له‌باره‌ی نوێخوازییه‌وه.. ده‌مامكه ره‌خنه‌ی فۆكۆ له هابرماس
June 9, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :خه‌لدوون ئه‌لنه‌به‌وانی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌مان له‌و شوێنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، كه توێژینه‌وه‌كه‌ی رابردوومان كۆتایی پێ هات، ئه‌ویش له رۆژی 31/10/2010 به ناونیشانی (رۆشنگه‌ری چییه؟: "فۆكۆ" "كانت" ده‌خوێنێته‌وه) بڵاو بووه‌وه. له ساڵی 1982دا، دوای ساڵێك له گفتوگۆ كردن سه‌باره‌ت به پرسی رۆشنگه‌ری، ئه‌ویش به ده‌ست پێ كردن له‌م ده‌قه‌ی "كانت"ه‌وه: "وه‌ڵام بۆ پرسیاری: رۆشنگه‌ری چییه؟"، فۆكۆ چه‌ند لاپه‌رِه‌یه‌كی دی ده‌خاته سه‌ر ئه‌و موحازه‌ره‌یه‌ی، كه تێیدا بیرۆكه‌ی نوێخوازی "مۆدێرنێته" له لای "بۆدلێر" ده‌خاته به‌ر گفتوگۆوه. فۆكۆ پاساوی هه‌ڵبژاردنی بۆدلێر به‌وه دێنێته‌وه كه ده‌ڵێ: "چونكه به شێوه‌یه‌كی گشتی، یه‌كێك له شێوه‌كانی هه‌ره سه‌رپه‌رِی نوێخوازی له سه‌ده‌ی نۆزده‌م له لای ئه‌ودا ده‌بینین(1)."كه‌واته ئه‌وه‌ی زۆرتر فۆكۆ له‌باره‌ی تێگه‌یشتنی بۆدلێر له نوێخوازی ده‌ورووژێنێت، هۆشیار بوونه (هه‌ست كردنه) به زه‌مان.له ده‌قی به ناوبانگیدا "نیگاركێشی ژیانی نوێ"، بۆدلێر ئاماژه ده‌كات كه: "نوێخوازی راگوزه‌ر و، هه‌ڵاتوو و، لابه‌لایه، ئه‌و نیوه‌ی هونه‌ره، كه ئه‌زه‌لی و چه‌سپاو نیوه‌كه‌ی دیكه‌یه‌تی(2)." به‌ڵام ئه‌گه‌ر نوێخوازی هه‌ر چركه‌ی هه‌ڵاتووی راگوزه‌ر و لابه‌لا بێت، وه‌ك كه بۆدلێر پێشكه‌شمانی ده‌كات، كه‌واته چۆن ده‌كرێ له‌گه‌ڵ ئێستای هه‌نووكه‌دا، كه فۆكۆ سووره له سه‌ری، یه‌كتربرِ بێت؟ له راستیدا فۆكۆ پێویستی به بۆدلێره تا پشتیوانی له هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به نوێخوازی بكات، كه له قسه كردنی له‌باره‌ی ده‌قه‌كه‌ی پێشووی "كانت"ه‌وه، له‌باره‌ی رۆشنگه‌رییه‌وه رای گه‌یاند و دووپاتیشی كرده‌وه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه پێشكه‌ش كردنی نوێخوازییه له لایه‌ن فۆكۆوه "به‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكه هه‌مبه‌ر به ئێستا."
