ئه‌دۆنیس: ئه‌گه‌ر ئیخوان یان سه‌له‌فی له سووریا سه‌ركه‌ون، پێویستمان به یه‌ك سه‌ده ده‌بێت تا رزگارمان ده‌بێت
April 27, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ریتا فه‌ره‌ج
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
(ئه‌م دیمانه‌یه ریتا فه‌ره‌ج له به‌یرووته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌دۆنیس، بیرمه‌ند و شاعیری ناوداری سووریادا كردوویه‌تی، رۆژنامه‌ی "الرڕی"ی كوێتی له 19/4/2013دا، پاشان ماڵپهرِی "ئیلاف" به زمانی عه‌ره‌بی بڵاویان كردووه‌ته‌وه- ت. ك).ئه‌دۆنیس یه‌كێكه له هه‌موو داهێنه‌رانی عه‌ره‌ب زیاتر به گوتاری نوێخوازییه‌وه سه‌رقاڵه. ئۆقره ناگرێت، له شیعر و ره‌خنه مه‌شق و مشتومرِی هزریانه‌ی خۆیدا، هه‌میشه له نوێ بوونه‌وه‌دایه. جیا كردنه‌وه‌ی ئایین له سیاسه‌ت به خاڵی ده‌سپێكی شۆرِش له لای ئه‌و داده‌ندرێت. خاوه‌نی تێزی به ناوبانگی "چه‌سپاو و گۆرِاو"ـه، بانگه‌شه‌ش بۆ "ئیسلامیه‌تی تاك" ده‌كات، واته ئه‌و ئیسلامه‌ی به سه‌ر ئێستا و ئایینده‌ی موسڵماناندا زاڵ نابێت. ره‌نگه ئه‌م شاعیره به مشتومرِی روو له هه‌ڵكشانی له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ جیهاندا، ماندوومان بكات. ئه‌دۆنیس ده‌زانێت كه رابردوو هه‌رچه‌ندی شارستانیش بێت، ئایینده دروست ناكات، بۆیه ئه‌و سووره و پێداگیری له سه‌ر ئایینده و تاكایه‌تیی مرۆڤ ده‌كات، واته ئه‌و (شه‌یدای) ئه‌و سبهینێیهیه كه پرشنگدارتره.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی له "راپهرِینی سووریا" ئه‌دۆنیس رووبهرِووی باهۆزێك له هه‌ڵوێستی جیاجیا بووه‌وه، یه‌كه‌مین قۆناغی ئه‌و باهۆزهش له‌گه‌ڵ ئه‌و زنجیره وتاره‌دا هه‌ڵی كرد، كه له یه‌كێك له رۆژنامه‌كانی لوبناندا بڵاوی كرده‌وه. به زۆرییش شاعیر خۆی له وه‌ڵام دانه‌وه ده‌بوێرێت، جاری وا هه‌یه پێده‌كه‌نێت، جاری واش هه‌یه ده‌كه‌وێته مشتومرِهوه. له سێیه‌مین دیالۆگی "الرڕی" له‌گه‌ڵ ئهودۆنیسدا، باسی گه‌لێك پرسی كولتووری و كێشه‌ی جۆربه‌جۆری كرد، له سووریای خڵتانی خوێن و برین به درێژایی دوو ساڵی رابردوو، دوور نه‌كه‌وتینه‌وه. ئیسلام و نوێخوازی، قوڵپی سه‌له‌فی، لاهووته چاكسازی ئیسلامی، شۆرِش و ئیسلام، رابردوویه‌ك كه له نێوماندا لانه‌ی كردووه، گوتاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ئایینده‌ی سووریا. ئه‌م ته‌وه‌رانه و هی دیكه‌ش شاباسی دیمانه‌كه‌مان بوو له‌گه‌ڵ ئه‌دۆنیسدا:
· له‌گه‌ڵ تاو سه‌ندنی گوتاری توندرِهوی ئیسلامی له جیهانی عه‌ره‌بدا، ئاخۆ كامه‌یه شوێنی ئیسلامی میانرِهو و نوێخواز؟ ئه‌و توندرِهوییهی هاوشانی جووله‌ی به‌هاری عه‌ره‌به، چۆن راڤه‌ی ده‌كه‌ن؟
- یه‌كه‌م، ئه‌مه توندرِهوییهكه وابه‌سته‌یه به لێكدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و توند بۆ ئایین. جێی داخه له جیهانی ئیسلامدا ده‌بینین زۆر له موسڵمانان هه‌ن و ره‌خنه له‌و توندرِهوییه ناگرن. له میسر و سووریا و توونسیش به‌ڵگه‌مان له‌به‌ر ده‌ستدایه. ئه‌وانه موسڵمانێكن كه ده‌قی قورئان توند و تیژانه لێك ده‌ده‌نه‌وه و خه‌ون به زیندوو كردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌ته‌وه ده‌بینن، هه‌وڵیش بۆ به‌دی هێنانی ئه‌وه ده‌ده‌ن. ئه‌وانه وێنه‌یه‌كی به‌د و نه‌ك هه‌ر دژ به شارستانیه‌ت و كولتوور پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو دژ به مرۆڤیش. ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م كه زۆرینه‌ی موسڵمانان له بیر و كرداردا، له‌گه‌ڵ ئه‌و توندرِهوانهدا هاوبه‌ش نین.
