سه‌رپۆش له سه‌ر "عه‌قڵه" یان "سه‌ر"؟
May 12, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ئه‌دۆنیس
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
به بۆنه‌ی ئه‌و گرفته به‌رده‌وامه‌ی پرسی سه‌رپۆش، به تایبه‌تی له فه‌ره‌نسا، هه‌روه‌ها له وڵاتانی رۆژاواش به گشتی، ده‌یورووژێنێت. (ئه‌م نووسینه گه‌ڵاڵه بوو).1
هه‌رچه‌ندی ئه‌و رایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به دیارده‌ی سه‌پاندنی سه‌رپۆش به سه‌ر ژنی موسڵمانه‌وه هه‌یه زۆریش بن، ده‌كرێ له‌باره‌یانه‌وه بگوترێت كه هه‌ر هه‌موویان ته‌نیا بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ن. جا، كه وا بێت، (ئه‌م بابه‌ته) بێ له خاوه‌نی ئه‌و (بۆچوون و لێكدانه‌وانه) بۆ كه‌س دی نابێته ئه‌رك و په‌یوه‌ستی. ده‌قێكی گرده‌برِ نییه سه‌رپۆشی، وه‌ك ئه‌وه‌ی بنه‌چه‌خوازانی ئایین ده‌یانه‌وێت، سه‌پاند بێت. هه‌ندێك (ورده‌كاری)ی كه‌لتوور هه‌ن، راڤه ده‌كرێن. به‌ڵام، ئایا راسته، له رووی ئایینه‌وه، كه‌لتوور تا پله‌ی شه‌رع یان یاسا به‌رز ببێته‌وه؟
له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، پرسی سه‌رپۆش هه‌ر ناكۆكیی له‌باره‌وه ده‌مێنێت. ئیدی به چ هه‌قێك یان به چ ده‌سه‌ڵاتێك، هه‌ندێك خه‌ڵك لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیان به سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێنن، له پێناوی ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك جار رێ به خۆیان ده‌ده‌ن توندوتیژییش به‌كار بهێنن، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا دژ به ژن، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها دژ به‌و كه‌سانه‌ش كه رای جیاواز له رای ئه‌وانیان هه‌یه، هه‌روه‌ها دژ به هه‌موو كۆمه‌ڵ؟
خۆ ئه‌گه‌ر پرسی سه‌رپۆش له نێو كۆمه‌ڵگاكانی ئیسلامی‌دا كۆنه، كه ئه‌وان به گشتی، كۆمه‌ڵگای نامه‌ده‌نین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كرێ له زه‌حمه‌تی و ئاڵۆزییه‌كی حاڵی بین. هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵوێستی بنه‌چه‌خوازیی ئیسلامی له كۆمه‌ڵگاكانی مه‌ده‌نیی رۆژاوادا، گرفت ده‌نێته‌وه و به خراپ به سه‌ر ئه‌و موسڵمانانه‌شدا ده‌شكێته‌وه كه له‌وێدا ده‌ژین، به‌وه‌ی (ئه‌و موسڵمانانه) تاكی كۆمه‌ڵگای (ئه‌وێن)، به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش زیان به خودی ئیسلام ده‌گه‌یه‌نێت، به‌وه‌ی دید و روانینێكه بۆ مرۆڤ و جیهان، بۆ "خۆ" و "ئه‌وی دیكه"ش.
ساده‌ترین بنه‌ما ئه‌وه‌یه موسڵمانانی كۆچبه‌ر، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یان به‌ده‌ست هێناوه كه لێی ده‌ژین، بزانن كه ده‌بێ سنوورێكی دابرِ له نێوانی تایبه‌ت و گشتی، له نێوانی باوه‌رِی كه‌س و به‌هاگه‌لی هاوبه‌شی جڤاكیدا دابنێن. هه‌ر ده‌بێ هه‌موو هاووڵاتیان ملكه‌چی ئه‌می دواییان (به‌هاگه‌لی هاوبه‌شی جڤاكی) بن، به تایبه‌تی له نێو ده‌زگاگه‌لی مه‌ده‌نی و په‌روه‌رده‌یی ئه‌و جڤاكه‌دا. ئه‌و موسڵمانانه‌ی ده‌ست له سه‌رپۆش هه‌ڵناگرن، هه‌ر ده‌بێ بزانن، كه ئه‌و ده‌ست هه‌ڵنه‌گرتنه‌یان، واته رێز نه‌گرتن له هه‌ستی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له یه‌ك نیشتیمان له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژین، باوه‌رِیان به به‌هاكانیشیان نییه، بنه‌ماكانی ژیانیشیان پێشێل ده‌كه‌ن، گاڵته به یاساكانیشیان ده‌كه‌ن، كه (ئه‌وان) خه‌باتێكی درێژیان له پێناو چه‌سپاندنیاندا كردووه. (بنه‌چه‌خوازان) ئه‌و بنه‌ما دیموكراسییه كۆمارییه‌ی ئه‌و وڵاتانه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، كه له ئامێزی گرتوون و، كار و ئازادیشی بۆ ده‌سته‌به‌ر كردوون.
