چوونە دەرەوە لە کۆمەڵگەی زەبروزەنگ

چوونە دەرەوە لە کۆمەڵگەی زەبروزەنگ

نووسه‌ر :پرۆفیسۆر میشێل ڤیڤیۆرکا*

چۆن بتوانین ببورین لەو شتانەی کە ناکرێت لێیان ببورین، وەك هاوڕێی کۆچکردوم، جاک دێریدا دەیگوت؟ کێ دەبێت داوای لێبوردن بکات؟ کێ دەتوانێت لێبوردن ببەخشێت؟ نەوەی قوربانیەکان خودی قوربانیەکان نین! هەروەها نەوەی تاوانبارەکان خودی تاوانباران نین! لێبوردن هیچ مانایەکی نییە گەر قوربانیەکان مەرجی بۆ دابنێن، هەروەها هیچ مانایەکی نییە گەر لە قوڵایی ناخی تاوانبارەکانەوە نەیەتە دەرەوە. بێگومان هەموومان دەزانین کە داننان بە تاواندا کارێکی ئاسان نییە و ئەوانەش کە دانیان پیادا دەنێن، بە ئەستەم لە ناخیانەوە دێتە دەرەوە و زیاتر دەرەنجامی بەرژەوەندیەکانی ئێستایانە، چونکە داننان بە تاوانەکانیاندا لە بەردەم دادگایەکدا، شانسی ئەوەیان دەداتێ کە بڕیاری دادوەر لەسەریان سووکتر بکات.
جەنگی ناوخۆ، زەبروزەنگی جەماوەری، لە ساتەوەختی تەقینەوەیاندا لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا، ئەو چرکەساتە مێژووییەن کە پاش کۆتایی پێهێنانیشیان، پاش ماڵئاوایی کردنیشیان، بۆ ماوەیەکی درێژ لەنێو خودی ئەو کۆمەڵگەیەدا و لە چەندین ئاستی جیاوازدا و بە چەندین فۆرمی جیاوازەوە دەمێننەوە و جومگە بە جومگە لەگەڵیدا دەژین. ئێمە هەڵەین گەر پێمانوابێت کە چیرۆکی زەبروزەنگ کۆتایی پێدێت کاتێك کە لایەنێك جەنگەکە دەباتەوە، یاخود کاتێك کە لایەنێکی دەرەکی دەست وەردەداتە یاریەکەوە و بە بەرژەوەندی ئەکتەرێك کردەی زەبروزەنگی فیزیکی کۆتایی پێدێنێت. بەپێچەوانەوە، ئەو چرکەیەی کە لایەنێك جەنگەکە دەباتەوە، لەهەمانکاتدا رووبەڕووی هەموو ئەو ئاسەوارانە دەبێتەوە کە تراژیدیای زەبروزەنگ بەجێیهێشتووە.
لێرەوە چوونەدەرەوە لە زەبروزەنگ دەبێت بە رەوتێکی درێژخایەن کە تەنیا له ‌داهاتوویەکی راکشاودا دەتوانێت خۆی بەدیبێنێت، هەرچەند هەمیشە وەك هەلومەرجێکی لەرزۆك دەمێنێتەوە و لە هەر بۆنەیەکدا دەکرێت خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە و گومان لەسەر خۆی دروستبکات. چۆن و بە چ شێوەیەك گەرەنتی بدرێت بە پێکەوە ژیانی هەمیشەیی و دیموکراتیکی ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە تا دوێنێ بەشێکیان لە بەرەی «جەللاد»دا و بەشێکی دیکەیان لەبەرەی «قوربانی»دا بوون؟ چۆن و بە چ شێوەیەك گەرەنتی بدرێت بە پێکەوە ژیانی ئەو گرووپانەی کە بەشێکیان بەرهەمهێنەری زەبروزەنگی رادیکاڵ بوون و بەشێکی دیکەیان له ژێر گورزی ئەو زەبروزەنگەدا تا سەر ئێسقانیان برینداربوون؟
لە هەندێك بارودۆخدا، زەبروزەنگی جەنگی ناوخۆ یان قەسابخانەی جەماوەریی کۆمەڵگەیەك، بە روونی دەستنیشان دەکرێت و بەرپرسیاریەتیەکەی دەخرێتە ئەستۆی ئەکتەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکراوەوە. لەم بارودۆخەدا جیاکردنەوەی سنورەکان ئاسانترە! بەڵام کاتێك کە تاوانبار و قوربانی لە رووبەرێکی جوگرافیدا، لە شارێکدا، لە پانتایەکدا تێکەڵ بەیەکدەبن و پێکەوە دەژین، کاتێك کە پاشماوەکانی زەبروزەنگ، بە قوربانی و تاوانبارەوە، ناچاردەبن بەوەی کە لە لادێیەکدا، لە شارێکدا، لە وڵاتێکدا پێکەوە بژین و رۆژانە دەموچاوی یەکتری ببین، لە بارودۆخێکی ئاوادا، شتەکان تەواو ئاڵۆزدەبن و برینی یادەوەریەکان لە کولانەوەیەکی بەردەوامدا دەبن.