* بۆچوونێك هه‌یه ده‌ڵێ كه ئیسلامی مێژوویی له رووبهرِوو بوونه‌وه‌یه‌كی هه‌میشه‌ییدایه له‌گه‌ڵ نوێخوازیدا. پێت وایه رواڵه‌ته‌كانی پاشكه‌وتنی ئایینی/میللی زاده‌ی پێكدادانی دیرۆكیانهی نێوانی ئیسلام و نوێخوازییه؟
- ده‌بێ ده‌قی ئایینی و ئه‌وانه‌ی برِوایان پێیه‌تی له یه‌كدی جیا بكه‌ینه‌وه. سه‌باره‌ت به ده‌قی ئایین، ئه‌وا نوێخوازی هیچ واتایه‌كی له نێویدا نییه. به لای ده‌قی ئایینه‌وه پرسه‌كانی نوێخوازی جێی بایه‌خ نین، ئه‌و بۆ خۆی نوێخوازییه، ئه‌و بۆ خۆی هه‌موو شتێكه: ئه‌وه‌ی چووه و ئه‌وه‌ی دادێت. موسڵمان به‌م جۆره ره‌خنه له بیرۆكه‌كانی نوێخوازی ده‌گرن و ره‌تیشیان ده‌كه‌نه‌وه، چونكه (نوێخوازی) خۆبه‌خۆ واته هێنانه ئارای بیرۆكه‌ی نوێی نائیسلامی، ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئیسلامیشدا ناته‌با بن. موسڵمانانیش ئه‌وه قبووڵ ناكه‌ن، بۆیه كارێكی به‌دیهییه كه ئه‌وان دژ به هه‌موو تیۆرییه‌كانی نوێخوازی بن. به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌مه، ئیسلامی هاوچه‌رخ له سه‌ده‌ی نۆزده‌مه‌وه تا ده‌گاته ئهمرِۆ، به سایه‌ی دروشمی رێنیسانس و گۆرِانهوه، هیچ شتێكی له نوێخوازی قبووڵ نه‌كردووه، بێ له ده‌سكه‌وتی ته‌كنیكی كه باری ژیان باش ده‌كات، گردهبرِانهش بنه‌ماكانی عه‌قڵانیه‌تی ئه‌و (نوێخوازی)یه‌ی ره‌ت كردنه‌وه. كه‌واته له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا بوارێك بۆ نوێخوازی نییه، ته‌نیا مه‌گه‌ر بۆچوون له‌باره‌ی ئازادی و به تایبه‌تی ئازادیی بیر و باوهرِی ئایینی و مافی را دهربرِین بگۆرِێت، بنه‌مای جیهانیش مرۆڤ و واقیعه، نه‌ك غه‌یب.
