به‌رگدروویی به‌رز و كولتووری به‌رز
January 10, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :پیێر بۆردیۆ
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
(ئه‌م وتاره له لایه‌ن (د. محه‌مه‌د سه‌بیلا)ـه‌وه كراوه‌ته عه‌ره‌بی، له عه‌ره‌بیشه‌وه كراوه‌ته كوردی: ت. ك).ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته بۆ گاڵته و سوعبه‌ت نییه. به راستی هه‌وڵ ده‌ده‌م قسه له‌باره‌ی به‌رگدروویی به‌رز و كولتووری به‌رز بكه‌م. له نه‌ریتی سۆسیۆلۆژیدا مۆده بابه‌تێكه جێی ئهوپهرِی بایه‌خ پێدانه، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی كه له رواڵه‌تدا بابه‌تێكی سرك و سفته. ریزبه‌ندیی بابه‌ته‌كانی توێژینه‌وه له كۆمه‌ڵناسیی مه‌عریفه‌دا له هه‌موو بابهتهكان گرنگتره: یه‌كێك له‌و ده‌روازانه‌ی كه به هۆی ئه‌وه‌وه چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی دێت، دروست ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ی بابه‌ته‌كانه، كه وا لێیان دهرِواندرێت ئاخۆ شیاوی ئه‌وه‌ن ببنه بابه‌تی توێژینه‌وه یان نا؟ ئه‌مه‌ش له نه‌ریتی فه‌لسه‌فیدا یه‌كێكه له كۆنترین پرسه‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وانه دێرینه‌كه‌ی دیالۆگه‌كه‌ی (پارمنیدس) "دێته پێش"، كه ده‌ڵێ (هه‌موو شتێك نموونه‌یه‌كی هه‌یه)، له‌وانه پیسی و قێزهونییش بێ نموونه نین. جا ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی به گشتی یه‌كه‌مین قوربانی بوون بۆ ئه‌و پێناسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی به‌نده به پۆلێن كردنی بابهتهكان به شێوه‌یه‌كی ریزبهندانه، هێنده گوێیان (به‌م وانه و هه‌بوونی ئه‌و نموونه‌یه) نه‌دا. پێم وایه ئه‌م پێشكهكییه بێ سوود نییه، چونكه ئه‌گه‌ر بته‌وێ ئه‌م ئێواره‌یه شتێك رابگه‌یه‌نیت، ئه‌ویش ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه كه سوودی زانستی له توێژینه‌وه‌ی بابه‌تی ناشهرهفمهندانهدا هه‌یه، ئه‌گه‌ر زانستیانه لێیان بكۆڵینه‌وه.
قسه كردنی من تایبه‌ت ده‌بێت به‌و وێكچوون و چون یه‌كییه بنیادییهی، كه له نێوان بواری ئه‌م چه‌شنه تایبه‌ته‌ی پێداویستی به‌رز و ناسكدا هه‌یه، كه پێداویستی به‌رحوكمی مۆده‌یه، له‌گه‌ڵ بواری به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م گرووپه‌ی دیكه‌ی پێداویستی به‌رز و ناسكدا، كه پێداویستی كولتووری ره‌وایه وه‌ك مووزیك و شیعر و فه‌لسه‌فه.. هتد. ئه‌مه‌ش وام لێ ده‌كات قسه له‌باره‌ی كولتووری به‌رزه‌وه بكه‌م، له‌و كاته‌ی كه قسه له‌باره‌ی به‌رگدروویی به‌رزدا ده‌كه‌م. من باسی به‌رهه‌م هێنانی لێدوان له‌باره‌ی ماركس یان له‌باره‌ی هیدگهرهوه ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی به‌رهه‌م هێنانی نیگار یان قسه كردن له‌باره‌ی نیگاره‌وه. ره‌نگه پێم بڵێن: "بۆچی راسته‌خۆ قسه‌یان له‌باره‌وه ناكه‌یت؟" چونكه ئه‌م بابه‌ته ره‌وایانه له لایه‌ن خودی ره‌وایی خۆیانه‌وه دژ به روانینی زانستی و دژ به پرۆسه‌ی داماڵینی پیرۆزایه‌تی پارێزراون، كه هه‌موو توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی سیفه‌تی پیرۆزییان پێ دراوه، گریمانه‌ی داماڵینی ئه‌و سیفه‌ته‌یان لێ ده‌كرێت: (پێم وایه كۆمه‌ڵناسیی كولتوور بریتییه له كۆمه‌ڵناسیی ئایین بۆ ئه‌م چاخه‌ی ئێمه). كاتێك قسه له‌باره‌ی بابه‌تێكه‌وه ده‌كه‌م كه پاسه‌وانیی كه‌متری به سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌وا من هیوای ئه‌وه‌ش ده‌خوازم ئاسان ئه‌و شته رابگه‌یه‌نم، كه بێ گومان ده‌كرا ره‌ت بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی شتانی پیرۆزترهوه بمگوتبایه.
مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه بهشدارییهكم هه‌بێت له سۆسیۆلۆژیای به‌رهه‌می كولتووریدا، واته له سۆسیۆلۆژیای رۆشنبیران و له هه‌مان كاتدا له شی كردنه‌وه‌ی بتایهتی (فیتیشی) و سیحر. خۆ ره‌نگه لێره‌شدا پێم بگوترێت: "به‌ڵام بۆ ناچی له نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی (سه‌ره‌تایی)دا له سیحر بكۆڵیته‌وه، له رێی ئه‌وه‌ی له لای كریستیان دیور یان له لای پیێر كاردان، لێی بكۆڵیته‌وه؟"(2) پێم وایه یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی گوتاری ئه‌تنۆلۆژی ئه‌وه‌یه، شتانێك بڵێت كه كاتێك به سه‌ر گه‌لانی دووردا پیاده ده‌كرێت، مایه‌ی قبووڵ بێت، به‌ڵام، وێرِای رێزمان، ده‌بینین كه‌متر مایه‌ی قبووڵ ده‌بێت كه كۆمه‌ڵگای خۆمانی پێ وه‌سف ده‌كه‌ین. له كۆتایی نووسینێكیدا له‌باره‌ی سیحره‌وه، ماوس ده‌پرسێت: "له كوێیه ئه‌وه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌رامبه‌ر به ئه‌وه؟" ده‌مه‌وێ ئه‌وه زه‌ق بكه‌مه‌وه كه له سه‌رمان پێویسته له گۆڤارێكدا كه (Elle)یه و له رۆژنامه‌ی لۆمۆند (به تایبه‌تی لاپهرِهكانی وێژه‌ی) به دوای ئه‌و به‌رامبه‌ره‌دا بگهرِێین. بابه‌تی سێیه‌می بیركردنه‌وه‌ش بریتییه له: ئه‌ركی كۆمه‌ڵناسی له چیدایه؟ ئایا زانایانی كۆمه‌ڵناسی وه‌ك كه‌سانی ئاژاوهگێرِ نین كه بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه له ئاهه‌نگدا په‌یدا ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی په‌شێوی بخه‌نه نێو رواڵهتهیلی سیحراویی ئاوێته بوونی جڤاكی؟ دوای ئه‌وه‌ی گوێ له قسه‌كانم ده‌گرن، ئه‌وانه‌ش ئه‌و پرسیارانه‌ن كه ده‌كرێ ئێوه له هه‌وڵی یه‌كلایی كردنه‌وه‌یاندا، چێژ وه‌ربگرن.
