فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌رِۆ(*) له لای هابرماس (1-2)
November 10, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :دكتۆر سالم یه‌فوت
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
(*): تێبینییه‌ك له وه‌گێرِه‌وه:(سوپاسی برای نووسه‌رم "ماجید نووری" ده‌كه‌م كه به پێشنیاری ئه‌و، ئه‌م روون كردنه‌وه‌یه ده‌خه‌مه روو: هه‌ردوو په‌یڤی "پێكه‌وه‌رِۆ، پێكه‌وه‌رِۆیی" من دروستم كردوون به‌رامبه‌ر به دوو په‌یڤی "التواێل، التواێلیه"ی عه‌ره‌بی. حه‌زیش ده‌كه‌م بڵێم، تا ئێستا به سه‌دان و بگره به هه‌زاران په‌یڤی نوێی كوردیم له نووسینه‌كانمدا، به تایبه‌تیش له وه‌رگێرِاندا به‌كار هێناوه، سوپاس بۆ یه‌زدان كه خوێنه‌ری كورد بێ كێشه لێیان حاڵی بووه، نه‌مازه له بابه‌تی وه‌ك فه‌لسه‌فه‌دا. بۆیه‌ش پێشتر باسی ئه‌م شته‌م نه‌كردووه، چونكه پێم وایه ئه‌مه‌ی من ده‌یكه‌م، به‌شی هه‌ره زۆری نووسه‌رانی كورد كردوویانه و ئه‌ركی خۆمانه كه بیكه‌ین. كاروانی زمانی كوردی روو له گه‌شه و پێشكه‌وتنه، هه‌ر یه‌ك له ئێمه نه‌مامێك له باخی ئه‌و زمانه‌دا ده‌نێژێت: ت. ك).پێشه‌كی
چه‌مكی پێكه‌وه‌رِۆ له فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا له رووی به‌كار هێنانه‌وه، بووه‌ته چه‌مكێكی ناوه‌ندی. چی دی بایه‌خ دان به پێكه‌وه‌رِۆیی به‌ند نییه ته‌نیا به بواری ده‌ستاوده‌ست كردن، كه گرێدراوی ئاڵوگۆرِ كردنی زانیاری و ته‌كنیكی راگه‌یاندن و گه‌یاندنیانه، به‌ڵكوو بووه‌ته تیۆرییه‌كی زانستی و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆی. چاوگی فه‌لسه‌فیانه‌ی هابرماسیش به به‌ڵگه‌ی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه داده‌ندرێت. ئه‌و چاوگێكه و سوودی له تیۆریی زانستگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رگرتووه، ئه‌و تیۆرییانه‌ی ده‌ست پێشخه‌ر بوون بۆ رێ خۆش كردن بۆ ئه‌م وه‌رچه‌رخانه، كاتێك جه‌ختیان كرده سه‌ر ئه‌وه‌ی "من" یان "ناسنامه‌ی خۆ"، ده‌ره‌نجامی هێماش، كارلێكه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی.
له‌م په‌رِه‌یه‌دا، رۆشنایی ده‌خه‌ینه سه‌ر پرۆژه پێشه‌نگه‌كه‌ی هابرماس له نێو فه‌لسه‌فه‌ی ره‌خنه‌كارانه‌ی هاوچه‌رخی ئه‌ڵماندا، ئه‌ویش له رێی جه‌خت كردن له سه‌ر ئه‌و خه‌مه‌ی ئه‌م پیاوه‌ی بزواندووه، كه بریتییه له: چۆن ده‌كرێ ئاوێته بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی بێت؟ به‌وه‌ی كه ئه‌و فۆرمانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌رِۆیان له لای هابرماس گرته‌خۆ، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یه.
