فۆكۆ و مایكرۆفیزیای ده‌سه‌ڵات
April 26, 2011
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :مهعزووز عه‌بدلعالی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
له تیۆرییه‌كه‌یدا له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه، فۆكۆ له‌گه‌ڵ بۆچوونی كلاسیكانه‌ی ماركسیزم و تیۆرییه‌كانی مافی خۆزایی (سروشتی)دا ناكۆكه. خود یان بكه‌رێك نییه كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بێت، ده‌زگای (ده‌وڵه‌ت)یش نییه، كه تاك و ته‌نیا ده‌سه‌ڵات به‌كار بهێنێت. فۆكۆ نموونه‌یه‌كی ستراتیژییانه بۆ ده‌سه‌ڵات پێشنیار ده‌كات. نابێ وا ته‌ماشای ده‌سه‌ڵات بكرێت، وه‌ك جێگیر و چه‌سپاو له ده‌ستی تاكه كه‌سێك یان گرووپێكدا، به‌ڵكوو ده‌بێ وا بیر له ده‌سه‌ڵات بكرێته‌وه، كه به‌رهه‌می ستراتیژه‌كانی ململانێیه له نێوانی هێزه‌كاندا."نیچه" له‌باره‌ی زۆری و فره‌یی په‌یوه‌ندیی هێزه‌كانه‌وه ده‌دوێت، به جۆرێك كه له تاكه خودێكی خاوه‌ن هێزه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه. ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندیی نێوان هێزه‌كانه، به چه‌شنێك سیسته‌م و ریزبه‌ندییه‌ك، یان دابرِان و جیابوونه‌وه، پێك ده‌هێنێت. ئه‌و له نێو هه‌موو په‌یوه‌ندیگه‌لی له ململانێی جڤاكی و هێماییدا، په‌خش و بڵاوه. ده‌سه‌ڵات له سهرهوهرِا ناسه‌پێندرێت، به‌ڵكوو له ژێرهوهرِا دێت، له په‌یوه‌ندیی دووسه‌ره‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتدار و بهردهسهڵات (حاكم و مه‌حكووم)دا ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكوو دروست له په‌یوه‌ندییه‌كانی هێزی به‌رجه‌سته بوو له میكانیزمی به‌رهه‌م له نێو خێزان، له گرووپی بچووك، له نێو ده‌زگاكاندا ده‌رده‌كه‌وێت، به سه‌رله‌به‌ری جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا رۆ ده‌چێت:
"هێز له بنهوهرِا دێت، پاشان له ریشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێزه‌وه، له نێوان باڵاده‌ست و بنده‌سته‌وه، نه دووانه و نه دژبهریشی هه‌یه، هیچ دووانهیهكیش نییه له لووتكه‌وه به‌ره‌و بنه‌گه بچێت."
هه‌میشه ده‌سه‌ڵات شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و كاتیی ململانێیه‌كه، كه هێنده نابات دووباره ده‌بێته‌وه. ململانێیه‌ك كه به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی دووباره ده‌بێته‌وه، بوار به ئارام گرتنی ده‌سه‌ڵات نادات، شهرِێكی بێ وچانیش له ئارادایه، (ئه‌و شهرِه) له پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌میشه و به‌رده‌وامه، به‌ده‌ست هێنانی (ده‌سه‌ڵات)یش به‌نده به هه‌لومه‌رجی گۆرِاوهوه، به ستراتیژی ناجێگیره‌وه. ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندییه، په‌یوه‌ندییش به‌رده‌وام دهگۆرِێت، ناكرێ قسه له‌باره‌ی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات یان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌وه بكرێت، ئه‌و له هه‌موو شوێنێكدا په‌رت و بڵاوه، له نێو سه‌رله‌به‌ری جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. به‌م واتایه ده‌سه‌ڵات به سنووری "سیاسه‌تمه‌دار"ه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، تخووبی ئه‌و تێ دهپهرِێنێت.
نوێخوازی له‌وه‌دا ناوه‌ستێت كه شێوه‌ی نوێ بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌دۆزێته‌وه، كه له چوارچێوه‌ی بۆچوونی ماركسی بۆ ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ره. ده‌وڵه‌ت، وه‌ك كه باوه و وه‌ك ئه‌وه‌ی تیۆرییه‌كانی كلاسیزم بۆ ده‌سه‌ڵات پێشنیاری ده‌كه‌ن، مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاته.