به هێنانه ئارای "بۆدلێر"، "فۆكۆ" له هه‌مان كات و به شێوه‌یه‌كی ناواخنانه، هه‌ردوو هه‌ڵوێستی توند و له‌گه‌ڵ یه‌كدا دژ، هه‌مبه‌ر به نوێخوازی "مۆدێرنێته"، واته هه‌ڵوێستی "هابرماس" كه دووپاتی ده‌كاته‌وه: پرۆژه‌ی نوێخوازی هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه و، هه‌ڵوێستی "لیوتار" كه كۆتایی هاتنی نوێخوازی و سه‌ره‌تای پاشه نوێخوازی (پۆست مۆدێرنێته)ی راگه‌یاند.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی فۆكۆ له رێی ئه‌م دووپات كردنه‌وه‌یه‌ی دادێ روون ده‌بێته‌وه: "من ده‌زانم كه به زۆری وه‌ك قۆناغێك قسه له‌باره‌ی نوێخوازییه‌وه ده‌كرێ یان، به هه‌ر حاڵ، وه‌ك كۆمه‌ڵه سیمایه‌ك كه خه‌سڵه‌تی قۆناغێكن، جا ده‌یخه‌ینه خشته‌یه‌كی زه‌مانه‌وه كه "پێشه نوێخوازی"یه‌كی ساده و تا راده‌یه‌ك كۆن وه‌پێشی ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها "پاشه نوێخوازی"یه‌كی نادیار و جێ نیگه‌رانیشی به دوادا دێت. جا ئه‌و كات ده‌پرسین: ئاخۆ نوێخوازی درێژ بوونه‌وه‌ی رۆشنگه‌ری و په‌ره‌سه‌ندنیه‌تی، یان ئه‌وه‌تا له سه‌رمان پێویسته پێمان وا بێت، دابرِان و لادانه له بنه‌ماگه‌لی بنه‌رِه‌تی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م(3)." با لێره‌دا سه‌رنج بده‌ین، كه فۆكۆ لێره‌دا چۆن، به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ر خۆی راده‌گه‌یه‌نێت (خۆی ده‌خاته روو)، ئاماژه به وتاره‌كه‌ی هابرماس "نوێخوازی: پرۆژه‌یه‌ك ته‌واو نه‌بووه" ده‌كات.
به پشت به‌ستن به "بۆدلێر"، فۆكۆ بۆچوونی خۆی هه‌مبه‌ر به نوێخوازی، به‌وه‌ی هه‌ست كردنه به زه‌مان، پێشكه‌ش ده‌كات. به‌م جۆره ره‌ت كردنه‌وه‌ی نوێخوازیی هابرماسانه ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه پێی وایه نوێخوازی هه‌ر ته‌نیا سه‌رده‌مێكی مێژووییه، هه‌روه‌ها بیرۆكه‌ی جووله‌ی بێ كۆتایی زه‌مان یان به‌رده‌وامیی هه‌تاهه‌تاییش ره‌ت ده‌كاته‌وه. به‌م چه‌شنه فۆكۆ داكۆكی له گوتاری نوێخوازانه‌ی بۆدلێر ده‌كات، تێیدا چه‌مكی هه‌ست كردن به زه‌مان وا لێك ده‌داته‌وه، به‌وه‌ی شكۆدار كردن و شانازی كردنه به ئێستا نه‌ك به‌وه‌ی به‌رده‌وامییه‌كی بێ هووده‌یه. ده‌با بیخوێنینه‌وه كه ده‌ڵێ: "به زۆری هه‌وڵی وه‌سف كردنی نوێخوازی ده‌درێت له رێی هه‌ست كردن به برِانه‌وه‌ی زه‌مانه‌وه: وه‌ك دابرِان له نه‌ریت و، هه‌ست كردن به نوێیایه‌تی و، شادیی راگوزه‌رانه. پێ ده‌چێ هه‌ر ئه‌مه‌شه كه بۆدلێر ویستوویه‌تی بیڵێت، كاتێ پێناسه‌ی نوێخوازی ده‌كات به "راگوزه‌ر، هه‌ڵاتوو، لابه‌لا". به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و، مرۆڤ به ددان پێدانان و قبووڵ كردنی ئه‌و جووله هه‌میشه‌ییه، نوێخواز نابێت، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، واته هه‌ڵوێستێكی دیاری كراوی هه‌بێت هه‌مبه‌ر به‌و جووله (بزووتنه‌وه)یه. ئه‌م هه‌ڵوێسته ئیرادی و زه‌حمه‌ته به‌نده به وه‌گیر كردنی شتێكی هه‌میشه‌یی، كه ناكه‌وێته ئه‌و دیوی چركه‌ی ئێستاوه، نه‌ك له دواوه‌شی به‌ڵكوو له نێویدا. به‌م جۆره نوێخوازی جیاوازه له مۆده، له‌وه زیاتر نییه كه فریای كاروانی زه‌مان بكه‌وێت. نوێخوازی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه كه بوار به وه‌گیر كردن (گرتن)ی ئه‌وه‌ی "پاڵه‌وانانه"یه له چركه‌ی هه‌نووكه‌دا. كه‌واته نوێخوازی هه‌ست كردن نییه به ئێستای هه‌ڵاتوو، به‌ڵكوو (مه‌زناندن: مه‌زن كردن)ی ئێستایه.(4)"
بێ گومان ئه‌و هه‌ڵوێسته فۆكۆییانه هه‌مبه‌ر به نوێخوازی شایانی رامانه، ئه‌و رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر بیرۆكه‌ی كۆتایی مێژوو، كه هه‌ر یه‌ك له هیگل و ماركس، بۆ نموونه له پێناو دۆزینه‌وه‌ی چركه‌یه‌كی ئاشت بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێستای هه‌نووكه‌دا یان له‌گه‌ڵ ئێستایه‌كی چاوه‌رِوان كراودا، پێشنیاریان كرد.
