ژنبوون له بازنهكانی كەلتووری نێرینەدا

ژنبوون له بازنهكانی كەلتووری نێرینەدا

نووسه‌ر :ڕێبوار سیوەیلی

به‌شی دووه‌م له‌ وتاری:‌ (ژنی ئازاد، ئازادیی ژن)
(تایبه‌ت به‌ گوڵان)

له‌به‌شی پێشووی ئه‌م وتاره‌دا، پێناسه‌یه‌كمان بۆ ژنی ئازادو ئازادیی ژن كرد و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ستاینه‌وه‌، كه‌ ژنی ئازاد دابینكه‌ری ئازادییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، كه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌م ئازادییه‌دایه‌ كۆمه‌ڵگاش به‌ ئازادیی خۆی ده‌گات. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌، شكاندنی ئه‌و بازنه‌ كەلتووریه‌ پیرۆزكراوانه‌ی ئایدیۆلۆژیای نێرسالارین، كه‌ ژن به‌هۆیانه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌، چونكه‌ ئه‌و بازنانه‌ وه‌ك فۆرمی ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ده‌ناسێنن و سیمایه‌كی ئه‌قڵانیی به‌خۆیان ده‌به‌خشن، له‌كاتێكدا ئازادیی ژن په‌یوه‌سته‌ به‌ شكاندن و ڕزگاربوون له‌م بازنانه و ئازادبوون له‌ هه‌ر جۆره‌ ئه‌قڵانیه‌تێكی نێرسالارانه‌، جگه‌ له‌ ئه‌قڵانیه‌تی مێینه‌ خۆی..
فۆرمەكانی ڕێكخستن:
وێڕای گشت ئەو تێبینیانەی پێشوو، پێویستە ژنانی ئێمە خۆیان لە گشت ئۆرگانیزەبوونێك ڕزگار بكەن كە ئۆرگانیزاسیۆن و ڕێكخستنی پیاوان و نێرینەن، یان لەلایەن پیاوانەوە دامەزراون. ئەگەر ئەم كارە لە ئێستاشدا و بەپەلەش ئەنجام نەدرێت، ئەوە پێویستییەكی ژیانەكی سەرهەڵدانی هەرجۆرە ژنێكی ئازادە.
بەمجۆرەش، ژنی ئازاد كەسێكە خودی خۆی لە هەر فۆرمێكی ڕێكخستنی پیاوانە و نێرانە ڕزگار كردووە، چونكە لە هیچ یەكێك لەو فۆرمی ڕێكخستنانەی تا ئێستا مێژوو بەخۆیەوە بینیون، مێیینە و ژن تیایاندا ئازاد نەبوون و بگرە كۆی فۆرمەكانی ڕێكخستنی پیاوان، لە هەمان كاتیشدا شوێنی چەوساندنەوە و ستەمكاریی دژ بە ژنان و منداڵان بوون.
فۆرمی ڕێكخستنی خێزان، وەك یەكەیەكی كۆمەڵایەتی، دوا نموونە و تازەترینی ئەو فۆرمی ڕێكخستنانەی نێرینەیە كە پیاو تیایدا خاوەن ماڵ و خاوەن یاساو خاوەن ژنیشە. پیاو لە خێزاندا، هەر تەنیا بوونێكی جەستەیی و ماتەریاڵی و یاسایی و خاوەندارانەی نییە، بەڵكو بوونێكی سێمبوولیكیانەی هەیە، كە پێگەی ئەو لە خێزاندا بەرز دەكاتەوە بۆ پێگەی ئەو (پاشا) و (فیرعەون) و (كاهینانەی) لە كۆمەڵگا و شارستانییەتە پێش مۆدێرنەكانی وەك هیندی و بابلی و میسریدا، خۆیان بە سێبەری خودا و جێگری خودا و خودی خودا، دەزانی. پیاو لە خێزانی مۆدێرندا، هەمان پێگەی سێمبوولیكیانە (ڕەمزییانە)ی هەیە، كە تا ڕادەیەك لە گشت كۆمەڵگاكاندا قەبووڵكراوە، ئەگەرچی ئەم قەبووڵكردنە، ناچاریانەو زۆرەكێشەو لە هەندێك لە كۆمەڵگا مۆدێرنە دیموكراتیكەكانیشدا ڕەوایەتییەكەی خراوەتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام فۆرمێكە پڕە لە توندوتیژییە ڕەمزی و كەلتووری و سیاسی و ئابووری و ڕەگەزی و ئایینییەكان.
