باوکێک که له جانه‌وه‌ر ده‌چێت
September 6, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن
ژن خۆشه‌ویستی له شووکردندا ده‌بینێته‌وه، پیاوی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، به هۆی ژنهێنانه‌وه خۆشه‌ویستییه‌که‌ی بمرێت.گوستاڤ لۆکلیزیۆ بۆیه خه‌ڵاتی نۆبێڵی له ئه‌ده‌بدا پێ به‌خشرا، چونکه له ڕۆمانه‌کانیدا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دا‌هێنا، جیاواز له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی خه‌ڵک پێیان ئاشنایه و جۆره کو‌لتوور و شارستانییه‌کی دۆزییه‌وه که هێشتا که‌س په‌ی پێ نه‌بردوون، ئه‌وه بۆیه بێ سێ و دوو، ده‌توانین به داهێنه‌ری نێوزه‌د بکه‌ین. داهێنه‌ری گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌و، نه مێژوو ده‌گێڕێته‌وه، نه واقیع ده‌نووسێته‌وه، دێت به ناخی ده‌روونی مرۆڤدا ڕۆ ده‌چێت. که‌ره‌سه‌ی خاوی شاکاره‌کانی شه‌کسپیر، ژیاننامه‌ی پاشایان بوو، وه‌لێ لۆکلیزۆ به ڕۆچوون به ناخی که‌سانی په‌راوێزخراوی له چه‌شنی کۆیله و بیاباننشیناندا، جوانترین ده‌قی پێشکه‌ش کردووه.
(محه‌ممه‌د شوکری) که له ڕۆمانی (نانی ڕووت)دا، ژیاننامه‌ی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، له هه‌مان کاتدا ژیانی توێژه هه‌ره بێبه‌ش و په‌راوێزخراوه‌کان وه‌به‌ر ڕووناکی ده‌دات. خوێنه‌ر له‌و ڕۆمانه‌دا به ئاسانی هه‌ست به‌وه ده‌کات که ڕۆماننووس بتی ئه‌و سانسۆره‌ی شکاندووه که چۆکی له‌سه‌ر سنگی هه‌ر یه‌کێک له ئێمه داداوه، ئاخر به‌وپه‌ڕی بوێرییه‌وه و بێ ترس و دوودڵی، بێ سڵکردنه‌وه له سانسۆر، ڕووداوه‌کان وه‌ک خۆیان ده‌گێڕێته‌وه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و بوێرییه‌ش، هه‌وێنی ئه‌و ناوبانگ و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ی رۆمانی نانی ڕووت بێت، ئاخر بوێرییه‌ک به‌و ڕۆمانه‌وه دیاره، مه‌گه‌ر ددانپێدانانه‌کانی ڕۆسۆ، هێنده ئازایانه نووسرابێت. مارکیز پێی وایه، هه‌ر یه‌کێک له ئێمه سێ ژیانی جیاوازی هه‌یه، ژیانێکی گشتی، یه‌کێکی تایبه‌تی و یه‌کێکی دیکه‌ی نهێنی. شوکری به ڕاشکاوییه‌وه باسی هه‌ر سێ ژیانه‌که‌ی خۆی ده‌کات. تۆلستۆی پێی وایه، ژیانی خێزانه به‌ختیاره‌کان له یه‌کدی ده‌چێت، وه‌لێ ژیانی خێزانه خه‌مناکه‌کان، هه‌ر یه‌که و به جۆرێکی تایبه‌تی خه‌مناکه. شوکری له نانی ڕووتدا، چیرۆکی ژیانی خه‌مناکی خێزانه‌که‌یمان بۆ ده‌نووسێته‌وه.