"له نێوانی هه‌موو خاڵێكی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، په‌یوه‌ندیی هێز له ئارادایه: له نێوانی ژن و پیاو، له نێوان ئه‌ندامانی خێزان (...)، له نێوانی هه‌ر كه‌س كه ده‌زانێت و هه‌ر كه‌سیش كه نازانێت."
جه‌خت كردنی تیۆریی ده‌سه‌ڵات له لای ماركسیزم له سه‌ر ده‌وڵه‌ت، ناتوانایه له راڤه كردنی مایكرۆفیزیای ده‌سه‌ڵات، ناكرێ له روانگه‌ی ده‌زگایه‌كی ناوه‌ندییه‌وه كه له ده‌وڵه‌تدا به‌رجه‌سته بووه، باسی ئه‌و چه‌مكه مایكرۆسكۆبییهی ده‌سه‌ڵات بكات. هه‌روه‌ها فۆكۆ لێكۆڵینه‌وه له پێك هێنان و به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی بنیادگهلی ئاڵۆزی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، به پشت به‌ستن به نموونه‌ی ستراتیژی، كه به گوێره‌ی ئه‌وه له په‌یوه‌ندیگه‌لی جڤاكییانهی ده‌سه‌ڵات حاڵی ده‌بین، له چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامییه‌ك كه تێیدا له هه‌موو شوێنێكدا جه‌مسه‌ر بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌هێندرێته به‌رهه‌م، وه‌ك تۆرِێك له سیسته‌مێكدا كه ناوه‌ندی نییه، ده‌سه‌ڵات ناوه‌ندی نییه، له ده‌زگایه‌كی سیاسییشدا به‌رجه‌سته نابێت، به دروستی له ده‌زگای ده‌وڵه‌تدا، ئه‌و له هه‌موو جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بڵاوه، ناجێگیر و بێ ئۆقره‌یه، له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دی ده‌چێت:
"ناڵێم ده‌وڵه‌ت بایه‌خی نییه، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم، په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز، دوا جار ئه‌و شی كردنه‌وه‌یه‌ی ده‌بێ به سه‌ریدا پیاده ببێت، به زه‌رووره‌ت سنووری ده‌وڵه‌ت تێ دهپهرِێنێت. ئه‌ویش به دوو واتا: یه‌كه‌م و به‌ر له هه‌ر شتێك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، له ئاكامی ئاماده بوونی هه‌موو ده‌زگاكانییه‌وه، یه‌كجار دووره له‌وه‌ی بتوانێت تێكرِای په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات پرِ بكاته‌وه. دووه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ناتوانێت ئه‌ركی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، ته‌نیا به پشت به‌ستن به غه‌یری خۆی، واته (پشت به‌ستن) به ئه‌و پهیوهندیگهلهی هێزه‌وه كه هه‌ن. ده‌وڵه‌ت سهرخانێكه ده‌چێته نێو په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو زنجیره تۆرِهكانی هێزه‌وه، كه له جه‌سته، ناسنامه، خێزان، زانین، ته‌كنیكه‌وه پێدا برِۆ...، جێگیر ده‌بێت. فۆكۆ دژ به "چرِه وێنا" و "ستاتیكه وێنا"ی ده‌سه‌ڵاته.
مایكرۆفیزیای ده‌سه‌ڵات
واتای ئه‌و مایكرۆفیزیایه ئه‌وه‌یه، كه ده‌سه‌ڵات مایكرۆسكۆپییه، له نێو ململانێی ژیانی رۆژانه‌دا، درِ به په‌یوه‌ندیگه‌لی ستراتیژی ده‌دات. مایكرۆفیزیا مۆركی فره‌یی و زۆری به ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێت، به واتای هه‌بوونی ژماره‌یه‌كی بێ شومار له خاڵی رووبهرِوو بوونه‌وه و جه‌مسه‌ری نائارامی، پاشان هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌چێته بن باری ململانێوه و خه‌سڵه‌تی كاتییانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێزیش دیاری ده‌كات. مایكرۆفیزیای ده‌سه‌ڵات ملكه‌چی لۆژیكی "هه‌موو یان هیچ نا" نابێت: ئه‌و له بن چاودێری و كۆنترۆڵی ده‌زگا یان دامه‌زراودا نییه، پێوانه‌ش ناكرێت ته‌نیا به كاریگه‌رییه‌كانی نه‌بێت.
