ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی ئاڵۆزی نێوان دریدا و هابرماس
July 16, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :خه‌لدوون ئه‌لنه‌به‌وانی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
دریدا له ساڵی 1930 له ده‌ڤه‌ری ئه‌لئه‌بیار له جه‌زایر له‌دایك بووه، ساڵی 2004ـیش له پاریس كۆچی دوایی كردووه. دریدا كورِی ماڵباتێكی جوو بوو، بۆیه له كاتی دووه‌مین شه‌رِی جیهاندا، ئه‌و منداڵ بوو كه له قوتابخانه ده‌ركرا، چونكه حكوومه‌تی فیشی له ساڵی 1940ـدا له فه‌ره‌نسا و كۆلۆنیاله‌كانیدا، یاسای ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی پیاده ده‌كرد. كاتێك (دریدا) له‌گه‌ڵ ئه‌و قوتابی و مامۆستا جووانه‌ی ده‌ركرا بوون، چووه قوتابخانه‌یه‌كی یه‌ك پارچه جووه‌وه، هه‌ستی به دڵته‌نگی و نه‌گونجان كرد. ئه‌م رووداوی ده‌ركردنه‌ی، پاشان نه‌گونجانی له نێو گرووپێكی داخراوی (جوو)دا، شوێنه‌وارێكی له ژیانی (درێدا)دا جێ هێشت كه ناسرِێته‌وه، ئه‌مه‌ش له شێوازی هه‌ڵوه‌شانخوازانه‌یدا بۆ خود و ناسنامه، خۆی ده‌نوێنێت، هه‌روه‌ها له په‌یرِه‌و كردنی شێوازی پێناسه كردنی نه‌رێنیانه، وه‌ك چۆن زۆر جار خۆی وا پێناسه ده‌كرد، كه نه جووه و نه فه‌ره‌نسی و نه جه‌زایری.له پاش كۆچی دوایی (میشێل فۆكۆ، لوی ئه‌لتوسیر و، جیل دۆلوز)، دریدا وه‌ك دوایین گه‌وره فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسا مایه‌وه، پێشم وا نییه نه ئێستا فه‌یله‌سووفێكی فه‌ره‌نسی هه‌بێت كه سه‌نگێكی جیهانیی هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی فۆكۆ و دریدا هه‌یان بوو، ترسی ئه‌وه‌شم هه‌یه كه له پاش ئه‌وان فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسا به هه‌تیوی بمێنێته‌وه. ئه‌وه ده‌ڵێم و ده‌شزانم كه دریدا نه له فه‌ره‌نسا و ته‌نانه‌ت نه له ئه‌وروپاش، فه‌یله‌سووفێكی هێنده خۆشه‌ویست نییه.
فه‌ره‌نسایه‌كی خاوه‌ن میراتی عه‌قڵانیی دیكارتانه، كه زۆر شانازی به دیكارته‌وه ده‌كه‌ن و به رێكخه‌ری ناسنامه‌كه‌یان و نوێنه‌ری رۆحیی گه‌لی فه‌ره‌نسای، به واتا هیگلانییه‌كه‌ی، داده‌نێن، ئیدی چۆن ده‌كرێ له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفێكدا لێبورده بێت، كه له بنچنه‌دا هه‌موو توانای خۆی ته‌رخان كرد بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه (له‌به‌ر یه‌ك شی كردنه‌وه)ی ئه‌م عه‌قڵانیه‌ته میتافیزیكیانه‌ی رۆژاوا، كه باڵی به سه‌ر عه‌قڵ و به سه‌ر "منایه‌تی"ـی ئه‌و (رۆژاوا)دا كێشاوه؟
به‌ڵام ده‌بێ له‌وه ئاگادار بین كه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه پرۆسه‌یه‌كی رووخاندن یان تێكدانی سه‌رشێتانه نییه، كه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی به‌دیل (ئه‌لته‌رناتیف) بخاته روو، هه‌ر وه‌ك زۆر جار به ساده‌یی و پچرِپچرِی (ئه‌م تێگه‌یه) پێشكه‌ش كراوه، به تایبه‌تی به خوێنه‌ری عه‌ره‌ب.
