توانەوە لە دونیادا

توانەوە لە دونیادا

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

خۆشەویستی هەر ئەوە نییە، نێرێک، مێیەکی خۆش بوێت، هەیە شەیدای ئازادی دەبێت، هەیە هی داهێنان، هەیە حەزی لە ناوبانگ دەبێت، هەیە لە دەسەڵات، هەیە پیشەکەی خۆش دەوێت، هەیە سامان، هەیە سەفەر دەبێت بە خولیای یەکەمی، هەیە خواردن، هەیە گیرۆدەی دەستی خواردنەوەی شەراب دەبێت، هەیە ئالوودەی بەدزمانی. ڕەنگە هەمووان حەزیان لە سێکس بێت، بەڵام هیچ مەرج نییە، هەمووان شەیدای خودا، حەق یان دادپەروەری ببن، بەڵام کەمینەیەک حەزیان لە دەسەڵات یان ناوبانگ دەبێت.

خۆشەویستییەک نییە، لەگەڵ خۆشەویستیی سێکسی نێوان ژن و پیاودا ناکۆک بێت، ئیللا مەگەر هاوڕەگەزبازی، ئاخر زۆربە، خۆشەویستیی سێکسی نێوان دوو توخمی جیاوازیان پێ ئاسایییە، هاوڕەگەزبازییان پێ نائاسایییە، بەڵام خۆشویستنی ژیان، ناکۆکە لەگەڵ خۆشویستنی مەرگ و کاولکاریدا، بەڵام خۆشویستنی حەقیقەت، ناکۆکە لەگەڵ ئالوودەبوون بە درۆکردنەوە، وەلێ خۆشویستنی دادپەروەری، ناکۆکە لەگەڵ لایەنگرتنی ستەمدا.

ئەوی تووشی نەخۆشیی نیکرۆفیلیا ببێت، هەمیشە هەواڵی ناخۆشی پێیە، هێندە باسی مەرگ و کارەسات و ڕووداوی دڵتەزێن دەکات، کەسە نزیکەکانی نەک هەر دووچاری بێزاری، ڕەنگە تووشی خەمۆکیشیان بکات. ئەوی نیکرۆفیلیای هەبێت، ڕەنگی تاریکی پێ جوانتر دەبێت لە هی ڕوون، هەمیشە چاوی لە ڕابردوو دەبێت، بیری لای داهاتوو نابێت، هێندە کۆنەپاریزانەیش بیر دەکاتەوە، جڵەوی زیندووەکان، دەداتە دەست مردووەکان. ئەوی ناپاکیی لە نیشتمان دەکات، لەناکاو نابێتە ناپاک، تنۆک تنۆک شەرمی دەتکێت، خانە خانە ویژدانی دەڕزێت، ئیدی قەت بیر لە داهاتوو ناکاتەوە و دەبێتە ئامێرێک بۆ لەناوبردنی هاوخوێنانی خۆی و بۆ کاولکردنی نیشتمانی باب و باپیرانی. کەسی وا ڕەنگە بە سەربڕینی چۆلەکە دەستی پێ کردبێت و دواتر وەک قارەمانەکەی (نامۆ)ی ئەلبێر کامۆ، کوشتنی ئینسانیشی لە کن بووبێتە شتێکی ئاسایی.

ئەوەی ئامێرەئینسان شکی نەبات، هاوسۆزییە، کەسی وەها، ناپاکی لە نیشتمان دەکات و دەبێتە ئامێرێک بە دەست دوژمنانییەوە، بۆ قەلاچۆکردنی هاووڵاتییانی خۆی، وەکوو کوردە ئەنفالچییەکان کە بۆ کوشتوبڕی کورد و بۆ کاولکردنی کوردستان، پێش لەشکری داگیرکار دەکەوتن. کەسێک کە دەبێتە ئامێرەئینسان، گەردێک لە ئەوین لە دڵیدا نامێنێت و هەڵسوکەوتی بێجگە لە نواندنی زەبروزەنگ، هیچی دیکە نابێت و زەبروزەنگیشی، چی سنوورە دەبەزێنێت. لە ڕوانگەی ئێریک فرۆمەوە، دەماغی ئامێرەئینسان، یەک ئاڕاستەیی دەبێت و هەرچەندە وەک ئامێرێکی گچکەی لێ دێت، لە دەزگایەکی گەورەدا، کەچی ئەوەندە خودپەسندە، وای بۆ دەچێت، خۆی هەوێنی هەموو سەرکەوتنێکە.