پێویسته د‌رك به‌وه‌ش بكه‌ن، كه ئه‌م جۆره ده‌ست پێوه گرتنه (ئاستی) پێشێل كردن تێده‌په‌رِێنێت به‌ره‌و جۆرێك له ره‌فتار، كه بوار به گه‌لێك له رۆژاواییان ده‌دات، كه به جۆرێكی دی له جۆره‌كانی "داگیركاری" لێی برِوانن.
2
قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت، ژنی موسڵمان له رۆژاوا بۆ خۆی سه‌رپۆش هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌و به‌و په‌رِی ئازادی ده‌یپۆشێت. ئه‌م قسه‌یه پێویستی به گفتوگۆی زۆر هه‌یه، كه ئه‌م گۆشه‌یه جێی باس كردنی نییه. به‌ڵام، بۆ نموونه، كاتێك له پاریس‌دا كچانی بچووك (به سه‌رپۆشه‌وه ده‌بینی)، كه هه‌ندێكیان ته‌مه‌نیان له چوار ساڵ تێپه‌رِی نه‌كردووه، ئایا ده‌كرێت بڵێین، ئه‌وانیش به‌و په‌رِی ئازادیی خۆیانه‌وه سه‌رپۆشیان له سه‌ر ناوه؟ ئاخۆ ئازادیی كچۆڵه‌یه‌كی له‌م ته‌مه‌نه‌دا ده‌بێ چی بێت؟
له‌به‌ر چی موسڵمانانی بنه‌چه‌خوازی كۆچبه‌ر، بێ له‌و ئامرازانه‌ی بۆ ئاشكرا كردنی داخران و گۆشه‌گیرییان، بۆ كۆچیان له نێو كۆچدا به‌كاریان ده‌هێنن، چی دی نابینن؟ ئه‌وان له سایه‌ی كرانه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا له‌وێن. بۆیه، كاتێك باوه‌رِی خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، یان جاری وا هه‌یه به سه‌رپۆش په‌یرِه‌وی ده‌كه‌ن، هه‌ندێك جاریش به ریش، یان به هه‌ردووكیان پێكه‌وه، ئیدی ئه‌وان یه‌كه‌م ده‌ست درێژی ده‌كه‌نه سه‌ر ئیسلام، چونكه له‌و فۆرمالیسته (رواڵه‌تكارییه) رووكه‌شانه‌دا بچووكی ده‌كه‌نه‌وه، له شێوه‌ی دروشم یان هێمایه‌ك، له به‌رده‌می جیهاندا نمایشی ده‌كه‌ن، كه (ئایینه‌كه) ده‌كاته ته‌نیا سرووتێكی شێوه‌یی. پێتان وایه كه موسڵمانان ده‌بێ له‌م سه‌ده‌یه‌دا به‌م شێوه‌یه ئیسلام بخه‌نه روو، كه ئه‌و (ئایینه) تا چه‌ندین سه‌ده، هێمای داهێنان و تیشكدانه‌وه بوو؟ باشه تێناگه‌ن كه ئه‌وان به‌م ره‌فتاره‌یان خودی ئیسلام "ده‌شارنه‌وه"، ئه‌وان "رووی داده‌پۆشن"، هه‌روه‌ها "ده‌یشێوێنن" و "ده‌یخنكێنن".