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە یوگسلاڤیای کۆن بکرێت کە چۆن ئیتنیەکان، گرووپە جیاوازەکان، کەوتنە کوشتن و لەناوبردنی یەکتری و ئێستاش دەبێت پێکەوە بژین! لە ئێستادا تێبینی دەکەین کە چەندین گرووپ، تەنانەت چەندین خێزان لە هەڵوەشانەوەی بەردەوامدان، چونکە لە چرکەی جەنگی ناوخۆدا بەشێکیان لایەنگری ئەکتەرێک بوون و بەشێکی دیکەیان لایەنگری ئەکتەرێکی دیکە بوون.
یەکەم وەڵامێك بە پرسیاری چوونە دەرەوە لە زەبروزەنگ و گەڕانەوەی ئاشتی و ژیانی دیموکراسی بریتییە لە تێپەڕین بە تونێلی «لەبیرچوونەوە»دا! بیرچوونەوەی روتوقوت و ئاسان و سادە! ئێرنست رێنان، فەیلەسوفی بەناوبانگی نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمی فەرەنسی، دەڵێت: «لەبیرچوونەوە، تەنانەت هەڵەی مێژوویش، هۆکاری گرنگی دروستکردنی نەتەوەن» (کۆنفرانسی ساڵی 1882: «نەتەوە چیە؟»). لەم گۆشەنیگایەوە، یەکێتی نیشتمانی، بەبێ پەڕینەوە بەرەو لەبیرکردنی زەبروزەنگەکانی رابردو، دەبێت بە بەشێك لە موستەحیل.
بەڵام ئەمڕۆ، چەندین لایەن ئەم وەڵامەی رێنان بەرپەرچ دەدەنەوە و بەپێچەوانەوە، لەچەندین کۆمەڵگەدا (ئیسرائیل، ئەرمینیا، کوردستان، ...) قوربانیەکانی دوێنێ، خێزانەکانیان، نەوەی قوربانیەکان خۆیان کۆدەکەنەوە و هەموو تواناکانیان دەخەنە کار بۆئەوەی یادەوەری قوربانی دروستبکەن و پاشان داوای دانپیادانان بکەن، دانپیادانان بە هەموو ئەو تاوانانەدا کە رابردویان رەشکردووە.
لە دنیای نوێدا ناتوانین ئەو بزووتنەوانە بژمێرین کە داوای دادپەروەری و راستی دەکەن و، بەناوی گەلێکەوە، بەناوی گرووپێکی ئیتنیک یان ئایینیەوە، زەبروزەنگی وەحشیانە رەد دەکەنەوە، لەبیرچوونەوە رەد دەکەنەوە و پێیانوایە بەبێ یادەوەری کۆلێکتیڤی قوربانیەکان، بەبێ داننان بە تاوانەکاندا، بەبێ داوای لێبوردنکردن لە قوربانیەکان، پێکەوەژیانی نیشتمانی نەك هەر بەشێکە لە موستەحیل، بەڵکو بەشکە لە درێژکردنەوەی هەمان مێژووی زەبروزەنگ و تاوانکاری.
