ده‌قی دێرین و لێکدانه‌وه‌ی نوێ
October 30, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
ڕۆمان تاکه کتێبی گه‌شه ده‌رباره‌ی ژیان، ئه‌وه ڕۆمانه کۆمه‌کمان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی زیندوویه‌کی مردوو نه‌بین و لێ ناگه‌ڕێت له ناو گهردهلوولیشدا، هاوسه‌نگی له ده‌ست بده‌ین.داهێنه‌ر که‌سێکه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ جه‌للاددا کۆک نابێت و یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی قسه‌کردنه له کاتی پێویستدا و هه‌ر که ویستی قسه‌ی خۆی بکات، بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی مۆڵه‌تی که‌س بێت، ده‌یکات. داهێنه‌ر ئه‌وه خۆیه‌تی، خۆی خوڵقاندووه، نه به‌رهه‌می هیچ بڕیارێکه، نه زاده‌ی هیچ ده‌سه‌ڵاتێک. داهێنه‌ر نووسه‌رێکی دهستڕهنگینی ئاسایی نییه، له‌وانه‌ی به‌سه‌ر هونه‌ری نووسیندا زاڵن و به‌س، به‌ڵکوو به‌رده‌وام به داهێنانی نوێ، خوێنه‌ران سه‌رسام ده‌کات و ئیشه‌کانی ده‌بنه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گوتوبێژ. نیچه ده‌ڵێت: (مانه‌وه‌ی خود، هه‌وێنی هه‌موو بیروبۆچوون، کرده‌وه و ویستێکه،) ئه‌وه بۆیه نووسه‌ریش، له پێناوی به زیندوویی هێشتنه‌وه‌ی خۆیدا ده‌نووسێت، یان لای که‌م وه‌ک شه‌هره‌زاد، چۆن له پێناوی درێژه‌دان به ژیانی خۆیدا، درێژه‌ی به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک ده‌دا، نووسه‌ریش له پێناوی دواخستنی مه‌رگی خۆیدا ده‌نووسێت.
(داڤید هه‌ربێرت لۆرێنس 1885 – 1930)
به‌یانیان
ئاونگ، له پرشنگی خۆر، به ئاگا دێ،
گوڵ، له له‌ره‌ی باڵی په‌پووله،
باخ، له جریوه،
به‌خته‌وه‌ر که‌سێکه،
به‌یانیان له ماچی یار،
به‌ئاگا دێ.(*)
من بۆیه نه‌مردووم، چونکه هێشتا نه وازم له نووسین هێناوه، نه ده‌ستبه‌رداری خۆشه‌ویستی بووم. من چونکه ئینسانم، شتێکی سه‌یر نییه، بکه‌ومه ناو گۆمی هه‌ڵه‌وه، ئاخر مه‌گه‌ر ته‌نیا زاتی خودا له هه‌ڵه به‌دوور بێت. من چونکه به ناوی خۆمه‌وه ده‌دوێم و داوام له که‌س نه‌کردووه وه‌ک من بیر بکاته‌وه و لافی ئه‌وه‌م لێ نه‌داوه که حه‌قیقه‌تم له کنه، بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌ینووسم، ئه‌گه‌ر هیچ که‌ڵکیشی نه‌بێت، ئه‌وا زیانی بۆ که‌س نابێت. لای من نووسینی به‌که‌ڵک، نووسینێکه چێژ به خوێنه‌ر ببه‌خشێت و بۆ بیرکردنه‌وه هانی بدات. کاره‌سات ئه‌وه نییه، من به ناوی خۆمه‌وه بدوێم و هه‌ڵه بکه‌م، ئه‌وه کاره‌ساته که‌سێک له پێناوی به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێک قازانجی دنیاییدا، به ناوی ئایینه‌وه بپه‌یڤێت و بیروڕای خۆی وه‌کوو ده‌قی پیرۆز، به‌سه‌ر ئه‌م و ئهوداساغ بکاته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و زانا بهناوبانگانهیشی ده‌قه پیرۆزه‌کانیان لێک داوه‌ته‌وه، چونکه ئینسان بوون، بۆیه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، که‌م یان زۆر هه‌ڵه‌یان کردبێت، بۆیه ئه‌وه‌ی گوتوویانه پیرۆز نییه و مشت‌ومڕ هه‌ڵده‌گرێت.
