به خێرایی تارمایی
November 21, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
(وشه‌کانی کامو ده‌ڵێیت پاچن، لێی ناگه‌ڕێن بمرێت، له گۆڕه‌که‌ی ده‌ری ده‌هێننه‌وه و به زیندوویی ڕایده‌گرن. سارته‌ر)نازانم ئێوه له پێناوی چیدا ده‌نووسن؟ من به‌ش به حاڵی خۆم، ئه‌نتۆنیۆ توباکی گوته‌نی: (ده‌خوازم له ڕێی نووسینه‌وه مه‌رگ که‌ویی بکه‌م،) یان هیچ نه‌بێت به گژی‌دا بچمه‌وه. ئه‌وه خۆشویستنی ژیانه وا له نووسه‌ر ده‌کات، باسی مه‌رگ بکات، نه‌ک ترس له مردن. له ڕوانگه‌ی (فیلیپ رۆس)ه‌وه، (جیاوازییه‌کی نێوان نووسه‌ری خراپ و هی چاک ئه‌وه‌یه، یه‌که‌میان لاسایی واقیع ده‌کاته‌وه و دووه‌میان دزی لێ ده‌کات) و به کۆمه‌کی خه‌یاڵ وه‌های داده‌ڕێژیته‌وه که خوێنه‌ر هه‌م ئازاری خۆی تێدا ببینێته‌وه و هه‌م چێژیشی لێ وه‌ربگرێت.
هه‌رچه‌نده، له‌مێژه، لێم ونیت،
لێ هێنده، لێمه‌وه، نزیکیت،
پێم وایه، تۆ منیت.
ئه‌مبێرتۆ ئێکۆ پێی وایه، سه‌روه‌ختی ژاوه‌ژاو نووسه‌ر بێده‌نگ ده‌بێت، ئاخر که هه‌مووان بدوێن، ده‌نگی نووسه‌ر له‌نێو غه‌ڵبه‌غه‌ڵبدا بزر ده‌بێت. نووسه‌ر ئه‌و نهێنییانه ده‌درکێنێت که خوێنه‌ر نایانزانێت، ئاخر ئه‌وی شتی نوێی بۆ گوتن، پێ نه‌بێت، هه‌قه کڕ ببێت و حه‌رامه خۆی له خوێنه‌ر بکاته نووسه‌ر. ڕۆژێک دادێت، کانیاوی نووسینی گه‌وره‌ترین نووسه‌ریش کوێر ببێته‌وه، نووسه‌ری چاک، پێش ئه‌وه‌ی وشک بکات، ده‌ست له نووسین هه‌ڵده‌گرێت، ئاخرگه‌له‌ک نووسه‌ر هه‌نه، هه‌رچه‌نده وشکیان کردووه که‌چی ده‌ستیان له نووسین هه‌ڵنه‌گرتووه. بۆ داهێنه‌ر ئه‌وه گرنگ نییه تا ده‌ژی هه‌ر بنووسێت، ئه‌وه گرنگه که دڵی له لێدان که‌وت، نووسینه‌کانی هه‌ر زرپوزیندوو بن و ژیانیان لێ بچۆڕێت. ئه‌گه‌ر شوێنێک بۆ کرێ له دڵی نووسه‌ردا هه‌بێت، به نووسینی ده‌دات، نه‌ک به هیچی دیکه، ئاخر نووسه‌ر هه‌ر ته‌نیا جارێک ئاشق ده‌بێت، هه‌ر ئاشقی وشه ده‌بێت، ئاخر ده‌قی نه‌مر، زاده‌ی ئاشقبوونی وشه و مامه‌ڵه‌کردنێکی ئاشقانه‌یه له‌ته‌کیدا، به‌و مه‌رجه‌ی کێشه‌یه‌ک به‌سه‌ر بکاته‌وه و گوتوبێژ به دوای خۆیدا بهێنێت. ئه‌وه زۆر خۆشه، دوا ڕۆژی ژیانت له هه‌موو ڕۆژه‌کانی ڕابردووت خۆشتر بێت، بۆ نووسه‌ریش، دوندی سه‌رکه‌وتن ئه‌وه‌یه، دوای ئه‌فراندنی جوانترین ده‌ق، ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگرێت. ده‌قی جوان، ده‌قێکه دوای هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه، لایه‌نێکی جوانی دیکه‌ی تێدا ده‌بینینه‌وه که له خوێندنه‌وه‌کانی پێشووتردا هه‌ستمان پێ نه‌کردووه. له ده‌قی جوان‌دا هه‌ست ده‌که‌ین، نووسه‌ره‌که‌ی هاوزه‌مان به‌وپه‌ڕی هێورییه‌وه نووسیویه‌تی و سڵی له هیچ هێزێکیش نه‌کردووه‌ته‌وه. ت. س. ئه‌لیه‌ت ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه ئاسایییه، به لای خه‌ڵکه‌وه سه‌یره، ئه‌وه‌ی خه‌ڵک تووشی شۆک ده‌کات، له کن من ئاسایییه،) ئاخر ده‌قی جوان، شتی باو ناڵێت، هه‌میشه شتێک ده‌ڵێت، دژی ئه‌وه‌ی زۆربه پێی ڕاهاتوون.
