سوپاس خودایه که به ژن نهتخوڵقاندم
July 9, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ئه‌گه‌ر یاسای توند سه‌روه‌ر بێت، میلله‌ت خه‌ون به سڕینه‌وه‌ی یاساوه ده‌بینێت.له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ده‌نگی ژن، عه‌وره‌ت، جه‌سته‌ی ته‌ڵه‌ی شه‌یتان و پرچی گوریسی ئیبلیس بێت، ژن به کاڵفام له قه‌ڵه‌م بدرێت، ژن له ده‌یان شت که بۆ پیاو دابین کراون، بێبه‌ش بکرێت، ژن گوێڕایه‌ڵی پیاو بێت و ته‌نانه‌ت ناچار بکرێت، له له‌شی مێردهکهشیدا هاوبه‌شی هه‌بێت، قسه‌کردن له هه‌بوونی ئازادی، لوتکه‌ی عه‌به‌سه، ئاخر له کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌هادا، ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ره کۆیلایه‌تییه، نه‌ک ئازادی.
ستانسلاڤ جیرۆزیلیک
جارێک کانت (1724 _ 1804) که پیاوێکی کورته‌باڵا بوو، به زه‌حمه‌ت له‌شه بچووکه‌که‌ی، توانای هه‌ڵگرتنی سه‌ره گه‌وره‌که‌ی هه‌بوو، له باخێکی شاری (کونگسبورگ)دا، دژی ئیمپریالیزمی به‌ریتانیایی قسه ده‌کات، که چۆن وڵاتان داگیر ده‌کات و خێروبێریان ده‌دزێت. تومه‌ز مه‌که، پیاوێکی باڵابه‌رزی ناوشانپانی ئینگلیز گوێی له قسه‌کانی ده‌بێت، دێته لای، له به‌رده‌میدا ده‌نوشتێته‌وه و پێی ده‌ڵێت: (چونکه تۆ شکۆمه‌ندیی منت بریندار کرد، به‌و چه‌که‌ی ده‌خوازێت، له‌و جێیه‌ی ده‌ته‌وێت و شایه‌ته‌کانیش خۆت دیاری‌یان بکه، وه‌ره با به‌رانبه‌رێن بکه‌ین!) کانت دوای ڕامانێکی قووڵ، به کابرای ئینگلیز ده‌ڵێت: (باشه، به‌ڵام به‌و چه‌که به‌رانبه‌رێن ده‌که‌ین که من تۆم پێ بریندار کرد، به چه‌کی گوتوبێژ، چه‌کی به‌ڵگه هێنانه‌وه، چه‌کی سه‌لماندن و چه‌کی لۆگیک.)(1)
له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ژن ئازاد نه‌بێت، ئه‌وه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد نییه، ئاخر که ژن ئازاد نه‌بوو، پیاویش ئازاد نابێت، چونکه ئه‌و پیاوه‌ی، ژن به زیندانی و کۆیله بزانێت، خۆیشی له‌و به‌ندیخانه‌یه‌دا که له ناخی خۆیدا ڕۆی ناوه، زیندانییه و کۆیله‌ی دابونه‌ریتی دێرین و ڕابردووی تاریکه. به گوته‌ی که‌مال ئه‌بو دیب: ئه‌و پیاوه‌ی له‌گه‌ڵ ئازادیی ژناندا نه‌بێت، نه وه‌ک خود ئازاده و نه ده‌توانێت له ئازادی سوودمه‌ند ببێت.