یه‌كه‌م به وه‌سفێكی زۆر خێرای بنیادی بواری به‌رهه‌م هێنانی به‌رگدروویی به‌رزه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌م. وشه‌ی بواریش بۆ شوێنی گه‌مه به‌كار ده‌هێنم، واته ئه‌و كایه‌یه‌ی كه په‌یوه‌ندیی بابه‌تیانه‌ی تێدا دروست ده‌بێت له نێوانی تاكه‌كان یان ده‌زگاكاندا، له دۆخێكی كێبهركێدا بۆ به‌ده‌ست هێنانی خه‌سڵه‌تی چون یه‌كانه. ئه‌وانه‌ی له‌م بواره تایبه‌ته‌دا، كه جیهانی به‌رگدروویی به‌رزه، باڵاده‌ستن، ئه‌وانه‌ن كه له سه‌ره‌وه جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات و توانای هێنانه ئارای چه‌ند به‌رهه‌مێكیان هه‌یه، به‌وه‌ی كه بابه‌تی ده‌گمه‌نن به دانانی "ماركه". ئه‌وان ئه‌وانه‌ن كه ماركه تایبه‌ته‌كه‌یان به‌هاترین نرخی هه‌یه. یاسای گشتیی بواره‌كان ئه‌وه‌یه كه بوارێكی دیاری كراوه، ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن پێگه‌ی باڵاده‌ستن ده‌چنه نێوییه‌وه، واته ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی تایبه‌تن، له به‌رهه‌ڵستییه‌كی شێوهییدایه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له نوێ دێنه نێوه‌وه (لێره‌دا به ئه‌نقه‌ست ئه‌م مه‌جازه به‌كار ده‌هێنم كه له ئابوورییه‌وه وه‌رگیراوه)، واته له‌گه‌ڵ هاتووانی نوێ‌دا، ئه‌وانه‌ی دره‌نگ هاتن، هێنده‌ش زۆر سه‌رمایه‌ی جۆرهكییان نییه. كۆنه‌كان ده‌ست به ستراتیژی پارستنه‌وه ده‌گرن، كه ئامانجی هه‌ڵهێنجانی سووده له سه‌رمایه‌یه‌ك كه هێدی هێدی كه‌ڵه‌كه كراوه.
ئه‌وانه‌ی تازه‌ش هاتوون، ئه‌وا ستراتیژی یاخی بوون ده‌گرنه به‌ر كه ئاراسته به كه‌ڵه‌كه كردنی سه‌رمایه‌ی جۆره‌كیانه كراوه، گریمانه‌ی سه‌راوبن كردنی ریشه‌ییانه‌ی گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی به‌هاكان تا ئه‌م راده یان ئه‌وی دی ده‌كات، هه‌روه‌ها دووباره دیاری كردنی شۆرِشگێرِانه تا ئه‌م یان ئه‌و ئه‌ندازه بۆ پره‌نسیپه‌كانی به‌رهه‌م هێنان و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاڵاكان، له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌وڵ ده‌دات به‌های سه‌رمایه كه له ده‌ستی باڵادهستاندایه، بێ نرخ بكات. له رێی مێزگردێكی ته‌له‌فزیۆنی له‌گه‌ڵ (بالمان) و (شیره‌ر)دا، ئه‌وا هه‌ر زوو له‌وه حاڵی بوون، كه ئاخۆ كێ له لای "راسته" و كێش له لای "چه‌پ" (له‌و رووبه‌ره نیمچه سه‌ربه‌خۆیه‌ی "كایه: بوار"دا).