پاشان ئه‌وانه‌ی بانگ بۆ سه‌پاندنی سه‌رپۆش ده‌كه‌ن، بریتین له كه‌مینه‌یه‌ك له نێو موسڵمانانی رۆژاوادا، هه‌روه‌ها له نێو موسڵمانان له جیهانی عه‌ره‌بیشدا. ئه‌گه‌ر سه‌رپۆش بخرێته بن باری دیموكراسییه‌وه، ئه‌وا به ته‌واوی نامێنێت. ئه‌و كه‌مینه موسڵمانه‌ی رۆژاوا له بری ئه‌وه‌ی، رێز له دیموكراسی و بنه‌ماكانی بگرێت، به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵیدا لامل بێت، هه‌وڵیش ده‌دات به زه‌بر، رای خۆی نه‌ك ته‌نیا به سه‌ر موسڵماناندا، به‌ڵكوو به سه‌ر خودی دیموكراسیشدا بسه‌پێنێت. ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكه نازانم چۆن ده‌كرێ "دیزه به ده‌رخۆنه" بكرێت و داكۆكیی لێ بكرێت، یان چۆن ده‌كرێت خزمه‌ت به ئیسلام بكات، یان گوزارشتێكی راست و دروست بێت له‌و؟
ئه‌مه هه‌ڵوێستێكه، له سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت به وردی و بابه‌تیانه لێی بكۆڵنه‌وه، فه‌رز ده‌كات، وا برِواننه مریدانی، كه نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایین په‌روه‌ر یان پیاوی ئایین بن، به‌ڵكوو وه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسین و به سیاسه‌ته‌وه خه‌ریكن. له راستیشدا هه‌موو رووداوه‌كان ئاماژه ده‌كه‌ن كه ئه‌و كه‌مینه‌یه، كه‌مینه‌یه‌كی سیاسییه، پێویسته موسڵمانان و رۆژاواییانیش، نه‌ك وه‌ك نوێنه‌رانی ئایین، به‌ڵكوو ته‌نیا وك پارتێكی سیاسی ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
3
ته‌نیا مزگه‌وت، ئه‌و شوێنه‌یه كه موسڵمان تێیدا دیار و جودا ده‌بێت، كه (تێیدا) "ناسنامه"ی ئایینیی خۆی، له رۆژاوادا ده‌خاته روو، (هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ له وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا كاره‌كه هه‌ر وا بێت). (مزگه‌وت) ته‌نیا شوێنێكه كه به ته‌واوی مافی ئایینیی خۆی تێدا په‌یرِه‌و ده‌كات. هه‌ر كردارێكی ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌وێ)، جڤاكی بێت یان گشتی، ئه‌وه دوژمنكارییه بۆ سه‌ر به‌هاگه‌لی هاوبه‌ش. ده‌زگا و دامه‌زراو، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌یین، قوتابخانه و زانكۆ، شوێنی گشتی و هاوبه‌شی مه‌ده‌نین. شوێنی به‌یه‌ك گه‌یشتنن. شوێنی كراوه‌ن بۆ هه‌موو خه‌ڵك. شوێنانێكن ده‌بێ هه‌موو نیشانه‌یه‌كی تایبه‌ت و جیاكه‌ره‌وه‌ی ئایینی، كه هه‌ر چییه‌ك بێت، لێیان نه‌مێنێت.
ئه‌م (شوێنانه‌ش) ده‌خه‌ینه سه‌ر ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كان: شه‌قام، چایخانه، یانه، سینه‌ما، هۆڵی گشتیی موحازه‌ره و كۆنگره. ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌ی جیاكه‌ره‌وه‌ی ئایینی له‌و شوێنانه‌دا، پێشێل كردنی واتا و مه‌به‌ستی ئه‌وانه. پێشێل كردنی یه‌ك ماڵییه، یان (پیشێل كردنی) تاكه "ناسنامه"ی هاوبه‌شه. هێمایه بۆ ویستی جیابوونه‌وه. بۆ ره‌ت كردنه‌وه‌ی تێكه‌ڵ بوون. جه‌خت كردنه‌وه‌شه له سه‌ر ناسنامه‌ی تایبه‌ت و جیا، له نێو ناسنامه‌ی گشتیی به‌دیهێنه‌ری یه‌كێتی. ئه‌مه‌ش بریتییه له وه‌ستانه‌وه به رووی هه‌ستی گشتی و، زه‌وقی گشتی و، كولتووری گشتی و، ره‌وشتی گشتی.
پاشان جه‌خت كردنه‌وه‌ی رواڵه‌تیانه له سه‌ر تایبه‌ت له نێوجه‌رگه‌ی گشتیدا، جۆرێكه له خۆ نواندن یان نمایشكاری، كه له‌گه‌ڵ ئاییندا ناگونجێت. بنه‌رِه‌تی ئه‌زموونی ئایین ئه‌وه‌یه له سه‌ر په‌رۆشی رۆنرا بێت، له سه‌ر جۆرێك له په‌نهانی، له سه‌ر ساده‌یی، له سه‌ر به‌ڵێن و بێده‌نگی و گۆشه‌گیری، دوور له هه‌موو شێوه‌یه‌كی "رواڵه‌تبازی".
ئه‌گه‌ر هه‌ندێك (كه‌س یان گرووپ) نارِه‌زایی ده‌رده‌برِن، كه ژنی موسڵمان به ناوی مافی ئازادیی ئایینه‌وه، سه‌رپۆش ده‌پۆشێت. (هه‌ڵبه‌ت) ئه‌و مافه تا تایبه‌ت بێت و له بازنه‌ی تایبه‌تدا پیاده بكرێت، ئه‌وه پارێزراوه و رێزی لێ گیراوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه تێ په‌رِێنێت، ئه‌وه ده‌گۆرِێت به جۆرێك له تێپه‌رِاندن، بۆ شێوه‌یه‌ك له ده‌ست درێژی كردن بۆ سه‌ر ئه‌وی دی. دیسان بریتییه له رێز نه‌گرتن له را و بیرۆكه و هه‌ستی ئه‌و (ئه‌وی دی). سه‌رباری گاڵته كردن به بنه‌ما و یاساگه‌لی گشتی و مه‌ده‌نی، به ئه‌رك و قوربانیی گه‌وره، كه له پێناویان‌دا پێشكه‌ش كراون.