له پێناو به‌ده‌ست هێنانی ده‌سه‌ڵاتدا، شهرِێكی هه‌میشه‌یی له ئارادایه. هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له مه‌حه‌كی به‌رده‌وامدایه، له تاقی كردنه‌وه‌یه‌كی هه‌میشه‌ییدایه بۆ به‌رده‌وام بوون له جه‌مسه‌رێكی دیكه‌ی هێزدا. په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز بۆیان نییه جێگیر بن، ته‌نانه‌ت (ئه‌گه‌ر) تا ماوه‌یه‌كیش بێت، ته‌نیا به هۆی ئه‌وه‌وه نه‌بێت كه فۆكۆ ناوی ده‌نێت "ده‌زگاكاری".
ململانێ یان په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز له نێوانی دوو لایه‌ن به رێككه‌وتن یان به هۆی دیالۆگ و گفتوگۆوه، یان ئه‌وه‌ی له لای "هابرماس" پێی ده‌گوترێت به‌رده‌وامی، یه‌كلایی نابێته‌وه، به‌ڵكوو له رێی زاڵ بوونی مه‌به‌ستی یه‌كیان به سه‌ر ئه‌وی دیكه‌یانه‌وه نه‌بێت، واته به‌دی هێنانی مه‌به‌سته‌كانی یه‌كێكیان له سه‌ر حیسابی ئه‌وی دیكه‌یان، به زمانێكی دی، ددان پێدا نانێكی پێوانه‌یی نییه به ره‌واییه‌ك.
چۆن ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات به ده‌زگایی بكرێت، كه ئه‌و (خۆی) ره‌وایی له‌ده‌ست داوه، یان به لای كه‌مه‌وه جێی یه‌ك ده‌نگی نییه؟ هزری پاشه نوێخوازی له لای فۆكۆ له‌و توێكارییهدا ده‌رده‌كه‌وێت كه بۆ "فیزیۆنۆمیا"ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌كات، به‌وه‌ی یه‌كێكه له رواڵه‌ته‌كانی نوێخوازی، هه‌روه‌ها له‌وه‌ی روونی ده‌كاته‌وه، كه هێز تێیدا باڵاده‌سته، یان په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز و باڵاده‌ستی و سه‌ركه‌وتن، دوا جار كۆنترۆڵ و چاودێری (سانسۆر) و سزا. ئه‌مه‌ش پاڵی به "جیل دۆلۆز"ه‌وه نا وای دابنێت كه "فۆكۆ"، هێنده‌ی تایبه‌ته به شی كردنه‌وه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میكانیزمی ده‌سه‌ڵات، مه‌یلی "نیچه‌ییانه"شی هه‌یه. ئه‌و نكووڵی له پێوه‌ری یاسایی و ئاراسته‌كانی ره‌وشت ده‌كات، به هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ رێك بخات، له رێرِهوی ده‌سه‌ڵات دووری ده‌خاته‌وه، كه هه‌ر ته‌نیا به وه‌همی داده‌نێت، ئه‌و چ ناكات بێ له شاردنه‌وه و ده‌مامك دانی په‌یوه‌ندیگه‌لی شاراوه‌ی ستراتیژی.
له وێنا كردنی ده‌سه‌ڵاتدا، "فۆكۆ" هه‌مان رێبازی "نیچه" ده‌گرێته به‌ر، ئه‌و جارێكیان وههم یان ئایدیۆلۆژیا و فێڵ به‌كار ده‌هێنێت، جارێكیش په‌نا ده‌باته به‌ر توندوتیژی، كهرِهتێك په‌نا ده‌باته به‌ر هێزی فیزیایی و كهرِهتێكی دی ته‌فره‌دانی بهرنامهرِێژ به‌كار ده‌بات، له پێناو ملكه‌چ پێ كردنی ئه‌و ویستانه‌ی دژ به مه‌به‌سته‌كانی ئه‌ون. له‌م باره‌یه‌وه ده‌كرێ "فۆكۆ" و "ئۆدۆرنۆ" به ته‌ك یه‌كه‌وه دابنێین. ده‌سه‌ڵات، به پێی ستراتیژی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی ئاڵۆزه‌وه، به جۆرێك له كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا كار ده‌كات، كه بوار به ملكه‌چ پێ كردنی هێزگه‌لی نه‌یار ده‌دات. ئه‌و هێزانه‌ی له ململانێدان، بوار بۆ رێككه‌وتن یان ددان پێدا نانی دوولایه‌نه به به‌هاگه‌لی هاوبه‌شی نێوانیان، له ئارادا نییه.