"رۆشنگه‌ری چییه؟"ی فۆكۆ و، ره‌خنه‌ی شاراوه‌ی له هابرماس:
به‌ده‌ر له هه‌ندێك تێبینیی خێرای له دیمانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی، فۆكۆ له نووسینه‌كانیدا هه‌رگیز ناوی "هابرماس"ی نه‌هێناوه و، هه‌رگیز ئاماژه‌شی به كاره‌كانی نه‌كردووه. له به‌رامبه‌ردا ناوی فۆكۆ له به‌رهه‌مه‌كانی هابرماس له‌باره‌ی نوێخوازییه‌وه، ئاماده بوونی چرِی هه‌یه. با ئه‌و برِگه سه‌رنج راكێشه له وتارێكی "دیدێ ئیربۆن" بخوێنینه‌وه، تێیدا باسی ئه‌و گریمانه "مشتومرِه"ی نێوان فۆكۆ و هابرماس له‌باره‌ی پرسیاری نوێخوازییه‌وه، ده‌كات: "په‌راوێزنووسانی ئه‌مریكی بایه‌خێكی گه‌وره به هێنان و بردنی نێوان هابرماس و فۆكۆ ده‌ده‌ن، ئه‌وان ئه‌و شته ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی كاره‌كه هه‌ر ته‌نیا بۆ هابرماس گرنگ نییه، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها بۆ فۆكۆش. له كاتێكدا كه ئێمه له ده‌قه‌كانیان ده‌رِوانین، زۆر خێرا ده‌بینین كه هابرماس زۆری له‌باره‌ی فۆكۆوه نووسیوه، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه له راستییه‌وه دووره. فۆكۆ هه‌رگیز وتارێك یان موحازه‌ره‌یه‌كی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی هابرماس ته‌رخان نه‌كردووه، ناویشی ناهێنێ ته‌نیا له بۆنه‌ی زۆر ده‌گمه‌ندا نه‌بێت، زۆربه‌ی كاتیش (ناو هێنانه‌كه به هۆی ئه‌وه‌ی) له دیمانه‌كاندا له‌و باره‌یه‌وه پرسیاری لێ ده‌كرێت(5)."
به‌ر له كه‌مێك گریمانه‌ی ئه‌وه‌مان كرد كه ده‌قی فۆكۆ "رۆشنگه‌ری چییه؟" ره‌خنه‌یه‌كی نارِاسته‌وخۆ ئاراسته به پرۆژه‌ی نوێخوازی به ستایلی هابرماسانه‌یه. لێره‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئاماژه به‌و تیره شاراوانه‌ی ره‌خنه بكه‌ین كه فۆكۆ ئاراسته به سینگی ره‌وتی نوێخوازانه‌ی هابرماسیی ده‌كات، به تایبه‌تیش بۆ وتاری "نوێخوازی: پرۆژه‌یه‌كی ته‌واو نه‌بوو"، كه هابرماس به بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی "تیۆدۆر ئه‌دورنۆ" له 11ی ئه‌یلوولی 1980دا پێشكه‌شی كرد.