وێرِای مشتومرِی جیهانی له‌باره‌ی دریدا و بایه‌خی فه‌لسه‌فیانه‌ی ئه‌وه‌وه، به دڵنیاییه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بوو، كه ده‌رگای له به‌رده‌م دریدا و هه‌ڵوه‌شانخوازییه‌كه‌یدا خسته سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت، كه له‌و وڵاته‌دا بۆ خۆی بووه قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ.
هابرماس یه‌ك ساڵ له دریدا گه‌وره‌تره، ئه‌و له ساڵی 1929ـدا له ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه. هۆشیاریی سیاسیی به رووی دووه‌مین شه‌رِی جیهان و سووتنگه‌ی جوودا كرایه‌وه، كه گه‌وره‌ترین كاریگه‌رییان به سه‌ر ده‌روونیدا جێ هێشت، به‌ڵكوو ره‌نگه وایان لێ كرد بێت، له رووی داكۆكی كردن له "پرسی جوو"ـدا ببێته (كوچانگری له ئاگر گه‌رمتر).
هه‌ر چۆنێك بێت، سه‌باره‌ت به هابرماس، نازیزم بووه مێژوویه‌كی ره‌ش كه ناعه‌قڵانیی سیاسی خۆی تێدا له دزێوترین شێوه‌دا نواند، ئه‌مه‌ش به لای ئه‌وه‌وه هه‌ر ته‌نیا له ئاكامی به لارِێدا چوونی بنه‌ماكانی رۆشنگه‌ریی ئه‌وروپا بوو، كه گریمانه‌ی زاڵ بوونی عه‌قڵ و ئازادیی تاك و ئاشتیی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی كرد. ئه‌مه‌ش پاڵی به‌وه‌وه نا، كه بێ په‌روا داكۆكی له به‌هاكانی رۆشنگه‌ری و نوێخوازی و عه‌قڵانیه‌تی گه‌ردوونیی نه‌پساوه‌ی پێوانه‌ساز له جڤاكی فره‌ییدا بكات.
له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه كردنی هێزه‌كانی چه‌پ له ئه‌وروپا، كه له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی شه‌سته‌كانی (سه‌ده‌ی رابردوودا) به سه‌ر كه‌شی كولتوور و سیاسه‌تدا زاڵ بوون، پاشان هاتنه پێشی هێزه‌كانی راست، هزری هاوچه‌رخی فه‌ره‌نسا پاشه‌كشه‌ی كرد، له‌به‌ر زاڵ بوونی بیرمه‌ندانی چه‌پ: فۆكۆ، دریدا، دۆلوز، ئه‌لتوسیر و، سه‌رهه‌ڵدانی هه‌وڵی تازه له هه‌شتاكاندا (كه سه‌ر به راسترِه‌وانی سیاسی بوون) بۆ تێپه‌رِاندنی ئه‌وه‌ی پێی گوترا هزری 68ی (چه‌پرِه‌و)، ئیدی پشتی به هزری هابرماس به‌ست بۆ ره‌خنه گرتن له بۆچوونه‌كانی فۆكۆ و دریدا و ئه‌لتوسیر و بۆردیۆ و لاكان، هه‌روه‌ها بۆ قسه كردن له‌باره‌ی ئارامی و رێز گرتن له دام و ده‌زگای جڤاكی و یاسایی، له پاش ئه‌و ماوه زریاناوییه‌ی شۆرِشی هزری و جڤاكی. گومانی تێدا نییه هزری هابرماس باشترین پاڵپشه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی به دوای هاوسه‌نگیی جڤاكی و ئارامیی هزری و عه‌قڵانیه‌تی به‌رزه‌فتانه‌دا ده‌گه‌رِێت. ئه‌م ره‌وته‌ی روو له راسترِه‌وی له رووی سیاسی و كولتوورییه‌وه، له ئاستی ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا بووه مایه‌ی پاڵدانی هابرماس به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی گۆرِه‌پانه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی له هزری هاوچه‌رخی رۆژاوادا، ببێته نوێنه‌ری هه‌ره دیار و یاریزانی هه‌ره گرنگ له دوایین سی ساڵی ئه‌م دواییه‌دا.