له روانگه‌ی فۆكۆوه، ده‌سه‌ڵات وزه‌یه‌كی نه‌رێنیی هه‌یه، كه هه‌موو شتێكی نه‌یار و دژ به خۆی ره‌ت ده‌كاته‌وه، بواریش به هیچ كردارێك نادات، بێ له‌وه‌ی خۆی رێی پێ ده‌دات. ئه‌و ته‌كنیكی سه‌ركوتكه‌رانه و رێی نارِاستهوخۆ بۆ ره‌ت كردنه‌وه‌ی پێداویستی هه‌سته‌وه‌ر، له خۆ ده‌گرێت. ده‌سه‌ڵات له رێی دنه دانی خه‌ڵكانی بێ ئیراده‌وه، سه‌ركوت پیاده ده‌كات، تا به‌رهه‌م و ملكه‌چی و داهاتی زیاتریان هه‌بێت.
ده‌سه‌ڵات، زانین، جه‌سته و به‌ها
ئه‌وانه‌ن دیرهگهكانی ته‌كنیكی تازه‌ی ده‌سه‌ڵات: چاودێری و پاسه‌وانی و دوا جار سزا. ئه‌و پتر هانی به‌رهه‌م ده‌دات نه‌ك سه‌ركوت، به‌م جۆره ئه‌و، هه‌ر یه‌ك له به‌ها و جه‌سته و زانین ده‌خاته بن ركێفی خۆیه‌وه، ده‌سه‌ڵات له رێی چاودێری و سه‌پاندنی په‌یوه‌ستی و په‌ره‌پێدانی نه‌ریته‌وه، پێوه‌ره‌كانی ره‌فتار داده‌هێنێت. ئه‌و خۆی راست و په‌سند دیاری ده‌كات. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێت جه‌سته‌كان نه‌رم و (گوێرِایهڵ) بكات، به چه‌شنێك جه‌سته توانای ده‌رچوونی له به‌رهه‌م هێنانی پێوه‌ره‌كانی ره‌فتار نه‌بێت. جه‌سته ئه‌و ناوچه‌یه‌یه (نه‌ك به واتای تۆپۆگرافی یان تۆپۆس) كه توانای گوزارشت كردن له ژیانی هه‌یه، ته‌كنیكی نوێی ده‌سه‌ڵاتیش روو له‌و ده‌كات، له پێناو لاڵ كردن و ناچار كردنی كه بێ ده‌نگ بێت. ده‌سه‌ڵات له پێناو چه‌سپاندنی خۆی و جێگیر كردنی كۆنترۆڵی خۆیدا، پێویستی به چاودێری (سانسۆر) كردنی نه‌ك هه‌ر شێوه كولتوورییه‌كانی هزر، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها شێوه‌كانی گوزاره كردنی جه‌سته‌ش هه‌یه.
چه‌مكی "جه‌سته" له هزری "فۆكۆ"دا بریتییه له جه‌مسه‌ری دهستارِ، ئه‌و نیشانه‌ی چۆنیه‌تی گوزه‌ران و شێوازی ژیان ده‌گرێته خۆ، گوزاره‌كانی ژیان كه گرێدراوی ئهركگهلی بنهرِهتن، چرِ ده‌كاته‌وه: له لایه‌كه‌وه به‌وه‌ی ئامێره یان بزوێنه‌ر یان جووله، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌وه‌ی بریتییه له ئهركگهلی ئۆرگانیی زایین و ئازار. كارایی ته‌كنیكه نوێیه‌كانی ده‌سه‌ڵات، به راده‌ی توانایان له نه‌رم كردنی جه‌سته و كه‌وی كردنی ناوچه و ئه‌ركه‌كانی، پێوانه ده‌كرێت:
"ئه‌وه‌یه ئه‌و بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌ی پاڵی به فۆكۆوه نا كه له تیۆرییه‌كه‌ی له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه، رۆڵێكی جه‌وهه‌ری به ره‌فتاری جه‌سته‌ی مرۆیی بدات، پتر له هه‌ڵوێستی زانینانه یان نا ئه‌فرێنه‌رانه."
