ئینسان بەسەر دڵی خۆیدا زاڵ نییە

ئینسان بەسەر دڵی خۆیدا زاڵ نییە

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

لەناو دڵتا
تەنیا مۆمی خۆشەویستی
داگیرسێنە!
تەنیا گوڵی خۆشەویستی
لە باخی دڵتا بڕوێنە!
عیشق ئاگرێکە بە نهێنی لە دڵدا دەگڕێت، وەک چۆن بە دڵ، نەک بە ئاوەز، باوەڕ بەم یان ئەو ئایین دەهێنین، هەر لە ڕێی دڵیشەوە، پەی بە خۆشەویستی دەبەین. وەک چۆن کەسێکی سۆفی، وا هەست دەکات، لەگەڵ خودای خۆیدا یەکی گرتووە، لە خۆشەویستیشدا کە دوو کەس شەیدای یەک دەبن، وا هەست دەکەن، هەردووکیان کەسێکن، نەک دوو کەسی جیاواز. سۆفییەکان لایان وایە، ئەوی بکەوێتە بەر تیشکی سەرنجی خودا، پشکۆی عەقڵ لە دڵیدا دەگەشێتەوە، کە پشکۆی عەقل بە زەبری خۆشەویستیی خودایی، لە دڵدا گەشایەوە، ئیدی بە چاوی ئاسایی نا، بە چاوی دڵ، شتەکان دەبینین.
دەڵێن مورغی سولەیمان ئاو، لەژێر خاکا دەبینێ شەو
منیش حەوت ڕۆژە ڕێ دوور بێ، بە چاوی دڵ دەبینم ئەو. (پیرەمێرد)

ساکفورودا کە فەیلەسووفێکی ئۆکرانیایییە و لە سەدەی هەژدەیەمدا ژیاوە، دەڵێت: (دڵ قووڵترین و پڕبایەخترین جێی ئینسانە، دڵ ڕاستگۆترین ئینسانی نێو ئینسانە. غەیری ڕۆحی ئینسان، دڵ هیچ دیکە نییە و ئەوە ئەو ئاگری خۆشەویستییەی نێو دڵی ئینسانە، هەبوونی ئینسان دیاری دەکات.) دەستۆیفسکی لە بارەی دڵەوە دەڵێت: (ئەگەر دڵ توانای بینیی جوانیی هەبوو، ئیدی جوانی، ئاگرێک لە دڵدا بەرپا دەکات کە دەبێتە هۆی ڕزگارکردنی دونیا.) دڵ چەقی ئینسانە و گرنگترین ئەندامی جەستەیە، ئەوە هەر دڵیشە، ئینسان لە پەرشوبڵاوی دەپارێزێت و کۆی دەکاتەوە. دڵ هەواری درەختی ژیانی ئینسانە، کار و کاردانەوەی ئینسان لە دڵییەوە هەڵدەقوڵێن و دڵ کەسایەتیی تایبەتیی هەر ئینسانێکیش دیاریی دەکات.

لە خۆشەویستیدا، سێکس شتێکی سەرەکی نییە، ئاخر خۆشەویستی کاتێک دەگاتە بڵندترین لووتکەی خۆی، کە زادەی پێکەوە گونجاوی ڕۆحی و لە یەک نزیکبوونەوەی ویژدانی بێت. حەزی ئینسان بۆ سێکس، شتێکە ڕێژەیی و لە توانادا هەیە بپێورێت، بەڵام خۆشەویستی، ملکەچی هیچ پێوانەیەک نابێت، چونکە لە خۆشەویستیدا هەر کەسە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. فەیلەسووف و لای مەسیحییەکان جۆرێک لە خۆشەویستی هەیە کە (ئەوینی برایانە)ی پێ دەڵێن و ئەوینێکە گەردوونی و داوای برایەتی لە نێوان هەموو گەلاندا دەکات. عیسا کە داوای لە هەموو گەلان دەکرد، لەژێر چەتری خودادا کۆ ببنەوە، ڕووی دەمی لە دڵیان بوو، نەک لە ئاوەزیان.

