ڕۆمانێکی به زمانی شیعریی نووسراو
February 28, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
شیعر چییه؟ شیعر ئه‌وه نییه که به زمانێکی داخراو باس له هیچ ده‌کات و هیچ بابه‌تێكی نییه، شیعر ئه‌وه نییه که نه خه‌یاڵی تێدایه، نه هه‌ست، نه سۆز. شیعر ئه‌وه‌یه وه‌ک تیشکی هه‌تاو، تاریکه‌شه‌و ده‌سمێت، شیعر ئه‌وه‌یه ئاو ده‌کێڵیت و هه‌ور دروێنه ده‌کات. شیعر که باسی شتێکمان بۆ ده‌کات، وا هه‌ست ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌ستی بۆ ببه‌ین، ده‌توانین بیگرین، شیعر زاده‌ی تهنیایییه و هه‌ر به تاقی ته‌نیایش، داکۆکی له شکۆمه‌ندیی خۆی ده‌کات. شیعر ئه‌وه‌یه که خوێنه‌ر تووشی نیگه‌رانییه‌کی شیرین ده‌کات و دلۆڤانانه ناخی ده‌هه‌ژێنێت. (شیعر ئه‌وه‌یه که شاعیر باسی ڕشتنی ئاو ده‌کات و خوێنه‌ر ئه‌و ئاوڕشتنه وه‌ک تاڤگه ده‌بینێت. شاعیر کێیه؟ شاعیر که‌سێکه ڕۆحخاوێن، سه‌هۆڵئاسا ئه‌وه خۆیه‌تی، ڕۆحی خۆی خاوێن ده‌کاته‌وه.) (*) شاعیر که‌سێکه خۆی نا، تارمایییه‌که‌ی له‌نێو شیعره‌کانیدا دیاره، خۆی دوور له شیعره‌کانی ده‌وه‌ستێت، دلۆڤانییهک له‌نێو دێره‌کانیدا جێ ده‌هێڵێت که ئیشی ئه‌وه‌یه، کۆرپه‌ی شیعره‌کانی ڕابژهنێت. شاعیر که‌سێکه بۆ ئه‌وه‌ی دڵی شیعری له لێدان نه‌که‌وێت، دڵی خۆی، دڵۆپ دلۆپ له‌نێو ڕسته شیعرییه‌کانیدا ده‌توێنێته‌وه.له ڕۆمانه‌وه فێری لێبورده‌یی و ڕێزگرتن له جیاوازییه‌کانی تاک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گه‌لانی دیکه ده‌بین. ئه‌وه ڕۆمانه کولتووره جیاوازه‌کان له یه‌کدی نزیک ده‌کاته‌وه و ناوچه‌یه‌ک یان وڵاتێک به جیهانه‌وه گرێ ده‌دات. ئه‌وه ڕۆمان بوو وای کرد، به هۆی سێرڤانتسه‌وه ئیسپانیا، به هۆی بهلزاکهوه فه‌ره‌نسا، به هۆی تۆلستۆیه‌وه ڕووسیا، به هۆی فۆکنهرهوه ئه‌مریکا و به هۆی دیکنزه‌وه ئینگلستان بناسین. به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌رانه چه‌ند ناوچه‌یین، هێنده‌یش جیهانین، ئاخر ڕێی به‌ره‌و به جیهانیبوون، به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م یان ئه‌و ناوچه‌دا تێده‌په‌ڕیت. باسکاڵ کازانۆڤا پێی وایه: هه‌ر ڕۆمانێک بایه‌خ به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی واقیع و کولتووری وڵاته‌که‌ی خۆی نه‌دات، نابێت به ئه‌ده‌بێکی جیهانی. هه‌ندێک به‌های ئینسانیی هاوبه‌ش هه‌ن که ئاسۆیه‌کی جیهانییان هه‌یه، وه‌ک نموونه: ئه‌وه سروشتی ئینسانه به گشتی که هه‌م له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا له ململانێدایه و هه‌م له‌ته‌ک خودی خۆیشیدا. (گۆڕغه‌ریب)ی عه‌بدولقادر سه‌عید له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، هه‌رچه‌نده باسی واقیعی وڵاتێک ده‌کات، وه‌لێ ڕووی ده‌می له هه‌موو جیهانه.