ئه‌وه‌ی له یه‌ك كاتدا دریدا و هابرماس كۆ ده‌كاته‌وه و له یه‌كیشیان جیا ده‌كاته‌وه، كه زۆر جار به‌رامبه‌ر به یه‌ك جیاواز و (له هه‌مان كاتدا) به یه‌كیش ده‌گه‌ن. هه‌ندێك ده‌ڵێن هه‌ر یه‌ك له‌م دوو فه‌یله‌سووفه پێچه‌وانه‌ی راسته‌وخۆی ئه‌وی دیكه‌یانه، ئه‌وان وای ده‌بینن كه هابرماس نوێنه‌ری هزری نوێخوازی و گه‌ردوونایه‌تی و عه‌قڵه، دریداش به به‌رجه‌سته‌كه‌ری هزری پاشه نوێخوازی داده‌نێن، (له نوێخوازی یاخی بووه) و تایبه‌تمه‌نده به ره‌خنه گرتن له عه‌قڵ. وێرِای ئه‌و بۆچوونه جیاوازانه، به‌ڵام ئه‌و خاڵانه‌ی (هه‌ردوو فه‌یله‌سووف) تێیدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، بریتین له پێكه‌وه سه‌رقاڵ بوونیان به ئایینده‌ی ئه‌وروپا و رۆڵیان له گۆرِه‌پانی جیهاندا، هه‌روه‌ها (مژوول بوونیان) به پرسی په‌ره‌پێدانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و، ره‌خنه گرتنیان له هه‌ر یه‌ك له داخرانی نه‌ته‌وه‌یی و دژایه‌تی كردنی خه‌ڵكی بیانی.
په‌یوه‌ندیی دریدا به هابرماسه‌وه ناچێته خانه‌ی ته‌نیا په‌یوه‌ندیی كه‌سییه‌وه، به‌ڵكوو (ئه‌و په‌یوه‌ندییه) له یه‌ك كاتدا نائارامی و پیتاندنی نێوان هزری نوێ و هاوچه‌رخی ئه‌ڵمان و هزری فه‌ره‌نسیش ده‌نوێنێت. په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو فه‌یله‌سووفه زۆر ئاڵۆزه، په‌شێوییه‌كی زۆریشی تێدایه، گه‌وره‌ترین دوو فه‌یله‌سووفی هاوچه‌رخی ئه‌وروپا نزیكه‌ی له یه‌ك كاتدا له‌دایك بوون، ئه‌وان هی دوو وڵاتی درواسێن، ناوبانگێكی جیهانییان به‌ده‌ست هێنا، كه حاڵه‌تێكی یه‌كتر فه‌رامۆش كردنی نیمچه ته‌واویشی به خۆوه بینی. به‌ڵام كاتێك حاڵه‌تی ددان پێدا نانی ئاشكرا ده‌ستی پێ كرد، ئه‌وا نائارام و مشتومرِاوی بوو، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین شه‌رِێكی بێ ئامان بوو.