* هه‌ندێك له رۆشنبیران داوا ده‌كه‌ن پشت به خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ كه‌لتووری ئیسلام و قورئان ببه‌سترێت، به‌وه‌ی كه چاكسازیی ئایین پێویستییه‌كی گه‌رم و گورِه بۆ هه‌ر شۆرِشێكی دروستی مه‌عریفی. ئایا موسڵمانان پێویستیان به چاكسازییه لاهووتێكی ئیسلامی هه‌یه؟
- قسه كردن له‌باره‌ی چاكسازیی ئایینه‌وه هیچ واتایه‌كی نییه. ئایین چاك ناكرێت. ئه‌و چۆنه هه‌ر واش ده‌مێنێته‌وه. چاكسازیی راسته‌قینه‌ی ئایینی ئه‌وه‌یه كه ئایین و سیاسه‌ت به ته‌واوه‌تی له یه‌كدی جیا بكرێنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م له یه‌ك جیا كردنه‌وه‌یه به‌دی بێت، ئه‌وا ئایین ده‌بێته ئه‌زموونێكی كه‌سی و بێ له خۆی به هیچ كه‌سی دیكه‌وه په‌یوه‌ست نابێت. له رۆژاوادا ئایینی كریستیان ئه‌زموونێكی ده‌گمه‌نه، بێ له دینداران كه‌سی دی به خۆیه‌وه په‌یوه‌ست ناكات، په‌یوه‌ندیی به كاروباری ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵه‌وه نییه، به‌ڵكوو سرووتی تایبه‌تی ئایینین و كولتوورێكی سه‌ر به‌و سرووتانهیه. پێم وا نییه كه له توانادا بێت له نێوانی ئیسلام و كریستیاندا به‌راوردێك بكرێت. ئیسلام شتێكه و كریستیانیش شتێكی دی. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئیسلام به ده‌وڵه‌وت و ده‌سه‌ڵاته‌وه په‌یوه‌ست بوو.
* خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ قورئان چ بایه‌خێكی هه‌یه؟
- قورئان پێویستی به چه‌ندین خوێندنه‌وه هه‌یه، نه‌ك ته‌نیا یه‌ك خوێندنه‌وه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و خوێندنه‌وانه به تیۆری ره‌ت كرانه‌وه، ئه‌وانه‌ی خوێندنه‌وه‌شیان كرد، بۆ نموونه محه‌مه‌د ئه‌ركۆن، كفرێندران، ناوی كه‌سی دیكه‌ش ناهێنم چونكه ئه‌و له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئایینی‌دا له هه‌مووان بوێرتر بوو. ئه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتی كه ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی بۆ ده‌قی قورئان بكه‌ین، كفرێندرا. كه‌واته هێشتا باڵاده‌ستی بۆ ئه‌و خوێندنه‌وه باوه‌یه كه ده‌ڵێ ئیسلام ئایین و ده‌وڵه‌ته و له یه‌ك جیا نابنه‌وه. ئیدی به‌م شێوه‌یه، ئه‌و رێیه‌ك بۆ دیالۆگ به‌دی ناكات. ئه‌و هه‌ر له پێش را له سه‌ر توند و تیژی رۆنراوه، رۆژانه‌ش توند و تیژی ده‌كات.
* له یه‌كێك له وتاره‌كاندا ئاماژه‌ت به‌م پرسه‌ی دادێ كرد "ناكرێ بێ ئیسلام شۆرِشێك به‌رپا بێت، به‌ڵام ده‌بێ یه‌كه‌م له نێو ئیسلامدا شۆرِشێك به‌رپا بێت". چ هۆیه‌ك هه‌یه كه بووه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م به‌رپا بوونی ئه‌م شۆرِشه؟