له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا ئه‌وه بۆ ژن قه‌ده‌غه‌بوو، بنووسێت و ده‌رگه‌ی هه‌موو ده‌ستپێشخه‌ری و داهێنانێکی به ڕوودا داخرابوو. ده‌بوو ژن جه‌سته‌یه‌ک بێت له ترس، به ده‌نگێکی نه‌وی بدوێت و له ئاستی پیاودا نه‌ک ده‌نگ، چاویش به‌رز نه‌کاته‌وه. پیاو که له ده‌ره‌وه گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتێکی سته‌مکار بوو، له ماڵه‌وه، له ژنه‌که‌ی ده‌بوو به شێری نه‌ڕ. پیاو که له ده‌ره‌وه کۆیله‌یه‌کی فه‌رمانپێکراو بوو، له ماڵه‌وه، له ژنه‌که‌ی ده‌بوو به فه‌رمانڕه‌وایه‌کی دیکتاتۆر. نه‌وال سه‌عداوی گوته‌نی: (گوێرایه‌ڵی، ئه‌و ژاره‌یه، عه‌قڵی ڕه‌خنه‌گرانه، داهێنان و یاخیبوون ده‌کوژێت،) بۆیه ژن ده‌بوو به درێژایی ته‌مه‌نی گوێڕایه‌ڵ بێت. ئێستایش مێیه‌ک، یه‌کسانیخواز، به‌هێز، بوێر و ڕاشکاو بێت، بۆ تیری تانه‌ی نێرسالاران، ده‌بێته نیشانه.
له تونس، له ماف و له ئه‌رکدا، له‌ناو خێزان و له کۆمه‌ڵدا، تا به‌هاری عه‌ره‌بی که هه‌ر زوو بوو به ئیسلامی، سه‌ری هه‌ڵنه‌دابوو، ژن هه‌مان مافی پیاوی هه‌بوو. تونس تاقه وڵاتی عه‌ره‌بی و ئیسلامی بوو، تێیدا ژن له هه‌موو بوارێک‌دا به پێی یاسا، یه‌کسان بوو به پیاو. پێشتر ئه‌لتاهیر ئهلحهدداد که زانایه‌کی ئایینی بوو، چونکه داوای کردبوو، لێکدانه‌وه‌ی نوێ بۆ ده‌ق بکرێت و کار به تێکستێک نه‌کرێت، دژ به یه‌کسانی نێوان ژن و پیاو بێت، مه‌لایانی تونس کافراندیان و ئه‌و بڕوانامه‌یه‌شی له ئیسلامناسیدا هه‌یبوو، لێیان سه‌نده‌وه. نه‌سر حامید ئهبوزهیدیش، هه‌ر داوای یه‌کسانیی نێوان ژن و پیاوی کردبوو، دادگا به له ئایین وه‌رگه‌ڕاو له قه‌ڵه‌می دا. له میسر ساڵانێک به پێی یاسا، ئه‌گه‌ر پیاوێک ژنه‌که‌ی بێگانه بووایه، منداڵه‌کانی به میسری هه‌ژمار ده‌کران، به‌ڵام ژنێک مێرده‌که‌ی بێگانه بووایه، منداڵه‌کانی به میسری هه‌ژمار نهدهکردان. دواتر له‌ژێر گوشاری خه‌باتی ژناندا، ئه‌و یاسایه له قازانجی ژنان هه‌موار کرا.
وه‌ک چۆن کار له کۆمه‌ڵگه‌دا دابه‌ش بووه، هه‌یه کرێکاره و هه‌یه خاوه‌نکار، به گوێره‌ی دیسکۆرسی (ئیسلامی)ی توندڕۆیش، له خێزاندا کار دابه‌ش کراوه، ژن، ماڵ به‌ڕێوه ده‌بات و پیاویش بژێوی دابین ده‌کات. که عه‌لمانییه‌کان داوا ده‌که‌ن، ژن له ماڵدا قه‌تیس نه‌کرێت و بێته ناو کۆمه‌ڵه‌وه، هه‌م کار بکات و هه‌م له ڕووی سیاسیشه‌وه چالاک بێت، له لایه‌ن ئیسلامییه توندڕۆکانه‌وه، به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کرێن، که گوایه هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان ده‌ده‌ن. له ئێران، شیعه فه‌رمانڕه‌وایه، له سوودان، سوننه و له عه‌ره‌بستانی سعوودیش، وه‌هابی، له هیچ شوێنێکی دنیا، هێنده‌ی ئه‌و سێ وڵاته، سته‌م له ژنان ناکرێت. له غه‌ززه‌یش که حه‌ماس و جیهاد باڵاده‌ستن، ژن سفوور بێت، به‌ر هێلکه ده‌درێت و به پاساوی ئه‌وه‌ی حه‌رامه، لێ ناگه‌ڕێن سه‌روه‌ختی خۆپیشاندانیش، ژنان تێکه‌ڵی پیاوان ببن.
ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژن له ڕووی بایۆلۆژییه‌وه له پیاو جیاوازه، ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت، بوونه‌وه‌رێکی نزمتره، به پێچه‌وانه‌وه، ژن ده‌توانێت هه‌م ئه‌و ئه‌رکانه جێبه‌جێ بکات، که پیاو پێیان هه‌ڵده‌ستێت، هه‌م ئه‌رکی دووگیانی و وهچهخستنهوهیشی له‌سه‌ر شانه. بۆیه ده‌بوو کۆمه‌ڵ پاداشتی بداته‌وه و ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتیشی بکات، نه‌ک سووک سه‌رنجی بدات و سته‌می لێ بکات. سیکۆلاریسته چه‌پڕۆکان، چونکه دنیا له گۆڕاندا ده‌بینن، بۆیه ئه‌و واقیعه‌ی سته‌م له ژن ده‌کات، به جێگیری نازانن و خه‌بات بۆ گۆڕینی ده‌که‌ن. عه‌لمانییه‌کان ده‌زانن، ئایین به‌شێکی گرنگه له که‌له‌پوور، بۆیه داوای دابڕان له‌گه‌ڵ ئاییندا ناکه‌ن، داوای دابڕانی نێوان سیاسه‌ت و ئایین ده‌که‌ن. سیکولاریزم ئیلحاد نییه، لێکدانه‌وه‌یه‌کی واقیعبینانه‌یه بۆ ئایین، که کارێک ده‌کات، ئایین، له خزمه‌تی ئازادی و یه‌کسانی و پێشکه‌وتندا بێت، نه‌ک کۆسپ بێت له سه‌ر ڕێگه‌یاندا.
ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، بابسالاری ته‌نیا دیارده‌یه‌کی کولتوورییه، نه‌خێر پاشخانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه که کرۆکه‌که‌ی له جیاوازیی چینایه‌تیدا چڕ ده‌بێته‌وه. بابسالاری، تایبه‌تیش نییه به ئایینێکی دیاریکراو، له هه‌ر سێ ئایینه ئاسمانییه‌که‌دا، پیاو سه‌رداری ژنه، یان ئه‌نگڵس گوته‌نی: پیاو، بۆرژووایه و ژن، پرۆلیتار. ئه‌وه‌ی ئیسلامی توندڕۆ، قێزه‌ونترین پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ چهپڕۆیان ده‌کرد، به پله‌ی یه‌که‌م زاده‌ی ئه‌وه‌بوو، چه‌په‌کان به گژ بابسالاریدا ده‌چوونه‌وه و داوای ئازادییان بۆ ژنان ده‌کرد.
پێش ئه‌وه‌ی ئایینیش په‌یدا ببێت، ژن وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی نوقسان سه‌رنج دراوه. ئیفلاتوون پێی وابوو، با کۆمه‌ڵگه له گۆڕانیشدا بێت، به‌ڵام ژن هه‌ر به نوقسانی ده‌مێنێته‌وه، چونکه ئه‌و نوقسانییه، یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مێ. له‌ناو شوێنکه‌وتووانی ئایینه ئاسمانییه‌کاندا هیچیان هێنده‌ی جوو، سووک سه‌رنجی ژن ناده‌ن، ئه‌وه نییه، پیاوی جووله‌که، سه‌روه‌ختی نوێژ، وا ڕاهاتووه بڵێت: (سوپاس خودایه که به ژن نهتخوڵقاندم.) که شه‌عراوی ده‌یگوت: (پیاو به عه‌قڵ بڕیار ده‌دات، به‌ڵام ژن به سۆز، بۆیه ژن بۆ دادوه‌ریی ده‌ست نادات،) پاپا شنۆده، زێتر پێی لێ هه‌ڵده‌بڕی و ده‌یگوت: (ژن له پێناوی خۆشیی پیاودا خه‌ڵق کراوه.)