بەڵام لە هەلومەرجێکی ئاوادا دیسانەوە پرسیارەکان دەستپێدەکەنەوە: چۆن و بەچ شێوەیەك، لەیەک کاتدا هەموو شتەکان بەدەستبێنین؟ چۆن و بەچ شێوەیەك لەیەک کاتدا تاوانبار و قوربانی لە رووبەرێکدا پێکەوە کۆبکرێنەوە؟ چۆن و بە چ شێوەیەك تاوانبار قەناعەتپێبکەین کە داوای لێبوردن بکات و قوربانیش قەناعەت پێ بکەین کە ئەم لێبوردنە قبوڵ بکات؟ چۆن و بەچ شێوەیەك بنەمای دادپەروەری بەدیبهێنرێت و پاشان داواشیان لێبکەین کە پێکەوە بژین؟
بۆئەوەی کۆمەڵگەیەك بتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، پێش هەموو شتێك مەرجی یەکەم بریتییە لە ئامادەبوونی دەوڵەتێك کە خاوەنی چەندین دەزگای گشتی بێت و بتوانن بەم ئاڕاستەیەدا کاربکەن، بەشێوەیەك کە هەموو کەرەسەکانی بەدیهێنانی خەونێکی لەم شێوەیەیان هەبێت و چوارچێوە گیشتیەکان بەسەر هەموو لایەنەکاندا فەرزبکەن. لەو جێگەیەدا کە دەوڵەت خۆی هەلومەرجی بەرهەمهێنانی زەبروزەنگی ئامادەکردووە، لەو جێگەیەدا کە دەزگای دادپەروەری پەکی کەوتووە، لەو جێگەیەدا کە بەرژەوەندی هێزە باڵاکان پێچەوانەی ژیانێکی نوێ دەوەستێتەوە، چارەسەرێکی لەم شێوەیە دەبێت بە ئەو ئایدیالەی کە دەکرێت تەنیا لە خەوندا بیبینین! هەروەها لە جێگەیەکدا کە قوربانیەکانی دوێنێ دەوڵەت کۆنترۆڵدەکەن، مەترسی گەڕانەوە بۆ هەلومەرجی زەبروزەنگ هەمیشە لێرەیە، چونکه دەکرێت‌ لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە بەڕێوەیان ببات.
ڕێگایەکی دیکە بۆچوونەدەرەوە لە کۆمەڵگەی زەبروزەنگ بریتییە لە ئازایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەو مانایەی کە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەمڕۆ خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەو بەها ئەخلاقیانەی کە رێگایان پێدەدات لەدەرەوە بارودۆخی زەبروزەنگ کۆنترۆڵبکەن و رێگا بە دووبارەبوونەوەی بگرن. بەتەنیا داوای لێبوردن بەس نییە بۆئەوەی کە کۆمەڵگەیەک لە زەبروزەنگ بڕواتە دەرەوە. ئەو مۆدێلەی لە ئەفریقای باشوور بەکارهێنرا (دادپەروەری و ئاشتەوایی)، بە ئاسانی ناگوێزرێتەوە بۆ تەواوی کۆمەڵگەکانی دیکە.
چۆن بتوانین ببورین لەو شتانەی کە ناکرێت لێیان ببورین، وەك هاوڕێی کۆچکردوم، جاک دێریدا دەیگوت؟ کێ دەبێت داوای لێبوردن بکات؟ کێ دەتوانێت لێبوردن ببەخشێت؟ نەوەی قوربانیەکان خودی قوربانیەکان نین! هەروەها نەوەی تاوانبارەکان خودی تاوانباران نین! لێبوردن هیچ مانایەکی نییە گەر قوربانیەکان مەرجی بۆ دابنێن، هەروەها هیچ مانایەکی نییە گەر لە قوڵایی ناخی تاوانبارەکانەوە نەیەتە دەرەوە. بێگومان هەموومان دەزانین کە داننان بە تاواندا کارێکی ئاسان نییە و ئەوانەش کە دانیان پیادا دەنێن، بە ئەستەم لە ناخیانەوە دێتە دەرەوە و زیاتر دەرەنجامی بەرژەوەندیەکانی ئێستایانە، چونکە داننان بە تاوانەکانیاندا لە بەردەم دادگایەکدا، شانسی ئەوەیاندەداتێ کە بڕیاری دادوەر لەسەریان سووکتر بکات.
