ژن له سایه‌ی ئایینێکی هاوبه‌ش و کولتووری جیاوازدا
August 8, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
لای ئیسلام، چالاکییه سێکسییه‌کان، مه‌ترسییه‌کی شاراوه‌ن له هه‌ناوی کۆمه‌ڵدا، بۆیه پێویسته کۆنترۆڵ و که‌وی و به یاسایی بکرێن. لای ئیسلام ڕه‌وتاری سێکسی، به هه‌موو ورده‌کارییه‌کانییه‌وه، به جۆرێک ڕێک خراوه که له هیچ ئایینێکی دیکدا له وێنه‌ی نییه. ئه‌و ڕێکخستنه، دوو لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت: هه‌م ددانپێدانانێکی پۆزه‌تیڤانه‌یه به ئاره‌زووه جه‌سته‌یییه‌کاندا که نابێت سه‌رکوت بکرێن و هه‌م به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، بۆ چه‌پاندنی سێکسواڵیتیی مێیه که ئه‌گه‌ر جڵه‌و نه‌کرێت، ئاژاوه ده‌نێته‌وه. سێکسواڵیتی ته‌نیا بۆ تێرکردنی ئاره‌زووه جه‌ستیییه‌کان نییه، به‌ڵکوو بۆ ئارام ڕاگرتنی ده‌روون و بۆ سه‌لماندنی خودیشه، ئاخر ژن کاتێک هه‌ست به مێبوونی خۆی ده‌کات، که له‌و ڕووه‌وه له‌ژێر گوشاردا نه‌بێت.له کن ئیسلام، ئه‌گه‌ر جڵه‌و بۆ ئاره‌زووی جه‌سته شل بکرێت، عه‌قڵ ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسییه‌کی ڕاسته‌قینه‌وه و ئیدی ئینسان نه توانای بیرکردنه‌وه‌ی دروستی ده‌مێنێت و نه خودای بیر ده‌که‌وێته‌وه. پێوه‌ندیی نێوان عه‌قڵ و ئاره‌زوو به جۆرێکه، هه‌ر کامێکیان به‌هێز ببێت، ئه‌وی دیکه‌یان لاواز ده‌بێت، که‌واته نه عاقڵ دوای هه‌وه‌س ده‌که‌وێت و نه هه‌وه‌سباز عه‌قڵی له کن ده‌مێنێت. که پیاو مافی هێنانی چوار ژن و کۆمه‌ڵێک که‌نیزه‌کیشی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، له ڕووی سێکسییه‌وه، تێروپڕ بێت، دابمرکێته‌وه و دووچاری له ڕێ لادان نه‌بێت.
ئیسلام، ئایینه، موسڵمان، که‌سێکه بڕوای به‌و ئایینه هه‌بێت. تێگه‌ییشتنی موسڵمان له ئیسلام، یان لێکدانه‌وه‌ی موسڵمان بۆ ده‌قه پیرۆزه‌کان، بوارێکی کراوه‌یه و موسڵمان چۆن ئیسلام له‌گه‌ڵ ژیانی ڕۆژانه‌یدا ده‌گونجێنێت، ئه‌وه هه‌میشه جێی مشت‌ومڕ بووه و به درێژایی مێژووی ئیسلام، ناکۆکی لێ که‌وتووه‌ته‌وه، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هه‌موو ڕێباز و مه‌زهه‌ب و تایه‌فه‌یه، زاده‌ی ئه‌و ناکۆکییه بووه.
به‌رده‌وام به ڕه‌چاوکردنی هه‌لومه‌رجی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی، له لایه‌ن زانایانی ئیسلامه‌وه، لێکدانه‌وه‌ی جیاواز، بۆ ده‌قی پیرۆز کراوه. چۆن به‌رنامه‌ی ئیسلام پێڕه‌و ده‌کرێت؟ بێجگه له شیعه، هه‌ر لای سوننه چوار ڕێباز هه‌یه: حه‌نه‌فی، شافیعی، مالکی و حه‌نبه‌لی. بۆ نموونه ته‌نیا بۆ وه‌ڵامی پرسیاری: ئایا به‌کارهێنانی حه‌ب، بۆ ڕێگرتن له دروستبوونی منداڵ، ڕه‌وایه؟ هه‌ر یه‌کێک له‌و ڕێبازانه، وه‌ڵامی خۆی هه‌یه. ئایا له‌باربردنی منداڵ، حه‌رامه یان حه‌ڵاڵ؟ ئه‌و پرسیاره‌یش تاقه یه‌ک وه‌ڵامی نییه. ئایینی ئیسلام له (نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب) سه‌ری هه‌ڵداوه، له‌وێ خه‌ته‌نکردنی کچ، نه‌ک وه‌ک دیارده، وه‌ک حاڵه‌تیش هه‌بوونی نییه، که‌چی له سوودان، به ناوی ئیسلامه‌وه، کچ نییه خه‌ته‌نه نه‌کرێت!