نوێخوازی شێواز و ته‌كنیك و رێكاری چاودێری كردنی جه‌سته و رایی كردن و كه‌وی كردنی په‌ره پێ داوه. ئه‌و ته‌نیا به چاودێری كردنی واز ناهێنێت، به‌ڵكوو ئه‌وه تێ دهپهرِێنێت به‌ره‌و سه‌پاندن و به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و ته‌رزه ره‌فتاری جه‌سته‌ییه، له رێی ئاسایی كردنی ئاماژه‌كانی، تهرزاندنی بزوێنه‌ره‌كانی و، له قاڵب دانی جووله‌كانی. ئه‌وه‌یه كه له كتێبه‌كه‌یدا "پاسه‌وانی و سزا"دا روونی ده‌كاته‌وه. ئه‌و جه‌سته راده‌هێنێت كه ره‌فتاری ئۆتۆماتیكی و رۆتینی له پێناو تێر بوون بكات. ئه‌و وا نارِوانێته جه‌سته‌ی مرۆڤ كه یه‌كه‌یه‌كی فیزیكی و ده‌روونییه، به‌ڵكوو به‌وه‌ی ریزبهندێكه به گوێره‌ی میكانیزمی میكانیكییانه كار ده‌كات. فۆكۆ، به هه‌مان شێوه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، پێی وایه رایی كردنی جه‌سته ناونیشانی نوێخوازییه له ئه‌وروپادا.
ده‌سه‌ڵات له سه‌رده‌می نوێ‌دا خه‌سڵه‌تی هه‌ر ئه‌وه نییه، كه به سه‌ر بزوێنه‌ر و جووله‌ی جه‌سته‌دا زاڵ بێت، به‌ڵكوو كۆنترۆڵ كردنی ژیان و مه‌رگ و له‌دایك بوونیش به گوێره‌ی ته‌كنیكی فره ئاڵۆز، ته‌نانه‌ت تا ده‌گاته راده‌ی چاودێری كردنی ره‌فتاری بایۆلۆژییانه‌ی دانیشتووانیش، ده‌خاته به‌ر چاو.
"میشێل فۆكۆ" ئه‌و ستراتیژانه‌ی به ناوی "بیۆپۆلهتیك: بیۆسیاسهت"ه‌وه ده‌چنه نێو پرۆسه‌ی رێكخستنی ژیانی ئۆرگانییه‌وه، جوان ده‌كات.
به زمانی روون ده‌ڵێین، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 17هه‌مه‌وه، ئه‌م كۆنترۆڵ كردنه‌ی ژیان له دوو شێوه‌ی بنهرِهتیدا كه دژ به یه‌ك نه‌بوون، گه‌شه‌ی كرد، ئه‌وان نه‌ك هه‌ر دژ به یه‌ك نه‌بوون، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان له‌وه‌ش زیاتر دوو جه‌مسه‌ری ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه بوون، به كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیی نێوانیانه‌وه گرێ دراون:
یه‌كێك له‌م دوو جه‌مسه‌ره جه‌ختی كردووه‌ته سه‌ر جه‌سته به‌وه‌ی ئامێرێكه: رایی كردنی، زیاد كردنی تواناكانی و به تاڵان بردنی هێزه‌كه‌ی و تێكه‌ڵ كردنی له نێو ریزبه‌ندی چالاكییه‌كه و چاودێریی ئابووری، هه‌موو ئه‌و شتانه ئامرازه‌كانی ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ریان ده‌كات، كه هانی چاودێری كردن ده‌دات. ئه‌وه جۆرێكه له توێكاریی سیاسییانه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ.