هابرماس مشتومرِه‌كه‌ی ده‌ست پێ كرد (شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره له لای هابرماس ئه‌وه‌یه، له رووی مشتومرِه‌وه فه‌یله‌سووفێكه له پله‌ی یه‌كه‌مدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سووره له سه‌ر به‌رده‌وامی و لێك دانه‌برِانی دۆستانه، كه له یه‌ك تێگه‌یشتن ده‌خوازێت). له ئه‌یلوولی 1980ـدا هابرماس به بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی "تیۆدۆر ئه‌دۆرنۆ"ـوه موحازه‌ره‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات "نوێخوازی: پرۆژه‌یه‌كی ناته‌واو"، بۆ ره‌خنه گرتن له ره‌وته‌كانی پاشه نوێخوازیی، (به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی فه‌ره‌نسین)، ته‌رخان ده‌كات. تێیدا ده‌ڵێت: "رێم پێ بده‌ن به كورتی مه‌یلی دژه نوێخوازی (lanti-modernisme) له لایه‌ن نه‌ریتپارێزانی گه‌نجه‌وه و، مه‌یلی پێشه نوێخوازی (pré-modernisme) له لایه‌ن نه‌ریتپارێزانی كۆنه‌وه و، مه‌یلی پاشه نوێخوازی (post-modernisme)ی تایبه‌ت به نه‌ریتپارێزانی نوێ، له یه‌كدی جیا بكه‌مه‌وه"(1). له پاش ئه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفانی نوێی فه‌ره‌نسیی له ریزی نه‌ریتپارێزانی لاودا پۆلێن كرد: "ئه‌م ره‌وته له فه‌ره‌نسادا له (جۆرج باتای)یه‌وه تا (دریدا) به‌ره‌و (فۆكۆ) درێژ ده‌بێته‌وه"(2).
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وتاره، وا دیاره، نه‌بووه جێ بایه‌خی دریدا (ره‌نگه له كاتی خۆیدا نه‌ی خوێندبێته‌وه)، به‌ڵام گرِی مشتومرِی له نێوان هابرماس و فۆكۆ هه‌ڵگیرساند، كه فۆكۆ له ساڵی دواتردا نارِاسته‌وخۆ وه‌ڵامی ئه‌و وتاره ده‌داته‌وه، ئه‌ویش له موحازه‌ره به ناوبانگه‌كه‌یدا له "كۆلیج دو فرانس"دا كه به ناوی "رۆشنگه‌ری چییه؟" بوو(3).
یه‌كتر ناسینی راسته‌وخۆی نێوان هابرماس و دریدا به كرده‌نی له ساڵی 1984ـدا ده‌ستی پێ كرد، كاتێك كه هابرماس، دریدای بانگهێشت كرد بۆ فرانكفۆرت تا موحازه‌ره‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات، ئه‌ویش به ناونیشانی "چاوانی زانكۆ: بنه‌مای عه‌قڵ و بیرۆكه‌ی زانكۆ" بوو.
دوای ساڵێك له‌و به‌رواره‌وه، هابرماس كتێبه گرنگه‌كه‌ی: "گوتاری فه‌لسه‌فیانه‌ی نوێخوازی"ی پێشكه‌ش كرد، كه تێیدا دوو به‌ش بۆ ره‌خنه گرتن له فه‌لسه‌فه‌ی جاك دریدا ته‌رخان ده‌كات. دریدا، وه‌ك خۆی ده‌یگێرِێته‌وه، زۆر به وردی ئه‌و كتێبه‌ی خوێنده‌وه، بۆشی ئاشكرا بوو كه ره‌خنه‌كه‌ی هابرماس ده‌رهه‌ق به ئه‌و دادپه‌روه‌رانه نه‌بووه، خۆ ره‌نگه زیاد له پێویست به په‌له بوو بێت. وه‌ڵامی دریداش زۆر دوا ناكه‌وێت، به‌ڵكوو به دوو جار وه‌ڵامی هابرماس ده‌داته‌وه، ئه‌ویش به دوو توانجی دوور و درێژ كه له هه‌ردوو كتێبه‌كه‌یدا: "بیره‌وه‌ری، له پێناو پۆل دو مان/ 1988"، پاشان له "Limited Inc 1988"ـدا.