شیعه، گه‌له‌ک سرووتی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه که لای سوننه نییه، وه‌ک سه‌ردانی به کۆمه‌ڵ بۆ سه‌ر مه‌زاری ئیمامه‌کان، له خۆ دان به زنجیر و خۆ بریندار کردن به قه‌مه، حه‌ج بۆ که‌ربه‌لا و به یاسایی و به شه‌رعیکردنی ژنومێردایه‌تیی چێژ لێ وه‌رگرتن که بۆ کاتێکی دیاریکراوه. هه‌رچه‌نده کاتێک شیعه سه‌ری هه‌ڵدا، هێشتا فارس نه‌هاتبوونه ناو ئیسلامه‌وه، به‌ڵام له‌مێژه شیعایه‌تی، سروشتێکی ئێرانییانه‌ی هه‌یه و به فارسی کراوه، به فارسیبوونه‌که‌ی شیعه، هێنده زه‌قه، هه‌ر وه‌ک دوو ئیسلام هه‌بێت، ئیسلامی عه‌ره‌بی و ئیسلامی فارسی.
ئیسلام له‌ناو عه‌ره‌بدا سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌ڵام موسڵمانی ناعه‌ره‌ب، له موسڵمانی عه‌ره‌ب زیاترن. به هه‌موو دنیای عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌نده‌نووسیا موسڵمانی لێ نییه و نزیکه‌ی سێسه‌د میلیۆنێک موسڵمان، له پاکستان و به‌نگلادیش ده‌ژین، ئه‌و وڵاتانه چونکه کولتووریان له هی عه‌ره‌ب جیاوازه، ئه‌وه‌یش که‌م و زۆر، له چۆنیه‌تیی پێڕه‌وکردنی ئیسلامدا، ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. ئه‌و ئیسلامه‌ی له باشووری جه‌زائیر لای ته‌واریق هه‌یه، له زۆر ورده‌کاریدا، جیاوازه له‌و ئیسلامه‌ی له باکووری هه‌مان وڵات، لای عه‌ره‌ب هه‌یه. کۆماری تورکیا، که له 1923دا دامه‌زرا، ددانی به گه‌لێک له مافه‌کانی (مێ)دا نا، له‌وانه: ڕه‌خساندنی هه‌لی یه‌کسان بۆ مێیش وه‌ک نێر له بواری خوێندندا، فێرگه‌ی تێکه‌لاو، قه‌ده‌غه‌کردنی فره‌ژنی، یه‌کسانبوونی پیاو و ژن، له بواره‌یلی هاوسه‌رگیری، سه‌رپه‌رشتیکردنی منداڵ و میراتدا و سه‌رپشککردنی ژن، له‌وه‌ی حیجاب ده‌پۆشێت، یان نا؟ وڵاتی ئیسلامی هه‌یه، ئێستایش ئافره‌ت تێیدا، هیچ کام له مافانه‌ی نییه.