له قۆناغی داکسالاریدا، منداڵ له‌سه‌ر دایکی هه‌ژمار ده‌کرا و میرات، ته‌نیا به‌ر ئه‌وانه ده‌که‌وت که هاوخوێنی دایک بوون؛ مێژووی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن، له‌و وه‌خته‌وه ده‌ست پێ ده‌کات که ئه‌و مافه له دایک زه‌وت کرا. دیرۆکی سه‌رهه‌ڵدانی دابه‌شکردنی کار، کاتێکه خێزانی تاک ژن‌و مێردایه‌تی سه‌ری هه‌ڵدا، کار له نێوان ژن و مێرددا دابه‌ش کرا و ئیدی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن له لایه‌ن پیاوه‌وه ده‌ستی پێ کرد. ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه که له کۆمه‌ڵدا، یاسایش پشتگیریی لێ کرد، سه‌ره‌تای چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیشه و له‌وساوه ژن چه‌وساوه‌یه و پیاو چه‌وسێنه‌ر.
پێوه‌ندییه‌کی هێنده قووڵ له نێوان ئازادیی ژن و ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕیندا هه‌یه، تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌توانین بڵێین، دوو سیمای یه‌ک دراون. ئه‌وه ڕێکه‌وت نه‌بوو که ئیسلامییه‌کانی جه‌زائیر، هه‌م په‌لاماری ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌یان ده‌دا که داوای ئازادی بیروڕا ده‌ربڕینیان ده‌کرد و هه‌م ئه‌و ژنانهیشیان بۆ تیری غه‌زه‌بیان ده‌کرده نیشانه، که حیجاب و نیقابیان نه‌ده‌پۆشی. که‌واته ئه‌وی بڕوای به ئازادیی جیاواز بیرکردنه‌وه نه‌بێت، بڕوای به ئازادیی ژنانیش نابێت.
ده‌زانن ئه‌و (کوفره)ی د. نه‌سر حامید ئه‌بو زه‌ید که پسپۆڕی بواری لێکدانه‌وه‌ی ده‌قی قورئانه، کردبووی، چی بوو؟ گوتبووی: قورئان به‌سه‌ر قه‌ومێکدا دابه‌زیوه که ژنان تێیدا نه‌ک هه‌ر هیچیان له میراتی نه‌که‌وتووه، به‌ڵکوو خۆیان به‌شێک بوون له میراتی و وه‌ک موڵک و ماڵی دیکه به‌سه‌ر پیاوانی خێزاندا دابه‌ش کراون. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت، ده‌ق له شوێنکاتێکدا دابه‌زیوه و سه‌یری بزووتنه‌وه‌ی ناو ده‌ق بکه‌ین و ئه‌و هه‌موو دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانی، ئینساف و ڕه‌حمه‌ته‌ی له ده‌قدا هاتوون، ڕه‌چاو بکه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به یه‌کسانی سوودمه‌ندبوونی ژن و پیاو له میراتی، لادان نییه له ده‌ق. ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه کافراندیان، به مه‌رجێک ئه‌و یه‌کسانییه، له (1956)ه‌وه، به گوێره‌ی یاسا، له تونس پێڕه‌و ده‌کرا!(2)
2012.06.16
(2) أ، د. إمام عبدالفتاح إمام، کانط و المرأة، التنویر للطباعة 2012 بیروت.
(1) فریدة النقاش، حدائق النساء، دار المدی 2012 بغداد.