ئەگەر ئایینێکی هەمیشە گەشاوە هەبێت، هەموو دونیا ڕووناک بکاتەوە، ئەوە خۆشەویستییە. زۆر شت دەمانبەستێتەوە بە ژیانەوە، بەڵام ئەوە تەنیا خۆشەویستییە، هانمان دەدات حەزمان لە ژیان بێت. خۆشەویستی نەک هەر لەوە بەرفراوانترە کە ئامانجی تەنیا لە خستنەوەی وەچەدا چڕ بکەینەوە، بەڵکوو ڕاستییەکەی، نەوەخستنەوە یەکێک نییە لە ئەرکەکانی خۆشەویستی، ئاخر خۆشەویستی بەختەوەرییەکی سەربەخۆیە، ئامرازێک نییە، ئامانجی درێژەدان بێت بە ڕەچەڵەکی ئینسان. هاوسەرگیرییش زۆر جار، دوور و نزیک، پێوەندیی بە خۆشەویستییەوە نییە، ئاخر ژمارەی ئەو ژن و مێردانەی، بەرژەوەندی کۆی کردوونەتەوە، گەلێک هەڵکشاوترە، لە ژمارەی ئەو ژن و مێردانەی خۆشەویستی یەکی خستوون. چی لەو پێوەندییە قێزەونترە، ژن و مێردێک یەکیان خۆش نەوێت و بە زەبری بەرژەوەندی، درێژە بە ژیانی هاوسەرگیریی بدەن؟ خۆشەویستی یەک نوسخەی ڕەسەنی هەیە، ئەوانی تر، هەر بە ڕوواڵەت لە خۆشەویستی دەچن و ساختەن. لە ژمارە نایەت، چەند ژن و مێرد و چەند دڵدار و دڵبەر، خۆشەویستیی ساختە کۆی کردوونەوە و تەنیا ڕۆڵی ئەویندار بۆ یەکتری نمایش دەکەن.

لەبیدۆ لای فرۆید، هەر وزەی سێکسی نییە و هیچی تر، بەڵکوو هەموو هەستێکی خۆشەویستی، دۆستایەتی و هۆگربوونە بەخود و نیشتمان و کەسوکار و تەنانەت بە خودایشەوە. لای فرۆید لە دوای هەموو هەستێکەوە، پاڵنەرێکی سێکسی هەیە، ئیفلاتوونیش جوانیی بێگەردی ئاسمانیی دەبردەوە سەر ئێرۆس و دەیگوت: ئێرۆس کە حاڵەتێکە لە نێوان نەمری و لەناوچووندا، پێش هەموو شتێک، هەوڵدانە بۆ گەییشتن بەوپەڕی باڵایی و خەباتە لە پێناوی ئەوەدا، تێگەییشتنی ئینسان بگاتە جێیەکی باڵاتر لەوەی سروشت پێی بەخشیوە و هەر بە زەبری ئێرۆسیش، گۆڕانە گەورەکان ڕوو دەدەن. لای فرۆید ئێرۆس، سەرچاوەی هەموو چالاکییەکی ئینسانە، هەوێنی داهێنانە، ئەوە داهێنانیشە نەمریی بۆ ئینسان دابین دەکات و هەر ئێرۆسیشە وا دەکات، ئینسان ژیانی هێندە خۆش بوێت، تا ئەو ئاستەی خەو بەوەوە ببینێت، هەرگیز کۆتایی بە تەمەنی نەیەت.

هەرچەندە سەرکوتکردنی ئارەزووی سێکسی، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی لادانی سێکسی و هەندێک نەخۆشیی دەروونی. کەچی ویلیەم ڕایش پێی وایە، ئەو سەرکوتکردنە، ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەسەندنی کولتوور و شارستانیدا دەبینێت. ئەمەیش هەر پاتەکردنەوەی تێزەکەی فرۆیدە کە پێی وابوو، داهێنان زادەی چەپاندنی سێکسییە. لای ڕایش مێژووی مرۆڤایەتی بە دوو قۆناغی گرنگدا تێپەڕیوە، لە قۆناغی یەکەمیاندا کە بە کۆمەڵگەی دایکانە ناسراوە، سێکس ئازاد بووە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمدا کە بە کۆمەڵگەی بابسالاری ناسراوە، چەپاندنی سێکسی سەری هەڵداوە.

فەیلەسووف و کۆمەڵناس هەربێرت مارکۆز (١٨٩٨ _ ١٩٧٠) پێی وایە، سەرکوتکردنی ئارەزووی سێکسی، دەبێتە هۆی تێکشکانی کەسایەتی، بۆیە بۆ ڕزگارکردنی ئینسان، تەنیا شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەس نییە و بێ شۆڕشی سێکسی، چەوساندنەوە هەر درێژەی دەبێت. مارکۆز خەون بە شارستانییەکەوە دەبینێت، تێیدا لەبیدۆ ئازاد بێت و ئیرۆسی داهێنەرانە زاڵ بێت، ئاخر لای ئەو تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی وەهادا، ئینسان لە نامۆبوونی سێکسی قوتاری دەبێت، ئیدی لەبیدۆیش لەبری ئەوەی هەڕەشە لە کولتوور بکات، دەبێتە هەوێنی پێشکەوتنی.