له نیگێریا که زیاتر له سه‌دوپه‌نجا میلیۆن که‌سی لێ ده‌ژی و نزیکه‌ی له سه‌ددا حه‌فتایان موسڵمانن، هه‌م فره‌ژنی دیارده‌یه‌کی به‌ربڵاوه‌وه و جێی سه‌رنج نییه، هه‌م ته‌ڵاقیش، وه‌لێ له به‌نگلادیش، هه‌م فره‌ژنی و هه‌م ته‌ڵاقیش، ئه‌وپه‌ڕی شه‌رمه‌زاری و ڕیسوایین. له به‌نگلادیش، ژنان تێکه‌ڵی پیاوان نابن، وه‌لێ له ئه‌نده‌نووسیا، لێک جیا ناکرێنه‌وه. له باکووری نیگیریا، نه ژن له‌سه‌ر زینا ده‌کوژرێت و نه چه‌مکێک هه‌یه، ناوی سڕینه‌وه‌ی شه‌رم بێت، وه‌لێ له باکووری کوردستان، ئه‌گه‌ر ته‌نیا گومان له ژنێک بکرێت، زینای کردووه، ده‌کوژرێت. فاتیمه ئه‌لمه‌رنیسی ده‌ڵێت: (شه‌رع داوا له کوڕان و کیژان ده‌کات، پێش هاوسه‌رگیری، خراپ توخنی یه‌کتر نه‌که‌ون، به‌ڵام کوڕان به گشتی له زۆر وڵاتی ئیسلامی ئه‌و ڕێسایه، ڕه‌چاو ناکه‌ن، ئه‌مه‌یش زاده‌ی ئه‌وه‌یه، زێتر پێبه‌ندی دابونه‌ریت که به‌شێکه له کو‌لتوور، ده‌بن وه‌ک له ئایین.) ئه‌وه بۆیه له کاتێکدا له ئێران، له‌ژێر ناوی هاوسه‌رگیریی کاته‌کیدا، بازرگانیکردن به سێکسه‌وه، به شه‌رعی ده‌کرێت، که‌چی له خۆرهه‌ڵاتی تورکیا، له‌سه‌ر گومان، یان پێوه‌ندییه‌کی ڕووکه‌ش، کچ ده‌کوژرێت.
ئیسلام له باره‌ی جێنده‌ر و سێکسواڵیتیی ژنه‌وه، هه‌مان گوتاری نییه، ئه‌وه بۆیه، ئه‌و هه‌لی کار و بواری خوێندنه‌ی له‌م وڵاتی ئیسلامی بۆ ژنان ده‌ڕه‌خسێت، له‌و وڵاتی دیکه‌ی ئیسلامی ناڕه‌خسێت، به‌ڵام به گشتی، دیسکۆرسی زاڵی ئیسلام، ژنێکی پێ نموونه‌یییه، ملکه‌چی هه‌ژموونی پیاو بێت، ژنێک به‌وه قایل بێت، پیاو به‌و شێوه‌یه‌ی به گونجاوی ده‌زانێت، سنوور بۆ چالاکییه سێکسییه‌کانی ده‌ستنیشان بکات. موسڵمان، ئه‌گه‌ر توندڕۆیش بێت، هه‌ر بڕاوی به‌وه هه‌یه، ژن له ڕووی سێکسه‌وه تێروپڕ بێت و چێژ وه‌ربگرێت، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی ڕێنوێنییه‌کانی پیاودا. وه‌ک نموونه، پیاوی موسڵمان، ئه‌وه به دروست نازانێت، ژنی ئاره‌زوو داگیرساوی بۆ سێکس برسی، هانا بۆ نانی خووی نهێنی ببات.
ئه‌وانه‌ی پێیان وایه، سێکسواڵیتیی ژن، زریانێکه هه‌ڕه‌شه له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌کات، ژن ئه‌گه‌ر ئازاد بێت، مه‌حاڵه خۆی کۆنترۆڵ بکات، بڕواشیان به خه‌ته‌نه‌کردنی مێ هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی پاکژ بێت و خۆی به ده‌ست ئاره‌زووه‌کانییه‌وه نه‌دات. له سوودان هه‌موو مێیه‌ک به ناوی ئیسلامه‌وه خه‌ته‌نه ده‌کرێت، به‌ڵام له تونس، خه‌ته‌نه‌کردنی مێ، هه‌بوونی نییه. له زۆر وڵاتی ئیسلامی کچی بنپژاو، شووی ده‌ست ناکه‌وێت و ڕه‌نگه بکوژرێت، له هه‌ندێک شوێنی نیگێریا، هه‌بوون یان نه‌بوونی په‌رده‌ی کچێنی، چوون یه‌که. جاری وا هه‌یه، گوتاری ئیسلامی له هه‌مان شوێن، به پێی زه‌مان ده‌گوڕێت، وه‌ک نموونه، ڕه‌شبه‌ڵه‌ک که له ڕابردوودا له کوردستان ئازاد بوو، ساڵانێکه ده‌ڵێی قه‌ده‌غه کراوه. له پاکستان، سه‌رده‌می زیائولحه‌ق، له قوتابخانه‌ی کچاندا، نه‌ک سه‌ما، موزیکیش قه‌ده‌غه‌بوو. له کوردستانی باکوور، دابونه‌ریت هێنده دواکه‌وتووه، خێزان هێنده سته‌مکاره، له‌وه زۆر که‌متر به ژن ڕه‌وا ده‌بینرێت که شه‌رع پێی ڕه‌وا بینیوه.