بۆ پاساو دانه‌وه‌ی ئه‌م گریمانه‌یه، با یه‌كه‌م و به‌ر له هه‌ر شتێك، ئه‌وه‌مان وه‌بیر بێته‌وه، كه له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ئیدی په‌رده‌ی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانی/فه‌ره‌نسی هه‌ڵ ده‌درایه‌وه، ده‌ست پێ كردنی دیمه‌نێكی نوێی راگه‌یاند، كه رووداوه‌كانی به ده‌وری تراژیدیای هاملێتی نوێخوازیدا ده‌سوورِێته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ره‌تای رووبه‌رِوو بوونه‌وه له نێوانی نوێخوازی و پاشه نوێخوازی له ئاسۆدا ده‌رده‌كه‌وت، له كاتێكدا ئه‌ستێره‌ی هابرماس رووه‌وه به‌رده‌می شانۆی ئه‌ڵمان، به‌ره‌و پێش هه‌نگاوی ده‌نا، كه له ئه‌وروپادا جه‌ماوه‌رێكی ده‌بینی رۆژ به رۆژ روو له زیاد بوون بوو، ته‌نانه‌ت له ئاستی جیهانیشدا.
له به‌رامبه‌ردا ئه‌ستێره‌كانی "پاشه بونیادگه‌ری"ی فه‌ره‌نسا یه‌ك به یه‌ك له ته‌خته‌دا ون ده‌بوون، كه به مردنیان دیمه‌نێكی نیمچه بۆشیان له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی فه‌ره‌نسی جێ ده‌هێشت. سه‌ره‌تای هه‌شتاكان هه‌روه‌ها سه‌ره‌تای كۆتایی هاتنی فۆكۆ بوو، كه له‌و كاتدا -به‌ر له‌وه‌ی ئاشكرا بێ كه تووشی ئایدز هاتووه- پرۆژه‌ی هزرییانه‌ی یه‌كه‌مین نه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتی دۆزییه‌وه، كه یه‌كجار پێیان سه‌رسام بوو.
ره‌نگه ئه‌م گۆشه‌ی روانینه بوارمان پێ بدات، بڵێین ده‌قی فۆكۆ له‌باره‌ی رۆشنگه‌رییه‌وه، كه له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی ساڵانی هه‌شتاكاندا هات، هه‌ر ته‌نیا به‌شداری كردنێك بوو له لایه‌ن ئه‌وه‌وه له‌و دیالیكتیكه ئه‌ڵمانی/فه‌ره‌نسییه‌ی له‌باره‌ی بابه‌تی نوێخوازی و پاشه ئه‌ویشه‌وه، ره‌خنه‌ی نارِاسته‌وخۆی ئاراسته‌ی هابرماس كرد.
بۆ موكم كردنی ئه‌م گریمانه‌یه‌مان، ئێمه په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر دووباره رێك خستنه‌وه‌ی رووداوه‌كان:
- له ساڵی 1980دا هابرماس موحازه‌ره هه‌ره به ناوبانگه‌كه‌ی "نوێخوازی: پرۆژه‌یه‌ك ته‌واو نه‌بووه"ی پێشكه‌ش كرد.
- له ساڵی 1981دا وه‌رگێرِانی ئه‌و موحازه‌ره‌یه‌ی هابرماس به زمانی فه‌ره‌نسی بڵاو كرایه‌وه.
- له ساڵی 1982دا، فۆكۆ وانه به ناوبانگه‌كه‌ی "رۆشنگه‌ری چییه؟" له "كۆلیژ دی فرانس"دا پێشكه‌ش ده‌كات.
- له ساڵی 1983دا هابرماس بۆ "كۆلیژ دی فرنس" بانگهێشت ده‌كرێت و چوار موحازه‌ره پێشكه‌ش ده‌كات، كه دواتر ده‌بنه یه‌كه‌مین چوار موحازه‌ره‌ی كتێبه‌كه‌ی "گوتاری فه‌لسه‌فیانه‌ی نوێخوازی". هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه فۆكۆ بۆ یه‌كه‌مین جار به دیداری هابرماس ده‌گات، دواتریش هابرماس باس له‌وه ده‌كات، كه ئه‌و كات فۆكۆ داوای لێ كرد، سیمینارێك له‌باره‌ی ده‌قی كانت "رۆشنگه‌ری چییه؟" به بۆنه‌ی تێپه‌رِ بوونی دوو سه‌د ساڵ به سه‌ر په‌یدا بوونی، رێك بخه‌ن. ده‌بوو (ئه‌و سیمیناره) له تشرینی دووه‌می ساڵی 1984دا به به‌شداریی هه‌ندێك فه‌یله‌سووفی وه‌ك "ریچارد رورتی" و "چارلز تایلۆر" گرێ بدرێت(6).