جه‌مسه‌ری دووه‌میش كه دواتر دروست بوو، ئه‌وا به سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌كانی جه‌سته‌دا زاڵ كراوه، ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی وابه‌سته‌ی ته‌كنیكه‌كانی ژیانه، كه ده‌گونجێت ببێته رێسایه‌ك بۆ به‌رده‌وامیی بایۆلۆژی: زاوزێ، ژیان و مردن، ئاستی ته‌ندروستی و رێژه‌ی ته‌مه‌ن، له‌گه‌ڵ جیاوازیی ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه رێی پێ ده‌ده‌ن ده‌ست تێوه‌ردان له‌وه بكات، ئه‌م چاودێری كردنه بووه شتێكی كرده‌نی له رێی ههمهجۆر ده‌ست تێوه‌ردان و چاودێریی سیستماتیكه‌وه: ئه‌وه بیۆسیاسهتی مرۆڤه."
ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی به سه‌ر جه‌سته‌دا پیاده ده‌كرێن، خراونه‌ته بن ئه‌نجامه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی زانستییه‌وه، له پێناو گونجاندنی جه‌سته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی ژیاندا. به واتایه‌كی دی، ته‌كنیكی چاودێری كردن و رایی كردن و كه‌وی كردنی جه‌سته، وابه‌سته‌یه به ئاستی پێشكه‌وتنی "زانینی مرۆڤ"ه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌ره‌و بیرۆكه‌ی سێیه‌مان ده‌بات: كه چه‌مك (تێگه)ی "زانین"ه.
هه‌ڵكۆڵین له زانیندا، فۆكۆ به‌ره‌و شی كردنه‌وه‌ی گوتار ده‌بات، كه به ئامرازێك بۆ دیاری كردنی واقیع داده‌ندرێت. زانین توخمێكی سه‌ره‌كییه له په‌یوه‌ندییه‌كانی هێزدا، ده‌بێ ده‌ست له بۆچوونی كۆن هه‌ڵگرین، كه له ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و گره‌و و ئامانج و مه‌به‌ستی هێزدا، له زانین دهرِوانێت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه: زانین به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاته، هه‌ر یه‌ك له زانین و ده‌سه‌ڵات پێویستیان به یه‌كدی هه‌یه.. زانین رێ بۆ ده‌سه‌ڵات ته‌خت ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتیش گریمانه‌ی په‌یوه‌ندیی هێز ده‌كات.
له سایه‌ی چالاكیی زانستیدا، ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی به‌رهه‌م هێنانی هێزه‌وه برِوانین، ده‌كرێ واقیع پارچه پارچه بكه‌ین. جیهان بێ لایه‌ن نییه، زانینیش له سه‌رووی واقیعه‌وه نییه، یان بڵێی له ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هێزدا بێت، زانستی نوێ به‌ده‌م خواسته‌كانی نوێخوازییه‌وه دێت، به هۆی ئه‌وه‌وه ده‌كرێ واقیع داگیر بكرێت و سروشت و مرۆڤ و جه‌سته‌ش بخرێنه خزمه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵات و زاڵ بوونیش بنیات بندرێن (لێره‌دا ده‌كرێ به‌راورد له نێوانی "فۆكۆ" و "ئۆدۆرنۆ"دا بكرێت).
زانست و زانین ئامرازی بێ لایه‌ن و كه‌ره‌سته‌ی بابه‌تی نین، كه بشێن بۆ چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كار بهێندرێن. زانستی نوێ هه‌ر بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاته و توخمێكی سه‌ره‌كیشه له ستراتیژی ململانێدا، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ش كه پێیان وایه ده‌توانن بۆ مه‌به‌ستی خۆیان به‌كاری بهێنن، ئه‌وان بۆ خۆشیان ده‌كه‌ونه نێو داوی ئه‌و ستراتیژه‌وه. په‌یوه‌ندییه‌كی مكوم له نێوان هه‌ڵبژاردن (ئه‌گه‌ر)ی زانستی و ستراتیژی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه. ره‌خنه‌ی دژواری فۆكۆش له زانستی مرۆیی لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت: ده‌روونناسی، عه‌قڵه پزیشكی، پیداگۆژیا و تاوانناسی، هه‌موویان ستراتیژی وا ده‌چه‌سپێنن، له پێناو گه‌مه كردن به عه‌قڵ و رایی كردنی جه‌سته. به‌م واتایه، نوێخوازی ته‌ژییه له ته‌كنیك و رێكاری زانین، كه تێكرِا دهرِژێنه نێو ستراتیژی ده‌سه‌ڵاته‌وه، نوێخوازیی زانستی و سیاسی بۆ كۆنترۆڵ كردنی مرۆڤ، هاوكار ده‌بن.
