پاشای عه‌رشی وه‌رگێڕان
November 14, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(له سوێد ناوی وه‌رگێڕ به بچووکی له دیوی ناوه‌وه‌ی کتێب ده‌نووسرێت، نه‌ک له‌سه‌ر به‌رگ و به گه‌وره‌یی، وه‌ک لای ئێمه باوه. خه‌بات عارف و به‌ڕۆژ ئاکره‌یی که کتێبی (شازاده چکۆل)ی نووسه‌ری فه‌ره‌نسایی ئێکزوپێری (1900 _ 1944) یان کردووه به کوردی، ناوی خۆیان له‌سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که نووسیوه، وه‌لێ نه له‌سه‌ر به‌رگ و نه له ناوه‌وه، هیچ ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه نییه، ئه‌و چیرۆکه‌یان له کامه زمانه‌وه کردووه به کوردی! خوێنه‌ر چۆن بزانێت له فه‌ره‌نسایی، ئینگلیزی، سوێدی، عه‌ره‌بی یان فارسییه‌وه وه‌ریان گێڕاوه؟ ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر به گه‌مه‌کردن به ئاوه‌زی خوێنه‌ری کورد لێک نه‌درێته‌وه، ئه‌وا لای که‌م، هه‌م هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و هه‌م ڕێزنهگرتنیشه له ماندووبوونی وه‌رگێڕی یه‌که‌م، که ئه‌گه‌ر سوێدی نه‌بێت، ئه‌وا فارسه، ئاخر خه‌بات عارف سوێدی و به‌ڕۆژ ئاکرهیییش فارسی ده‌زانێت.)ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م که له کن که‌سانی لێزان جێی مشت‌ومڕ نییه و ده‌ستی بۆ سینگه‌وه ده‌گیرێت، له 13. 12. 2008 دا، له ڕۆژنامه‌ی (هه‌ولێر)دا کردووه، نزیکه‌ی سێ ساڵێک دوای ئه‌و مێژووه، دروستتر له 27. 09. 2011 دا، هه‌ر له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێردا، خه‌بات عارف وه‌ڵامێکی داومه‌ته‌وه که سووربوون و پێداگرییه له‌سه‌ر هه‌ڵه، به‌ڵام به کهپووبڵندییهکی هێنده که‌موێنه‌وه که جێی ئیره‌یی پێ بردنه.
له‌و په‌ره‌گرافه‌ی مندا وشه‌یه‌کی زیاده نییه، هه‌ر تێبینییه‌کی تێدایه له حه‌قیقه‌ته‌وه نزیکه و هیی ئه‌وه نییه، قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت. ئایا قه‌ت بووه، کتێبێک بکه‌ین به کوردی و نه‌نووسین له کام زمانه‌وه تهرجهمهمان کردووه، به مه‌رجێک ئه‌و کتێبه که له 1943دا هاوزه‌مان به فه‌ره‌نسایی و ئینگلیزی هاتووه‌ته وه‌شاندن، دواتر وه‌ک له ده‌ستپێکی ئه‌و سایته‌دا که بۆی ئاوه‌دان کراوه‌ته‌وه، هاتووه، (ته‌رجه‌مه‌ی زیاتر له دووسه‌ت و ده زمان کرابێت!) چونکه ڕێگه‌چاره‌ی دیکه شک نابه‌ین، با (خوا وه‌کیلی) وای بۆ بچین له سوێدییه‌وه کراوه به کوردی، ئه‌دی ئه‌وسا چۆن بزانین که‌ڵک له کام وه‌رگێڕان و کام چاپ وه‌رگیراوه، ئاخر له جارێک زیاتر کراوه به سوێدی و له جارێک زیاتر چاپ کراوه! ئایا چوونه‌وه به گژ ئه‌و ڕاستییانه‌دا، شهڕهقۆچکردن نییه له‌گه‌ڵ تاوێردا؟