بەپێی لۆژیکی بەرژەوەندی، بەم شێوەیە چوونەدەرەوە لە زەبروزەنگ دەبێت بە سیستەمێکی ئامادەباشی بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیەکانی ئێستای هەموو ئەکتەرەکان پێکەوە، کە رەنگە زیاتر خەون بە داهاتوویەکی باشترەوە ببینن تا حەزکردن بە گەڕانەوە بۆ رابردویەکی پڕ لە کارەسات و زەبروزەنگ. واتە بەرژەوەندی ژیانێکی باشتر لە داهاتوودا، وا لە تاوانبار و قوربانی دەکات کە لەڕێگای دانوستانەوە، چەند رووبەرێکی نوێ بۆ پێکەوە ژیان بدۆزنەوە. دانوستان مانای رێکەوتنە لەسەر کۆمەڵێك بنەما، نەك فەرزکردنی تاکلایەنانەی بنەماکان. دانوستانێکی لەم شێوەیە، بەبێ ئامادەیی دەوڵەت و دەزگاکانی، بەبێ دەستێوەردانیان لە دەرەوە، نە دروستدەبێت و نە دەگاتە ئەنجامیش، دەوڵەت و دەزگاکانی دەبێت گەرەنتی بێلایەنی و لەهەمانکاتدا گەرەنتی دروستکردن دانوستان و پاشان پارێزگاریکردن لە دەرەنجامەکانی بەهەموو لایەك بدەن.
لە هەندێك کۆمەڵگەدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە، لەبری پەنابردن بۆ بەها جیهانییەکانی مۆدێرنیتێ و دەوڵەتی مۆدێرن بە مۆدێلە رۆژاواییەکەی، دەسەڵات پەنادەباتە بەر چوارچێوەکانی ترادیسیۆن. مەترسی ئەم بژاردەیە لەوەدایە کە، لە هەر چرکەیەکدا دەکرێت ترادیسیۆن بکرێت بە چەکی لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکە. ئەو چوارچێوانەی دادپەروەری کە پێش مۆدێرنیتێ هەبوون و لەسەر بەها جیهانیەکانی مافی مرۆڤ بینانەکراون، لە دنیایەکی مۆدێرندا بە ئاسانی جێبەجێناکرێن و لە چرکەساتی جێبەجێکردنیشیاندا هەڵگری چەندین مەترسین.
برینەکانی مێژوو بە ئاسانی ساڕێژ نابن و بە ئاسانی ئاسەوارەکانی ناسڕێنەوە. مۆدێلی «دادپەروەری و ئاشتەوایی» ئەفریقای باشوور سنوری خۆی هەیە. لێبوردن و راستی و دانپیادانان هەموو شتەکان نین. ئەم مێژووە بەتەنیا لە دادگاکاندا کاری لەسەر ناکرێت. تراژیدیاکان بە بڕیاری دادوەرێك نادڕێن و لەبیرناچنەوە. بەڵام هەموو ئەمانە پێکەوە، لەپەنای ئامادەیی بەهێزی چەندین دەزگای گشتیدا، گرنگن و بۆ بەهێزکردنی رەوتی چوونەدەرەوە لە زەبروزەنگ دەبێت کارابکرێن. بۆئەوەی نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگەیەك، جارێکی دیکە نەڕۆنەوە نێو دۆخی زەبروزەنگ، بیناکردنی چەندین دەزگای کۆنترۆڵکردنی زەبروزەنگ دەبێت بە یەکەم فەرمانی ئێستا.

* سۆسیۆلۆگ، سه‌رۆکی ده‌زگای زانسته‌ مرۆییه‌کان، پاریس. سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆسیۆلۆژی
Top