ئوسوولییه‌ت که به ئینگلیزی ده‌بێته فه‌نده‌مه‌نتالیزم، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕه‌گوڕیشه‌ی باوه‌ڕ، پێش ئه‌وه‌ی لای ئیسلام هه‌بووبێت و به مانای ئیسلامی وشکوبرینگ و توندڕۆ بێت، لای کریستیانیزم و جوودیزمیش هه‌بووه. باڵی ڕاستڕۆی ئیسلام هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌دات، ژن وه‌ک سێکسواڵیتی، سست و خاو بێت، نه‌ک چوست و چالاک، چونکه ئه‌وه وه‌ک یه‌قین وایه له کنیان، ژن چاوگ و هه‌وێنی فیسق و فجووره، به‌ڵام به‌رانبه‌ر پیاو، دڵفراوانن و له کۆششی ئه‌وه‌دان، بۆ تێرکردنی ئاره‌زووه سێکسییه‌کانی، ڕێگه له‌به‌رده‌میدا واڵا بێت و بابسالاری هه‌ر به‌رده‌وام بێت.
ئیسلامی توندڕۆ، ئیدی له سوودان بێت، یان له ئێران، به چۆنییه‌تیی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ژن‌دا ده‌ناسرێته‌وه. له‌و دوو وڵاته، ژنێک گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چی یاسای حیجابپۆشین نه‌بێت، به تۆمه‌تی سه‌رپێچیکردن له شه‌رع، هه‌م توندوتیژی له‌گه‌ڵ به‌کار ده‌هێنرێت و هه‌م سزایش ده‌درێت. ئیسلامی توندڕۆ، ژنی بۆ داهێنانی شتی نوێ ناوێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وێت، که‌ندوویه‌ک بێت بۆ هه‌ڵگرتن و پاراستنی کولتووری دێرین. ئیسلامی توندوتیژ، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یش پێی باشه، ژن منداڵی ببێت و په‌ر‌وه‌رده‌ی بکات، تا ئه‌و کولتووره کۆنه، له‌م نه‌وه‌وه بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو بگوێزرێته‌وه و به نه‌مریی بمێنێته‌وه، تا سێکسواڵیتیی مێ که‌وی بکرێت، تا مێ هه‌ر ژنی ماڵ و دایک بێت و تا هه‌ر له چوارچێوه‌ی ماڵدا، ژیان به ڕێ بکات. چونکه لای ئیسلامی توندڕۆ، ئه‌وه بۆ ژن جوان نییه، له ده‌ره‌وه ببینرێت، له جه‌زائیر، سه‌روه‌ختی هه‌ڵبژاردن، پیاو له‌بری ژنه‌که‌یشی ده‌نگی ده‌دا.
ئه‌وه بۆ ڕێگه گرتنه له ڕووباری خوڕی سێکسواڵیتیی ژن، لێره له‌ودیو عه‌باوه، جه‌سته‌ی ده‌شارنه‌وه، له‌وێ له‌ودیو چادووره‌وه و له‌ولاتر له‌ودیو ویشاحه‌وه. لای ئیسلامی توندڕۆ، ژن ئه‌گه‌ر جینزیش له پێ بکات، هه‌ر جائیزه، به‌ڵام به مه‌رجێک حیجاب فه‌رامۆش نه‌کات. ڕێ ده‌که‌وێت ژن خۆی بڕازێنێته‌وه و بۆنێکی خۆشیش له خۆی بدات، ئه‌گه‌ر ژنی وا، سه‌رنجی ئیسلامییه‌کی توندڕۆ ڕابکێشێت، بۆ ئه‌وه‌یه به ڕوویه‌کی گرژ و مۆنه‌وه، تێی بڕوانێت.