فۆرمێكی دیكەی خێزان، بریتیە لە ڕێكخستنە سیاسییەكانی وەك حزب، ڕێكخراوی سیاسی و گرووپ و كۆمەڵە و دەستە و تاقمە سیاسییەكان، كە زۆرینەیان لەلایەن پیاوانەوە دامەزراون و ژنان تیایاندا دەبنە ئەندام. ئەگەرچی ئەم فۆرمی ڕێكخستنە لەچاو فۆرمی خێزاندا، بە ڕێژە ئازادانە ترە و بواری پێگەگۆڕینی ژنان تیایدا كراوەترە، چونكە ئەوان تیایدا دەتوانن دەسەڵات و پۆست و پێگە بەدەست بهێنن و وەك فۆرمی خێزان هەتا سەر بە (ژن و هاوسەر و شەرەفی مێرد و دایكی مندڵان) نامێننەوە. بەڵام لەناو فۆرمەكانی ڕێكخستنی سیاسیدا مەترسیی دیكە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، كە مەترسیدارترن لەوەی لە خێزاندا یەخەیان دەگرێت.
مەترسیی فۆرمی ڕێكخستنە سیاسییەكان بۆسەر ژنان:
یەكەمین مەترسیی، ئەوەیانە كە نزیكەی كۆی ڕێكخستنە سیاسییەكان، نێرسەنتەرن و مەرجەكانی نێرینەیی چوارچێوەی گشتیی پێوەندییە ناوخۆییەكان پێكدەهێنن. ئەمەش ژنان ناچار دەكات كە خۆیان لەگەڵ ئەو مەرجانەدا بگونجێنن. واتە دەست لەو خەسڵەت و كاراكتەرانە هەڵبگرن كە ئەوان لە چوارچێوەی ژنبوون و مێیینەییبووندا دەهێڵێتەوە. لە ڕووی تیۆرییەوە، شتێكی بەڵگەنەویستە، كە لە پرۆسەی دروستكردنی ناسنامە و بەخودبووندا (Creation Identity and Self realizing)، هەر جۆرە دەستهەڵگرتن و وازهێنانێك، لەو كاراكتەرانەی خودێتی بكەریان لەسەرەوە بەندە، بەمانای دژوەستانەوەیە لە بەرامبەر ئازادیدا بۆ خود، وەك یەكەیەكی سەربەخۆ و بێنمونە و دانسقە (Unique). چونكە ئێمە سەرەتای باسەكەمان بەوە دەستپێكرد كە چەمكی ژنی ئازاد، ئاماژەیە بە پەیوەندیی نێوان ژن و ئازادی بەوجۆرەی كە ژن توانیبێتی ئازادیی بكاتە شێوازی ژیانی خۆی، كە یەكێك لە دەركەوتەكانی ئازادیی لە ژیانی ژندا بریتیە لەوەی چۆن ژن وەكخۆی بمێنێتەوە، نەك ببێتە شتێكی تر، یان بچێتە ژێر سایەی مەرجی ڕەگەزی تر و ئەو هەلومەرجانەوە كە ڕەگەزی بەرامبەر بە هەر بەڵگەیەك بۆی قووت دەكاتەوە و بەمكارەشی نەك هەر سەرهەڵدانی ژنی ئازاد دوا دەخات و سەركوتی دەكات، بەڵكو ئازادیی ژنیش وەك دیاریی و خێرێك دەخاتە روو، كە ئەو بۆ ژنی دەستەبەر دەكات.
لەبەر ئەوە، ژنی ئازاد ناتوانێ لە سایەی فۆرمەكانی ڕێكخستنی نێرینەییدا خودی خۆی بێت و كەسایەتی سەربەخۆی هەبێت و ئەمەش دووریدەخاتەوە لەوەی ژنێكی ئازاد بێت.