- گه‌لێك هۆ هه‌ن كه له لایه‌ك به بنیادی توند و تیژییهوه گرێ دراون، هه‌روه‌ها به بنیادی كه‌ماڵی ئایینی و ته‌واو بوون له ئیسلامدا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایین له سیاسه‌تدا یه‌كه‌مین قسه‌ی هه‌یه، ئه‌وا له كولتووریشدا قسه‌ی یه‌كه‌می هه‌یه، هه‌روه‌ها قسه‌ی یه‌كه‌میش له كاروباری كۆمه‌ڵ و دهزگاكانیشی، ئیدی چۆن ده‌كرێ شۆرِشێك به واتای ئایینی دژ به ئیسلام به‌رپا بێت؟ ئه‌مه بابه‌تێكی مه‌حاڵه. بۆیه ته‌نیا شۆرِشێك كه ئه‌گه‌ری به‌رپا بوونی هه‌بێت، كه گریمانه پێگه‌ی روحی به خۆی به ئایین ده‌دات، ئه‌وه‌یه كه قسه‌كه‌ی مه‌سیح پهیرِهو بكات: "ئه‌وه‌ی هی قرِاڵه بیده‌ین به قرِاڵ و ئه‌وه‌ی هی خودایه بیده‌ین به خودا". ده‌وڵه‌ت و كاروباره‌كه‌ی بۆ سیاسه‌ت، ئه‌زموون و بیر و باوهرِی كه‌سانه بۆ خه‌ڵكه و هه‌ر كه‌س چۆنی بیه‌وێ. ناكرێ بیر له هه‌ر پێشكه‌وتنێك یان هیچ چاكسازییه‌ك له نێو كۆمه‌ڵگاكانی عه‌ره‌بدا بكه‌ینه‌وه، ته‌نیا له سه‌ر بنه‌مای به ته‌واوه‌تی له یه‌كدی جیا كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئایینه له لایه‌ك و ئه‌وه‌ی سیاسی و جڤاكی و كولتوورییه له لایه‌كی دیكه‌وه. به‌ده‌ر له‌و برِوایه، جیهانی ئیسلامی هه‌ر له شپرِێوییهكهی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه، كه چاوهرِانیی شتێكی ئه‌وتۆی لی َناكرێت بێ له داخورانی زیاتر و په‌رته‌وازه‌یی نه‌بێت.
* باشه هه‌ر له سه‌رده‌می داته‌پینه‌وه تا ئێستا عه‌ره‌ب نه‌یتوانیوه له‌م بازنه داخراوه‌دا ده‌ربچێت؟
- به هۆی ئه‌وه‌ی ئایین بووه‌ته هێزێكی مه‌زنی سیاسی، هێزی روحیانهشی پووكاوه‌ته‌وه. به‌وه‌ی كه هێزێكی مه‌زنی سیاسییه، ئه‌وا هێزێكی مه‌زنی ئابووریشه. كه‌واته هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌بات له پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌ن، ئایین ده‌كه‌نه ئامراز و دارده‌ست تا به هۆیه‌وه به ده‌سه‌ڵات بگه‌ن، ئه‌مه‌ش ئهمرِۆ بووه‌ته مۆركی باڵاده‌ستی ململانێی ئیسلامی و عه‌ره‌بی، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه هه‌موو لایه‌نه‌كان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ئایین، له نێویشیان لایه‌نی چهپرِهویش. ئه‌وان به قسه ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌مه قۆناغێكی مێژووییه و هه‌ر ده‌بێ ببێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات بیرمه‌ندانی گه‌وره و شاعیران و نووسه‌ران له سیاسه‌ت و له ئایین پێكرِا دوور بكه‌ونه‌وه. ئایین بوو به هێزێكی سیاسیی باڵاده‌ست و له شكست نه‌هاتوو. ئیدی كه وایه، بوو به فاكته‌رێكی بنهرِهتی له گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات یان یاخی بوون له به‌رامبه‌ریدا. ئه‌و هه‌موو رووداوانه‌ی كه بینیمانن ئه‌وه دووپات ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر ئامانج له راپهرِینی دژ به رژێمه‌كان (رووخاندنی) دیكتاتۆریه‌ت بێت، ئه‌وا له هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بدا (دیكتاتۆریه‌ت) هه‌یه، پاشان بۆچی دژ به‌م دیكتاتۆره شۆرِش ده‌كه‌ین و دژ به‌و دیكتاتۆره شۆرِش ناكه‌ین؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئامانج پێشكه‌وتن و چاكسازی بێت، ئه‌وا (ده‌بینین) ئه‌نجامه‌كان هه‌موو تێكدان و كاول كردنن. هه‌موو ئامانجه‌كه گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات. هه‌ندێك هێز هه‌ن هیچ ئامانجێكیان نییه ته‌نیا ئه‌وه‌ی لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له ده‌ستدا بێت.