- له حوزه‌یرانی ساڵی 1984دا به‌ر له گرێدانی ئه‌و سیمیناره، فۆكۆ مه‌رگ ده‌یباته‌وه(7).
گریمانه كردنی ره‌خنه‌یه‌كی توێكڵدار و نائاشكرا كه فۆكۆ له هابرماسی ده‌گرێت، واته به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دوور كه‌وتنه‌وه‌یه له خوێندنه‌وه‌ی رواڵه‌تی فۆكۆ و هه‌وڵدان بۆ رۆیشتن به‌ره‌و قوولایی تاریكاییه‌كه‌ی، واز هێنان له دێرِه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی نێوانیان، چاوپۆشین له‌وه‌ی ده‌یڵێت و گوێ گرتن له‌وه‌ی نایڵێت. به‌م ئاراسته‌یه وه‌رن با ئه‌و نامه‌یه بخوێنینه‌وه و به‌رخوێندنه‌وه (ته‌ئویل)ی بۆ بكه‌ین، كه فۆكۆ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی نارد كه پرۆژه‌ی رۆشنگه‌رییان به بێ هیچ پێداچوونه‌وه‌یه‌ك گرت بووه ئه‌ستۆوه: "با واز له‌وانه بهێنین كه ده‌یانه‌وێ پاشماوه‌ی رۆشنگه‌ری به ته‌واوی به زیندوویی بهێڵینه‌وه، (واز له) خۆیان و مریدایه‌تییه‌كه‌یان (بهێنین). بێ گومان ئه‌و مریدایه‌تییه له هه‌موو شتێك زیاتر رووبه‌رِووی خیانه‌ت ده‌بێته‌وه. پرسه‌كه ئه‌وه نییه كه ده‌ست به‌وه‌ی له رۆشنگه‌رییه‌وه ماوه بگیرێت، به‌ڵكوو پرسیاره‌كه له خودرِۆشنگه‌ری و واتاكه‌یه‌تی (واته پرسی دیرۆكایه‌تیی هزری هه‌مه‌كییه)، ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ ئێستا بهێڵدرێته‌وه و له عه‌قڵیشدا بهێڵدرێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ بیری لێ بكرێته‌وه(8)."
هه‌وڵی هابرماس له هه‌ر یه‌ك له تیۆریی "كرده‌ی به‌رده‌وامی" و "نوێخوازی: پرۆژه‌یه‌ك ته‌واو نه‌بووه"دا (گوتاری فه‌لسه‌فییانه‌ی نوێخوازی تا دوای مردنی فۆكۆ په‌یدا نه‌بوو)، زۆر به روونی سوور بوونی هابرماس له سه‌ر میراتی رۆشنگه‌ری و رۆیشتن به رێرِه‌وه‌كه‌یدا، بۆ ئێمه ده‌رده‌خات. خۆ ره‌نگه ئه‌و (فۆكۆ) بێت كرۆكی مه‌به‌ست له ئاماژه‌كه‌ی هابرماسدا، ئه‌وه‌ش به سه‌ر "رینێ روشلیتز" وه‌رگێرِی ژماره‌یه‌كی زۆر له دانراوه‌كانی هابرماس بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسیدا، تێپه‌رِ نه‌بوو، كه سه‌رنجی دایه ئه‌و ئه‌گه‌ره ره‌خنه‌یه(9).
هابرماس وا ده‌رِوانێته رۆشنگه‌ری كه كۆمه‌ڵه پێوه‌رێكه، به گوێره‌ی ئه‌و برِیاری سیاسی و كولتووریی خۆمان پێوانه ده‌كه‌ین، جا به پێداگرتنی له سه‌ر ئه‌وه، وا دیاره داوامان لێ ده‌كات له نێوانی دوو هه‌ڵوێستدا كه سێیه‌میان نییه، سه‌رپشك بین: یان ئه‌وه‌تا درێژه به پرۆژه‌ی نوێخوازی ده‌ده‌ین كه ئه‌و كات له سه‌ر راسته رێ ده‌بین، یانیش واز له رۆیشتن به‌و رێیه‌دا ده‌هێنین و، به كوێره رێدا ده‌رِۆین كه فه‌یله‌سووفانی پاشه نوێخوازیی نه‌ریتپارێز پێیدا رۆیشتن. ئه‌وه به گوێره‌ی پۆلێنی هابرماس، كه به هیچایه‌تی و به‌دبه‌ختی ده‌گه‌ین.