هابه‌رماس پێی وایه، مۆدیرنێته دابڕانه له ڕابردوو، گوێزانه‌وه‌یه له قۆناغێکه‌وه بۆ یه‌کێکی دیکه که ته‌واو جیاوازه له‌وه‌ی پێش خۆی و خوێندنه‌وه‌ی واقیعه به شێوه‌یه‌کی جیاواز له شێوازه دێرینه‌کان و فه‌رامۆشکردنی دابونه‌ریتی کۆنه. لای دیکارت، مۆدێرنێته بریتییه له بڕوابوونی ئینسان به خودی خۆی، کاتێک ده‌توانێت ملکه‌چی هه‌ژموونی خودی خۆی بێت، نه‌ک کۆیله‌ی ئه‌م باوه‌ڕ یان ئه‌و ده‌سه‌ڵات. ئه‌وی له کۆت و پێوه‌ندی دۆگما ڕزگاری نه‌بووبێت، پێ بزانێت یان نا، هێشتا له سنووری مۆدێرنیته نزیک نه‌بووه‌ته‌وه
محه‌ممه‌د شوکری له نانی ڕووتدا، نه ڕه‌خنه له ئایین ده‌گرێت نه له سیاسه‌ت، که‌چی له کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا، ئه‌و ڕۆمانه وه‌ک تابوو سه‌رنج ده‌درێت، ئه‌مه‌یش زاده‌ی ئه‌وه‌یه شوکری به گژ بابسالاریدا که له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا سه‌روه‌ره، چووه‌ته‌وه. له‌و کۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه ئیسلامییه داخراوه‌دا، نه‌ک هه‌ر که‌سانی غه‌یره موسڵمان، بۆ نموونه: جوو، مه‌سیحی و ئێزدی،(*) سووکایه‌تییان پێ ده‌کرێت، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت ئه‌و موسڵمانانه‌یشی غه‌یره عه‌ره‌بن، هه‌مان به‌های موسڵمانێکی عه‌ره‌بیان نییه.
(مێژوومان، یاسامان نییه.) ئه‌وه هاواری یه‌کێک له شۆڕشگێره‌کانی شۆڕشی فه‌ره‌نسا بوو، مه‌به‌ستی له‌وه‌یه پێویسته دیرۆکمان نه‌بێته یاسامان و نابێت خه‌ڵک له زیندانی مێژوویاندا به‌ند بکرێن، چونکه ئینسان توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه خۆی له ڕابردووی ڕزگار بکات و ئاینده‌یه‌کی جیاواز له ڕابردووی بخوڵقێنێت. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئینسان که له ئاژه‌ڵی جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌یه ده‌توانێت خۆی له‌ژێر هه‌ژموونی هه‌لومه‌رجه‌کانی سروشتی و مێژوویی ده‌رباز بکات. ئینسان نه ملکه‌چی پێوه‌ندییه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه، وه‌ک مارکس بۆی چووبوو، نه کۆیله‌ی ده‌ستی ئاره‌زووه‌کانییه‌تی، وه‌ک نێتشه پێی وابوو، نه گیرۆده‌ی نه‌ست و چه‌پاندنی سێکسییه، وه‌ک فرۆێد بیری لێ ده‌کرده‌وه.(**)
هه‌ژاری، نه‌خوێنده‌واری و نه‌خۆشی، جاران زوو زوو باسی ئه‌و سێکوچکه‌یه ده‌کرا، محه‌ممه‌د شوکری که له ڕۆمانی نانی ڕووتدا، ئه‌و سێ دیارده‌یه به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه خه‌ڵک له‌و سێ مۆته‌که‌یه ڕزگاریان ببێت و هه‌لومه‌رجێکی نوێ بێته ئاراوه که تێیدا ئینسان به ڕووی ژیاندا پێبکه‌نێت و له ئاینده‌ی خۆی دڵنیا بێت. (خۆر به ئاسمانه‌وه، هه‌ر له زه‌ردێنه‌ی هێلکه‌یه‌ک ده‌چوو له‌ناو سینییه‌کی شین‌دا.) ئه‌و لێکچوواندنه، قسه‌ی که‌سێکه برسی، که‌سێک که ته‌نانه‌ت نانی ڕووتیشی ده‌ست ناکه‌وێت. ئه‌گه‌رچی ئینسان ته‌نیا به نان ناژی، که‌چی زۆر له کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمانی نانی ڕووت، ته‌نانه‌ت نانی ڕووتیشیان ده‌ست ناکه‌وێت.