فه‌رامۆشکردنی ناوی ئه‌و وه‌رگێڕه‌ی چیرۆکه‌که‌ی کردووه به سوێدی، ئه‌گه‌ر زاده‌ی جه‌هل نه‌بێت، ئه‌وا بۆ فریودانی خوێنه‌ره. باشه ئه‌گه‌ر که‌سێک ویستی بزانێت چیرۆکه‌که باش یان خراپ ته‌رجه‌مه کراوه، چی بکات؟ بچێت له‌گه‌ڵ کام ده‌ق و له‌گه‌ڵ کام زمان و کام چاپیدا به‌راوردی بکات؟ باشه ئێمه که ڕسته‌یه‌ک له کتێبێک وه‌رده‌گرین، سه‌رچاوه‌که‌ی به ڕوونی تۆمار ده‌که‌ین، قه‌ت بووه، ڕۆمانێکی کورت ته‌رجه‌مه بکه‌ین، ناوی ژێدهرهکه فه‌رامۆش بکه‌ین؟ خه‌بات عارف ناوی خۆی له‌سه‌ر به‌رگ نووسیوه، وه‌لێ ناوی ئه‌و وه‌رگێڕه‌ی تۆمار نه‌کردووه که نۆڤلێته‌که‌ی کردووه به سوێدی! ئایا ئه‌م ڕه‌وتاره له هه‌ر جێیه‌ک یاسای تێدا سه‌روه‌ر بێت، سزای به دواوه نییه؟
خه‌بات عارف له وه‌ڵامی سۆران عه‌زیزدا ده‌ڵێت: (کتێبێک کە لە زمانێکی ئەوروپایییەوە دەکرێت بە زمانێکی ئەوروپاییی تر ئەوەندە جێی سیقەیە! کە هیچ دڵەلەرزە و دڵەڕاوکێیەکت بۆ ناهێڵێتەوە. خۆیشت لە من باشتر دەزانیت: وڵاتانی ئەوروپا، وڵاتانی خۆرهەڵاتی زەریای ناوەڕاست نین!) ئایا له تورکیا و ئێران، یان میسر و لوبنان، که هه‌ندێکن له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، کتێب خراپ ته‌رجه‌مه ده‌کرێت؟ ئایا سامی ئهلدرووبی که خه‌ڵکی سووریای سه‌ر به هه‌مان ناوچه‌یه و ژیانی بۆ وه‌رگێڕانی شاکاره‌کانی(دهستۆیفیسکی) ته‌رخان کرد، کاره‌کانی جێی متمانه نه‌بوون! ئایا خه‌بات عارف به‌راوردێکی ورد یان ته‌نانه‌ت درشتی له نێوان ئۆرگیناڵی هه‌موو ئه‌و کتێبانه و تهرجهمهکانیاندا کردووه که وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاو بوونه‌ته‌وه؟ باشه که ته‌نیا هه‌ر ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌ورووپا جێی باوه‌ڕه، ئه‌دی ئه‌وێکی ئه‌ورووپانشین، بۆچی ده‌ستپاکی ڕه‌چاو نه‌کات و هه‌قی ئه‌و وه‌رگێڕه ده‌خوات که تێکسته‌که‌ی کردووه به سوێدی؟ هه‌رچه‌نده په‌یامی شازاده چکۆل له (پاک) ڕاگرتنی ڕۆحی ئینساندا چڕ ده‌بێته‌وه، که‌چی مایه‌ی داخه خه‌بات عارف له کاتی وه‌رگێڕانی ئه‌و چیرۆکه‌دا ده‌ست(پاک)ی به هێند وه‌رناگرێت.
بێجگه له خه‌بات عارف، هه‌ر وه‌رگێڕێکی دیکه‌ی بزرناو بووایه، به‌وه شاگه‌شکه ده‌بوو، نووسه‌ری ئه‌م باسه، ناوی خستووه‌ته ڕسته‌وه، وه‌لێ ئه‌و هێنده تووڕه بووه، تا ئاستی هه‌ڵچوون و ناتۆره به‌خشینه‌وه. سه‌رنج بده‌ن له وه‌ڵامی پرسیارێکی سۆران عه‌زیزدا چی ده‌ڵیت؟ (پرسیارەکەت لە هیی خۆت ناچێت! (مسکین)ێک پێش تۆ لە نووسینێکیدا گوایا ئەو کتێبەی ئێمە: ''شازادە چکۆل''ی هەڵسەنگاندبوو، هەر ڕێک ئەو پرسیارەی تۆی، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەسەر کارەکە و چۆنێتیی کارەکە بڵێت، ورووژاندبوو!)
ئایا ئه‌وه نامۆیی نییه به ژینگه‌ی داهێنان، توانای ئه‌وه‌مان نه‌بێ، ده‌رک به جیاوازیی نێوان ورووژاندنی پرسیار و به‌خشینی زانیاری بکه‌ین؟ سه‌رنجی په‌ره‌گرافه‌که‌ی من بده‌نه‌وه، بزانن پرسیار ورووژاندنه، یان هه‌ڵه ڕاستکردنه‌وه‌یه؟ له‌وه‌یشدا وه‌رگێڕی به‌سته‌زمان که ده‌کاته مسکین، به هه‌ڵه‌دا چووه که پێی وابووه، ئه‌وه منم سۆران عه‌زیزم هان داوه، بچێت له‌به‌ر ڕۆشنایی نووسینه‌کانمدا، پرسیار قوت بکاته‌وه.
