ڕێگەی بەرەو ئەوینی خودایی، بە لێبوردەییدا تێدەپەڕێت

ڕێگەی بەرەو ئەوینی خودایی، بە لێبوردەییدا تێدەپەڕێت

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

ڕەنگە نەزانم پێناسەی خۆشەویستی بکەم، بەڵام دەزانم ئەوە خۆشەویستییە لێ ناگەڕێت، ئینسان تێکبشکێت.
خۆشەویستی تەواو وەک ئەرکی سەر شانمان بێت، دەستبەجێ بە دەنگییەوە دەچین. ئێمە جاری وا هەیە، بۆ ئەوەی ژیانی کەسێک لە مەترسی ڕزگار بکەین، ژیانی خۆمان دەخەینە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە، بێ گوێدانە ئەوەی، کەسی لێقەوماو دەناسین یان نا؟ دەتوانین قوتاری بکەین یان نا؟ بێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ پاداشتێک بکەین، دەستبەجێ بە هانایەوە دەچین. ئێمە بە نواندنی ئەو هەڵوێستە، ئەرکی سەر شانی خۆمان جێبەجێ دەکەین و ئینسانبوونی خۆمان دەسەلمێنین. ئێمە بە هەمان شێوە، بە چاوپۆشین لە هەموو شتێک و بێ گوێدانە هیچ بەربەستێک، بە پیری خۆشەویستیشەوە دەچین. فەیلەسووفی ئەڵمانیایی کانت (١٧٢٤ _ ١٨٠٤) جوانی بۆ هاتووە کە گوتوویەتی: خۆشەویستی، هەم قەدەرمانە و هەم باڵاترین ئەرکی سەرشانمان.

خۆشەویستی هەڵسوکەوتێک نییە، جڵەوی بە دەستی ئێمەوە بێت، جڵەوی ڕەوتاری ئێمە بە دەست خۆشەویستییەوە. ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین و بڵێین: ئەگەر فڵان وای کرد، یان وای گوت، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی فیساری خۆش دەوێت، ئاخر خۆشەویستی بە پلانی پێشوەخت داڕێژراو ڕوو نادات، ئەنجامێک نییە، لە ڕێگەی ئامرازێکەوە پێی بگەین. ئەزموون، ئیدی هی خۆمان بێت، یان هی کەسانی دیکە، لە خۆشەویستیدا سوودی نییە و ئەگەر پلانمان دانا، بۆ ئەوەی کە فڵانمان بینی، وا دەکەین، یان وا دەڵێین، تا هەست بکات خۆشمان دەوێت، ئەوە دەبێتە دووڕوویی، نەک دەربڕینی هەستی خۆشەویستی، ئاخر هەستی خۆشەویستی، تەواو وەک ئاوی کانی، خۆڕسکانە هەڵدەقوڵێت و خۆڕسکانە ڕێڕەوی خۆی دەبینێتەوە.

بۆچی ئەم ئەوی خۆش دەوێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە، هەر بە نهێنی دەمێنیتەوە، ئاخر کەس ناتوانێت دەستنیشانی بکات و بڵێت: لەبەر فڵان لایەنی دیاریکراو، فیسار کەسم خۆش دەوێت. شەکسپیر دەڵێت: (ئەو لەبەر ئازارەکانم منی خۆش دەویست، منیش بۆیە ئەوم خۆش دەویست، چونکە لەگەڵ ئازارەکانمدا هاوسۆز بوو.) کەواتە هۆکارێکی کۆنکرێت، یان پاڵنەرێکی دیاریکراو نییە، تۆ هان بدات، بۆ ئەوەی ئەوت خۆش بوێت، ئاخر ئەوە بە دەست ئینسان خۆی نییە کە فڵانی خۆش دەوێت یان نا، ئاخر خۆشەویستی، ملکەچی ویست یان ئارەزووی ئەویندار نییە و وەک چۆن لەناکاو زەوینلەرزەیەک ڕوو دەدات، ئەوینیش لەپڕ لە ئینسان دەقەومێت.