خاڵێکی هاوبه‌شی نێوان ئه‌وانه‌ی به ناوی ئایینه‌وه و ئه‌وانه‌ی به ناوی حیزبه‌وه ده‌دوێن، ئه‌وه‌یه هه‌ردوو لایان ڕووی ده‌میان له میلله‌ته. جێی داخه نزیکه‌ی هه‌میشه ئه‌و دوو لایه‌نه، وه‌ک ده‌ستوپێوه‌ندی خۆیان له خه‌ڵک ده‌ڕوانن. جیاوازیی نێوان نووسه‌ر و ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵی سیاسه‌تن، ئیدی سه‌ر به بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئایینی بن یان نا، ئه‌وه‌یه نووسه‌ر ڕووی ده‌می له جه‌ماوه‌ر نییه، بۆ تاک ده‌دوێت و خه‌باتی بۆ ئه‌وه‌یه، تاک هه‌ست به هه‌بوونی خۆی، وه‌ک هاووڵاتییه‌ک بکات. له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا که کولتوورری دێمۆکراسی زاڵه، ته‌نانه‌ت ڕووی ده‌می سیاسه‌توانانیش هه‌ر له تاکه نه‌ک له تیره، نه‌ک له‌وانه‌ی سه‌ر به‌م یان ئه‌و ئایین یان ئایینزان، ئاخر ئه‌وه تاکه‌کانی کۆمه‌ڵن، نه‌ک عه‌شیره‌ت یان شه‌ریعه‌ت، ئه‌م حیزب به کورسیی ده‌سه‌ڵات شاد ده‌که‌ن و ئه‌وی دیکه به‌ره‌و سه‌نگه‌ری ئۆپۆزیسیۆن به‌ڕێ ده‌که‌ن.
ئایا به‌وه‌ی ئێمه‌ی کورد، توند توند وابه‌سته‌ی که‌له‌پوور بین، به داهاتوویه‌کی گه‌ش شاد ده‌بین؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵام به‌ڵێیه، ئه‌دی ئه‌وه چییه وای کردووه، عه‌ره‌بستان که گرێدراوی که‌له‌پووره، له هیچ ڕوویه‌که‌وه، هێنده پێش نه‌که‌وتووه، شیاوی ئه‌وه بێت کوردستان خه‌وی پێوه ببینێت؟ ئایا به پشتبه‌ستن به کاروانی کولتوورێکی دێرین، ده‌گه‌ینه هه‌واری کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مۆدێرن؟ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک تێیدا دێمۆکراسی، ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ، ته‌نیا سێ چه‌مک نه‌بن، به‌ڵکوو به کرده‌وه پێڕه‌و بکرێن. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا، هه‌ژارانی قوره‌یش، به سه‌نگه‌ری ئیسلامه‌وه پێوه‌ست ده‌بوون و یه‌که‌مین بانگده‌ری ئیسلام، کۆیله‌یه‌کی ڕه‌شپیست بوو، وه‌لێ دواتر شۆڕشی قه‌رمه‌تییه‌کان و ڕابوونی زنجییه‌کان، زاده‌ی ئه‌و زوڵمه بوون که له هه‌ژاران ده‌کرا.
(کۆیله‌ی تۆم و
میری هه‌موو عاشقانم.)