له ناونیشانی ئه‌م لاپه‌رِه‌یه‌وه نابێ پێمان وا بێت كه هابرماس وا باسی پێكه‌وه‌رِۆیی ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی، به واتای ده‌قاوده‌قی په‌یڤه‌كه، بابه‌تێكی فه‌لسه‌فی بێت. به‌ڵكوو له روانگه‌ی سۆسیۆلۆژیا یان كۆمه‌ڵناسییه‌وه باسی ده‌كات، به‌وه‌ی كه كردارێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، نه‌ك كردارێك كه په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واوی به هۆشیاریی مرۆییه‌وه هه‌یه. ئیدی به‌م واتایه ئه‌وه راسته كه بڵێین: هابرماس له سه‌ر حیسابی فه‌لسه‌فه‌ی هۆشیاری، لایه‌نگری له تیۆریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت جیاوازییه‌ك هه‌یه له نێوانی پێكه‌وه‌رِۆیی له روانگه‌ی بكه‌ری پێكه‌وه‌رِۆ و له نێوانی ئه‌وه‌ی وا باسی بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كرداره دیالۆگه یان دانوستانێكه و چه‌ندین لایه‌ن تێیدا به‌شدارن(1).
له‌م باره‌یه‌وه هابرماس ستایشی هه‌وڵی زانایانی كۆمه‌ڵناسی له گه‌ڵاڵه كردنی ئه‌م روانگه نوێیه بۆ پێكه‌وه‌رِۆیی ده‌كات و ده‌ڵێ:
"وه‌رچه‌رخانی روانگه، كه له كرداری مه‌به‌ستداره‌وه گۆرِا به كرداری پێكه‌وه‌رِۆ، له‌گه‌ڵ (مید) و (دۆركهام) ده‌ستی پێ كرد. ئه‌مانه له پاڵ (ماكس ڤیبه‌ر) سه‌ر به نه‌وه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی سۆسیۆلۆژیای نوێن"(2).
له‌م باره‌یه‌وه، چه‌ندین تیۆریی كۆمه‌ڵایه‌تی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی به كورتبینی و تاك لایه‌نانه‌وه باسی كرداری پێكه‌وه‌رِۆیان كردووه، مه‌به‌ستیشی لێره‌دا: تیۆریی وه‌زیفییه.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێكاری باس كردنی پرسی پێكه‌وه‌رِۆیی له لای ئه‌م تیۆرییه و هاوچه‌شنانییه‌وه، به گوته‌ی هابرماس، روانینێكی روون پێشكه‌ش ناكه‌ن، چونكه هه‌ر وابه‌سته‌ی وێنای فه‌لسه‌فیانه‌ی ئه‌رستۆ سه‌باره‌ت به چه‌مكی كرداری مه‌به‌ستگه‌را مایه‌وه، یان ئه‌وه‌ی به مه‌به‌ستێك ئاراسته كرا بوو، كه یه‌كێك له دیره‌گه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌رستۆ پێك ده‌هێنێت.
له لای هابرماس، مه‌به‌ست له كرداری پێكه‌وه‌رِۆ چییه؟
هابرماس، كرداره‌كانی پێكه‌وه‌رِۆیی به‌م جۆره‌ی دادێ دیاری ده‌كات: "ئه‌و كردارانه‌ن كه تێیاندا ئاسته‌كانی كار (كردار) سه‌باره‌ت به بكه‌رانی سه‌ر به پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌رِۆیی گرێدراوی(3) پێدوایستی سیاسی نین، به‌ڵكوو گرێدراوی كرداره‌كانی لێك حاڵی بوونن". لێك حاڵی بوونێكیش نییه به بێ زمان، ئه‌وه‌شه پاساوی قسه‌ی ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به "پێچی زمانی" له لای ئه‌و ده‌ده‌ن، كه ئه‌و بۆ خۆشی ئاماژه‌ی پێ ده‌كات. ئه‌مه‌ش پاڵی به‌وه‌وه نا كه زمان بكاته فاكته‌رێك بۆ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیی پێكه‌وه‌رِۆییانه. بۆ تۆكمه كردنی وێنا كردنه‌كه‌ی له‌باره‌ی كرداری پێكه‌وه‌رِۆییه‌وه، له پێناو تێگه‌یشتنێكی باشتر بۆ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێو كۆمه‌ڵدا، وای بۆ چوو كه كرداری پێكه‌وه‌رِۆیی به‌وه له كرداری دی جیا ده‌بێته‌وه، كه هه‌وڵ نادات به دوای ئه‌و ئامرازانه‌دا بگه‌رِێت كه وای لێ ده‌كه‌ن كار له ئه‌وانی دی بكات، به‌ڵكوو به دوای چۆنیه‌تی گه‌یشتن به لێك حاڵی بوون له‌گه‌ڵیان و پێكه‌وه گونجانی دووسه‌ره‌دا ده‌گه‌رِێت، ئه‌ویش به بێ هیچ جۆره ناچار كردن و زۆردارییه‌ك.