داهێنان ئه‌وه‌یه نووسه‌ر توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، خوێنه‌ر به‌وه قایل بکات که به‌رهه‌مه‌که‌ی زاده‌ی پێکه‌وه گونجاندنی کۆمه‌ڵێک پێکهاته‌یه که سیمایه‌کی جوانیان پێ به‌خشیوه و کاره‌که‌ی ئاوسه به لێکدانه‌وه‌ی جیاواز و چێژبه‌خشیشه، ئه‌مانه وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌بێت ده‌ق خوێنه‌ر بۆ بیرکردنه‌وه و ڕامانیش هان بدات و په‌ره به توانای هه‌ست به جوانی کردنی بدات. ئه‌رکی داهێنان ئه‌وه نییه خوێنه‌ر بۆ خه‌بات هان بدات، به‌ڵکوو به‌رهه‌می داهێنه‌رانه کار له‌سه‌ر ده‌روون و گیانی خوێنه‌ر ده‌کات و هه‌وڵی به ئاگاهێنانه‌وه‌ی هۆشی متبووی و ئازادکردنی ویستی زه‌وتکراوی ده‌دات.
(گۆڕغه‌ریب)ی عه‌بدولقادر سه‌عید به زمانێکی شیعرئامێز، ئه‌زموونی نائومێدی، تێکشکانی خه‌ونه‌کان، شه‌ڕی ناوخۆ، ڕاونانی ڕۆشنبیران، کۆچ و دووره‌وڵاتی ده‌گێڕێته‌وه. هه‌رچه‌نده له ئه‌ده‌بی گه‌لانی دوور و درواسێشدا، گه‌له‌ک جاران کار له‌سه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ کراوه، وه‌ک نموونه، ڕۆمانی (چیرۆکی زه‌هره)ی حه‌نان ئه‌لشێخ و (سیما سپییه‌کان)ی ئه‌لیاس خوری که شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان ده‌گێڕنه‌وه، وه‌لێ له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا (گۆڕغه‌ریب) نموونه‌یه‌کی ناوازه‌یه که زاده‌ی شه‌ڕی براکوژییه. هه‌رچه‌نده گۆڕغه‌ریب باسی سه‌رده‌مێک ده‌کات که ده‌توانین ناوی بنێین، سه‌رده‌می گولله، وه‌لێ نووسه‌ره‌که‌ی ئاگاداری ئه‌وه بووه که ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی یه‌کێک بێت له قوربانییه‌کانی ئه‌و قۆناغه، نووسه‌ره و هه‌ر وه‌ک نووسه‌رێکی هونه‌رمه‌ندیش، بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه.
سه‌روه‌ختی نووسینی ڕۆمان، ژیاننامه‌ی نووسه‌ر بایه‌خێکی زۆری هه‌یه. نزیکه‌ی هه‌میشه ڕۆمان شتێکی زۆر یان که‌می له ژیانی نووسه‌ره‌که‌ی تێدایه. ئه‌گه‌ر له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی دوور نه‌که‌وینه‌وه، (ڕۆژه‌کان)ی ته‌ها حسێن، جۆرێکه له ژیاننامه، نه‌جیب مهحفووزیش بایه‌خێکی زۆری به بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی داوه، ده‌شێت به‌ناوبانگترین ڕۆمانی عه‌ره‌بی که پشتی به بیۆگرافیای نووسه‌ره‌که‌ی به‌ستبێت، (نانی ڕووت)ی محه‌ممه‌د شوکری بێت. ده‌نگدانه‌وه‌ی نانی ڕووت هی ئه‌وه نییه که به شێوازێکی نوێ نووسرابێت و نووسه‌ره‌که‌ی ته‌کنیکی تازه‌ی بۆ ده‌ربڕین داهێنابێت، هی ئه‌وه‌یه بوێرانه و ڕاستگۆیانه، باس له سێکسفرۆشی، هاوڕه‌گه‌زبازی، تلیاککێشان، دڕنده‌یی باوک و که‌ساسیی دایک ده‌کات. عه‌بدولقادر سه‌عید ناوی هیچ ژانرێکی له (گۆڕغه‌ریب) نه‌ناوه، ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر جێ هێشتووه که له ڕوانگه‌ی منه‌وه، به ڕۆمانکردنی ژیاننامه‌ی خۆیه‌تی. له کن سارته‌ر بایه‌خی فۆکنه‌ر له‌وه‌دایه که باس له جیهانێک ده‌کات، بێهیوایی لێ ده‌چۆڕێت، جیهانێکی پیر و په‌ککه‌وته که هه‌موو ده‌رگه‌کان به ڕوویدا داخراون، وه‌لێ لایه‌نی لاوازی فۆکنه‌ر له کن وی ئه‌وه‌یه، سه‌ری زه‌مانی قرتاندووه، وای کردووه زه‌مان داهاتووی نه‌بێت. چونکه گڕی هیوا له کوانووی گیانی عه‌بدولقادر سه‌عیددا خامۆش نه‌بووه، له دوا دێڕه‌کانی گۆڕغهریبدا ده‌نووسێت: (ژه‌نه‌ڕاڵه شه‌ڕکه‌ره‌کان پیر ده‌بن و ده‌بن به گاڵته‌جاڕی مێژوو، ئه‌وه‌ی پیر نابێت، ئه‌و عه‌شقه‌یه، شاعیرانه ئازادی ده‌دوێنێت و هونه‌رمه‌ندانه له یه‌کسانی ورد ده‌بێته‌وه.)