خه‌بات عارف له‌وه‌یشدا به هه‌ڵه‌دا چووه که گوایه من کاری ئه‌وم هه‌ڵسه‌نگاندووه، ئاخر منی قه‌له‌نده‌ر که ده‌کاته‌وه مسکین، چۆن باسی ئیشه‌که‌ی ئه‌و بکه‌م که سه‌رچاوه‌ی ده‌ستنیشان نه‌کردووه؟ بچم ئه‌وه‌ی ئه‌و که ئه‌گه‌ر به‌خشنده بم له‌گه‌ڵیدا، ده‌ڵێم ده‌ستی سێیه، له‌گه‌ڵ کام ده‌ستی دوودا به‌راورد بکه‌م؟ ئه‌وه چۆنه هه‌ستی به‌وه نه‌کردووه، من له‌سه‌ر کاره هونه‌رییه‌که‌ی ئێکزوپێری قسه‌م کردووه، نه‌ک ده‌رباره‌ی هونه‌ری وه‌رگێڕان له کن وی؟ نه‌ک منی ده‌ستوپێ سپی که ده‌کاته‌وه مسکین، که‌س نییه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ی ئه‌و بدوێت، ئاخر ئه‌وی وریا، چونکه وه‌ک ئێمه فه‌قیرۆکه نییه که ده‌کاته‌وه مسکین، به‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ده‌ستنیشان نه‌کردووه، هه‌ر زوو ئه‌و به‌ڕه‌یه‌ی له‌ژێر پێمان ڕاکێشاوه.
خه‌بات عارفی ده‌سته‌وسان که هه‌ر ده‌کاته‌وه مسکین، له‌وه‌یشدا هه‌ر به هه‌ڵه‌دا چووه که پێی وابووه ڕه‌خنه‌ی من له‌و، ئه‌وه‌یه که نه‌چووه کتێبه‌که له زمانی یه‌که‌مه‌وه وه‌ربگێڕێت، ئاخر من نه شتی وام گوتووه، نه بڕوام وایه ئیللا ده‌بێت له زمانی یه‌که‌مه‌وه ته‌رجه‌مه بکه‌ین. هه‌ڵه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌وه‌یه، به زمانی یه‌که‌م یان ئۆرگیناڵ ده‌ڵێت: زمانی سه‌ره‌کی، که به‌و حیسابه‌ی ئه‌و، زمانه‌یلی دیکه‌ی غه‌یری فه‌ره‌نسایی و ئینگلیزی، لاوه‌کین. ئه‌م هه‌موو هه‌ڵه زه‌قه و گه‌لێکی تریشی (که پێم حه‌یفه کاتی خۆم و خوێنه‌ر له ڕاستکردنهوهیاندا به فیڕۆ بده‌م،) ته‌نیا له وه‌ڵامی یه‌ک پرسیاردا کردووه! ئه‌مه‌یش هه‌قه وه‌ک ڕیکۆردشکاندن بۆی ئه‌ژمار بکرێت و له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه، ناوی بچێته کتێبی گینێسهوه.
(به‌کر شوانی ڕۆمانی به‌فری ئۆرهان پاموکی هێنده به جوانی له تورکییه‌وه کردووه به کوردی، مێژووی نووسینی کوردی ناچاره، ناوی وه‌ک وه‌رگێڕێکی لێزان تۆمار بکات.) ئه‌وه بۆچوونی منه له‌سه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕه به‌توانایه که چوار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر سه‌روه‌ختی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕۆمانی به‌فر و چۆنیه‌تیی وه‌رگێڕانه‌که‌ی، ده‌رم بڕیوه. دواتر که به‌کر شوانیم دیته‌وه، پێی گوتم: (له چاپی دووه‌مدا هه‌موو ڕه‌خنه و سه‌رنجه‌کانت به سوپاس و ڕێزه‌وه ڕه‌چاو ده‌که‌م.) ئه‌وه‌بوو هه‌ر وایشی کرد، به مه‌رجێک ئه‌و وه‌رگێڕه لێزانه، ڕۆمانه‌کانی پاموکی کردووه به کوردی که هه‌ر ته‌نیا یه‌کێکیان، (بۆ نموونه: من ناوم سووره،) هێنده‌ی هه‌موو ئیشه‌کانی خه‌بات عارف که به ته‌نیا و دووقۆڵی کردوونی ده‌بێت و به مامۆستای ویش ده‌شێت.