ئه‌گه‌ر لێك حاڵی بوون ئه‌وپه‌رِی ئامانجی كرداری پێكه‌وه‌رِۆیی بێت، ئه‌وا ناكرێ له نێوانی لایه‌نه‌كانی دانوستاندا وێنای بكه‌ین، ته‌نیا به چه‌ند مه‌رجێك نه‌بێت، گرنگترینیان هیچ لایه‌نێك كار له لایه‌نێكی دی نه‌كات، چونكه ئه‌وه ئه‌گه‌ر روو بدات، ئه‌وا ده‌بێته مایه‌ی شكست خواردنی پێكه‌وه‌رِۆیی. هابرماس ده‌ڵێ:
"چالاكیی لێك حاڵی بوونی دووسه‌ره به‌رحوكمی مه‌رجێكی بنه‌رِه‌تییه، كه به هۆیه‌وه كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار پرۆژه‌یه‌ك بۆ رێككه‌وتنی هاوبه‌شی خۆیان به‌دی ده‌هێنن.. ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له دوو مه‌ترسی بپارێزن: یه‌كه‌میان بریتییه له شكست خواردنی لێك حاڵی بوونی دووسه‌ره و به‌دحاڵی بوون، دووه‌میشیان بریتییه له شكست خواردنی پرۆژه‌ی كردار و شكستی ته‌واو. دوور خستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی یه‌كه‌م مه‌رجێكی (بێ سێ و دووه) بۆ دوور خستنه‌وه‌ی دووه‌م."
ئیدی خۆ جیاوازیی نێوان رێككه‌وتن كه زاده‌ی لێك تێگه‌یشتنه و كاریگه‌ری (كار لێ كردن) كه زاده‌ی ناچار كردن و گۆشاره، دیاره كه تێیدا كرداری پێكه‌وه‌رِۆیی مۆركی زاڵ بوونی پێوه دیاره. لێَك گه‌یشتن هاوكوف و هاوشانی كرداری پێكه‌وه‌رِۆییه له رووی ئه‌وه‌ی ئامانجی به‌دی هێنانی رێككه‌وتنه، هه‌ر ئه‌ویشه كه هابرماس پێی ده‌ڵێ یه‌كده‌نگی، چونكه به نه‌بوونی یه‌كده‌نگی له نێوان لایه‌نانی كرداری پێكه‌وه‌رِۆییدا، ئه‌می دوایی (پێكه‌وه‌رِۆیی) شكست ده‌خوات. كه‌واته مه‌رجه پاساو و چون یه‌كی هه‌یه، به بێ ئه‌وان یه‌كده‌نگیی عه‌قڵانی نایه‌ته دی. هه‌ڵبه‌ت به‌كار هێنانی زمانه‌وانی ئه‌گه‌ر پاساوی دامه‌زراوی هه‌بوو، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه رێككه‌وتنی هاوبه‌شی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. چونكه سه‌باره‌ت به هابرماس، ئامانجی چوونه نێو پاساوكاری، گه‌یشتنه به پێكه‌وه‌رِۆییه‌كی ته‌واو.
فه‌یله‌سووفی هاوچه‌رخی فه‌ره‌نسا جۆن فرانسوا لیوتار (J.F. Lyotard) به‌رهه‌ڵستی چه‌مكی یه‌كده‌نگی بوو له لای هابرماس، پێی وا بوو كه جه‌وهه‌ری كار جیاوازی و ململانێیه، به بێ ئه‌وانیش داهێنان نییه. له هه‌مان كاتیش‌دا تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌دایه پاڵ هابرماس كه داكۆكی له پرۆژه‌ی نوێخوازی ده‌كات، ئه‌و نوێخوازییه‌ی له سه‌ر هزری رۆشنگه‌ران دامه‌زراوه، هه‌وڵیش ده‌دات گوتارێكی فه‌لسه‌فی دابمه‌زرێنێت كه یه‌كده‌نگی ده‌كاته ئامانجی خۆی، كه‌چی لیوتار نوێخوازی به گوتارێكی تێپه‌رِ داده‌نێت، كه هه‌ر هه‌وڵێك بۆ گه‌رِاندنه‌وه‌ی ئیعتیبار بۆ ئه‌و، هه‌وڵێكی نابه‌كامه. گه‌وهه‌ری داهێنان و په‌ره‌سه‌ندنیش، به بۆچوونی لیوتار، جیاوازییه نه‌ك یه‌كده‌نگی(5).