ئیسلامی توندڕۆ، زه‌نده‌قی له هێزی سێکسواڵیتیی ژن چووه، پێی وایه ئه‌گه‌ر له‌ودیو عه‌باوه، نه‌یشارێته‌وه، ئه‌گه‌ر له قه‌فه‌زی ماڵدا، دیلی نه‌کات، ته‌لاری سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ره‌س ده‌هێنێت. لای ئیسلامی فه‌نده‌مه‌نتالیست، پیاو له به‌رده‌م هێرشی هێزی سێکسواڵیتیی ژن‌دا، خۆی پێ ناگیرێت و ئه‌ژنۆی ده‌شکێت، هه‌رچه‌نده ددان به‌وه‌دا ده‌نێت، ئه‌وه خودایه، ئه‌و هێزه‌ی به ژن به‌خشیوه، به‌ڵام هه‌میشه هه‌ر سه‌رزه‌نشتی ژن ده‌کات، هه‌ر خه‌ریکی کۆنترۆڵکرنی ژنه و هه‌ر ژن سزا ده‌دات.
که پیاوان له به‌نگلادیش یان نیگێریا، گێچه‌ڵ به ژنانی فرۆشیاری ده‌ستگێڕ ده‌که‌ن، یاسا سزای ژنه‌کان ده‌دات، که گومان له‌وه ده‌کرێت، ژنێک له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری پێوه‌ندی هه‌بێت، هه‌ر ژنه‌که سزا ده‌درێت، که‌س له پیاوه‌که ناپرسێته‌وه. بابسالاران به تۆمه‌تی پێوه‌ندیی سێکسی ناشه‌رعی، ژن و کچی خۆیان ده‌کوژن، به‌ڵام قه‌ت له‌به‌ر هه‌مان هۆکار، کوڕ و برای خۆیان سزا ناده‌ن. له سوودان، هه‌موو پیاوێک، ئه‌وه به مافی خۆی ده‌زانێت، سووکایه‌تی به‌و ژنانه بکات، که پێی وایه جلی گونجاویان نه‌پۆشیوه. لای فه‌نده‌مه‌نتالیست، قه‌ت ژن مافی ئه‌وه‌ی نییه، داوای مێرد، بۆ سه‌رجێی ڕه‌ت بکاته‌وه و منداڵ له هه‌ناوی ژن‌دا په‌یدا ده‌بێت، که‌چی ئه‌وه پیاوه، بڕیار ده‌دات، ژن مه‌نع بکات، یان نا؟ له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران‌دا، پیاو سه‌ره‌تا بڕیاری دا، سنووردانان بۆ منداڵبوون قه‌ده‌غه بێت، دواتر هه‌ر پیاو بڕیاری دا، سنووردانان بۆ منداڵبوون، له قازانجی موسڵمانانه.
له 1926ه‌وه فره‌ژنی له تورکیا قه‌ده‌غه کراوه، به‌ڵام پیاو به به‌رچاوی یاساوه، لای مه‌لا، ژنی دووه‌م که هیچ مافێکی یاسایی ناکه‌وێت، ماره ده‌کات. هه‌رچه‌نده ئه‌وه به یاسا، قه‌ده‌غه نه‌کراوه و سزای له‌سه‌ر نییه، ئه‌گه‌ر ئافره‌ت، له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری، پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ پیاودا ببه‌ستێت، به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا، تابووه و ژنی له‌سه‌ر ده‌کوژرێت. له‌وێ له کاتی ماره‌بڕیندا، پێویست ناکات، بووک بڵێت، به‌و هاوسه‌رگیرییه قایلم، ئاخر بێده‌نگی به واتای ڕازیبوون دێت و ئه‌وه وه‌ک مه‌حاڵ وایه، کچ، هاوسه‌رگیرییرک ڕه‌ت بکاته‌وه، خێزان بڕیاری له‌سه‌ر دابێت.