لێره‌دا له سه‌رم پێویسته كه‌وانه‌یه‌ك بكه‌مه‌وه، كاتێك ده‌ڵێم "راست" یان "چه‌پ"، من ده‌زانم و من ئه‌وه‌ش ده‌ڵێم، كه به‌رامبه‌ری كرداره‌كی له لای هه‌ر یه‌ك له ئێمه‌یه (وێرِای گهرِانهوهی تایبه‌ت بۆ بواری سیاسی) له‌باره‌ی ئه‌و دارِشتنه تیۆرییه‌ی من پێشنیاری ده‌كه‌م، ئه‌وا قه‌ره‌بووی ئه‌و ناته‌واوییه‌ی كه وابه‌سته‌ی پێ راگه‌یاندنی زاره‌كییه. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌زانم كه ئه‌و به‌رامبه‌ره كرداره‌كییه ره‌نگه زه‌ق ببێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر بێ له راست و چه‌پ چ هۆكاری دیكه‌ی تێگه‌یاندن له زه‌ینمدا نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانم له هیچ شتێك حاڵی بم. زه‌حمه‌تیی تایبه‌ت به كۆمه‌ڵناسی ئه‌وه‌یه كه شتانێك فێر ده‌كات هه‌مووان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان شتێكی له‌باره‌وه ده‌زانن، به‌ڵام نامانه‌وێ بیزانین، یان ناتوانین بیزانین، چونكه یاسای ریزبه‌ستی له ئارادایه، تا هه‌وڵی شاردنه‌وه‌یان بدرێت. دهگهرِێمهوه سه‌ر مێزگرده‌كه‌ی بالمان و شیره‌ر. بالمان رسته‌ی درێژ، هه‌ندێك پف دراو به‌كار ده‌هێنێت، داكۆكی له جۆری فه‌ره‌نسی و له داهێنان ده‌كات.. هتد، كه‌چی شیره‌ر به‌و جۆره قسه ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك بێت له سه‌ركرده‌كانی ئایاری 1968، واته به رسته‌ی ته‌واو، به‌رده‌وامیش نیشانه‌ی سهرسورِمان به‌كار ده‌هێنێت.... هتد. له نێو رۆژنامه‌گه‌ریی ژنانه‌شدا ئه‌و سیفه‌تانه‌ی وا باوه ده‌درێنه پاڵ هه‌موو بهرگدرووانم ده‌رهێناوه. له لایه‌ك ده‌ڵێن: "به‌رز، تایبه‌ت، به به‌خته، ئاساییه، ورده، هه‌ڵبژارده‌یه، هاوسه‌نگه، هه‌میشه‌ییه"، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌ڵێن: "زۆر قۆزه، رووخۆشه، نه‌رم و نیانه، سهرسورِهێنهره، دره‌وشاوه‌یه، ئازاده، گه‌رم و گورِه، چوارشانه‌یه، وه‌زیفییه". ده‌كرێ پێشبینی بكه‌ین، ته‌نانه‌ت ده‌كرێ حاڵی بین، به ده‌سپێك له‌و پێگانه‌وه كه ههمهجۆر له كارمه‌ندان یان ههمهجۆر له ده‌زگاكان له بنیادی كایه‌دا ده‌یگرن، كه زۆر له‌گه‌ڵ كۆنیی ئه‌وان، هه‌ڵوێستی ستاتیكیی ئه‌واندا ده‌گونجێت، به‌و چه‌شنه وه‌سفانه‌ی سه‌باره‌ت به به‌رهه‌م یان پێوه‌ری دیكه‌ی ئه‌وان به‌كار دێت: هه‌ر چه‌ندی له جه‌مسه‌ری زاڵه‌وه به‌ره‌و جه‌مسه‌ری كۆنترۆڵ كراوه‌وه بچین، ژماره‌یه‌كی زۆر له پانتۆڵ له گرووپه‌كانی جل و به‌رگدا ده‌بینین، پرۆسه‌كانی پێوان كه‌م ده‌بنه‌وه، زه‌مینه‌ی بۆر نامێنێت، ناوه‌كانیش دهگۆرِێن، كه له فرۆشیارانی مینیجۆب له‌به‌ر یان ئه‌وانه‌ی به ئه‌له‌منیۆم داپۆشراون كورت كراونه‌ته‌وه، به‌م جۆره له به‌ری راسته‌وه ده‌چینه به‌ری چه‌پ. دژ به ستراتیژی یاخی بوونی تایبه‌ت به پێشرِهوان، ئه‌وانه‌ی شه‌رعیه‌تیان به‌ده‌ست هێناوه، واته ئه‌وانه‌ی پێگه‌ی سه‌روه‌ری و باڵاده‌ستییان گرتووه‌ته ده‌ست، دامێن‌گیری گوتارێكی سه‌رئاو و فشۆڵی خۆرِسكین كه له وه‌سف نایه‌ت: به هه‌مان شێوه‌ش سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی له بواری په‌یوه‌ندیی نێوان چینه‌كاندا باڵاده‌ستن، ئه‌وانه ده‌ست به ستراتیژی نهریتپارێزانهی به‌رگرییه‌وه ده‌گرن، ره‌نگه هه‌ر بێ ده‌نگ و شاراوه بمێنێته‌وه، چونكه ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه‌یه، ئه‌وه بن كه هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ئه‌وه‌ی كه پێویسته ببن.
به پێچه‌وانه‌شه‌وه، به‌رگدرووانی لای دیوی چه‌پ ستراتیژی وایان هه‌یه ئامانجی سه‌راوبن كردنی هه‌مان ئه‌و پره‌نسیپه‌ی هه‌یه كه گه‌مه‌كه‌ی پێ ده‌كرێت، هه‌ڵبه‌ت به هه‌مان ناوی گه‌مه‌كه و به رۆحی ئه‌و گه‌مه‌یه: ستراتیژی ئه‌وان له گهرِانهوه به‌ره‌و چاوگه‌كان به‌وه‌وه به‌نده، كه به‌رهه‌ڵستیی ئه‌وانه بكه‌ن كه كایه‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه، ئه‌ویش به هه‌مان ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی كه باڵاده‌ستان باڵاده‌ستیی خۆیان پاساو ده‌ده‌نه‌وه. ئه‌و ململانێیه‌ی نێوانی ئه‌وانه‌ی له كایه(بواره)كه‌دا جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان له ده‌ستدایه و خاوه‌ن بانگه‌شه‌ی نوێ، ئه‌و پاڵهوانبازانهی، كه له سه‌ریانه، به هه‌مان شێوه‌ی زۆرانبازی، "گه‌مه‌كه بكه‌ن"، له پێناویشیدا خۆیان بخه‌نه به‌ر مه‌ترسییه‌وه، بناغه‌ی ئه‌و گۆرِنانهیه كه بواری به‌رگدروویی به‌رز ده‌بێته گۆرِهپانهكهی.
هه‌ڵبه‌ت مه‌رجه‌كانی چوونه نێو بواره‌كه‌وه، سه‌لماندنی گه‌مه‌كه و كاریگه‌رییه‌كانی و له هه‌مان كاتدا ددان پێدانان به‌و سنووره‌ی ده‌بێ تێنهپهرِێندرێت، ئه‌گه‌ر نا مرۆڤ خۆی تووشی دوورخستنه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی گه‌مه‌كه ده‌كات. دوای ئه‌وه، ململانێی ناوخۆ بێ له شۆرِشی به‌شه‌كی چی دی ناهێنێته به‌رهه‌م، كه ده‌توانێت ریزبه‌ندی كه هه‌یه تێك بشكێنێت به بێ ئه‌وه‌ی خودی گه‌مه‌كه له‌ناو ببات. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ له بواری سینه‌ما و نیگاردا شۆرِشێك به‌رپا بكات، ده‌ڵێ: "ئه‌مه سینه‌مای راسته‌قینه نییه" یان "ئه‌مه نیگاری راسته‌قینه نییه". ئه‌وا پرۆتستۆ ده‌رده‌كات، به‌ڵام به ناوی پێناسه‌یه‌كی روونتر و راستگۆتر له‌وه‌ی كه به ناوی ئه‌وه‌وه برهوداران بره‌و په‌یدا ده‌كه‌ن.