ئامێرەئینسان، بورغوویەکە لە ماشێنێکدا، تەنێکە بێ ڕۆح و بیر لە شتی تازە ناکاتەوە، دەسەڵات هەر چۆنێک بێت، هەر چی لێ داوا بکات، دەیکات و وەها وابەستەی دەسەڵات دەبێت، متمانەیەکی هێندە ڕەهای پێی دەبێت، هەر فەرمانێکی پێ بسپێرێت، بێ قەید و شەرت، بێ کاردانەوە و بیرکردنەوە و پەشیمانبوونەوە، جێبەجێی دەکات. ئەوە بە لای ئامێرەئینسانەوە کارێکی ئاسایییە، ئەم فڕێ بداتەوە زیندانەوە، ئەو بداتە بەر دەستڕێژ و ئەوانی دیکە لە ژوورێکدا بە گازێکی کوشندە بخنکێنێت. ئامێرەئینسان گونجاوترین کەرەسەیە لە بەر دەستی دیکتاتۆردا، بە چاوپۆشین لەوەی، دیکتاتۆر هیتلەرە یان ستالین، سکرتێری حیزبە، یان سەرۆکی وڵات، یان هاوزەمان، ئەمیشیانە و ئەویشیان.

ئەوانەی بڕوایان بە دەوڵەتی حیزبی هەیە، کەسانێکن ستەمکار، کەسانێکن خۆیان بە تاکە نوێنەری حیزب و دەوڵەت دەزانن و هەموو دەسەڵات دەخەنە ژێر کونترۆڵی خودی خۆیانەوە، کەسانی وا پێویستیان بە ئامێرەئینسان دەبێت، بۆ ئەوەی بۆ تێکدان و کوشتوبڕ وەگەڕیان بخەن. لای ئێریک فرۆم، وەک چۆن دیکتاتۆر نیکرۆفیلیای هەیە، ئامێرەئینسانیش گیرۆدەی هەمان دەرد بووە، ئەوە بۆیە ئامێرەئینسان، بە فەرمانی ستەمکار، تەنانەت دەست لە نزیکترین کەسی خۆیشی، کە ڕەنگە براکەی بێت، ناپارێزێت. ئەوە بە کاریگەریەتیی نیکرۆفیلیا بوو، هیتلەر شارەکانی خاپوور و ئینسانەکانی قەلاچۆ دەکرد، پارادۆکس ئەوەیە، (نەخۆش)ی وەها کە دەبێت، جێی قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بێت، نەک کورسیی دەسەڵات، زۆر جار کەسێکە لێهاتوو، لەوانەی هەم بیروباوەڕی تایبەتیی هەیە، هەم توانای گوتاردان و ڕێبەرایەتیکردنیش.

ئەوە ئاسایییە توند و تەنانەت زبریش، ڕەخنە لە نیشتمان بگرین، نائاسایی ئەوەیە، ڕەخنە لە نیشتمان، لە خۆشویستنی نیشتمانەوە، سەرچاوە نەگرێت. ڕەخنە لە نیشتمان هەمیشە دەبێت، لەسەر بناغەی خۆشویستنی (ژیان) ڕۆ بنرێت، ئاخر گەش نیشاندانی (مەرگ،) قەت زادەی خۆشەویستی نییە. ڕەخنەگرتن لە ئایینیش ئەگەر لە ئیلحادێکی ڕووکەشەوە سەرچاوە بگرێت، بە قازانجی نیشتمان ناشکێتەوە. ئەوە بریندارکردنی هەستی خەڵکە، نەک ڕەخنە، ئەگەر بانگەشە بۆ ئەوە بکەین، هیچ شتێک پیرۆز نییە، ئاخر بۆ نموونە خۆشویستنی خودا، یەکێکە لە هەستە هەرە قووڵەکان و ڕەنگە بەسەر هەموو ئارەزووەکانی ئینساندا زاڵ ببێت، بە ئارەزووی (سێکسی)یشەوە و دەشێت کەسانێکی زۆر لە بەدکاری دوور بخاتەوە.