4
كاتێك هه‌ندێك له خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی فه‌رمانیان دا ناموسڵمانان نیشانه‌ی جیاكه‌ره‌وه (زنار) ببه‌ستن تا له موسڵمانان جیا بكرێنه‌وه، ئه‌و (كاره) بووه مایه‌ی فشه پێ كردن، بێ له‌وه‌ی نیشانه‌یه‌ك بوو بۆ پاشه‌كشه كردن و چه‌ق به‌ستن. به‌م جۆره هێنده‌ی نه‌برد، هه‌ر زوو بزاوتی كۆمه‌ڵ پووچه‌ڵی كرده‌وه. هه‌ڵبه‌ت زۆر سه‌یره و ئه‌سته‌مه لێی حاڵی بین، كه هه‌ندێك له موسڵمانان له رۆژاوادا سوورن له سه‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موسڵمانن، نیشانه‌ی جیاكه‌ره‌وه ببه‌ستن، تا له خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تێیدا ده‌ژین جیایان بكاته‌وه. ئه‌و سوور بوونه‌ش سووكایه‌تی كردنه به مێژوویان، سزایه‌كه بۆ ئه‌و مێژووه و بۆ كولتووره‌كه‌یان، هه‌روه‌ها بۆ ئاماده بوونیان له جیهاندا، تا ئه‌و راده‌یه‌ی بۆ كه‌سێك كه (له ره‌وشه‌كه) راده‌مێنێت، وا ده‌رده‌كه‌وێت، كه سه‌رپۆش ته‌نیا پێشێل كردنی یاسا و كولتووری ئه‌وی دی نییه، به‌ڵكوو به‌ر له‌وه، ریسوا كردنی خوده، هه‌روه‌ها شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانه، به‌ڵام له باوه‌شی مه‌رگدا.
5
به كورتی و پوختی ده‌گه‌مه ئه‌وه‌ی بڵێم، ئه‌و راڤه‌ی ئایینه كه له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی سه‌رپۆشدایه به سه‌ر ژنی موسڵماندا، (ئه‌و ژنه‌ی) له وڵاتێكی عه‌لمانیدا ده‌ژی، كه ئایین و سیاسه‌ت له یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه، له رووی ماف و ئه‌ركیشه‌وه، وه‌ك یه‌ك ده‌رِوانێته ژن و پیاو، عه‌قڵێك ئاشكرا ده‌كات كه نه‌ك هه‌ر ژن له پشت په‌رده ده‌شارێته‌وه، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها مرۆڤ و كۆمه‌ڵ و ژیانیش له پشت په‌رده‌دا ده‌شارێته‌وه. عه‌قڵیش ده‌خاته پشت په‌رده‌وه. ئه‌وه‌ش راڤه‌یه‌كه ماف به گه‌لێك كه‌س له رۆژاوا ده‌دات، كه پێیان وا بێت (ئه‌وه) كارێكه ئه‌و بنه‌مایانه هه‌ڵده‌ته‌كێنێت، كه خه‌باتی رۆژاوا له پێناوی ئازادی و داد و یه‌كسانیدا، جێگیری كردوون. هه‌روه‌ها پێیان وا بێت، كه ئه‌وه داوایه‌كه بۆ ره‌ت كردنه‌وه‌ی رۆڵی ژن له ژیانی گشتیدا، (له بواری) جڤاكی و كولتووری و سیاسی‌دا، ئه‌وه‌ش به ته‌واوی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ژیانی مه‌ده‌نی له ئه‌وروپا و رۆژاوادا ناكۆكه.
ئیدی ئه‌و، به‌و جۆره، راڤه‌یه‌كه له دوایین شی كردنه‌وه‌دا، كار بۆ گۆرِینی مرۆڤ و ئایین پێكه‌وه ده‌كات، بۆ (ئه‌وه‌ی ببنه) ته‌نیا ئامرازگه‌لێك له خزمه‌تی ئامێرێكی ده‌سه‌ڵاتخواز، كه ملهورِییه‌كی كوێر هه‌ڵی ده‌سوورِێنێت.
ژێده‌ر:
گۆڤاری (الحوار المتمدن) و، رۆژنامه‌ی (الحیاه)ی له‌نده‌نی.