پێش ئه‌وه‌ی به‌هه‌شت چۆله‌که‌کانی خۆی بخوات
February 20, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(سه‌رم له ئاگر سووڕ ماوه،15ی ئۆکتۆبه‌ری 2008 ئه‌دونیس له کتێبخانه‌ی نیشتمانیی جه‌زائیری پایته‌خت، باسێک پێشکه‌ش ده‌کات، تێیدا ده‌ڵێت: (شارستانیی دنیای عه‌ره‌بی به‌ره‌و له‌ناوچوون به‌ڕێوه‌یه، ئاخر عه‌ره‌ب هیچ شک نابات، به ئایندهی جیهانی ببه‌خشێت. ئه‌و زه‌بروزه‌نگه‌ی درێژه‌ی هه‌یه، ئۆرگانیکانه به سیسته‌می ئیسلامییه‌وه لکاوه و پازده سه‌ده‌یه زمانی عه‌ره‌بی خوێنی لێ ده‌چۆڕێت، ته‌نانه‌ت سێ له چوار خه‌لیفه‌که‌ی ڕاشیدین، به کوشتن کۆتایی به ژیانیان هاتووه. من دژی ئایین نیم، به‌ڵام ده‌بێت جیاوازیی له نێوان ئاییندا وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م یان ئه‌و تاک بڕوایان پێی هه‌یه له لایه‌که‌وه و وه‌ک ئه‌وه‌ی بکرێته ئامێرێک بۆ سه‌رکوتکردن و خۆسه‌پاندن، له لایه‌کی دیکه‌وه، بکرێت. ئایینی ئیسلام وه‌ک بڕواپێبوون دووچاری ته‌نگژه نه‌هاتووه، وه‌ک خوێندنه‌وه تووشی قه‌یران هاتووه.
چۆن دڵی هات
پێڵووه‌کانت بسووتێنێ؟
ته‌نیا په‌ڕه‌ی دڵ شک ده‌به‌م،
هانێ بیکه
به په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی چاوت.)
هێنده‌ی نه‌مابوو کڵێسا ئایینی مه‌سیح له نێو ببات، ئه‌وه ڕه‌خنه‌گرتن بوو له کڵێسا، ئه‌و ئایینه‌ی له مه‌رگ قوتار کرد، جێی داخه بیرمه‌ندێکی عه‌ره‌ب نییه زات بکات، ڕه‌خنه بگرێت. هێشتا عه‌ره‌ب و موسڵمانان به چرای ڕابردوو، به گژ واقیعی تاریکی ئێستایاندا ده‌چنه‌وه. ئه‌و گه‌ڕانه‌وه به‌هێزه به‌ره‌و ئه‌و پرۆژه‌ی ئیسلامییه سیاسییه‌ی هه‌نووکه پێڕه‌و ده‌کرێت، به‌ڵگه‌یه بۆ له‌ناچوونی شارستانیی عه‌ره‌بی. هیچ لایه‌نێک مافی ئه‌وه‌ی نییه گوتاری ئایینی مۆنۆپۆڵ بکات و وه‌ک ئێدیۆلۆگی، بۆ ئامانجی سیاسی بیخاته گه‌ڕ، ئاخر ئایین له بنه‌ڕه‌تدا، ئامانجه نه‌ک ئامراز و چونکه باڵایه، نابێت بۆ مه‌به‌ستی سیاسیی نزم، که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێت.) (*)
هێنده‌ی نه‌برد، یه‌کیه‌تیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی جه‌زائیر، ناتۆرهگهلی له چه‌شنی: مولحید، زمانپیس و به‌دڕه‌وشتیان دوای ئه‌دونیس خست و گوتیان: ئه‌و شاعیره دژی بنه‌ڕه‌ته جێگیره‌کانی ئیسلامه و داوای دابڕان له نێوان عه‌ره‌ب و که‌له‌پووری ئیسلامدا ده‌کات و پێی وایه، پێشکه‌وتنی عه‌ره‌ب به‌و دابڕانه‌وه به‌نده و ئه‌وه پێبه‌ندبوونه به ئایینی ئیسلامه‌وه وای کردووه، عه‌ره‌ب وه‌ک شارستانی به‌ره‌و له‌ناوچوون بڕوات. چونکه به‌ڕێوه‌به‌ری کتێبخانه‌ی نیشتمانیی جه‌زائیر، دوای ئه‌و کۆڕه‌ی بۆ ئهدونیسی ڕێکخستبوو، له پۆسته‌که‌ی ده‌رکرا، چل و پێنج که‌سایه‌تیی چالاکی بواره‌کانی ڕۆشنبیری، ڕاگه‌یاندن و ئه‌ده‌ب، له نامه‌یه‌کدا که بۆ سه‌رۆکی جه‌زائیریان نارد، داوایان لێ کردبوو، له دژی شکاندنی قه‌ڵه‌م، بڕینی زمان و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و تاکلایه‌نی، هه‌ڵوێست بنوێنیت.