به‌م جۆره هه‌موو بوارێك له شۆرِشدا شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، واته چاخاندنی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. مه‌رجه دابرِكاریی هه‌موو بواره‌كان هاوكات بن. ئه‌وه‌ش ده‌مێنێته‌وه كه شۆرِشی تایبه‌ت به هه‌ر بوارێك په‌یوه‌ندیی به گۆرِانی ده‌ره‌كییه‌وه هه‌یه. (كۆریج) بۆچی شۆرِشی به‌رپا كرد، ئه‌و گۆرِینهی كۆریج كردی به چی له‌و گۆرِینهی هه‌موو ساڵێك له شێوه‌ی "كه‌مێك كورته، كه‌مێك درێژه" ده‌كرێت، جیاوازه؟ ئه‌و گوتاره‌ی كۆریج ده‌یگرێته ئه‌ستۆ زۆر خۆی له سه‌رووی مۆده‌وه ده‌بینێت: ئه‌و قسه له‌باره‌ی مۆده‌وه ناكات، به‌ڵكوو قسه له‌باره‌ی ئافره‌تی مۆدێرنه‌وه ده‌كات كه ده‌بێ ئازاد، سه‌ربه‌ست، وه‌رزشوان بێت و شا به سه‌پان نه‌زانێت. به راست خۆ من پێم وایه شۆرِشێكی جۆره‌كی، واته شتێك كه له بوارێكی دیاری كراودا دیرۆكه‌كه‌ی ده‌نووسرێته‌وه، ئه‌و هاوكاتییهی شۆرِشێكی ناوخۆیه له‌گه‌ڵ شتێك‌دا كه له ده‌ره‌وه، له جیهانی ده‌وروبه‌ردا روو ده‌دات. جا كۆریج چی بكات؟ ئه‌و قسه له‌باره‌ی مۆده‌وه ناكات، به‌ڵكوو ئه‌و له‌باره‌ی ته‌رزی ژیانه‌وه قسان ده‌كات و ده‌ڵێ: "من ده‌مه‌وێ پۆشاك بكه‌مه به‌ری ژنی هاوچه‌رخه‌وه، كه ئه‌و له هه‌مان كاتدا ده‌بێ چالاك و كرده‌نی بێت". كوریج، خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی "خۆرِسكانه"یه، واته له سایه‌ی هه‌ندێك هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دێته به‌رهه‌م، وای لێ ده‌كات كه ته‌نیا به پهیرِهو كردنی سه‌لیقه‌ی خۆی به‌سی لێ بكات تا سه‌لیقه‌ی بورژوایهكی نوێ كه پشت له مۆركێكی دیاری كرا‌و ده‌به‌ستێت، قایل بكات، ئه‌و بورژوایه له مۆده‌ی بالمان كه به مۆده‌ی ژنانی پیر ناوی ده‌به‌ن، دوور ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌و له‌و مۆده‌یه دوور ده‌كه‌وێته‌وه له پێناو له ئه‌ستۆ گرتنی مۆده‌یه‌كی دی كه جه‌سته ده‌خاته به‌ر چاو، واشی لێ ده‌كات دیار و بینراو بێت، گریمانه‌ش ده‌كات كه ئه‌و جه‌سته‌یه برۆنزی و وه‌رزشییه. كۆریج شۆرِشێكی تایبه‌ت له بوارێكی تایبه‌تدا به‌رپا ده‌كات، چونكه لۆژیكی جیاوازییه‌كانی ناوه‌وه ئه‌ویان گه‌یانده ئه‌وه‌ی شتێك بدۆزێته‌وه كه پێشتر له ده‌ره‌وه‌دا بوو.
بزوێنه‌ری بواره‌كه ململانێی هه‌میشه‌ییه له نێو بواره‌كه‌دا. به شێوه‌یه‌كی سه‌رپێیی سه‌رنج ده‌ده‌ین كه هیچ ناكۆكییه‌ك له نێوانی بنیاد و دیرۆكدا نییه، ئه‌وه‌ی بنیادی بواره‌كه‌ش دیاری ده‌كات، وه‌ك من ده‌یبینم، ئه‌ویش هه‌ر پره‌نسیپی بزووتنهكهیهتی. ئه‌وانه‌ی ململانێ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانی كۆنترۆڵ و سه‌روه‌ری به سه‌ر بواره‌كه‌دا، ده‌یسه‌لمێنن كه بوار له گۆرِاندایه و به‌رده‌وامیش بنیادی خۆی پێك ده‌هێنێته‌وه. ناته‌بایی نێوان راست و چه‌پ، نێوان پاشه‌وه و پێشه‌وه، نێوان نه‌ریتپارێزی و ئهفرانكاری، نێوان ته‌بابوون له‌گه‌ڵ بنه‌چه‌كان و ده‌رچوون لێیان، ناتهباییهكه هه‌میشه ناوه‌رۆكی مادده‌كه‌ی خۆی دهگۆرِێت، به‌ڵام له فۆرمی بنیادی خۆیدا وه‌ك چۆنه هه‌ر وه‌ها ده‌مێنێته‌وه. كه‌سانی تازه‌باوی له پرِ په‌یدابوو ناتوانن كۆنه‌كان قه‌ڵاچۆ بكه‌ن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسای ناواخنی بوار بریتییه له یاسای جیاكاری له هه‌موو ئه‌و واتایانه‌ی ئه‌م په‌یڤه هه‌یه‌تی: مۆده دوایین مۆده‌ی، دوایین جیاوازییه. هێما و دروشمی چینه‌كه (به هه‌موو واتایه‌كی ئه‌م په‌یڤه) له مه‌حه‌كدا ده‌بێت كاتێك توانای جیاكارانه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات، واته ئه‌و كاته‌ی ده‌بێته دروشمێكی باو. كاتێك (مینی جۆب) ده‌گاته گهرِهكهكانی كرێكاران له (بیتون)دا، ئیدی وا پێویست ده‌كات له خاڵی سفره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه.
دیالیكتیكی گوتن و جیاكاری كه بناغه‌ی ئه‌و وهرچهرخانانهن كه له بواری به‌رهه‌مدا به‌دی دێن، له بواری بهكاربردنیشدا هه‌یه: ئه‌و دیالیكتیكهش مۆركی ئه‌وه‌یه كه پێی ده‌ڵێم ململانێی كێبه‌ركێ، ئه‌و جۆرێكه له ململانێی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامی چینایه‌تی.