فەیلەسووفی ئەڵمانیایی ماکس شیللەر (١٨٧٤ – ١٩٢٨) دەڵێت: (ئەوانەی لە زەریای خۆشویستنی خودادا بزر دەبن، بەرگەی هەموو ئازارێک دەگرن، تەنانەت بە خۆشییەوە بەرەو ڕووی مەرگیش دەبنەوە.) ئەوی شەیدای پیرۆزییەک ببێت، ئیدی هیچی تری لەو پیرۆزییە خۆشتر ناوێت و ئەوە ئەو پیرۆزییەیە، هانی دەدات بە دڵسۆزییەوە کار بکات و سڵ لە هیچ ئازارێک و تەنانەت لە مەرگیش نەکاتەوە. خۆشویستنی خودا، پێوەندیی بەو (وێنە)یەوە هەیە، کە هەر تاکێک لە زەینی خۆیدا بۆی کێشاوە، ڕەنگە ئەو خوداوەندەی فڵان شەیدای بووە، زۆر جیاواز بێت، لەو خوداوەندەی فیسار عاشقی بووە، با هەمان خوداوەندیش بن. ناکۆکییەک لە نێوان خۆشویستنی خودا و خۆشویستنی ئینساندا نییە، بەڵکوو تەواوکەری یەکترین، ئاخر ئەوی خوای خۆش ویست، ئینسانیشی خۆش دەوێت، لەبەر ئەوە نا کە خوا ئینسانی خوڵقاندووە، لە سۆنگەی ئەوەوە، ئینسان شیاوی خۆشویستنە. ئینجیل پێمان دەڵێت: (ئەوی بمخوات، برسی دەبێت و ئەوی بمخواتەوە، تینوو دەبێت.) کەواتە دەشێت، ڕێگەی خۆشویستنی خودا، بە خۆشویستنی ئینساندا تێبپەڕێت.

لە ئایینی (جوو)دا، پێوەندیی نێوان یەزدان و گەلی هەڵبژاردە، وەک هاوسەرگیری باس کراوە، ئەگەر گەل لە یەزدان هەڵبگەڕێتەوە، وەک ئەوە وایە زینای کردبێت. دیارە ئەم لێکچواندنە بە شێوەیەکی حەرفی لێک نادرێتەوە، ئاخر ناکرێت بە هەمان چاو سەرنجی هەستی ئایینی و ئارەزووی سێکسی بدرێت. فرۆید پێی وایە، (ئەو ئارەزووەی لای کۆمەڵگە پەسەند نەبێت، دەمامکێک دەپۆشێت کە کۆمەڵگە پەسەندی بکات، ئەوە بۆیە ئارەزووی سێکسی لای کەسانی بڕوادار، لە خانەی چالاکی ڕۆحیدا جێی بۆ دەکرێتەوە و بڕوادار ئەوەی لە واقیعدا دەستی ناکەوێت، لە وەهمدا بۆی دەگەڕێت.) لەبەر ڕۆشناییی ئەم تێزەدا: ئەو حۆرییانەی قەرارە لە بەهەشتدا بە نسیبی بڕواداران ببن، وەهمێکە لە چەپاندنی سێکسییەوە، سەرچاوەی گرتووە!

لە هەندێک لە ئایینە خۆرهەڵاتییەکاندا، پێوەندیی جەستەیی نێوان نێر و مێ، جۆرێکە لە سرووتی ئایینی و هۆکارێکە بۆ نزیکبوونەوەی ئینسان لە خودا. خۆشەویستیی ئینسان بۆ خودا، بە گوێرەی لۆگیک لێک نادرێتەوە، ئاخر وەک هەر خۆشەویستییەکی دیکە، لە ناخی ئینسانەوە هەڵدەقوڵێت و نهێنییەکە بە کەس ئاشکرا ناکرێت. سۆفییەکان وای بۆ دەچن لە حاڵەتی وەجددا، ڕۆحیان لە جەستەیان جودا دەبێتەوە و دەچێت لە ڕۆحی خودادا دەتوێتەوە، ئەمەیش حاڵەتێکە، لەبەر ڕۆشناییی لۆگێکدا، ئەستەمە لێک بدرێتەوە.