ئه‌ی خودای گه‌وره و دلۆڤان!
گه‌رچی که‌سم هێنده‌ی تۆ خۆش نه‌ویستووه،
به‌ڵام وه‌ک خۆت ئاگاداریت،
قه‌ت هیچم لێت نه‌ویستووه،
ته‌نیا یه‌ک داخوازیم هه‌یه،
(تکایه ئه‌و فریشته‌یه‌ی
ده‌ینێریت گیانم بکێشێت،
مێیینه بێت.)*
به شیعربوونی ڕۆمان، له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه، که نووسه‌ر ئه‌وپه‌ڕی کورت‌بڕی ڕه‌چاو بکات، شیعریش کاتێک به نه‌مریی ده‌مێنێته‌وه که ئامانج بێت، نه‌ک ئامێر. شیعر و ڕۆمان کاتێک له دایک ده‌بن که به‌گه‌ڕخستنی وشه ستراتیژ بێت، ئاخر ئه‌وه مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ وشه‌دا که شیعر له گوتار و ڕۆمان له لێکۆڵینه‌وه جیا ده‌کاته‌وه. ئه‌و ڕۆمانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرێت و چه‌ندان خوێندنه‌وه‌ی له‌یه‌کنه‌چووی بۆ بکرێت، خوێنه‌ری جیاوازی ده‌بێت و نه‌وه‌ی جیاواز ئامێزی بۆ ده‌که‌نه‌وه.
(په‌پووله به گڕ، چۆن فریو ده‌خوا
چاوی تۆش منی، وا فریو داوه،
به تیشکی چاوت، په‌ڕه‌ی دڵی من
په‌پووله‌یه‌کی، هه‌ڵکوڕووزاوه.)**
هه‌موو ئیدیۆلۆگیاکان هه‌ره‌سیان هێنا، تاقه نوایه‌ک ئه‌گه‌ر مابێت، ڕۆمانه. ڕۆماننووسی داهێنه‌ر ڕێسا دێرینه‌کان ڕه‌چاو ناکات، ڕێسای نوێ ده‌هێنێته کایه‌وه، ئه‌وه بۆیه هه‌ر ڕۆمانێکی چاک بگریت، وه‌ک ڕووداوێکی نوێ وایه. ئه‌وه سه‌رده‌مه له‌مێژه به‌سه‌ر چووگه که نووسه‌ر به دوو باڵی ڕه‌سه‌نایه‌تی و حه‌قیقه‌ت بفڕێت، ئاخر ژان بوردریار گوته‌نی: (پۆستمۆدێرنێته سه‌رده‌می گومانه نه‌ک یه‌قین،) ئاخر ئیتر وه‌ڵامه کۆنه‌کان، ئیدی له فه‌لسه‌فه‌وه سه‌رچاوه بگرن یان له ئایینه‌وه هه‌ڵبقوڵێن، نه خوێنه‌رێکی وریایان پێ قایل ده‌کرێت، نه چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌ک ده‌که‌ن. یان وه‌ک لیوتار ده‌بێژێت: (پۆستمۆدێرنێته، سه‌روه‌ختی مایه‌پووچبوونی حه‌کایه‌ته گه‌وره‌کانه.)
* عه‌لی ئه‌لجوندی.
** باروودی.