خۆشەویستی هەستێکی پاکژی بێ خڵتەیە، نە هیچ مەبەستێکی دیاریکراوی هەنووکەیی لە دواوەیە، نە چاوی بڕیوەتە هیچ پاداشتێک لە ئایندەدا. خۆشەویستی ملکەچی یاساکانی سروشت نییە، گوێڕایەڵی یاسا نەنووسراوەکانی بەجێگەیاندنی ئەرکە. خۆشەویستی نهێنییەکە، هەرچەند کۆشش بکەین، لێی تێناگەین، لەناکاو دێتە پێشێ و وەک ئەرک خۆی بە سەرماندا دەسەپێنێت، ئەرکێک کە لە خۆڕا پێی هەڵدەستین، نەک وەک ئەوەی فەرمانێک جێبەجێ بکەین. خۆشەویستی شتێک نییە، بتوانین وا بکەین، بە گوێرەی خواستی ئێمە لە دایک ببێت. ئینسان لەبەردەم هەژموونی خۆشەویستیدا هێندە بێ دەسەڵاتە، تەواو وەک ڕووداوێک بێت، بە ویستی خودا بقەومێت. ڕەنگە لێکچوواندنی ئەوین، بە جێبەجێکردنی بێ چەندوچوونی ئەرک، تاقە پەنجەرە بێت، بتوانین لێیەوە سەرنجی خۆشەویستی بدەین و تاقە زمان بێت، بتوانین بە هۆیەوە، باسی خۆشەویستی بکەین. بۆ ئەوەی فێری خۆشەویستی ببین، لە خۆشەویستیکردن بەولاوە، هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەمان نییە.
*
هەر چی هەیە
ڕوو لە سیسبوون و وەرینە
ئەو دووانەیەی
بە نەمریی دەمێننەوە،
یەکێکیان خوای دلۆڤانە،
ئەوی دیکەیان ئەوینە.

لە ڕوانگەی عیساوە، ئینسان دەبێت وەک چۆن کەسوکاری خۆی خۆش دەوێت، دوژمنانی خۆیشی خۆش بوێت و نابێت سەرقاڵی بە دوژمن هەژمارکردنی ئەم و ئەو بێت، تا ڕقیان لێ هەڵبگرێت، بەڵکوو دەبێت خەریکی ئەوە بێت، وەک دۆست سەرنجی دوژمن بدات. عیسا لەگەڵ یاسای چاو لەبری چاو و ددان لەبری دداندا نەبوو، ئەوەی پێ خراپ بوو، ئینسان بە شەڕ بە گژ شەڕدا بچێتەوە و لەگەڵ ئەوەدابوو، کە لە ڕوومەتی ڕاستیان داین، ڕوومەتی چەپیان تێ بکەین، تا زللەیەک لەویش بدەن. کە تۆلستوی و دواتر (گاندی)یش، هەمان ڕێبازیان گرتە بەر، خەڵکی دەیانپرسی: ئەوە قایلبوونە بە هەژموونی شەڕ ، ئەدی چۆن داکۆکی لە خێر بکەین؟

عیسا دەیگوت: ئەگەر بە هێز بە گژ شەڕدا بچینەوە، بەوە شەڕێک دەکەین بە دوو شەڕ و لە خێر کەم دەکەینەوە، بۆیە پێویستە بە خێر بە گژ شەڕدا بچینەوە و بە چاندنی تۆوی خێر، شەڕ لاواز بکەین و لەناوی ببەین. دەیگوت: نابێت لە ململانێی نێوان خێر و شەڕدا، چەکی ئێمە هێز بێت، پێویستە چەکی دەستی ئێمە، خۆشەویستی بێت. لای مەسیح ئەوە خۆشەویستییە ئینسان بە خوداوە دەبەستێتەوە، نەک ترس لە سزا، ئەوەیش هەر زادەی خۆشەویستی بوو کە مەسیح لە پێناوی ئینساندا گیانی خۆی بەخشی.