ئه‌م مشتومرِه كه‌شی نێوان هابرماس و دریدای شێواند، كه هه‌ردووكیان تا نزیكه‌ی 10 ساڵ خۆیان له یه‌كدی به دوور گرت. هه‌ردووكیان ناوبانگی فراوانیان له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا به‌ده‌ست هێنا (به تایبه‌تی جاك دریدا). له كۆتایی نه‌وه‌ده‌كاندا هه‌ردووكیان له پاش موحازه‌ره‌یه‌كی دریدا، له زانكۆی ئیفانستۆن له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا به‌یه‌ك گه‌یشتن. دریدا باسی هابرماس ده‌كات كه چۆن به‌م په‌یڤانه‌ی دادێن به‌سته‌ڵه‌كی شكاند: "هابرماس به زه‌رده‌خه‌نه و روویه‌كی خۆشه‌وه لێم نزیك بووه‌وه، پێشنیاریشی كرد كه ئێمه هه‌ردووكمان شتمان هه‌یه گفتوگۆی له‌باره‌وه بكه‌ین. منیش بێ دوودڵی رازی بووم، گوتیشم، ده‌ی با چاوه‌رِێ نه‌كه‌ین كات به‌سه‌ر بچێت"(4).
ئیدی له پاش ئه‌وه، ده‌رفه‌تی دیده‌نیی نێوان هه‌ردوو فه‌یله‌سووف زیاتر ده‌بێت، زمانی زبری ره‌خنه‌شیان ده‌گۆرِێت به زمانێكی نه‌رم و نیان. له پاش ئه‌وه به ماوه‌یه‌كی كه‌م له پاریس‌دا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن. بۆشیان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وان له‌باره‌ی زۆر خاڵه‌وه كۆكن، وه‌ك ئایینده‌ی ئه‌وروپا و پرسگه‌لێك كه په‌یوه‌ندییان به یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه. پاشتر به یارمه‌تیی "ئاكسل هونیت" (كه ئه‌وكات بووبووه سه‌رۆكی زانكۆی فرانكفۆرت)، كار بۆ رێكخستنی كۆمه‌ڵێك موحازه‌ره ده‌كه‌ن، كه له ساڵی 2000ـدا له زانكۆی فرانكفۆرتدا له‌باره‌ی ره‌وشت و ماف و سیاسه‌ته‌وه پێشكه‌ش كران. له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ئه‌و ساڵه‌شدا، هابرماس به‌شداری له كۆنگره‌یه‌كدا ده‌كات كه له باره‌ی دریداوه له پاریس گرێ درا. له ساڵی 2001ـدا خه‌ڵاتی "ئه‌دۆرنۆ" به "جاك دریدا" درا، هه‌ردوو فه‌یله‌سووفیش له‌وێدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، پاشان بۆ یه‌كه‌مین جار رازی ده‌بن، كه له‌باره‌ی رووداوی 11ـی ئه‌یلوولی 2001ـه‌وه دیالۆگێكی هاوبه‌ش بكه‌ن، كه وه‌رگێرِانه‌كه‌یمان پێشكه‌ش به خوێنه‌ری عه‌ره‌ب كرد.
له پاش ئه‌وه دریدا و هابرماس پێكه‌وه به‌شداری له واژۆ كردنی ده‌قێكدا ده‌كه‌ن (به هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆشی ته‌نگی به دریدا هه‌ڵچنی، هابرماس ئه‌و ده‌قه‌ی نووسی)، تێیدا بانگه‌شه‌یان بۆ گه‌لێكی تازه‌ی ئه‌وروپا كرد.
جاك دریدا له 2004ـدا كۆچی دوایی كرد، ئه‌ویش له پاش ئه‌وه‌ی وته‌یه‌كی له حه‌فتا و پێنجه‌مین جه‌ژنی له‌دایك بوونی هابرماسدا نووسی، تێیدا باسی په‌یوه‌ندیی ئاڵۆزی نێوان خۆی و ئه‌وی كرد، ئه‌و كه هه‌ستی به نزیك بوونه‌وه‌ی مه‌رگی خۆی ده‌كرد، به‌م رستانه كۆتایی به وته‌كه‌ی هێنا "... له دڵه‌وه هیوادارم ده‌نگ و نووسین و كه‌سایه‌تیی یۆرگین هابرماس، له‌م قۆناغی ناتواناییه و له رووبه‌رِووی ئه‌و هه‌رِه‌شه تاریكانه‌ی وا ده‌رده‌كه‌ون، به‌رده‌وام بن له رووناك كردنه‌وه‌ی هیواكانمان تا سه‌رده‌مێكی درێژی داهاتوو"(5).