هه‌ر ئه‌م ئهدونیسهی که ساڵانێکی دوور و درێژ بوو، عه‌ره‌به ناسیۆنالیسته‌کان به ناپاک و ئیسلامییه‌کان به کافر و به‌دڕه‌وشتیان له قه‌ڵه‌م ده‌دا و ئه‌و تۆمه‌ته‌شیان ده‌خسته پاڵی که سه‌رقاڵی جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌کانی خۆرئاوایه له خۆرهه‌ڵاتدا، که شه‌ڕ له نێوان ئیسرائیل و (حه‌ماس)دا هه‌ڵگیرسا، گوتی: (هه‌رچه‌نده له‌شکری مه‌زنی عێراق له چه‌ند ڕۆژێکی که‌مدا تێکشکا، وه‌لێ گه‌لی عێراق به‌ره‌نگاری هێزی داگیرکا‌ر بووه‌وه.) که‌واته له ڕوانگه‌ی ئهدونیسهوه، تیرۆر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه و تیرۆریستانیش نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لی عێراقن. ئه‌دونیس داکۆکی له میلیشیاکه‌ی (حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا)یش ده‌کات و پێی وایه: ئه‌وه حیزبوڵڵا بوو که هاوینی 2006 ئه‌وه‌ی سه‌لماند، له‌شکر تێک ده‌شکێت به‌ڵام گه‌ل نابه‌زێت.(**) تۆ بڵێیت ئه‌م سهنگهرگواستنهوهیهی ئه‌دونیس، زاده‌ی ئه‌وه بێت، له وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێڵ نا‌ئومێد بووه؟ ئاخر که‌سێک به هیوای ئه‌و خه‌ڵاته بێت، هه‌رگیز ئه‌و خۆکوژییه ناکات، نه دژایه‌تیی جووله‌که ده‌کات، نه لایه‌نی تیرۆریستان ده‌گرێت.
*
د. ڕه‌فیق سابیر له دیمانه‌یه‌کدا که دیدار شه‌مێرانی له‌گه‌ڵیدا سازی کردووه، ده‌ڵێت: (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د نامه‌ی دڵداریی ئاگرینی بۆ ده‌ناردم و پێی ده‌گوتم: ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ تۆدا بژیم. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه زانیم ئه‌و کچه هیج پره‌نسیپ و مه‌بده‌ئێکی نییه و ئه‌و شتانه‌شی که له‌سه‌ر فێمـینیزم و داکۆکی له ژن ده‌یاننووسێت، ڕاست ناکات، بۆیه ئه‌وه به لای منه‌وه وه‌ک شۆکێ نه‌بوو که به‌و جۆره شووی کرد.)(***)
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی د. ڕه‌فیق سابیر، وه‌ک خۆی له هه‌مان دیمانه‌دا ددانی پێدا ناوه، زاده‌ی ئه‌وه‌یه که که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د شازده ساڵێک به‌ر له ئێستا، قسه‌ی ناشیرینی به‌رانبه‌ری کردووه. شاعیران وه‌ها ناسراون که دڵیان هه‌ر له دڵی منداڵ ده‌چێت و جێگه‌ی هێنده‌ی گه‌ردێک قینی تێدا نابێته‌وه، ئایا ئه‌وه جێی سه‌رسوڕمان نییه، قینێک شازده ساڵ، له دڵی شاعیرێکدا په‌نگ بخواته‌وه و تازه‌کی شاعیری خۆ به ژندۆست زان، تۆڵه بکاته‌وه! تازه‌کی شاعیری پۆستمۆدێرنی ڕووناکبیر له‌به‌ر (تیشک!)ی یاسای (چاو له بری چاو و ددانیش له‌به‌ر ددان)دا ڕه‌وتار بکات! ئه‌گه‌ر هه‌موومان ئه‌و یاسا دێرینه‌مان ڕه‌چاو کردبا، هه‌نووکه میلله‌تێک ده‌بووین، چاوکوێر و ددانکه‌ل. د. ڕه‌فیق سابیر ده‌ڵێت: (ئه‌و شووی به پیاوێکی عه‌ره‌ب کردووه.) ئه‌وه‌یش هه‌ر ده‌که‌وێته خانه‌ی ئه‌نتیکه‌وه، شاعیرێک که چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک نێونه‌ته‌وه‌یییش بووبێت، ئه‌وه‌ی پێ ئاسایی نه‌بێت، ژنه‌کوردێک شوو به پیاوێکی غه‌یره‌کورد بکات! هه‌ر پیاوێکی ئاسایی بگریت، هێنده شکۆمه‌ندیی شک ده‌بات، نهێنییه‌کانی ئه‌و ئافره‌ته‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه، چونکه هێڵی سووره، نه‌درکێنێت، یان هیچ نه‌بێت (نه‌یدات به جه‌ریده!)
