به‌خته‌وه‌رى و هونه‌رى به‌خته‌وه‌ربوون له‌ بارودۆخێكى دژواردا

به‌خته‌وه‌رى  و هونه‌رى به‌خته‌وه‌ربوون له‌ بارودۆخێكى دژواردا

نووسه‌ر :شەونم یەحیا

كتێبى به‌خته‌وه‌رى و هونه‌رى به‌خته‌وه‌رى بوون له‌ بارودۆخێكى دژواردا ، نوسه‌رى ئه‌م كتێبه‌ ( ژان سه‌لێمه‌) كه‌ فه‌یله‌سوفێكى فه‌ره‌نسیه‌ و مامۆستاى فه‌لسه‌فیه‌ له‌ زانكۆى سۆربۆن و خاوه‌نى چه‌ندین به‌رهه‌مه‌ له‌وانه‌ ( فه‌لسه‌فه‌ى مۆباسان ، ئازادى و فه‌لسه‌فه‌ ، ده‌ستنوسه‌كانى 1844 ......هتد ) ، له‌به‌ر گرنگى ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دووجار چاپكراوه‌ چاپى یه‌كه‌مى له‌ ساڵى 2005 و چاپى ده‌وومى له‌ ساڵى 2011 دا ، ئه‌و كتێبه‌ى سه‌لێم شه‌پۆلێكه‌ له‌ مه‌عریفه‌ له‌هه‌مانكاتدا (عه‌قڵ و هه‌سته‌كان ) ده‌خاته‌ كار ، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دووباره‌ رێخۆشكردنه‌وه‌ییه‌ بۆ به‌خته‌وه‌رى مرۆڤ به‌ رێگای ده‌رچوون له‌ جه‌مكه‌كانى (خۆشگوزه‌رانى یان بازرگانى ) وه‌كو دولوز له‌ بیرۆكه‌ى خۆیدا به‌خته‌وه‌رى ده‌خاته‌ جوارچێوه‌ى ئاره‌زوویه‌كى به‌رهه‌مهێندراو .
به‌خته‌وه‌رى بابه‌تێكى فراوان و گه‌رموو گورِه‌ و گفتۆگۆى زۆر له‌سه‌ر كراوه‌ چ له‌ كۆندا وه‌كو (شیشرۆن ، قه‌دیس ئۆگستین ، ئابیكور ، ....هتد ) له‌ سه‌رده‌مى نوێشدا (كانت و نیشه‌ و نیرودا ...هتد ) ، ئه‌م كتێبه‌ به‌ته‌واوى خۆى ئازاد و ده‌ربازكردووه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ى كه‌ له‌ پێشتردا بۆ به‌خته‌وه‌رى كراون .
ژان سه‌لێم ده‌لێت :- كاتێك تاك ده‌خینه‌ ژێر ئه‌و پرسیاره‌ى كه‌ به‌خته‌وه‌رى لاى ئه‌وان چى ده‌گه‌ێنى ؟ له‌ وه‌لاَمى ئه‌و پرسیاره‌دا كه‌ سه‌لێم ئاراسته‌ى تاك ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانى پێناسه‌یه‌كى جیاواز له‌وانى تر ، دووجارى نائومیدى ده‌بێت به‌وه‌ى ئاستى به‌خته‌وه‌رى له‌لاى ئه‌وان دیسان ده‌چێته‌وه‌ ناو جوارچێوه‌ى شته‌ خۆشى به‌خشه‌كان و تێروانینه‌كان به‌ ساده‌ى ده‌بینیت ، كه‌ ئه‌و ناوى لىَ ده‌نێت (وه‌لاَم دانه‌وه‌ى پوچ) به‌لاى سه‌لێم ئه‌وان ئاستى به‌خته‌وه‌رى داده‌به‌زێنن بۆ هه‌ستێكى كاتى و ساده‌ و لاواز واتا به‌خته‌وه‌رى بوون له‌ مه‌ودایه‌كى زۆر كورت ده‌بینن . كه‌ ئه‌و وسفى ئه‌م نه‌وه‌یه‌ى ئیستا ده‌كات به‌ نه‌وه‌یه‌كى مه‌عریفه‌ له‌ ده‌ستچوو ، و بیركردنه‌وه‌ و بۆچوونه‌كانیان له‌ جیهانێكى زۆر بچوكدا ده‌بینیت . ده‌ڵێت نه‌وه‌یه‌كى ( گوندى مه‌به‌ستى له‌ گوندیبوون واتا سه‌ره‌تایین ، زۆر خاون ، مه‌ترسییداریشه‌ ) .
سه‌لێم گه‌شه‌ به‌ ناوه‌رۆكى ئه‌م پرسه‌ ده‌دات و دوو پرسیار ده‌ورژێنىَ ئه‌و پرسیاره‌ش ئاراسته‌ى هه‌موو تاكێكى ده‌كات له‌هه‌ر شوێنێكى دونیادا بژیت و ئه‌و ده‌پرسێت له‌چ حاڵه‌تێكدا ئومێدى به‌خته‌وه‌رى ده‌خوازیت ؟ به‌خته‌وه‌رى پرۆسه‌یه‌ ؟ ئالان بادیۆ سه‌باره‌ت به‌ پرسى به‌خته‌وه‌رى بوونى مرۆڤ له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ ده‌رى ده‌خات و دیخاته‌ چوارچێوه‌یه‌كى (خود و له‌ ناكاو )ئه‌و ده‌لێت ئه‌گه‌ر تاك له‌و برِوایه‌دا بێت كه‌ ده‌رژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى داواى به‌خته‌وه‌رى له‌ ده‌سه‌لاَت بكه‌ن ئه‌وا به‌هه‌ڵه‌ داچوونه‌ چونكه‌ به‌خته‌وه‌رى بوون لاى تاكه‌كان وه‌كو یه‌ك نیه‌ و له‌ناكاو مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كه‌ به‌خته‌وه‌ره‌ ! !!! نه‌ك به‌رنامه‌ و پرۆگرام بێت و باشترین نموونه‌ش به‌و خۆپێشاندانانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌به‌ به‌هارى عه‌ره‌بى ناسرابوو ده‌لێت : تاك چ گره‌نتیه‌كى پێیه‌ كه‌ ئه‌و ده‌سه‌لاَته‌ له‌وه‌ى پێشووتر باشتره‌ و ده‌توانى خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رییان بۆ دابین بكات ؟ . به‌لاَم ژان سه‌لێم بۆچوونێكى پێجه‌وانه‌ى بادیۆى هه‌یه‌ و ده‌ڵىَ : كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌خته‌وه‌رى وه‌كو مافێكى مرۆڤ داوا بكرێت وه‌كو چۆن مرۆڤ داواى دیموكراسیه‌ت له‌سه‌رده‌مى نوێدا ده‌كات ، ئاواش داوى به‌خته‌وه‌رى بوونى مرۆڤ بكرێت. به‌لاى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى به‌هێز و تاكی هۆشیار به‌خته‌وه‌رى دابین ده‌كه‌ن و ئه‌و مافه‌ ناده‌ن به‌ده‌ست ده‌سه‌لاَتێكى چه‌ند كه‌سه‌ كه‌ به‌خته‌وه‌رییان بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌
پاشان ئه‌و پرسیاره‌ دیالیكتیكیه‌ ده‌ورژێنى به‌وه‌ى ئایه‌ ئه‌وكاته‌ى له‌ ئاسماندا به‌خته‌وه‌رى به‌سه‌ر تاكدا داخرا له‌ ژێر پێیه‌كانى ده‌یدۆزێته‌وه‌ ؟ خه‌باتكردن بۆ به‌خته‌وه‌رى مرۆ ڤ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا له‌ شیكردنه‌وه‌كانى سه‌لێم به‌دیارده‌كه‌وێت كاره‌سات و دڵه‌ راوكى بوونى مرۆڤ كات به‌فیرۆدانه‌ له‌ته‌مه‌نى مرۆڤایه‌تى .
له‌لایه‌نى میتۆده‌وه‌ ژان سه‌لێم كار له‌سه‌ر سىَ بیرۆكه‌ى چه‌سپاو ده‌كات (ته‌ندروستیه‌كى باش ، ئاسوده‌ى ، پابه‌ندبوون به‌ خه‌بات)
ئه‌و ده‌لێت به‌خته‌وه‌رى چه‌ندین رِه‌هه‌ندى هه‌یه‌ ،به‌لاى ئه‌و جێگاىسه‌رسورمان نیه‌ كه‌ هه‌ندىَ به‌خته‌وه‌رى له‌ په‌ویوه‌ندییه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كاندا ده‌دۆزنه‌وه‌ ، واتا به‌خته‌وه‌رى و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لاَییه‌تیه‌كان له‌ شیكردنه‌وه‌كانى سه‌لێم ئه‌و لایه‌نه‌ زۆر ئالۆزه‌ چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لاَییه‌تیه‌كان و كارلێكه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان ئالۆزن ، وه‌كو میشیل فرۆنیكا كۆمه‌ڵناس له‌ ئیكۆل هاوتس بۆ زانسته‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كان له‌ پاریسدا له‌ ده‌رسگوتاره‌كانى له‌سه‌ر ململانىَ كۆمه‌لاَیه‌تیدا ده‌ڵىَ : زۆرجار ململانىَ نێوان تاكه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى كارلێك و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كانى نێوان تاكه‌كان دروست ده‌بن كه‌ ده‌بێته‌ هۆى نارئارامى بوونى تاك نا به‌خته‌وه‌رى بوونیان .
له‌ ره‌هه‌ندێكى ئابوورییه‌ سه‌لێم به‌خته‌وه‌رى و بارى ئابوورى تاك شیده‌كاته‌وه‌ كه‌ تاچه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندى تاك هۆكارى به‌خته‌وه‌ر بوونى مرۆڤه‌ لێره‌شدا گۆراو ده‌بینیت كه‌ هه‌موو كات ئه‌و ره‌هه‌نده‌ش نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى به‌خته‌وه‌رى بۆیه‌ لێره‌دا ده‌لىَ ئه‌وا ده‌كه‌وینه‌ ناو قه‌یرانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردكارییه‌كان له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا چرِبكه‌ینه‌وه‌ ،
ئه‌و ده‌پرسێت كه‌ى به‌كاربه‌ر ده‌رده‌چێت له‌ بازنه‌ى هه‌وڵدان بۆ به‌دیهێنانى به‌خته‌وه‌رى ؟ له‌ وه‌لاَمدا سه‌لێم ده‌ڵى : ئه‌وكاته‌ى كه‌ هه‌ست بكات كه‌ كات یاوه‌ریتى و رِێگه‌ى پێ بدات بۆ به‌ره‌وو باشتر هه‌نگاونان له‌ هه‌ڵیژاردنى ئه‌و به‌خته‌وه‌رى كه‌ ئه‌و مه‌به‌ستیتى و له‌ كۆتاییدا به‌خته‌وه‌رى لاى ژان سه‌لێم كرِین و فرۆشتن نیه‌ ج كاتێك بته‌وێت بیكرِى و ج كاتێك ویستت بیفرۆشیت ، به‌ڵكو هه‌وڵدان بۆ به‌دیهێنانى به‌خته‌وه‌رى مافیكى شه‌رعى ، هه‌روه‌ها ئه‌ركێكى ئه‌خلاقیشه‌ .
Top