(وەک چۆن خودا منی خۆش دەوێت، منیش ئێوەم خۆش دەوێت، خودا منی بۆ ئەوە نەناردووە، سەرکۆنەتان بکەم، بۆ ئەوەی ناردووم ڕزگارتان بکەم و داواتان لێ بکەم، لە دڵ و دەروون و فیکرەوە خوداتان خۆش بوێت. چیتان بۆ خۆتان پێ خۆشە، بۆ ئەوانی دیکەیشتان پێ خۆش بێت. ئەوی بڵێت خودام خۆش دەوێت، بەڵام قینم لە فڵان کەسە، ئەوە بە ڕاستی خودای خۆش ناوێت، ئاخر چۆن خودای خۆش دەوێت کە نایبینێت، بەڵام ڕقی لە برای خۆی دەبێت کە چاوی لێیەتی؟ ئەوی هەموو ئینسانێکی خۆش نەوێت، ناتوانێت خودای خۆش بوێت، ئاخر ڕێگەی خۆشەویستیی بەرەو لای خودا، بە خۆشویستنی ئینساندا تێدەپەڕێت. کۆیلە نازانێت، سەردار نیازی چییە، من چونکە بە کۆیلەتان نازانم، بە خۆشەویستی خۆمتان دەزانم، بۆیە هەر چیم لە خوداوە بیستووە، بە ئێوەشم گوتووە، وەک چۆن من ئێوەم خۆش دەوێت، ئێوەیش یەکدیتان خۆش بوێت!) ئەوە دوا پەیامی عیسایە.

پێش سەرهەڵدانی کریستیانیزم، قسە لە دوو جۆر خۆشەویستی دەکرا: خۆشەویستیی خودایی و خۆشەویستی زەوینی کە پێوەندیی بە هەست و سۆزەوە هەبوو، ئەوە عیسا بوو، جۆرە خۆشەویستییەکی دیکەی داهێنا کە شەڵاڵ بوو لە لێبوردەیی. عیسا دەیگوت: ئەوی برای خۆی خۆش نەوێت، سەر بە خودا نییە و ئەوە خۆشویستنی ئەوانی دیکەیە کە نەمریمان بۆ دابین دەکات. (پیاوینە! ژنانی خۆتان خۆش بوێت، وەک چۆن جەستەی خۆتان خۆش دەوێت، وەک چۆن عیسا کەنیسەی خۆش دەویست و سەری لە ڕێیدا بەخشی.) ئەوە یەکێکە لە پەیامەکانی (پۆلس)ی یەیامبەر.

خۆشەویستیی ڕاستەقینە، ئەوەیە دوو ئەویندار هەست بکەن یەکێکن، ئەوسا دەروونیان نوقمی خۆشی و ڕۆحیان شەڵاڵی چێژ دەبێت. خۆشەویستی کە بەو پلە باڵایە گەییشت، دەبێتە لووتکەی چاکی و ئەوپەڕی پاکی. ئەگەر ئینسان ئومێدی بە بەختەوەریی هەمیشەیی هەبێت، تەنیا لە ڕێی خۆشەویستیی ڕاستەقینەوە، ئەو هیوایەی دێتە دی. پۆڵس دەڵێت: با پەیامبەریش بم، با شارەزای هەموو نهێنییەکانیش بم و توانای گوێزانەوەی چیاکانیشم هەبێت، ئەگەر خۆشەویستی شک نەبەم، بە کەڵکی هیچ نایەم. یوحەننا کە یەکێکە لە پەیامبەرەکان، پێی وایە: ئەوی خۆشەویستی شک نەبات، خودا ناناسێت، چونکە خۆشەویستی لای خوداوە دێت و خودا لە خۆشەویستی بەولاوە، هیچی دیکە نییە. گۆگۆڵ (١٨٠٩ - ١٨٥٢) لە کۆتایی ژیانیدا بۆ لای ئەو خۆشەویستییە گەڕایەوە کە مەسیح بڕوای پێی هەبوو، بەڵام ڕەخنەگرە دڵڕەقەکان، هێندە ئازاریان دا، وەک کاردانەوەیەک بەشی دووەمی ڕۆمانەکەی (دەروونە مردووەکان) سووتاند.