سروشت وێنەیەکی بێ گیانی نابینا نییە،
هەم ڕۆحی تێدایە و هەم ئازادی،
هەم ئەوین شک دەبات و هەم زمان.(*)

هەستکردن بە یەکیەتی لەگەڵ دونیادا و توانەوە لەناویدا، هەستێکی گەردوونییە و ئینسان گەردوونیش وەک تاکێک دەبینێت و لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵیدا یەک بگرێت. سۆفییەکان هەموو گەردوون لە خودادا چڕ دەکەنەوە و ئەم هەستە گەردوونییە لە کنیان دەبێتە هۆی ئەوەی ئینسانیان بە گشتی، بە چاوپۆشین لە هەموو شتێک، خۆش بوێت. شاردین لەم بارەیەوە دەڵێت: (بە زەبری خۆشەویستی کە هێزێکی گەردوونییە، بەشەکانی گەردوون بە دوای یەکدیدا دەگەڕێن.) ئانینسکی (١٨٥٥ _ ١٩٠٩) کە شاعیرێکی ڕووسە، دەڵێت: (ناوبەناو هەست دەکەم، هەموو دونیا ڕژاوەتە نێو منەوە، هەموو دونیا لە مندا تواوەتەوە.)

ئێنگڵس دەڵێت: (بۆچوونەکان لەبارەی خێر و شەڕەوە، لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی دیکە دەگۆڕێن، لە سەدەیەکەوە بۆ سەدەیەکی دیکە دەگۆڕێن و تەنانەت دژ بە یەکیش دەبن.) فرێدریک شیللەر پێی وایە، (ئەگەر ئینسان خێری خۆش نەوێت، قینی لە شەڕیش نابێت.) کە ئینسانێک دەبێتە کەسێکی بەدکار، هی ئەوەیە کەس خۆشی نەویستووە، بۆیە تەنیا خۆی بەرپرس نییە لە کارە خراپەکانی، هەمووان بەرپرسن، ئاخر ئینسان بە خراپی لە دایک نابێت. خێر زادەی خۆشەویستییە و نیشاندانی خۆشەویستی، خێرە. خێر لە بەرەی حەقیقەت و جوانیدایە، ئەوی لە بەرەی خێردا بێت، لایەنی جوانی و حەقیقەتیش دەگرێت. بیرمەندەکانی سەردەمی ڕێنیسانس دەیانگوت: (ئەو شەڕەی لە ناخی کەسێکدا هەیە، زادەی هەلومەرجە دەرەکییەکەیە، بۆ ئەوەی خێر سەرهەڵبدات، دەبێت ئەو زەوینەیە لەناو ببەین کە شەڕ تێیدا گەشە دەکات.)

دادپەروەری وەختێک سەروەر دەبێت، هاوسەنگی لە نێوان، کاری باش و پاداشت، ئەرک و ماف، تاوان و سزادا هەبێت. زوڵم وەختێک زاڵ دەبێت، دادپەروەری بەردەوام ئەتک بکرێت، ئەوە داواکردنی دادپەروەرییە، خەڵک یەک دەخات، بەڵام هەوڵدان بۆ گەییشتن بە دەسەڵات، خەڵک لە یەکدی جودا دەکاتەوە. سوکرات پێی وابوو، هیچ بەهایەک لە دادپەروەری باڵاتر نییە، بەڵام ئەرستۆ دەیگوت: هەموو کەس بڵند سەرنجی دادپەروەری دەدات، هەرچەندە هەر کەسێک بە گوێرەی ئارەزووی خۆی لێی تێدەگات. کالیگۆلا کە ستەمێکی دەنواند، دەیگوت: دەزانم ئەمە دادپەروەری نییە، وەلێ حەز دەکەم بە دادپەروەری لێک بدرێتەوە. ستەمکار ناتوانێت دادپەروەر بێت، ئاخر دادپەروەر کەسێکە، دادپەروەری بە تەرازووی بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی دەپێوێت. نە چاو لەبری چاو و ددان لە بری ددان، دادپەروەرییە، نە ئەوە دادپەروەرییە، ئینسان نابینایانە داکۆکی لە گرووپی خۆی بکات. لووتکەی دادپەروەری ئەوەیە، هەموو کەسێک بەو شێوەیەی کە شیاوێتی، پاداشت بکرێت.