فه‌لسه‌فه چ رۆڵێكی له كرداری پێكه‌وه‌رِۆییدا هه‌یه؟
ئاخۆ له سه‌رده‌می وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌دا، ئه‌ركی فه‌لسه‌فه له لای هابرماس، فه‌یله‌سووفی پێكه‌وه‌رِۆییدا، له سه‌ر ئاستی فه‌لسه‌فه و له سه‌ر ئاستی نه‌خشه‌ی جیۆسیاسیی جیهاندا له پاش رووخانی دیواری به‌رلین و هه‌ره‌س هێنانی ئایدیۆلۆژیا گه‌وره‌كاندا، چییه؟
هابرماس هه‌ڵمه‌تێكی بێ ئامانی كرده سه‌ر میتافیزیك، كه له‌م باره‌یه‌وه نه‌ریتی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت وه‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه، كه تێیدا دووپات ده‌كرێته‌وه كه ئه‌مرِۆ ئه‌ركی فه‌لسه‌فه نییه له زانینی "ره‌ها" رابمێنێت، به‌ڵكوو له سه‌ریه‌تی واز له بیركردنه‌وه لێی بهێنێت. ئه‌و تۆمه‌تی ئه‌وه‌ش ده‌داته پاڵ هه‌مه‌جۆر ره‌وتگه‌لی فه‌لسه‌فیی هاوزه‌مانی خۆی، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چركه‌ساتی ئه‌ڵمانیادا جیاوازن. جا به ده‌سپێك له‌وه، له لای ئه‌و شتێك سه‌ری هه‌ڵدا، كه ده‌كرێ ناوی بنێین هزری پاشه میتافیزیك.
هابرماس پێی وا بوو، فه‌لسه‌فه‌ی ره‌ها ده‌بێته به‌ربه‌ستێك له به‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنی عه‌قڵانیه‌ت، كاتێك پێی وا بوو كه ئه‌و (واته خۆی) هه‌قیقه‌ت و عه‌قڵانیه‌تی هه‌یه، هابرماسیش ئه‌و دوو شته‌ی له كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا ده‌وێت. كۆمه‌ڵگای پاش دووه‌مین جه‌نگی جیهان عه‌قڵانیه‌تێكی ره‌ها نییه، كه فه‌لسه‌فه ده‌ڵێ ته‌نیا بۆ خۆی دروستی ده‌كات، به‌ڵكوو عه‌قڵانیه‌تێكی پێكه‌وه‌رِۆی ره‌خنه‌گرانه‌ی رێكارانه‌ی ئاوێته به جیهانی ژیانه. بۆ فراوان كردنی ئه‌م عه‌قڵانییه‌ته نوێیه و گه‌ڵاڵه كردنی، ره‌خنه‌ی له ره‌وتگه‌لی نوێی بابه‌تكار (وه‌زعی) گرت، كه تا راده‌ی به خوداوه‌ند كردن پێی سه‌رسام بوو. دوو كتێبیشی بۆ ئه‌م شته ته‌رخان كرد كه بریتین له:
- زانست و ته‌كنیك وه‌ك ئایدیۆلۆژیا
- مه‌عریفه و به‌رژه‌وه‌ندی(6)
وه‌ك تێبینی ده‌كرێت، ره‌خنه گرتن له بابه‌تكاری، نه‌ریتێكی باوه له لای ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت. پێشتر "هیربرت ماركۆزه" چه‌ندین لاپه‌رِه‌ی نایابی له كتێبه‌كه‌یدا "عه‌قڵ و شۆرِش" بۆ گفتوگۆ كردن له‌باره‌ی "ئۆگێسنت كۆنت" و ره‌خنه گرتن له بابه‌تكاریی كلاسیك ته‌رخان كرد، هه‌روه‌ها كتێبی "مرۆڤی تاك ره‌هه‌ند"یشی بۆ ره‌خنه گرتن له ته‌كنیك و ره‌وتگه‌لی به ئه‌و و به زانست سه‌رسام، گرت..