ئایین هیچ نییە، غەیری ناسینی خودا و پەرستنی نەبێت، دوای ئەوە یەکسەر خۆشویستنی ئینسان دێت. لای کریستیانیزم، ڕەوشت: ئینسانیبوونە، دەربڕینی خۆشەویستییە، دلۆڤانییە، بەزەیی و سۆزە بەرانبەر بە ئینسان. عیسا پێی وابوو، لووتکەی ڕەوشت، درێژکردنی دەستی یارمەتییە بۆ هەر ئینسانێک، پێویستی بە یارمەتی هەبێت، بە چاوپۆشین لەوەی کێیە. لە کن عیسا، دوا ئامانجی خۆشەویستیی پاکژ، یان ڕۆحی، نزیکبووەنەوەیە لە خودا، ئاخر ئەوە تەنیا ئاگری خۆشەویستییە، کارێک دەکات ڕۆحی ئینسان ببێت بە تەم و بەرەو لای خودا هەڵبکشێت. ئەوە خۆشەویستییە، ڕۆحمان لە ئارەزووی پۆخڵ، پاکژ دەکاتەوە، گەوهەرەکانی ناخمان دەدۆزێتەوە و ڕێگەی گەییشتن بە خۆشییەکی بێسنوورمان نیشان دەدات.

گریگۆری پاڵاما (١٢٩٦ _ ١٣٥٩) کە لاهووتییەکی بیزەنتی بوو، دەیگوت: (ئەگەر دەروونی ئینسان چرایەک بێت، پڵیتەکەی خۆشەویستییە و بە نەوتێک دەگڕێت، ناوی چاکەکردنە. ئەگەر کاری چاک، دیواری ماڵ بێت، خۆشەویستی بنمیچەکەیەتی، ماڵیش بێ بنمیچ هیچ کەڵکێکی نییە. ئەوینی دنیایی، ئینسان لە خۆشویستنی خودا دوور دەخاتەوە. خۆشویستنی خودا، هەوێنی هەموو چاکەیەکە، بەڵام خۆشویستنی دونیا، هەوێنی هەموو خراپەکارییەکە و هەر یەکێک لەم دوو خۆشەویستییە، ئەوی دیکەیان لەناو دەبات.)
*
لە ئاستی خۆشەویستیدا
شمشێر هیچ سامێکی نییە،
عاشق لە کەوانی برۆ و
لە تیری مژۆڵ دەترسێ.
ئاگرێ ژن،
لە دەروونی
پیاودا هەڵی گیرساندبێ،
خامۆش نابێ.

جۆردانۆ برۆنۆ (١٥٤٨ _ ١٦٠٠) کە فەیلەسووفێکی ئیتالیایی بوو، بە فەرمانی کەنیسە سووتێندرا، دەڵێت: (خۆشەویستی هەموو شتێکە، کاریگەریەتیی بەسەر هەمووانەوە هەیە، دەتوانین هەموو شتێکی لەبارەوە بڵێین و بیبەینەوە سەر هەموو شتێک.) کە خۆشەویستی هەموو شتێک بێت، دیارە جێی ئەوینی دنیایی و جەستەییشی تێدا دەبێتەوە. ژاکۆپ بیومی (١٥٧٥ _ ١٦٢٤) کە فەیلەسووفێکی سۆفیی ئەڵمانیایی بوو، پێی وابوو، (ئەوین و تووڕەیی، دوو تایبەتمەندیی خودایین و هێزی بزوێنەری مێژووی ئینسانیشن.) لای پاسکاڵ، ڕێگە بەرەو خۆشەویستیی خودایی، بە لێبوردەییدا تێدەپەڕێت، بەڵام هانابردنی ئینسان بۆ خامۆشکردنەوەی ئاگری ئارەزوو، هەڵاتنە لە بێزاری. لای فەیلەسووفی هۆڵاندی سپینۆزا (١٦٣٢ _ ١٦٧٧) پێویست ناکات ئارەزووەکانمان سەرکوت بکەین، بەڵکوو دەبێت بوار نەدەین لە دەست دەربچن، ئەوسا تێرکردنی ئارەزوو، بەشداری لە دەوڵەمەندکردنی دەروونماندا دەکات.