هه‌رچه‌نده له ئیسلامدا هه‌ندێک هه‌وڵ له قازانجی کۆیله هه‌یه، وه‌لێ تێکستێک نییه، به ڕاشکاوی داوای قه‌ده‌غه‌کردن و به حه‌رام ناسینی کۆیلایه‌تی بکات. هه‌رچه‌نده ده‌قێک نییه، کۆیلهڕاگرتنی حه‌رام کردبێت، که‌چی له‌مێژه له ئیسلامستاندا کۆیلایه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده تێکستێک هه‌یه که دز به بڕینی ده‌ست سزا ده‌دات، که‌چی خه‌لیفه عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب، ئه‌و سزایه‌ی ڕاگرت. که‌واته زانایانی ئیسلام گه‌ر بخوازن، ده‌توانن لێکدانه‌وه‌ی نوێ بۆ ده‌قی دێرین بکه‌ن، ئاخر یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی ده‌ق ئه‌وه‌یه، زێتر له لێکدانه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گرێت و لێکدانه‌وه‌یه‌کیش له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا بگونجێت، ڕؤڵی له گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵدا ده‌بێت، ئاخر توند خۆبه‌ستنه‌وه به ده‌قه‌وه، گیرخواردنه له زینداندا و لێکدانه‌وه‌ی نوێ، هه‌وڵدانه به‌ره‌و ئازادی. نابێت به گوێی (هیگڵ) بکه‌ین که ده‌یگوت: (ئه‌وی واقیعی بێت، عه‌قڵانیشه،) ئاخر ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی وی بین، له جێی خۆماندا گیر ده‌خۆین، ده‌بێت خه‌ون به ئایندهی گه‌شه‌وه ببینین و گوێ له (ڤیکتۆر هوگۆ 1802 _ 1885) بگرین که ده‌یگوت: (ئه‌وه خه‌ونه‌کانمانه که شێوه‌ی ژیانی داهاتوومان دیاری ده‌کات.)
له‌سه‌ر دیواری زیندانه‌که‌ی
وێنه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ک ده‌کێشێ
که سهججانهکه ناتوانێ دایبخا،
له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه
هه‌م ئاسمانی شین دیاره و
هه‌م خۆری گه‌ش
که سهججانهکه ناتوانێ بیانبینێ.(**)
هونه‌ر ئه‌وه نییه، باس له جیاوازییه‌کانی نێوانمان بکه‌ین، ئه‌وه هونه‌ره به دوای خاڵه هاوبه‌شه‌کانی نێوانماندا بگه‌ڕێین. عه‌لمانیبوون که بۆ ئه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، لێ نه‌گه‌ڕێت ئایین ببێت به کوته‌کێک به ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی نادێموکراتهوه، با به‌وه تۆمه‌تباری نه‌که‌ین که بۆ دژایه‌تیکردنی ئایین هاتووه‌ته ئاراوه. ئه‌گه‌ر ئازادیی تاکمان مه‌به‌ست بێت، نابێت لێ گه‌ڕێین ئایین سه‌ر به حیزب یان ده‌زگای ده‌وڵه‌ت بێت. ئه‌وه ئاسایییه و هیچ مه‌ترسییه‌کی نییه مزگه‌وت سه‌ربه‌خۆ بێت، ئه‌وه مه‌ترسیداره مزگه‌وت ببێته به‌شێک له حیزبێک یان ده‌وڵه‌تێک. به ئاوابوونی خۆری پێوه‌ندییه فیودالییهکان، ئیدی ئه‌وه‌یش بوو به به‌شێک له ڕابردوو که ئایین له ڕاژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بێت و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و کولتووره، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ چاخه تاریکه‌کان.