خه‌بات عارف ته‌نیا له شتێکدا سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست هێناوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، (به بیانووی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره کوشنده‌که‌ی سۆران عه‌زیزه‌وه که به زه‌بری په‌ره‌گرافه ئیلهامبه‌خشه‌که‌ی من ورووژاندوویه‌تی،) فرسه‌تی له خوێنه‌ر هێناوه و چی چالاکیی دووقۆڵی خۆی له بواری وه‌رگێڕاندا هه‌یه، ڕیزی کردوون، وه‌لێ چونکه وه‌ک ئێمه داماو نییه که ده‌کاته‌وه مسکین، له کۆتاییدا ده‌ڵێت: (لای من ئەوەی جێی لە هیچیش کەمتر دەگرێت ناو و ناوبانگە.) هه‌موو هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌بات عارف بۆ(شازاده چکۆل) بریتییه له: (کتێبێکه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه گرنگه.) فه‌رموون باسه‌که‌ی ئه‌زیش بخوێننه‌وه و دواتر خۆتان سه‌رپشک بن، ئه‌گه‌ر (گوناح)ێک که ده‌کاته‌وه مسکین، له گۆڕێ‌دا هه‌بێت، کێیه؟(*)
06. 10. 2011
(*) (شازاده‌یه‌ک که شه‌یدای دیمه‌نی خۆرنشینه
(باوکی چاک، هه‌وڵ نادات منداڵه‌که‌ی وه‌ک خۆی بێت،
هه‌وڵ ده‌دات منداڵه‌که‌ی له خۆی باشتر بێت.)
زستانم بۆ چییه؟
که نه بارانی تێدا ببارێ، نه به‌فر،
شیعرم بۆ چییه؟
که نه نائومێدی له چوارچێوه‌ی وشه بگرێ، نه هیوا.
یان نووسه‌ر مه‌به یان ئاشقیش به!
ئاخر ئه‌وه ته‌نیا نووسه‌ری ئاشقه
که له جه‌نگه‌ڵێکی نوستوودا،
دارێکی بێداره.
یان مه‌نووسه، یان هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا مهگونجێ! ئه‌وی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا بگونجێت، هه‌ر چییه‌ک بێت، نووسه‌ر نییه. نووسه‌ر هێنده به ڕوونی و به ڕاستگۆیی ده‌دوێت، که‌سانی ئاسایی تووشی شۆک ده‌کات. له ڕوانگه‌ی (تورگنیڤ)ه‌وه، (ئینسان) دوو جۆرن، یان وه‌ک هاملێت حساب بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێک ده‌که‌ن، بێ ئه‌وه‌ی به کرده‌وه یه‌ک هه‌نگاو بنێن، یان وه‌ک دۆن کیخۆت، بێ ئه‌وه‌ی بیر له ئه‌نجام بکه‌نه‌وه، مل ده‌نێن. نووسه‌ر له دۆن کیخۆتهوه نزیکتره وه‌ک له هاملێته‌وه.
کتێبی (شازاده چکۆل)ی نووسه‌ری فه‌ره‌نسایی ئێکزوپێری، (1900 _ 1944) چیرۆکی شازاده‌یه‌ک ده‌گێڕێته‌وه که ئه‌ستێره‌که‌ی خۆی به‌ره‌و زه‌وین به‌جێ ده‌هێڵیت و له بیابانێکدا تووشی فڕۆکه‌وانێک ده‌بێت که له ناچارییه‌وه نیشتووه‌ته‌وه. ئێکزوپێری که خۆی فڕۆکه‌وان ده‌بێت و کاتێک له 29ی دێسه‌مبه‌ری 1935دا له (پاریس)ه‌وه به‌ره‌و (سایگۆن) ده‌فڕێت، ناچار ده‌بێت، له بیابانی گه‌وره‌دا بنیشێته‌وه، سێ ڕۆژ دواتر، به ڕێکه‌وت به هۆی هه‌ندێک کۆچه‌رییه‌وه، خۆی و هاوکاره‌که‌ی ڕزگاریان ده‌بێت، بیرۆکه‌ی چیرۆکی شازاده چکۆلی له‌و ڕووداوه‌وه بۆ هاتووه. شازاده چکۆل جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که هاوژینی و ئه‌زموونی نووسه‌ر، ڕۆڵی کاربڕ له سه‌رهه‌ڵدانی چیرۆکی سه‌رکه‌وتوودا ده‌بینن. ڕه‌نگه نهێنیی جوانیی شازاده چکۆل ئه‌وه بێت که به شێوازێکی ساده، خۆڕسک و دوور له زۆر له خۆکردن نووسراوه و پشتی به هیچ فێڵێکی هونه‌ری نه‌به‌ستووه.