قاره‌مانی ڕۆمانه‌که که به‌رده‌وام خه‌و به کوشتنی باوکییه‌وه ده‌بێنێت، ئه‌وه ئاماژه‌یه بۆ له‌گۆڕنانی بابسالاری که کۆمه‌ڵگه به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت. (ئه‌گه‌ر باوکم بمرێت، ده‌چمه سه‌ر گۆڕه‌که‌ی و میزی پێدا ده‌که‌م. ل103) ئه‌و زمانه زبره، زاده‌ی ئه‌و زه‌بروزه‌نگه‌یه که به هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌ی باوکانه‌وه دیاره. وه‌ک له ڕۆمانی نانی ڕووتدا هاتووه، له کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیی ئیسلامی‌دا، له ئاکامی هه‌ژارییه‌وه، ژن بۆ دابینکردنی بژێوی هانا بۆ فرۆشتنی سێکس ده‌بات. لێره‌دا سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشم که له سوێد له‌مێژه، سیکسکڕین تاوانه و له نه‌رویژیش له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووه‌وه، سێکسکڕین نه‌ک هه‌ر له‌ناو نه‌رویژدا، به‌ڵکوو له ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویژیش، هه‌ر تاوانه، واتا: ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌کی نه‌رویژی، بچێت له تایلاند سێکس بکڕێت، که گه‌ڕایه‌وه، سزا ده‌درێت.
عه‌لمانیبوون و ئیلحاد دوو ڕووخساری یه‌ک دراو نین، هیچ مه‌رج نییه، ئه‌وی عه‌لمانی بوو، ئیدی مولحید و بێباوه‌ڕیش بێت. عه‌لمانیبوون، وه‌ک جیاکردنه‌وه‌ی ئایینه له ده‌وڵه‌ت، ڕێزگرتنیشه له ئایین و له ئازادیی تاکه‌کان له بواری خواپه‌رستیدا. سیکۆلاریزم، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م یان ئه‌و ئایین نییه، ته‌نیا ڕێگه نه‌دانه به ئایین که ده‌ست له کاروباری ده‌وڵه‌ت وه‌ربدات. ئه‌وه‌تا له ئه‌ڵمانیا حیزبێک که پاشناوی مه‌سیحیی هه‌ڵگرتووه، له‌سه‌ر مۆدێلی عه‌لمانی، ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ده‌بات. له‌وێ نه ئایین ده‌ست ده‌خاته ئیشوکاری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ته‌وه، نه ده‌وڵه‌تێش هیچ کۆسپێک له‌به‌رده‌م دینداراندا قوت ده‌کاته‌وه. له سیسته‌می عه‌لمانیدا ئایین، که‌له‌پووره نه‌ک ئیدۆلۆگیی ئه‌م ده‌سه‌ڵات یان ئه‌و حیزب.
ڕۆمانه‌که‌ی شوکری که 1972 نووسراوه، بۆ 38 زمان وه‌رگێڕدراوه، باس له (مه‌غریب)ی ساڵانی په‌نجای سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌کات، ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی ئایین ده‌ستی له‌به‌ر بینی ده‌وڵه‌ت گیر کردبوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له‌وێ چ باسێك له دێمۆکراسی و سیکۆلاریزم نه‌بوو، ئه‌وه بۆیه ئه‌و سه‌روه‌خته که نانی ڕووت بۆ هه‌ژاران له گه‌رووی شێردا بوو، ده‌سه‌ڵات به ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی ده‌دایه‌وه. ئه‌وی ڕۆمانی نانی ڕووت بخوێنێته‌وه، له‌وه تێده‌گات که ئه‌وه چییه وای له (کارلۆس فۆینتس) کردووه بڵێت: له‌ودیو هه‌ر زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه خراپه‌یه‌ک و له‌ناو هه‌ر نیگایه‌کی خۆشه‌ویستیدا شه‌ڕێک خۆی مه‌ڵاس داوه.