نیکۆڵای پێردیاییڤ (١٨٧٤ _ ١٩٤٨) کە فەیلەسووفێکی ڕووسە، دەڵێت: (نە لە فیکرمدا و نە لە ژیانی ڕۆژانەمدا، قەت بەوە قایل نەبووم، تاک ملکەچی کۆمەڵ بێت، یان تاک چەکێک بێت بە دەست کۆمەڵەوە. فەلسەفەکەم هەمیشە، فەلسەفەی بەرەنگاربوونەوە بووە، قەت لەگەڵ ئەوەدا نەبووم، گرووپ، تاک سەرکوت بکات، لە نێوان زۆرینە و تاکدا، هەمیشە لایەنی تاکم گرتووە و لە نێوان ڕێسا و هەڵاوێردندا، هەمیشە لایەنی دووەمیانم گرتووە.) بەڵام مۆسۆلینی دەیگوت: (هەموو شتێک دەبێت لە خزمەتی دەوڵەتدا بێت، نابێت هیچ شتێک دژی دەوڵەت بێت،)

هەیە بۆیە پارەی خۆش دەوێت، تا بە ئارەزووی خۆی پەخشانی بکات، کەسی وا، چاوچنۆک نییە، چاوچنۆک کەسێکە قەت متمانەی بە داهاتوو نییە و هەمیشە لە هەوڵی کۆکردنەوەی پارەدایە بۆ ڕۆژی ڕەش، کەسی وا، تا بە ساڵدا بچێت، دەستنوقاوتر دەبێت. نووسەری ئەڵمانیایی هێرمان هیسە (١٨٧٧ _ ١٩٦٢) دەڵێت: (ئەوە نەبوونی متمانەیە، پارە و پاوەر دادەهێنێت، ئەوی لە ناخیدا بڕوای بە هێزی ژیان نەبێت، یان ئەو هێزە شک نەبات، بە پارە و هێز قەرەبووی دەکاتەوە، وەلێ ئەوی بڕوای بە خۆی هەبێت، بە ئازادی و پاکژی ژیان بەسەر دەبات و وەک شتی لاوەکی سەرنجی پارە و پاوەر دەدات.)

وەک لە ئینجیلدا هاتووە، خۆشویستنی سامان، سەرچاوەی هەموو بەدکارییەکە، مەسیح داوامان لێ دەکات، وەک گوڵاڵەسوورە وابین، کە هیچ گوێ بە داهاتووی خۆی نادات، نەک وەک گوڵەمێخەک کە وەک پاشا، تاج لەسەر دەنێت. (کە پێڵاویان لێ دزیت، دوای دزەکە مەکەوە بۆ ئەوەی لێی بسەنیتەوە، بۆ ئەوە دوای بکەوە، گۆرەوییەکانیشتی بدەیتێ.) پارە ئەگەر لە جێیەکی نهێنیدا حەشار بدرێت، هیچ دەسەڵات، یان پاوەرێک بە خاوەنەکەی نابەخشێت، کاتێک خاوەنەکەی چێژی لێ دەبینێت، کە لە پێناوی کۆنترۆڵکردنی ئەوانی دیکەدا، وەگەڕی بخات. ئینسان تا پارەی زیاتر کۆ بکاتەوە، تا قاسەکانی پڕتر ببن، زیاتر هەست بە بۆشایی ڕۆحی دەکات و ژیانی بێماناتر دەبێت. ئینسان ئەگەر لەشولارێکی جوانی هەبێت و جلەکانی کۆن و دڕاو بن، باشترە لەوەی جەستەیەکی شێواوی هەبێت و بە پۆشاکی جوان بیشارێتەوە.