هابرماس دووپاتی ده‌كاته‌وه كه فه‌لسه‌فه ناتوانێ ببێته ساغه زانست، وه‌ك ئه‌وه‌ی بابه‌تكاران ده‌ڵێن، كاتێكیش تایبه‌تمه‌ندیی زانستگه‌لی مرۆیی دووپات ده‌كاته‌وه، ئه‌وه ته‌نیا هه‌وڵێكه بۆ دوور خستنه‌وه‌ی تارمایی توندرِه‌ویی زانستیانه‌ی بابه‌تكاری له زانستی مرۆیی، هه‌روه‌ها ده‌رهێنانی (به‌رِه)شه له بن پێی عه‌قڵی ته‌كنیكی، به ئامانجی گه‌ڵاڵه كردنی تیۆرییه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی فه‌لسه‌فی، كه كار بۆ رزگار كردنی مرۆڤ و رزگار كردنی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی له باڵاده‌ستیی زانست و ته‌كنیك ده‌كات. ئه‌و تیۆرییه‌كه كه روانین و كار پێكه‌وه گرێ ده‌دات، به گوته‌ی هابرماس، (له رێی) به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌ربه‌ستی و رزگاریی مرۆڤه‌وه، فه‌لسه‌فه پێگه‌ی خۆی به‌دی ده‌كات. ئه‌ركی فه‌لسه‌فه‌یه رووبه‌رِووی هه‌ر باڵاده‌ستییه‌كی ته‌كنیكی ببێته‌وه، كه كار ده‌كات بۆ شتاندنی مرۆڤ و كردنی به كاڵایه‌ك. به‌م جۆره فه‌لسه‌فه هه‌وڵ ده‌دات له نێو كۆمه‌ڵدا دیالۆگێكی بێ زاڵ بوون، بهێنێته ئاراوه، ئه‌مه‌ش رۆڵی به‌رچاوی ده‌بێت له نه‌هێشتنی هه‌موو ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی دیالۆگیان شێواند، ئه‌و دیالۆگه‌ی له توانایدایه به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی بگه‌یه‌نێته ئاستی پێگه‌یشتن و كامڵی، جا یه‌كێك له واتاكانی ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه، كه ئایینده‌ی فه‌لسه‌فه هه‌ر وابه‌سته به كرداری سیاسی ده‌بێت(7). نه‌مازه كه مرۆڤایه‌تی له سایه‌ی ره‌وشێكدا ده‌ژی كه مۆركی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و زانستی و ته‌كنیكیی هه‌یه، واته ئێمه له سایه‌ی ره‌وشێكدا ده‌ژین، مۆركی سیاساندنی زانست و ته‌كنیك و زانستایه‌تیی سیاسه‌تی هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی برِیاره مه‌زنه‌كانیش ده‌درێته ته‌كنۆكراتان.
به‌م جۆره روون ده‌بێته‌وه كه تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆیی له لای هابرماس له سه‌ر هه‌ڵوێستێكی نوێ له فه‌لسه‌فه رۆنراوه، كه دووباره ئه‌رك و ئامانجه‌كانی دیاری ده‌كاته‌وه، به چه‌شنێك كه ئاوێته به ئاسۆیه‌كی نوێی ره‌خنه ده‌بێت، ئیدی رۆڵی ئه‌رێنی و كارای ده‌بێت له چێوه‌ی باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه‌دا، وه‌ك كۆمه‌ڵناسی و تێكرِای زانسته‌كانی مرۆیی له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌واوكارانه‌دا، نه‌ك له چوارچێوه‌ی باڵاده‌ستی به سه‌ر ئه‌و زانستانه‌وه. به‌م جۆره هابرماس له كانت و هیگل دوور كه‌وته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو مه‌به‌ستی ئێمه له سه‌ره‌تادا، كه گوتمان له فه‌لسه‌فه‌ی هۆشیاری دوور كه‌وته‌وه.
كاتێك كتێبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و، (تیۆریی كرداری پێكه‌وه‌رِۆ) وه‌رگێرِدرایه سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، پێشه‌كییه‌كی بۆ نووسی و تێیدا رایگه‌یاند كه ئه‌و نایه‌وێ تیۆرییه‌كی گشتگیر و بێ كه‌م و كورِی دابنێت، به‌ڵكوو به‌وه‌نده به‌سی لێ ده‌كات كه توخمه تیۆرییه زه‌رووره‌كان پێشنیار ده‌كات، ئه‌وانه‌ی یارمه‌تیی فه‌لسه‌فه ده‌ده‌ن بۆ چاوخشاندنه‌وه به خۆیدا و تێگه‌یشتن له خۆی، ئه‌ویش له رێی چوونه نێو هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ زانستگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، له سه‌ر بنه‌مای بایه‌خی ئه‌و زانستانه له تیۆریی ره‌خنه‌دا هه‌یانه.