ئێکزوپێری وێڕای ئه‌وه‌ی که نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان بووه، نیگارکێشیش بووه، ئاخر خودی خۆی نیگاره‌کانی کتێبه‌که‌ی کێشاوه. ئه‌و بۆ تێگه‌ییشتن له واقیع، هانای بۆ به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵ بردووه و ئه‌گه‌رچی شازاده چکۆلی بۆ منداڵان نووسیوه، وه‌لێ هه‌م زمانێکی شیعرئامێزی به‌کار هێناوه و هه‌میش گه‌لێک پرسیاری فه‌لسه‌فییانه‌ی ورووژاندووه که خوێنه‌ر بۆ بیرکردنه‌وه‌ی قووڵ هان ده‌ده‌ن. خه‌یاڵ هێنده‌ی به هانای شاعیره‌وه ده‌چێت، ئه‌وه‌نده فریای چیرۆک‌نووس ناکه‌وێت، ئێکزوپێری ئه‌وه ده‌زانێت که چیرۆک ته‌نیا به خه‌یاڵ نانووسرێت، به‌ڵکوو چیرۆک‌نووس پێویسته زۆرترین زانیارییش ده‌رباره‌ی بابه‌تی نووسینه‌که‌ی کۆ بکاته‌وه، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت، که‌لێنی تێ ده‌که‌وێت. له شازاده چکۆلدا وه‌ک چۆن شیعر، حیکمه‌ت و فه‌لسه‌فه هه‌یه، هه‌ر وایش خۆشه‌ویستی، خه‌مۆکی، نائومێدی و قۆشمهیش هه‌یه. هه‌موو چیرۆکێکی چاک، با بۆ منداڵانیش نووسرابێت، بۆ گه‌وره‌ساڵانیش ده‌گونجێت، شازاده چکۆل، یه‌کێکه له‌و چیرۆکه هه‌ره چاکانه، ئه‌وه بۆیه زیاتر له هه‌شتا میلیۆنی لێ فرۆشراوه، بۆ ده‌یان زمان وه‌رگێڕدراوه و وێڕای ئه‌مانه به فیلم و به فیلمی (کارتۆن)یش هه‌یه.
ئه‌گه‌رچی به گۆڕانی زه‌مان، مه‌رجه‌کانی داهێنانیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، وه‌لێ ئه‌وه ته‌نیا شاکاره، له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا هه‌ر وه‌ک داهێنان سه‌رنجی ده‌درێت. داهێنان بۆیه تووشی سه‌رسووڕمانمان ده‌کات، چونکه په‌ی به دۆزینه‌وه‌ی دنیای نوێ ده‌بات و له‌و ده‌رگه‌یانه ده‌دات که پێشتر لێیان نه‌دراوه و ئه‌و ڕێیانه تاقی ده‌کاته‌وه که پێشتر که‌س پێیاندا ڕه‌ت نه‌بووه، یان دروستتر، خۆی ڕێی نوێ داده‌هێنێت. که‌سی داهێنه‌ر هیچ به‌رهه‌مێکی دێرین ناکاته نموونه‌ی باڵای خۆی، ئاخر ئه‌گه‌ر وای کرد، ئه‌وی ده‌ینووسێت، ده‌که‌وێته خانه‌ی لاساییکردنه‌وه‌وه و وه‌ک داهێنان سه‌رنجی نادرێت. شه‌کسپیر له‌سه‌ر زاری هاملێته‌وه ده‌ڵێت: (له‌م دنیایه‌دا، له دوو هه‌زار که‌سدا، یه‌ک خاوێن هه‌یه.) قاره‌مانی چیرۆکه‌که‌ی ئێکزوپێری ئه‌و که‌سه خاوێنه‌یه و سه‌رقاڵی خاوێنکردنه‌وه‌ی ناخی ئینسانه.