به‌ره‌نجام
سیسته‌می زانین یان سیسته‌می گوتار، بێ گومان له روانگه‌ی فۆكۆوه ده‌بێته مایه‌ی چه‌سپاندنی شێوه‌گه‌لێك له ته‌كنیكی زاڵ به سه‌ر خه‌ڵكدا: كۆمه‌ڵناسی، عه‌قڵه پزیشكی، ده‌روونناسی و پیداگۆژیا، هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌رچڤه‌ی رێوشوێنانێك ده‌كه‌ن، كه ده‌خوازن جه‌سته كه‌وی بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بنه مایه‌ی چاودێری كردنی كارگێرِییانهی ره‌فتار (بایۆسیاسه‌ت). هه‌رچه‌ندی گه‌شه كردن زیاتر بێت، ئیدی مه‌یسه‌ر ده‌بێت كه هه‌موو لایه‌نێكی ژیانی مرۆڤ: دیموگرافی، سیاسی و ئابووریی كۆنترۆڵ بكرێت.
ته‌نانه‌ت ده‌زگاكانی سیاسییش له ته‌كنیكه‌كانی نوێی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ر نابن. به واتایه‌كی دی، ئیدی بوار نییه، وه‌ك ماركسیزم پێی وایه، ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه قۆرخ بكرێت. فۆكۆ روانگه‌ی "ئه‌لتۆسیر" ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه ده‌سه‌ڵات له ده‌زگاكانی ئایدیۆلۆژی و ده‌زگاكانی سه‌ركوتی سه‌ر به ده‌وڵه‌تدا چرِ ده‌كاته‌وه. چه‌مكی ده‌سه‌ڵات له لای فۆكۆ بواری سیاسیی ده‌وڵه‌ت تێ دهپهرِێنێت، ئه‌و (ده‌سه‌ڵات)، دزه ده‌كاته نێو هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵ، له هه‌موو شوێنێكیشدا هه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌و شوێنانه‌شدا كه باوهرِ وایه قۆرخی سیاسه‌تن.
ئه‌و له هه‌موو شوێنێكه و له هیچ شوێنێكیش نییه، نه ناوه‌ندی هه‌یه و نه لاق، چنگیشی به سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا گرتووه، ئه‌و به‌رده‌وامییه‌كی بێ خوده، نه‌ك به‌ركاری خودی تاكانه یان ده‌سته‌جه‌معی یان مێژوویی. ته‌نانه‌ت چه‌مكی چینیش وه‌ك بكه‌ری مێژوویی لا درا، ئه‌و به‌ركاری ده‌زگاكانه: خێزان، به‌ندیخانه، نۆرِینگه و كارگه.
تیۆریی فۆكۆ له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ تیۆرییه نوێ و هاوچه‌رخه‌كاندا ناكۆكه، هه‌ر ئه‌گه‌رێكیش بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر بنه‌مای ره‌وایی، له رێی رێككه‌وتن یان رازی بوون یان گفتوگۆ، ته‌نانه‌ت له سه‌ر بنه‌مای گرێبه‌ستیش، دوور ده‌خاته‌وه. شتێك نییه بتوانێت رێ له ستراتیژی ده‌سه‌ڵات، یان رێ له په‌یوه‌ندیی هێز بگرێت. لێره‌شدا ده‌توانین به "هابرماس" یان "راولس" دژ به فۆكۆ بوه‌ستین، كه هه‌ردووكیان روو له تیۆرییه‌كی پراگماتی و پێوانه‌یی بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن.
ناكرێ ژیله‌مۆی ململانێ له نێو كۆمه‌ڵ خامۆش بكه‌ین، ناشكرێت ستراتیژی ده‌سه‌ڵاتیشی لێ ریشه‌كێش بكرێت، ته‌نانه‌ت به ده‌زگایی كردنیشی، یان له نێو دهزگاگهلێكدا بچه‌سپێندرێت، كه سه‌ركه‌وتوو نابێت له راگرتنی مه‌یلی زیاتر به‌ره‌و زاڵ بوون و ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵات هاوشانی زاڵ بوون و كۆنترۆڵ كردن و، پاسه‌وانی و سزا و كه‌وی كردن و رایی كردنه.