زانای ئەڵمانیایی لیپینتز (١٦٤٦ _ ١٧٦١) پێی وایە، فەیلەسووفی فەرەنسایی دیکارت (١٥٩٦ _ ١٦٥٠) نەیتوانیوە جیاوازیی لە نێوان هەستی خۆشەویستیی پاک و گەڕان بە دوای چێژوەرگرتندا بکات، کە یەکەمیان هەرچەندە لە قووڵایی ناخەوە هەڵدەقوڵێت، بەڵام ڕۆشنە، کەچی دووەمیان هەرچەندە ڕووکەشە، وەلێ لێڵە. وەنەبێت لیپینتز پێی وابووبێت، خۆشەویستی یان ڕۆحییە، یان جەستەیی، نا ئەو دەیگوت: نە خۆشەویستیی جەستەیی، بێ نزیکبوونەوەی ڕۆحی هەبوونی هەیە، نە ئەوینێک هەیە ڕۆحی بێت، بێ نزیکبوونەوەی جەستەیی. شاعیری ئینگلیز (١٦٨٨ _ ١٧٤٤) ئەلێکسەندەر پۆپ دەیگوت: تەنانەت خودخۆشویستنیش هەر خۆپەرستییەکی تەسکبینانە نییە، ئاخر دەشێت جۆرێک بێت لە نەفسبڵندی کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەنجامی باشی لێ دەکەوێتەوە.

فەیلەسووفی ئینگلیز شافتسپێری (١٦٧١ _ ١٧١٣) بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی ئیفلاتوون، دەیگوت: خۆشەویستی سروشتێکی گەردوونیی هەیە، بە تەنیا ناژی و لەگەڵ جوانی و خێر و حەقیقەتدا یەکی گرتووە. ئەو وای بۆ دەچوو: خۆشەویستی زادەی وردبوونەوەیە لە جوانی، بۆ چاکەکردن و دلۆڤانی هانمان دەدات و ئەوەی لە خۆشەویستیدا ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت، عەقڵێکی بیرکەرەوە نییە، دڵێکی پڕ لە سۆزە. (ئەوە خۆشەویستییە، خودا بەسەر دونیادا دەگشتێنێت، دونیای ماددی لەگەڵ خودادا یەک دەخات و وا دەکات، هەموو هەستپێکراوێک پیرۆز و هەموو پیرۆزێکیش هەستپێکراو بێت.) ئەوە گوتەی سۆفییەکان نییە، ڕۆمانتیکەکان وایان دەگوت.

فەیلەسووفی ئەڵمانیایی یۆهان هێردەر (١٧٤٤ _ ١٨٠٢) دەنووسێت: (ئەو ئەوینەی ئیفلاتوون باسی دەکات، نائینسانییە، ئاخر ئەوین ئەوەیە، هەست بە هەبوونی ئینسانێکی دیکە و هەست بە ترپەی دڵی بکەیت، هەست بەو چێژ و خۆشییە بکەیت کە تۆ لەناو قووڵایی ژیانی ئینسانێکی دیکەدایت و پێوەندییەکی گەرم بە کەسێکی دیکەتەوە دەبەستێتەوە.) پاکی و پیرۆزیی ئەوین لەوەدایە، ژیانی دیکە بەرهەم دەهێنێت، ئەوینداران ئەگەر ئەو هەستەیشیان لە کن دروست ببێت کە گوناهێکیان کردووە، بە لە دایکبوونی منداڵێک، ویژدانیان ئاسوودە دەبێت.