وه‌ک چۆن نابێت هیچ ئیدیۆلۆگییهکمان له واقیع پێ گرنگتر بێت، هه‌ر وایش نابێت واقیع فه‌رامۆش بکه‌ین و ده‌قێکی دێرین بکه‌ین به پێوانه، ئاخر به هێند نه‌گرتنی واقیع، هه‌رگیز ئه‌نجامی باشی نابێت، چونکه هه‌میشه ژیان له ده‌ق جوانتر و واقیع له فیکر ده‌وڵه‌مه‌ندتره، ئه‌وه بۆیه ئه‌وانه‌ی دنیا له گۆڕاندا ده‌بینن، بایه‌خ به گیانی ده‌ق ده‌ده‌ن نه‌ک جه‌سته‌ی. زانای مۆدێرن خۆی له به‌رده‌م ده‌قه دێرینه‌کاندا به که‌ساس نابینێت، لێیان ورد ده‌بێته‌وه، خوێندنه‌وه‌ی نوێیان بۆ ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ دنیای تازه‌دا بیانگونجێنێت، ئاخر ئه‌گه‌ر وا نه‌کات، له لاساییکهرهوهیهک زێتر، هیچی دیکه نییه، مێژوویش ته‌نیا ناوی ئه‌وانه تۆمار ده‌کات که ڕێی نوێ ده‌دۆزنه‌وه، نه‌ک هی ئه‌وانه‌ی شوێنپێی نه‌وه‌کانی پێش خۆیان هه‌ڵده‌گرن.
داهێنه‌ران ئه‌وانه نیین که مل بۆ فیکری باو نه‌وی ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ن که به گژ فیکری زاڵدا ده‌چنه‌وه. داهێنه‌ر وه‌ک چۆن نابێته کۆیله‌ی که‌له‌پوور، له به‌رده‌م فیکری له دووره‌وه هاتوویشدا ناچه‌مێته‌وه. داهێنه‌ر که‌سێک نییه واقیع له‌به‌ر چاو نه‌گرێت و خۆی به هه‌ندێک تێکستی دێرین یان له دووره‌وه هاتووه‌وه سه‌رقاڵ بکات. ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه سه‌رنجی که‌له‌پوور و ڕێبازه فیکرییه نوێیه‌کانیش بدات، با خۆی پی داهێنه‌ر نه‌بێت. داهێنه‌ر که‌سێک نییه له زیندانی که‌له‌پووردا به‌ند بێت، یان ته‌نیا له هه‌وڵی ئارایشتکرنی که‌له‌پووردا بێت، داهێنه‌ر که‌سێک نییه، که‌له‌پوور به قه‌د و نوێکردنه‌وه به لق بزانێت. (ئه‌و کولتووره‌ی هه‌وڵی خۆ نوێکردنه‌وه نه‌دات، هێدی هێدی توانای ژیان و مانه‌وه له ده‌ست ده‌دات و پێی ناکرێت به گژ ئه‌و کولتوورانهدا بچێته‌وه که به‌رده‌وام له گۆڕاندان.)(***)
ئه‌لتاهیر بن جه‌للون له ڕۆمانی (ئهرزوحاڵنووس)دا ده‌ڵێت: (هه‌ندێک پێیان وایه، که‌سێکی تێکدهرم، تۆوی گومان ده‌وه‌شێنم، خه‌ڵک بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و ته‌نانه‌ت بۆ یاخیبوونیش هان ده‌ده‌م. هه‌ندێک پێیان وایه، گۆمی هێمنیی ئه‌م شاره داخراوه که ڕێزێکی زۆر له شته جێگیر و دێرینه‌کان ده‌گرێت و حه‌زی له گۆڕانی هیچ شتێک نییه، ده‌شڵه‌قێنم. به‌ڵێ من وام و ئه‌و شته خراپانه‌یش که به دزییه‌وه ده‌کرێن، ئاشکرا ده‌که‌م.)(****) جیاوازیی له نێوان نووسه‌ر و ئهرزوحاڵنووسدا ئه‌وه‌یه، یه‌که‌میان وا ده‌نووسێت که خودی خۆی لێی ده‌خوازێت، وه‌لێ دووه‌میان له‌سه‌ر خواستی خه‌ڵک ده‌نووسێت.
*
(*) زاده‌ی ئاوێزانبوونه له‌گه‌ڵ تێکستێکی (حسێن ده‌رویش)دا.
(**) عه‌بده وازن، کۆشیعری حیاة معطلة.
(***) زهیر الخالدی، حسن حنفی فیلسوف التراث و التجدید.
(****) الطاهر بن جلون، الکاتب العمومی، ترجمة: علی پاشا، ص111 ورد للطباعة 1998 دمشق.