له ڕوانگه‌ی (میخائیل باختین)ه‌وه، (زمانی ڕۆمان ده‌بێت له کۆمه‌ڵێک دیالێکتی کۆمه‌ڵایه‌تیی جیاواز پێک بێت، ئاخر زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بریتییه له چه‌ند دیالێكتێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی جیاواز و شێوازی ده‌ربڕین که به گوێره‌ی، نه‌وه، ته‌مه‌ن، پیشه و بیرکردنه‌وه له یه‌کتری جوودان.) چونکه گێڕه‌ره‌وه‌ی ئاشکرای هه‌مووشتزان له (گۆڕغه‌ریب)دا، خودی نووسه‌ره‌که‌یه‌تی که شاعیریشه، ئه‌وه ئاسایییه که زمانی شیعریی به‌سه‌ر تێکسته‌که‌دا زاڵ بێت، ئه‌وه نائاسایی بوو زمانی گێڕانه‌وه، شیعریی نه‌بێت. گرێبه‌ستێکی ئه‌ده‌بی له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا هه‌یه، به گوێره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته، ده‌بێت خوێنه‌ر وه‌ک تێکستێکی هونه‌ری سه‌رنجی ڕۆمان بدات، نه‌ک وه‌ک ڕووداوێکی واقیعی، ئه‌وه بۆیه گۆڕغه‌ریب، ژیاننامه‌یه‌ک نییه له‌و چه‌شنه‌ی سیاسه‌تکاران، بیره‌وه‌ریی پێ ده‌نووسنه‌وه، ڕۆمانێکه پشتی به ژیاننامه و بیره‌وه‌ری قایمه، تێکستێکه هه‌ویری واقیعی به ئاوی خه‌یاڵ شێلاوه.
ئه‌وه چییه وای له نووسه‌ر کردووه، ناوی گۆڕغه‌ریب له تێکسته‌که‌ی بنێت، به مه‌رجێک که‌سێکی گۆڕغه‌ریب له گۆڕێ‌دا نییه؟ ناونیشان هه‌یه زاده‌ی چڕکردنه‌وه‌ی لوتکه‌ی درامای ڕۆمانه‌که‌یه، یان ئاماژه‌یه بۆ کۆتایییه‌که‌ی، ناونیشانی ڕۆمان هه‌یه، ڕاسته‌وخۆ باسی بابه‌تی ڕۆمانه‌که ده‌کات، وه‌ک: نانفرۆشهکه، ناونیشانی ناڕاستهخۆیش هه‌یه، ئه‌وه ئه‌رکی خوێنه‌ره، سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که، مه‌به‌ستی نووسه‌ر له‌و ناونیشانه لێک بداته‌وه که پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به بابه‌تی ڕۆمانه‌که‌وه نییه. له ڕێگه‌ی هات و نه‌هاتی کۆچ بۆ هه‌نده‌راندا، گه‌لێک ڕێبواری ئه‌و سه‌فه‌ره سه‌خته، ژیانیان له ده‌ست دا و گۆڕغه‌ریب بوون، ئه‌وه بۆیه نووسه‌ر ئه‌و ناونیشانه‌ی بۆ تێکسته‌که‌ی هه‌ڵبژاردووه. جوانترین به‌شی گۆڕغه‌ریب، ئه‌و به‌شه‌یه‌تی که گێڕه‌ره‌وه که هه‌ر خۆی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی تێکستهکهیشه، له ڕووبارێک ده‌په‌ڕێته‌وه و کۆته‌ره‌دارێکی لێ په‌یدا ده‌بێت که ئه‌و به (قرش/ سهگماسی)ی تێده‌گات. گێڕه‌ره‌وه که ده‌شێت بزر، بژنهو یان بگۆ بێت، له‌و تێکستانه‌دا که ژیاننامه یان بیره‌وه‌ریی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌گێڕنه‌وه، که‌سی یه‌که‌می بگۆیه. ڕۆمان هه‌یه پشت به چه‌ند گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک ده‌به‌ستێت، ئه‌و ته‌کنیکه بۆ نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا ده‌ست نادات.