به‌م جۆره هابرماس فه‌لسه‌فه‌ی له جغزی میتافیزیك رزگار كرد و له فه‌زای گشتیی ده‌رهێنا. ئه‌می دوایی (فه‌زای گشتی)، چه‌مكێكی نوێیه و هابرماس له نووسینه فه‌لسه‌فییه‌كانیدا بایه‌خی پێ دا، وه‌ك هاوكوفی كردار، واته ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی ده‌كرێ فه‌لسه‌فه بیكاته سه‌ر فه‌زای گشتی و كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ، چونكه داوای لێ ده‌كرێت رۆڵی جیاواز له‌و رۆڵانه‌ی له كۆمه‌ڵگاكانی پێشوو هه‌ی بوو، ببینێت. چی دی فه‌لسه‌فه ناتوانێ باس له سه‌راپاگیری یان دامه‌زراندن بكات (هیگل- كانت)، به‌ڵكوو ئه‌و ناچارانه تێكه‌ڵ به خه‌م و خولیای كۆمه‌لڕ ده‌بێت، وه‌ك (بابه‌تی) دیموكراسی، كه نه فه‌زایه‌كی دروستی گشتیی هه‌یه، كه دیموكراسی و ئیتیكی دیالۆگی تێدا له بره‌ودا بێت و خاوه‌نی مافی مرۆڤ بێت، هه‌روه‌ها نه‌فره‌ت له توند و تیژیش ده‌كات.
هابرماس له‌م روانگه‌یه‌وه كه‌وته دیالۆگ له‌گه‌ڵ دیارترین ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی هاوچه‌رخی ئه‌و بوون. هه‌ر له‌م پێودانگه‌وه كه‌وته سه‌ر باری ئه‌وه‌ی ناوی لێ نرا "گه‌رِاندنه‌وه‌ی بنیادی ره‌خنه‌ییانه‌ی ماتریالیزمی مێژوویی"، له‌مه‌شدا ئیلهامی له كه‌له‌پووری ره‌خنه‌ییانه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت و كه‌له‌پووری سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری وه‌رگرت. ئه‌م كاره‌شی له كتێبێكدا بڵاو كرده‌وه كه ناوی نا: "پاشه ماركسیزم"(8)، تێیدا دووپاتی كرده‌وه كه ماركسیزم به‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئازادیخوازانه‌یه، هه‌موو وزه و توانای بزوێنه‌ری خۆی نه‌خستووه‌ته كار، ئه‌وه‌ش، به برِوای ئه‌و پێویسته، بۆ ئه‌وه‌ی وای لێ بكرێت كه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆیدا برِوات و لێی دوا نه‌كه‌وێت. ئه‌م شته سه‌باره‌ت به هابرماس واتای ئه‌وه‌یه، ماركسیزم هاوشانی خواسته‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانی پاش دووه‌مین جه‌نگی جیهان برِوات. ئه‌مه‌ش پێویستی به موتوربه كردنی به چه‌ندین چه‌مكی هه‌ڵهێنجراو له تیۆریی كرداری پێكه‌وه‌رِۆیی كرد، ئه‌و ده‌ڵێ: "هه‌رچه‌نده تیۆریی پێكه‌وه‌رِۆیی ئه‌ركێكه بۆ چاره‌سه‌ر كردنی پرسگه‌لی مۆرك فه‌لسه‌فیانه، كه له لای ئه‌پستمۆلۆژیای زانسته‌كانی كۆمه‌ڵناسی و بنه‌ماكانییه‌وه هه‌یه، من پێم وایه كه په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌وی به‌و پرسانه‌شه‌وه هه‌یه كه تیۆریی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یخه‌نه روو."(9)
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه هابرماس پرسیار ده‌كات: چۆن ده‌كرێ كرداری پێكه‌وه‌رِۆییانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كرده‌نی بێت؟ پێشتر ئاماژه‌مان كرد به‌وه‌ی له په‌ره‌سه‌ندنی هابرماسدا پێی ده‌گوترێت وه‌رچه‌رخانی زمانه‌وانی، ئاماژه ده‌كه‌ین كه به كاریگه‌ریی گادمیر (H.G. Gadmer) به‌دی هات، به تایبه‌تی له باوه‌رِ هێنان به‌وه‌ی كه لۆژیكی عه‌قڵانیه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له زمانی ئاساییانه‌ی رۆژانه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، ئه‌میش دیره‌گی هه‌موو كارلێكێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌و كات بایه‌خیشی روو له بابه‌تی زمان و ده‌ستاوده‌ست ده‌كات، كه له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا هه‌ر وه‌ك نادیاری گه‌وره له نێو تیۆریی ره‌خنه‌ییانه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتدا مایه‌وه.
