار نه‌بێت، چونكه خراپه‌كار له‌باریدا نییه دۆستایه‌تیی كه‌س بكات مادام به پێی ئاره‌زووی خۆی ره‌فتار ده‌كات و له هه‌ڵسوكه‌وتدا شڵه‌ژاوانه ده‌ژی. هه‌رچی مرۆڤی چاك ئه‌وه‌یه، كه به لۆژیكی عه‌قڵ ره‌فتار ده‌كات، چاكه‌ی بۆ خۆی ده‌وێت و به هه‌مان شێوه بۆ براده‌ره‌كه‌شی ده‌وێت.
په‌یوه‌ندیی نه‌رێنی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی، نامۆیی وه‌ك نموونه:
ره‌فتار كردن به لۆژیكی ناسنامه‌ی هه‌ڵواسراو:
روانینێكی فه‌لسه‌فی هه‌یه وا ته‌ماشای ئه‌وی دی ده‌كات به‌وه‌ی كه چاوگی خراپه‌یه، مه‌ترسییه‌كیشه هه‌رِه‌شه له هه‌بوونی خود ده‌كات، ئه‌مه‌ش واته هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی نائارام له نێوان من و ئه‌وی دی، په‌یوه‌ندییه‌كی ژه‌هراوی.
ئه‌م نموونانه‌ش ده‌خه‌ینه روو:
- كه‌س به دادپه‌روه‌ری له‌دایك نابێت.
- مرۆڤ گورگه بۆ گیانی برای مرۆڤی- هۆپز.
- ماسیی گه‌وره دروست بووه تا ماسیی بچووك بخوات- دیالۆگی گلوكۆن.
- تا ناچار نه‌كرێین دادپه‌روه‌ر نابین- دیالۆگی گلوكۆن.
- ئه‌وانی دی دۆزه‌خن- سارته‌ر.
- واتای ئه‌وه‌ی بژین، له جه‌وهه‌ردا ئه‌وه‌یه كه تاڵان بكه‌ین و بریندار بكه‌ین و ده‌ست درێژی له كه‌سانی بێهێز و غه‌واره بكه‌ین- نیچه.
ئه‌م نموونانه كه به سه‌ر رووبه‌ری هزری فه‌لسه‌فیدا بڵاو بوونه‌ته‌وه، ئێمه ده‌خاته به‌رده‌م گرفتی په‌یوه‌ندیی مۆله‌ق له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی، به‌وه‌ی كه چاوگی مه‌ترسی و ته‌فره‌دانه، بۆیه توند و تیژی و دوور خستنه‌وه ده‌بێته شارِێی ره‌فتار كردن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا.
كه‌واته ته‌ماشا كردنی ئه‌وی دی وه‌ك نامۆ، واته ره‌فتار كردن له‌گه‌ڵیدا به لۆژیكی ناسنامه‌ی داخراو، به‌وه‌ی به دوژمن داده‌ندرێت كه دژ به یه‌كێتی و یه‌كگرتوویی جڤاكه، به‌وه‌ی كه گیاندارێكی نامۆیه هه‌رِه‌شه له جڤاك ده‌كات. بۆیه پاراستنی یه‌كێتیی جڤاك و یه‌كگرتوویی ئه‌و، وا پێویست ده‌كات دوژمنایه‌تیی ئه‌و بكه‌ین و خۆمانی لێ بپارێزین. نامۆیی له چێوه‌ی په‌یوه‌ندیی باوی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، هه‌ستێكه ره‌نگه منی تاك یان كۆ به‌ره‌و دوور خستنه‌وه‌ی ئه‌وی دی یان ته‌فر و توونا كردنی ببات، یان هه‌مبه‌ر به‌و هه‌ست به دوژمنایه‌تی بكه‌ین، یان به لای كه‌مه‌وه به بێباكی و گۆشه‌گیری رووبه‌رِووی ببینه‌وه. پاڵنه‌ری (ئه‌ویش) هه‌مبه‌ر به كه‌سی نامۆ هه‌میشه پاڵنه‌ری نه‌رێنییه. ئه‌و رووبه‌رِوو بوونه‌وه هه‌میشه‌ییه‌یه كه به‌ره‌و دۆخی جیاوازی له به‌ره‌ژه‌وه‌ندی خودمان ده‌بات. ره‌فتار كردن به لۆژیكی ناسنامه‌ی داخراو، واته ئه‌وی دیی نامۆ، به نه‌یار و دوژمن داده‌نێت، كه ده‌بێ شه‌رِی له‌گه‌ڵ بكرێت و له‌ناو ببردرێت، ئه‌مه‌ش نائارامی و ململانێ ده‌خاته نێو په‌یوه‌ندیی مرۆییه‌وه.
بۆچوونی ژولیا كریستیڤیا
نامۆ یان ئه‌وی دی، به گوێره‌ی پێناسه‌ی كریستیڤیا ئه‌وه نییه كه له دووره‌وه هاتووه یان ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی جڤاكه‌وه هاتووه، كه هه‌رِه‌شه له یه‌كگرتوویی و تۆكمه‌یی و پێكڤه گونجانی ئه‌و جڤاكه ده‌كات. یه‌كێتی و پێكڤه گونجانی جڤاك ته‌نیا رواڵه‌تێكی گشتییه، ناته‌بایی ناوخۆی له پشته و خۆی شاردووه‌ته‌وه.. جڤاك له ناوخۆدا خه‌ڵكانی نامۆی هه‌س به‌ر له‌وه‌ی نامۆی ده‌ره‌كی له رووی كولتوور و ئایین و ره‌گه‌زه بێن. ئه‌مه‌ش سوودی هه‌یه كه به لۆژیكی ناسنامه‌ی كراوه‌وه ره‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیی نامۆدا بكرێت، به‌وه‌ی كه كولتووری ئه‌وی دی كولتووره‌كه‌م ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، فره كولتوورییش ده‌وڵه‌مه‌ندییه بۆ ئه‌زموونی مرۆیی.
بۆچوونی كریستیڤیا پرسێكی فره گرنگ ده‌خاته روو، ئه‌ویش دووپات كردنه‌وه‌ی مۆركی كراوه‌ی جڤاكه‌یلی پێشكه‌وتووه، پێشكه‌وتن به ئاستی لێبورده‌یی و رێز گرتن له هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كان پێوانه ده‌كرێت، وه‌ك دواتر (ستراوت) دووپاتی ده‌كاته‌وه.