فۆكۆ له‌و ناچار كردنه هزرییه یاخی ده‌بێت، كه یان ده‌بێ له‌گه‌ڵ یان دژ بین، ئیدی ده‌ڵێ: "رۆشنگه‌ری رێكارێكی تایبه‌تی له فه‌لسه‌فاندندا دیاری كرد، به‌ڵام ئه‌وه واتای ئه‌وه نییه كه "له‌گه‌ڵ" یان "دژ" به رۆشنگه‌ری بین، به‌ڵكوو ئه‌وه به دروستی واته ره‌ت كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك به‌دیلێكی ساده‌كارانه و خۆسه‌پێن پێشكه‌ش ده‌كات: یان ئه‌وه‌تا رۆشنگه‌ری قبووڵ ده‌كه‌ن و له چوارچێوه‌ی نه‌ریته‌كانی مه‌یلی عه‌قڵانیانه‌ی ئه‌ودا ده‌مێننه‌وه (ئه‌وه‌ش هه‌ندێك به كاری ئه‌رێنیی ده‌بینن، كه‌چی جێگه‌ی سه‌ركۆنه كردنه له لای هه‌ندانێكی دیكه‌وه)، یانیش ره‌خنه له رۆشنگه‌ری ده‌گرن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ده‌ست بنه‌ماكانی هه‌ڵبێن (ئه‌وه‌ش بۆی هه‌یه جارێكی دی، وا لێی حاڵی بن كه چاكه یان خراپ). ناشكرێ له‌م هه‌ڵوێسته گه‌فامێزه ده‌ربچین، ته‌نیا مه‌گه‌ر هه‌ندێك جیاوازی "دیالیكتیك" بخه‌ینه نێوییه‌وه، ئه‌ویش له رێی گه‌رِان به دوای دیاری كردنی ئه‌وه‌ی له رۆشنگه‌ریدا چاكه و ئه‌وه‌ی خراپیشه(10)." كه‌واته، به‌رامبه‌ر به هه‌ڵوێستی هابرماسانه، فۆكۆ دووپاتی ده‌كاته‌وه، كه "ده‌بێ له‌م گه‌فه كولتووری و سیاسییه رزگار بین" كه یان ده‌بێ له‌گه‌ڵ رۆشنگه‌ری بین یان دژی، "(...) ده‌بێ له سه‌رپشكایه‌تیی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه رزگار بین، به‌وه‌ی له تخووبدا بین(11)."
فۆكۆ جارێكی دی رووی ره‌خنه‌ی له هابرماس ده‌كات (به بێ ئه‌وه‌ی به ئاشكرا ناو بهێنێت) كاتێك قسه له‌باره‌ی نوێخوازییه‌وه ده‌كات به‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكه، جا ده‌ڵێ: "له بری ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی جیاوازی له نێوان "قۆناغی نوێ" و قۆناغی "پێشه" یان "پاشه نوێخوازی" بكه‌ین، پێم وایه باشتره بگه‌رِێین به دوای كه چۆن نوێخوازی، هه‌ر له سه‌ره‌تای گه‌ڵاڵه بوونییه‌وه، خۆی له ململانێیه‌كدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌كانی "دژه نوێخوازی"دا بینییه‌وه(12)."
روونه كه فۆكۆ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ی هابرماس له "نوێخوازی: پرۆژه‌یه‌ك ته‌واو نه‌بووه"دا له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه گوتی، به درۆی بخاته‌وه، كاتێك له ریزی دوژمنانی نوێخوازیی دانا.