شاعیری ئەڵمانیایی فرێدریک شیللەر (١٧٥٩ _ ١٨٠٥) پێی وایە، خۆشەویستی لە هەموو ئەو شتانەوە کە نزم و پۆخڵن، دوورە. خۆشەویستی دووبەرەکی دەسڕێتەوە، ڕۆڵی گرنگی لە یەکخستن و گەشەسەندنی مرۆڤایەتیدا هەیە و ئینسان بەرەو شوێنێکی بڵندتر دەبات. لای گەورەئەدیبی ئەڵمانیایی گۆتە (١٧٤٩ _ ١٨٢٣) یش، ئەوە ئەوینە، کەسایەتیمان بونیاد دەنێت، پاکژمان دەکاتەوە، کوانووی بوێریمان دەگەشێنیێتەوە، هانمان دەدات بە گژ دابونەریتی سەردەم بەسەرچوودا بچینەوە و بێ سڵکردنەوە لە کۆسپ، ڕێگەی سەرکەوتن بگرینە بەر. ئەوەتا لە (فاوەست)دا کە یەکێکە لە شاکارەکانی، دەنووسێت: هیچ دەسەڵاتێک توانای خامۆشکردنی ئاگری ئەوینی نییە، تەنانەت مەرگیش.

فەیلەسووفی ئەڵمانیایی فیختە (١٧٦٢ _ ١٨١٤) کە هیتلەر گەلێک پێێ سەرسام بوو، دەڵێت: (خۆشەویستی و هاوسەرگیری یەک شت نین، بەڵام نابێت بێ خۆشەویستی هاوسەرگیریی بکەین و ئەوەیش خۆشەویستی نییە کە ئامانجی هاوسەرگیری نەبێت.) فیختە پێی وابوو، (ئاوەز) هاوواتای پیاوە و (لاوازی)یش هاوواتای ژن، ئەو دەیگوت: دەبێت سەروەختی سەرجێیی، پیاو ئەکتیڤ و ژن پاسیڤ بێت، نابێت ژن خەو بە چێژوەرگرتنەوە ببینێت، نابێت ژن چاوەڕێی سۆزی مێرد بێت، ئاخر ئیشی ئەوەیە گوێڕایەڵی پیاو بێت و هیچی دیکە.

ئایینی مەسیح دەیویست لە ڕێی ئەوینەوە، یەکیەتیی نێوان ئینسانەکان بپارێزێت، هیگڵ کە لێکدانەوەی سۆفییانەی بۆ ئەوین ڕەت دەکردەوە، دەیگوت: (بۆشایییەک لە نێوان ئارەزووەکانی ئینسان و واقیعدا هەیە، بەڵام ئینسان دەتوانێت ئەو بۆشایییە بە هۆی ئەوینەوە کە هەمان هێزی ئایینی هەیە، پڕ بکاتەوە.) لایەنی گەشی ئایین لای هیگڵ ئەوەیە، خەیاڵی ئینسان هێندە فراوان و دەوڵەمەند دەکات، تا ئەو ئاستەی دەبێتە پردێک لە نێوان خودی ئینسان و ئەو بابەتانەدا کە خەویان پێوە دەبینێت. هیگڵ دەیگوت: هاوسەرگیری یەکگرتنی ڕۆحیی نێوان ژن و مێردە، ئەوینێکە هەم ڕەوشتی تێدا ڕەچاو دەکرێت و هەم مافی تێدا دەپارێزرێت.

فیورباخ دەڵێت: (نە خۆشەویستی دەکەوێتە نێو بازنەی ئیمانەوە، نە ئیمان سەر بە خێزانی خۆشەویستییە.) ئەو فەیلەسووفە مەتریالیستە، داوا دەکات، خۆشەویستیی ئینسان بۆ ئینسان، جێگەی ئایین بگرێتەوە و وەک ئایین سەرنجی ئەوین بدرێت. فیورباخ پێی وایە، دەتوانین پێوەندیی سێکسی بە بناغەی ڕەوشت هەژمار بکەین، چونکە سیمبۆلی یەکگرتنی ئینسانە لەگەڵ ئینساندا، بەیەکبوونی خود و بابەتە و هەوڵدانە بۆ گەییشتن بە باڵایی. فیورباخ خۆشەویستی بە چارەسەری هەموو دەرد و بەڵایەک دەزانێت، تا ئاستی بە پیرۆزکردن، بایەخ بە پێوەندیی نێوان ئینسانەکان دەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە من پێویستی بە تۆ هەیە و تۆ بە من. ئێنگڵس دەنووسێت: (خۆشەویستی لای فیورباخ، فەریادڕەسێکە هەمووان لە تەنگوچەڵەمەکانی ژیان ڕزگار دەکات و دووبارەکردنەوەی ئەو گۆرانییە دێرینەیە کە دەیگوت: یەکتریتان خۆش بوێت و خۆتان فڕێ بدەنە ئامێزی یەکدییەوە.)