ئه‌مه‌ش به‌ره‌و ئه‌وه‌ی برد كه كۆمه‌ڵناسی و تیۆرییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی بگۆرِێت (بكاته) فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌رِۆیی(10). هه‌ر بۆیه تێزی ده‌ستاوده‌ست له زمانی گرته ئه‌ستۆ، كه هی "ئۆستین" و "فتگنشتین" بوو. به‌م جۆره له فه‌لسه‌فه‌ی مه‌عریفه‌وه به واتا كلاسیكه‌كه‌یه‌وه چوو به‌ره‌و فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌رِۆ. ئه‌وه‌ش گواستنه‌وه‌یه‌ك بوو كه هاوكات له‌گه‌ڵ وه‌رچه‌رخانی زمانیی ئه‌ودا رووی دا، ئه‌مه‌ش به ده‌رچوونی كتێبه‌كه‌ی "مه‌عریفه و به‌رژه‌وه‌ندی" له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی (سه‌ده‌ی رابردوو)دا، به روونی ده‌ركه‌وت (به‌رجه‌سته بوو)، سه‌رباری كۆمه‌ڵێك وتار، كه له پاش كتێبی "تیۆریی كرداری پێكه‌وه‌رِۆیی" (1981)، پێكه‌وه بڵاوی كردنه‌وه، ئه‌مه‌ش له ساڵی 1984دا بوو.
هابرماس پێی وایه، هزری پاشه میتافیزیك كلیلی وه‌رچه‌رخانه به‌ره‌و بایه‌خ دان به زمان و پێكه‌وه‌رِۆیی، جگه له‌وه، وه‌رچه‌رخان له فه‌لسه‌فه‌ی مه‌عریفه‌وه به‌ره‌و فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌رِۆیی، بریتییه له تێپه‌رِاندنی فه‌لسه‌فه‌ی خود و هۆشیاری به هه‌موو چه‌شن و رووه‌كانییه‌وه، له پێناو بنیاتنانی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی پێكه‌وه‌رِۆ، كه له سه‌ر بنه‌مای ئینته‌رسه‌بجه‌تیڤێت (INTERSUBJECTIVITE) دامه‌زراوه، كه زمان به یه‌كێك له پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی داده‌ندرێت. هه‌ر له‌م رووه‌وه بوو كه هابرماس بایه‌خی به ده‌ستاوده‌ست كردن و تیۆریی كرداره‌كانی (كاره‌كانی) زمان ده‌دا.
ده‌سپێكی فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌رِۆیی له لای هابرماس، ره‌خنه گرتنه له فه‌لسه‌فه‌ی خود، ئه‌ویش ره‌خنه‌یه‌كی مۆرك رادیكاڵانه‌یه، كاتێك به‌ره‌و سه‌رانی فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری له نموونه‌ی فتگنشتین و ئۆستین و سورل، كرایه‌وه.. وای دانا كه نه‌ریتی دیكارتانه مۆری به دیرۆكی فه‌لسه‌فه‌وه ناوه، به‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی كرده پرۆسه‌یه‌ك كه له نێوانی خود و بابه‌تدا به‌دی دێت (11).