ئه‌ویش به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وانه‌ی به زۆری به "پاشه بونیادگه‌رانی فه‌ره‌نسی" ناو ده‌برێن، فۆكۆ سه‌ری رمه‌كه‌ی ئاراسته به تیۆرییه‌كانی "هه‌مه‌كی" ده‌كات، كه ده‌ڵێن هه‌موو دیارده‌كانی كۆمه‌ڵیان چارسه‌ر كردووه. بێ هیچ گومانێك، تیۆریی "به‌رده‌وامیناسی"ی هابرماس (كه ئه‌و كات بایه‌خێكی روو له گه‌شه‌ی له توێژینه‌وه‌گه‌لی جڤاكیدا به‌ده‌ست هێنا) چاوی له‌وه بوو ببێته پرۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌كی، چه‌شنی ئه‌و پرۆژانه‌ی فۆكۆ ئاماژه‌یان پێ ده‌كات، كه ده‌ڵێ: "ئه‌م ئه‌نتۆلۆژیا مێژووییه‌ی خۆمان، پشت ده‌كاته هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی كه به خۆیان ده‌ڵێن هه‌مه‌كی و ریشه‌یی. ئێمه به ئه‌زموون بۆمان ساغ بووه‌ته‌وه، كه قسه كردن له‌باره‌ی ده‌رچوون له سیسته‌می واقیعی ئێستا، تا پرۆگرامی هه‌مه‌كی بۆ جڤاكێكی دی، بۆ رێكارێكی جیاواز له بیركردنه‌وه، بۆ كولتوورێكی دی، بۆ دیتنێكی نوێ بۆ جیهان پێشكه‌ش بكه‌ین، له راستیدا هه‌ر نه‌ریتی مه‌ترسیدارتری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه(13)." گومانی تێدا نییه، ئه‌وه‌ی ئاگای له كاراوانی فۆكۆ هه‌یه، ده‌زانێت كه ئه‌و گه‌ڵاڵه كردنی تیۆری یان پرۆژه‌ی هه‌مه‌كیی ره‌ت كرده‌وه، به ره‌خنه گرتن له گوتاره‌كانی ره‌خنه گرتن له شێتی و ره‌گه‌زناسی (سێكسناسی) و نۆرِینگه (هتد..) به‌سی لێ كرد، هه‌وڵی دا میكانیزمه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوت، له هه‌ر یه‌كه‌یان بدۆزێته‌وه.
هابرماس زۆر چاك ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی فۆكۆ وه‌رده‌گرێت، ده‌شزانێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان مه‌به‌ست ئه‌وه، ئه‌ویش هه‌وڵ ده‌دات به دوو جار به‌سڤی فۆكۆ بداته‌وه. یه‌كه‌میان كاتێك به وتارێك كه ناونیشانی "تیرێك له دڵی زه‌مانی ئێستادا"یه، كه پێیدا هه‌ڵ داوه (چه‌ندین جاریش باسمان كرد)، جاری دووه‌میش به درێژی و له دوو به‌شدا (له وه‌رگێرِانه فه‌ره‌نسییه‌كه‌دا) به شه‌ست و شه‌ش لاپه‌رِه بوو، له نێو كتێبه گرنگه‌كه‌یدا "گوتاری فه‌لسه‌فیانه‌ی نوێخوازی".
له‌و دوو جاره‌دا، هابرماس شه‌رِی له‌گه‌ڵ تارمایی فۆكۆدا ده‌كرد، كه ئه‌و (فۆكۆ) له‌و كاته‌دا له‌به‌ر چاواندا نه‌ما بوو.
په‌راوێز:
1- Foucault, Quest-ce que lAufklärung ?, p.67.
2- Ch. Baudelaire, Le peintre de la vie moderne, in Œuvres complètes, Paris, p. 1163.
3- Foucault, Quest-ce que lAufklärung ?, P. 67.
4- ژێده‌ری پێشوو، ل 67.
5- Didier Eribon, « Limpatience de la Liberté (Foucault et Habermas) », in Michel Foucault et ses Contemporains, Fayard, 1944, P. 289.