چینێك موڵكایهتییهكی دیاری كراوی ده‌ست ده‌كه‌وێت، چینه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی ده‌دات و به‌م جۆره، دیالیكتیكی كێبه‌ركێ ئه‌م پێشبرِكێیهی به‌ره‌و هه‌مان ئامانجه و له ناخدا سه‌لماندنی ئه‌و ئامانجه‌شی تێدایه. قسه هه‌میشه له‌گه‌ڵ به‌زیندا جووته، چونكه به (پێناسه كردن) ئامانجی پێشبرِكێیهكهی قبووڵه، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و لهمپهرهشی قبووڵه كه ده‌یه‌وێ تێپهرِێنێ. كامه‌ن ئه‌و مه‌رجه گونجاوانه (چونكه ئه‌وه به ره‌زامه‌ندیی روونی هۆشه‌وه نایه‌ته دی تا هه‌ندێك له یاریزانان ده‌ست له راكردن هه‌ڵگرن، تا له مه‌یدانی زۆرانبازی ده‌ربچن، به تایبه‌تی چینی ناوه‌ند كه له ناوه‌ندی گرووپه‌كانی كێبرِكێدایه؟) كامه‌یه ئه‌و چركه‌ساته‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه به‌دی هاتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان تێیدا به مانه‌وه له كێبهركێكهدا لاوازتره له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كێبهركێدا دێته دی؟ پێم به‌م جۆره پرسی دیرۆكیانهی شۆرِش ده‌خرێته روو. لێره‌دا له سه‌رم پێویسته كه‌وانه‌یه‌ك بكه‌مه‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به به‌دیلی كۆنه‌وه هه‌یه وه‌ك: قه‌یرانی یه‌كده‌نگی، چه‌سپاو/بزواو، كه ئه‌و بێ گومان له‌مپه‌ری سه‌ره‌كییه بۆ تێگه‌یشتنێكی زانستیانه بۆ جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی. به كرده‌نی جۆرێك له ململانێ هه‌یه پێویست ده‌كات كه یه‌كده‌نگی له‌باره‌ی مه‌رج و ئه‌نجامه‌كانی ململانێ هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌كرێ به روونی له بواری كولتووردا به‌دی بكرێت. ئه‌م ململانێیه، كه ده‌چێته شێوه‌ی كێبه‌ركێ-راوه‌دوونانه‌وه (ئه‌وه‌ی تۆ هه‌ته منیش هه‌مه... هتد)، ململانێیه‌كی ئاوێتهكاره، ئه‌و گۆرِانێكه هه‌وڵ ده‌دات به‌رده‌وامی به‌دی بهێنێت. لێره‌دا واری په‌روه‌رده به نموونه ده‌هێنمه‌وه، چونكه نموونه‌كه لێره‌دا روون دێته پێش چاوم. ئێمه ئه‌گه‌ری چوونه به‌ر خوێندنی باڵا له چركه‌ساتی (ت) دیاری ده‌كه‌ین، ئیدی دابه‌ش كردنێك ده‌دۆزینه‌وه كه هێنده كه‌س له رۆڵه‌ی كرێكاران و هێنده‌ش له رۆڵی چینی ناوه‌ند... هتد، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری چوونه به‌ر خوێندنی باڵا له چركه‌ساتی (ت + ڕ)یش دیاری ده‌كه‌ین، ئیدی بنیادی بهرامبهركارییهكمان ده‌ست ده‌كه‌وێت: به‌هاگه‌لی ره‌ها زیادیان كرد به‌ڵام شێوه‌ی گشتیی دابه‌ش كردنه‌كه نهگۆرِا. به كرده‌نیش، خۆ ئه‌و داكشانه‌ی ده‌یبینین دیارده‌یه‌كی میكانیزمانه نییه، به‌ڵكوو به‌رهه‌می كه‌ڵه‌كه بووی زۆر له پێشرِكێی بچووكی تاك به تاكه (ئێستا ده‌كرێ كورِهكه بخه‌ینه به‌ر خوێندن،.... هتد)، بهركێشهی شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له شێوه‌كانی كێبه‌ركێ بریتییه له سه‌لماندنی پێداویسته‌كانی گره‌و. بناغه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی له رێی مه‌جازی میكانیزمانه‌ی داكشان یان ترازانه‌وه باسمان كرد، بریتییه له چه‌ندین ستراتیژ، كه به پێوانه له‌گه‌ڵ چاوگه ریزبه‌ندی زۆر ئاڵۆزه‌وه گه‌ڵاڵه بووه. وا باوه ئێمه له رێی به‌رامبه‌ركاریی ناته‌باوه بیر ده‌كه‌ینه‌وه "كاره‌كه یان دهگۆرِێت یان ناگۆرِێت". "چه‌سپاوه یان بزواو". (ئۆگێست كۆنت) به‌م جۆره بیری ده‌كرده‌وه، ئه‌مه‌ش پاساوێك نییه. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ زه‌قی بكه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه كه چهسپاوێك هه‌یه و ئه‌نجامی گۆرِانه.