مۆمی ته‌مه‌نی جاك دریدا، له پاش ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ شێرپه‌نجه‌ی په‌نكریاسدا، له تشرینی یه‌كه‌می 2004ـدا له تیمارخانه‌یه‌كی پاریس‌دا كوژایه‌وه(6)، هابرماسیش به وته‌یه‌ك به ناونیشانی "دوایین ماڵ ئاوایی: كاریگه‌ریی رۆشنگه‌رانه‌ی دریدا" ده‌یلاوێنێته‌وه، كه له كۆتاییه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی: "ده‌كرێ به‌رهه‌مه‌كانی دریداش له ئه‌ڵمانیادا هه‌ڵگری كاریگه‌رییه‌كی رۆشنگه‌رانه بن، دریدا له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی هیدگه‌ری دواییندا گونجانی دروست كرد، به بێ ئه‌وه‌ی به‌شداری له هیچ بتپه‌رستییه‌كی نوێ‌دا بكات، كه ناپاكی له‌گه‌ڵ ریشه‌ی مووساییانه‌ی خۆیدا بكات"(7).
په‌راوێز:
1- Habermas, « La modernité : un projet inachevé », trad. franç. Gérard Raulet, in Critique, n° 413, « vingt ans de pensée allemande », oct. 1981, p. 966.
2 هه‌مان ژێده‌ر.
3 Miche Foucault, « Quest-ce que les Lumières ? », in Les Dits et Écrits, tome II, Gallimard Quarto, 2001.
4 J. Derrida, « Honesty of Thought » in The Derrida-Habermas Reader, ed. Lasse Thomassen, The University of Chicago Press, 2006, p. 302.
5 هه‌مان ژێده‌ر، ل 305.
6 ناتوانم رێ له خۆم بگرم كه به خه‌مبارییه‌وه یادی كۆچی دوایی فه‌یله‌سووفێكی دیكه‌ی رۆژاوا نه‌كه‌مه‌وه، كه په‌یوه‌ندییه‌كی به تینی له‌گه‌ڵ دریدا و هابرماسدا هه‌بوو، كه ئه‌و وای ده‌بینی ئه‌وان به ناوبانگترین دوو فه‌یله‌سووفی هاوچه‌رخن، هه‌ر یه‌كه‌شیان ئه‌وی دیكه‌یان ته‌واو ده‌كات، مه‌به‌ستیشم "ریچارد رورتی"ـیه. رورتی به هه‌مان نه‌خۆشییه‌كه‌ی دریدا كۆچی دوایی كرد، واته شێرپه‌نجه‌ی په‌نكریاس، هابرماسیش به وته‌یه‌ك لاواندییه‌وه، كه ده‌گێرِێته‌وه ئیم‌یل نامه‌یه‌كی له رورتییه‌وه پێ ده‌گات، تێیدا پێی ده‌ڵێت، كه ئه‌ویش تووشی هه‌مان نه‌خۆشی بووه كه دریدای كوشت. پاشان رورتی به گاڵته‌جارِییه‌كی تفت و تاڵه‌وه ده‌ڵێت، كه كچه‌كه‌ی پێی گوتووه، ئه‌م نه‌خۆشییه تووشی ئه‌وانه ده‌بێت كه زۆر هیدگه‌ر ده‌خوێننه‌وه. رورتی وه‌ك دریدا، له فه‌لسه‌فه‌ی هیدگه‌ری هه‌ڵده‌هێنجا و كاری له سه‌ر ده‌كرده‌وه.
7 هه‌مان ژێده‌ر، ل 308.