ئەوە شۆڕشی سێکسی بوو وای کرد، لەبری ئەوە دوو کەس، وەک ناخی دەروون پێکەوە بگونجێن، بیریان هەر لای بەریەککەوتنی دەرەکی بێت، هەر لە خەمی تێرکردنی جەستەدا بن و ئاوڕ لە ڕۆح نەدەنەوە. شۆڕشی سێکسی، خۆشەویستی لە پەرەستگە هێنایە دەرەوە و فڕێی دایە سەر شەقام و خستییە ناو بازاڕەوە، ئیدی ئینسان هێندەی دیکە لە خۆی و لە خەڵکی نامۆبوو. ئەو گۆرانی و کلیپە نزمانەی بازاڕیان گەرمە، گەواهی لەسەر ساردبوونەوەی کوانووی ئەوین دەدەن و بەڵگەن بۆ ئەوەی خۆشەویستیی ساختە، جێی بە خۆشەویستیی ڕاستەقینە لێژ کردووە. پێ دەچێت هەنووکە هەموو شتێک لە ئەوین گرنگتر بێت، ئەوە نییە، ئەو خەڵکە خەباتیان لە پێناوی پارە و پاوەردایە و هیچ خەمێک لە فێربوونی هونەری خۆشەویستی ناخۆن.

ئێریک فرۆم هەوڵی ئەو هاوسەرانە ڕیسوا دەکات کە دەخوازن، وەک چۆن شتومەکی تریان هەیە، ئاوا خاوەنی ئەوینیش بن، ئاخر زۆر ژن و مێرد، پێیان وایە، بە شێوەیەکی شەرعی، خاوەنی جەستە و سۆزی یەکترین و ئیدی هیچ پێویست بەوە ناکات، هەوڵ بۆ ڕاگرتنی دڵی یەکدی بدەن و کارێک بکەن، سەرنج و سۆزی یەکتر ڕابکێشن، ئەمەیش لە یەکدی بێزاربوونی بە دوادا دێت و دەگاتە جێیەک ئیدی جوانییەکانی یەکتر نابینن، ئەوسا لەبری ئەوەی یەکدییان خۆش بوێت، لەبری ئەوەی بە دەم هاواری پێویستییە ڕۆحی و جەستەیییەکانی یەکدییەوە بچن، لەبری ئەوەی بایەخ بە یەکدی بدەن، لەبری ئەوەی بەردەوام هەستی گەرم بەرانبەر یەکدی دەرببڕن، بیریان هەر لای ئەو شتانە دەبێت کە بە هاوبەشی هەیانن، وەک منداڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی و پارە و خانوو. ئەو جۆرە هاوسەرانە، چونکە نازانن خۆشەویستی، خانوو نییە، تا لەسەر خۆیانی تاپۆ بکەن، بۆیە هەر یەکێکیان گوناهی تێکشکانی خۆشەویستییەکەیان، دەخاتە ئەستۆی ئەوی تریان و ئیدی ئەگەری ئەوە زۆرە، هەر یەک لە قۆڵی خۆیەوە، بە دوای دۆستدا بگەڕێت.

لەگەڵ ئەمەیشدا، فرۆم هەر هاوسەرگیری بە باشترین چارەسەر دەزانێت، بۆ دوو کەس کە یەکیان خۆش بوێت، چونکە پێی وایە، هەڵەکە لە هاوسەرگیریدا نییە، بەڵکوو لەوەدایە، مێرد بێ ئاگا لەوەی، وەفا ناکەوێتە خانەی موڵکەوە، هەست و سۆز و جەستەی ژن، وەک سامانی لە گوێزانەوە نەهاتوو بن، بە موڵکی جێگیری خۆی بزانێت. فرۆم پێی وایە، ئەگەر بازاڕ بەسەر پێوەندییە ئینسانییەکاندا زاڵ بێت، ئەگەر بە ئاوەزی خاوەنموڵکەوە سەیری ئەوین بکرێت، ئەگەر بەها ماددییەکان بەڕە لەژیر پێی بەها ڕۆحییەکان ڕابکێشن، ئەگەر ئینسان بیر لە مانای ژیان نەکاتەوە و بایەخ بە خودسەلماندن نەدات، ئیدی نسکۆی خۆشەویستی، ئەنجامێکی حەتمی دەبێت.