بواری به‌رهه‌م، به هه‌مان شێوه‌ی بواری چینه‌یلی كۆمه‌ڵایه‌تی و شێوازه‌كانی ژیان، بنیادێكی دیاری كراوی هه‌یه كه زاده‌ی دیرۆكی رابردوویه‌تی و پره‌نسیپی دیرۆكی داهاتووشیهتی. پره‌نسیپی گۆرِینیشی بریتییه له ململانێ له پێناو قۆرخ كردنی تایبه‌تمه‌ندی، واته قۆرخ كردنی دوایین جیاوازیی ره‌وا، دوایین مۆده و ئه‌مه‌ش ململانێیه‌كه له كۆتاییدا به هێدی هێدی كه‌وتنی به‌زیوی دوێنێ، پێ ده‌گات و ته‌واو ده‌بێت. به‌م جۆره به گرفتێكی دی ده‌گه‌ین كه گرفتی جێ گرتنه‌وه‌یه. له گۆڤاری ئه‌و (Elle) یان له گۆڤاری ماری كلیر (Marie-claire)دا وتارێكی تایابم به ناونیشانی: "ئایا ده‌كرێ جێی شانێل (Chanel) بگیرێته‌وه؟" خه‌ڵك زۆریان پرسیار كرد له‌باره‌ی كه ئاخۆ چی ده‌كرێ بۆ جێگرتنه‌وه ژه‌نه‌راڵ دیگۆل؟ ئه‌م گرفته‌ش له لایه‌ن رۆژنامه‌ی (لۆمۆند)ـه‌وه شیاوی چاره‌سه‌ر كردن بوو، به‌ڵام جێگرتنه‌وه‌ی شانێل گرفتێكه شایسته به گۆڤاری (ماری كلیر)ـه. به كرده‌نیش خۆ ئه‌و گرفته به دروستی په‌یوه‌سته به هه‌مان گرفته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌شه كه (ماكس ڤیبه‌ر) پێی ده‌ڵێت گرفتی "به‌خشینی سیفه‌تی رۆتین به سه‌ر كاری به‌رزدا"(3): چۆن ده‌كرێ ئه‌و رابوونه ده‌گمه‌نه‌ی ده‌چێته نێو ناپه‌یوه‌ندی له جیهانێكدا، بكرێته ده‌زگایه‌كی هه‌میشه‌یی؟ چۆن ده‌كرێ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه گرێ دراوه له‌وه‌ی پێكه‌وه گرێ نه‌دراوه دروست بكه‌ین؟
(به‌ر له سێ مانگ گاستۆن بیرتلۆ (G.Berthelot) ناودێر (ناوزه‌د) كرا، په‌یڤی "ناودێر" وشه‌یه‌كی نێو فه‌رهه‌نگی زاراوه‌كانی بیروكراتییه، دواجار ئه‌و به ته‌واوی له‌گه‌ڵ زاراوه‌كانی داهێناندا ناته‌بایه)، له رۆژێكه‌وه بۆ رۆژێكی دی به "به‌رپرسی هونه‌ری" ناودێر (ناوزه‌د) كرا (لێره‌دا زاراوه‌كانی بیروكراسی تێكه‌ڵ به زاراوه‌كانی هونه‌ر ده‌كرێن). به‌رپرسی هونه‌ری له خانه‌ی شانێل له كانوونی دووه‌می 1971دا له پاش مردنی (مهدموازێل). به خێراییه‌ك كه له‌و كه‌متر نه‌بوو، "سوپاس و پێزانینی" پێشكه‌ش كرا. به‌ڵام گرێبه‌سته‌كه‌ی تازه نه‌كرایه‌وه. گوتهگوتی نیمچه فه‌رمی كه‌وته سه‌ر زاران: نه‌یزانی چۆن چۆنی (خۆی بسه‌پێنێت). ده‌بێ بشڵێین "خۆ بێ ده‌نگ كردنی ئاساییانه‌ی گاستۆن بیرتلۆ له لایه‌ن كارگێرِییهوه هان درا". لێره‌دا كاره‌كه زۆر گرنگ هاته پێش چاو، ئه‌و شكستی خوارد چونكه خرایه نێو هه‌لومه‌رجێكه‌وه هه‌ر ده‌بوو شكست بخوات. "نه لێپرسینه‌وه، نه پێشكه‌ش كردن، نه بایه‌ك هه‌ڵده‌كات" (وا دێته پێش چاو وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌یڤی رۆژنامه‌نووس بێت، به‌ڵام خۆ به كرده‌نی، شتێكی بنهرِهتی بوو). هه‌روه‌ها قسه و باسی تیمه‌كه‌ی خۆی هه‌بوو له به‌رده‌م هه‌ر پێشنیارێك له پێشنیاره‌كانی: "ئایا نموونه‌كه پێ ده‌چوو، ئه‌مین و بهرِێز بێت؟ پێویست ناكات له‌و پێناوه‌دا نموونه دابنێین، ده‌با روو بكه‌ینه به‌رگدرووانی كۆن و ده‌ست پێ بكه‌ین. به‌ڵام له به‌رده‌م ته‌نووره‌یه‌كی نوێی ژووپ (Jupe) و له به‌رده‌م گیرفانێكی ده‌ستكاری كرا‌و: نه‌ده‌كرا مهدموازێل رێی به‌مه بدابایه". ئه‌وه‌ی لێره‌دا گوتراوه پێچه‌وانه‌ی جێگره‌وه‌ی كاریزمییه.
بواری مۆده بوارێكه له‌و پهرِی گرنگیدا، چونكه پێگه‌یه‌كی ناوه‌ندی گرتووه (له شوێنێكی رووته‌ڵ له باری تیۆرییه‌وه و به شێوه‌یه‌كی ئاسایی) له نێوانی بوارێكدا كه بۆ رێكخستنی جێگرتنه‌وه دروست كراوه، به ته‌واوی بواری بیروكراسی به‌وه‌ی بكه‌ران به پێناسه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه یه‌كێك شوێنی ئه‌وی دی بگرێته‌وه، له نێوان بوارێك كه تێیدا تاكه‌كان به هیچ كلۆجێك قابیلی گۆرِین نین، وه‌ك ئه‌وه‌ی له بواری داهێنانی هونه‌ری و وێژه‌یی یان داهێنانی پهیامبهریدا هه‌یه. ناگوترێت "چۆن ده‌كرێ یه‌سووعی مه‌سیح بگۆرِدرێت؟" یان "چۆن ده‌كرێت پیكاسۆ بگۆرِدرێت؟" بێ له‌وانه (شتی دی) قابیلی قسه و باسه. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ئێمه له حاڵه‌تی بوارێكداین كه تێیدا ده‌كرێ له هه‌مان كاتدا، توانای غه‌یبیی داهێنه‌ر دووپات بكرێته‌وه و توانای گۆرِینی ئه‌وه‌ی ناكرێ بگۆرِدرێتیش هه‌یه. كه‌واته گاستۆن بیرتۆ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، چونكه كه‌وتووه‌ته نێوان به‌رداشی دوو خواستی دژ به یه‌كه‌وه. مه‌رجی یه‌كه‌م كه پێشینانی ئه‌و دایاننا توانای قسه كردنه. ئه‌گه‌ر بیر له نیگاری پێشه‌نگایه‌تی و له چه‌مكه نیگار بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا حاڵی ده‌بین كه ئه‌وه كارێكی بنهرِهتییه به‌وه‌ی داهێنه‌ر بتوانێت خۆی وه‌ك داهێنه‌ر بئافرێنێ، به هێنانه ئارای ئه‌و گوتاره‌ی كه توانای ئه‌و وه‌ك داهێنه‌ر ده‌چه‌سپێنێت.