خۆشویستنی پارە، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام خۆشویستنی کحوول یان بەنگ، نەخۆشییە و ئالوودەبوونە. گەڕان بە دوای چێژدا، ئەگەر (نەخۆشی)یش نەبێت، ئەوا لای کەم، ئینسان بە هۆیەوە، ناوی خەوشدار و شکۆی بریندار دەبێت. هەیە خوو بە بەدزمانییەوە دەگرێت، جوێندان لە کولتوورێکەوە، بۆ یەکێکی دیکە دەگوڕێت، لای ئەسکیمۆ، ناشیرینترین جنێو ئەوەیە بە یەکێک بڵێیت: تۆ لە هیچ نازانێت، لە چین، کیسەڵی سەوز، جنێوێکی پیسە. لەو شوێنانەی مانگا پیرۆزە، مانگا، پەسندانە، بەڵام لە ڕووسیا یەکێکە لە جنێوە هەرە دزێوەکان. لای موسڵمان، بەراز جنێوە، وەلی لە گینیا، نازناوە. ئەوی زمانی دەوڵەمەند نەبێت، لە کاتی گفتوگۆدا، هانا بۆ وشەی زبر و جوێن دەبات. ڕاهاتن لەسەر زمانپیسی، خوویەکی دەرەکییە، ئینسان دەتوانێت، خۆی لێ قوتار بکات.

خۆشەویستی نەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵکوو لووتکەی کۆمەڵایەتیبوونی ئینسانە، یان کۆمەڵایەتیبوونی ئینسانە لە ئەوپەڕی درەوشانەوەیدا. ئینسان یان کەسێکی خۆش دەوێت، یان خەو بە خۆشویستنی کەسێکەوە دەبینێت، یان بەو یادگارییانەوە دەژی کە لە خۆشەویستییەوە بۆی جێ ماون. چونکە هەستی خۆشەویستی لای هەمووان هەیە، ئەوە جێی باوەڕ نییە، ئەگەر یەکێک بڵێت، من قەت خۆشەویستیم نەکردووە. خۆشەویستی، زەوینلەرزەیەکی بەهێزە، دەروون دەهەژێنێت و ڕەنگە تێڕوانینی ئینسان بۆ هەموو شتێک بگۆڕێت و شتەکان بە پێچەوانەی جارانەوە ببینێت. ئەوە زادەی نەزانییە، ئەگەر بە ئەویندارێک بڵێین، ئەوی خۆشت دەوێت جوان نییە، چونکە لە ڕوانگەی ئەویندارەوە، خۆشەویست هەمیشە جوانە. نهێنیی خۆشەویستی لەوەدایە، ئەویندار خۆشەویستەکەی وەک فریشتە دەبینێت، نەک وەک ئینسانێکی ئاسایی، ئەویندار هەمیشە خۆشەویستەکەی لەو دیو خەرمانەیەکەوە دەبینێت، ئەوە بۆیە دەڵێن، ئەوین نابینایە. شۆپنهاوەر پێی وایە، خۆشەویستی هێندە نابینایە، دەشێت ئەویندار لە پێناوی خۆشەویستەکەیدا کام تاوان گەورەیە، ئەنجامی بدات، بێ ئەوەی هەستی پەشیمانبوونەوە دایبگرێت. سیمۆن فرانک پێی وایە، کە کەسێکمان خۆش ویست، کەموکوڕییەکانی وەک خەوش نابینین، وەک نەخۆشی دەیانبینین و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین. ئەوە چییە وا دەکات، دوو کەس هێندە وەک ڕۆح لە یەکدی نزیک ببنەوە، تا ئەو ئاستەی وا هەست بکەن، یەکیان گرتووە و یەک کەسن، نەک دوو کەس؟ ئەمە هەم لایەنی هەرە گرنگی خۆشەویستییە و هەم ئەو نهێنییە تەمومژاوییەشە کە لێک نادرێتەوە.
*

(١) أ. أ. إیفین، عالم الحب المتعدد.
(2) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الأول، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.
(*) فیۆدۆر تیۆچیڤ.
Top