فرۆم وەک بەهایەکی بڵندی ئینسانی سەرنجی خۆشەویستی دەدات و باوەڕی بەوە هەیە، ئەوەی ئینسان لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە، ئەوەیە ئینسان پێویستییەکی قووڵی بە خۆشەویستی هەیە و ئەوی بەبێ خۆشەویستی بژی، ویژدانی ئازاری دەدات. لای فرۆم، خۆشەویستی هەستێکی هێندە ئینسانییە، کە لەناکاو دەکەوینە ناوییەوە، دەستبەجێ هەموو بەربەستەکان بزر دەبن و ئیدی وەک ناسیاوی دێرین، نەک وەک غەریب، لەگەڵ یەکدیدا دەدوێین و هەڵسوکەوت دەکەین.

خۆشەویستی هەر هەر هەستێکی گەرم و بەهێز نییە، بڕیار و بەڵێنیشە. ئێمە کەسێکمان لەبەر ئەوە خۆش ناوێت کە لە ڕووی سێکسییەوە تێرمان دەکات، ئاخر بەختەوەریی سێکسی، زادەی خۆشەویستییە، نەک بە پێچەوانەوە. ئێریک فرۆم گوتەنی، ئەوە خۆشەویستی نییە کە بۆ تێرکردنی ئارەزووی سێکسی، یان لە ترسی تەنیایی، هانای بۆ دەبەین و ئەو جۆرە پێوەندییە کە زادەی خۆشەویستی نییە، نە خۆشی دەخاتە دڵمانەوە، نە چێژ بە جەستەمان دەبەخشێت.

ئینسانی تێکشکاو، ئەوی لە هیچ بوارێکدا توانای داهێنانی نییە، بۆ ئەوەی زریانی کەپووبڵندیی خۆی هێور بکاتەوە، هانا بۆ ئەوە دەبات، زۆرترین پێوەندیی سێکسی دابمەزرێنێت. کەسی وا ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت هەست بە سەرکەوتن بکات، بەڵام لە کۆتاییدا نائومێد دەبێت و خەم تەنگی پێ هەڵدەچنێت. سێکسکردن بەبێ خۆشەویستی، هەوڵێکی شکستخواردووی ئەوانەیە، کە دەخوازن باڵاتر لەوەی هەن، خۆیان نمایش بکەن. لای فرۆم لێکنزیکبوونەوەی جەستەیی، ئەگەر بێ نزیکبوونەوەی ڕۆحی بێت، نەک کۆتایی بە نامۆیی و تەنیایی ناهێنێت، بەڵکوو قووڵتریان دەکاتەوە و لووتکەی هەست بە غەریبی کردن وەختێکە، دوو کەس وەک جەستە ئاوێزانی یەکدی ببن، بەڵام وەک ڕۆح، داوێکی پێوەندی لە نێوانیاندا نەبێت.

گابریل مارسیل (١٨٨٩ _ ١٩٧٣) دەڵێت: (خۆشەویستی دڵی دونیای مرۆڤایەتییە، بەڵام هەنووکە لە لێدان کەوتووە.) ئەو فەیلەسووفە فەرەنسایییە وجوودییە کاسۆلیکە، خەوی بەوەوە دەبینی، بە هۆی فراوانکردنی فەزای خۆشەویستییەوە، مرۆڤایەتی قوتار بکات و دەیگوت: پێشکەوتنی جیهان بە پێشکەوتنی خۆشەویستییەوە بەندە و هەر بە سەرلەنوێ لە دایکبوونەوەی خۆشەویستی، ئینسان سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە. ئەو پێی وابوو: (خۆشەویستی، خودایییە و پیرۆز، چونکە زاتی خودا، لە غەیری خۆشەویستی هیچی دیکە نییە.) دەیگوت: با وەک جەستە بشمرین، بەڵام بە هۆی خۆشەویستییەوە بە نەمری، لە هۆشیاری و یادەوەریی ئەوانەدا کە خۆشیان ویستووین، دەمێنینەوە.