دووەمین مەترسیی لەسەر ژنی ئازاد لەناو فۆرمەكانی ڕێكخستنی نێرینەدا، بریتیە لە گۆڕانێك كە بۆی هەیە لە كەسایەتی ژندا ڕووبدات و بە زیانی مێینەیی خۆی تەواو ببێت. دەكرێ ئەم گۆڕانە ناو بنێین بەنێرینەبوونی ژن، یان بەپیاوبوونی ژن، دیارە مەبەستمان لەم دەربڕینە گۆڕانی فەسلەجی و جەستەییانە نییە، هێندەی ئەوەی مەبەستمان لە پرۆسەیەكە، كە تیایدا و بەهۆیەوە بەهاكانی نێرینەیی دەبنە بەشێك لە كەسایەتی ژن و لە بیركردنەوەی ژندا خۆیان بەرجەستە دەكەن تا لە ژن ئامرازێك دروستبكەن، كە هەر بۆخۆی ببێتە بڵندگۆی كەلتوورێكی پیاوسالار، كە ئامانجی یەكەمی بریتیە لە هێشتنەوەی مێیینەیی لە پەراوێزی ئەو سەنتەرەدا كە لە ڕووی مێژوویییەوە، پیاو داگیریی كردووە. بەشێكی پرۆسەی بە پیاوبوونی ژن لە ڕێگەی زمان و كەرەستە و دەربڕینە زمانییەكانەوەن، كە لە ڕووی مێژووییەوە بە زمان و كەرەستە و دەربڕینی نێرانە و پیاوانە ناسراون و ئامڕازیی بیركردنەوەی نێرینەبوون بۆ سەلماندن و سەپاندنی خۆی. بەشێكی تری ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی سەپاندنی جۆرەكانی ئەتەكیەتی ئیداری و جلوبەرگ پۆشین و ئەقڵانییەتی ڕێكخراوەییەوە دێنە ئەنجام و لە ڕێڕەوی بەردەوامیی خۆیاندا، لە كەسایەتی ژن وێنەی پیاوێك بەرهەم دەهێنن، كە خۆی نییە.
دەرچوونی ژن لە فۆرمی ڕێكخستنی نێرینەدا، بە چ مانایەكە؟
دەرچوونی ژن لە فۆرمەكانی ڕێكخستنی نێرینەدا، بەمانای دووژمنایەتیكردنیان نییە، بەڵكو بەمانای دابەشكردنی كەشی چالاكیی و فەزای كۆمەڵایەتییە لە كەش و فەزایەكی تاكڕەهەندەوە، بۆ جووت ڕەهەند و تەنانەت فرە ڕەهەند. كەش و فەزای كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای ئێمە تاكڕەهەندە و ئەو ڕەهەندەش بە هەموو خەسڵەتەكانییەوە، لە خزمەتی نێرینەدایە. بوونی مێیینە و ژن، بوونی ژنی ئازاد تیایدا بوونێكی ساختە و موزەییەف و درۆزنانەیە. ئەگەر ژن لە نموونە دیارەكانیشیدا و لە خۆیدا خاوەن شوناس و كەسایەتیش بێت، ئەوە لە فۆرمی ڕێكخستنی پیاواندا بوونێكی كەلتووریانەی لە كۆمەڵگای ئێمەدا نییە و نەبووە و خاوەن شوناس و خودێتی خۆی نییە. نمونەكانی وەك عادیلەخانم و ژنانی سەردەمی كۆماری مەهاباد نمونەی ئەم قسەیەن، هەرچەندە ئەوان توانیبویان شوناسێك بۆخۆیان دروستبكەن، بەڵام سەردەمەكە هەر بە «خێزان و هاوسەر»ی پیاوانی ناودەبردن. ژنە دیارەكانی دنیای ئەمڕۆشمان یا «دایكی» فڵان، یان «هاوسەر»ی فیسار پیاون، ئەمەش لە كاتێكدا، كە ژن پێویستیی بە كەش و فەزای تایبەتی چالاكییەكانی خۆی هەیە، نەك وەكو پیاو یان نێرینە، بەڵكو وەكو خۆی، كە بتوانێ تیایاندا كەمترین سانسۆر لەسەر خۆی دابنێت و لاوازترین جۆرەكانی كۆنترۆڵی كۆمەڵایەتی زەفەری پێنەبەن.
بوونی فەزا و شوێنی تایبەت، هەمیشە پەیوەست و یارمەتیدەرن بۆ دروستكردنی ناسنامە و گەشەكردنی خودێتی. لە نزیكەی هەموو كۆمەڵگا تەقلیدییە باوكسالار و پیاوسەنتەرەكاندا و لە گشت فۆرمەكانی ڕێكخستنی كۆمەڵایەتیدا، سەنتەری شوێن، هەمیشە شوێنی پیاوان و نێرینە بووە و ژنان و منداڵان كەوتونەتە پەراوێزەوە. فۆرمی ڕێكخستنی خێزان، یەكێكە لەو نمونە نوێیانەی، كە دەتوانرێ بە وردبوونەوە لەوەی چ شوێنێكی بە ژن بەخشیوە، ببێتە ڕێپیشاندەرێك تا تێبگەین، ئاخۆ پێش فۆرمی ڕێكخستنی خێزان شوێنی ژن چۆن بووە، كە بێگومان باشتر نەبووە لەو شوێنەی لە خێزاندا هەیەتی.