ئه‌زموونگه‌ری ئه‌وه نییه لاسایی نووسه‌رێکی بێگانه بکه‌ینه‌وه، یان شوێنپێی بۆ نموونه ئه‌دیبانی لاتین ئه‌مریکا هه‌ڵبگرین، ئه‌زموونگه‌ری شتێکه وه‌کوو داهێنان، چونکه تاقیکردنه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌کی نوێیه و شێوازێکی ناباوه بۆ ده‌ربڕین. کرۆکی داهێنان ئه‌وه‌یه، نووسه‌ر سنووری باو ببه‌زێنێت و سه‌رکێشانه سه‌فه‌ر به‌ره‌و داهاتووی نادیار بکات. سه‌رکێشی له بواری نووسینیشدا وه‌ک کووده‌تا وایه، ئاخر نه ئاسۆی ڕوونه و نه سه‌رکه‌وتنی مسۆگه‌ره. ئه‌زموونگه‌ری، مه‌له‌کردنه به پێچه‌وانه‌ی ڕێڕه‌وی ڕووباره‌وه و ته‌نیا ئه‌وانه‌ی شه‌یدای نوێکردنه‌وه‌ن، به‌ختی خۆیان له‌و بواره‌دا تاقی ده‌که‌نه‌وه. (هیچ شتێک بۆ هه‌تا هه‌تایه به‌رده‌وام نابێت، ئه‌وه بۆیه وه‌رزه‌کان له یه‌کدی ناچن.) گۆڕغه‌ریب، شێوازێکی نوێیه بۆ نووسین و له ڕوانگه‌ی منه‌وه، ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتووه. گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه، ئه‌گه‌ر وه‌ک گۆڕغه‌ریب بوێری و ڕاستگۆیی تێدا ڕه‌چاو بکرێت و جۆرێک بێت له ڕه‌خنه له خۆ گرتن و یاخیبوون له کۆمه‌ڵگه، ئه‌وا بێ گومان ده‌بێته هه‌وێنی خاوێنکردنه‌وه‌ی خودی خاوه‌ن ژیاننامهکهیش. گۆڕغه‌ریب له‌و تێکستانه‌یه که گۆمی هێمنیی و دڵنیایی خوێنه‌ری وابه‌سته‌ی شێوازی دێرین ده‌شڵه‌قێنێت، ئاخر نه ڕێساکانی شێوه دێرینه‌کانی ڕه‌چاو کردووه، نه کۆتی ناوه‌ڕۆک و بابه‌ته کۆنه‌کان.
زمان له گۆڕغهریبدا، ڕووکار‌ی ده‌ره‌کیی تێکسته‌که، یان پێستی جه‌سته‌ی به‌رهه‌مه‌که نییه، خودی کاره‌که‌یه. شیعر پشت به کورت‌بڕی و ته‌نانه‌ت به سڕینه‌وه‌یش ده‌به‌ستێت، وه‌لێ ڕۆمان به پێچه‌وانه‌ی شیعره‌وه، بایه‌خ به ورده‌کارییه‌کان ده‌دات، به‌ڵام تا سنووری درێژدادڕییه‌کی بێزارکه‌ر نا. نووسه‌ر که به درێژی باس له ترسی خۆی، له کۆتهرهداره له (قرش) چووه‌که ده‌کات، هێنده هونه‌رمه‌ندانه به ناخی خۆیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه، خوێنه‌ر نه‌ک هه‌ر بێزار نابێت، به‌ڵکوو به تامه‌زرۆیییه‌وه، شوێن ڕووداوه‌که ده‌که‌وێت. (شه‌یدای هیج نه‌بووم، هی وێنه‌ی خۆم نه‌بێ، هیچ زهریایهکم تهی نه‌کردووه، زه‌ریای خودی خۆم نه‌بێت، له‌گه‌ڵ هیچدا یه‌کم نه‌گرتووه، له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌ته‌کانی خۆمدا نه‌بێت.) به گوێره‌ی یاسای یه‌کیه‌تیی بوون، عه‌بدولقادر سه‌عید، سۆفییانه له‌گه‌ڵ تێکستی گۆڕغهریبدا یه‌کی گرتووه.
*
(*) عبدالجبار العتابی، کزار حنتوش فی ذکراه الثانیه 28 دیسمبر 2008 إیلاف.
(**) الروایه العربیه، ممکنات السرد، أعمال الندوه الرئیسیه لمهرجان القرین الثقافی الحادی عشر، المجلس الأعلی للثقافه و الفنون و الأداب 2008 دوله الکویت.
(***) عه‌بدولقادر سه‌عید، گۆڕغه‌ریب، ده‌زگای ڕۆژ، چاپخانه‌ی شڤان 2008 سلێمانی.