خۆشەویستیی ڕاستەقینە وێستگەیەک نییە بۆ پشوودان، جێیەکە بۆ کاری هاوبەشی بەردەوام. ئەوینداری ڕاستەقینە، کەسێک نییە خۆپەرست، کەسێکە بەخشندە و خودی خۆی بەوی دی دەبەخشێت. فرۆم پێی وایە خۆشەویستیی ساختە، بریتییە لە دەست بەسەرداگرتنی ئەوی دی و تێرکردنی ئەو ئارەزووە تەسکانەی، زادەی خۆپەرستین و زیاتر لە گیرۆدەبوون دەچێت، وەک لەوەی لە پێکەوە ژیانێکی ئازاد بچێت.

سارتەر بە دەگمەن، پۆزەتیڤ باسی خۆشەویستیی کردووە، ئەو زیاتر بایەخی بە مازۆشیزم و سادیزم و لادانە سێکسییەکان داوە. دژی ئەوە بووە، خۆشەویستی لە نزیکبوونەوەی جەستەییدا کورت بکرێتەوە و پێی وابووە، کۆیلایەتی لە ئەویندا کە زادەی ترسە لەوەی ئەوینداران یەکدییان لە کیس بچێت، خۆشەویستی دەکوژێت و ئاگری ئەوینێک بە کۆمەکی ئارەزوو هەڵگیرسا بێت، درەنگ یان زوو، دەکوژێتەوە. سارتەر لە کارە فەلسەفییەکانی و لە ڕۆمان و دراماکانیشیدا، نە باسی ئەوینی بەختیاری کردووە، نە ئەو هەموو داهێنانەی کە زادەی خۆشەویستین.

ئەوەیش بۆ خۆی کارەسات بوو، لە سایەی ئەو سۆسیالیزمە مارانەیەدا کە هەرەسی هێنا، تاک ملکەچی کۆمەڵ بوو، ئەوین بە خەباتی فیکری و چینایەتییەوە گرێ دەدرا، دادگای پشکنینی خۆشەویستی، دەستی لە ناخی ئەوینداران وەر دەدا و دەیویست هەستیان بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە، ئەوسا لەوێ پاسەوانانی ڕەوشت، نە پشتی ئەوینی پێش هاوسەرگیرییان دەگرت، نە لەگەڵ هاوسەرگیریی پێشوەختدا بوون. ئەوسا لەوێ سانسۆری کۆمەڵایەتی، یان دروستتر پۆلیسی پاراستنی مۆراڵ، لێ نەدەگەڕا کوڕانی حیزب، بە داوی ئەوینی کچانی دوژمنی چینایەتییەوە ببن!

خۆشەویستی چییە؟ لاو تسی کە دامەزرێنەری فەلسەفەی تاوییە، پێی وایە: (زانا لەو بارەیەوە، هیچ ناڵێت و ئەویشی لەو بوارەدا قسە دەکات، هیچ نازانێت.) خۆشەویستی هەستە و هەستیش لۆگیکێکی جیاواز لەوەی عەقڵی هەیە، لۆگیکێکی ئازاد کە ئەفسوونی جوانییەکەی لە خۆڕسکییەکەیدایە، لۆگیکێک سنووری سانسۆری هۆش و عەقڵی تێپەراندووە، ئەوە بۆیە لەوەدا کە پێوەندیی بە هەستمانەوە هەبێت، مەرج نییە خاوەنی ویستی خۆمان بین. ئەوی لە هەوڵی ئاڕاستەکردنی هەستی ئەوانی دیکەدا بێت، وێڕای خۆ بە خۆڕایی ماندووکردن، ڕەنگە ببێتە مایەی پێکەنینیش. دەشێت بتوانین لە ترسی سانسۆر، هەستی خۆمان لە نزیکترین کەسی خۆمان بشارینەوە، بەڵام ئەو هەست حەشاردانە، نەخۆشی دەروونی، تێکشکانی کەسایەتی و مەرگی لێ دەکەوێتەوە.

هەست زمانێکی گەرموگوڕی خۆڕسکە، وشە قەت ناتوانێت، هەستێکی ئاگرینی سروشتی دەرببڕێت، عەقڵ دەتوانێت بۆسە بۆ هەست بنێتەوە، بەڵام قەت ناتوانێت دیلی بکات. هەست هێندە داهێنەرە، تەنیا ئەو کەسە لێی تێدەگات کە ئاڕاستەی دەکرێت، ئەوە بۆیە پاسکاڵ دەڵێت: (لە خۆشەویستیدا، بێدەنگی لە قسەکردن، کاریگەرترە.) یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەست ئەوەیە، بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی خۆی، پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگە نییە، بۆیە بە عەقڵ کەویی ناکرێت.