ئه‌و رێبازه‌ی هابرماس وه‌ك بریت بۆ فه‌لسه‌فه‌ی خود پێشنیاری ده‌كات، فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵانیی پێكه‌وه‌رِۆیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌ر بناغه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان خوده‌كان دێته دی، هه‌وڵیش ده‌دات په‌یوه‌ندیی نێوان تاك و ئه‌وانی دی دیسپلین بكات و په‌یوه‌ندیی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی نێو كۆمه‌ڵ بخاته ژێر حوكمی ئیتیكی گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه، به‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كه بۆ هه‌موو گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه هه‌مووان په‌نای بۆ ده‌به‌ن. بۆیه، دوور له هه‌موو ئاماده كردنێكی ساغه عه‌قڵێك، هابرماس تێده‌كۆشێت بۆ دامه‌زراندنی عه‌قڵانیه‌تێكی پێكه‌وه‌رِۆییانه، كه په‌یوه‌ندیی به میتافیزیكه‌وه نییه. هه‌موو عه‌قڵێك عه‌قڵی ئینته‌رسه‌بجه‌تیڤێته، واته به‌ركێشه‌ی (به‌ره‌نجامی) كارلێكی نێوان خوده‌كانی نێو كۆمه‌ڵه.
به هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی ره‌وتگه‌لی شیكار له فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یان بوو، هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی كه تیۆریی ده‌ستاوده‌ستیش هێنای، ئه‌می دواییان (تیۆریی ده‌ستاوده‌ست) خۆی وه‌ك ره‌هه‌ندی سێیه‌می ته‌واوكه‌ری پێكهاته و واتا، سه‌پاند. له‌م باره‌یه‌شه‌وه، به‌رهه‌مه‌كانی ئۆستین به‌شدار بوون له هه‌ڵماڵینی په‌رده له سه‌ر ره‌هه‌نده‌كانی ده‌ستاوده‌ستی زمان، به‌م جۆره ده‌ستاوده‌ست بووه بابه‌تێكی نوێ، كه بایه‌خێكی مه‌زن به مه‌رجه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی زمان ده‌دات، ئه‌وانه‌ی گرێدراوی ره‌وت و نه‌ریتی لێك گه‌یشتن و مه‌به‌سته‌كانی قسه‌كه‌رانن....
هابرماس قه‌رزداری ئه‌م بابه‌ته‌یه له وه‌رچه‌رخانی به‌ره‌و فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌رِۆ، هه‌روه‌ها له واز هێنانی له تیۆریی مه‌عریفه و ئایدیۆلۆژیا..
ئه‌م كرانه‌وه‌یه به‌ره‌و ده‌ستاوده‌ستی، پرۆژه‌كه‌ی هابرماسی هێنایه پێش، كه ده‌خوازێت عه‌قڵانیه‌تێك له نێو كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ بنیات بنێت، ئه‌مه‌ش كارێكه به بێ مه‌رجه‌كانی لێك گه‌یشتن نایه‌ته دی، به‌وه (به‌و مه‌رجانه) سه‌ركه‌وتنی كرداری رۆژانه‌ی پێكه‌وه‌رِۆ مسۆگه‌ر ده‌كات.
بایه‌خی ده‌ستاوده‌ستی، سه‌باره‌ت به هابرماس، له زه‌ق كردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری مه‌رجه‌كانی لێك حاڵی بووندایه، یان ئه‌وه‌ی ناوی نا كرداری پێكه‌وه‌رِۆییانه. بۆ به‌دی هێنانی لێك حاڵی بوون، وه‌رچه‌رخانی زمانیانه‌ی هابرماس رووی دا، به‌وه‌ی زمان ناوه‌ندێكه له نێوانی كه‌سه‌كان، له رێی ئه‌وه‌وه لێك گه‌یشتن له نێو كۆمه‌ڵ به‌دی دێت، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش بایه‌خی به كرداره‌كان (كاره‌كانی) قسه دا، ئه‌ویش له سه‌ر شێوازی ئۆستین و سورل، له هه‌وڵه‌كه‌یدا بۆ گه‌یشتن به‌م خواسته، هابرماس ئه‌م ئه‌ركانه‌ی دادێی بۆ ده‌ستاوده‌ست كردن دیاری كرد:
1- وه‌سف كردنی شتان به زمان.
2- گوزارشت كردن له مه‌به‌سته‌كانی قسه‌كه‌ر.
3- دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئینته‌رسه‌بجه‌تیڤێتانه له نێوانی قسه‌كه‌رانی كه له دیالۆگدان.