هه‌ندێک (ڕۆژنامه‌وان) داهاتوون که زێتر له چه‌قۆکێشی پرهفیشیناڵی کرێگرته ده‌چن، زوو زوو ده‌ڵێن: ئێمه هێڵی سوور ناناسین، ده‌بوو د. ڕه‌فیق سابیر وه‌ک خاوهنقهڵهمێک ئه‌وه‌ی زانیبا، په‌رده لا دان له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تیی ئه‌م و ئه‌و، هێڵی سووری تۆخه. که له ئه‌حمه‌د، میری ئه‌و هێڵی سوور نه‌ناسانه ده‌پرسن: چ کارێک تووڕه‌ت ده‌کات؟ ده‌ڵێت: له کاتی موماره‌سه‌کردنی مامۆستایه‌تیدا (خوێندکاری گێل و ته‌مه‌ڵ.)(****)
* خوێندکار، ناوی بکه‌ره نه‌ک کار.
* (گێل و ته‌مه‌ڵ)یش ئاوه‌ڵناون نه‌ک کار.
* ته‌مه‌ڵ، هه‌ڵه‌یه، ته‌نبه‌ڵ، دروسته.
* له سوێد ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌ک به خوێندکارێک بڵێت گێل یان ته‌نبه‌ڵ، ده‌رده‌کرێت و ئیدی هیچ قوتابخانه‌یه‌ک به مامۆستای ڕاناگرێته‌وه. پڕ به دڵ به‌زه‌ییم به وه‌زیری په‌روه‌رده‌دا دێته‌وه که هێنده گه‌شبینه، به هیوایه به (مامۆستا)ی له چه‌شنی میری هێڵی سوور نه‌ناسان، ئه‌وی هێنده سنووربه‌زێنه، جنێو به قوتابییه‌کانیشی ده‌دات، سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی سوێد، له کوردستاندا جێبه‌جێ بکات.
که فره‌ژنیی مه‌رجدار بوو به یاسا، د. ڕه‌فیق سابیر له سه‌نگه‌ری داکۆکیکردن له ژنانه‌وه، له (به‌یاننامه)یه‌کی ئاگریندا، داوای له په‌رله‌مانتارانی کوردستان کرد، ده‌ست له کار بکێشنه‌وه! ئایا که‌سێک له هه‌وڵی تێکشکاندنی ژنێکی (ناسیاو)ی خۆیدا بێت، خه‌بات له پێناوی ئه‌و ژنانه‌دا ده‌کات که نایانناسێت؟ ئایا ئه‌وه چ پره‌نسیپێکه، شازده ساڵ به‌ر له ئێستا پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ کچێکدا هه‌بووبێت و که شووی کرد، هه‌وڵی ڕیسواکردنی بده‌ین؟ ئایا که‌سێک پره‌نسیپی هێنده به لاوه گرنگ بێت، له‌سه‌ر بێپرهنسیپی له‌م و له‌و بپێچێته‌وه، خۆی له کۆمۆنیستێکهوه که لای چه‌پی له مارکس گرتبێت، ده‌بێته ناسیۆنالیستێک که لای ڕاستی له د. جه‌مال نه‌به‌ز گرتبێت؟ ئایا هێڵی سوور نه‌ناسین، جۆرێک نییه له بێپرهنسیپی؟ چونکه ئیسلامی سیاسیی توندڕۆ و ناسیۆنالیزمی تهنگهچیکهڵدانه، دوو جۆگه‌له‌ی لێڵن له کۆتاییدا ده‌ڕژێنه‌وه سه‌ر هه‌مان گۆمی لیخن، ئه‌وه بۆیه ئه‌حمه‌د، میری هێڵی سوور نه‌ناسان و د. ڕه‌فیق سابیر له سووکایه‌تیکردن به ئینساندا، ئه‌میان به خوێندکار و ئه‌ویان به ژن، یه‌کیان گرتووه‌ته‌وه.