* ئه‌م په‌یدا بوون و ته‌شه‌نه كردنه‌ی سه‌له‌فی چۆن راڤه ده‌كه‌ێت؟
- خه‌م و خولیای ده‌سه‌ڵاته. سه‌باره‌ت به سه‌له‌فی هه‌موو گرفته‌كان چاره‌سه‌ری خۆیان له قورئاندا ده‌دۆزنه‌وه. ئه‌وان پێیان وایه هه‌موو گرفته‌كان له ده‌سه‌ڵاتدان، نه‌ك له كۆمه‌ڵدا، كه چاره‌سه‌ری ئاماده‌ی ئایینی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، سووریشن له سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌ویش نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ بگۆرِن به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی ئایینی به‌رقه‌رار بكه‌ن. به رای ئه‌وان، هه‌ر له‌گه‌ڵ دروست بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی ئایینی‌دا، ئه‌وا هه‌موو گرفت و كێشه‌كانی كۆمه‌ڵ چاره‌سه‌ر ده‌بن، چونكه ئه‌وكات ئه‌وان ده‌قاوده‌قی قورئان پیاده ده‌كه‌ن. ئه‌وان به‌م جۆره بۆی ده‌چن و ئه‌مه‌شه برِوایان. ئه‌وان ده‌ڵێن كێشه‌كه له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دایه كه له ئیسلام لای داوه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه بگۆرِین هه‌موو شتێك باش ده‌بێت. ئه‌مه بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییانه و زۆر ته‌نك و رووكهشانهیه، ئایین و هزری ئایینییش فره ساكار ده‌كاته‌وه.
* بۆچی بنیاده‌كانی جڤاك له لای عه‌ره‌ب به هه‌مان ئه‌و ریتمه‌ی نوێخوازیی ماددی پێی ئاشنا بوو، پێش ناكه‌وێت؟
- به هۆی له یه‌ك جیا كردنه‌وه‌ی بنه‌ماكانی عه‌قڵیانه‌ی داهێنه‌ر و به‌رهه‌مه‌كانی ته‌كنیك یان پیشه‌سازی. ئه‌م له‌یه‌ك جیا كردنه‌وه‌یه بوو كه رێی له پێشكه‌وتنی كولتووری عه‌ره‌ب له سه‌ر ئاستی داهێنان و ئازادی گرت. له كولتووری ئێمه‌دا هه‌موو شتێك بۆ رابردوو دهگهرِێتهوه. ته‌نانه‌ت نووسینی چامهیهكیش به رابردوو پێوانه ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر تیۆرییه‌ك بخرێته روو ئه‌وا به رابردوو پێوانه ده‌كرێت، ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆندا كۆكه یان ناكۆك؟ ئایا ئه‌م شاعیره وه‌ك شاعیرانی كۆن ده‌نووسێت یان نا؟ به‌رده‌وام بوونی مه‌رجه‌عیه‌ت له رابردوودا، له‌مپه‌رێكی بنهرِهتییه له به‌رده‌می پێشكه‌وتندا.
* ئه‌م ئاراسته كردنه‌ی شتان به رابردوو چۆن راڤه ده‌كه‌یت؟
- چونكه ئایین بنه‌ما و سه‌نته‌ری هه‌موو شتێكه. ناكرێ باسی قسه‌یه‌ك بكرێت كه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئاییندا ناته‌با بێت. ئه‌گه‌ر له بنه‌چه‌كانی ئایین لا بده‌ین، ئه‌وه واتای ئه‌وه‌یه له ئایین ده‌رچووین و ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی كفراندن. ته‌نانه‌ت شاعیرانیش كفرێندارون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكان كوژراشن.
* بۆچوونێك هه‌یه ده‌ڵێ موسڵمان ناتوانێ برِوانێته ناسنامه‌كه‌ی و جیهانی ده‌وروبه‌ری، ته‌نیا له رێی به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌ی دڵنیاكه‌ری ئایینه‌وه نه‌بێت. تۆ رات چییه؟
- چۆن ده‌كرێ قه‌ناعه‌ت به موسڵمان بهێنین كه له ناخی خۆتدا موسڵمان به؟ موسڵمان ئه‌و شته قبووڵ ناكات. ئه‌و ده‌یه‌وێ موسڵمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت به واتای ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كانی خۆی به سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵدا پیاده بكات. موسڵمان ناتوانێ قه‌ناعه‌ت به‌وه بهێنێت كه ئه‌و بۆ خۆی موسڵمانه و كۆمه‌ڵیش شتێكی دیكه‌یه. ئه‌م روانینه بۆ ئایین ناكرێ به سه‌ریدا زاڵ بین ته‌نیا به شۆرِشێكی ریشه‌یی و سه‌راپاگیر نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی شۆرِشهكان له جیهانی كریستیاندا كردیان و وه‌ك ئه‌وه‌ی شۆرِشی كۆمۆنیزم كردی. ئه‌م شۆرِشهش بهرِێوهیه، به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م روانینه شڵه‌ژاوه‌ی ئایین خۆبه‌خۆ دهرِووخێت. به‌ڵام هێشتا كاتی دیكه‌مان ده‌وێ چونكه كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌ب له رووی ئابووری و جڤاكییه‌وه پێش نه‌كه‌وتووه، هێشتا بنیاده قوولهكانی بنیادی خێڵه‌كی و پاشڤهرِۆن.