پێگەی ژن و شوێنی ژن لە فۆرمەكانی ڕێكخستنی سیاسیدا بە بەراورد بە پێگەی ژن لە خێزاندا، لەوە ناچێت بارودۆخی ژنانی باشتر كردبێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی ژن لە خێزاندا هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، بە بەراورد بەو دەسەڵاتەی لە ڕێكخراوی سیاسیدا شەڕی لەسەر دەكات، زۆر سادەتر و بێ گرێترە. لە فۆرمی خێزاندا، ژن بە زۆریی یەك مێرد، یان یەك نێرینەی سەرگەورەی هەیە. بەڵام لە فۆرمی ڕێكخستنە سیاسیەكاندا هەر پیاوێك، یان نێرینەیەك، لە پێگەی مێردێك و سەرگەورەیەكدایە بۆ ژن. ژن لە خێزاندا بەهۆی ئەركە كۆمەڵایەتییە تەقلیدییەكانییەوە: (پەروەردەكردنی منداڵ و پاراستنی خێزان و پاكڕاگرتنی ماڵ) و بەهۆی ئەركە بایۆلۆجییەكانییەوە: (منداڵبوون و سێكس)، تا ڕێژەیەكی باش هەم ماف بەدەست دەهێنێت و هەم متمانە و هەم دەسەڵات و هەم ئازادی: (ژن دەتوانێ كۆنترۆڵی ئابووری ماڵ بكات، نۆرمە تایبەتیەكانی خۆی بەسەر خێزاندا فەرز بكات و سنوور بۆ كەللەڕەقییەكانی پیاو دابنێ و سزای بدات: بەهۆی ساردیی سێكسییەوە).
لەكاتێكدا ژن لە ڕێكخراوە نێرسەنتەرەكانی كۆمەڵگادا، هەم ئەركی پەراوێزیی دەدرێتێ و هەم بواری پێشكەوتنی لاواز و هێواشە و هەم ئاسانتریش دەچێتە ژێر باری سزاوە. ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ملكەچی فەرمانەكان نەبێت، ئاسانتر لەلایەن هاوبیر و هاوكارە پیاوەكانییەوە ئابڕووی دەبرێت و ڕابردووی بۆ دروستدەكرێت و لە كۆمەڵگادا چاوشكێن دەكرێت. هیچ ژنێك ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بێخەم بێت لەو چاوشكاندنانەی لەناو فۆرمەكانی ڕێكخستنی پیاواندا، چاوەڕوانیی دەكەن، ئەویش بەو هۆیەوە كە پێویستە و ئەو چاوەڕوانیەش هەیە، كە ئەو هەمیشە خۆی لەسەر فەرمانی سەرووی خۆیەوە، ڕاستبكاتەوە و بێتەوە سەر هێڵی بۆدەستنیشانكراو. فەرمانی سەرووی خۆی، هەمیشە فەرمانی پیاوان و نێرە دەسەڵاتدارەكانە.
ژنی ئازاد پێویستە بە مەرجەكانی خۆیەوە، ئەو فۆرمی ڕێكخستنە دروستبكات، كە تا ئەو پەڕی كەسایەتی ئەوی تیایدا دروست دەبێت و تا ئەوپەڕی كەرامەتی خۆی تیا دەپارێزرێت و تا بێكۆتاش تواناكانی ژنی تیا گەشە دەكەن و دەتەقنەوە.
فۆرمی مێینەیی ڕێكخستن، فۆرمێكە ژن تیایدا ئازادترەو تواناكانی خۆی باشتر دەناسێت، وەك لەو فۆرمانەی كە ئەو لە مێژوودا بۆتە ئەندامیان و بەو دۆخەی ئێستای گەیاندووە. فۆرمی ڕێكخستنی ژنان، فۆرمێكە بوونی ئەوان لە بوونێكی پەراوێزی و مشەخۆرانەوە، دەكاتە بوونێكی داهێنەرانە. داهێنانیش ئەو بوارەیە كە ژن دەتوانێ بەهۆیەوە كێبڕكێ لەگەڵ پیاواندا بكات. ژنی ئازاد پێویستە ئازاد بێت و داهێنان بكات و ژنێكیش دەتوانێ داهێنان بكات، كە نەك هەر بۆخۆی ئازاد بێت، بەڵكو پێویستە ئازادییەكیش هەبێت كە ڕێگەی داهێنانی پێبدات.
Top