گرفتی جێگرتنهوهش ده‌ری ده‌خات كه ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره بریتییه له توانای گواستنه‌وه‌ی توانایه‌كی داهێنه‌رانه، ئهتنۆلۆژیستانیش ده‌ڵێن ئه‌مه جۆرێكه له مانا (Mana). به‌رگدروو پرۆسه‌یه‌كی گواستنه‌وه و گۆرِینی مادده (كه‌ره‌سته) به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت. ئێوه له كۆگادا عهترتان هه‌یه و نرخی دانه‌یه‌كیان سێ فرهنكه. به‌ڵام ماركه‌ی تایبه‌ته كه وا له عه‌تری شانێل ده‌كات نرخێك بكات كه (30) قاتی ئه‌و عه‌تره‌ی ئێوه بێت. هه‌مان نهێنییه، هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به لووله میزێكه‌وه هه‌بێت كه له شێوه‌ی بابه‌تێكی هونه‌ری گه‌ڵاڵه كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌مان كاتدا مۆره واژۆی نیگاركێشێكی له سه‌ره، چونكه له شوێنێكی پارێزراویش داندراوه. ئیدی به پێشوازی كردنی، ده‌یكاته بابه‌تێكی هونه‌ری كه به‌م شێوه‌یه له باری ئابووری و هێماییه‌وه گۆرِدراوه. ماركه‌ی "لا گراف" (La Griffe) مۆرێكه نه‌ك خه‌سڵه‌تی ماددییانه‌ی بابه‌ته‌كه، به‌ڵكوو خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ئه‌و دهگۆرِێت. به‌ڵام ئه‌و مۆره ناوی كه‌سێكه، له هه‌مان كاتدا گرفتی جێگرتنهوهش لێره‌دا دێته پێش. میراتگر ته‌نیا ناوی گشتی یان ئه‌ركی هاوبه‌شی به میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه نه‌ك ناوی كه‌س. پاشان ئه‌و ناوی كه‌سه چۆن هاته به‌رهه‌م؟ پرسیار له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه كرا، كه ئاخۆ چ شتێكه بۆ نموونه وا له نیگاركێش ده‌كات خاوه‌ن توانای ئه‌فراندنی به‌های بێت؟ باسی به‌ڵگه‌ی هه‌ره ئاسان كرا، له هه‌مووان بهدیهیتر: یه‌كێتیی نێو به‌رهه‌می هونه‌ری. به‌ڵام گره‌و له سه‌ر ده‌گمه‌نیی به‌رهه‌م نییه، به‌ڵكوو له سه‌ر ده‌گمه‌نیی به‌رهه‌م هاتووه. جا ئاخۆ ئه‌و ده‌گمه‌نییه چۆن هاتووه‌ته به‌رهه‌م؟
پێویسته دووباره بێینه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی (ماوس) له‌باری سیحره‌وه نووسیویه‌تی. ماوس به‌م پرسیاره ده‌ست پێ ده‌كات: "سیمای تایبه‌تی سیحر چییه؟" دوای ئه‌وه ده‌پرسێت: "ئه‌دی سیما تایبه‌ته‌كانی سیحر چین؟" به‌ڵام پێی وایه ئه‌وه ئه‌نجامێكی نابێت، بۆیه ده‌پرسێت: "ئه‌دی سیماكانی تایبه‌ت به به‌رجه‌سته بوونه‌كانی سیحر چین؟" به‌م جۆره ده‌گاته بزوێنه‌ره‌كانی به‌رجه‌سته بوونه‌كانی سیحر كه باوهرِه، ئه‌میش ئاراسته به جڤاك ده‌كات. به زمانی تایبه‌تی من، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌م گه‌ڵاڵه ده‌كات بواره (كایه‌یه)، واته شێوه‌ی كۆبه‌كۆی په‌یوه‌ندییه‌كانه. وزه بریتییه له كایه. ئه‌وه‌ی دیۆر (Dior) پرِی ده‌كات شتێكه ناكرێ له ده‌ره‌وه‌ی كایه (بوار)دا دیاریی بكه‌ین، ئه‌وه‌ی هه‌مووانیش پرِی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه كه بوار (كایه) ده‌ی هێنێته به‌رهه‌م، واته توانا و ده‌سه‌ڵاتێك كه به‌نده به باوهرِ هێنان به به‌رگدروویی به‌رز. ئه‌مانه‌ش هه‌رچه‌ندی پێگه‌كه‌یان له په‌یژه‌ی پێكهێنه‌ری بواردا به‌رزتر بوو، ده‌توانن به‌شێكی زیاتر له‌و ده‌سه‌ڵاته به سه‌پان بگرن.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم راست بێت، ئیدی ئه‌و ره‌خنانه‌ی كۆریج دژ به دیۆر، ده‌ستدرێژییه‌كانی (هشتر) بۆ سه‌ر كۆریج یان دژ به شیره‌ر، به‌شدار ده‌بن له پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر یه‌ك له كۆریج و شیره‌ر و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر یه‌ك له هشتر و دیۆریش. ئه‌و دوو كه‌سه‌ی له بواره‌كه‌دا توندرِهون، به لای كه‌مه‌وه هاورِان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه پاشڤهرِۆیه، هه‌روه‌ها له‌وه‌شدا هاورِان كه ئه‌و كچانه‌ی چۆن رێككه‌وت ئه‌وها جل له‌به‌ر ده‌كه‌ن، كارێكی باشه، زۆرش جوانه... هتد. به‌ڵام تا راده‌یه‌ك، ئاخۆ ئه‌و كچانه‌ی جلی شرِ و ورِ له‌به‌ر ده‌كه‌ن، چی بكه‌ن؟ ئه‌وان مشتومرِ ده‌كه‌ن له‌باره‌ی قۆرخ كردنی به‌كار هێنانی ره‌وای ئه‌م شته تایبه‌ته (Truc) كه له مادده‌ی به‌رگدرووییدا پیرۆزه، وه‌ك چۆن چه‌واشه‌كاران مشتومرِ ده‌كه‌ن له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه، كه كهههنووتی خوێندنه‌وه ره‌وا قۆرخ ده‌كات. ئه‌گه‌ر مشتومرِ له‌باره‌ی قۆرخ كردنی خوێندنه‌وه‌ی ره‌واوه كرا، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م خوێنه‌ر توانیی ئینجیلان بخوێنێته‌وه یان بتوانێ كراسه‌كانی خۆی دروست بكات، ئه‌وا بواره‌كه خۆی قوربانییه. خۆ تێ هه‌ڵقورتاندنی كتێب هه‌رده‌م سنوورێكی هه‌یه و تێی ناپهرِێنێت، ئه‌ویش بریتییه له رێز گرتن له‌وه‌ی كه وێژه‌ییه.