خوێنه‌ر که شازاده چکۆل ده‌خوێنێته‌وه، خۆی تێدا ده‌ناسێته‌وه، ئاخر ئێکزوپێری نه‌ک هه‌ر منداڵ سه‌رسام ده‌کات، به‌ڵکوو منداڵه نوستووه‌که‌ی ناخی گه‌وره‌ساڵانیش وه‌ئاگا ده‌هێنێته‌وه. ئه‌گه‌رچی شازاده چکۆل به ڕووکه‌ش وه‌ک چیرۆکیکی ساکار دێته پێش چاو، وه‌لێ ڕاستییه‌که‌ی گه‌لێک مانای قووڵی له هه‌ناویدا حه‌شار داوه و هێنده لێزانانه باس له مه‌رگ و ژیان ده‌کات، خوێنه‌ر بۆ ڕامان و بیرکردنه‌وه هان ده‌دات. ڕێوی که له کولتووری ئێمه‌دا، سیمبۆله بۆ فێڵ و ساخته، له کن ئێکزوپێری، له شازاده چکۆلدا، ڕه‌مزه بۆ ژیریی.
ئێکزوپێری 1940 له تاو جه‌نگ ئه‌ورووپا به‌جێ ده‌هێڵێت و ڕوو له ئه‌مریکا ده‌کات، له‌وێ شازاده چکۆل ده‌نووسێت و ئه‌و چیرۆکه بۆ یه‌که‌مین جار، به‌هاری 1943 له نیویۆڕک بڵاو ده‌بێته‌وه. هه‌ر هه‌مان ساڵ ئێکزوپێری بۆ خه‌بات له دژی نازیسته داگیرکاره‌کان بۆ فه‌ره‌نسا ده‌گه‌ڕێته‌وه و وه‌ک فڕۆکه‌وانێکی جه‌نگی به‌شداریی له ئازادکردنی وڵاته‌که‌یدا ده‌کات، تا له 31ی ئایاری 1944دا بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکێک له (کۆرسیکا)وه به‌ره‌و زه‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست ده‌فڕێت و ئیدی هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه. شازاده چکۆل، کتێبێکی هێنده گرنگه، له فه‌ره‌نسا، خه‌ڵکی (بێگانه) به هۆی خوێندنی ئه‌و چیرۆکه‌وه، فێری زمانی فه‌ره‌نسایی ده‌کرێن. چونکه ئێکزوپێری هه‌ر نووسه‌رێکی گه‌وره نییه، قاره‌مانێکی نهتهوهیییشه، ئه‌وه بۆیه وه‌ک ڕێزلێنانیک وێنه‌که‌ی به دراوی کاغه‌زینی په‌نجا فرهنکییهوه بوو.(*)
له سوێد ناوی وه‌رگێڕ به بچووکی له دیوی ناوه‌وه‌ی کتێب ده‌نووسرێت، نه‌ک له‌سه‌ر به‌رگ و به گه‌وره‌یی، وه‌ک لای ئێمه باوه. خه‌بات عارف و به‌ڕۆژ ئاکره‌یی که کتێبی (شازاده چکۆل)ی نووسه‌ری فه‌ره‌نسایی ئێکزوپێری (1900 _ 1944) یان کردووه به کوردی، ناوی خۆیان له‌سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که نووسیوه، وه‌لێ نه له‌سه‌ر به‌رگ و نه له ناوه‌وه، هیچ ئاماژه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه نییه، ئه‌و چیرۆکه‌یان له کامه زمانه‌وه کردووه به کوردی! خوێنه‌ر چۆن بزانێت له فه‌ره‌نسایی، ئینگلیزی، سوێدی، عه‌ره‌بی یان فارسییه‌وه وه‌ریان گێڕاوه؟ ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر به گه‌مه‌کردن به ئاوه‌زی خوێنه‌ری کورد لێک نه‌درێته‌وه، ئه‌وا لای که‌م، هه‌م هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و هه‌م ڕێزنهگرتنیشه له ماندووبوونی وه‌رگێڕی یه‌که‌م، که ئه‌گه‌ر سوێدی نه‌بێت، ئه‌وا فارسه، ئاخر خه‌بات عارف سوێدی و به‌ڕۆژ ئاکرهیییش فارسی ده‌زانێت.
13. 12. 2008
(1) Thomas Jansson, Den lille prinsen, 30 mars 2001
(2) ئانتوان دۆ سانت ئێکزوپێری، شازاده چکۆل، وه‌رگێڕانی: خه‌بات عارف و به‌ڕۆژ ئاکره‌یی، ده‌زگای ئاراس 2007 هه‌ولێر.
1) (*) هه‌نووکه دراوی فه‌ره‌نسایی یۆرۆیه.