* له وتارێكی خۆتدا به ناوی "رژێمهیلێك نه‌مردوون، شۆرِشانێك به‌رپا نه‌بوون" ئاماژه‌ت به‌م هاوكێشه‌یه كرد "ئایا من ئیماندارم؟ كه‌واته، ده‌بێ هه‌ر كه‌سێكی له‌گه‌ڵمدا نییه و هاوپه‌یمانی من نییه ته‌فر و توونای بكه‌م، هه‌روه‌ها ریشه‌ی هه‌ر شتێكی كه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه هه‌ڵكێشم". ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ش به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ كۆجیتۆی دیكارتدا "من بیر ده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م" ناته‌بایه. بیركردنه‌وه‌ش واته ره‌خنه و له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و دووباره بنیات نانه‌وه. چۆن چۆنی دابرِانی نێوانی دۆگماكانی لاهووت (ئایین) و عه‌قڵ راڤه ده‌كه‌یت؟
- ئه‌وه‌ی له وتاره‌كه‌مدا ئاماژه‌م پێ كرد گوزارشت له تێكۆشانی هه‌موو بیرمه‌ندانی راسته‌قینه‌ی عه‌ره‌ب ده‌كات، به‌ڵام به داخه‌وه تا دێ كه‌متر ده‌بنه‌وه. ته‌نانه‌ت بیرمه‌ندی چهپرِهویش یه‌كه‌مین خه‌می ده‌سه‌ڵاته نه‌ك بیر و توێژینه‌وه. گرفته‌كانمان له هه‌موو لایه‌كه‌وه ئاڵۆزن، ئهمرِۆ زۆربه‌ی بیرمه‌ندانی عه‌ره‌ب هاوشانی ئه‌و شۆرِشانه دهرِۆن، كه به راستی چ ئهنجامێكان نییه بێ له دینداری و پاشڤهرِۆیی و وێرانیی زیاتر. وێرِای ئه‌وه، به ناوی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی پاشڤهرِۆیی و دیكتاتۆریه‌ته‌وه هاوشانی دیكتاتۆریه‌تی توندتر و زاڵتر دهرِۆن. هه‌ر ده‌بێ دابرِانێك له‌گه‌ڵ دۆگماگهلی داخراودا دروست بكه‌ین. دابرِانێك كه له دامه‌زراندنی ده‌زگادا به‌رجه‌سته ببێت. هه‌رچی دابرِانه له ئاستی كه‌سدا ئه‌وا ده‌یان نووسه‌ر و بیرمه‌ند هه‌ن كه ئه‌و دابرِانه له‌گه‌ڵ رابردوودا دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان كه‌وتوونه‌ته به‌ر شاڵاوی شهرِ و كفراندنهوه چونكه ده‌زگای ئایین باڵاده‌سته.
* ئایا جیهانی عه‌ره‌ب له قۆناغی رووخاندنی بنیادهیلی دیكتاتۆریدایه، بۆ دووباره به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و بنیادانه به‌ڵام به جۆرێكی دی؟
- به‌ڵێ و به شێوه‌یه‌كی دژوارتریش چونكه مۆركێكی دستهجهمعیی ئایدیۆلۆژیانه به خۆوه ده‌گرێت. دیكتاتۆریهتانی پێشوو مۆركیان تاكه كه‌سی بوو، له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره دیكتاتۆریه‌ته زۆر ئاسانتره له شهرِی دژ به دیكتاتۆریه‌تی ده‌سته‌جه‌معی وه‌ك دیكتاتۆریه‌تی ئیخوانی موسلمین یان سه‌له‌فییه‌كان. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه سه‌ربكه‌ون، ئه‌وا به لای كه‌مه‌وه پێویستمان به یه‌ك سه‌ده ده‌بێت تا لێی ده‌ربچین.