ئه‌وه‌ی وا ده‌كات بوار (كایه) به شێوه‌یه‌كی ئاسایی برِوات ئه‌وه‌یه كه ماوس پێی ده‌ڵێت باوهرِی ده‌سته‌جه‌معی. منیش ده‌ڵێم نكووڵی كردنی ده‌سته‌جه‌معی. ماوس له‌باره‌ی سیحره‌وه ده‌ڵێ: "هه‌میشه كۆمه‌ڵ هه‌ر خۆی باجی دروای بێ ره‌واجی خه‌ونه‌كه‌ی ده‌دات"(4). ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ ئه‌و گه‌مه‌یه بكات: ئه‌وانه‌ی فشه‌فش ده‌كه‌ن خۆشیان قوربانیی فشهفشن، ئه‌وان هه‌رچه‌ندی ببنه بابه‌تی فشه، ئه‌وا زۆرتر و باشتر فشه ده‌كه‌ن، ئه‌وان هه‌رچه‌ندی ته‌فره خواردوو بن و پتر ملكه‌چی ته‌فره خواردن بن، ئه‌وا ده‌بنه ته‌فره‌ده‌ر. بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گه‌مه‌یه‌دا یاری بكه‌یت، ده‌بێ باوهرِ به ئایدیۆلۆژیای داهێنان بكه‌یت، كاتێك مرۆڤ به مۆده رۆژنامه‌نووس ده‌بێت، ئه‌وا په‌سند نییه كه دیدێكی سۆسیۆلۆژیانه‌ی بۆ مۆده هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی به‌ها پێك ده‌هێنێت، ئه‌وه‌ی سیحری ماركه‌ی دیاری كرا‌و پێك ده‌هێنێت، ئه‌وا به‌ریه‌ك كه‌وتنی هه‌موو بكه‌رانه له چێوه‌ی ریزبه‌ندی به‌رهه‌م هێنانی خێر و بێردا، كه مۆركی پیرۆزیی پێ به‌خشیوه. هه‌ڵبه‌ت (ئه‌و) نه‌سته به‌ریه‌ك كه‌وتنه. ئه‌و سوورِگانهی به‌رهه‌میان تێدا به‌كار دێت، هه‌رچه‌ندی درێژتر و ئاڵۆزتر و شاراوه‌تر بن، ئه‌وا به‌هێزتر ده‌بن. ته‌نانه‌ت له چاوی ئه‌وانه‌شدا كه به‌شداری له گهمهكهدا ده‌كه‌ن و سوودیشی لێ وه‌رده‌گرن. هه‌موو خه‌ڵك نموونه‌كه‌ی ناپلیۆن ده‌زانن كه تاج له ده‌ست پاپا وه‌رده‌گرێت و بۆ خۆی ده‌یخاته سه‌ر سه‌ری خۆی. ئه‌وه بازنه‌یه‌كی زۆر بچووكی چه‌سپاندنه، ئاسانیشه كه پێی ئاشنا بین. بازنه‌ی كارای چه‌سپاندن كه (ئهلف، بێ)ی تێدا ده‌چه‌سپێندرێت، ئه‌میش (ح) ده‌چه‌سپێنێت و ته‌رخانی ده‌كات، ئه‌میش له لای خۆیه‌وه (د) ده‌چه‌سپێنێت. هه‌رچه‌ندی بازنه‌ی چه‌سپاندن ئاڵۆز و تێك چرِژاو بێت ئه‌وا نه‌بیندراو ده‌بێت، هه‌رچه‌ندی كه ئاشنا بوون به بنیاده‌كه‌ی زه‌حمه‌ت بێت، ئه‌وا كارایی باوهرِ هێنان به‌و زۆرتر ده‌بێت. (له چوارچێوه‌ی ئه‌م لۆژیكه‌دا، پێویسته رێرِهوی بازنه‌ییانه‌ی راپۆرته هۆنینهوهكان یان ئاڵوگۆرِی سرووتیانهی ئاراسته‌كاری و چاوگه‌كان، شرۆڤه بكرێن). ئه‌وه‌ی به روونی ده‌رده‌كه‌وێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له بوارهكهدایه، جا چ به‌رهه‌مهێنه‌ر بێت یان به‌كاربه‌ر، ئه‌وا ریزبه‌نده. له نێوانی شانێل و ماركه دیاره‌كه‌یدا، تێكرِای ریزبه‌ند هه‌یه، ئه‌و ریزبه‌نده‌ی كه‌س نه باشتر و له هه‌مان كاتدا نه خراپتر له خودی شانێل نایزانێت.
په‌راوێز:
(1) « Haute couture et haute culture » in. P. Bourdieu : Questions de sociologie, Minuit 1980.
( 2 ) شوێنه هه‌ره به ناوانگهكانی به‌رهه‌م هێنانی پۆشاك و عه‌تری به‌رزی پاریسی.
(3) « Laroutinisation du charisme ».
(4) « La Société se paie toujours elle-même de la fausse monnaie de son rêve ».
پێناسه:
پیێر بۆردیۆ، زانایایه‌كی كۆمه‌ڵناسی هاوچه‌رخی فه‌ره‌نسییه، نووسینه‌كانی رۆحێكی ره‌خنه‌ییان تێدایه، هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی سۆسیۆلۆژیای ئه‌ڵمان و به تایبه‌تی ماكس ڤیبه‌ری به سه‌ره‌وه‌یه. ئه‌مانه‌ش كتێبه‌كانی ئه‌ون: "سۆسیۆلۆژیای جه‌زایر"، "ریشه‌كێشی"، "پیشه‌ی كۆمه‌ڵناس"، "دووباره به‌رهه‌م هێنانه‌وه"، "هه‌وڵێك له‌باره‌ی تیۆریی كرداره‌وه"، "جیاكاری"، "هه‌ستی كرده‌یی". به‌م دواییه‌ش بۆردیۆ به ئه‌ندامی (كۆلیژ دو فرانس) هه‌ڵبژێردرا و توێژینه‌وه‌یه‌كی به ناونیشانی "وانه‌یه‌ك له‌باره‌ی وانه‌وه" پێشكه‌ش كرد.