له‌م گوتاره رۆژنامه‌وانییه‌ی رۆژنامه‌نووس ئیریبۆن (یه‌كێك له براده‌رانی فۆكۆ)دا، ورده‌كاریی خۆش ده‌بینین (هه‌رچه‌نده به شێوه‌یه‌كی ساده‌ی رۆژنامه‌وانیانه‌ش پێشكه‌ش كراوه) كه له‌باره‌ی یه‌كه‌مین دیداری نێوان فۆكۆ و هابرماسه له ساڵی 1983دا له فه‌ره‌نسا. ئیریبۆن ده‌ڵێ فۆكۆ هێنده په‌رۆشی سه‌ردانه‌كه‌ی هابرماس نه‌بوو (له گۆرِه‌پانی كولتووریی فه‌ره‌نسادا ئه‌و كات نیمچه نه‌ناسراو بوو)، كه هه‌ر ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێك ئاماده‌ی موحازه‌ره‌ی ده‌ست پێ كردنه‌كه‌ی بوو، پاشان هه‌ڵات و رۆیشت. دواتر نووسه‌ر باسی چۆنیه‌تی به‌یه‌ك گه‌یشتنی هه‌ردوو فه‌یله‌سووف ده‌كات، كه چۆن له ئێواره خوانێكدا پێك گه‌یشتن، تێیدا فۆكۆ فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمان "یورگن هابرماس"ی بانگهێشت كرد بوو، هه‌روه‌ها چۆن له‌باره‌ی بابه‌تی رۆشنگه‌رییه‌وه، نائارامی ئه‌و ئێواره خوانه‌ی گرته‌وه، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی كانت و نیچه‌وه، هه‌روه‌ها چۆن له‌باره‌ی سینه‌ما و هونه‌ر ..هتد، چێژی هه‌ردوو فه‌یله‌سووف جیاواز بوو..
6- Voir: J, Habermas, " Une flèche dans le cœur du temps présent", Critique N° 471-472, août-septembre, 1986.
7- به بۆنه‌ی مردنی فۆكۆوه، هابرماس دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا وه‌بیر دێته‌وه كه ده‌ڵێ: "من فۆكۆم تا مانگی ئاداری ساڵی 1983 نه‌ناسی بوو، ره‌نگه ئه‌و كات له ئاداری 1983دا زۆر چاك لێی حاڵی نه‌بووبم (...)، به بۆنه‌ی تێپه‌رِ بوونی دوو سه‌د ساڵ به سه‌ر په‌یدا بوونی ده‌قه‌كه‌ی كانتدا: "وه‌ڵام بۆ پرسیاری رۆشنگه‌ری چییه؟"، واته له تشرینی دووه‌می ساڵی 1984دا، كه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هاوكاری ئه‌مریكیدا توانیمان ئه‌ڵقه‌یه‌كی ناوخۆی توێژینه‌وه رێك بخه‌ین. كاتێك ئه‌و پێشنیاره‌ی خۆی خسته به‌ر ده‌مم، له‌وه بێ ئاگام بووم، كه به‌ر له ماوه‌یه‌كی نزیكدا له دادانی وانه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌ته بووه‌ته‌وه. من له‌و برِوایه‌دا بووم كه ئه‌و بانگهێشتم ده‌كات تا (له‌گه‌ڵ هیربرت داریفۆس، ریچارد رورتی و، چارلز تایلۆر)دا گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ندین لێكدانه‌وه بۆ نوێخوازی بكه‌ین، كه ده‌قه‌كه‌ی كانت ده‌سپێكمان بێت، (ئه‌و ده‌قه‌ی) به هه‌ندێك پێوه‌ر، ده‌سته گوڵی گوتاری فه‌لسه‌فییانه‌ی نوێخوازیی لێ داوه. ئه‌وه نه‌هاته پێش كه رێك به نیه‌تی پێشنیاره‌كه‌ی فۆكۆ به‌دی بێت. ئۆباڵ به گه‌ردنم ده‌ڵێم، من هۆشم بۆ ئه‌وه نه‌چوو تا مانگی ئایاری ساڵی 1984 كاتێك پۆخته‌یه‌ك له‌باره‌ی موحازه‌ره‌كه‌ی فۆكۆ بڵاو كرایه‌وه." برِوانه:
J. Habermas, «Une flèche dans le cœur du temps présent», pp. 794-795.
8- Foucault, Dits et écrits, P. 57.
9- برِوانه وتاری:
Rainer Rochitz, « Kant avec Darwin : le projet de Habermas », Magazine littéraire N° 309, avril, 1993, P.77.
9- M. Foucault, Quest-ce que lAufklärung ?, P. 69.
10- هه‌مان ژێده‌ر. ل 70.
11- هه‌مان ژێده‌ر. ل 67.
12- هه‌مان ژێده‌ر. ل. 71.