ئایا خۆری ڕۆح ئاوابووە و سێکس لەسەر عەرشی ئەوین ڕۆ نیشتووە؟ فەیلەسووفی ئەڵمانیایی شۆپنهاوەر (١٧٨٨ _ ١٨٦٠) وەک ئارەزوویەکی نابینا سەرنجی ئەو خۆشەویستییە دەدات، پێوەندیی بە سێکسەوە هەبێت. لای نیتشە خۆشەویستی زادەی خۆپەرستییە و لەگەڵ ڕەوشتدا هێندە ناکۆکە، هەر یەکێکیان ئەوی تریان ڕەت دەکاتەوە. فەیلەسووفی دانمارکی کیر کیگارد (١٨١٣ _ ١٨٥٥) یش پێی وایە ئێرۆس، گەڕانە بە دوای چێژدا و ڕۆح وێران دەکات. فرۆید وەک سەججان و جەللاد، سەرنجی ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتییە دەدات، کە لە هەوڵی بەندکردن و تێکشکاندنی حەز و ویستی ئینساندایە. دەروونناسی سویسرایی کارڵ یۆنگ (١٨٧٥ _ ١٩٦١) بەو پاساوەی سێکس تەنیا یەکێکە لە چالاکییەکانی ئینسان، پێی وایە فرۆید ئارەزووی سێکسی لە قەوارەی خۆی گەورەتر نیشان داوە، بەڵام زانای دەروونناس ویلیەم ڕایش (١٨٩٧ _ ١٩٥٧) لە پێناوی ئەوەدا، ئینسان بتوانێت، ئارەزووەکانی تێر بکات، داوای شۆڕشێکی سێکسی دەکات.

سارتەر هەرچەندە خۆشەویستی بە هەستێکی ناجێگیر وەسف دەکات، بەڵام پێی وایە، ئەو خۆشییەی خۆشەویستی بە ئینسانی دەبەخشێت، ڕۆڵێکی گرنگی لە ئازادکردنیدا هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی متمانە بە خۆی پەیدا بکات. لایەنی لاوازی خۆشەویستی لای سارتەر ئەوەیە، ئینسان بەوەی لەگەڵ یەکێکی دیکەدا یەک دەگرێت، دەشێت خودی خۆی لە دەست بدات، ئەمەیش باجێکی گەلێک گەورەیە و خۆشییەکی تیژتێپەڕ، ئەو قوربانیدانە ناهێنێت. لە ڕوانگەی ئێریک فرۆمەوە، سەرمایەداری هێندە لە بەهای ئەوینی کەم کردووەتەوە، تا ئاستی بازرگانیکردن بە هەستی ئینسانەوە، بەڵام ئومێدی بەوە هەیە، ئەوین وەک هێزێکی داهێنەر، بەشداری لە دەوڵەمەندکردنی هەست و سۆزی ئینساندا بکات و لە ڕێیەوە ئینسان بتوانێت خودی خۆی بسەلمێنێت.

*

(١) ت. أ. کوزمینا، الحب کمبدأ أخلاقي.
(٢) ف. ف. بیشکوف، نموذج الحب في العالم المسیحي_ البیزنطي.
(٣) ی. س. نارسکی، موضوعة الحب في الفکر الفلسفي للعصور الحدیثة.
(٤) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الأول، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.
Top