هەیە پێی وایە، لە خۆشەویستیدا هیچ شتێک ئالۆز و تەمومژاوی نییە، هەموو شتێک ساکار و ئاشکرایە. دوو کەس یەکدی دەبینن، بە یەکدی سەرسام دەبن و ئیدی چیرۆکی خۆشەویستی دەست پێ دەکات. ڕەنگە دواتر لە یەکدی بێزار ببن و ئیدی سووک و ئاسان جیا ببنەوە و سەرلەنوێ لەگەڵ کەسێکی دیکەدا تێ هەڵبچنەوە. ئەم لێکدانەوەیە، مەگەر توانای قایلکردنی عەقڵێکی هەبێت، دوور و نزیک پێوەندیی بە ڕۆحەوە نەبێت و هیچی دەربارەی هەست و سۆز نەژنەفتبێت. ڕەنگە هەبن بیر لەوە بکەنەوە، نهێنیی خۆشەویستی ئاشکرا بکەن، بەڵام چونکە ئەوین ملکەچی عەقڵ نییە، ئەوە کارێکی مەحاڵە.

پاسکاڵ دەڵێت: ئەوین بە هەست خۆی گەرم دەکاتەوە، نەك بە عەقڵ، هێزی خۆشەویستی لە هێزی مەزنترین عەقڵ باڵاترە. نووسەری مۆرالیستی فەرەنسایی فرانسۆ دی لارۆشفۆکۆ (١٦١٣ _ ١٦٨٠) دەنووسێت: عەقڵ لە بەرانبەر دڵدا، هەمیشە وەک گێل ڕەوتار دەکات. ژن ددان بەو ڕاستییانەدا دەنێت و ئەوەی بە لای پیاوەوە سەیرە، لای ژن شتێکی ئاسایییە، ئەوە بۆیە لەگەڵ ناوهێنانی خۆشەویستیدا، ئینسان ژنی بیر دەکەوێتەوە. سروشتی خۆشەویستی وایە، لە هەموو ئەو بڕیارانە ڕاستگۆترە کە لە دەزگاکانی کۆمەڵگەوە دەردەچن، ئاخر خۆشەویستی هاواری سروشتە و بە گوێرەی یاساکانی سروشتیش، خۆشەویستییەک نییە، لەگەڵ مۆراڵدا ناکۆک بێت. کێشەکە هێندە سەخت نییە، ئەوە ئێمە نین کە خۆشەویستی هەڵدەبژێرین، ئەوە خۆشەویستییە، بێ گوێدانە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ئێمە هەڵدەبژێرێت. ئەوانە بە لای خۆشەویستییەوە، هیچ بایەخێکیان نییە، هاوسەرگیریمان کردووە، یان نا؟ جوانین یان ناشیرین؟ گەنجین یان پیر؟ خانەدانین یان (ناکەسبەچە؟) ساغ و سەلیمین، یان نەخۆش و پەککەوتە؟

خۆشەویستی منداڵە،
منداڵی ئازادی،
لە هەموو یاساکان بەهێزترە.
ئەگەر بشخوازین لە دەست خۆشەویستی هەڵێین، یان بەسەریدا زاڵ بین، هەر بۆمان جێبەجێ ناکرێت، ئەوە لە خۆڕا نییە، بە گوێرەی ئەفسانەی ڕۆمانی، ئاموور کە خوداوەندی خۆشەویستییە، منداڵێکی ڕووخۆشی باڵدارە. شاعیری ئیتالیایی فرانسیسکۆ پەترارک (١٣٠٤ _ ١٣٧٤) دەڵێت: (بەسەر دڵی خۆمدا زاڵ نیم،) یان دەنووسێت:
نە شەڕ لە گۆڕێدا هەبوو،
نە من نیازی هێرشم هەبوو،
ئیدی چۆنم زانیبا
بە دیل دەگیرێم؟

*

(1) Kärlekens Konst av Erich Fromm.
(٢) أبراموف، میتافیزیقا الحب و فلسفة الحب في الفکر الفلسفي الروسي. (٣) سیمینوفا، الحب هو رغبة في الخلود. (٤) ستریلتسوفا، مصیر الحب الیوم، بحث سیکولوجی أخلاقي.
Top