* ئه‌و توند و تیژییه (ئایینی و سیاسی و جڤاكییه)ی له جموجۆڵی عه‌ره‌بدا هه‌یه چۆنی راڤه ده‌كه‌یت؟
- ئیمانداری سه‌له‌فی هه‌موو شتێك به خۆی ره‌وا ده‌بینێت له پێناوی خزمه‌تی خودا یان داكۆكی كردن لێی، له نێویشیاندا كوشتن، فهتواكانیش ئه‌و شته روون ده‌كه‌نه‌وه. هیچ سنوورێك بۆ ئیمانداری سه‌له‌فی نییه، ئه‌و له‌و برِوایهدایه هه‌رچی كه ده‌یكات پیاده كردنی برِوای ئه‌وه له پای داكۆكی كردن له شه‌ریعه‌ت و به‌جێ گه‌یاندنی ویستی خودا. ره‌وش له لای موسڵمانان ده‌روونییه پتر له‌وه‌ی ئایینی یان كولتووری بێت.
* ململانێیه‌ك له نێوانی ئیسلامی و لیبراله‌كان له میسردا هه‌یه، ره‌نگه به‌شێكی بۆ شهرِی بیرۆكه و دید هه‌مبه‌ر به ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵ و ئایین بگهرِێتهوه. ئه‌م ململانێیه به چ ئاكامێك ده‌گات؟
- ململانێ ته‌نیا له نێوان ئیسلامی و لیبرالدا نییه به‌ڵكوو له نێوان موسڵمان و قیبتیشدا هه‌یه، به چه‌شنێك وا ته‌ماشای كریستیانه‌كان ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی میوان بن نه‌ك به‌شێكی كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت. ناكۆكیی نێوان ئیسلامی و لیبرال په‌یوه‌ندیی به شهرِی بیر و بۆچوونه‌وه نییه، به‌ڵكوو هۆیه‌كه‌ی ململانێی سه‌ر ده‌سه‌ڵاته.
* بۆچی هێڵی ئیخوان- سه‌له‌فی (به دروستی ئه‌وانه‌ی ئێستا له ده‌وڵه‌تانی راپهرِینی عه‌ره‌بدا له ده‌سه‌ڵاتدان) ناتوانێ نوێخوازیی سیاسی هه‌رس بكات و له لاهووتی سیاسی دوور بكه‌وێته‌وه؟
- چونكه له بنهرِهتدا له سه‌ر بنه‌مای لاهووتی سیاسی دروست بووه، هه‌بوونی خۆشی به‌م جۆره روانینه بۆ ئایین گرێ دراوه. ئه‌و له‌و برِوایهشدایه ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌رداری بێت وه‌ك ئه‌وه وایه ده‌ست له خۆی هه‌ڵبگرێت. بۆیه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كه ئه‌وان نین به‌ڵكوو ئه‌و بیرمه‌ند و نووسه‌رانه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هاوسۆزن. من ره‌خنه له ئیخوانی موسلمین ناگرم به‌وه‌ی تاك تاكی كه‌سن، به‌ڵكوو به‌و چه‌شنه‌یان باس ده‌كه‌م كه پارتێكی سیاسین وه‌ك پارتی دیكه داكۆكی له پرسه‌كانی خۆی ده‌كات و وه‌ك ئه‌وانی دی ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌سته‌وه.
* هیگل زاراوه‌ی "فێڵی دیرۆك" به‌كار ده‌هێنێت تا بڵێ كه قۆناغهیلی راگواسته هه‌ندێك جار دیارده‌ی نه‌رێنی ده‌هێننه به‌رهه‌م، كه له لای خۆیانه‌وه یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی دیرۆك. به رای تۆ ئایا تیۆرییه‌كه‌ی هیگل به سه‌ر ده‌وڵه‌تانی راپهرِینی عه‌ره‌بدا پیاده ده‌بێت؟
- كۆمه‌ڵ هه‌میشه به‌ره‌و پێشه‌وه ناچێت. زۆر كۆمه‌ڵگا هه‌یه به‌ره‌و دوا دهرِۆن. مێژوو هه‌میشه جووله‌یه‌كی ئاراسته به‌ره‌و پێشه‌وه نییه. كۆمه‌ڵه‌كان هه‌ندێك جار پاشیش ده‌كه‌ون. له قۆناغی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا چوار سه‌د ساڵمان به‌سه‌ر برد كه ئێمه‌ی به‌ره‌و به‌رایی گێرِایهوه. جا ده‌بێ باسی چ جۆره فێڵێك بكه‌ین؟ ئێمه نه‌مانتوانی ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می عه‌باسیدا هاته دی بیپارێزین. گه‌لان پاش ده‌كه‌ون و به‌ره‌و دواش دهگهرِێنهوه.
* هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گرانه‌ت هه‌مبه‌ر به قه‌یرانی سووریا هه‌بوو، هه‌میشه داوات له ئۆپۆزسیۆن كردووه كه عه‌لمانیه‌ت پهیرِهو بكات و وه‌ك به‌شێك له گوتاره‌كه‌ی، ئایین له ده‌وڵه‌ت جیا بكاته‌وه. بۆچی جه‌خت ده‌كه‌یته سه‌ر ئه‌م پرسه؟
- چونكه به بێ جیا كردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت، مه‌حاڵه هیچ پێشكه‌وتنێكی ده‌زگایی یان كرداره‌كی بێته دی.
* ئایا ئێوه متمانه به گوتاری ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سووریا ده‌كه‌ن؟
- هه‌رگیز، له بنهرِهتدا هه‌ر گوتاری نییه به‌ده‌ر له ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ، ئه‌میش (ئه‌وه‌ی ناوخۆ) له ئاستی عه‌ره‌ب و نێوده‌وڵه‌تیدا گۆشه‌گیر كراوه، من خۆم به به‌شێك له‌و ئۆپۆزسیۆنه (ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ) ده‌زانم. ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی له ئاستی عه‌ره‌ب و نێوده‌وڵه‌تیدا پشتیوانیی لێ ده‌كرێت، ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداره كه ده‌وڵه‌تی سووریا خاپوور ده‌كات نه‌ك رژێم.
* رات چییه به شێخ ئه‌حمه‌د موعازی خه‌تیب؟
- شێخ مه‌عازی خه‌تیب به به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه گرێ دراوه، ئه‌و ته‌مویلێكی سیاسیی ناسه‌ربه‌خۆی نێوده‌وڵه‌تیی له پشته. من ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی سه‌ربه‌خۆم پێ باشتره كه دیالۆگی ده‌وێت و توند و تیژی ره‌ت ده‌كاته‌وه.
* به‌ڵام شێخ مه‌عازی خه‌تیبیش داوای دیالۆگی كرد له‌گه‌ڵ رژێمدا ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆدا كۆكه؟
- كه‌واته با بچێته پاڵ ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆوه.
* ئایا ترست له ئایینده‌ی سووریا هه‌یه؟
- سووریا له هه‌موو حاڵه‌تێكدا رووبهرِووی چه‌ندین كاره‌ساته ئه‌گه‌ری ههمهجۆر ده‌بێته‌وه.
* ئه‌دی له‌باره‌ی ئیخوانی موسلمینه‌وه چی ده‌ڵێی، به تایبه‌ت كه كه‌سانێك پێیان وایه ئیسلامییه‌كان به سه‌ر ئیئتیلافدا زاڵن؟
- له حاڵه‌تی له‌م جۆره‌دا ته‌نیا ئه‌وانه‌ی هه‌ره توند و تیژن باڵاده‌ست ده‌بن، ئه‌وانیش گرووپی توندرِهوی ئایینین، ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ش كۆنترۆڵی نییه به سه‌ریانه‌وه. دوو جۆر ئۆپۆزسیۆنی سووریا هه‌ن، ئۆپۆزسیۆنی چه‌كداری ده‌ره‌وه و ئۆپۆزسیۆنی ناوه‌وه كه دیالۆگی ده‌وێ و رقی له توند و تیژییه و خۆ گرێدان به ده‌ره‌وه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه. هه‌موومان ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره ئۆپۆزسیۆنه‌دا بین.