*
فه‌رهاد شاکه‌لی ده‌نووسێت: (که کۆمه‌ڵێ شیعری مامۆستا (گۆران)مان کرده سوێدی، دوو کورد به خراپی له‌سه‌ریان نووسیبوو، یه‌کێکیان کوردی باکوور بوو، نه‌ک کوردیی خواروو، کرمانجیشی نه‌ده‌زانی، ئه‌وی دیکه‌یشیان وتبووی، گۆران شیعری چاکتری هه‌یه، ده‌بوو ئه‌وانه ته‌رجومه بکرێن، وه‌ک لینینی مه‌زن و بۆ مۆسکۆی جوان.)(*****)
قه‌ت بووه شاعیر هێنده که‌پووی بڵند بێت، نه بێزی بێت ناوی ئه‌و دوو کورده بهێنێت، نه به نووسه‌ریان بزانێت و هێنده‌یش سووک سه‌رنجی به‌رهه‌می که‌سانی دیکه بدات، ته‌نانه‌ت پێی ئاسایی بێت، بڵێت: ئه‌ویان که کوردی باکووره، کرمانجیی باکووریش نازانێت! تۆ له‌وه‌ی گه‌ڕێ گۆران نه شیعرێکی نووسیوه، ناوی (لینینی مه‌زن) بێت، نه هۆنراوه‌یه‌کی هه‌یه، ناوی (بۆ مۆسکۆی جوان) بێت. ئه‌گه‌ر ڕێز له ئاوه‌زی خوێنه‌ر بگرین، تۆزێک خۆمان ماندوو ده‌که‌ین، سه‌رنجێکی دیوانه‌که‌ی گۆران ده‌ده‌ین و ده‌زانین، ئه‌و دوو شیعره، یه‌که‌میان ناوی (ڕیگای له‌نین) و دووه‌میان ناوی (مۆسکۆی جوان)ه.
ئه‌وه وه‌کوو کاره‌سات وایه، فه‌رهاد شاکه‌لی که باسکاره که‌چی بێ سه‌رچاوه، قسه فڕێ ده‌دات، ئاخر ئه‌و کورده (سۆرانی)یه‌ی له‌سه‌ر شیعره به سوێدیکراوهکانی (گۆران)ی نووسیبوو، من بووم و منیش نه نووسیومه، نه گوتوومه، ئه‌و دوو شیعره‌ی گۆران بۆ لینین و مۆسکۆی گوتوون، چاکن و ده‌بوو ته‌رجومه بکرێن! نووسینه‌که‌ی من، له ستۆکهۆڵم له (به‌ربانگ) دا، له هه‌ولێر له (ڕامان)دا و دواتریش له کتێبی له (تاڤگه‌یه‌ک له زیو)دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، نه به چاک، نه به خراپ، ناوی ئه‌و دوو شیعره‌ی گۆرانی تێدا نه‌هاتووه. که‌سێک بۆ ڕاست نووسینی ناوی شیعره‌کان، سه‌یرێکی دیوانه‌که‌ی گۆران نه‌کات، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کرێت، نه‌چووبێته‌وه سه‌ر نووسینه‌که‌ی منیش و له خۆڕا قسه‌ی کردبێت. ئه‌وه وه‌بیر فه‌رهاد شاکه‌لی ده‌هێنمه‌وه، ڕه‌خنه‌ی سه‌ره‌کیی من له‌و ئه‌وه‌بوو، خوێنه‌ری سوێدیی فریو دابوو، ئاخر (گۆران)ی (کۆمۆنیست)ی به (ناسیۆنالیست) به به‌وان ناساندبوو. وه‌ک خۆی نایشارێته‌وه، ئه‌وه شاکه‌لی خۆیه‌تی له بیروباوه‌ڕی چه‌پره‌وانه‌ی خۆی په‌شیمان بووه‌ته‌وه، وه‌لێ گۆران تا ژیا، هه‌ر کۆمۆنیست بوو. ئایا ئه‌وه فریودانی خوێنه‌ری سوێدی نییه، شاکه‌لی وای به‌وان گوتووه که گۆران له کۆتایی ژیانیدا له بیروباوه‌ڕی کۆمۆنیستانه‌ی خۆی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه؟
*
(*) کمال زایت، عاصفه أدونیس فی الجزائر، الجیل، المجلد 30 العدد 1 ینایر 2009 بیروت.
(**) أدونیس، ضاحیه فقیره فی مدینه کونیه، 09/ 01/ 2009 الحیاه.
(***) گۆڤاری هۆنیا، ژماره 20 لاپه‌ڕه 16 سلێمانی 20/ 12/ 2008
(****) گۆڤاری هۆنیا، ژماره 20 لاپه‌ڕه 2 سلێمانی 20/ 12/ 2008
(*****) فه‌رهاد شاکه‌لی، ڕووناک‌بیری ڕۆژاوایی و فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتی، بارزان، ژماره 98 یه‌کشه‌ممه 04/ 01/ 2009 هه‌ولێر.