فه‌نده‌مه‌نتالیست چه‌ندان ئاسانکاری بۆ پیاو ده‌کات، تاکوو ئاره‌زووه جه‌سته‌یییه‌کانی تێر بکات، ئیدی هه‌ر له فره‌ژنییه‌وه تا ژنی سه‌فه‌ری. له نیگێریا، فره‌ژنی وه‌ک ئه‌رکی لێ هاتووه و شه‌رمه پیاو، تاقه ژنێکی هه‌بێت. له زۆر وڵاتی ئیسلامی، به پاساوی سنووردانان بۆ به‌دڕه‌وشتی، هه‌ر به منداڵی، کچان به شوو ده‌درێن. له سوودان، بێ ئه‌وه‌ی حساب بۆ قسه‌ی بکه‌ن، مێرد بۆ کچ ده‌دۆزنه‌وه و له جه‌زائیر که سوننه‌ن، هاسه‌رگیریی کاته‌کی هێدی هێدی بڵاو ده‌بێته‌وه و له سوودانیش هه‌روه‌ها. له سوودان که ئیسلامیی توندڕۆ فه‌رمانڕه‌وایه، ئه‌گه‌ر ئافره‌تێک، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌تک و دوو گیان کراوه، داوا له‌سه‌ر که‌تنکه‌ره‌که تۆمار بکات، داوای چوار شاهیدی لێ ده‌که‌ن! ئه‌گه‌ر بۆی په‌یدا نه‌کرێت، که مه‌حاڵه بکرێت، به پاساوی ئه‌وه‌ی ددانی به تاوانی زیناکردندا ناوه، سزا ده‌درێت.
له به‌نگلادیش، ئه‌نجوومه‌نی گوند که هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی نێرن، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ژن به تاوانی زیناکردن حوکم بدات. له جه‌زائیر، هه‌ر ده‌ڵێی ده‌وڵه‌ت له بنه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌دا که تێزاب به ژناندا ده‌که‌ن، هاوکاره، ئه‌گه‌ر نا، سزایه‌کی توندی ده‌دان. فه‌نده‌مه‌نتالیست، به‌رانبه‌ر به هاوڕه‌گه‌زبازان، ئه‌گه‌ر پیاو بن، دلۆڤانه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ژن بن، دنیایان لێ ده‌کات به چه‌رمه چۆله‌که. چونکه له سایه‌ی ئیسلامی ڕاستڕه‌ودا، بۆ ژنان، چوونه ده‌ره‌وه و له‌گه‌ڵ پیاوان تێکه‌ڵبوون، وه‌ک قه‌ده‌غه وایه، هاوڕه‌گه‌زبازی له نێوانیاندا، بۆ نموونه له وڵاتانی که‌نداو، مێژوویه‌کی درێژی هه‌یه. هه‌رچه‌نده ئه‌و ڕه‌وشه، زاده‌ی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه دواکه‌وتووه ناوخۆیییه‌کانه، وه‌لێ فه‌نده‌مه‌نتالیست بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌کات، ئه‌و به‌دڕه‌وشتییه، له ئه‌ورووپاوه، بۆ ئاسیا هاتووه.
فاتیمه ئه‌لمه‌رنیسی ده‌نووسێت: (له کن گه‌لانی موسڵمان، ژن به گشتی، سه‌روه‌ختی سه‌رجێیی، ناگاته مووچڕکه‌ی خۆشی، وه‌لێ خۆی وا نیشان ده‌دات، پێی گه‌ییشتووه. یان ڕێ ده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر (نه‌زۆک) بوو، خۆی وا نیشان ده‌دات، دوو گیانه و ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، منداڵێکی بۆ په‌یدا کرا، وای نیشان ده‌دات له خۆی بووه. چونکه له ڕووی چالاکییه سێکسییه‌کانه‌وه، یه‌کسانی له نێوان ژن و پیاودا نییه، پیاو، ئه‌گه‌ر پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ چه‌ند ژنێکدا هه‌بووبێت، پێی وایه پیسی کردوون، نازانێت، ئه‌وه به‌و مانایه دێت که خۆی سه‌رچاوه‌ی پیسییه. پیاو که له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری، پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ژن ده‌به‌ستێت، له خۆشی‌دا ئاهه‌نگ ده‌گێڕێت، وه‌لێ هه‌مان پێوه‌ندی بۆ ژن، ڕه‌نگه به مه‌رگ کۆتایی بێت.
2012.07.14
(1) دینیز کاندیوتی، صور النساء في الروایة الترکیة.
(2) عائشة إمام، الیمین الدیني الإسلامي والجنسانیة.
(3) لیلی أحمد، المرأة والجندر في الإسلام.
(4) فاطمة المرنیسی، المرأة والإسلام.
(5) پنار إیلکارکان، المرأة والجنسانیة في المجتمحات الإسلامیة، ترجمه: معین الإمام، دار المدی للثقافه والنشر 2004 دمشق.
(6) محمد جمیح، في التشیع الفارسي، الشرق الأوسط 12/7/2012 لندن.
(7) ناهد توبیا، ما هو تشویه الأعضاء الجنسیة الأنثویة؟