عه‌لمانیبوون هاوزه‌مان دێمۆکراسیبوون، بڕوابوون به فره‌لایه‌نی و ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتیشه، ئه‌وه نییه له تورکیا که سیسته‌مێکی عه‌لمانییه، ڕێگه له به‌رده‌م ئیسلامییه‌کاندا ته‌خت و خۆشه، بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌سه‌ڵات بگه‌ن. ئاخۆ له وڵاتێک‌دا، سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی بێت، قه‌ت ئومێدی ئه‌وه هه‌یه، ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌کی دێمۆکراسی ده‌ستاوده‌ست بکات؟ هه‌موو سیسته‌مێکی دێمۆکراسی، عه‌لمانیشه وه‌لێ سیسته‌مه دیکتاتۆرییه‌کان وه‌ک چۆن دێمۆکراسی نین، عه‌لمانیش نین، ئه‌وه عه‌لمانیبوون و دێمۆکراسبوونه که دوو ڕووی یه‌ک دراون. ئه‌وه عه‌لمانیبوونه که هه‌موو ئایین، ئایینزا و نه‌ته‌وه‌کان له‌ژێر چه‌تری یه‌ک نیشتماندا کۆ ده‌کاته‌وه، به هه‌مان چاوی ڕێزه‌وه سه‌رنجی هه‌موو پێکهاته‌کان ده‌دات و وه‌ک ئازادییه‌کی تاکه‌که‌سیی ڕێز له چالاکییه ئایینییه‌کانی هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگه ده‌گرێت.(***)
له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا که محه‌ممه‌د شوکری به‌سه‌ری کردووه‌ته‌وه، چونکه کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ناعه‌لمانی، نادێمۆکراسی و بابسالاره، سووک سه‌رنجی ژن ده‌درێت، ژن وه‌ک کاڵا سه‌یر ده‌کرێت و له ڕوانگه‌ی پیاوه‌وه، ئه‌رک یان ڕۆڵی مێ، بریتییه له به‌ده‌نگه‌وه هاتنی پێویستییه سێکسییه‌کانی نێر. له‌و کۆمه‌ڵگه داخراوه‌دا، هیچ بایه‌خێک به توانا فیکری و عه‌قڵییه‌کانی ژن نادرێت و ژن ته‌نیا وه‌ک جه‌سته ده‌بینرێت. (ئه‌و ژنه‌ی ده‌مێکی بچکۆله‌ی هه‌بێت، زێیه‌کی بچکۆله‌شی هه‌یه. ل130) یان: (سێ زمان ده‌زانێت به‌ڵام وه‌ک زۆربه‌ی ژنان، عه‌قڵی له‌ناو زێیدایه. ل166) له ڕێی جۆکه‌وه که زاده‌ی پارادۆکسه، کاریگه‌رییه‌تیی کاره‌سات له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه که‌م ده‌بێته‌وه. وه‌ک چۆن جۆکی وا هه‌یه، سروشتێکی گشتگره‌وه‌ی هه‌یه و هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌هێنێته پێکه‌نین، جۆکیش هه‌یه له‌م کۆمه‌ڵگه هه‌وێنی پێکه‌نینه و له‌و کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه نا. له کۆمه‌ڵگه‌ی بابسالاردا، له ڕێگه‌ی جۆکه‌وه، سووکایه‌تی به ژن ده‌کرێت و ئه‌و جۆکانه که‌من که ڕووی مه‌جلیسی ژنانیان هه‌یه.
*
(*) به هۆی ڕۆمانی نانی ڕووته‌وه، ئه‌وه ده‌زانین که له مه‌غریب ئێزدی هه‌یه.
(**) هاشم صالح، هل یتحکم التاریخ بمصیر الانسان؟ 27 نوفمبر 2008 الشرق الاوسط.
(***) منیر العبیدی، العلمانیه کما فی بیئتها 14 نوفمبر 2008 إیلاف.
(****) محه‌ممه‌د شوکری، نانی ڕووت، وه‌رگێڕانی له فه‌ره‌نسییه‌وه: نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، چاپخانه‌ی ڕه‌نج 2007 سلێمانی.